۱۳۹۸/۰۴/۰۹
۱۳۹۸/۰۳/۳۱
«قورسایی ڕازەکان»؛ وەکو ئەوەی ئاسمانەکان لەسەر دڵت بن
خوێندنەوەیەکی سەرپێیی پێنجینەکەی ئاکی شیمازاکی
ژیان: یاسین عومەر
هەندێک وەرگێڕ هەن، لە هەڵبژاردنی ئەو بابەت یان کتێبەی وەریدەگێڕن هێندە بە سەلیقەو وردن، کە تەنیا ناوەکەیان لەسەر کتێبێک بەسە بۆ ئەوەی بە چاوی نووقاوەوە بیکڕیتو بیخوێنیتەوە. سەڵاحەدین بایەزیدیی یەکێکە لەوانە، کوڕێکی گەنج کە لە فەڕەنسی، تورکیو کورمانجییەوە بابەتو کتێب وەردەگێڕێت، لەوەتەی من ڕۆمانی «هاوشێوەکانی پیاوێک»ـی ژۆزێ ساراماگۆ-م بە وەرگێڕانی ئەو خوێندۆتەوە، بەردەوامو پەیتاپەیتا کتێبە وەرگێڕدراوەکانی ئەو دەکڕمو دەیانخوێنمەوە، هەتا ئێستا سوپاسگوزاریمو بێئومێدی نەکردووم.
سەڵاحەدین بایەزیدی، بە شاییستەیی پەسن دەدرێت لە پای ناساندنی دوو ژنەنووسەری جواننووسو داهێنەر بە ناوەندی ئەدەبی کوردیی، کە ئەوانیش: ئاگۆتا کریستۆفو ئاکی شیمازاکیین. یەکەمیان هەنگاریی-سویسرییڕەگەزەو دووەمیشیان ژاپۆنی-کەنەدیینەژادە. بایەزیدیی بە وەرگێڕانی شاکارەکەی ئاگۆتا؛ «کە بە تریلۆژیی دووانەکان ناسراوە»و لە سێ چیرۆک پێک هاتووە: دەفتەری گەورە، بەڵگەو سێهەم درۆ، ئەدیبێکی ڕەسەنو مەزنی بە ئێمە ناساند، زۆری پێ نەچوو بە وەرگێڕانی شاکارەکەی ئاکی شیمازاکی کە پێنج ڕۆماننو لە ژێر تایتڵی «قورسایی ڕازەکان»ـدا بڵاو کراونەتەوە، بە ژنەئەدیبێکی دیکەی مەزنتر ئاشنای کردین.
قورسایی ڕازەکان، بازنەی یەکەمی بەرهەمەکانی ئاکی شیمازاکییە، کە لە سێ بازنە پێک هاتوون: بازنەی یەکەم؛ قورسایی ڕازەکان، کە ئەمیش پێنج چیرۆکە: تسووباکی «١٩٩٩»، هاماگووری «٢٠٠٠»، تسووبام «٢٠٠١»، واسوورەناگووسا «٢٠٠٣»و هۆتاروو «٢٠٠٤». بازنەی دووەم؛ لە ناودڵی یاماتۆ، ئەمیش پێنج چیرۆکە: میتسووبا «٢٠٠٦»، زاکووورۆ «٢٠٠٨»، تۆنبۆ«٢٠١٠»، تسووکووشی «٢٠١٢»، یامابووکی «٢٠١٣». بازنەی سێیەم؛ سێبەری کەرتەشی، ئەمەیان تا ئێستا چوار چیرۆکە: ئازامی «٢٠١٤»، هۆزووکی «٢٠١٥»، سوویسەن «٢٠١٦»، فووکی-نۆ-تۆ «٢٠١٧».
شیمازاکی، لە «قورسایی ڕازەکان»ـدا، دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵانی سەدەی بیست، ئەو کاتەی ژاپۆن ئیمپراتۆرییەتێکی بەهێزو دڕ بووەو بەشێک لە چین، هەردوو کۆریا، تایوانو چەند وڵاتێکی دیکەی ئاسیایی داگیرکردووە، ژاپۆن لە لایەن باکووفوو؛ واتە حکوومەتێکی دەرەبەگایەتیی نەریتخوازەوە فەرمانڕەوایی کراوەو بە بۆمبابارانکردنی هەردوو شاری هێرۆشیماو ناگاساکی کۆتایی پێ هێنراوە.
