۱۳۹۶/۰۹/۲۳

"یەریڤان خەبەر دەدە"

تیتالێ کەرەم لە بەر دەرگەی ڕادیۆ یەریڤان - وێنە: سەلاحەدین بایەزیدی


سەلاحەدین بایەزیدی - یەریڤان

 
نزیکەی سەد ساڵ بەسەر تەمەنی ڕادیۆ کوردی یەریڤاندا تێدەپەڕێ. لە بەرەبەری یادی سەدەیەک مێژووی پڕشنگداریدا مەترسیی ئەوە هەیە ئەو دەنگە بۆ هەتا هەتایە ماڵئاواییمان لێ بکا. تیتالێ کەرەم، بەرپرسی بەشی کوردیی ڕادیۆی یەریڤان نایەوێ بیر لەو ساتەوەختە بکاتەوە، ئەو ئێستا لە کارمەند و بەرپرسێک زیاتر، خۆی گوتەنی وەک "منداڵێک" چاو لە ڕادیۆکە دەکا، هەرچەند هەست دەکەی ڕادیۆکە چیتر ئەو منداڵە نییە و لە پاییزی تەمەنی دایە. 


بەشی کوردی ڕادیۆ یەریڤان ساڵی ١٩٣٠ دەستی بە وەشان کردووە. ڕادیۆیەکی حکومییە. سەرەتا ماوەی بەرنامەکانی زۆر کەم بووە و هەفتانە پێنج تا دە دەقە بەرنامەی پەخش کردووە، هەواڵەکان هەمووی پڕوپاگەندەی سۆڤیەت و پارتی کۆمۆنیست بوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وەک تیتالێ کەرەم دەڵێ کە خەڵک گوێیان لەو ڕستە بەناوبانگە دەبوو کە دەڵێ "یەریڤان خەبەر دەدە" دەستیان لە کاروباری ڕۆژانە هەڵدەگرت و ژیان دەوەستا. 


ڕادیۆ یەریڤان تا ساڵی ١٩٣٧ بەمجۆرە بەردەوام بووە. لە ماوەی ئەو ساڵانەدا گەلەک ناوەندی چاندی بۆ کوردان لە ئەرمەنستان دروست بوون. ئەو ناوەندانە تا ساڵی ١٩٣٧ بەردەوام بوون و کاریان کردووە. ساڵی ١٩٣٧ زەبروزەنگی ستالین گەیشتە لوتکە و دەرگەی ئەو ناوەندانە داخران. تیتالێ کەرەم ئەو ڕۆژانە ئاوا وەسف دەکا "ئەودەم تەنانەت ئەگەر منداڵێک گوتبای فڵان کەس سیخوڕە، ئەو کەسەیان دەگرت و دەیانبرد. ناوەندە کوردییەکان داخران، نەک هەر هیی نەتەوەی کورد، بەڵکوو هیی نەتەوەکانی دیکەش بەو دەردە چوون."


