‏نمایش پست‌ها با برچسب یاشار کەماڵ. نمایش همه پست‌ها
‏نمایش پست‌ها با برچسب یاشار کەماڵ. نمایش همه پست‌ها

۱۴۰۰/۰۵/۰۳

قەڵەمەکان


کتێب: قەڵەمەکان
مژار: چیرۆک بۆ گەنجان
نووسەر: یاشار کەمال
نیگارکێش: سەدات گیرگین
وەرگێر: سەلاحەدین بایەزیدی
وەشانخانە: مادیار «گەنجان»

نەریمان کۆڵێک قەڵەمی هەیە، قەڵەمەکان هەر بەڕاستی زۆرن؛ سوورن، سپین، ڕەشن، مۆرن؛ بچووک، گەورە و جۆرەوجۆرن. نەریمان ئەگەر قەڵەمەکانی لەسەر یەک کۆ بکاتەوە، دەبنە خەرمانێک. خەرمانێک لە ڕەنگی گەش و بریقەدار. نەریمان دەیەوێ ئەم قەڵەمانە بباتە قوتابخانە، بیانبا و نیشانی منداڵەکانی تریان بدا. خۆ بردنیان کێشە نییە، بێگومان دەتوانێ بیانبا، بەڵام ئەی ئەگەر لێیان پرسی ئەو قەڵەمانەت لە کوێ هێناوە؟  چۆنیان وەڵام بداتەوە؟   بشیکوژن، ناتوانێ لەناو ئەو هەمووە منداڵەدا بڵێ باوکم زبڵڕێژە و قەڵەمەکانی لەنێو زبڵوزاڵەکاندا کۆ کردووەتەوە…   لەگەڵ ئەوەشدا دەیەوێ ڕۆژێک قەڵەمەکان لەگەڵ خۆیدا ببا و نیشانی هاوپۆلەکانیی بدا....

قەڵەمەکان چیرۆکێکی یاشار کەمال، نووسەری بەناوبانگی بە ڕەچەڵەک کوردە، و سەدات گیرگین نیگاری بۆ کێشاوەتەوە.

۱۳۹۹/۰۳/۰۶

یاشار کەمال



مووسا عەنتەر
لە کورمانجی ژوورینەوە: سەلاحەدین بایەزیدی 

 
ساڵی ١٨٩٥ لە نێوان عوسمانییەکان و ڕووسیادا شەڕ هاتە ئاراوە. ئەحمەدی خانی لە شیعرێکیدا دەبێژێ "کورد هەرتم لە سنووران ئارمانجی تیری دوژمنانن." یانی عەرەب، عەجەم، تورک و عرووس کەنگێ بوو بە شەڕیان، تیرەکەیان وە کوردان دەکەوێ. کوردستان بۆ ئەو زاڵمانە ببووە عەرزشۆرێک. نیوەی شەڕی ئەو نەتەوە بێگانانە لە کوردستانێ بوو. شەڕی هەرە دوایی لە ساڵی ١٩١٥دا بوو. عوسمانی، ئەرمەنییەکانیان دەکوشت و ڕووس و ئەرمەنیش تۆڵەیان لە کوردان دەکردەوە. ئێمەی کورد وەک خەڵکی تراکیا و ئەگە نەبووین. یۆنان و بولغار هەتا ئەدرنە و بوورسا هاتن. تورکێک لە ماڵەکەی دەرنەکەوت، بەم جۆرە یۆنان و بولغاریان بانگهێشت کرد، ئەمە سووکایەتی نییە، ڕاستییەکی مێژوییە. بەڵام کە ڕووس و ئەرمەنی پێیان نایە سنووری کوردستانەوە، کورد وازیان لە ماڵ و موڵکی خۆیان هێنا، خواردنی سەر ئاگردانیان بەجێ هێشت، منداڵیان وە پێش خۆیان دا و بەرەو کوردستانی خواروو ڕایانکرد. حەیف و مخابن، ئێستا لە هەر گوندێکی کوردستانی خواروو ماڵێکی ئاوارەکان بەدی دەکرێ. هەندێک لە برسان و هەندێک بە نەخۆشی مردن. دەوڵەتی عوسمانیش کە ئەودەم حکومەتەکەی بە دەست پارتی ئیتیحاد و تەرەقییەوە بووە، لە عرووس و ئەرمەنییان کەمتر دوژمنایەتیی کوردیان نەکرد. جا باوکی یاشار کەمال بەم جۆرە چووەتە ئەدرنە، بە ڕەچەڵەک لە ئاوارەکانی گەواشێیە. کەمال لە قادرلیی سەر بە قەزای ئەدرنە چاوی بە ژیان هەڵێناوە. دایک و باوکی کوردن. بەڵام بە ئاوارەیی، بە هەژاری و بە کوردایەتی لە ژێر چاودێریی تورکەکاندا گەورە بووە. من و کەمال گەلێک بیرەوەرییمان بە یەکەوە هەیە. هەم ئەو کاتانەی کە فەقیر بوو و هەمیش دواتر کە ژیانێکی تێری هەبوو.
جارێکیان، من و هاوڕێم، نەجات جەمیل پاشازادە، چووینە کەنارئاوەکانی کوچوکیالی. عەیبمان نییە، تێرین، پڕین، لە نێو دەریاکەدا بۆ خۆمان مەلەمان دەکرد، کتوپڕ دەنگێک لە کەنارئاوەکەوە هات، بە کوردی لاوکی بێماڵی بە فیتوو دەچڕی. دەنگیی بە ڕادەیەک کاری تێکردین کە بە دەم مەلەوە بۆ لای چووین، بینیمان لە دەرەوەی ئاوەکە، گەنجێکی فەقیر و کوێر، بە دەرپێیەکی سپییەوە لەسەر تاشەبەردێک دانیشتووە. گوتم: "برالە ئەتۆ کێی؟"
بە تووڕەبوونەوە: "بە تۆ چی؟"
"هەڤاڵ، بە کوردی فیتووت لێ دەدا، پێم خۆش بوو، بۆیە لێت دەپرسم."
"دەیجا چییە؟ من بە کوردی فیتوو لێدەدەم."
"بۆ تۆ کوردی؟"
"چ بم ئەوم."
"تووڕە مەبە برالە، زۆرم کەیف بە جوامێری تۆ هات، ئەگەر ناونیشانی خۆمت پێ بدەم، دەتوانی بێیتە لام؟" ئەملا و ئەولای کرد و دواجار گوتی: "بەڵێ." چوو قەڵەم و کاغەزێکی لە بێرکی خۆی هێنایە دەرێ و ناونیشانەکەی منی نووسی.
تۆمەز دوو - سێ مانگ دواتر دێ سەرێکم لێ هەڵبێنێ. لە خەوتنگەی فورات، دەرگاوانێکی کوردم دامەزراندبوو، تا بڵێی دڵڕەق بوو، لە قەدەغە بەو لاوە هیچی تری نەدەزانی. کەمال سۆراغی منی لێ دەگرێ، بەڵام عەلی لە سەر و پۆتەڵاکی دەڕوانێ، ئەقڵی نایگرێ و دەڵێ: "گیت ئوولا. مودور بەگ سەنلە کۆنوشماز." (بڕۆ هەتیو. مودیر بەگ لەگەڵ تۆدا قسە ناکا). مودیر بەگیش ئەمنم. کەمال پێ دادەگرێ. عەلی هاتە ژوورێ و ئامادەباش ڕاوەستا و بە تورکی گوتی: "مودیر بەگ پیاوێکی فەقیر هاتووە، دەیەوێ تۆ ببینێ." ساڵانی جەنگ بوو و خەڵکی هەژار زۆر دەهاتە لامان و داوای هاوکارییان دەکرد. گوتم: "کێیە؟" گوتی: "ناوی کەمال و یاشارە و چاوێکیشی کوێرە." هاتەوە بیرم، گوتم: "ئادەی گەنجۆ وەرە." یاشار کەمال هات. ئەو ڕۆژە زانیبووم ڕەگێکی جوامێری تێدایە. لەبەری هەستام، ماچم کرد و دامنیشاند و باسی جۆرەوجۆرمان وروژاند. بوو بە نیوەڕۆ، چێشتخانەیەکم هەبوو، چووین نانمان خوارد، پاشان هاتینە سەرێ و گوتی: "دەبێ بڕۆم." لە دڵی خۆمدا گوتم با هاوکارییەکی بچووکی بکەم و دە وەرەقی بدەمێ. ئەودەم دە وەرەق زۆر بوو. کردم و نەمکرد قەبووڵی نەکرد. گوتی: "نا، سەلامەت بی. من کار دەکەم و پارەم هەیە. من بۆ پارە نەهاتوومە لات." بۆم دەرکەوت کە مرۆڤێکە لە زۆر کەسی تر ناچێ. ماڵاواییم لێکرد و ڕۆیشت. ساڵ هاتن و چوون، کەمال بوو بە یاشار کەمال. بەڵام ئێمە هەتا ڕۆژی ئەمڕۆش دەستبەرداریی یەکتر نەبووین. ساڵی ١٩٦٩، کۆنگرەی پارتی کرێکارانی تورکیا لە بایەزید لە سەرای سپی بەسترا. ئەمن و کەمالیش چووین. فاشیستەکان پیلانیان بۆ گێڕابووین. بە دار و بە چەقۆ پەلاماری ئێمەیان دا. پێشان، عەزیز نەسینیان گرت، بە تف و بە پێلاقە بە عەرزیاندا دا، من و کەمال و دکتۆر مستەفا دیرەکچیگیل پێکەوە بووین. فاشیستەکان هێرشیان کردە سەر ئێمە و گوتیان: "کۆمۆنیستینە، بێنامووسینە، ئەوە هاتینە خزمەتتان." یاشار کەمال بەو ورگە زلەیەوە بەسەر ئەواندا گوڕاندی: ''کۆمۆنیست لە دایکتان بەن، دە وەرن." ئینجا لەبەر هەیبەتی کەمال هەموو تێیان تەقاند. دیسان ساڵ هاتن و چوون، ئەز گیرام، یاشار کەمال بوو بە حەمەدۆک، کەوتە سەر زاری بورژوازیی ئەوروپاش، بەناوبانگ بوو، چل ساڵ لەمەوپێش، پەساپۆرتیان بە من و بە ئەویش نەدەدا. بەڵام پاشان پەساپۆرتیان بە کەمال دا، ئێدی کەمالی بە ڕەچەڵەک کورد نەما. بوو بە نووسەرێکی ڕووسپیی تورکیا. بەڵام چ سوود، دونیا زانیبووی کە بە ڕەچەڵەک کوردە و بە تورکی دەنووسێ، لەبەر ئەو هەمووە بەرهەمەش نەیانکرد بە بەرئەندامی خەڵاتی نۆبێل. بە ڕای لیژنەی نۆبێل، مرۆڤێک کە نەبێتە خاوەنی ئەسڵی خۆی، جێگەی پەسند و شایانی ئەم خەڵاتە نییە. کەمال ئێستاش بەو دەردەوە دەتلێتەوە. لێ دەڵێ لەم کارەدا من دەستم نییە و بیرم بۆ ئەو ئیشانە نەدەچوو. هەڵبەت ڕەچەڵەکم کوردە، بەڵام من تاوانبار نیم. بەڵکە عوسمانییەکان، ڕووسەکان، ئەرمەنییەکان، نەزانی و کۆماریی تورکیای ئێستا تاوانبارن.
حەیف بۆ یاشار کەمال، بەڵام تەنها یاشار کەمال نییە کە جێگەی داخە. هی وەک یاشار کەماڵ پێشتریش و ئێستاش زۆرن. وەک شاعیری دیوانی نەفی، نەبی، زیا گۆکئالپ، سولەیمان نەفیز، عەلی ئەمیری و هتد. تەنانەت دەتوانم خۆیشم بە نموونە بێنمەوە، باشە ئەمن چ کارم بە تورکان داوە. نووسینەکانی من هەتا ئەمڕۆ هەموویان بە تورکین. تکام وایە، لەمڕۆ بە دواوە، لاوانی کورد پاکانەمان بۆ بکەن. ئێمە خیانەتکار نین، بەڵکە نەزان و بێدەرفەت بووین، ناچار دەماین فیتووی دوژمنان لێ بدەین.

۱۳۹۷/۱۰/۱۹

گەڕاندنەوەی زمانی کوردی بۆ ڕۆمانێکی تری یەشار کەمال


بەکر شوانی 

کۆتایی ساڵی ٢٠١٦ هاوڕێی هێژام کاک هەژار مەجید، دامەزرێنەری ناوەندی ڕۆشنبیریی ئەندێشە، داوای لێم کرد ڕۆمانی "سوڵتانی فیلەکان"ی یەشار کەمال وەربگێڕم و باسی ئەوەی کرد کە کاتی خۆی ئەو ڕۆمانەی بە زمانی فارسی خوێندووەتەوە و زۆر بە دڵی بووە. منیش کە هەر بەنیاز بووم دوای کتێبی "یەشار کەمال سەبارەت بە خۆی دەدوێت" بەرهەمێکی تری یەشار کەمال وەربگێڕم، بە خۆشحاڵییەوە پیشنیارەکەی کاک هەژارم پەسەند کرد. دوای گەڕانەوەم بۆ ئەڵمانیا دەستم بە وەرگێڕان کرد و چەند لاپەڕەیەک چوومە پێشەوە، بەڵام ئیدی لەناکاو تووشی تراژیدیایەکی خێزانی بووم کە هەموو ژیانمی قڵپ کردەوە.

لەم ڕۆژانەدا بینیم کاک هەژار لە پۆستێکدا مزگێنیی وەرگێڕان و چاپبوونی ڕۆمانی "سوڵتانی فیلەکان و مێرووە شەلەی ڕیشسوور"ی یەشار کەمالی ڕاگەیاندووە. دەبێت بڵێنم من لە چەند ڕوویەکەوە بەو هەواڵە خۆشحاڵ بووم؛ یەکەم: کاک هەژار هاتووە لە پەیجی خۆی ڕێکلامی بۆ کاری دەزگایەکی تر "غەزەلنووس" کردووە کە ئەمە ئاکارێکە کۆمەڵگەی ئێمە بە ئەندازەی پێداویستیی مرۆڤ بە ئۆکسژین پێویستی پێیەتی. هاوڕێم کاک هەژار، مایەی شانازیت و نموونەت زۆر بێت... دووەم: هێشتا ڕۆمانی جێگەی باسم بە کوردی نەبینیوە، بەڵام بەناوی وەرگێڕ و وەرگێڕانی ناوی ڕۆمانەکەدا، "سوڵتانی فیلەکان و مێرووە شەلەی ڕیشسوور"، دیارە کە دەبێت کارێکی نایاب بێت و لە ئاستی ئەدەبی یەشار کەمال دا بێت... سێیەم: من لەبری "وەرگێڕان"، دەستەواژەی "گەڕاندنەوەی زمانی کوردی" بۆ وەرگێڕانی بەرهەمەکانی یەشار کەمال بەکار دەهێنم. بۆچی؟ بۆ وەڵام بڕوانە ئەو وتارەی لای خوارەوە کە ساڵی ٢٠١٥ نووسیومە و بڵاوم کردووەتەوە.
یەشار کەمال لە "سوڵتانی فیلەکان و مێرووە شەلەی ڕیشسوور"دا کتومت وێنای پەیوەندیی نێوان سیستەمی سیاسیی تورک و خەباتی گەلی کورد دەکات. نامەوێت لێرەدا بچمە قوڵایی ناوەڕۆکی ڕۆمانەکەوە، تەنیا ئەوەندە دەڵێم کە یەشار کەمال جارێک بە خۆمی گوت: "ئەوانەی پێم دەڵێن هیچم بۆ دۆزی کورد نەکردووە، با بچن (سوڵتانی فیلەکان و مێرووە شەلەی ڕیشسوور) بخوێننەوە!"
بە پێویستی دەزانم لێرەوە دەستخۆشی لە وەرگێڕی بەڕێز سەلاحەدین بایەزیدی و ناوەندی غەزەلنووس بکەم. 
----------------

گەڕاندنەوەی زمانی کوردی بۆ یەشار کەمال! (٢٠١٥)

بەکر شوانی

لە ساڵانی ڕابردوودا زۆر گوتراوە دەربارەی ئەو نووسەرە کوردانەی کە هەریەکەیان لەبەر کۆمەڵێك هۆکاری تایبەت و گشتی، بە زمانەکانی تورکی و عەرەبی و فارسی نووسیویانە. نووسەری کوردی تورکینووس یەشار کەمال یەکێک لەو نووسەرانەیە کە لەو ڕووەوە زۆرترین قسەی لەسەر کراوە. تەنانەت لە دوای مردنیشی لە ٢٨ مانگی ڕابردوودا، لە هەندێک میدیای کوردیدا گوێم لێ دەبوو دەیانگوت: یەشار کەمال بە زمانی بێگانە نووسیوێتی و خزمەتی زمان و ئەدەبی تورکی کردووە... بەڵێ، ڕاستە یەشار کەمال نەک هەر تەنیا تورکینووس بوو، بەڵکو ئەو بە هێنانی وشە و دەستەواژەکانی دەرەوەی زمانی نووسین بۆ ناو زمانی نووسین ڕۆڵێکی دیاری لە پێشخستن و گەشەپێکردنی زمانی تورکیشدا هەبوو. تەنانەت زمانناسێکی تورک بەناوی عەلی پویسکویلوئۆغڵو ساڵی ٢٠٠٦ فەرهەنگێکی بە ناونیشانی "فەرهەنگی یەشار کەمال" چاپ کرد. پێم وایە پێش ئەوەی لە پای بە تورکینووسین ڕەخنە لە یەشار کەمال بگیرێت، پێویستە دوو خاڵی جەوهەری لەبەرچاو بگیرێت:

یەکەم؛ نابێت لە بیرمان بچێت کە یەشار کەمال دوور لە کورد و کوردستان، لە تورکیا و لە ناو تورکاندا لە دایک بووە و گەورە بووە. خۆ تەنانەت ئەگەر لە شاری وانی زێدی باوباپیرانیشی لە دایک ببوایە، هیچ گەرەنتییەک نەبوو بۆ ئەوەی چاوەڕێ بکرێت نووسەرێکی کوردینووسی لێ دەربچێت، چونکە لە دایکبوون و منداڵیی یەشار کەمال هاوکات بوو لەگەڵ پەرەسەندنی سیاسەتی قەدەغەکردنی زمان و بە تورککردنی کورداندا. بۆیە نووسەر کاتێك دەستی بە نووسین کردووە، تەنیا زمانی تورکی بەدەستەوە بووە کە ئەویش لەو سەردەمەدا لە کەموکورتی بەدەر نەبووە. با بزانین خۆی لە بارەی هەردوو زمانی کوردی و تورکییەوە چی دەڵێت: "کاری گرنگ بۆ من، بریتی بوو لە ئافراندنی زمانێکی نوێی نووسین، زمانی ڕۆمان، دابەزین بۆ قوڵایی زمان، تاقیکردنەوەی هەموو تواناکانی گێڕانەوە، دۆزینەوەی جیاوازیی نوێ لە زماندا و خوڵقاندنی کەش و هەوایەکی نوێی زمان. کرۆکی کارەکە پێویستی بە ئافراندنی زمان هەبوو. پێویست بوو دنیای ڕۆمان و دنیای تایبەت بە خۆم بەشێوەیەکی تەواو نوێ و بە کەسایەتییەوە بئافرێنم و لەگەڵ ئەوەیشدا زمانێکی نوێی نووسین دابهێنم. زمانی کوردی خاوەن پێکهاتەیەکی زۆر جیاوازە و هیچ لە پێکهاتەی زمانی تورکی ناچێت. لە ڕۆمانەکانمدا هەندێك جار چەند ڕستەیەکی کوردیم لە دیالۆگدا بەکارهێناوە. ئێستا کوردی بە ئەندازەی تورکی نازانم. ئێ خۆ من لە کەنارەکانی گۆلی وانی زێدی دایك و باوکم و لە دامێنی چیای ئاگری لە دایك نەبووم و نەژیاوم... بۆ ئەوەی مرۆڤ بکەوێتە ژێر باندۆری زمانێکی دیاریکراوەوە، پێویستە بێ دابڕان لەگەڵ ئەو زمانەدا بژی. منیش وەك پێویست لەگەڵ زمانی کوردیدا نەژیاوم..."