هەر پێنج حەکایەتخوانەکە لە ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدی سەدەی بیستدا چیرۆکەکان دەگێڕنەوە، بەڵام ڕووداوەکان لە نێوان ساڵانی ١٩٠٩-١٩٤٥دا ڕوو دەدەن، یاخود ڕاستترە بڵێین لوتکەی ڕووداوەکان لە نێوان ئەو ساڵانەدا ڕوویان داوە. حەکایەتەکان لە میانەی نامەو یاداشتو دەستنووسو گێڕانەوەی زارەکییدا دەگێڕدێنەوە. شیمازاکی هەر پێنج حەکایەتەکەی پێکەوە نەنووسیوەو بڵاو نەکردۆتەوە، خوێندنەوەشیان وەکو پێنج بەرگی یەک ڕۆمان لەئارادا نییەو دەکرێت هەریەکەیان سەربەخۆو بێ ڕەچاوکردنی زنجیرەکانیان بخوێنرێنەوە. لە پای هاماگووری، واسوورەناگووساو هۆتاروو، خەڵاتی ئەدەبیی بە شیمازاکی دراوە.
بە شێوەیەکی گشتی، هەر پێنج چیرۆکەکە تایبەتە بە دوو خێزان: یەکەم؛ خێزانی جەنابی هۆریب: ڕیۆژی هۆریبو ژنەکەیو یووکیکۆ-ی کچیان... یووکیکۆی کچیان کە دواتر بە یووکیکۆ کامیشیما ناو دەبرێت، کچێکی هەیە بە ناوی نامیکۆ، لەگەڵ کوڕێکیدایە، یووکیکۆ تەمەنی لە سەروو هەشتا ساڵەوەیە، پاش ماوەیەک ژیان لە دەرەوەی ژاپۆن هاتۆتەوە بۆ وڵاتو لە تۆکیۆ دووکانێکی گوڵفرۆشیی هەیە، نامیکۆی کچی لە نزیکی دەژی، کە لە هاوسەرەکەی جیا بووەتەوە، نامیکۆ مامۆستای ماتماتیکەو دوای مردنی یووکیکۆ گوڵفرۆشییەکە بەڕێوە دەبات.
دووەم؛ خێزانی تاکاهاشی: کەنجی تاکاهاشی، ماریکۆ کانازاوای هاوسەریو یووکیۆی کوڕی... یووکیۆ تاکاهاشی زڕکوڕی کەنجی تاکاهاشییە، لە تۆکیۆ لەگەڵ شیزووکۆی هاوسەریو منداڵەکانیان: ناتسووکۆو نوویووکیو تسووباکی و یۆنهی کیم «ماریکۆ کانازاوا»ـی داپیرە گەورەیان «ئۆباچان بە زمانی ژاپۆنی» دەژین.
بناغەی حەکایەتەکە لە ماریکۆ کانازاواوە دەست پێدەکات، دایکی ماریکۆ خەڵکی کۆریایە، ساڵی ١٩٠٩ کاتێک وڵاتەکەیان لە لایەن ژاپۆنەوە داگیر دەکرێت، لەگەڵ براکەی ڕوودەکەنە ژاپۆن، خوشکو برا سەر بە جووڵانەوەی سەربەخۆخوازیی کۆریان، ژنەکە کاری دروومان دەکاتو براکەشی لە پرۆژەی درووستکردنی بەنداوی ئاراکاوادا کار دەکات، ئەم ژنە لەگەڵ قەشەیەک کە لە ڕۆمانەکەدا بە ناوەکانی شینپووساماو جەنابی تسووبام ناودەبرێ، دەکەوێتە پەیوەندییەکی عاشقانەوەو ساڵی ١٩١١ منداڵێکیان دەبێت کە دواتر ناوی ماریکۆ کانازاوا-ی بەسەردا دەبڕێت، ماریکۆ کانازاوا ناوێکی کۆریاییشی هەیە کە ئەویش «یۆنهی کیم»ـە.
