۱۳۹۳/۰۹/۲۶

دەبێ پەکەکە لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان بهێنرێتە دەرەوە


 بێرنارد-هێنری لێڤی*
لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

ڕۆژنامەی "لۆ پووان"

خەباتی چەکداری هاوکات دێتە واتای کوشتنی کەسانی مەدەنی، چاندنی بۆمب لە شوێنە گەشتیارییەکان و نزیک هۆتێلەکان، ئیعدامی ڕاکردووان یان ئەوانەی نەیارێتی "ڕێباز"ەکە دەکەن. پەکەکە و ئاواڵ‌دوانەکانی کە پاش خۆهەڵوەشانەوەی، لە دەسپێکی ساڵانی ٢٠٠٠ەوە جێگەی [ئەو رێکخراوەیان]  گرتۆتەوە، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەرپرسیاری مەرگی هەزاران کەس لە تورکیا و شوێنەکانی دیکەن.
پەکەکەش ڕێکخراوێکە بەم پاساوە، دیارە بە هەق، خراوەتە نێو لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە کە شەڕێکی سەختیان لە هەمبەر دیموکراتەکان راگەیاندووە - نەک هەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەڵکوو نێو جەرگەی هەندێک وڵاتی یەکێتیی ئەوروپا، تاکوو ساڵانی نەوەدیش، شانۆی پەلامار و ڕمبازێنی پاساوهەڵنەگر بووە.
هەڵبەت بەو جیاوازییە کە زەمەن تێپەڕیوە و چوار یان  بگرە پێنج خاڵ سەریان هەڵداوە و دۆخەکەیان گۆڕیوە کە دەبێ لەبەر چاویان بگرین، نەک زۆر بە دڵنیاییەوە، بەڵام سەرباری ئەوەش پێویستە پێداچوونەوە بە پێگەی پەکەکەدا بکەین.
یەکەم، پەکەکە لە پانزە ساڵ لەمەوپێشەوە، یان ئەگەر وردتر بڵێین، پاش پێشنیاری چوارەمین ئاگربەستی یەکلایەنە لە لایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرکردەی ئەو ڕێکخراوە دوای قۆڵبەست کردنی، توندوتیژی وە لاوە ناوە.
دووهەم، ئەم دەزگایە کە پەیڕەوی لە هێڵی مارکسیستی-لێنینیستی دەکرد و بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ، پاڵپشت بوو بە کاریزمای تاکەکەسی هاوشێوەی ئەستێرە ستالینیستیەکان، ئەمڕۆکە ئیتر بۆتە حزبێکی داکۆکیکاری سەرسەختی چارەسەریی پرسی کورد لەسەر بنەمای "دیالۆگ" و رێبازگەلی "کۆنفدڕالی"یانە.
سێهەم، ئەم پەکەکە نوێیە رێکخراوێکە کە بەتایبەت لە رێگەی هێزە چەکدارییەکانییەوە لە سووریا، لە ژێر بەیداخی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)، لە بەرەی پێشەوە، بە ورەیەکی بێ‌وێنە و تواناییەکی بێ‌هاوتا، دژ بە خەلافەتی رەشی داعش دەجەنگێ. 
چوارەم، لەو ناوچانە، وەک سەرجەم ناوچەکانی دیکە، لە شاری شەهیدی کۆبانێ کە شەڕڤانەکان خەریکە رزگاری دەکەن، وەک پێگەکانی دیکەیان لە عێراق و سووریا، جۆرێک حوکمڕانی پەیڕەو دەکەن کە رێگە بە یەکسانیی پیاو و ژن دەدا و پابەندبوون بە عیلمانیەت، رێزگرتن لە کەمینەکان و گەڵاڵەیەکی مۆدێڕنی تێدا دەبینرێ، لە کاتێکدا لانیکەم دەتوانین بڵێین جیهانی ئیسلام بە گشتی و ئیسلامی میانڕەو بەتایبەتی، لە باقی ناوچەکانی تر لەمە بێ بەرییە.