دووەم؛ یەشار کەمال کاتێك بە تورکی نووسیوێتی، بەمەبەستی ئەوە نەبووە نکۆڵی لە ڕەچەڵەکی خۆی و زمان و کولتووری باوباپیرانی بکات. بەڵکو تەواو بەپێچەوانەوە، ئەو ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بە تورکینووسینی وەک ئامرازێك بۆ گەیاندنی برین و تراژیدیاکانی گەلی کورد و چەوساوەکانی تورکیا بەکارهێناوە. بۆن و بەرامەی کوردی و کوردەواری لە بەشی زۆری ڕۆمان و چیرۆک و ڕیپۆرتاژ و وتارەکانی یەشار کەمالدا هەیە. نووسەر بەدرێژایی شەڕی نێوان کورد و دەوڵەتی تورکیش بێدەنگ نەبووە و هەمیشە دەنگێکی بەرزی ئاشتیخواز و داکۆکیکار لە مافەکانی گەلی کورد بووە. لەو پێناوەدا چەندین جار دادگایی کراوە و ڕووبەڕووی هەڕەشە بووەتەوە. نووسەر ٣ ساڵ لەمەوبەر سەرجەم ئەو وتار و دیمانانەی کە لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا سەبارەت بە پرسی کورد نووسیبوونی، لە دووتوێی کتێبێکدا بەناوی "ئەمە بانگەوازێکە" بە چاپ گەیاند.

پۆستێکی شاعیر و نووسەر ناسری حوسامی لە فەیسبووک دەربارەی ئەو کوردانەی کە یەشار کەمالیان پێ زیادە، بەلای منەوە سەرنجڕاکێش بوو، بۆیە بەشێکی لێرەدا دادەنێم. حوسامی دەنووسێت: (ئێرانییەکان کتێبی نزیکەی هەزار نووسەریان لە ١٢٠٠ ساڵ لەوەپێشەوە بە میرات بۆ ماوەتەوە، بەوەشەوە کەسیان پێ زیادی نییە و نووسەری کتێبە عەرەبییەکانی "طب" و قانون" و سەدان کتێبی عەرەبیی دیکە بە هی خۆیان دەزانن. تورکەکان "مێڤلانا جێلالەتتین"ی کە ناوەکەشی بە تەواوی نازانن و لە یەک دێڕ شیعری ناگەن، بە هی خۆیان دەزانن. ئێمەی هەژاری بێ ‌کتێبی بێ ‌نووسەری بێ ‌دەوڵەت کە کۆنترین کتێبمان هی سێسەد ساڵ لەوەپێشە و خۆمان پێ کۆنترین و دەوڵەمەندترین نەتەوەی جیهانە، یاشار کەماڵمان لێ زیادە و هێشتا نەنێژراوە حاشای لێدەکەین...)

وەک لە چەند شوێنێکی تریش ئاماژەم پێ کردووە، یەشار کەمال ساڵی ٢٠١٢ هەموو کتێبەکانی خۆی دا بە من و داوای لێم کرد کارێکی وەها بکەم هەموو بەرهەمەکانی بکرێن بە کوردی. ئەو داوا و ئاواتەی یەشار کەمال کە ئیدی بۆ من بووە بە وەسێت و دەبێت کار بۆ بەدیهێنانی بکەم، لە هەستێکی قوڵی خۆ بەکوردبوونەوە سەرچاوە دەگرێت. هەموو جارێك باسی لە ژمارەی ئەو زمانانە دەکرد کە ڕۆمانەکانی ئەویان پێ وەرگێڕدراوە و دەیگوت: "با هەموو بەرهەمەکانم بە زمانی کوردیش هەبن." دیارە وەرگێڕانی سەرجەم بەرهەمەکانی نووسەر بە یەک وەرگێڕ ئەنجام نادرێت، بەڵکو پێویست بە پێکهێنانی تیمێکی وەرگێڕ دەکات بۆ وەرگێڕانی بەرهەمەکان لە تورکی و زمانەکانی ترەوە و منیش دەتوانم لای خۆمەوە سەرپەرشتی پرۆژەکە بکەم. بێگومان ئەم کارە پێویستی بە بودجەیەک دەبێت بۆ پاداشتی وەرگێڕەکان و چاپکردنی کتێبەکان و هیوام وایە کۆمپانیا و دەوڵەمەندەکانی کوردستان هاوکارمان بن. یەشار کەمال تۆوی گوڵێکی کەناری گۆمی وان بوو. ١٠٠ ساڵ لەمەوبەر بای چارەنووس و نەهامەتیی کوردان ئەو تۆوەی گەیاندە سەر تاشەبەردەکانی گوندی هەمیتەی تورکماننشینی ناوچەی ئەدەنە و دوای ٨ ساڵ لەوێ چرۆی کرد. کاتێك چاوی هەڵهێنا، لە ماڵەوە هەموو شتێك بە کوردی بوو؛ ئاخاوتن و کولتوور و پەروەردە. لە دەرەوەیش هەموو شتێك بە تورکی بوو. بۆیە زمانی نووسینی ئەویش بە تورکی پژا. بەڵام ئێمە دەتوانین بە وەرگێڕانی سەرجەم کارە بە کوردی نەکراوەکانی نووسەر بۆ زمانی کوردی، زمانی کوردی و گیانی کوردستانیبوون بۆ یەشار کەمال بگەڕێنینەوە!

تێبینی: لە لاپەڕەی فەیسبووکی نووسەر وەرگیراوە.

۱۳۹۷/۰۷/۱۶

سوڵتانی فیلەکان



سوڵتانی فیلەکان و مێرووە شەلەی ڕیشوور
یاشار کەمال
وەرگێڕانی لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی 
چاپی یەکەم: ٢٠١٨

بڵاوکار: ناوەندی غەزەلنووس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە

۱۳۹۴/۱۲/۰۹

ســـەیرم کــە بـــرا!



یاشار کەماڵ
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی
 
یەکەم جار کە هاتبوو سواری شەمەندەفەر ببوو، جاری دووهەمیش ئێستا. ئارام و قەراری لێ هەڵگیرابوو. برۆکانی تێک نابوون. بێ ئۆقرە بوو. لەسەر چەمەدانە دارینە گەورە زەردەکەی دانیشتبوو. دەتگوت لەسەر پەنگر دانیشتووە. پاڵی بە دیوارەوە دابوو. شەپقەکەی، پاتۆڵەکەی، پەستەکەکەی، چاکەتەکەی و پێڵاوەکانی نوێ بوون و دەبریقانەوە. دەتگوت تازە لە کارگە هاتوونەتە دەر. پەستەکەکەی، زەردێکی هێڵ‌دار بوو. چاوی لەبەر هەڵنەدەهات. خەڵک، پۆل پۆل دەهاتن و دەچوون. لە تەقەڵا دابوون. نیگای لە هێڵی دوور و درێژی شەمەندەفەر بڕیبوو. زەرگەتەیەکی مردوو لەسەر عەرز بەدی دەکرا. چەند توێکڵە شووتییەک، توێکڵە کاڵەک و تۆوی تروکاو بە چیمەنتۆکەوە لکابوون… چەند زەرگەتەیەک لەسەر تۆوەکان دەنیشتن و هەڵدەفڕینەوە. زەرگەتەکان بەنێو لاقی خەڵکیدا دەسووڕانەوە. لە شوێنێکی جەستەی، ڕەنگە سەری یان پشتی، هەستی بە بێ‌تاقەتی، شەکەتی و ماندووبوون دەکرد.
کتوپڕ شەمەندەفەرەکە بە هاڕە هاڕ خۆی بە وێستگە داکرد. جانتا دارینەکان وە حەوا کەوتن. شەمەندەفەر کە دووکەڵی گەرم و شینی لێ بەرز دەبۆوە، وەستا. دەست و بردێ هەستا و بە نێو قەرەباڵغی خەڵکدا خۆی گەیاندە شەمەندەفەرەکە. بە هەڵەداوان خۆی لە داڵانی واگۆنێک پەستاوت. ناو داڵانەکان لە خەڵک جمەی دەهات. پێیان لێ نا و پێی لێ نان. لە بەردەم هۆدەیەک وەستا. سەراپای گیانی شەڵاڵی ئارەق بوو. ڕووخساری سوور هەڵگەڕابوو. دەتگوت ئێستا نا ئێستا کەواکەی لە شانی دادەکەوێ. دیار بوو ناشارەزایە. کچێک و کوڕێکی گەنج، لەنێو هۆدەکەدا دانیشتبوون. سەیری کردن. پاشان وە ژوور کەوت. جانتا گەورە دارینەکەی هەڵگرت و لە سەرەوە تاقەتی کرد. خۆیشی لە گۆشەیەک دانیشت. نێو هۆدەکە بۆنی پیوازی شینی لێ دەهات. ناوەوە هەوایەکی بەهاری هەبوو. جارێک بۆنی پێوازی شین، جارجارە خۆڵی تازە و جارناجارێ بۆنی بەهار…
شەمەندەفەر کەوتە ڕێ. کچە سەری خستبووە سەر شانی کوڕە گەنجەکەی بەرامبەر. چاوەکانی جارێک هەڵێنا و وە سەر یەکی نانەوە.
شەمەندەفەر، دووکەڵی شین و گەرمی لە حەوا دەکرد.
بڕیاری دا لە وێستگەی دواتر دەسکێ پیوازی شین بکڕێ. بەڵام دوودڵ بوو. لەبەر خۆیەوە گوتی "بەو دەم و دەستە پیوازی چی…"، پاشگەز بۆوە "تا دەگاتە گوند… مەزرایەکی پڕ…"، پاشان پەژیوان بۆوە، "بۆ دەسکە پیوازێک بە چەند قرووشە… نرخەکەی چەندە!"
لە وێستگە، دەسکە پیوازێکی گەورەی کڕی. بیست و پێنج قروشی پێ دا. کە گەیشتەوە گوند… بۆ خەڵکی ئاوایی دەگێڕێتەوە و هێندە وە پێکەنینیان دەخا، زگیان وە ئێش دێنێ... پیوازی تەڕ و تورت… پیوازی وا بەتام… کوا پێوازی وا! پیواز بە نۆرەی خۆی، بێ‌تامترین و خراپترین خواردنە. هەموو ڕۆژێکی خوا… پیاو بەرگەی ناگرێ. زاری مرۆڤ دەبێتە قالبە سابوون. کەفێ دەکا. لەگەڵ ئەوەشدا، بە درێژایی ساڵ لە تامەکەی تێر نابی. پیواز ئاوایە.
کچە خەوتبوو. کوڕەکە داڵغەی ڕۆیشتبوو. کاکۆڵی ڕەشی کوڕەکە لە بن شەپقەکەی هاتبووە دەرێ. قژە قەترانییەکەی لە ژێر تیشکی خۆردا سەوز دەچوو.
کتوپڕ هەستی بەوە کرد کوڕە گەنجەکە چاوەکانی بڕیوەتە ئەو و تێی ڕاماوە. دوو چاوی گەورە و زەق، قورساییان لەسەر جەستەی دانابوو.. سەری دانەواند. دڵی بەرایی نەدا، سەری بەرز کردەوە، بینی دیسان… هەمدیس سەری دانەواندەوە. سەیری ڕاست و چەپی خۆی کرد. بە ڕقەوە، قەپاڵێکی لە پیوازەکەی نێو دەستی گرت. پاشان هەمدیس سەری بەرز کردەوە. دیسان چاوی لەو چاوە گەورە و خەمۆکانە هەڵەنگووت. دەتگوت ئەو چاوانە لێخەی نابنەوە. بە حەپەسانەوە جووتێ پیوازی لە دەسکەکە کردەوە، دەستی بەرەو گەنجەکە ڕاداشت و گوتی:
"وەریگرە برام، وەریگرە! تۆش تامێکی بکە!"
گەنجەکە بە سووکە سەر ڕاوەشاندنێک، ڕەتی کردەوە.
ئەم پێداگرانە گوتی:
"وەریگرە، وەریگرە، وەریگرە برام! پارویەکی لێدە!"
کوڕەکە هەروا بە ئەسپایی سەری ڕادەوەشاند و چاوەکانیشی لەسەر وی هەڵنەبڕیبوو.
مەحموودە زەرد - ناوی پیاوەکە مەحموودە زەرد بوو - گوتی:
"با ئەو خوشکەش بیخوا! زۆرم پێیە. پیوازی شین، دەرمانە. ئەگەر پیوازی شین بخۆی، چەندەش شەکەت و هیلاک بی، لە گەرمای نیوەڕۆدا بنووی، کە هەستای، وەک ئەوە وایە ئێستا لەدایک بووی. شتی شین هەر باش و بەکەڵکە، وەک پیوازی شینت چنگ ناکەوێ."
کوڕە گەنجەکە ئەمجارەیان بە نیشانەی نا سەری توندتر ڕاوەشاند.
مەحموودە زەرد:
"پیوازی شین لە گەرمادا فێنکت دەکاتەوە."
چاوەکانی کوڕە گەنجەکە وەها لەسەر مەحموودە زەرد ئەبڵەق مابوون کە… لە ناوەوە ئاخێکی هەڵکێشا و لە دڵی خۆیدا گوتی:
"ئاخ. خێرە! ئەخە باشە ئەو تووتکە سەگە بۆ وا سەیرم دەکا؟"
کچەکە لەو ساتەدا خەبەری بۆوە. سەری بەرز کردەوە. مات مات ڕوانی و پاشان هەمدیس سەری بۆ سەر شانی کوڕەکە لار کردەوە و چاوەکانی نوقاند.
شەمەندەفەر، بەنێو دەشتێکی پان و پۆڕدا، بە لەز دەڕۆیشتە پێش. دەربەندێکی وشک و دارتێلەکانی تێلێگراف، خێرا بە پێش چاوەکانیدا ڕەت بوون. پاشان کۆمەڵێک دار. بایەک هەڵیکردبوو و پووش و پەڵاشی دەشتی بەرەو باشوور شکاندبۆوە. لەوانەشە لەبەر خێرایی شەمەندەفەرەکە وا بنوێنێ. پاشان، تۆزێک وەک هەور دەشتەکەی داپۆشی. دەشت بە جارێ لە تەپ و تۆز داماڵرا.
گەیشتنە ڕووبارێک. شەمەندەفەر لەسەر پردێکی بچووکی ئاسنین فیشکاندی. تیشکی خۆر، نێو ڕووبارەکەی ئاخنیبوو. دەرکەوتن و ونبوونی کەمەندی تیشک پێکەوە لکان. پاشان لە ئاسمان چاوی بە هەڵۆیەک کەوت. لە ماوەیەکی کورتدا، هەڵۆکەی کەشکەڵان، لە پشت سەریان بە جێما.
نیگاکانی کوڕەکە هەروا لە دڵی مەحموودە زەردا مابوونەوە. سەری بۆ ناوەوە وەرسووڕاند. چاوەکانی هەڵنەهێنا و لە کوڕەکەی نەڕوانی. سەری لەنێو کۆشی دابوو. پاشان هەمدیس سەری بۆ دەرەوە وەرسووڕاند. لە نێوەڕاستی دەشتەکەدا، تاقە مانگایەکی بینی دەڵەوەڕا و ئێسک و پرووسکی بە دیار کەوتبوو. مانگاکە لە ساتەوەختێکدا بای داوە و ون بوو.
تا چاو هەتەر کا دەشتێکی وشک و برینگ، چۆل و هۆل و کاکی بە کاکی بەدی دەکرا.
وەک خەونێک، نوقمی ڕوانینی دەشتەکە بوو. خاکی هەمەڕەنگ، داری جۆراوجۆر… جێگوڕکێی هەورە مۆر و سپییەکان… دونیا لە خوڕین دابوو… خۆی کۆ کردەوە. لەبەر خۆیەوە گوتی: "چ دەبێ با ببێ، چ دەبێ با ببێ". تووند سەری بۆ ناوەوە وەرسووڕاند. ویستی لەو ساتەدا لە ڕووخساری کوڕەکە بنوارێ. وەلێ پەژیوان بۆوە. سەری بەرداوە… پیوازەکە بۆنێکی تیژی لێدەهات. لە بن پێیەکانی تەپ و تۆز و توێکڵە پیواز بڵاو ببۆوە. کتوپڕ هەستی کرد کرێکارێک هۆدەکە گەسک دەدا. لاقەکانی کۆ کردەوە. لەو ماوەیەدا نیگای لەگەڵ نیگای کوڕەکە تێک ئاڵا. کوڕە چاوەکانی زەق زەق هەڵێنابوو. دەتگوت دەقیان گرتووە. چاوە دەق گرتووە گەورەکانی بە سەرسووڕمانەوە لەو بڕیبوو. سەری سووڕاند و لە کچەکەی تەنیشت ئەو کوڕەی ڕوانی. ڕووخسارێکی زراڤ، ڕەنگ پەڕیو، وشک. خەوێکی قووڵ بردبوویەوە.
تۆ بڵێی ئەو گەنجە سەیری چی و کوێ بکا؟ هی برینی قووڵی ئەو داسەی لەسەر ڕووخسارێتی؟ لە چاوەکانی گەنجەکەدا، خۆف و ژان و حەپەسان بەدی نەدەکرا. لەناکاو فیکری بۆ کاسکێتەکەی سەری چوو. نەکا شتێکی پێوە بێ. کڵاوەکەی دانا و بە دەستییەوە گرت. جوان لێی ورد بۆوە. ئینجا خێرا نایەوە سەری. دیسان سەری بەرز کردەوە. زامی ئەو داسە… کە زامی داسەکەی بیر کەوتەوە، موچوڕکێک بە لەشیدا هات… ئەو ڕۆژەی هاتەوە بەر چاو. شەڕ لەسەر ئاو لەگەڵ عەلی میستیک… بە هەموو هێز و توانایانەوە، بەو ڕق و کینەی لە چەندین ساڵ لەوە پێش لەسەر یەک کەڵەکەیان کردبوو، دەستەویەخەی یەکتری ببوون. تۆز و غوبار، قوڕ، دارێکی سەوز، گژوگیا، ئاسمانی شین، ئازار، سەرەگێژە، خوێنی ئاڵ…. خەڵتانی خوێن ببوو. دەتگوت لە ئاویان هەڵکێشاوە… هەمدیس سەری بەرز کردەوە. چاوەکان زەقتر لە پێشوو…
لاقەکانی، بەتایبەتیش لاقی ڕاستی، وا هەڵدەلەرزی، دەتگوت دەردەپەڕێ.
خۆیشی نەیزانی چۆناوچۆن بوو دەستی بە قسە کرد.
"ئەو کچە نەخۆشە چی برا؟ ڕەنگی بزرکاوە… نەخۆشی، بەڵایە. خوا تووشی هیچ کەسی نەکا. بەڵام شتێکە و بەسەرت دێ. دەبێ لەگەڵی ڕابێی. لەگەڵی ڕانەیەی، چت لە دەست دێ. وا نییە برا؟ بنیادەم چی لە دەست دێ! نەخۆشییە ئیتر! زاڵمە. چ نەخۆشییەکی هەیە؟"
کوڕە بێدەنگە. ئەم زیاتر ڕقی هەڵدەستێ.
"ناتوانم بڵێم مالاریایە… ئەگینا لەرز و تای دەبوو. ناتوانم بڵێم سیەسۆیەتی… ئەگینا دەکۆخی. نەخۆشە؟"
کوڕە چاوەکانی هەروەک پێشوون.
خۆی پێ ڕانەگیرا، بە هەڵچوونەوە دووپاتی کردەوە:
"ناتوانم بڵێم مالاریایە."
ئینجا بە متمانەوە سەیری چاوە زەقەکانی کرد.
کوڕە گەنجەکە کەمێک لە جێگەی خۆی جووڵایەوە. چاوەکانی بووژانەوە. بریسکەیەکی سارد بە چاوەکانیدا تێپەڕ بوو.
"ناتوانم بڵێم مالاریایە...."
''نەخۆشە"، گەنجەکە وای گوت.
خۆشییەک هاوکات لەگەڵ هەستێکی تاڵ لە دڵی مەحموودە زەرد گەڕا. دەموچاوی گەشایەوە.
"ناتوانم بڵێم…"
گەنجەکە بۆ یەکەم جار چاوەکانی لە عەرزەکە بڕی و گوتی:
"کەس نازانێ بە چ نەخۆشییەکەوە گرفتارە. دکتۆری هیچ شارێک نەماوە، نەمبردبێ. هیچ ئومێدێک نەماوە. بەڵام دیسان دەیبەمە لای دکتۆر. هەتا دەمرێ هەر دەیبەم..."
دەتگوت ئەو دەنگە لە قوڕگی خۆی نایەتە دەر. دەنگێکی وەها نزم ومەنگ بوو.
"لە گوندیش دەرمان نەما تاقیمان نەکردبێتەوە. بۆتە پارچەیەک پێست و ئێسقان. ئیتر بەردەوام ئاوایە، بەردەوام دەخەوێ. سێ ساڵە دەسگیرانمە. مانگێک پاش ئەوەی بوو بە دەسگیرانم، وای لێهات. ئیتر ئاوا!"
مەحموودە زەرد بە جارێ حەپەسا. دەبێ ئەو شوێنە کوێ بێ کچ بە دەستی دەسگیرانەکەی دەسپێرێ. نەخۆشە. جا با نەخۆش بێ.
بە پێکەنینەوە گوتی:
"چۆن کچەیان تەسلیم کردووە؟ ها، چۆن؟"
ئەویتر:
"ساڵێک نیشانیان نەدام. پاشان کە ئاوای بەسەر هات…"
چاوەکانی هەمدیس ئەبڵەق مان، بەڵام ئەمجارەیان بە دڵۆپێکی قەتیسماو لە گۆشەیەکی چاویدا.
مەحموودە زەرد لە دڵی خۆیدا گوتی:
"چاوت دەردەهات. بۆ ئاوا زەق زەق سەیرم دەکا؟ هەی ئەو چاوە زەقانەت بێنە دەرێ…"
لە وێستگەیەک، کابرایەک دەرگای هۆدەکەی کردەوە، چاوێکی بە دەوروبەردا گێڕا. پاشان دەرگاکەی پێوە دا و ڕۆیشت.
شەمەندەفەر وە جووڵە جووڵ کەوت. دەشت، وەک لەپی دەست وا بوو. دارتێلەکانی تێلێگراف لە پشت سەر جێ دەمان.
بە تاسەوە درێژەی بە قسەکانی دا:
"ئەمڕۆ دەچمەوە دێیەکەم. بەڵێ برا، دێیەکەم… پێنج ساڵ لە گوند دابڕام. چووم پارەی دوو گا کۆ کەمەوە. کەچی پارەی دە گام وە سەر یەک نا." پێکەنی. "لە ئیزمیر حەمباڵیم کرد. پارەیەکی زۆرم بە دەست هێنا. ئێستا هەر کە گەڕامەوە گوند، چوار گای شاخدار دەکڕم. یەک نا، دوان نا، چوار گا! چوار مانگاش دەکڕم. پەز دەکڕم برا، بزن دەکڕم… ئەسپێک دەکڕم، لەگەڵ ماینێک… کۆڵێک جلوبەرگم بۆ ماڵ و مناڵ کڕیوە، بۆ یەکە یەکەیان، بۆ براکەم، بۆ ژن براکەم، مناڵەکانیان، بۆ دایکم، دایکێکم هەیە هەشتا ساڵی تەمەنە و پشتی کووڕ بۆتەوە، بۆ کۆرئۆغڵوی خۆمان، بۆ هەموویان. لە گەڕانەوەما، ماڵەکەمان وەک گوڵی لێ دێ. هاوینان و بەهاران، چیاکان چۆن بە گوڵ دەخەمڵێن، ماڵەکەشمان ئاوای لێ دێ… ئەگەر باسی دێی خۆمانت بۆ بکەم، دەبێ بڵێم پڕە لە دارسنەوبەر. لە هەموو لاوە بۆنی عەتر و دارسنەوبەرت بۆ دێ برا! ئاوی حەیات لە کانیاوەکانی هەڵدەقووڵێ. دەوڵەمەندەکانی 'ماراش' بۆ سەیران ڕوو دەکەنە گوندی مە. بەڵێ، بۆ گەشت و گوزار دێنە وێ."
کوڕە گەنجەکە بە شەوقەوە قسەکانی بڕی:
"سێ ساڵە چاک نەبۆتەوە. هەر یەکە و شتێکی گوت... یەک گوتی فڵان، یەک گوتی فیسار…. سێ ساڵی ڕەبەق… بوو بە سێ ساڵی تەواو… دکتۆرێک گوتی سنەوبەر… دێی ئێمە ڕەق و ڕووتە. سنەوبەری لە کوێ بوو…"
مەحموودە زەرد:
"گوندەکەی ئێمە دارسنەوبەری گەورەی لێیە. خەڵکی شاری بۆ سەیران دێنە گوندەکەی ئێمە…"
پاشان کتوپڕ خورپەیەک بە دڵیدا هات. سەری هەڵێنا و لە ڕووخساری کوڕەکە ڕاما. چاوەکانی گەنجەکە چیتر سارد و لێڵ نەبوون، دەگەشانەوە و بە حەزەوە لەویان دەڕوانی.
دەموچاویشی سوور سوور هەڵگەڕابوو.
گەردەلوولی خۆشی لە دڵی مەحمووددا بەرپا بوو. لە خۆشیان سەری وەرسووڕاند. دڵی وە ترپە ترپ کەوت:
"سەیرم کە برا، دێیەکەمان پڕە لە دارسنەوبەر… من، ڕێک بایی دە گا پارەم کۆ کردۆتەوە. دە سەر گا… لە باتی مانگایەک چوار مانگا. ئەویش چوار مانگای بە شیر. مانگای 'حەلەب'ێ دەکڕم. مەڕ و بزن… ماڵ پڕە لە ڕۆن و شیر و هەنگوین…"
ڕاوەستا، خۆی قیت کرد و درێژەی بە قسەکانی دا:
"سەیرم کە برا! دەستی دەسگیرانەکەت بگرە و وەرە بۆ کن ئێمە. دەستی بگرە و وەرە! وەک گلێنەی چاو دەتانپارێزم. وەرە کاکە! لە بری پارەی دوو گا، پارەی دە گام کۆ کردۆتەوە، دەستی بگرە و وەرە! سێ مانگی پێناچێ دەسگیرانەکەت چاک چاک دەبێتەوە، دەردی لێ دەبڕێ. وەرە برا! دوای سێ مانگان دەبووژێتەوە، وەک ئەوەی تازە لەدایک بووبێت. دەستی بگرە و وەرە! چوار مانگای بە شیر دەکڕم. لە دێ شاییتان بۆ دەگێڕم… وەرە کاکە!"
دەستی ڕاستی گەنجەکەی گرت و گووشی. چاوەکانی قا قا پێدەکەنین.
"شیلەیەک لە دارسنەوبەرەکان دێتە دەرێ. ئەم شیلەیە یەکاویەکە. هەموو خەڵکی گوند ڕادەسپێرم. خەڵکی دێیەکەشمان زۆر باشن. جحێڵەکانی ئاوایی هەموویان وە خۆ دەکەون، باوەش باوەش شیلە هەڵدەهێنجن و بۆ نەخۆشی دێنن… شیلەی سنەوبەر! شیلەش چ شیلە. یەکاویەکە. ئەوەی شیلە بخوا، قەت نامرێ."
گەنجەکە سەری لە پەنجەرە هێنایە دەرێ، لە پێشەوەی ڕوانی و گوتی:
"ئێرەیە… کە شەمەندەفەرەکە ڕاوەستا."
پاشان ڕوو لە کچەکە گوتی:
"هەستە، هەستە دۆندوولوو. گەیشتین."
دۆندوولوو، بێ‌تاقەت سەری لەسەر شانی هەڵگرت. لەچکە تەنکەکەی ڕێکوپێک کرد.
کەمێک دواتر شەمەندەفەر وەستا. لەگەڵ وەستانی شەمەندەفەرەکەدا، لە سەربانی ماڵە چۆلەکەی وێستگە، پۆلێک قەلەڕەشە بە قڕەقڕ فڕین. گەنجەکە هەستایە سەر پێ، دەسگیرانە خەواڵوو و نیوە مردووکەی بە کۆڵدا دا. بە مەحموودە زەردی گوت "دێیەکەمان لە پشت ئەم تەپۆڵکەیە…" و کەوتە ڕێ.
مەحموود کتوپڕ لە جێگەکەی ڕاچەنی و پڕی دایە بەرۆکی کوڕە گەنجەکە:
"ئیتر ئاوا، ئەگەر نەیە گوندی ئێمە، لەو دونیای دی بەو دوو دەستەم بەرۆکت دەگرم. بەو دوو دەستەی خۆم. ئیتر خۆت دەزانی. هەر بەهار هات و نەهات، دەستی دەسگیرانت بگرە و وەرە. جا ئێستا بڕۆ! خوا ئاگادارت بێ برا!..."
کوڕەکە دابەزی. مەحموودە زەرد لە پشتەوە سەیری دەکرد. هەوای جەژن بەسەر شەمەندەفەردا زاڵ ببوو. هەموو شتێک، لە خۆشیان باڵی گرتبوو. جارێکی تر سەیری کرد، گەنجە دابەزیوەکە، دەسگیران لە کۆڵ، هاتبووە بەردەم پەنجەرەکە ڕاوەستابوو و هەمدیس چاوەکانی لەو بڕیبوو. چاوە گەورەکانی....
مەحموود نەیدەزانی چ بکا. شەمەندەفەر وە جووڵە کەوت.
مەحموود تا هەستی پێکرد، شەمەندەفەر کەوتبووە ڕێ. یەک بە خۆی هاواری کرد:
"ناوی گوندەکەمان هونوویە… گوندی هونووی سەر بە قەزای ئالبیستان. هوونوو!... هوونوو… هوونوو… هوونوو. ئالبیستان، ئالبیستان… وەرە ماراش! ئالبیستانی ماراش… هونوو… وەرە برا… دوو دەستم…"
شەمەندەفەر فیشکاندی… بەدەم پڕژاندنی دووکەڵی گەرم و شین، لە دەشتی هەراو و بەریندا، وەک ڕەشەبای خۆشی فڕی.