ماریکۆ، هێشتا تەمەنی ١٢ ساڵە کە لە کانتۆ دایشینسای «بوومەلەرزە گەورەکەی هەرێمی کانتۆ کە ٩، ٧ پلەی ڕێختەر» بوو، دایکو خاڵیشی لە دەست دەدات، خاڵی بە بوومەلەرزەکەو دایکیشی لە قەتڵوعامی کۆریاییەکانی ئەو ساڵەدا بە دەستی سوپای ژاپۆنی بێسەروشوێن دەبێتو ناگەڕێتەوە. ماریکۆ لە لایەن ئەو کڵێسەیەی کە شینپووسامای قەشە بەڕێوەی دەبات؛ سەرپەرشتی دەکرێت، بێ ئەوەی بزانێت شینپووساما باوکیەتی، هەتا تەمەنی دەگاتە ١٦ ساڵ لەوێ دەمێنێتەوە، دواتر بە هۆی پەیوەندییەکانی قەشەوە، لە کارگەیەکی دەرمانسازیی گەورە کاری دەست دەکەوێت، لەوێ بە ڕیۆژی هۆریب ئاشنا دەبێتو پەیوەندییەکی عاشقانەی پەنهان چێ دەکەن، کە بەرهەمەکەی کوڕێک دەبێت بە ناوی یووکیۆ.
ڕیۆژی هۆریب، یاخود جەنابی هۆریب، پزیشکێکی دەرمانسازی قۆزو دڵبەرە، ژنان مەفتوونیین، لە ئەورووپاو ئەمریکای باکوور خوێندوویەتی، چەند زمانێکی بیانی دەزانێت، شارەزای دیموکراسییو فەلسەفەیە، موزیسیەنەو بە باشی ئامێرەکانی ڤیۆلۆنو پیانۆ دەژەنێت، کاتێک ماریکۆ کانازاوا دووگیان دەکات، ئامادە نییە ماریکۆ بە ژنی ڕەسمیو ئاشکرای خۆی بناسێنێت، ئەویش لەبەر ئەوەی لە خانەوادەیەکی نەریتپەرستەو ڕازیی نابن کوڕەکەیان لەگەڵ کچێکی بنەچەنادیاردا هاوسەرگیریی بکات، هێشتا چەند مانگێکە ماریکۆ منداڵەکەی بووە، کە هۆریب لەگەڵ کچێکی نەجیبزادەدا هاوسەرگیریی دەکاتو دوو مانگ دواتر کچێکیان دەبێت بە ناوی یووکیکۆ.
دواتر کەنجی تاکاهاشی دەردەکەوێت، کەنجییش لە ئەنجامی سەردانێکی بۆ کڵێشەکەی شینپووساما، دەکەوێتە داوی ئەوینی ماریکۆوە، ماریکۆ؛ کە جەستەیەکی هێندە فریودەرو قەشەنگی هەیە، کەم پیاو دەتوانن لە ئاستییدا خۆڕاگر بن. کەنجی؛ پزیشکەو هاوڕێی قوتابخانەی هۆریب بووەو وەکو ئەویش پزیشکی دەرمانسازەو لە هەمان کۆمپانیای دەرمانیشدا کار دەکات، سەر بە خانەوادەیەکی زۆر ناسراوی ژاپۆنییە، کە نەجیبزادەی دەرباری ئێمپراتۆرن، بە هۆی ئەوەی نەزۆکەو منداڵی نابێت لە ژنی یەکەمی جیا دەبێتەوە، بە پێچەوانەی خواستی خانەوادەکەیەوە، لەگەڵ ماریکۆ هاوسەرگیریی دەکاتو یووکیۆ-ی کوڕی ماریکۆ تەبەننی دەکاتو بۆ کارکردن لە لقێکی کۆمپانیای دەرمانەکە لەگەڵ خانەوادەکەی دەچێتە ناگاساگی.
