۱۳۹۶/۰۹/۱۴

تـــاراوگە

 
Photo : Cinou Delcuvellerie

سەلاحەدین بایەزیدی

کە پێم نایە
یەکەم پایتەختی جیهان
تێر تێر
گریام بۆ گوندەکەی خۆمان.


***

شەوانە زوو،
پەنجەرەکان بە ڕووی ئاسۆدا دادەخا
رێگە نادا
گڕی پەنگ خواردووی دەروونم
لە تاریکی دەرەوەدا
داگیرسێنم

بەرەو قەرەوێڵەیەکم دەبا
وەکوو پەنگر.

سپێدە زوو،
پەنجەرەکە بەرەو خۆری نەزۆکی ئێرەدا دەکاتەوە
رێگە نادا
وەک هەمزاتۆف
شۆڕ بمەوە بۆ نێو خەونی دوێنێ شەوم
زوو یادەکانم دەردەکا

بەرەو نەینۆکێکم دەبا
پێش تر سیمای ڕووشاندووم و
نهێنی ترین نیگاکانی لێ دزیوم.

چەند تەنگە ئەم ژوورە بۆ غەریبیم
چەند زیندانە بۆ هەناسەم
چەند تاریکە بۆ دوارۆژ و
چەندە بزرە بۆ ئێستاکەم.


***
من درەختێک دەناسم
ڕەگی لە نێو خاکدا نییە

من دارگێوژێک دەناسم
بە تەنیا بە نێو لێڕەواری کاژەکاندا پیاسە دەکا

من درەختێک دەناسم
بە ئۆکسیژێن ناژی

درەختێک،
شنەی یادی ڕابردوو دەیژێنێ
خەونی دەستکردنە نێو هێلانەکانی منداڵی
لە سەر پێی ڕادەگرێ. 


***


تاراوگە:
دەشت،
شار،
ئاپارتمان،
شاڕێ،
دەریا،
زەنگی کڵێسە،
ئاسۆ.

زێد:

چیا
گوند،
کەوێڵ،
شڤەڕێ،
کانی،
مەلابانگدان،
کازیوە.
 

***
 

ڕۆیشتن:
هەڵاتن.

مانەوە:
گریان.

ئاوڕدانەوە و هانکەهانک
ڕۆندک و چاوەڕوانی.

ڕۆیشتن:
شەپۆل
جەستەی مردوو.

مانەوە:
شەونخوونی
فرمێسکی وشکەوەبوو.

۱ نظر:

  1. ئەگەرچی دار و درەختی ئەم نیشتمانە ڕیشەیان لە زەوی دایە بەڵام ڕوویان لە خۆرەتاوە بۆ سەرهەڵدانێکی نوێ و بەرهەمی نوێ بۆ نەوەکانی بە درێژایی مێژوویەکی سوور ...

    پاسخحذف