ئەم چیرۆکە لە ڕەخنەی چاودێردا چاپ و بڵاو بۆتەوە. 

۱۳۹۴/۱۰/۳۰

حەمەدۆک (بەرگی یەکەم)


ئەحمەدە زلە لەو کوێستانانەدا ئەفسانەیەک بوو. دایکان مناڵەکانیان بە ناوی ئەحمەدە زلەوە ژیر دەکردەوە. ئەحمەدە زلە، هەروەک ترسی دەخستە دڵانەوە، ئارامی و خۆشەویستیشی دەدانێ، ئەو توانیبووی ئەم دوو هەستە لە پەنای یەکتر لەو کێوانەدا بە زیندوویی ڕابگرێ. هەر یاغییەک نەتوانێ ئەو ترس و خۆشەویستییە لە پەنای یەکتر لە دڵان دا دروست بکا، ناتوانێ لە ساڵێک زیاتر لە کێوەکان دا بژی. شتێکی ژیانی یاغییەکان دەپارێزێ، ترس و خۆشەویستییە. خۆشەویستی بە تەنیا زەبوونییە و ترسی بە تەنیاش ڕق و قینە.
***
حەمەد بۆ یەکەمجار خۆی لەگەڵ شتێک و جێیەک بە نامۆ دەهاتە بەرچاو. ئەم نامۆییە لە خۆی بوو. خۆی لە خۆی نامۆیی دەکرد. چاوی بە تفەنگەکەی کەوت. لە پاشان سەروسەکوتی خۆی هێنایە پێش چاوی. تەواوی سنگی لە راست و چەپ فیشەکدان بوو… چەند نارنجۆک و قەدارەیەکی گەورە بە لای راستی پشتێندەکەیەوە هەڵاوەسرابوون. تەقیلەیەکی رزیو و چڵکنی بە سەرەوە بوو. لە هەمووش خراپتر ئەوە بوو کە تەقیلە کۆنی دۆردووە شێت بوو… لە دڵی خۆی دا گوتی: "ئیدی یاغی بووین… لەمەودواش هەتا مردن دەبێ یاغی بین…"


حەمەدۆک (بەرگی یەکەم)
نووسینی: یەشار کەمال
وەرگێڕانی: عەبدوڵڵا حەسەن زادە
دەزگای توێژینەوە و بڵاوکردنەوەی موکریانی

۱۳۹۴/۰۸/۲۱

وەی لۆ لۆ، وەی لۆ لۆ، وەی لۆ لۆ



 دوایین ڕۆژی مانگی فێوریە، ڕێک لە ڕۆژێکدا کە هەنگاوێکی مێژوویی لەمەڕ پرسی کورد نرا و بانگەوازی 'ماڵئاوایی لە چەک' بڵاو کرایەوە، یاشار کەماڵ، ئەو نووسەری تەمەنی بۆ ئاشتی تەرخان کردبوو، کۆچی دوایی کرد. جەم ئەرجیەسی ڕۆژنامەنووس ئەم وتوێژەی خوارەوە، ساڵی ٢٠٠٩ لەگەڵ یاشار کەماڵ و بۆ ڕۆژنامەی 'ڕادیکاڵ' ئەنجام داوە و دیمانەکە پاش کۆچی دوایی ناوبراو، بۆ جارێکی تر لە ماڵپەڕی ڕۆژنامەی ڕادیکاڵدا بڵاو بۆتەوە.
 
وتوێژی ڕۆژنامەی 'رادیکاڵ' لەگەڵ یاشار کەماڵ
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی
 
یاشار کەماڵ نەک هەر گەورەترین ناوی ئەدەبیاتی تورکیایە، بەڵکوو یەکێکە لە نووسەرە هەرە بە ویژدانەکانی ئەم کۆمەڵگەیە. بە درێژایی ژیانی بەرەنگاری هەر چەشنە زوڵم و زۆرییەک بۆتەوە و بەردەوام لایەنگریی لە ئازادی کردووە. یاشار کەماڵ، سەبارەت بە چارەسەری پرسی کوردیش، ڕاشکاوانە بۆچوونەکانی دەربڕیون. ماوەیەکی درێژە، بە بۆنە و درەفەتی جۆراوجۆر، هەڵوێستی خۆی لەمەڕ ئاشتی و ئازادی دەردەبڕێ. لە نووسین و قسەکانیدا، باس لەوە دەکا کە نابێ فەرهەنگ و زمانەکان قەدەغە بکرێن.
دەمێک بوو دەمانەویست سەبارەت بە کێشەی کورد لە تورکیا، هەڤپەیڤینێک لەگەڵ یاشار کەماڵ ئەنجام بدەین و بە شێوەیەکی تێروتەسەل و پڕ وردەکاری لەمبارەوە ئاگاداری بۆچوونەکانی بین. ماوەیەک لەمەوپێش، بەڵێنی وەها وتوێژێکمان وەرگرت و ڕۆژێک لەگەڵ عیسمەت بەرکان و ئۆرال چالشلار چاومان پێی کەوت.
یاشار کەماڵ، دۆخی 'ڕۆژهەڵات'ی [تورکیای] (باکووری کوردستان. و) هێنایەوە بیر، باسی لە سیاسەتەکانی دەوڵەت لە ناوچه‌كه‌، نکۆڵی لە بوونی کوردەکان و سیستەمی جاشایەتی و قەدەغەکردنی زمان کرد؛ 'کەس نایەوێ ڕۆڵەکانی بمرێ، گەلی کورد ئاشتی گەرەکە'، وای گوت و بەمجۆرە درێژە بە قسەکانی دا: "کورت و کورمانجی، دەبێ دوژمنانی شەڕ لە تورکیا یەک بگرن…"

پەیتا پەیتا دەگوترێ کوردەکان و تورکەکان لە [جەنگی] مەلازگیرد بە دواوە شان بە شانی یەک دەژین. ئەم دوو گەلە، هەم هەزار ساڵە پێکەوە دەژین و هەم سەدان ساڵە ڕاپەڕین، جەنگ و تاوان کۆتاییان نایە. چ شتێک لە پەیوەندیی نێوان تورکەکان و کوردەکاندا هەڵەیە، بۆچی گەیشتن بە ئاشتی ڕێگەیەکی وەها دژواری لە پێشە؟