بە شێوەیەک ئەگەر ئاکەپەی ئەردۆغان لەگەڵ پەکەکەی ئۆجەلان بەراورد بکەین، واتە ئیسلامیزمی کەمتر و کەمتر میانڕەوکراوی یەکەمینیان و ئانتی-ئیسلامیزمی رۆژ بە رۆژ رادیکاڵ تری دووهەمیان، جووت‌یاری یەکێکیان کە رێگە دەدا کاروانی چەک‌وچۆڵی قورس بە سنوورەکانی‌دا ئاودیو ببن بۆ ئەوەی بگەنە دەست سەربڕەکان و لە بەرامبەردا شەڕڤانە قارەمانە پیاو و ژنەکان کە تاکە پاڵپشتیان فڕۆکەکانی ناتۆیە و هاوکات دەستەویەخەی هەمان ئەو سەربڕانە دەبنەوە، لە لایەکی دیکەوە ئەگەر سوپای تورک - کە ئەندامبوونی لە هاوپەیمانێتی ئاتلانتیک، پێش بەوە ناگرێ سوپاکەی ئامادەباش ببێتە تەماشاچی قەتڵوعامی کەمینەی مەسیحی - لەگەڵ پەیەدە، دەستەخوشکی رێکخراوی پەکەکە کە لە ماوەی دە رۆژ، لە ژێر ئاگربارانی دوژمندا، لە نێو جەرگەی خاکی عێراقی ژێردەستی ئیسلامیستەکان، توانی کریدۆرێک بکاتەوە و حەفتا هەزار ئێزدیی چیای شنگال لە مردن رزگار بکا، بەراورد بکەین، ئەوا دەبینین ئەو هێزەی بە تیرۆریست لە قەڵەم دراوە، چیتر ئەوە نییە کە پێمان وابوو.
بەرپرسیارانی پەکەکە دەبێ رووبەڕووی هەمان شت ببنەوە کە پێشتر رووی داوە، بەتایبەت سەبارەت بە تیرۆریستانی پێش ئەوان.
هەمان شتیان بەسەر بێ کە کۆتایی ساڵانی نەوەدەکان، دوای چەندین دەیە جەنگی نێوشار، بە سەر "ئیرا"ی ئیرلەندیدا هات.
ئەوان ئەو رێگە درێژەیان بڕی کە لە لایەن دامەزرێنەرانی حکومەتە پۆست-کۆلۆنیالەکانەوە هەموار کرابوو کە ئەوانیش بە نۆرەی خۆیان یەکەمین چەکەکانیان لە توندوتیژییەکی کوێرانەدا بەکارهێنابوو.
هەروەها بۆ مێژوو، ئاماژەیەک بە رەوشی ئێرگوون (ڕێکخراوی سەربازی نەتەوەیی لە خاکی ئیسرائیل)، گرووپی شتێرن لە ئیسرائیل و کۆنگرەی نیشتیمانی باشووری ئەفریقا دەکەم. ئاخۆ دەزانن نیلسۆن ماندێلا دەبوایە چاوەڕوانی ٢٨ی ژووئەنی ٢٠٠٨ بێ بۆ ئەوەی ببینی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ناوی ئەو و حزبەکەی لە لیستەکەیان دەربێنن؟
هەڵبەت، دیارە ئۆجەلان، ماندێلا نییە.
بەڵام ئەوەی ڕاستی بێ، کوردەکان هاوپەیمانی هەرە قایم و پتەوی ئێمەن لەو جەنگە درێژخایەنەی جیهادیزم دژ بە ئێمەی ڕاگەیاندووە.
پەکەکە لە سووریا پێشەنگە، نەک هەر بۆ خۆڕاگری لەپێناو داعش، بەڵکوو بۆ پاراستنی ئەو بەهایانەش کە داعش بە نیازە بیانفەوتێنێ.
ئەم پەکەکەیە کە کادیرە سەرەکییەکانی هەنگاوی ئۆجەلان - کە لە پڕۆسەی دادگاییەکەی لە ساڵی ١٩٩٩ لە پێناو قوربانییە بێ‌ژمارەکانی لە گرتووخانەی ئیمرالی لێبوردنی خواست - دەشۆپێنن، ئیتر ڕێکخراوێکی تیرۆریست نییە بەڵکوو ئەگەر وشەکان هەڵگری واتایەک بن، ئەوا ڕێکخراوێکی خۆڕاگرە لە بەرامبەر تیرۆریزم.
جا بۆیە پەکەکە و ئەو حزبانەی سەر بەون، وەک هەن دەبێ دانیان پێدا بنرێ: چونکە فاکتۆرێکن بۆ سەقامگیری و سبەی رۆژ، فاکتۆرێک بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