لە تسووباکی-یدا، کە چیرۆکی یەکەمە، ئێمە بە بەشێک لە سەربوردەی خانەوادەی هۆریب ئاشنا دەبین، یووکیکۆ-ی کچی هۆریب، کە لە ساتی گێڕانەوەدا تەمەنی ٨٨ ساڵە، خۆی دەکوژێت، بەڵام بێ ئەوەی کەس بزانێتو دواتر بۆ نامیکۆی کچی دەردەکەوێت کە خۆی کوشتووە. یووکیکۆ دوو زەرفی پڕ لە نووسراو بۆ نامیکۆ جێدەهێڵێت، زەرفی یەکەمیان بۆ نامیکۆیەو دووەمیشیان بۆ براکەیەتی بە ناوی یووکیۆ، لە نووسراوەکانی زەرفی یەکەمەوە بۆمان دەردەکەوێت یووکیکۆ جەنابی هۆریبی باوکی خۆی کوشتووە.
لە چیرۆکی هاماگووری-یدا کە بەشی دووەمی قورسایی ڕازەکانە، یووکیۆ تاکاهاشی، برای یووکیکۆ بەشێک لە چیرۆکی خۆی، بەشێک لە چیرۆکی ماریکۆ کانازاوای دایکی کاتێک زۆر منداڵ بووە، لەگەڵ بەشێک لە چیرۆکی کەنجی تاکاهاشی زڕباوکی دەگێڕێتەوە.
لە چیرۆکی تسووبام-دا کە بەشی سێیەمە، یۆنهی کیم، یاخود ماریکۆ کانازاوا، ئەو بەشەی چیرۆکەکە تەواو دەکات کە لە هاماگوورییدا یووکیۆی کوڕی دەستی پێ کردبوو، لەم بەشەدا یاداشتە ڕۆژانەکانی دایکی یۆنهی کیم دەردەکەونو لەمیانەیانەوە دەزانین یۆنهی کیم کچی قەشەکەیە: شینپووساما یاخود جەنابی تسووبام.
لە واسوورەناگووسادا بە چیرۆکی کەنجی تاکاهاشی ئاشنا دەبین، لێرەدا دەردکەوێت کە کەنجییش کوڕی بنەماڵەی بەناوبانگی تاکاهاشیی نییە، بەڵکو کوڕی ژنێکە بە ناوی سۆنۆو بە هۆی ئەوەی تاکاهاشی نەزۆک بووە هەڵیانگرتۆتەوە، بەڵام دیار نییە باوکی کێیە.
لە چیرۆکی پێنجەمیشدا «هۆتاروو»، ماریکۆی تەمەن ٨٨ ساڵ، چیرۆکی خۆیو جەنابی هۆریب بۆ تسووباکی کوڕەزای دەگێڕێتەوە، کە چۆن لە پشت تاکاهاشی مێردیەوە پەیوندییەکی سێکسیی ناچارانە لەگەڵ هۆریبی کۆنەدۆستی درێژە پێ دەداتو چەندە خۆی بە گوناهبارو پەشیمان دەزانێت.
قورسایی ڕازەکان، شاکارێکی ئەدەبیی جیهانییە، جۆرێکە لە دادگاییکردن، دادگایی وڵاتێک کە ژاپۆنە، هی مێژوویەک کە پڕە لە خوێنو دڵڕەنجاندن، هی کەسانێک کە هیچ چارەیەکیان نەبووە جگە لەوەی دەبێت تاوانو گوناهانێک بکەن کە لە دڵەوە حەزیان نەکردووە بیانکەن. کەسێتی ڕیۆژی هۆریب، نموونەی ئەو مرۆڤە پسپۆڕە مۆدێرنە ڕۆشنبیرەیە، کە لە پێناوی حەزە شەخسییەکانیدا ئامادەیە هەموو مۆڕاڵو بنەمایەکی ئەخلاقیی پێشێل بکات، قوربانییەکانیشی بریتیین لە ژنو منداڵو هاوڕێکانی، دواتر خۆشی دەبێتەوە بە قوربانیی یەکێک لە قوربانییەکانی.