من لە مناڵیمەوە دەزانم کە تورکەکان و کوردەکان لەنێو کەشوهەوایەکی برایانە و ئاشتیانەدا پێکەوە ژیاون. لە ساڵانی سەرەتای دامەزراندنی کۆمار [ی تورکیا]دا لەنێو تاکە بنەماڵەی کوردی دێهاتێکی تورکمەن، چاوم بە ژیان هەڵێناوە و گەورە بووم. لە ماڵێ بەس بە کوردی قسەم دەکرد و لەنێو گوندیش بە تورکی. تەنانەت بۆ ڕۆژێکیش خۆم وەک بێگانە، پەراوێزخراو و جیاواز نەهاتە پێش چاو. من بە کولتووری تورکمەن دەوڵەمەندتر بووم و هاوڕێکانیشم، لە منەوە فێری گۆرانی کوردی بوون.
یەکەم کاری ڕۆژنامەوانیم بەو ڕێپۆرتاژانە دەستی پێکرد کە لە ڕۆژهەڵات [ی تورکیا] ئەنجامم دان و بە چەند بەش لە ژێر سەردێڕێ 'لە ڕۆژهەڵات شتی سەیروسەمەرەم بینی' بڵاوم کردنەوە. شەست ساڵ لەمەوپێش لەو دەڤەرە کە شێخ و مەشایخ حوکمیان دەکرد و دەوڵەت قەت خۆی تێهەڵنەده‌قورتاند، شتگەلی باوەڕپێنەکراوم بینی.
بەڵێ، کوردەکان و تورکەکان، هەزار ساڵە شان بە شانی یەکتری دەژین. لە سەردەمی عوسمانییەکاندا، چەندین نەتەوە پێکەوە دەژیان. نەتەوەیەک بە دی نەدەکرا بێزراو بێ یاخود سووکایەتی پێ بکرێ. ساڵانی دوایی، دەستەڵاتی عوسمانی گۆڕدرا. بزووتنەوە نەتەوەپەرستەکان پەرەیان سەند. یەکێک دروشمی سەربەخۆیی نەتەوەکانی بەرز کردەوە و یەکێکیش چووە ژێر سێبەری وڵاتانی ڕۆژئاواوە. لە ناو ئه‌مانه‌دا نه‌ته‌وه‌ی کورد به‌ دی نه‌ده‌كرا. کوردەکان سەرباری ئەو هەموو دەرفەتە، داوای سەربەخۆییان نەکرد.
ڕووسەکان، هەموو هەوڵ و تەقەڵایەکیان دا بۆ ئەوەی لەگەڵ کوردەکانی قەفقازیا یەکیان بخەن. ماڵ بە ماڵی کوردستان گەڕان. لە ماڵی بەگە کوردەکان مانەوە و چەندی کردیان و نەیانکرد، لە هەوڵەکانیاندا سەرکەوتوو نەبوون.
بە درێژایی ئەو هەزار ساڵە زۆر ڕووداو بەسەر کوردەکان هاتووە، بەڵام لەم ماوەیەدا کوردەکان تەنیا چەند جار بە شەڕ هاتوون، لە سەدەی نۆزدەدا، دوو ڕاپەڕین دروست بوون، کەچی لە سەردەمی کۆمار [ی تورکیا]، ٢٩ ڕاپەڕین هاتوونەتە ئاراوە. ڕاپەڕینی هەرە گرینگیان، پێش دامەزراندنی کۆمار و سەرهەڵدانی کۆچگری بوو کە لە ساڵی ١٩٢٠دا ڕووی دا. هەر دەتگوت سوپا بوونی نییە و سەرکوتكردنی ڕاپه‌ڕینی قۆچگیری سووک و سانا نەبوو. ٩٣ نوێنەری کورد لە مەجلیس، بەیاننامەیەکیان نووسی و ناردیان بۆ کوردستان. گوتیان تا تەوابوونی شەڕی ڕزگاری، ئێمە لەگەڵ تورکەکان دەبین و ڕاپەڕینی قۆچگیری سەرکوت کرا. دوابەدوای کۆماریش، پەیتا پەیتا ڕاپەڕین سەریان هەڵدا.
هەڵە و کەموکوڕی هێندە زۆرە، لە هەڵە و کەموکوڕی چۆتە دەرێ. بۆ نموونە با باسی چەند دانەیەکیان بکەم. کتوپڕ، شتێک بە ناوی کورد بوونی نامێنێ. کوردەکان هیچ شتێک نین، دوای شەڕەکان دەبنە نۆکەر و کۆیلەی تورکەکان. کەسانێک کە دەیانەوێ ئەمانە بزانن با ئەو ڕۆژنامانە بخوێننەوە کە پاش سەرهەڵدانی ئاگری‌داغ دەرچوون. سووکایەتی کردن بە مرۆڤێک، بە گەلێک و حیساب نەکردنی وەک مرۆڤ، لە پیاوکوشتن خراپترە.
کوردەکان، زمانیان نییە. زمانەکەیان، زمان نییە، 'کارت‌کورت'ە. ئەم زمانی کارت‌کورتەش کە بوونی نییە، قەدەغەیە. زۆربەی ئەو ئەرک‌پێدراوانەی بۆ ناوچە کوردییەکان بەڕێ دەکران، تاوانبار، دوورخراوە و گەندەڵ بوون. خەڵکی دێهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ بە پیر ئەم ئەرک‌پێدراوانەوە نەدەچوون و ئەگەر ئیشێکیان بە حکومەت بوایە، ئەوا ئاغا و بەگ لە بری ئەوان ئەنجامیان دەدا. ئاغا و بەگ لە جیاتی دێهاتییەکان هەموو شتێکیان دەکرد. هەر بەگە و مەئمووری تایبەتی هەبوو، هەڵبەت ئەگەر ڕێيان نه‌كه‌وتبایە غەریبی.
بەم شێوەیە، حکومەت باوەشی بۆ ئاغا و بەگەکانی گەلی کورد کردەوە. خەڵک پەنایان بۆ ئاغا و بەگەکانی کورد برد. ئیشی ئەوان لەگەڵ حکومەت لەلایەن ئاغا و بەگەکانەوە ڕادەپەڕێنرا. بەمجۆرە، دەوڵەت دەستەڵاتی بەسەر گەلی کوردەوە نەبوو و ئاغا و بەگ بەڕێوەیان دەبرد.
لەم ساڵانەی دواییدا، جاشەکان و جەردەوانەکان، جێگەی ئاغا و بەگیان گرتەوە. چەکی دەوڵەتیان بە دەستەوەیە. بێستان و خاکی میلیۆنان کورد کە نەبوونەتە جاش و جەردەوان، وەک ئەوەی ماڵ و سامانی باوکیان بێ، بەکار دێنن، لەسەر خاکی ئاوارەکان پاڵیان لێ داوەتەوە. جاشەکان ناهێڵن ئاوارەکان بە دوای ڕێگەیەکدا بگەڕێن و بێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. ڕۆژنامەکان لەمبارەوە نووسیان، بەڵام کێ گوێ لە ڕۆژنامەکان دەگرێ!
بە درێژایی هەشتا ساڵ بیرمان لەوە نەکردەوە ئەم مرۆڤانە بۆچی ئەو هەموو ساڵە لە چیاکان دەمێننەوە. چاوەڕێ بووین ئەرکەکانی هاووڵاتیی بوون بەجێ بێنن، وەلێ لە پەروەردە، تەندروستی، وەبەرهێنان و ئەو خزمەتانە بێ‌بەریمان کردن کە هەر هاووڵاتییەکی دەوڵەت دەبێ هەیبێ. بە ئەقڵمان نەگەیشت وەک مرۆڤ و هاووڵاتی، مافەکانیان پێ بدەین.
هەشتا ساڵە ئەم ناوچەیە پشوویەکی نەداوە. کوردەکان ڕاپەڕیون. سه‌رباری ئه‌وه‌ی زانیویانه‌ شکست ده‌خۆن. سه‌رباری ئه‌وه‌ی هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ زانیویانه‌ ئه‌نجامی ڕاپه‌ڕین چۆن ده‌بێ. كارم به‌وه‌ نییه‌ زانیویانه‌ یان نا، به‌ڵام دەزانم زۆر مرۆڤ به‌ زانابوون بەرەو پیری مەرگ چوون. سەربوردەی شێخ شامیل دەزانم. دەزانم چەندین کۆمەڵگە مردوون. دەزانم کوردەکان بیست و نۆ جار، به‌ زانابوون به‌ پێشوازی مه‌رگه‌وه‌ چوون.
هەر چاخە و لە چاخێکی تر جیاوازە. وڵاتە پێشکەوتووەکان، خۆیان لەگەڵ چاخەکان گونجاندوە. کەچی ئێمە نابینین دونیا گەیشتۆتە کوێ، لە چاخ و دونیای شارستانییەت دوا کەوتووین. ئەم دۆخە بۆ نەتەوەیەک کارەساتە. ئەگەر وڵاتەکەمان، وڵاتێکی دیموکرات بوایە، لە نێو مرۆڤایەتی پێشکەوتوودا، سەرمان قیت قیت ڕادەگرت. گەلەکەمان، گەلێکە شایانی دیموکراسی. ڕوونەدانی شەڕێکی نێوخۆیی، سەرباری ئەو هەموو وروژاندن و دنەدانانە، ئەم ڕاستییە دەسەلمێنێ.
ئەوەش دەزانین کە هیوا خاوەن هێزێکە کە مرۆڤ دەکاتە مرۆڤ. ڕۆژێک هێزی شاراوەی هیوای مرۆڤایەتی بەدەر دەکەوێ. ئەم هیوا نوێیەش، مرۆڤەکان بەختەوەر دەکا.
وەی لۆ لۆ، وەی لۆ لۆ، وەی لۆ لۆ…
زۆر گۆرانیی کوردی بەناوبانگ بەم وشەیە دەست پێدەکا.

لە ماوەی ڕابردوودا، سەرۆک کۆمار سەبارەت بە کێشەی کورد ئاماژەی بە 'دەرفەتێکی مێژوویی' دا. ئێستا کە سەرۆک کۆماریش ئەمە بە 'سەرەکی ترین کێشەی تورکیا' وەسف دەکا، ئاخۆ کاتی چارەسەرکردنی مەسەلەکە هاتووە؟
سەرۆک کۆمار نیازپاکە. کێشەی کورد، سەرەکیترین کێشەی تورکیایە. کێشەی کورد، کێشەی هاوچەرخیی تورکیایە. کێشەی کورد، کێشەی دیموکراسیی تورکیایە.
لە کاتی دامەزراندنی کۆمار بە دواوە، چاوی بەڕێوەبەرانی دەسەڵات بە ڕووی کوردەکان هەڵنەهاتووە. لە خوارووی ئەنادۆڵ، بوونەوەرانێک خەوتوون بەڵام جار نا جارێ بە تیر و کەوان لە خەو ڕادەبن. کە ئەوان هەستن، هەڵبەت بە هەیبەتەوە هەڵدەستن. ئەو بوونەوەرانە دەکوژن، ئەوانەی ناشیانکوژن، بە پیر و مناڵەوە بۆ غوربەت دووریان دەخەنەوە. هێشتا باس له‌وه‌ ده‌كرێ کە دەستەڵاتدارانی ناوچەکە دەڵێن لە دێرسیم شتێکی وەک مرۆڤ بوونی نییە و پێدەکەنن، دەڵێن لەم چیایە شتێک نییە لە مرۆڤ بچێ و شادی دەردەبڕن. دەڵێن کارت‌کورتەکان چوونە کوێ و بزەیان دێ.
ئێستا ئیتر سەرۆک‌کۆمار بە تەنیا نییە. مرۆڤایەتی لەگەڵیەتی. ئەو بەڕێوەبەرانەی ئاگایان لەمە نییە، وا هەست دەکەن ئەویش وەک خۆیان وایە.
وێڕای ئەوەی سەرکردەی گەورە مستەفا کەماڵ ئاتاتورک ڕێ نیشاندەر بووە، بەڵام بەڕێوەبەران ڕێگەیان نەبینیووە. ئەوانەی تورکیایان هێناوەتە دۆخی ئەمڕۆ، زیاتر و زیاتر  له‌م پێناوه‌دا هەوڵ دەدەن. ئەمانە کێن، چ کەسانێک نەتەوەیەکیان گەیاندۆتە دۆخی ئێستا؟ کەس نازانێ ئەمانە کێن. سەرباری هەموو شتێ، تورکیا بە دیموکراسی شاد دەبێ. سەرۆک‌کۆمار، هێز و ورەی بەو کەسانە بەخشی کە نایانەوێ لە تورکیا شەڕ هەبێ. ئەم هێزە تا دێ گەورەتر دەبێ. هەروەها تا دێ زۆرینەی نیازپاک، پەی بە ڕاستییەکان دەبا.
تورکەکان و کوردەکان هیچکات خوازیاری ئەوە نەبوون لێک دابڕێن. هیچ هێزێکیش ناتوانێ لێکیان داببڕێ. ناحەزان کە زۆر باش ئەمەیان بۆ دەرکەوتووە، لە شەرمان ڕادەکەن و لە شوێنێک دەگەڕێن داڵدەیان بدا. وەک چاوەڕوان دەکرێ، ئەستەم نییە. گەلێکی وەک گەلی کورد، بە سانایی دەتوانی ڕۆڵەکانی شاخی بێنێتە خوار. لە مناڵی حەوت ساڵە ڕا بگرە تا پیری حەفتا ساڵە، کەس نایەوێ برا و ڕۆڵەکانیان، لە هیچ هەلومەرجێکدا گیان لەدەست بدەن. گەلی کورد ئاشتی دەوێ. من کوردەکان دەناسم. لە زمانی کوردیدا دەستەواژەیەک هەیە دەڵێ، کوردەکان لە پێناو قسەکەیاندا سەر دادەنێن، بەڵام پاشەکشە ناکەن. جا لە هەر کەس کە پەیوەندی بە کوردەوە هەیە، بپرسی هەر ئەوەیە.

هەندێک وڵاتی ئەوروپایش هەن کە کێشەی هاوشێوەیان هەیە. ئەوان ئەم مەسەلەیەیان لە ڕێگەی مافە 'فەرهەنگی و سیاسییەکانەوە' چارەسەر کردووە. ئایا چارەسەری کێشەی کورد لە تورکیا، کاریگەریی ئەرێنی لەسەر پێڤاژۆی یەکێتی ئەوروپا دەبێ؟

 لە وڵاتانی ئەوروپا کەمینە هەن. ئەمانە ساڵانێکی درێژ لەسه‌ر خاكی خۆیان مانەوە، شەڕیان کرد، هەرەسیان هێنا، سەرکەوتن. كه‌ كاتی خۆی هات، زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆریان له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رانی وڵاته‌كانیان پێكهاتن، به‌ مافی زمان و فه‌رهه‌نگی خۆیان گه‌یشتن. نموونه‌ی هه‌ره‌ به‌رچاو كاتالانه‌كانن. سه‌د ساڵ له‌گه‌ڵ ئیسپانییه‌كان شه‌ڕیان كرد و دواجار له‌گه‌ڵ ئیسپانیا پێكهاتن و یه‌كیان گرت. ئێستا كاتالانه‌كان زۆر به‌خته‌وه‌رن. له‌گه‌ڵ ژۆردی پووژۆلی سه‌ركرده‌ی ئه‌فسانه‌ییاندا چه‌ند سه‌عاتێك قسه‌مان كردووە. سەروبنی قسەکانی باسی ئاشتی بوو. سه‌رۆكیش وه‌ك گشتیان دڵخۆش و به‌خته‌وه‌ر بوو. ئاشتی بۆ هه‌ر دوو گه‌لیش، كامه‌رانییه‌كی گه‌وره‌ی باوه‌ڕپێنه‌كراوی له‌گه‌ڵ خۆیدا هێنا. ئه‌وان به‌ زمان و فه‌رهه‌نگی خۆیان گه‌یشتن. زمان و فه‌رهه‌نگێك كه‌ نه‌ك هه‌ر بۆ ئیسپانیا به‌ڵكوو فه‌رهه‌نگی دونیای ده‌وڵه‌مه‌ند كردووه‌ و گه‌له‌ك مرۆڤی گه‌وره‌ی پێگه‌یاندووه‌، له‌ نیگاركێشدا كه‌سانی وه‌ك خوان میرۆ، تاپیێس و دالی، له‌ بیناسازیدا هی وه‌ك گاودی، بۆفیل، له‌ مۆسیقاشدا ئالبەنیز، كاسال، كابال و كاره‌راس.
هاوڕێیه‌كی ڕۆژنامه‌نووسی كاتالان كه‌ دواتر ناسیم، ده‌یگوت ئه‌گه‌ر ئێستا له‌ ئیسپانیامان دابڕن، ئێمه‌ هه‌مدیس په‌نا بۆ چیا له‌ مێژینه‌كانمان ده‌به‌ینه‌وه‌. خۆزیا زمانی ئێمه‌تان زانیبا و له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی كاتالان قسه‌تان كردبا، ئه‌وانیش هه‌مان ئه‌و شتانه‌یان پێ ده‌گوتن.
كاتالانیا له‌ سه‌د ساڵ له‌مه‌وپێشه‌وه‌ هه‌رێمی هه‌ره‌ ده‌وڵه‌مه‌ندی ئیسپانیا بووه‌ و ئه‌مڕۆكه‌ش هه‌ر وایە.
یه‌كێتی ئه‌وروپا هاوڕا نییه‌. هی وا هه‌ن توركیایان خۆش ده‌وێ و هی وا هه‌ن ڕقیان لێیه‌تی. به‌ڵام توركیایه‌كی دیموكرات ده‌توانێ بۆ یه‌كێتی ئه‌وروپا یارمه‌تیده‌ر بێ.
كێشه‌ی كورد ڕووداوێكه‌ هێزی توركیای له‌ دونیادا ڕزاندووه‌. یه‌كێتی ئه‌وروپا سه‌ری له‌وه‌ سووڕماوه‌ كه‌ بیست میلیۆن كه‌س له‌ مافه‌كانیان بێبه‌ش كراون و، توركیا دیموكرات نه‌بووه‌. نازانن چ بكه‌ن. ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیاش له‌ دیموكراسی سڵ دەکەنەوە. له‌ وڵاتێكی دیموكرات، نه‌ك گه‌لێكی نزیك بیست میلیۆنی، به‌ڵكوو نابێ تەنانەت كه‌سێكیش له‌ مافه‌ مرۆییه‌كانی بێبه‌ش بێ.
گه‌لۆ بۆچی یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌حاند هه‌موو شتێك یارمه‌تیی توركیا نادا. سه‌ره‌ته‌قه‌ی لێ ده‌رناكه‌م. ئاخۆ ده‌یانه‌وێ توركیا له‌ دیموكراسی بێبه‌ش بێ. له‌ كاتێكدا دامه‌زرێنه‌رانی یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌ر له‌هه‌ر شتێك خوازیاری سه‌قامگیركردنی دیموكراسیی ڕاسته‌قینه‌ له‌ دونیا به‌ گشتی و ئه‌وروپا به‌تایبه‌تی بوون. یه‌كێتی ئه‌وروپا بۆ مرۆڤایه‌تی هیوایه‌كی گه‌وره‌ بوو.

كه‌ خه‌ڵاتی گه‌وره‌ی چاندی و هونه‌ریی سه‌رۆك كۆماریتان وه‌رگرت، گوتتان `هه‌ر گه‌لێك كه‌ له‌ ئەنادۆل ده‌ژی، ده‌بێ زمانی دایكی به‌كار بێنێ. به‌ زمانی دایكی په‌روه‌رده‌ ببینێ، كتێب بنووسێ و فیلم دروست بكا`. ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ ئه‌مانه‌ مافه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی مرۆڤن، ئاخۆ داننان به‌م مافانه‌، كێشه‌كه‌ له‌ كۆكه‌وه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كا؟
 