کوردەکان: مۆدێلی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوین


محەمەد ئاڵتان
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
وێدەچێ کۆبانێ بووبێتە یەکێک لە گەورەترین خاڵەکانی وەرچەرخانی مێژووی کورد…
لەوانەشە گەورەترینیان.
هەر نەتەوەیەک، لەپێناو بەدەوڵەت بوون پێویستی بە 'حیماسەیەکی نەتەوەیی' هەیە. کۆبانێ، قارەمانێتییەکی بێ‌وێنەی خوڵقاند بۆ ئەوەی کوردەکان لە دەوری ئەو حیماسە گەورەیە کۆ بکاتەوە.
ئەو 'حیماسە' گەورەیەی لە کۆبانێ ڕووی دا و بۆی هەیە نەک هەر مێژووی ڕۆژئاڤا، بەڵکوو مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوینیش بگۆڕێ، کوردەکانی لەبەر چاوی دونیا کردە یەکێک لە گەلانی هەرە خۆشەویست و پۆپوولەر.

xxx
کوردەکان، هاوشانی فەلەستینییەکان وەک مناڵانی هەتیو لە ڕۆژهەڵاتی ناوین ناهەقییان لێکراوە، بەڵام [کوردەکان] نەیانتوانیبوو سۆزی جیهان بۆ لای خۆیان ڕابکێشن.
ئەو گەرموگوڕییەی جیهان بە فەلەستینییەکانی نیشان دا، بە کوردەکانی نیشان نەدا.
پێموایە چەوسانەوەی کوردەکان لە لایەن موسڵمانانەوە، ئەو پشتیوانییەی بۆ کوردەکان ئاستەنگ کرد کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بۆ فەلەستینییە بەرەنگاربووەکانی جوولەکە دەربڕاوە.
بەردەوام لە هەمبەر پێشڤەچوونی کوردەکان لە تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا کۆسپ دروست کراوە.
ئەو کوردانەی دژ بە دەوڵەتەکان ڕابوون، هەمیشە وەک 'تیرۆریست' پێناسە کراون.

xxx
کۆبانێ، دوو تابلۆی سەرنج‌ڕاکێشی لە یەک کاتدا نیشانی دونیا دا.
یەکەمینیان ڕاستەقینەیەکی سیاسی و سەربازی بوو.
لە کاتێکدا هیچ دەوڵەتێکی موسڵمان پێشڕەوییەکانی داعشی ئاستەنگ نەکرد یان بۆی ئاستەنگ نەکرا، کوردە 'عیلمانی'یەکان بە نرخی گیانیان، پێشیان پێ گرت.
دووهەمیشیان هەقایەتی جەنگێکی پڕاوپڕ لە بوێری بوو: ژنە گەریلاکانی کۆبانێ.
ژنانی قارەمان، کڵاشینکۆف بە دەست، پڕچ گرێ‌دراو، دەم بە خەندە و چاو گەشاوە، سینگیان دایە پێش، شارەکانیان، ماڵ و حاڵ و ماڵباتەکانیان پاراست و لەم پێناوەدا، بێ ئەوەی پێلووەکانیان لێک بنێن، گیانیان سپارد.
ژنانی بوێری ڕووگەش لە بەرامبەر لەشکری داعشانی نەعل لە پێ، ڕیش درێژ و سەربازانی مرۆڤ سەربڕی بەدەوی و چاو پڕ لە خوێن.
ئەو ژنانە بوونە سیمبۆلی کۆبانێ و دونیا بێ هیچ دڕدونگییەک خۆی لە بەرەی ئەو ژنانەدا دۆزییەوە.

