۱۳۹۸/۰۷/۰۸

بەردی سەبووری




بەردی سەبووری
عەتیق ڕەحیمی
وەرگێڕانی لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی 
چاپی یەکەم: ٢٠١٩

بڵاوکار: ناوەندی غەزەلنووس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە

۱۳۹۸/۰۶/۱۸

دوو شیعر لە شارل فێردینان ڕاموو


شارل فێردینان ڕاموو
لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی 

١

لە بەر خۆرەتاو بووم و بیرم لە تۆ دەکردەوە.
تۆ هەروا لە کنمی،
وەکوو جاران، بەڵام ئێستا بە بزەیەکەوە
کە دەزانم ئەمنیش هەروا
لە خەیاڵتدا لە کن تۆم.

مەلەکان لە لقەکانەوە دادەکەوتن،
گیا پێگەیشتبوو، یۆنجە پەڕیبوو؛
مەڵەغانەکەمم پێ بوو، دروێنەم دەکرد،
مەڵەغانەکەم بۆ خۆی دەگەڕا.

هاتمەوە و عارەبانەکەم برد،
بارە گیام لێ نا؛ تەگەرەکە جیڕەجیڕی لێوە دەهات
وەک ئەو کاتەی تۆ گۆرانییەک دەچڕی، بۆ خۆشی
یان بۆ ئەوەی هاوڕێیەتیت کردبێ.

پاشان کە شەو داهات، بە خۆمم گوت: "ئەو چ دەکا؟"
لەسەر کورسییەکی درێژ دانیشتبووم،
دەستەکانم خستبووە نێو گیرفانمەوە؛
سەبیلەکەمم دەکێشا، دەمبینی کە تۆ دێی؛
تۆش لە نێو دووکەڵەکەدا بووی
وەک یەکێک لەو فریشتە باڵ شینانەی
لە نێو کتێبەکاندا هەن. 

٢

ئەگەر دایکت زانیبایەی ئێمە یەکترمان خۆش دەوێ و
ئێواران من هاوڕێیەتیت دەکەم
هەتاکوو بەر دەرگەی ماڵێ،
ئەگەر زانیبای ئێمە هاموشۆی یەکتر دەکەین و
ئەم جارەیان بۆ تا هەتایە،
ئاخۆ چی دەگوت؟

ئەو کە نێوچەوانێکی گنجاوی هەیە،
دوو دەستی ڕەشی تا بڵێی لەرزۆک،
ئەو کە چیتر گەنجێتیی خۆی
بە بیر نایە؛
ئەو کە ئەو سەردەمەی لە بیر چووەتەوە کە دەچوو هەڵدەپەڕی و
چیتر نازانێ بە خۆشویستن
چ بەختەوەرییەک بەسەرتدا زاڵ دەبێ،
دایکت، ئاخۆ چۆنی بیر دەکردەوە؟

ئێمە باسی ئەم شتانە ناکەین
تا بەختەوەریمان بە فیڕۆ نەدەین؛
ئێمە بەس سەیری یەکتری دەکەین
تا ورە بە یەکتری بدەین.

چونکە ئێمە هیچ شتێکی خراو ناکەین،
وا نییە دەنا؟ سرووشتییە گەر ئاشق بی
وەک چۆن ئێمە ئاشقین؛
ئەوانیش گشتیان وەک ئێمە بوون.
ئینجا بە خۆم دەڵێم: "تۆ دەبینی، دەبێ لەمە زیاتر یەکترمان خۆش بوێ،
لەمە پتەوتر، لەمە نیانتر؛
ئەوسا ڕەنگە دایکت بەزەیی پێمان دابێ و
بهێڵێ یەکترمان خۆش بوێ."