سه‌یر كه‌ برام، فیكر و زمانی من یه‌كه‌ و چیم له‌ مێشك دابێ ده‌یهێنمه‌ زمان. له‌م بۆچوونانه‌مدا، ڕه‌نگه‌ له‌ ژێر كاریگه‌ریی مرۆڤه‌ گه‌وره‌كانی سه‌رده‌م دابم. هه‌رچی بێ، ئه‌م بیر و بۆچوونانه‌، هه‌م بۆ چاخی مه‌ و هه‌م بۆ وڵاته‌كه‌مان کۆمەڵێ ڕاستیی حاشاهه‌ڵنه‌گرن.
هەر لە تافی گەنجێتیمەوە گوتومە دونیا باغچەیەکە بە هەزار گوڵەوە، به‌ڵام دەزانین دونیا باغچەیەکە پڕ لە گوڵی لە ژمارنەهاتوو. هەروەها لە گەنجێتیمەوە بەردەوام گوتومە دونیا باغچەیەکی فەرهەنگییە بە هەزار گوڵەوە. به‌ڵام دەزانین دونیا باغچەیەکی فەرهەنگییە بە گوڵی لە ژمارنەهاتووەوە. ئەگەر لە دونیادا، لە فەرهەنگێک داببڕێین، لە ڕەنگێک، بۆنێک و دەوڵەمەندییەکی دونیا بێبەش دەبین.
بە درێژایی مێژوو، فەرهەنگەکان بەردەوام شانبەشانی یەکتری گەشەیان سەندووە، کاریگەرییان لەسەر یەکتری هەبووە و یەکتریان پتەو کردووە. شارستانییەتەکان و فەرهەنگەکان، تا ڕۆژی ئەمڕۆش، قەت زیانیان بە یەکتری نەگەیاندووە. یەکتریان لەناو نەبردووە.
ئەنادۆڵ خاکێکی فرە فەرهەنگ، فرەزمان و فرەئایین بوو. چونکە ئەنادۆڵ هەم دەریای سپی، هەم میزۆپۆتامیا، هەم قەفقازیا و هەم دەریای ڕەش بوو. فەرهەنگەکانی ئەنادۆڵ، بە درێژایی مێژوو، بەردەوام یەکتریان پتەو کردووە. ئەگەر لە سەردەمی پێش زایینەوە، تەنیا بڕوانینە کەنارەکانی ئیجەی ئەنادۆل، دەبینین چەندە فرەزمان و فرەکولتوور بووە. ئەم فەرهەنگانەن کە فەیلەسووفەکانی گەل، هۆمێرۆس و دەیان شاکاری دیکەیان ئافراندووە و بوونەتە چاوگە بۆ فەرهەنگی مرۆڤایەتی.
ئەمڕۆکە لە ئەنادۆڵ، گەلەک فەرهەنگ، هەر لە سەردەمی کۆمار بە دواوە، سەرباری هەموو قەدەغە و قەدەغەکارییەکان، هه‌ر چۆنێك بێ ژیاون. لە ئەنادۆڵی فرەکولتوور، فەرهەنگی تورک ویستی تەنیا زمان و فەرهەنگی خۆی بسەپێنێ و سەرجەم زمان و فەرهەنگەکانی قەدەغە کرد. لەگەڵ هەوڵدان بۆ مۆدێڕنیزەکردن، سامانە خۆجێیەکان، ئەو ئاریشانه‌ی سەرچاوە فەرهەنگییەکانیان لەسەر پێ ڕاگرتبوو، ئەنیستیتۆکانی گوند و ماڵەکانی گەل خاپوور کران.
بەمجۆرە زمان و فەرهەنگی تورکیش لاواز بوو. بۆ نموونە، ئازادبوونی فەرهەنگ و زمانی کوردی کە بەردەوام یەک لەسەر سێی دانیشتووانی ئەنادۆڵیان پێکهێناوە، فەرهەنگ و زمانی تورکیشی دەوڵەمەند کردووە. دیارە فەرهەنگی تورکیش، دەوڵەمەندییەک بووە بۆ فەرهەنگی کورد. زمانەکانی چەرکەس، لاز، زمانەکانی دیکەی قەفقازیا، عەڕەبی، سووریانی، ئاشووری هەم یەکتریان ژیاندووە و دەوڵەمەند کردووە، هەمیش سوودیان بۆ زمانەکانی تورکی و کوردی هەبووە. فەرهەنگەکانی ئەمڕۆی ئەنادۆڵ، هەر وەک فەرهەنگەکانی کۆن لەو ناوچەیە کە ببوونە چاوگەی کولتووری مرۆڤایەتی، ئەگەر وەک پێشوو سەرچاوە و ئیلهام نەبووبن بۆ فەرهەنگی مرۆڤایەتی، ئەوا یارمەتییەکی بەرچاویان داوە.
کە نووسین و خوێندن بە زمانی کوردی قەدەغە کرا، کوردەکان ناچار مان پەنا بۆ ئەدەبیاتی زارەکی بەرن، ئەفسانە، گۆرانی، شین‌نامە و چیرۆکی گەورەیان خوڵقاند. هێزی وشەیان لە ئەدەبیاتی زارەکیدا تاقی کردەوە و گەشەیان بە هونەری جادوویی دا. ئەمڕۆکە، تەنانەت زۆر ڕۆشنبیری کورد لەمە بێئاگان. فۆلکلۆرێکی وەها ڕیشەداکوتراو و تۆکمە نەنووسراوەتەوە. ئەمڕۆ لە زانکۆکانی تورکیا، ئەنیستیۆی زمان، فلکلۆر و ئەدەبیاتی کوردیمان نییە. بە هەموو شێوەیەک سەلمێنراوە کە سەقامگیرکردنی دەوڵەتێکی یەک فەرهەنگی، دژ بە هەر چەشنە دەوڵەمەندییەکی تورکیایە. ئەنادۆڵ، موزاییکی فەرهەنگەکانە. هەم گەورەبوون و هەم دەوڵەمەندبوونی، دەگەڕێتەوە بۆ دەوڵەمەندیی زمان و فەرهەنگەکانی ئەنادۆڵ. بێبەش هێشتنەوەی تورکیا لەم دەرفەتە گەورانە، وڵاتی خستۆتە دۆخی ئەمڕۆوە و لە لایەکی دیکەشەوە، دەسەڵاتی کردۆتە دێوزمەیەکی سەیر و سەمەرە.
ئاخۆ تورکیا وڵاتێکی دیموکراتە یان دیکتاتۆڕانە بەڕێوە دەچێ؟ ئەوانەی وڵاتیش بەڕێوە دەبەن، سەریان لەم مەسەلەیە دەرناچێ. دەسەڵاتێکی بێ سەرە و بەرە. هەموو شتێک تێکەڵ پێکەڵە. لەم نێوانەدا، کوردەکان لەپێناو زمان و فەرهەنگی خۆیاندا خۆڕاگری دەکەن. دەسەڵاتیش دەڵێ ئێوە داوای سەربەخۆیی دەکەن. دەڵێ ئەگەر ئازادیی زمان و فەرهەنگتان پێ بدەن، ئەوا سەربەخۆیشتان دەوێ. بەمجۆرە چەندین ساڵە بە کرێتی و گەمارییەکی باوەڕپێنەکراو، شەڕێکی بێ واتا درێژەی هەیە.
بە هۆی ئەم شەڕەوە، تورکیا زامی گەورەی بەر جەستەی کەوت. ئەو دەسەڵاتەیش کە پێمان وایە دیموکراتە لە تورکیاش بریندار بوو. ئیتر نازانێ چ بکا و بچێتە کوێ. لەم نێوەڕاستەدا گیری کردووە.
دیموکراسی وڵامدەرەوەیە. دیموکراسی دەبێ بۆ هەموو مرۆڤایەتی بێ. سەرجەم دیموکراتە ڕاستەقینەکانیش، جا لە کوێ بێ گرنگ نییە، دەبێ هەرچییەکی لەدەستیان بێ بۆ ئەو کەسانەی خوازیاری پیادەبوونی دیموکراسین و لەپێناو دیموکراسیدا خەبات دەکەن، درێغی نەکەن.
دەبێ ئەوەش بڵێم من پرەنسیپێکی نەگۆڕم هەیە، بنیادەم بەردەوام گەشبینە. حەزی مرۆڤ بۆ ژیان، شتێکی نەمرە. پێشم وایە مرۆڤەکانی وڵاتەکەم کە لەسەر ئەم خاکە بەشکۆ فەرهەنگییە دەژین، هەر بەم شێوەیە نامێننەوە، ئەم خاکە فەرهەنگییە پڕ پیت و بەرەکەتە سەرلەنوێ دەبووژێتەوە، دواجار بە دیموکراسی ڕاستەقینە دەگەین و لە ڕێگەی خەبات بۆ دیموکراسی لە دونیادا، یارمەتیی گەلانی دیموکراتیی وڵاتەکانی دیکە دەدەین.

باسی ئەوەتان کرد 'کوردەکان لەپێناو زمان و فەرهەنگەکەیان خۆڕاگری دەکەن. دەسەڵاتیش دەڵێ ئیللا و بیللا، ئێوە داوای سەربەخۆیی دەکەن.' پێویستە زیاتر لەمبارەوە بدوێین؛ هەندێک پێیان وایە پەروەردە بە زمانی دایک و مافە فەرهەنگییەکان، ڕێگە لەبەردەم جیابوونەوە خۆش دەکەن. ئێوە لەمبارەوە چۆن بیر دەکەنەوە، ئاخۆ بۆی نییە ئەگەرێکی وا وە ڕاست گەڕێ؟ ئەگینا ئەم گوتارە لە کوێوە سەرچاوە دەگرێ؟
 

هەموو ئەم قسانەی ئێوە لە ڕوانگەی دیموکراسییەوە، بەشێکە لە مافەکانی مرۆڤ. هەوڵ و تەقەڵای مرۆڤە دیموکراتەکان و تەنانەت گیان بەختکردنیان بۆ ئەم مەبەستەیە. لە وڵاتە دیموکراتەکان، ناڵێن ئەم مافە لە دەرەوەی دیموکراسییە. وەک ئێمە مافەکانی گەلێکی بیست میلیۆنی پێشێل ناکەن. ئاخۆ کوردەکان سەرجەم مافەکانی شارۆمەندییان ڕانەپەڕاندووە؟ جگە لەوانەی شاخ [گەریلاکان]، گەلۆ هەر کوردێک ئەرکەکانی شارۆمەندی بەجێ نه‌هێناوه‌؟
ڕێگەی گەیشتن بە دیموکراسی، تەنیا چیاکان نین. مرۆڤ وەک چۆن داگیرکاریی لە ڕەگەوە نەهێشتووە، وەهاش نادادپەروەری لە بنەوە دەسڕێتەوە. بۆ ئەمەش پێویست بەوانەی شاخ ناکا. هەم ئەوانەی شاخ و هەم دەسەڵاتداران دەبێ ئەمە بزانن. ئەگەر ئەمڕۆ وەک سەردەمانی دامەزراندنی یەکێتی ئەوروپا بوایە، ئەوروپا دەبووە ناوبژیوان و هەر لە ساڵانی سەرەتادا ئەم شەڕەی لە گۆڕێ نەدەهێشتەوە. ئەگەر بەڕێوەبەرانی تورکیا بە چاوێکی وەها دوژمنانە سەیری کوردەکانیان نەکردبا، ئەم شەڕە دیسان لە ساڵانی سەرەتاوە کۆتایی دەهات. چونکە گەلی تورک و گەلی کورد هەزار ساڵە بە شێوەیەکی برایانە شان بە شانی یەکتری دەژین. پاش دەسپێکردنی شەڕ، لە شەڕڤانەکان زیاتر هەڵیانکوتایە سەر گەل. لاپەڕەی ڕەشیان بە مێژووەوە لکاند. وەک بڵێی کوردەکان هەزار ساڵ برا نەبوون، دوژمن بوون، وەک بڵێی ئەوان شەڕی ڕزگاریخوازییان پێکەوە نەکردبێ.
زمانە دایکییەکان، چۆناوچۆن تورکیا پارچە دەکەن، ئاخۆ لازەکان، چەرکەسەکان، ئاشوورییەکان، عەڕەبەکانی ئادانا، مێرسین، هاتای، ئوورفا و سیرت یاخود کوردەکان کە هەزار ساڵە لەگەڵ تورکەکان دەژین، تورکیا پارچە دەکەن؟ ئەوانەی ئەم قسانە دەکەن گەلۆ دۆستی تورکیان؟
من ئەوەندەی بە بیرم بێ بە هیچ کەسم نەگوتووە خاین بە نیشتیمان، تێنەگەیشتم مرۆڤێک چۆن خیانەت بە نیشتیمانەکەی دەکا. ئەوانەی دەڵێن تورکیا پارچە دەبێ، بۆچی ئەم درۆیانە دەکەن؟ هیچ تێناگەم خەڵک چۆن بڕوا بە درۆکانی ئەوانە دەکا.
بیر لە شتی خراپ خراپیش دەکەمەوە. گوێی شەیتان کەڕ، تۆ بڵێی ئەمانە بۆ شەڕی نێوخۆیی ئەم جیابوونەوەیەیان نەکردبێتە بنێشتەخۆشکەی سەر زاریان. سەریان دای لە بەرد. ئەوان هەزار ساڵە لە ناو ئافات و کارەساتدا پێکەوە ژیاون، لەبەرامبەر کارەساتەکان لە برایەتی دانەبڕاون. لەمەوبەدواش هیچ هێزێک لە یەکتریان دانابڕێ.
بەسە، بەسە، بەسە ڕۆڵە گەنجەکانمان لە دەست دەچن.
کوردەکان چ ویست و داخوازییەکیان هەیە، کەم کەس هەیە ئەو پرسیارە بکا. لە کاتێکدا ئەمە شادەماری مەسەلەکەیە و بەدەگمەن خۆی لێ دەدەن. هیچکەس لە ماوەی ئەم هەشتا ساڵەدا، بە گوێرەی پێویست هەڵوەستەی لەسەر ئەم بابەتە نەکردووە. هەڵدەستن و دادەنیشن دەڵێن جیاخوازی. کوردەکان جیاخواز نین. لە ویست و داخوازییەکانیان ڕا دیارە کە نایانەوێ جیا ببنەوە. هەمووان دەزانن کوردەکان چییان گەرەکە. دەزانن بەڵام دەڵێن ئەگەر داخوازییەکانیان بە دی بێنین، داوای جیابوونەوەمان لێدەکەن. دەزانن ئەمە درۆیە. لەپێناو ئەم درۆیانەدا، ئەم هەموو ساڵە شەڕ کرا و لەم پێناوەدا هەمدیس ڕۆڵەکان ڕەوانەی مەرگ کران. کێ لە وڵاتەکەمان دەتوانێ بۆ دایکانی شەهید، بۆ باوک، برا، خزم و کەس و کارەکانیان هۆکارەکانی ئەمە باس بکا، کێ، کێ.
ئه‌ی ئابووری و هەژاری لە وڵاتەکەمان. چی بەسەر ئەو خاکە پڕ پیت و بەرەکەتانەی ڕۆژهەڵاتی ئانادۆڵ هات، با پسپۆڕەکان لەمبارەوە لێکۆڵینەوە بکەن، بزانن چییان بۆ دەردەکەوێ. با بزانن ئاخۆ ئاژەڵداری هەر برەوی هەیە. مرۆڤەکان بە نرخی گیانیان پەنایان بۆ قاچاغچێتی بردووە. لەکاتێکدا ئەم خاکە، مەکۆی شارستانییەت بوو. شارستانییەتە گەورەکان بەردەوام لە خاکە بە پیتەکاندا گەشەیان سەندووە. ئێستا ئەم خاکانە مردوون. ئەم شەڕە گەلانی ئێمەی پەرێشان کردووە.
ئەی جەردەوانەکان. ئاخۆ لەم چاخەدا، دەوڵەتێکی دیكه‌ی هاوشێوەی نێو ئەم دەوڵەتە پێویسته‌، ئاخۆ دەتوانێ لە ژێر باری ئەم شورەییەدا سەری بەرز بکاتەوە؟ ئەم دەوڵەتە، دەوڵەتی ئەم گەلە بە شەڕەفەشە. دەوڵەتێك نابێ جاشی هه‌بێ. ئه‌وانه‌ی مناڵەکان، گەنجەکان، ژنەکان و بەساڵاچووەکان ده‌كوژن، ده‌ڵێن 'ئه‌گه‌ر پێ نه‌زانرابا دەمانگوت پەکەکە ئەوانی کوشتووە.' بەشێک لەوانیش جەردەوان بوون. هەر کەسێ دەبێ با ببێ، ئاخۆ دەتوانی لە ژێر ئەم بارە قورسەدا شانت بەرز بکەیتەوە؟ لەبەرامبەر ئەم ئیشە سەیرەدا هەموومان بێدەنگ بووین. کێ ئێمەی بێدەنگ کرد؟

ئاخۆ کوردەکان ئەو ئەرکەی لەپێناو ئاشتیدا بکەوێتە سەر شانیان، بە جێی دێنن؟ 

کوردەکان بە درێژایی ئەو ساڵانە چییان ویست و ئێستا چییان گەرەکە؟ ئەگەر ئەم دەرفەتەش لە کیس بدەین، کوردەکان چ دەکەن؟ ئەگەر چینی ڕۆشنبیری تورکیا و دونیا پێشیان پێ نەگرن، چی؟ نازانرێ لەمڕۆ بەدواوە چ دەکەن. باشە ئەگەر پەکەکە بە جۆرێک لە جۆرەکان لە گۆڕی نەمێنێ، چ دەبێ، لە ئێستاوە زەحمەتە بزانی بە گوێڕەی کات و سەردەم چ دەکەن.
لێرە بەدواوەی با له‌ نیشتیمانپەروەرانی لایەنگری شەڕ بپرسین، لایەنگرانی شەڕ هەموو شتێک لە هەموو کەس باشتر دەزانن، تا ئەو شوێنەی بەرژەوەندی خۆیان بر دەکا. دژ بە هەموو شتێکن تا ئەو کاتەی بەرژەوەندی خۆیان لە برەودا دەبێ.  کوردەکان پێشتر لە لۆزان هاواریان کردووە کە 'ئێمە کەمینە نین'، لە هەشتا ساڵ لەمەوپێشیشەوە هەروا دووپاتی دەکەنەوە و دەڵێن ئێمە کەمینە نین بەڵام دەسەڵاتداران گوێیان لەم هاوارانە نەبووە. ئێستاش گوێیان لێ نابێ. لەکاتێکدا دونیا گۆڕاوە، لە زۆر وڵات تەنانەت کەمینەکانیش بە سەرجەم مافە مرۆییەکانی خۆیان گەیشتوون.
ئه‌م ڕۆژانه‌ كورده‌كان زیاتر له‌ جاران هاوار ده‌كه‌ن. ئێمه‌ كه‌مینه‌ نین. هه‌ر شتێك بين، ئه‌م وڵاته‌ پارچه‌ نابێ. باجه‌كه‌ی چی ده‌بێ با ببێ، له‌تی ناكه‌ین.
کەسێک نەیەوێ ببیسێ، گوێی لەمەش نەبووە و نابێ. من لەچاو ئێوە خۆشبینم، بەردەوام گوتومە نووسەرێکی گەشبینم. هەر ئەمنیش گوتومە بنیادەم لە بێ هیوایی هیوا دەخوڵقێنێ. متمانەم بە مرۆڤەکانی وڵاتەکەشم هەیە. شانبەشانی دونیا، ئەوانیش دەگۆڕدرێن.

۱۳۹۱/۰۸/۱۱

یاشار کەماڵ: نەسڵێک لە ناو دەبەن، لەوە زیاتر نامەوێ قسە بکەم


لە ٥١مین ڕۆژی مانگرتنی بێ وادەی گیراوانی سیاسی لە گرتووخانەکانی تورکیا، ژمارەیەک لە نووسەران و ڕووناکبیرانی تورکیا بانگەوازیان ئاڕاستەی حکومەت کرد هەرچی زووتر بکەوێتە خۆ.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (١ی نۆڤامبر) نووسەر و ڕۆشنبیرانی وەک یاشار کەماڵ، محەمەد بەکارئۆغڵو، موراتخان مونگان، زولفو لیڤان ئەلی، یڵدز ڕەمەزان ئۆغڵو، فاتمە گۆک، گەنجای گورسۆی، ئۆیا بایدار، ئایدن ئەنگین و زۆر کەسایەتی تر لە هۆتێلی تاکسیم هیل کۆبوونەوە و لەپێناو پێشگرتن لە مەرگی مانگرتووان، بانگەوازی بەپەلەیان ئاڕاستەی حکومەت کرد.

رۆشنبیرانی کورد و تورک لە دژی قسەکانی ئەردۆغان لە ئاڵمانیا کە گوتبووی 'مانگرتوان هەوڵی خۆنواندن دەدەن'، هەڵوێستیان نواند و ڕایانگەیاند مانگرتن پێی ناوەتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە و سەرۆک وەزیر و حکومەت بەرپرسیاری ئەگەری مردنی هەر یەک لەو مانگرتوانەن.

یاشار کەماڵ نووسەری بە ڕەگەز کورد، کە لەگەڵ هاوسەرەکەی بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە ببوو، ڕایگەیاند 'لە مانگرتنەکانی پێشوودا حکومەت بەرپرسیار بوو. ئەمجارەش هەر حکومەت بەرپرسیارە. ئەمڕۆکە مناڵ و باوکی ئەو مانگرتووانەش دەبنە لایەنێکی ئەو تێکۆشانە.'

ناوبراو مانگرتوانەی پێشووی بە بیر هێنایەوە کە لە تورکیا گیانیان لەدەست داوە و گوتی 'نەسڵێک لە ناو دەبەن، لەوە زیاتر نامەوێ قسە بکەم.'

بە پێی بەرنامەی کۆبوونەوەکە بڕیار بوو یاشار کەماڵ زیاتر قسە بکا، بەڵام لەم خاڵەدا کۆتایی پێ هێنا. بەشەکانی تری وتارەکەی لە لایەن هاوسەرەکەیەوە بە شێوەیەکی نووسراو بە سەر میدیاکاندا بڵاو کرایەوە.

لە وتارەکەی یاشار کەماڵدا هاتووە 'سەیرکردنی مەرگی مرۆڤێکی مانگرتوو، سەخت ترین ئازارە و ئەمەش لە مرۆڤایەتی ناوەشێتەوە.'

موراتخان مونگان نووسەری ناسراوی تورکیاش گوتی 'کەسێک کە ناوی بە سەر شەست کتێبەوە بێ، مانای ئەوە نیە بتوانی ئەم بێ چارەییە بە شێوەیەکی جوان دەرببڕێ. پێویستە هیچکەس بێدەنگ نەبێ.'

مونگان گوتیشی 'درەنگ یان زوو لەم وڵاتە هەموو کەسێ زمانی زگماکی دە کار دێنێ، بەڵام هەتا زووتر بەم ڕاستیە بگەین باشترە.' بەمجۆرە بەردەوام بوو 'تەنیا ئیمراڵی گۆشەگیر نەکراوە، هەموو تورکیا گۆشەگیر کراوە. لە سەر مافی هاوڵاتیان بۆ ئەوەی بە ڕاستیەکان بزانن، گۆشەگیری هەیە.'

هونەرمەند زولفو لیڤانئەلی گوتی 'بەردەنگ سەرۆک وەزیرە و دەبێ هەنگاو بنێ بێ ئەوەی هەست بکا ئەمە شکستێکە.'
 

۱۳۹۰/۰۷/۱۵

حه‌سه‌ن جه‌ماڵ: په‌که‌که‌ به‌ ته‌نیا په‌که‌که‌ نییه‌


به‌ر له‌ په‌ره‌سه‌ندنی توندوتیژییه‌کان، حه‌سه‌ن جه‌ماڵ دوایین ڕۆژنامه‌نووس بوو ڕۆیشته‌ قه‌ندیل و که‌سێکه‌ شاره‌زاییه‌کی زۆری له‌ سه‌ر پرسی کورد و په‌که‌که‌ هه‌یه‌. حه‌سه‌ن جه‌ماڵ له‌م ڕوه‌وه‌ لێکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌نجامداوه‌ و کتێبی نوسیوه‌. دوایین کتێبی سه‌باره‌ت به‌ کورده‌کان "روانینێکی نوێ بۆ کێشه‌ی کورد: ئاگاتان له‌ ئاشتی بێ"، ئه‌م ڕۆژانه‌ که‌وته‌ بازاڕه‌وه‌.