xxx
ڕۆژێک کە ئەم جەنگانە تەواو بوون، ژنە گەریلاکانی کورد دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان.
پاش بینینی ئەو ئەزموونانە، تێپەڕاندنی ئەو تاقیکردنەوە ئەستەمانە و چەندین جار لە مەترسی هاویشتنی گیانیان، هەمدیس ژیان دەست پێ دەکەنەوە.
دەبنە خاوەن ماڵ، مێرد، مناڵ، هاوسێ و ئیش.
ئەم ژنانە هەرگیز جارێکی تر، نە لە ماڵ نە لە سەر ئیش، لە لایەن پیاوانەوە سووکایەتییان پێ ناکرێ، پیاوان دەنگیان لە سەر ئەم ژنانەیان بەرز ناکەنەوە، هەوڵ نادەن بە گوتنی 'ئێمە دەزانین ژیان چییە'، ئەم ژنانە فێری ژیان بکەن.
ئاشقی ئەم ژنانە دەبن، ئەم ژنانە ڕێزیان لێ دەگیرێ.
لەوە بترازێ، ئەم ژنانە یەک، دوو و سێ نین، سەدانن، هەزارانن.
'نەریتی پیاوانە'ی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوین هەپروون بە هەپروون دەبێ، شێوازێکی نوێی ژیان و شێوازێکی نوێی پەیوەندیی بونیاد دەنرێن.
ئەو پیاوە بێ‌کەڵکانەی گرفتاری دزی و گەندەڵیی ڕۆژ‌هەڵاتی ناوین بوون، بۆیان دەردەکەوێ ژن چییە...
بگرە لەم ژنانەوە فێری پیاوبوون دەبن.
ژیان لێرانە دەگۆڕدرێ.

xxx
هەتا ئەمدواییانە وڵاتی مۆدێل بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین تورکیا بوو.
وڵاتێکی موسڵمان، عیلمانی، ڕوەو دیموکراسی، دەوڵەمەندبوو و بەرئەندامی یەکێتیی ئەوروپا.
لاڕێ‌بوونی تەیپ ئەردۆغان و پیاوەکانی لە ڕەوتی عیلمانی و دیموکراسی و بە بەرداکردنی کراسی 'سوننێتی'، دامەزراندنی پەیوەندیی گەرم‌وگوڕ لەگەڵ داعش، پەیڕەوکردنی زەخت و گوشار لە نێوخۆ، دووربوونەوە لە ڕۆژئاوا، گرتنەبەری ڕێگەی فاشیزم، هەڵپڕژان بە دەر و جیران بە شێوازی 'خەلیفایەتی' و ڕاگەیاندن و لێدوانی گاڵتەجاڕانەی هاوشێوەی سەرۆککۆمار عیدی ئەمین، لە ماوەیەکی کورتدا، تورکیای لە 'وڵاتی مۆدێل' هێنایە دەرەوە.
دیارە لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا وڵاتێکی دیکەش بەدی نەدەکرا ببێتە مۆدێل.

xxx
کوردەکان، لە کۆبانێ وەک گەلێک هاتنە مەیدان کە دەکرێ ببنە مۆدێل بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین.
ئەمە ئەشێ هەڵبژاردەیەکی بەئەنقەست بێ…
جەخت‌کردنەوەی پەیتا پەیتای ئایسەل توغڵوک لە سەر 'سیکۆلاریزم' لە دوو وتاری دواییدا، زۆرتر بەکارهێنانی وشەگەلی 'عیلمانی و دیموکراسی' لە لێدوانەکانی سەلاحەدین دەمیرتاش، جەمیل بایک، قەرەیڵان، دووران کاڵکان و مستەفا قەرەسوو و ڕەنگدانەوەی دیمەنی دیموکرات و لاییکی 'کچ و کوڕان'ی کۆبانێ لە ئاستی جیهاندا، نابێ هەروا بە ڕێکەوت بێ…