ئەم دۆخە هەتا ساڵی ١٩٥٥ بەردەوام بووە. ساڵی ١٩٥٣ ستالین مرد. ئەو بەهارەی ستالین مرد، ڕادیۆ و ڕۆژنامە و ناوەندە چاندییەکان بووژانەوە. لە ساڵی ٥٥ەوە تا ڕۆژی ئەمڕۆ ڕادیۆ یەریڤان بێ وچان بەردەوام بووە. ئەو ساڵە کە ڕادیۆکە دیسان دەستی بە پەخشی بەرنامەکانی کردووەتەوە، کاتی بەرنامەکانی کەم بووە و تەنیا نیو سەعات بەرنامەی بڵاو کردووەتەوە. بەڵام ساڵی ١٩٥٨ دوای سەفەری مەلا مستەفای بارزانی ماوەی بەرنامەکانی ڕادیۆ درێژ کراوەتەوە. تیتالێ کەرەم دەڵێ "مەلا مستەفای نەمر ئەو ساڵە سەردانی کوردەکانی ئێرەی کرد. ژیانی کوردانی سۆڤیەتی لە نزیکەوە بینی و هاتە ڕادیۆش. لە کارمەندەکانی ڕادیۆی پرسیبوو چ داواکارییەکتان هەیە. ئەوانیش لە وەڵامدا گوتبوویان دەمانەوێ کاتی بەرنامەکان درێژ بکرێتەوە. مەلا مستەفا کە دەچێتە مۆسکۆ داوا لە دەسەڵاتی سۆڤیەت دەکا ماوەی بەرنامەکانی بەشی کوردی زیاتر بکەن. ئەرمەنستان ئەوکات لە ژێر کۆنتڕۆڵی مۆسکۆ دابوو. دوای ئەوە، بەرە بەرە ماوەی بەرنامەکانیان زیاتر کرد. لە نیو سەعاتەوە بوو بە سەعات و نیوێک. لە شەشەوە هەتا حەوت و دواتر لە سەعات نۆ و نیو تاکوو دە بەرنامەی کوردی پەخش دەکرا." 


ئەو ساڵانە ڕادیۆی کوردی کەم بوون، ئەوانەی هەشبوون، وەک ڕادیۆ یەریڤان سەریان بەرز نەبوو. "ڕادیۆ یەریڤان جیاواز بوو''، تیتالێ کەرەم وا دەڵێ.


ناوبراو پێی وایە "ڕادیۆ یەریڤان ڕۆڵێکی مەزنی لە وشیاری نەتەوەیی و بووژانەوەی هونەری کوردیدا گێڕاوە. لە هەر چوار پارچەی کوردستان، لە هەر شوێنێک باسی ڕادیۆ یەریڤان بکەی، خەڵک دەیناسن. ڕادیۆکە لە سەرانسەری کوردستان و هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوین دەگیردرا. ئەمڕۆکە گەلەک ڕادیۆ هەن، گەلەک تەلەڤزیۆن هەن، ئەنتەرنێت پێش کەوتووە، لێ ناوی ڕادیۆ یەریڤان لە نێو دیرۆکی گەلی کورددا بە جیا هاتیە نەڤیسارێ. ناوی ئەم ڕادیۆیە بە پیتی زێڕین لە مێژووی کورد و کوردستاندا تۆمار کراوە."  


ڕادیۆ یەریڤان بەتایبەت لە باکووری کوردستان ڕۆڵێکی زۆر گرنگی بینیوە، چونکە لە تورکیا ڕادیۆ کوردی قەدەغە بوو و نکۆڵی لە هەبوونی کورد دەکرا. تیتالێ کەرەم لە زاری زۆر کەسەوە بیستوویەتی کە ئەو ساڵانە لە باکوور کێ لە ماڵێ ڕادیۆی هەبوایە، دەرگە و پەنجەرەی پێوە دەدا و بە دزی گوێی لە ڕادیۆ یەریڤان دەگرت. زۆر نووسەر و لێوەکۆڵ ئەم قسەیەی تیتالێ کەرەم پشتڕاست دەکەنەوە. ئۆرهان پاموک، نووسەری تورک لە ڕۆمانی "بەفر"دا لە زاری سەرداربەگی ڕۆژنامەنووسەوە دەڵێ "... کەس لە بەرامبەر ئەوانی تردا شانازیی بە ڕەچەڵەکی خۆیەوە نەدەکرد. هەموو ئەم هەستی بە خۆنازینە لە لایەن ڕادیۆ کۆمۆنیستەکانی یەریڤان و باکۆوە بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوەی تورکیا و دابەشکردنی بڵاو دەکرانەوە. ئێستا خەڵکەکە هەژارتر بوون، بەڵام بەخۆشانازترن." (بەفر، ئۆرهان پاموک، وەرگێڕانی بەکر شوانی)