سازدانی: نه‌شه‌ دوزه‌ل
له‌ تورکییه‌وه‌: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی


نه‌شه‌ دوزه‌ل: ئێوه‌ نووسه‌رێکن له‌ نزیکه‌وه‌ پرسی کوردتان شۆپاندوه‌ و تێیدا قووڵ بوونه‌ته‌وه‌. تازه‌ به‌تازه‌ش کتێبێکی ترتان له‌ سه‌ر پرسی کورد چاپ و بڵاو کردۆته‌وه‌‌. له‌ کتێبه‌که‌تاندا دوایین سه‌ردانی قه‌ندیل و چاوپێکه‌وتن  لەگەڵ موراد قه‌ره‌یڵانیش چاپ کراوه‌‌. با له‌ قه‌ره‌یڵانه‌وه‌ ده‌ست پێ بکه‌ین. چۆن که‌سێکه‌ به‌ڕای ئێوه‌؟

حه‌سه‌ن جه‌ماڵ: یه‌که‌مجار مانگی مه‌ی ١٩٩٩ و دووهه‌م جار ژوئه‌نی ٢٠١١ چاوم به‌ قه‌ره‌یڵان که‌وت. سه‌رجه‌م پێنج شه‌ش سه‌عات گفتوگۆم له‌گه‌ڵ ئه‌نجام داوه‌. به‌ تورکییه‌کی زۆر ڕه‌وان قسه‌ ده‌کا. که‌سێکه‌ به‌ سه‌ر ڕۆژه‌ڤدا زاڵه‌. سه‌رکردایه‌تی لێ ده‌وه‌شێته‌وه‌. بۆیه‌ پاش ته‌واوبوونی قۆناغی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی، نه‌یانهێشت واز له‌ سه‌رکردایه‌تی بێنێ. دیاره‌ ئه‌م بڕیاره‌ش له‌ لایه‌ن ئۆجه‌لانه‌وه‌ دراوه‌.

ئه‌گه‌ر ئۆجه‌لان ناڕازی بێ، قه‌ره‌یڵان ناتوانێ سه‌رۆکی که‌جه‌که‌ بێ؟ 

نه‌خێر. به‌ڵام پێویسته‌ ئه‌وه‌ش بزانین ئۆجه‌لان ناڕه‌زایه‌تی ده‌رنابڕێ، چونکه‌ کاریگه‌ریی که‌م ده‌بێته‌وه‌. ئۆجه‌لان گرنگی به‌م هاوسه‌نگیانه‌ ده‌دا. ئه‌گه‌ر ئۆجه‌لان  لەگەڵ موراد قه‌ره‌یڵان به‌راورد بکه‌م... که‌  لەگەڵ ئه‌ویشدا ساڵی ١٩٩٣ له‌ ده‌ربه‌ندی به‌قاع دوو شه‌و ماومه‌ته‌وه‌ و نزیکه‌ی هه‌شت نۆ سه‌عات ئاخفین. ئۆجه‌لان که‌سێکه‌ زۆر به‌ خۆی ڕاده‌گا. سه‌ره‌تا به‌ منی گوت "ئه‌گه‌ر گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ئه‌سته‌نبوڵ، به‌ یاشار که‌ماڵ بڵێ بێت و به‌سه‌رهاتی من بکاته‌ ڕۆمان." گوتی "مه‌ترۆپۆلی حه‌له‌ب هی منه‌"، له‌ به‌رامبه‌ردا موراد قه‌ره‌یڵان که‌سێکی ده‌م به‌ بزه‌ و خاکەڕایە.

ئایا کاتێک قسه‌ی ده‌کرد، خۆتان به‌رامبه‌ر که‌سێک بینی که‌ زۆر به‌ ئاسانی فه‌رمانی کوشتن ده‌دا و له‌وه‌ بچێ به ئاسانی بتوانێ مرۆڤ بکوژێ؟ 

نه‌خێر. به‌ڵام با له‌ بیرمان نه‌چێ، که‌سێکی چه‌ک به‌ ده‌سته‌ و شه‌ڕی کردووه‌. په‌که‌که‌ ڕێکخراوێکی چه‌کداری ژێرزه‌مینیه‌. چه‌کیان هه‌یه‌ و له‌شاخن. ئه‌فسه‌ر و سه‌ربازانی سوپای تورکیا ده‌کوژن. هه‌روه‌ها ئه‌و کوردانه‌ی هاوکاری ده‌وڵه‌ت ده‌که‌ن..

ئێوه‌ زۆر به‌ هیواوه‌ له‌ قه‌ندیل گه‌ڕانه‌وه‌. قه‌ره‌یڵانیش گوتی ئه‌م کێشانه‌ به‌ چه‌ک چاره‌سه‌ر نابن. پاشان چی ڕووی دا که‌ په‌که‌که‌ سه‌ر له‌نوێ له‌ مانگی ژولای به‌دواوه‌ په‌ره‌ی به‌ توندوتیژی دا؟ 

ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ هه‌ڵگیرساندنه‌وه‌ی شه‌ڕ زۆر پێچه‌وانه‌ی قسه‌کانی قه‌ره‌یڵان نییه‌. ڕۆژی ٢٥ی ژوئه‌ن قه‌ره‌یڵان به‌ منی گوت "ئیتر کۆمەڵگەی تورکیاش وه‌ک جاران به‌ کینه‌وه‌ سه‌یری چاره‌سه‌ری پرسی کورد ناکا. ئه‌گه‌ر هه‌نگاوی پراکتیکی به‌رز بکرێنه‌وه‌ ڕێگه‌ بۆ ئاشتی خۆش ده‌بێ". ئێستا ڕوو له‌ ده‌وڵه‌ت و سه‌رۆک وه‌زیر ئه‌ردۆغان ده‌ڵێ "تۆ هیچکام له‌مانه‌ت ئه‌نجام نه‌دا. بچووکترین ئاماژه‌ت سه‌باره‌ت به‌ گۆڕینی ده‌ستوری بنه‌ڕه‌تی نه‌دا. ده‌کرا هه‌ندێک هه‌نگاوی پراکتیکی به‌رز بکه‌یه‌وه‌ و پێنج نوێنه‌ره‌که‌ له‌ ناویاندا خه‌تیب دیجله‌ و دیکه‌ی گیراوانی که‌جه‌که‌ت ئازاد کردبا. به‌ڵام تۆ هیچ جموجوڵێکت نه‌بوو. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، درێژه‌ به‌ گرتنی که‌سانی سه‌ر به‌ ئێمه‌ ده‌ده‌ی. به‌ڵێن ناده‌ی یاسا بگۆڕی. له‌ وه‌ها ڕه‌وشێکدا منیش پێش به‌ کادیرانم ناگرم." به‌مجۆره‌ پێ له‌ دوگمه‌ ده‌نێ و ده‌ڵێ "منیش ئازارت پێده‌گه‌یه‌نم. منیش ئه‌و هێزه‌م هه‌یه‌. له‌ به‌ر ئه‌مه‌ش، هه‌ر چۆنێک بێ هه‌نگاوی پراکتیکی به‌رز بکه‌وه‌ با ئێمه‌ش ئاگربه‌ست ڕابگه‌یه‌نین. ئینجا ده‌توانین وتوێژ و دانوستان ئه‌نجام بده‌ین."

به‌ڕای ئیوه‌ ئه‌مه‌ بیانووی سه‌ره‌کییه‌؟ 

نازانم، به‌ڵام... سه‌رۆک وه‌زیر نه‌ پێش و نه‌ پاش هه‌ڵبژاردن هه‌نگاوێکی ئه‌وتۆی نه‌نا. ته‌نانه‌ت گوتی "ئه‌گه‌ر به‌ ده‌ست من بێ ئۆجه‌لان له‌ سێداره‌ ده‌ده‌م". له‌ ڕاستیدا، ئه‌ردۆغان دوابه‌دوای شکستی خابور له‌ ساڵی ٢٠٠٩، هێدی هێدی لاقی له‌ سه‌ر پێداڵی ئاشتی کێشایه‌وه‌.

ئه‌گه‌ر کاسێتی تۆمارکراوی چاوپێکه‌وتنی نێوان میت و په‌که‌که‌ دزه‌ی نه‌کردبایه‌ ناو میدیاکانه‌وه‌، به‌م شێوه‌یه‌ بیرمان ده‌کرده‌وه‌. به‌ڵام هه‌مان سه‌رۆک وه‌زیر له‌ سه‌روبه‌ندی که‌مپینی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا، نوێنه‌ری تایبه‌تی خۆی نارد بۆ ئه‌وه‌ی  لەگەڵ په‌که‌که‌ دانوستان و وتوێژ ئه‌نجام بدا. ئه‌مه‌ چۆن شی ده‌که‌نه‌وه‌؟ 

سه‌رۆک وه‌زیر ئیراده‌ی خۆی له‌م کاره‌دا نیشان دا. ئه‌گه‌ر بڕیارێکی سیاسی له‌ ئارادا نه‌بوایه‌، ئه‌م وتوێژانه‌ ئه‌نجام نه‌ده‌دران. بۆچی ئه‌م وتوێژانه‌ ساز دران؟ ئایا بۆ کات به‌ فیڕۆ دان بوو؟ بۆ تێکشکاندنی په‌که‌که‌ بوو؟ مه‌به‌ست فریودانی یان پارچه‌ پارچه‌کردنی په‌که‌که‌ بوو؟ له‌وانه‌یه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ هۆکار بووبن. به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌دا گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌وڵه‌ت ددانی به‌ ڕاستی په‌که‌که‌ داناوه‌ و دیالۆگی  لەگەڵ ئه‌نجام داوه‌. ئیتر هه‌لومه‌رجی ئاشتی له‌بار بوون. له‌مه‌وبه‌دوا، هیچکامیان ناتوانن به‌ شه‌ڕ و توندوتیژی یه‌کتری له‌ ناو ببه‌ن. نه‌ په‌که‌که‌ ده‌توانێ له‌م ڕێگه‌وه‌ داخوازییه‌کانی به‌سه‌ر ده‌وڵه‌تدا بسه‌پێنێ، نه‌ ده‌وڵه‌ت ده‌توانێ په‌که‌که‌ له‌ شاخ تێک بشكێنێ. من هیوام به‌ به‌رقه‌راربوونی ئاشتی هه‌یه‌.

ئه‌ی موراد قه‌ره‌یڵان بۆچی هیوای به‌ ئاشتی بڕا؟ 

هیوای نه‌بڕاوه‌. سیاسه‌ت له‌ ڕێگه‌ی پێکدادان و توندوتیژیه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌. له‌م ڕێگه‌یه‌وه‌ په‌که‌که‌ ده‌یه‌وێ بڵێ "ئه‌ی ئه‌ردۆغان! هێزێکی وام هه‌یه‌ تا ڕاده‌ی هیلاک بوون ئازارت پێ بگه‌یه‌نێ. من سنووری توندوتیژیت پێ نیشان ده‌ده‌م. ڕۆژانه‌ سێ، پێنج، شه‌ش که‌ست لێ ده‌کوژرێ". سه‌رۆک وه‌زیریش به‌ په‌که‌که‌ ده‌ڵێ "نیشانت ده‌ده‌م ئه‌و کرده‌وانه‌ت به‌ نرخێکی گران ته‌واو ده‌بێ. دێم و له‌ قه‌ندیل ڕاوت ده‌نێم. سه‌رجه‌م لایه‌نگرانت جا چه‌کیان هه‌ڵگرتبێ یان نا، ده‌ستگیر ده‌که‌م و ده‌یانده‌مه‌ دادگا. تۆ له‌به‌رامبه‌ر مندا مه‌حکوومی به‌ له‌ناوچوون." له‌ناو پێڤاژۆیه‌ک داین که‌ هه‌ر لایه‌ک ده‌یه‌وێ ده‌ستی ئه‌وی تر بشکێنێ. به‌ڵام پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ وه‌ها قۆناغێکدا چی به‌سه‌ر په‌که‌که‌ دێ؟

چی به‌سه‌ر دێ؟

 په‌که‌که‌ به‌ کادیرانی ده‌ڵێ سه‌ربه‌ستن و ئه‌وانیش ده‌ڕۆن له‌ هه‌ندێک شوێنی وه‌ک باتمان و سیرت که‌سانی سڤیل ده‌که‌نه‌ ئامانج. ئه‌گه‌ر سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌ پرسیار له‌ کادیرانی په‌که‌که‌ بکه‌ی، ده‌ڵێن "ئێمه‌ دژی ئه‌و چالاکیانه‌ین که‌ که‌سانی سڤیل ده‌کاته‌ ئامانج، به‌ڵام له‌ کۆنتڕۆڵی ئێمه‌ ده‌رچووه‌." ئه‌مه‌ بۆ پاساو نابێ. مه‌ترسییه‌کی گه‌وره‌یه‌. ئه‌گه‌ر بۆ نیشاندانی سنووری توندو تیژی تیرۆریه‌کی وا کوێرانه‌ ده‌ست پێ بکه‌ی، له‌ خاڵێکدا کار له‌ کار ده‌ترازێ و تورکیا بۆ ناو دۆزه‌خێکی قوڵ خلوێر ده‌بێته‌وه‌.

ئه‌گه‌رێکی به‌مجۆره‌ له‌ ئارادا هه‌یه‌؟ 

ئه‌گه‌ر له‌ په‌که‌که‌ بپرسی، ده‌ڵێن نه‌خێر، ئه‌مه‌ ڕوو نادا. ئێمه‌ ده‌زانین چی ده‌که‌ین و ئه‌مانه‌ پاش ماوه‌یه‌ک کۆنتڕۆڵ ده‌که‌ین. به‌ڵام من بڕوای ته‌واوم به‌مه‌ نییه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌م چالاکییه‌ توندانه‌ی په‌که‌که‌ و په‌رچه‌کردار و توندوتیژی ده‌وڵه‌ت ڕوبه‌ڕووی یه‌ک ببنه‌وه‌، هه‌موو شتێک له‌ کۆنتڕۆل ده‌رده‌چێ و تورکیا جارێکی تر خولێکی توندوتیژی مه‌زنتر له‌ ساڵانی ١٩٩٠ به‌ خۆیه‌وه‌ ده‌بینێ. مه‌ترسیه‌کی وا له‌ ئارادا هه‌یه‌. به‌ڵام دوای ئه‌م مه‌ترسیه‌، سه‌ر له‌نوێ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ په‌یژه‌ی یه‌که‌م، واته‌ دانیشتن له‌ سه‌ر مێزی گفتوگۆ. هیچ ڕێگه‌یه‌کی تر به‌دی ناکرێ.

به‌تایبه‌ت له‌م دواییانه‌دا، له‌ نێوان ڕاسپارده‌کانی ئۆجه‌لان و کرده‌وه‌کانی قه‌ندیل جیاوازییه‌کی گرنگ هاته‌ ئاراوه‌. قه‌ندیل بۆچی چیتر گوێ به‌ ڕاسپارده‌کانی ئۆجه‌لان نادا؟

 ئێمه‌ له‌وه‌ دڵنیا نین که‌ قه‌ندیل گوێ به‌ ڕاسپارده‌کانی ئۆجه‌لان نادا. چونکه‌ ئه‌وان هه‌رچی بیڵێن، دواجار ئاپۆ قسه‌ی کۆتایی ده‌کا. تاکه‌ ده‌سه‌ڵات بۆ دابه‌زاندنی په‌که‌که‌ له‌ شاخ و هه‌روه‌ها سه‌قامگیرکردنی ئاگربه‌ست، ئۆجه‌لانه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر بگاته‌ خاڵێک، ئاپۆش ئاستی خۆی ده‌زانێ. ئه‌گه‌ر ئاپۆ، شتێک به‌ قه‌ندیل بڵێ و ئه‌نجام نه‌درێ، کاریزماکه‌ی ده‌روخێ و باندۆڕی نامێنێ. به‌ڵام پێویسته‌ له‌ بیرمان نه‌چێ ئه‌مڕۆکه‌ به‌ بێ ئۆجه‌لان، قه‌ندیل هیچی پێ ناکرێ. له‌ ڕوانگه‌ی خه‌ڵکانێکی زۆره‌وه‌، ئاپۆ ئه‌فسانه‌ و سه‌رکرده‌یه‌کی گه‌وره‌یه‌.

ئه‌گه‌ر به‌ بێ ئۆجه‌لان قه‌ندیل نه‌توانێ هیچ بکا، ئایا ئه‌وه‌ ئۆجه‌لانه‌ ده‌یه‌وێ توندوتیژی په‌ره‌ بستێنێ؟ 

له‌ بیرمان نه‌چی له‌ به‌رامبه‌رماندا ئۆجه‌لانێکیش هه‌یه‌ که‌ ده‌ڵێ "شه‌ڕێکی زۆر گه‌وره‌ به‌ڕێوه‌یه‌. چونکه‌ تا ئێستا وەڵامی منتان نه‌داوه‌ته‌وه‌." چونکه‌ نه‌خشه‌ ڕێگاکانی ده‌دا به‌ ده‌وڵه‌ت. یه‌که‌مین نه‌خشه‌ڕێی له‌ ساڵی ٢٠٠٩ و دووهه‌مینیشی مانگی مه‌ی ٢٠١١ ڕاده‌ستی ده‌وڵه‌ت کرد. قه‌ره‌یڵان خاڵ به‌ خاڵ ئه‌مه‌ی بۆ ئاشکرا کردم. گوتی "ئێمه‌ چاوه‌ڕوانی وەڵامین. هه‌ڵبژاردنه‌کان ئه‌نجام دران، به‌ڵام هێشتا وه‌ڵامێکی ئه‌وتۆ نه‌دراوه‌ته‌وه‌." پاش هه‌موو ئه‌م شتانه‌، قۆناغی ئه‌مڕۆ ده‌ستی پێکرد. بۆیه‌ من له‌ڕاستی ئه‌و قسه‌یه‌ به‌ گومانم که‌ ده‌ڵێ سه‌ره‌ڕای ڕاسپارده‌کانی ئۆجه‌لان، قه‌ندیل توندوتیژی ده‌ست پێکرودوه‌. به‌ بێ ئۆجه‌لان ناتوانن ئه‌م کاره‌ بکه‌ن. لێره‌دا ئێمه‌ شتێکی تر نازانین.

چی؟

 له‌ ئیمڕالی، پارێزه‌ره‌کان ڕاسته‌وخۆ لەگەڵ ئۆجه‌لان داده‌نیشن. نوێنه‌ری ده‌وڵه‌تیش، له‌وێ گوێ له‌ قسه‌کان ده‌گرێ و هه‌موو قسه‌کان تۆمار ده‌کرێن. به‌ڵام ئێمه‌ نازانین نهێنی و په‌یامه‌کانی ئه‌و قسانه‌ به‌ چ شێوه‌یه‌ک ئاڵوگۆڕ ده‌کرێن. له‌وانه‌یه‌ له‌ نێوان ئۆجه‌لان و پارێزه‌رانی یان له‌ نێوان ئۆجه‌لان و ئایسه‌ل توغڵوک به‌درێژایی ئه‌و ساڵانه‌، زمان و په‌یوه‌ندییه‌کی تایبه‌ت دروست بووبێ. به‌گوێره‌ی ئه‌مه‌ش په‌یام بۆ قه‌ندیل ده‌نێردرێ. من ئه‌مه‌م وه‌ک پرسیارێک ئاڕاسته‌ی قه‌ره‌یڵان کرد و لێم پرسی چۆن دڵنیا ده‌بن که‌ ئۆجه‌لان به‌ چ شێوه‌یه‌ک بیر ده‌کاته‌وه‌، له‌ وەڵامدا گوتی "بێگومان ئێمه‌ له‌ یه‌کتری تێده‌گه‌ین. دوای ئه‌و هه‌موو ساڵانه‌، ئه‌مه‌ شتێکی ئه‌سته‌م نییه‌." بۆیه‌ ئێمه‌ نازانین له‌ ناو خۆیاندا زمانێکی هاوبه‌شیان هه‌یه‌ یان نا.