xxx
عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەبارەت بە گۆڕینی ڕۆڵی ژنانی کورد لە نێو کۆمەڵگەدا پێشەنگایەتی کرد.
جێگوڕکێی بە ژنی کورد کرد و هێنایە ئاستی پیاو، بگرە پێگەیەکی بەرزتر لە پیاوی پێ دا.
پەکەکە ڕێکخراوێک بوو ژنانی لەگەڵ پیاوان یەکسان کرد، تەنانەت خستیە سەرووی ئەوانەوە.
ژنە کوردەکانی کۆبانێش، ڕەنگە بۆ یەکەمجار لە ڕۆژهەڵاتی ناوین کە وەک کۆمەڵگەیەکی پیاوانی ڕیشن سەیری دەکرێ، بەمجۆرە بوونی ژنیان نیشان دابێ و بۆیەش سەرنجی هەموو دونیایان بۆ لای خۆیان ڕاکێشاوە.
کوردەکان هەم وەک واقع و هەم وەک ئیماژ، وەک کۆمەڵگەیەک کە ژن و پیاو شان بە شانی یەک خەبات دەکەن، لە گەلانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوین دابڕان و ئیتر بەشێوازێکی جیاوازتر سەیر دەکرێن.

xxx
من پێموایە ژنانی کۆبانێ بوونەتە 'مۆدێل'ێک بۆ سەرجەم ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوین.
لە کاتێکدا ژنان لە کۆمەڵگەکانی دیکە سووکایەتییان پێدەکرێ، لەنێو ماڵدا حەپس کراون و نکۆڵی لە بوون و ڕۆڵیان دەکرێ، کوردەکان پلەی ژنانیان بەرز کردەوە، نەخاسمە لە کۆبانێ خستیاننە ڕیزی هەرە پێشەوە، ڕیزی هەرە عەگید و هەرە قارەمانەکان.
کوردەکان ڕەنگە بووبنەتە یەکەم نەتەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بە ڕێزەوە پێشوازیان لە ژنان کردووە کە ئەمەش هێمایەکی گرنگی پێشکەوتنە.
لەم چوارچێوەیەدا، تورکیا لە پێشڤەچوون دوور کەوتەوە و بەرەو بوون بە وڵاتێکی نێرسالاری سوننە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین هەنگاوی بەلەزی هاویشت.
دەتوانین بڵێین ئەمە ڕێککەوتێکی زەمەنی بێ‌وێنە بوو بۆ کوردەکان.
ڕەنگە مێژوو لەم پێناوەدا یارمەتیدەر بووبێ، بەڵام ئەوەی ڕاستی بێ کوردەکانیش ئەم هەلە نائاساییەیان باش قۆستەوە.

xxx
ئەمریکا، لە کاتێکدا تورکیا و ئەردۆغان هاواریان دەکرد 'مەحاڵە'، چەکی بۆ کۆبانێ نارد، ئەگەر [ئەمریکا] لە لایەکەوە ئامانجی ئەوە بێ پشتیوانیی لە ڕکابەرێکی بەهێزی دژ بە داعش بکا، ئەوا بێگومان لە لایەکی ترەوە بە نیازە پشتیوانی لەم مۆدێلە بکا.
گەلی کورد کە بە دامەزراندنی پەیوەندیی یەکسان لە نێوان ژن و پیاو، خۆی لە کۆمەڵگەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵاواردوە و پڕاوپڕە لە ژنانی لەخۆبردوو، ئێستا تاکە گەلە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین کە دونیای پێشکەوتوو نەک هەر بە سیاسەت بەڵکوو بە دڵیش پشتیوانی لێ دەکا.
کوردەکان کە لە ڕێگەی کۆبانێ‌یەوە چوونە سەر شانۆی جیهان و بەم هەڵسوکەوتەیان لە هەموو میدیاکانی جیهاندا بوونە بابەتی باس، بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین بە گشتی و ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بەتایبەتی دەبنە مۆدێل.