شارل - فێردینان ڕاموو، ٢٤ی سێپتەمبری ١٨٧٨ لە شاری لۆزانی پێتەختی کانتۆنی ڤۆی سویسرا لەدایک بووە. پاش وەرگرتنی بڕوانامەی لینسانس لە زانکۆی لۆزان، لە قوتابخانەی "ئۆبۆن" بۆتە مامۆستا. لێ زۆر زوو بۆی دەردەکەوێ بۆ وانەگوتنەوە نەهاتۆتە دونیا و لە تەمەنی بیستودوو ساڵیدا دەچێتە پاریس تاکوو تێزی دکتۆراکەی لەسەر مۆریس دۆ گێرەن ئامادە بکا.
ڕاموو کە زۆر گۆشەگیر بوو، لە پایتەختێکدا کە شێت و شەیدای نمایشە بێکۆتاییەکەی بوو، بە شێوەیەکی ماندوویینەناسانە پیاسەی دەکرد، ئەو کە وای دانابوو تەنیا شەش مانگ لەم شارە بمێنێتەوە، چواردە ساڵی ژیانی لێ تێپەڕاند. ئەو وازی لە وانەکانی سۆربۆن و تێزی دکتۆراکەی هێنا کە تەنانەت دێڕێکیشی لێ نەنووسیبوو و دەستی کرد بە نووسینی یەکەمین کتێبەکانی؛ گوندە بچووکەکە (١٩٠٤)، ئالین (١٩٠٥)، جەنگە قورسەکەی زۆندێربۆند (١٩٠٥)، ئێمێ پاش، نیگارکێشی خەڵکی ڤۆو (١٩١٠)، ژیانی ساموێل بێلێ (١٩١٣)، ماڵئاوایی لە گەلێک کەسایەتی (١٩١٤). تەموزی ساڵی ١٩١٤، ڕاموو کە هەستی بە جەنگی دادێ کردبوو، پاریسی بەجێ هێشت و بە یەکجاری لە کانتۆنی ڤۆو نیشتەجێ بوو. ساڵی ١٩١٦، لەگەڵ ئێدمۆند ژیلیار و پۆول بوودری گۆڤاری دەفتەرگەلی ڤۆوی دامەزراند و ڕۆمانە تازەکانی خۆی، بەهارە گەورەکە (١٩١٧) و سڵاوی وەرزێڕانەی (١٩٢١) تێدا بڵاو کردەوە. لەو کاتەوە بەدوا، ئۆگریی ڕاستەقینەی خۆی بۆ دەرکەوت کە وەسفی ژیان و دابونەریتی خاکی زێدی بوو و تا کۆتایی ژیانی بەردەوام بوو. بەرە بەرە، لە وڵاتەکەی خۆی، سەرنجی خوێنەری بەردەوامی ناوەندە ئەدەبییەکانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا. بە هاوکاریی ناوەندی چاپی بێرنارد گراسێ لە پاریس کە ڕاموو لە ساڵی ١٩٢٤ بە دواوە کتێبەکانی لەوێ چاپ دەکرد، بەردەنگێکی زیاتری پەیدا کرد، هەم لە فەڕەنسا و هەم لە گەلێک وڵاتی تر کە کتێبەکانی وەرگێڕدرابوون؛ دۆخە ماددییە لەرزۆکەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو جێگیر بوو. کۆمەڵێک کتێىی بە دوای یەکدا چاپ و بڵاو کردەوە: ترسە گەورەکەی نێو چیاکە (١٩٢٦)، ئالین (١٩٢٧)، جەژنی ترێ ڕنینەوە (١٩٢٩)، فارینێ یان پارەی تەزویر (١٩٣٢)، دێربۆرانس (١٩٣٤)، ئەگەر خۆر نەدەگەڕایەوە (١٩٣٧). نزیکبوونەوەی جەنگێکی نوێ، ئیلهامی تێڕامانی قووڵتری پێ دا، ڕامووی ڕۆماننووس بوو بە کەسێکی ئەخلاقخواز و کتێبی پرسیارەکانی (١٩٣٦) نووسی. یادداشتەکانی ڕۆژانەی (١٨٩٥ - ١٩٤٢) ساڵی ١٩٤٥ لە خانەی گراسێ چاپ بوو.  
ڕاموو کە دەتوانرێ بە "نووسەری هەرە ناسراوی سویس ڕۆماند لە دوای بەنژامەن کۆنستان" لەقەڵەم بدرێ، ڕۆژی ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ لە لۆزان کۆچی دوایی کرد. بەرهەمە زۆر و زەوەندەکانی کە بێجگە لە چیرۆک و هزر، کتێبی بەسەرهاتی سەربازەکەش (مۆسیقای ستراڤینسکی) لە خۆ دەگرێ، لەسەر دەستی کۆمەڵێک نووسەری ترەوە و لە ناویاندا ژان ژیۆنۆ، کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ڕۆمانی گوندی داناوە.