ئیتر هه‌موومان ده‌زانین که‌ میت و په‌که‌که‌ چاوپێکه‌وتنیان ئه‌نجام داوه‌. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش ده‌زانین که‌ چاوپێکه‌وتنه‌کان زۆر به‌رفراوان بوون. بۆچی ئه‌م چاوپێکه‌وتنانه‌ به‌رده‌وام نه‌بوون؟

 سه‌ره‌تا پێویسته‌ بڵێم ئه‌م چاوپێکه‌وتنانه‌ ته‌نیا له‌ ئۆسلۆ ئه‌نجام نه‌دراون و له‌ شاری هه‌ولێری باکووری عێراقیش به‌رده‌وام بوون. داوای نه‌خشه‌ ڕێگایان له‌ ئۆجه‌لان کردوه‌ و هه‌مان ئه‌و نه‌خشه‌ ڕێیانه‌ براونه‌تە قه‌ندیلیش. قه‌ندیل بۆچوونی خۆی له‌مباره‌وه‌ خستۆته‌‌ ڕوو. بۆمان ده‌رده‌که‌وێ له‌ چه‌ند پڕۆتۆکۆلێکدا، ئه‌و لایه‌نه‌ی نه‌خشه‌ڕێی هه‌مه‌لایه‌نه‌ ئاماده‌ ده‌کا ئۆجه‌لان و قه‌ندیله‌. ئۆجه‌لان و په‌که‌که‌ به‌ ده‌وڵه‌ت ده‌ڵێن "ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م نه‌خشه‌ ڕێیه به‌رده‌وام بین و پراکتیزه‌ بکرێ، ئه‌وا به‌ تێپه‌ڕبوونی کات واز له‌ چه‌ک دێنین. له‌ چیاکان دێینه‌ خوار. تۆش وەڵامی ئێمه‌ بده‌وه‌." به‌ڵام وەڵامی ئه‌م داخوازیانه‌ نادرێته‌وه‌. لایه‌نی حکومه‌ت به‌رده‌وام خۆی له‌ وەڵامدانه‌وه‌ ده‌دزێته‌وه‌. قه‌ره‌یڵان ده‌ڵێ "وەڵامی هیچکام له‌ داخوازییه‌کانیان نه‌داوینه‌ته‌وه‌." له‌ ڕاستیدا ئه‌مه‌ گه‌ڵاڵه‌ پێشنیارێکه‌. له‌به‌شێکی ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه‌دا، باس له‌وه‌ کراوه‌ چۆن لێبوردن بۆ که‌سانی شاخ ده‌ربکرێ. له‌لایه‌کی تره‌وه‌ ئاماژه‌ به‌ داهاتووی ئۆجه‌لان کراوه‌. جگه‌ له‌مه‌ گه‌ڵاڵه‌که‌، په‌روه‌رده‌ به‌ زمانی کوردی، به‌ربه‌ندی ١٠%ی هه‌ڵبژاردنه‌کان و گیراوانی سه‌ر به‌ دۆزی که‌جه‌که‌ش له‌ خۆوه‌ ده‌گرێ. ئه‌ردۆغان وەڵامی ئه‌مانه‌ی نه‌داوه‌ته‌وه‌.

له‌ ڕێگه‌ی شه‌ڕه‌وه‌، قه‌ندیل ده‌یه‌وێ چ ده‌سکه‌وتێک به‌ده‌ست بێنێ؟

 دیاره‌ له‌ مێشکی قه‌ندیلدا ئه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ ده‌وڵه‌ت بێنێته‌ سه‌ر مێزی گفتوگۆ. ئه‌گینا بیر له‌وه‌ ناکه‌نه‌وه‌ به‌ شه‌ڕ، چۆک به‌ ده‌وڵه‌ت دابێنن. به‌ده‌وڵه‌ت ده‌ڵێن "ئازارت پێده‌گه‌یه‌نم." ده‌وڵه‌تیش له‌وەڵامدا ده‌ڵێ "منیش زه‌برت لێ ده‌وه‌شێنم." گرنگ ئه‌وه‌یه‌، ڕێگه‌ی گه‌یشتن به‌ مێزی گفتوگۆ کورت تر بکرێته‌وه‌. چونکه‌ کورت کردنه‌وه‌ی ڕێگه‌ یانی چێژانی ئازارێکی که‌متر و ڕژانی خوێنێکی که‌متر.

ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت، هێرشێکی گه‌وره‌ ئه‌نجام بدا، چی ده‌بێ؟ 

شه‌ڕ ڕوو ده‌دا. ئێستاش له‌ باشووری ڕۆژهه‌ڵات (باکووری کوردستان) شه‌پۆلێکی گه‌وره‌ی گرتن له‌ ئارا دایه‌. زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری ئه‌وانه‌ که‌سانێکن له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا ده‌نگیان هێناوه‌ته‌وه‌ و له‌ ژیانیاندا چه‌کیان نه‌بینیوه‌. له‌ لایه‌کی تره‌وه‌، بۆردومانی هه‌وایی درێژه‌ هه‌یه‌ و بۆ ئۆپه‌راسیۆنی به‌ژایی و له‌شکرکێشیش ته‌گبیری پێویست وه‌رگیراون.

ئایا له‌شکرکێشی ئه‌نجام ده‌درێ؟

 له‌وانه‌یه‌، به‌ڵام سه‌ره‌تا ده‌بێ له‌ خۆمان بپرسین له‌شکرکێشیه‌کانی پێشوو چ سودێکیان هه‌بوو تا ئه‌مه‌یان هه‌یبێ؟ ئه‌گه‌ر ڕێکخراوێک له‌ناو کوتله‌کانی گه‌لدا ڕیشه‌ی داکوتابێ، له‌ شاره‌کان خۆی ڕێک خستبێ و به‌هێز بووبێ، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ٢٠٠ تا ٣٠٠ که‌سیشی لێ بکوژرێ، خێرا ئه‌و ژماره‌یه‌ ڕووی تێده‌کاته‌وه‌. تۆ وه‌ک ده‌وڵه‌ت چاره‌یه‌کت نیه‌ جگه‌ له‌ که‌مکردنه‌وه‌ی ئازاره‌کان و سارێژکردنه‌وه‌ی برینه‌کان. په‌که‌که‌ چه‌ته‌ی بادێر ماینهۆف نییه‌. په‌که‌که‌ گوردانی سوور نییه‌. په‌که‌که‌ له‌ ناو کۆمەڵگە دایه‌. به‌واتایه‌کی دیکه‌ په‌که‌که‌ ته‌نیا په‌که‌که‌ نییه‌! په‌که‌که‌ یانی شاره‌وانییه‌کان، یانی کۆمەڵگەی مه‌ده‌نی... په‌که‌که‌ یانی ڕۆژنامه‌ و ته‌له‌ڤزیۆنی ئه‌و ناوچه‌یه‌، یانی سیاسه‌ت... جیاوازییه‌کی که‌ لەگەڵ باکووری ئیرله‌ندا هه‌یه‌تی ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌وێ سه‌ره‌تا حزبی سیاسی (Sinn Féin) دامه‌زرا، پاشان ئه‌وان (IRA)یان بونیاد نا. به‌ڵام لێره‌ سه‌ره‌تا په‌که‌که‌ دامه‌زراوه‌.

سه‌ره‌تا په‌که‌که‌ دامه‌زرا، پاشان پارتی. ئه‌مه‌ش ده‌سپێشخه‌ری سیاسه‌تمه‌داره‌کان زۆر که‌م ده‌کاته‌وه‌، وا نییه‌؟ 

من پێموایه‌ له‌ ڕۆژی ئه‌مڕۆدا، سیاسه‌تمه‌دارانی کورد، به‌ده‌په‌ و سه‌رۆک شاره‌وانیه‌کان بێ بوونی په‌که‌که‌ مه‌حاڵه‌ بتوانن بجوڵێنه‌وه‌. ئه‌مه‌ به‌و واتایه‌ ناڵێم که‌ هه‌موو کرده‌وه‌یه‌کی په‌که‌که‌ په‌سند ده‌که‌ن. جیاوازی فیکریان لەگەڵ په‌که‌که‌دا نیه‌. له‌ ڕاستیدا ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌کی شیاوی ڕه‌خنه‌یه‌. ده‌سپێشخه‌ری له‌ قه‌ندیله‌، به‌ڵام له‌ خاڵێکی ئه‌م په‌یوه‌ندیه‌دا قه‌ندیلیش ده‌که‌وێته‌ ژێر کاریگه‌رییه‌وه‌. بۆ نموونه‌ ساڵی ٢٠٠٩ که‌ ده‌ته‌په‌ (پارتی کۆمەڵگەی دیموکراتیک) له‌ لایه‌ن دادگای ده‌ستوریه‌وه‌ بڕیاری داخستنی درا، ئاپۆ به‌ نوێنه‌رانی گوت "له‌ په‌رله‌مان بکشێنه‌وه‌".

کشانه‌وه‌... 

کشانه‌وه‌ به‌ڵام ئاپۆ پاش هه‌فته‌یه‌ک له‌ قسه‌که‌ی پاشگه‌ز بوویه‌وه‌. له‌ ژێر گوشاری جه‌ماوه‌ر ئاپۆ قسه‌که‌ی وه‌رگرته‌وه‌ و ناچار بوو داوا له‌ په‌رله‌مانتاره‌کان بکا بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان که‌ ده‌نگدانه‌وه‌یه‌کی زۆری هه‌بوو له‌ ناوی میدیای تورک و ڕای گشتی خۆشیاندا. ئه‌مه‌ خۆی له‌ خۆیدا واتایه‌ک ده‌گه‌یه‌نێ. نه‌ قه‌ندیل، نه‌ ئیمڕاڵی و نه‌ سیاسه‌تمه‌دارانی کورد له‌ هیچ بوارێکه‌وه‌ ناتوانن جیاواز له‌ جه‌ماوه‌ره‌که‌یان هه‌ڵسوکه‌وت بکه‌ن. ئه‌مڕۆکه‌ به‌ڕێوه‌به‌رانی داموده‌زگا مه‌ده‌نییه‌کان و سیاسه‌تمه‌دارانی کورد، ڕه‌خنه‌ی جددی ئاڕاسته‌ی په‌که‌که‌ و سیاسه‌ته‌ گشتیه‌کانی ده‌که‌ن. په‌که‌که‌ به‌ هۆی ئه‌و شه‌پۆله‌ توندوتیژه‌ی‌ له‌ مانگی ژوئیه‌ به‌دواوه‌ ده‌ستی پێکرد، شه‌قامی کورد له‌ باشووری ڕۆژهه‌ڵات و سیاسیه‌کانیشی تا دوا ڕاده‌ بێزار کرد.

که‌سی ژماره‌ یه‌کی ئه‌و ڕێکخراوه‌ چه‌کداره‌ واته‌ قه‌ره‌یڵانیش ڕقی له‌م ڕه‌خنانه‌ هه‌ستا و جارێکی دیکه‌ هۆشداری دا به‌ داموده‌زگا مه‌ده‌نییه‌کان بۆ ئه‌وه‌ی له‌ به‌رامبه‌ر کوشتاری که‌سانی سڤیل له‌ لایه‌ن په‌که‌که‌وه‌ بێده‌نگ بن. وانییه‌؟ 

ئه‌گه‌ر په‌که‌که‌ ویستی کورده‌کان بۆ ئاشتی له‌به‌ر چاو نه‌گرێ، کاردانه‌وه‌ نیشان بدا له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و که‌سانه‌ی به‌ هۆی توندوتیژیه‌وه‌ ڕه‌خنه‌ی لێده‌گرن و ڕه‌خنه‌کان به‌ بێ بنه‌ما بزانێ، وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌و ڕۆژانه‌ی دواییدا ڕووی دا و قه‌ره‌یڵان هه‌ندێک لێدوانی له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ڕاگه‌یاند، ئه‌وا هه‌م زیان به‌ ئاشتی ده‌گا، هه‌میش به‌و دۆزه‌ی که‌ په‌که‌که‌ بانگه‌شه‌ ده‌کا له‌ پێناویدا شه‌ڕی کردوه‌. گه‌لی کورد ئاشتی ده‌وێ. به‌ڵام توندوتیژی و به‌کارهێنانی چه‌ک وه‌ک ئامرازێکی سیاسه‌ت و ژیان له‌ شاخیش مه‌ترسی هه‌یه‌. مه‌ترسی ئه‌وه‌ی چه‌ک، توند و تیژی و چیا ببێته‌ شێوازێک له‌ ژیانی ئه‌و مرۆڤانه‌.

له‌ قه‌ندیل هه‌ستتان به‌مه‌ کرد؟ 

بێگومان که‌سانێک هه‌ن که‌ وه‌ک شێوازێکی ژیان ئه‌وه‌یان به‌دڵه‌، به‌ڵام پێموانیه‌ گشتگیر بێ. نیزامه‌ددین تاش یه‌کێک له‌ سه‌رفه‌رمانده‌کانی پێشووی په‌که‌که‌ و هاوڕێیانی، ساڵی ٢٠٠٤ گوتیان "با چه‌ک دانێین و له‌ چیاکان بێینه‌ خوار." ئاپۆ تووڕه‌ بوو و هه‌موویانی پاکتاو کرد. چما ئاپۆ تووڕه‌ بوو؟ چونکه‌ ئاپۆ و فه‌رمانده‌ پێشڕه‌وه‌کانی په‌که‌که‌ تا سه‌باره‌ت به‌ داهاتوویان هه‌ست به‌ گه‌ره‌نتیه‌ک نه‌که‌ن، نایانه‌وێ واز له‌ چه‌ک بێنن. نیزامه‌ددین تاش به‌ منی گوت "حه‌سه‌ن جه‌ماڵ، ئه‌گه‌ر له‌ چاره‌سه‌ری ده‌گه‌ڕێی، دوو خاڵی زۆر گرنگ هه‌ن".

کامانه‌ن ئه‌و دوو خاڵه‌؟

 ده‌یگوت "یه‌که‌م داهاتووی ئاپۆ و ئه‌وی تر، داهاتووی فه‌رمانده‌ پله‌ به‌رزه‌کانی په‌که‌که‌. واته‌ لێبوردنێکی گشتی. گه‌ڵاڵه‌ی ئاشتی بێ ڕه‌چاوکردنی ئه‌م دوو خاڵه‌ به‌ ئه‌نجام ناگا. چونکه‌ که‌سانی وه‌ک جه‌میل بایک، مسته‌فا قه‌ره‌سوو و دوران کاڵکان زۆر به‌ ئاسانی ده‌توانن پلانی ئاشتی لاڕێ بکه‌ن." ئه‌مه‌ نیشان ده‌دا ئاشتی کارێکی ئاسان نییه‌. ئاشتی پێویسته‌ ئیراده‌یه‌کی سیاسی له‌ پشته‌وه‌ بێ. قۆناغی دانوستانه‌کان له‌ ئیرله‌ندای باکوور نۆ ساڵ درێژه‌ی خایاند. ژێر خاک نانی چه‌که‌کان بۆ هه‌تا هه‌تایه‌، نۆ ساڵی درێژه‌ کێشا. ڕێکخراوی (IRA)، ڕێک ڕۆژێک پاش واژۆکردنی ڕێککه‌وتننامه‌یه‌کی گرنگ ٢٩ که‌سی کوشت و چالاکیه‌کی گه‌وره‌ی تیرۆریستی ئه‌نجام دا.

به‌ڕای ئێوه‌ په‌که‌که‌ له‌ چ هه‌لومه‌رجێکدا واز له‌ چه‌ک دێنێ؟

 دابه‌زینی په‌که‌که‌ له‌ چیاکان و به‌رقه‌راربوونی ئاشتیه‌کی یه‌کجاره‌کی به‌ چه‌ند ساڵ مه‌حاڵه‌ و ماوه‌یه‌کی زۆر ده‌خایه‌نێ. ئه‌وه‌ی به‌ لای منه‌وه‌ گرنگه‌، ئه‌وه‌یه‌ سه‌ره‌تا قامکه‌کان له‌ ماشه‌ی چه‌ک دوور بخرێنه‌وه‌ و مرۆڤه‌کان نه‌کوژرێن! له‌ پێناو ئه‌مه‌دا، پێویسته‌ په‌که‌که‌ چالاکیه‌کانی ڕابگرێ، مین نه‌چێنێ و نه‌یه‌ته‌ ناو هه‌رێمه‌کانی شه‌ڕه‌وه‌. سوپاش پێویسته‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی ڕابگرێ. به‌واتایه‌کی تر ئاگربه‌ستێکی مه‌یدانی ڕابگه‌یه‌نرێ. ئه‌و هه‌نگاوانه‌ پێویستیان به‌ هیچ هه‌لومه‌رجێک نیه‌. له‌ پێناو جێبه‌جێ بوونیاندا ده‌بێ ئه‌و ئیراده‌یه‌ هه‌بێ که‌ بڵێ "سه‌ر له‌نوێ له‌ ده‌وری مێزی گفتوگۆ کۆ ده‌بینه‌وه‌". ئه‌ردۆغان زۆر ڕاشکاوانه‌ ده‌ڵێ "با چالاکیه‌کانیان ڕابگرن، بارودۆخه‌که‌ ده‌گۆڕدرێ". لێره‌دا هه‌نگاوی یه‌که‌م پێویسته‌ په‌که‌که‌ به‌رزی بکاته‌وه‌. سه‌ر له‌نوێ ئاگربه‌ست و قۆناغی بێ چالاکی ڕابگه‌یه‌نێ و پاشان ده‌وڵه‌تیش ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی ڕابگرێ. له‌ قۆناغی ڕاگه‌یاندنی کرانه‌وه‌ی دیموکراتیک تا به‌هاری ساڵی ٢٠٠٩ و ڕوداوی خابور، ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی سوپا زۆر سنوردار بوون.

لێره‌دا ده‌وڵه‌تیش خه‌تاباره‌؟

 سوپا وازی له‌ ئۆپه‌راسیۆن نه‌هێنا و هه‌ڵمه‌تی ده‌ستگیرکردنی که‌سانی سه‌ر به‌ که‌جه‌که‌ به‌رده‌وام بوو. ده‌کرا هه‌ندێک گۆڕانکاری له‌ یاساکاندا به‌ دی بێن و به‌شێک له‌ گیراوانی دۆزی که‌جه‌که‌ و هه‌روه‌ها په‌رله‌مانتاره‌کان ئازاد بکرێن.

قه‌ندیل به‌و هێرشانه‌ی دوایی بیری له‌ شه‌ڕی شۆڕشگێڕانه‌ی گه‌ل ده‌کرده‌وه‌. ئایا گه‌لی کورد له‌هه‌لومه‌رجی ئه‌مڕۆدا بۆ شه‌ڕێکی گه‌وره‌ ئاماده‌یه‌؟

 نه‌خێر، کورده‌کان نایانه‌وێ شه‌ڕ بکه‌ن. کورده‌کان خوازیاری ئاشتین. دیاره‌ ئاپۆ و قه‌ره‌یڵانیش ئاگاداری ئه‌وه‌ن که‌ چه‌ک و توندوتیژی ده‌وریان نه‌ماوه‌. له‌ هه‌ر دوو چاوپێکه‌وتنه‌که‌دا موراد قه‌ره‌یڵان به‌ منی گوت "با دانیشین، گفتوگۆ بکه‌ین. هه‌ندێک له‌ داخوازییه‌کانی ئێمه‌ په‌سند بکه‌ن."

به‌ده‌په‌ سه‌ره‌تا مه‌جلیسی بایکۆت کرد و ئێستا له‌ مه‌جلیسه‌. به‌ده‌په‌ چ سیاسه‌تێکی هه‌یه‌؟ 

به‌ده‌په‌ تا ڕۆژی ئه‌مڕۆ هه‌وڵی داوه‌ ئه‌و مافانه‌ی له‌ کوردان زه‌وت کراوه‌ له‌ ڕێگه‌ی ده‌ستوره‌وه‌ ده‌سته‌به‌ریان بکا. داخوازییه‌کانی له‌ ژێر چه‌تری په‌رله‌ماندا دێنێته‌ زمان.