xxx
کۆبانێ، ئەگەر کوردەکانی کردبێتە 'گەلێکی مۆدێل'، ئەوا هاوکات گۆڕەپانێکی سیاسیی نوێی بۆ ئەوان هەموار کرد.
[کوردەکان] دەرفەتی بەدەوڵەتبوونیان وە دەست خست.
بارزانی لە باکووری عێراق نەیتوانی ناوکی دەوڵەتێکی گەورەی کوردی دروست بکا، بەڵام لە کۆبانێ، پەکەکە و پەیەدە دروستیان کرد.
کوردەکان گشتیان لە کۆبانێ لە دەوری یەک کۆ بوونەوە، تەنانەت بارزانیش کە سەرەتا لاقی چەقاندبوو، ناچار بوو سەرباز بۆ ئەوێ بنێرێ.
بێجگە لەمە دونیای ڕۆژئاواش بە تەواوی لەگەڵیانن.
سەرجەم هێزە دیموکراتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوینیش پشتیوانی و سەرسامبوونی خۆیان دەربڕیوە.

xxx
ئەم پێشهاتە، دەوڵەتی ئاکەپەی لە تورکیا غافڵگیر کرد، ئەوان نە بۆ ئەوە ئامادە بوون کوردەکان ببنە 'مۆدێل' و نە بۆ ئەوەی ئەم ڕۆڵە لە تورکەکان بستێندرێ، نە بۆ ئەوەش کوردەکان لەپێناو دەوڵەتێکی کوردی لە داهاتوودا لە دەوری یەک کۆ ببنەوە.
تورکیا باجی سیاسەتی چەپەڵی ئەردۆغان و داودئۆغڵوی کە دژ بە کوردەکان پشتیوانییان لە داعش کرد، بە ڕادەست کردنی ڕۆڵەکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بە کوردەکان دایەوە.
ڕەنگە ئێستا هێز و دەرفەتی تورکیا وەک دەوڵەتێک لە هی کوردەکان زێدەتر بێ، بەڵام لە ڕووی سایکۆلۆژییەوە بێگومان کوردەکان باڵادەستن.
ئیتر مۆدێلی ڕۆژهەڵاتی ناوین ئەوانن.
ئیتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوین گەلێک کە لەلایەن دیموکراتەکانەوە پشتیوانی لێ بکرێ، خەڵک دوای بکەوێ و لاسایی بکرێتەوە، کوردەکانن.

xxx
وا دیارە ئەم پێشهاتە لە نێو سیاسەتی کوردی لە تورکیاش ڕێگەی لە بەردەم هەندێک جیاوازی خۆش کردبێ.
تاقمێک لە سیاسەتمەدارانی کورد، بەتایبەت ئەوانەی دەچنە ئیمڕالی، 'ئاشتی و قۆناغی نوێ' دەخەنە پلانی یەکەمەوە، خۆیان لە بوارەکانی دیکەی سیاسەت هەڵناقورتێنن، زۆر بە جۆشەوە ڕەخنە لە دیموکراسی و عیلمانیەتی لەمەڕ ئاکەپە ناگرن.
تاقمێکی دیکەش، بەتایبەتی دەمیرتاش، توغڵووک و سەرکردەکانی پەکەکە لە قەندیل، زیاتر لە جاران پێداگری لە سەر 'عیلمانی و دیموکراسی' دەکەنەوە و ئەمە وەک مەرجێکی گرنگ بۆ ئاشتی دەخەنە سەر مێزی گفتوگۆ.
کوردەکان حەز ناکەن ناکۆکی و جیاوازییەکانی نێوخۆیان بهێننە سەر زمان، وەک جۆرێک 'فیتنە' لەمە دەڕوانن، سەرباری ئەمەش دەتوانین بڵێین، وێدەچێ لە سیاسەتی کوردی لە تورکیادا دوو ڕەوتی 'لۆکاڵ' و 'ئەنتەرناسیۆنالیست' بوونیان هەبێ.
جیاوازییەکە بە دەستەواژەگەلی 'عیلمانی و دیموکراسی' ئاشکرا دەبێ.