ڕادیۆ کوردیی یەریڤان بەرزی و نزمیی زۆری بە خۆوە بینیوە کە هەموویشی پەیوەندیی بە دۆخی ئابوورییەوە هەبووە. هەڵوەشانەوەی سۆڤییەت و تێکچوونی ڕەوشی ئابووری کاریگەریی لەسەر ڕادیۆکە داناوە. دەوڵەت نەیتوانیوە خەرجی ڕادیۆکە دابین بکا. تیتال ئەو ڕۆژانەی بە بیر دێ کە خەڵک دەستە دەستە کۆچیان دەکرد و دەچوونە وڵاتانی جۆراوجۆر. "ئێمە نەچووین. باوکم بە تەنیا لە ڕادیۆ مایەوە. ئەوەی ڕاستی بێ ئەمنیش دەمویست بچمە دەرەوە. تازە زەماوەندم کردبوو. بە خۆمم دەگوت دەبێ کارێکی تر بکەم و ماڵ و منداڵم بژێنم. لێرە بەتاڵ و حەتاڵ چی بکەم. باوکم گوتی نا من بەتەنیا جێ مەهێلە، حەیفە ئەم ڕادیۆیە دابخرێ کە ئەو هەموو ساڵە بەردەوام بووە. دەیگوت وەک ئەوە وایە زارۆکێک مەزن بکەی و پاشان وازی لێ بێنی و بڵێی تۆ زارۆکی من نی."


تیتالێ کەرەم دەگێڕێتەوە: "سەرەتای ساڵانی نەوەد لێرە گرفتی ئابووری هەبوو، خەرجی ژیان زۆر گران بوو، کارەبا نەبوو، گواستنەوە و هاتوچۆی گشتی وەستابوو و شەڕێکی سەخت لە نێوان ئەرمەنستان و ئازەربایجان لە ئارا دابوو. لە ڕادیۆوە تا ماڵی ئێمە نۆ کیلۆمەتر ڕێ هەیە. ڕێگەکەش وا نییە هەموار بێ، سەرەولێژە. باوکم بە پێیان نۆ کیلۆمەتر دەچوو و نۆ کیلۆمەتر دەگەڕایەوە. جا زستانان زۆر ئەستەمە. ئەویش سەرمای ئێرە. تا بیست و بیست و پێنج و تەنانەت سیی پلەی ژێر سفر دەچوو. ئەمنیش جارجارە لەگەڵ بابم دەچووم بۆ ڕادیۆ. هەرچەند کەمتر. ماڵێ سارد بوو و ڕادیۆ ساردتر. ئەودەم بەرنامەکانی ڕادیۆ وەک ئێستا کەم نەبوون و نۆ و نیو و دە تەواو دەبوو. کە دەگەیشتینەوە ماڵێ، دەبوو بە سەعات دوو و سێی شەو. سێ چوار سەعات دەخەوتین و بەیانیی زوو ڕادەبووین بۆ ئەوەی بە پێیان بێینەوە ڕادیۆ. چەند ساڵێک ئەم دۆخە بەم شێوەیە بەردەوام بوو. بە بیرم دێ ئێوارەیەک کە دەمانویست پێکەوە بچینە ڕادیۆ، ئەمن بە باوکمم گوت من تاقەتم نەماوە و ئیدی واز لەو کارە دێنم. ئەوکات لە هەموو پارچەکانی کوردستان شەڕێکی نەتەوەیی لە گۆڕێ بوو. باوکم گوتی ئێستا شەڕڤانەکانی کورد، چ پێشمەرگە چ گەریلا، لە چیاکان لەو بەفر و بەستەڵەکەدا دژ بە دوژمن شەڕ دەکەن، تۆ ناتوانێ دە کیلۆمەتر بە پێیان بپێوی؟ بە خۆمدا شکامەوە و لە دڵی خۆمدا گوتم خۆزیا ئەو قسەیەم نەکردایە."