قورسایی ڕازەکان، بەرهەمێکی سەرنجڕاکێشو شیرینە، بەڵام لە ڕاستییدا کارێکی ئاسان نییەو هەتا بڵێتی تێکچڕژاوو پێکداچووەو بە باشی دەزانم بە پێی ئەو ڕیزبەندییە بخوێنرێتەوە کە وەرگێڕ پێڕەویی لێ کردووە. من دوای دووەم خوێندنەوە ئینجا بە تەواویی ڕایەڵەی پەیوەندییەکانم بۆ ڕوون بووەوە، بەڵام هێشتاش حەزدەکەم جارێکی دیکە بیخوێنمەوە، بە سوودوەرگرتن لە وتەکەی یووکیکۆ "هەندێک بێڕەحمیی هەن هەرگیز لە بیر ناچنەوە"، دەڵێم: بەڵێ هەندێک بەرهەمی ئەدەبییش هەن هەرگیز لە یاد ناچنەوە، یەکێک لەوانەش قورسایی ڕازەکانی ئاکی شیمازاکی داهێنەرە.
سەرچاوە: ماڵپەڕی ژیان
۱۳۹۸/۰۳/۲۴
بۆچی ئەمەریکا دوو بۆمبی بە ژاپۆنەوە نا؟
شەماڵ وەلی
ـ بۆچی ئەمەریکا دوو بۆمبی بە ژاپۆنەوە نا؟
ـ چونکە تەنیا دوو بۆمبیان هەبوو.
قورساییی ڕازەکان پێنجینەیەکە دەربارەی ڕازێک کە هێند قورسایی لە دەروونت دەکات، چیتر ناتوانیت هەڵی بگریت. هەندێکمان بەم ڕازەوە جیهان بەجێ دەهێڵین، هەندێکیشمان پێمان وایە ژیانی ئێمە هێند سەربەخۆ نییە کە ڕازێک تەنیا هیی خۆمان بێت. لە ڕۆمانەکەدا چەند ئەمەریکا بە بۆمبەکانی دەتوانێت کارەسات بخولقێنێت، هێندەیش ڕازەکان کارەساتخولقێنن.
کەسەکان یان دوای مەرگیان، بە نامەیەک، یان لە سەرەمەرگدا ڕازەکان دەدرکێنن، چونکە بە زیندوویی ناتوانن بە ڕازێکی ئاشکراوە بژین، یان چونکە لەوەی کە ڕووی داوە، هیچ وەڵامێکی دیکەیان پێ نییە و توانای ڕوونکردنەوەی زیاتریان نییە. ڕۆمانەکەیش زۆر بە خێرایی ڕووداوەکان تێدەپەڕێنێت، چونکە نایەوێت ببێتە ڕۆمانێکی هەستورووژێن و ڕووکەشانە، کە تەنیا بایەخ بە هەستیارکردنی خوێنەرەکەی بدات. سەرەڕای ئەوەیش خوێنەر ئەو کارەسات و ڕووداوە دەروونییانە دەبینێت کە بە خێرایی تێدەپەڕن.
ڕوومانەکە لە دوو شوێندا ڕوو دەدات، شوێنێک کە ژاپۆنە و یان تووشی بوومەلەزە دەبێت یان بۆمبی ئەتۆمیی پێوە دەنێن، شوێنێک کە دەروونی کارەکتەرەکانە و بە ڕازەکان دەهەژێت.
نووسەر دەیەوێت لەناو دڵی ڕووداوێکی مێژووییدا، دەروونی چەند ئینسانێکمان سەبارەت بە ڕق، خۆشەویستی، خیانەت، هاوڕێیەتی و نهێنی، بۆ هەڵماڵێت.
گفتوگۆی کەسەکان سەبارەت بە کارەساتەکەی هێرۆشیما و ناگاساکی هێند هۆشیارانەیە، کە تەنانەت لەم نێوانەدا ژاپۆنیش تاوانبار دەکرێت. هەرچەند ئەمە تەنیا لە چەند دایەلۆگ و دیمەنێکدا بە کەمی دەرکەوتووە، بەڵام وەک ڕازێک- ئەمجار لە نووسەرەوە بۆ خوێنەر- قورسایی دەکات.
قورساییی ڕازەکان هاوکات ئاوێنەیەکە بۆ دەروونی خوێنەرەکەی، کە تۆیش بێگومان ڕازەکەت بووەتە قورسایییەک لە ژیانتدا.
سەرنج: پێنجینەکە ئاکی شیمازاکی نووسیویە و سەلاحەدین بایەزیدی کردوویە بە کوردی
سەرچاوە: ماڵپەڕی چاودێر
۱۳۹۸/۰۳/۱۹
اشتراک در:
پستها (Atom)