xxx
ئەوانەی داکۆکی لە سیاسەتێکی 'لۆکاڵ' دەکەن، وێدەچێ لەگەڵ ئەم ئاریشەیەدا بن کە پێی وایە 'ئێمە با لێرە لەگەڵ ئاکەپە پێک بێین، زۆر خۆمان لە ململانێی عیلمانیەت و دیموکراسی هەڵنەقورتێنین، هەندێک ماف دەستەبەر بکەین، بۆ ئەوی تر پاشان بیری لێ دەکەینەوە'.
ئەنتەرناسیۆنالیستەکانیش دەیانەوێ کەلێن لە نێوان دونیا و ئاکەپەدا کە خەریکە ببێتە مایەی گاڵتەجاڕی، دروست بکەن و ئامانجیان ئەوەیە بە لەبەرچاو گرتنی بەها گەردوونییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین ڕۆڵێکی سەرەکی بگێڕن.
لە کاتێکدا 'لۆکاڵەکان'، هەوڵ دەدەن لە وڵاتێکی فاشیستی ئایینی سەقامگیر بن و چاوپۆشی لەو سێبەرە دەکەن کە کەوتۆتە سەر ئاکەپە، ئەنتەرناسیۆنالیستەکان، بە دەستنیشان کردنی کەموکوڕییەکانی ئاکەپە، لەگەڵ ئەوە دان خاوەنداری لەو ڕۆڵە بکەن کە تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و دونیا لە کیسی داوە.

xxx
ئەگەر ئەم شڕۆڤانە مەبەستیان پێکابێ، ئەوا سیاسەتی کورد لە تورکیا لە خاڵی تەقان نزیک بۆتەوە.
چونکە مەیلێکی زۆر جیدی و سیاسەتێکی زۆر جیاواز لە گۆڕێیە.
ئەنتەرناسیۆنالیستەکان، داکۆکی لەوە دەکەن بە هەر شێوەیەک بووبێ ئەو دەرفەتە بقۆزنەوە کە لە کۆبانێ بۆ کوردەکان ڕەخساوە.
ئەوان ئەگەر لەگەڵ تورکیاش پێک بێن، دەیانەوێ بناغەکانی بە جۆرێک سەقامگیر بێ کە لەلایەن جیهانەوە ستایش بکرێ، پێیان وایە ئەمە هەم بۆ ئاشتی و هەم بۆ داهاتوو و ڕۆڵی کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگەی بایەخ دەبێ.

xxx
دوابەدوای وازهێنانی تورکیا لە بوون بە وڵاتی مۆدێل، لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، بێجگە لە کورد، هیچ کۆمەڵگەیەکی دیکە بەدی ناکرێ ببێتە بەرئەندامی ئەم مۆدێلە.
ئێران هەرچەند توانیبێتی لەم دواییانەدا ئیماژ و هەڵسوکەوتی خۆی گۆڕیبێ، بەڵام دەمێکە بۆ ئەم مۆدێلە ناشێ، وڵاتانی وەک عەڕەبستانی سعوودی، سووریا، عێراق، میسر و یەمەنیش تەنانەت بۆ ئەوە نابێ بیر لە بەرئەندام بوونیان بۆ ئەم مۆدێلە بکەیەوە.
هەڵبەت جیاوازی سیاسەتی کوردیش بە گۆڕینی ڕۆڵی کوردەکان لە کۆبانێ قووڵتر بۆوە.
هەتا [پێڤاژۆی] کۆبانێ، مەسەلەی ئاشتی لە تورکیا لە گۆڕێ بوو، بەڵام دوای کۆبانێ، مەیدانێکی زۆر گەورەتر لە بەردەم کوردەکان کرایەوە.

xxx
هەرچەند ڕوانگەکان سەبارەت بە سیاسەتی کورد لە تورکیا بۆ مشت‌ومڕ کراوە بن، بەڵام خاڵێک هەیە دەبێ لێی دڵنیا بین:
کۆبانێ و ژنە قارەمانەکانی کۆبانێ، دیرۆکی کوردەکان و ڕۆڵی مێژوویی ئەوانیان گۆڕی...
بوونە بەرئەندامی فاکتەری دیاریکەری داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوین.
هەم تورکەکان و هەم کوردەکان، ئەوانەی بیانەوێ سیاسەت بکەن و لە کۆبانێ، لەوان تێنەگەن، سەریان وە دیواری مێژوو دەکەوێ.
ئیتر کۆبانێ نەک هەر بۆ کوردەکان، بەڵکوو بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوینێش جۆرێک بووژانەوەیە.

سەرچاوە: gazete360