باوکی تیتالێ کەرەم، سەیادێ کەرەم پەنجا و چوار ساڵ ڕادیۆ کوردی یەریڤانی بەڕێوە برد و بە سەلامەتی بە کوڕەکەی سپارد. ئێستا ڕادیۆ یەریڤان چوار کارمەندی هەیە و ڕۆژانە نیو سەعات بەرنامە پەخش دەکا. 


ئاخۆ زەحمەت نییە؟ "زەحمەت بێ یان نا، دەبێ ئیش بکەین. ئێدی بە درێژایی ئەو هەموو ساڵە ڕاهاتووین. مەعاش کەمە. دۆخی ئابووری باش نییە. لەگەڵ ئەوەشدا هەتا ڕۆژی ئەمڕۆمان هێناوە. بەو مەعاشە کەمەوە هەر کەس نایەت لێرە کار بکا. کادیرمان نییە. گەنجی ئێستا ڕوو لە کاری ئاوا ناکەن، دەچن بە ئیشی ترەوە مژووڵ دەبن. ئەگەر کادیر نەبێ، مەترسی ئەوە دێتە گۆڕێ بەشی کوردی دابخرێ، دەوڵەت ڕێگە و بوار دەدا، بەڵام دەبێ خەباتکار هەبن. هەتا ڕۆژی ئەمڕۆمان هێناوە و بزانین چۆن دەبێ."


تیتالێ کەرەم هاوکات بەڕێوەبەری نووسینی ڕۆژنامەی "ڕێیا تازە"شە. ساڵی ٢٠١٠، پاش کۆچی دوایی گریشایێ مەمێ بووەتە سەرنووسەری ئەو ڕۆژنامەیە کە یەکێکە لە کۆنترین ڕۆژنامە کوردییەکان و ٨٦ ساڵی تەمەنە. "ڕێیا تازە" هەتا پێش هەڵوەشانەوەی سۆڤیەت هەفتەی دوو جار چاپ و بڵاو بۆتەوە، بەڵام پاش هەڵوەشانەوەی سۆڤییەت بووە بە مانگێ جارێک و ئێستاش جار جارە و بە پێی دەرفەت چاپ دەبێ. ڕۆژنامەکە بە خۆڕایی لە نیو کوردەکانی ئەرمەنستان بڵاو دەبێتەوە و بەدەست گرفتی ئابوورییەوە دەناڵێنێ. وەک تیتالێ کەرەم دەڵێ ساڵی ٢٠١٣ بنکەی لالەش لە باشووری کوردستان یارمەتی داون و دوای ئەو یارمەتییانە توانیویانە بۆ یەکەمجار ڕۆژنامەکە بە ڕەنگی چاپ بکەن. ئەو هاوکارییە هەتا دەسپێکردنی شەڕی داعش بەردەوام بووە.


تیتالێ کەرەم کە ئاستی ڕۆشنبیری و چاپەمەنی کوردەکانی ئەرمەنستان لە سەردەمی ئێستا و سۆڤییەتدا هەڵدەسەنگێنێ، جیاوازییەکی گەورە دەبینێ، ئەو پێی وایە لە سەردەمی سۆڤییەتدا جموجوڵێکی زیندووتر هەبوو و کتێبێ کوردی زۆرتر چاپ دەبوون، بەڵام ئێستا بنووس کەم بوونەتەوە، کەس لە بەشی کوردیی ئاکادیمیای زانستی ئەرمەنستان نەماوەتەوە. پێشتر چەندین پڕۆفیسۆری کورد کاریان تێدا دەکرد. جاران شانۆی کوردی هەبوو و ئێستا داخراوە و تەنیا یەک دوو کەس لە بەشی کوردیی یەکێتیی نووسەرانی ئەرمەنستان کار دەکەن.

۲ نظر:

  1. هەمیشە سەربەرزو بەهێزوخۆڕاگر بیت، بەڕێز بایەزیدیی. بوونی تۆ بۆ گەلی کورد پێوسیتییەکی گرنگەو هەنیشە لە خۆشیی و شادیدا بیت.

    پاسخحذف