ده‌ستوری بنه‌ڕه‌تی پرسی کورد چاره‌سه‌ر ده‌کا؟

 نه‌خێر، به‌ڵام ڕێگه‌ خۆش ده‌کا بۆ چاره‌سه‌ری ئاشتییانه‌ی کێشه‌که‌. ئه‌گه‌ر پێناسه‌ی هاوڵاتی بوون له‌ ده‌ستوری بنه‌ڕه‌تی نوێدا پشت به‌ نه‌ته‌وه‌ی تورک نه‌به‌ستێ، ڕێگه‌ له‌ مودێلی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆجێی و په‌روه‌رده‌ به‌ زمانی زگماکی نه‌گیرێ، ئه‌وا به‌ ئاسانی ڕێگه‌ بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد خۆش ده‌کرێ. ئێمه‌ هێشتا گفتوگۆ له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌که‌ین که‌ ئایا پێویسته‌ په‌روه‌رده‌ به‌ زمانی کوردی هه‌بێ یان نا. شوره‌ییه‌! په‌روه‌رده‌ به‌ زمانی کوردی ده‌بێ هه‌بێ! کۆمه‌ڵێک ڕێگا هه‌ن. له‌ هه‌نگاوی یه‌که‌مدا، له‌ قوتابخانه‌ ده‌وڵه‌تییه‌کاندا وه‌ک زمانێکی هه‌ڵبژێردراو بخوێندرێ. پاشان ئه‌مه‌  لەگەڵ خۆیدا مۆدێلێکی نوێ دێنێ و له‌ قوتابخانه‌ تایبه‌تیه‌کاندا په‌روه‌رده‌ به‌ زمانی کوردی په‌ره‌ ده‌ستێنێ.

ئایا ده‌ستوری بنه‌ڕه‌تی پرسی په‌که‌که‌ چاره‌سه‌ر ده‌کا؟ 

رێگه‌ی چاره‌سه‌ری هه‌موار ده‌کا. له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌ پێویسته‌ هه‌نگاوی پراکتیکی تاقی بکرێنه‌وه‌. سه‌ره‌تا پێویسته‌ هه‌لومه‌رجی ژیانی ئاپۆ له‌ گرتووخانه‌ له‌بار بکرێ و له‌ پێناو پێشڤه‌چوونی ئه‌م دۆخه‌ هه‌ندێک به‌ڵێن بدرێ. ئینجا له‌ ڕێگه‌ی گۆرینی هه‌ندێک له‌ یاساکانی گرتوخانه‌ و به‌ره‌به‌ره‌کانی  لەگەڵ تیرۆر، په‌رله‌مانتاره‌کان و به‌شێکی به‌رچاو له‌ گیراوانی دۆزی که‌جه‌که سه‌ربه‌ست بکرێن. هه‌روه‌ها ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی که‌جه‌که‌ ڕابوه‌ستێنرێن و ڕێگه‌ بدرێ تاوانباران له‌ دادگا به‌ کوردی پارێزگاری له‌ خۆیان بکه‌ن. به‌ به‌رزکردنه‌وه‌ی چه‌ند هه‌نگاوێکی له‌م شێوه‌یه‌ و په‌یام دانی نه‌رم، په‌که‌که‌ به‌ ناچاری قۆناغی بێ چالاکی ڕاده‌گه‌یه‌نێ. وه‌کووتر، ئاپۆ ئه‌وه‌ دوو مانگ و نیوه‌ چاوی به‌ پارێزه‌ره‌کانی نه‌که‌وتوه‌. پێویسته‌ ئه‌م به‌ربه‌سته‌ش هه‌ڵبگیرێ. سیاسه‌تێکی زۆر هه‌ڵه‌یه‌...

۱۳۸۸/۰۶/۱۸

بازرگانی کردن به کورد و کێشه‌ی موسڵ له لۆزان (به‌شی یه‌که‌م)



وتوێژی ڕۆژنامه‌ی (ته‌ڕه‌ف)  لەگەڵ ئیسماعیل بێشکچی 

سازدانی: نه‌شه دوزه‌ل
له‌تورکییه‌وه: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی

 
بۆچی ئیسماعیل بێشکچی؟

کێشه‌ی کورد که یه‌كێکه له گرنگترین کێشه‌کانی تورکیا، دواجار به شێوه‌یه‌کی جددی که‌وته ڕۆژه‌ڤه‌وه. حکومه‌ت ڕایگه‌یاند نیازو ئیراده‌ی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌که‌ی هه‌یه، (ج.ه.پ) و (م.ه.پ)، گوتیان ڕێگه به‌چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی کورد ناده‌ن و سوپاش لێدوانی زۆر توندی ئاڕاسته کرد. هه‌رچی (د.ت.پ)یشه، هه‌ندێکجار ئه‌رێنی و جارجاره‌ش دنه‌ده‌ر هه‌ڵسوکه‌وتی کرد. سه‌رباری ئه‌مانه، واز له "کرانه‌وه به‌ڕوی کورد"دا ناهێنرێ، کرانه‌وه به خێرایی و قورسی ده‌ڕواته پێش. ئێمه‌ش ئیسماعیل بێشکچیمان دواند، ئه‌و که‌سه‌ی پرسی کورد، زۆر لەمێژه سه‌رنجی ڕاکێشاوه، لێکۆڵینه‌وه‌ی لەسه‌ر ئه‌م مژاره کردوه، له‌پێناویدا تووشی گرتوخانه هاتووه و هێشتاش کتێبه‌کانی هه‌ر قه‌ده‌غه‌ن. ئیسماعیل بێشکچی که ڕێبازێکی زۆر ڕادیکاڵ تر له (د.ت.پ)ه‌ی هه‌یه، لێکدانه‌وه‌کانی له سه‌ر پرسی کورد، بۆچونه‌کانی خۆی ده‌رباره‌ی چاره‌سه‌ری و پرۆسه‌ی کرانه‌وه‌ی حکومه‌ت بۆ ئێمه خسته ڕو.

* * *


نه‌شه دوزه‌ل: ئێوه نوسه‌رێکن سه‌باره‌ت به پرسی کورد توێژینه‌وه‌ی به‌رفره‌تان ئه‌نجام داوه، کتێبتان نوسیووه و له‌م پێناوه‌دا باجی گه‌وره‌شتان داوه، ئه‌کادیمیسیه‌نێکن له‌به‌ر هه‌ڵوێسته‌کانتان له زانکۆ ده‌رکراون و هه‌ڤده ساڵ له ته‌مه‌نتان له به‌ندیخانه تێپه‌ڕاندوه. ئێوه وه‌ک کۆمه‌ڵناسێک، ته‌نیا له سه‌ر لایه‌نی کۆمه‌ڵایه‌تی کورد لێکۆڵینه‌وه‌تان نه‌کردووه بگره زۆر باش شاره‌زای مێژووی کوردیشن. ئه‌گه‌ر پرۆسه‌ی کرانه‌وه‌ی ئێستاکه  لەگەڵ ڕابردودا به‌راورد بکه‌ن، چ جیاوازییه‌ک ده‌بینن؟
ئیسماعیل بێشکچی:
له‌ ڕابردودا، کورده‌کان و زمانی کوردی له‌م وڵاته‌،‌ ڕوبه‌ڕوی نکۆڵی و فه‌وتان ده‌بونه‌وه. سیاسه‌تی ئاسیمیلاسیۆن په‌یڕه‌و ده‌کرا. که‌چی ئه‌مڕۆ، کێشه‌که به‌ناوی خۆیه‌وه قسه‌ی له سه‌ر ده‌کرێ که پێشهاتێکی زۆر گرنگه و گۆڕانکارییه‌کی گه‌وره‌یه. ئه‌وه‌ی ئەمڕۆ جێگه‌ی ڕه‌خنه‌یه ئه‌وه‌یه که ئێستاش قسه‌ له سه‌ر هۆکاره‌کانی کێشه‌ی کورد ناکرێ و ته‌نیا چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌که باسی لێوه ده‌کرێ. ئه‌مه که‌مایه‌سیه‌کی گه‌وره‌یه.

ئایا کۆمه‌ڵگای تورکیا ئیستا ده‌زانێ کێشه‌ی کورد له کوێوه سه‌رچاوه ده‌گرێ؟

نه‌خێر. چونکه قسه له خودی کێشه‌ی کورد و گه‌وهه‌ره‌که‌ی ناکه‌ن.

به‌ڕای ئێوه گه‌وهه‌ری کێشه‌که چییه؟

ئه‌مڕۆکه ٢٠٧ ده‌وڵه‌ت له سه‌رانسه‌ری جیهان هه‌ن. له‌ناویاندا زۆر ده‌وڵه‌ت به‌دی ده‌کرێ که ژماره‌ی دانیشتوه‌کانی له‌ خواره‌وه‌ی میلیۆنێکه. بۆ نموونه یه‌کێتی ئه‌وروپا چه‌ند ئه‌ندامی وه‌ک مالتا، لوگزامبۆرگ و قوبرسی هه‌یه. له کۆنسه‌ی ئه‌وروپاشدا وڵاتگه‌لی وه‌ک سه‌ن مارینۆ، لیخن ئیشتاین و ئاندۆرا هه‌ن که ژماره‌ی دانیشتوه‌کانیان ده‌وروبه‌ری سێسه‌د تا چوارسه‌د هه‌زار که‌سه. کورده‌کان له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین به گشتی، ژماره‌یان ده‌گاته چل میلیۆن، به‌ڵام ئه‌م چل میلیۆنه له نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان، له کۆنسه‌ی ئه‌وروپا و له کۆنفرانسی وڵاتانی ئیسلامی بەدی ناکرێن و خاوه‌نی ستاتۆیه‌کی سیاسی نین. ناوی کورده‌کان له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییدا ته‌نیا  لەگەڵ پاشکۆی تیرۆر دێته سه‌ر زمان. که باسی کورده‌کان ده‌کرێ،  لەگەڵیشدا ناوی "تیرۆری کورد"، "تیرۆری نێوده‌وڵه‌تی" دێت.

ئێوه ده‌ڵێن کورده‌کان له جیهاندا خاوه‌نی هیچ ستاتۆیه‌کی سیاسی نین. ئه‌ی به‌ڕای ئێوه ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی کورد له باکوری عێراق پێکهاته‌یه‌کی سیاسی نییه؟

پێکهاته‌ی باشوری کوردستان، به تێپه‌ڕبونی زه‌مه‌ن ده‌بێته ستاتۆیه‌کی سیاسی. ده‌کرێ ئه‌م ستاتۆیه زیاتر پێش بخرێت و له داهاتوودا ببێته ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ. به‌ڵام لەچاو تورکیا، ئێران، سوریا و قه‌فقاز، کورده‌کان هیچ ستاتۆیه‌کی سیاسیان نییه. بۆ نمونه له نێوان قه‌ره‌باغ و ئه‌رمه‌نستاندا له نێوان ساڵانی (١٩٢٨ ــ ١٩٢٣)ه‌وه، له ناوچه‌که، کۆماری کوردستانی سوور هه‌بوو. ئه‌م کۆماره به ئیراده‌ی ستالین هه‌ڵوه‌شایه‌وه و له ئه‌نجامدا به‌شێک له کورده‌کانی دوور خسته‌وه بۆ ئاسیای ناوین.

سه‌رۆکی کورده‌کان جه‌لال تاڵه‌بانی ده‌ڵێ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆی کوردی خه‌یاڵه. به‌ڕای ئێوه خه‌یاڵ نییه؟

ئه‌م قسه‌یه‌ی تاڵه‌بانی زۆر هه‌ڵه‌یه. یاشار که‌ماڵیش گوتویه‌تی "کورده‌کان ده‌وڵه‌تیان ناوێت" و به میدیاکانی تورکیای ڕاگه‌یاند له‌مڕوه‌وه "نیگه‌ران مه‌بن". لێدوانه‌که‌ی ئه‌ویش زۆر هه‌ڵه‌یه.

به بۆچوونی ئێوه کورده‌کان له تورکیا ده‌یانه‌وێ ده‌وڵه‌ت دابمه‌زرێنن؟

پێویسته گه‌مارۆ نه‌خرێته سه‌ر داهاتوو. له‌وانه‌یه قۆناغێک له قۆناغه‌کانی داهاتوو، بیانه‌وێ ده‌وڵه‌ت دابمه‌زرێنن. نابێ ئاسته‌نگ بخه‌ینه به‌رده‌میان. سه‌یر بکه‌ن... خاڵی گرنگ له کێشه‌ی کورددا، دینامیکه ده‌ره‌کییه‌کانن. ساڵانی ١٩٢٠ دینامیکی ناوخۆیی کورد زۆر لاواز کرا. کورده‌کان له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین پارچه پارچه‌ و دابه‌ش کران و ئه‌مه‌ش بوه هۆکاری له‌ناوچوونی دینامیکی ناوخۆیی. به‌ڵام هه‌ر وه‌ک ئاماژه‌م پێدا له کێشه‌ی کورددا "دینامیکه ده‌ره‌کییه‌کان" به‌هێزترن. ده‌ ساڵ له‌مه‌وپێش کێ بڕوای ده‌کرد سکرتێری یه‌كێتی نیشتمانی کوردستان جه‌لال تاڵه‌بانی ببێته سه‌رۆککۆماری عێراق؟

باشه، پێت وایه دینامیکه ده‌رکییه‌کانی جیهان، ئه‌مڕۆکه گونجاون بۆ ئه‌وه‌ی کورده‌کان ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ دابمه‌زرێنن یاخود یه‌ک بگرن؟

به‌ر له‌هه‌مو شتێ پێویسته ئه‌مڕۆکه گفتوگۆ و قسه لەسه‌ر ئه‌مه بکرێت. کورده‌کانیش ده‌بێ به‌وردی بیر له‌وه بکه‌نه‌وه بۆچی تا ئێستا جه‌ربه‌زه‌ی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تیان له خۆیان نیشان نه‌داوه. خاوه‌نی ژماره‌یه‌کی زۆری دانیشتوانن، به‌ڵام بچوکترین ستاتۆی سیاسیان نییه. کورده‌کان ده‌بێ سه‌باره‌ت به مێژوو و کۆمه‌ڵگەی خۆیان شاره‌زاییان هه‌بێ. ئه‌م قسانه‌م وه‌ک ڕه‌خنه‌ی بێشکچی له کورده‌کان، تێبگه‌ن. بێشکچی ڕه‌خنه له کورده‌کان ده‌گرێ.

ئه‌ی بڕوا ده‌که‌ن له تورکیا، ده‌وڵه‌ت پێداگر بێت لەسه‌ر چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد؟

سه‌ره‌تا ناوی قۆناغه‌که "کرانه‌وه به‌رووی کورد" بوو، پاشان خێرا گۆڕیان و ناوێکی ئاڵۆزی وه‌ک کرانه‌وه‌ی دیموکراتیان لێنا. وه‌زیری کاروباری ناوخۆ له کاتی شرۆڤه‌کردنی پرۆسه‌که‌دا، ته‌نیا جارێکیش وشه‌ی کوردی بەکار نه‌هێنا. زۆر سه‌یره.... قسه لەسه‌ر کێشه‌ی کورد ده‌که‌ین به‌ڵام وشه‌ی کورد به‌کار ناهێنین. هه‌روه‌ها له‌لایه‌ن ده‌زگای ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه بڕیاری پشتگیری له کرانه‌وه ده‌رچوو، به‌ڵام دوابه‌دوای کۆبونه‌وه‌که‌ی ده‌زگای ئاسایش، سه‌رئه‌رکانی گشتی له قسه‌کانیدا پشتگیری خۆی ده‌رنه‌بڕی. به‌دوای ئه‌مانه‌دا، له ناو حکومه‌تیش هه‌ڵوێستی ترسنۆکانه ده‌ستی پێکرد.

له‌و ڕه‌وشه‌ی به کورتی باست کرد، ده‌کرێ چۆن ئه‌نجامێک ده‌ربخه‌م؟

هه‌مو ئه‌مانه به‌ڕاستی گومانیان له‌سه‌ره، گومان له‌وه‌ی حکومه‌ت تا چ ڕاده‌یه‌ک سووره له سه‌ر چاره‌سه‌ری کێشه‌که یان تا چه‌ند ئه‌م پێداگرییه‌ی ده‌خاته واری پراتیکه‌وه. سه‌باره‌ت به چاره‌سه‌ری پرسی کورد ده‌بێ حکومه‌ت دینامیکی گه‌وره‌تری هه‌بێ و قسه‌کانی به‌دی بێنێ. حکومه‌ت ده‌بێ له‌م بابه‌ته‌دا، قه‌ناعه‌ت به سوپا بێنێ.

ئه‌گه‌ر بێت و کرانه‌وه‌ی دیموکراتیک جێبه‌جێ کرا، ئایا چه‌که‌کان بێده‌نگ ده‌بن؟‌ تۆ بڵێی ئاشتی سه‌قامگیر بێت؟

کێشه‌ی کورد دو ڕه‌هه‌ندی هه‌یه. لایه‌نێکی کێشه‌که، په‌یوه‌ندی به سیاسه‌تی توانه‌وه و نکۆڵی ده‌وڵه‌ته‌وه هه‌یه له به‌رامبه‌ر کورده‌کان و زمانی کوردی که ئه‌م لایه‌نه‌ی کێشه‌ی کورد ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵانی پێش (١٩٢٠) و سه‌رچاوه‌که‌ی سه‌پاندنی سیاسه‌تی ئاسیمیلاسیۆنه. ئێوه وه‌ک حکومه‌ت گه‌ر بتانه‌وێ هه‌نگاو به‌رز بکه‌نه‌وه له پێناو دیموکراتیزه بووندا، پێویسته واز له هه‌ڵوێستی نکۆڵی و فه‌وتان بێنن و له سیاسه‌تی هه‌شتا ساڵه‌ی ئاسیمیلاسیۆن دوور بکه‌ونه‌وه.

چۆن؟

بۆ میناک، ده‌وڵه‌ت ده‌توانێ مۆڵه‌ت بدا به په‌خشی که‌رتی تایبه‌ت به زمانی کوردی... ناوی کوردیی شوێنه‌کان بگه‌ڕێنێته‌‌وه.. له قوتابخانه به‌ کوردی بخوێنرێ... مافی په‌روه‌رده به کوردی به ڕه‌وا ببینێ... ئه‌نیستیتۆی کوردۆلۆژی دابمه‌زرێن... له پێناو به‌رزکردنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌نگاوانه، پێویست ناکا حکومه‌ت  لەگەڵ ئه‌م و ئه‌و کۆ ببێته‌وه. ده‌وڵه‌ت ده‌توانێ پاڵپشت به ئێراده‌ی خۆی، جێبه‌جێان بکا. به‌ڵام سه‌رجه‌م ئه‌م هه‌نگاوه دیموکراتییانه‌ی ئاماژه‌مان پێدان، ته‌نها ته‌واوکه‌ری لایه‌نێک له کێشه‌ی کورده.

لایه‌نی دووهه‌می کێشه‌ی کورد چییه؟

کێشه‌ی کورد له لایه‌کی دیکه‌وه په‌یوه‌ندی به په‌که‌که‌وه هه‌یه که لێره‌دا پێویسته حکومه‌ت  لەگەڵ که‌سانێکدا دابنیشێ. به گوێره‌ی بۆچوونی من، لەپێناو بێده‌نگ بوونی چه‌که‌کان، ده‌بێ حکومه‌ت  لەگەڵ (د.ت.پ) کۆ بێته‌وه. (د.ت.پ) بڕوا ئه‌م مژاره  لەگەڵ په‌که‌که‌دا گفتوگۆ بکات. به‌واتایه‌کی دیکه، (د.ت.پ) له سه‌ر بابه‌تی هاتنه خوار له چیاکان،  لەگەڵ ئیمرالی دابنیشێ. بۆ ئه‌وه‌ی په‌که‌که چه‌که‌کانی دابنێ، گرنگه بزانرێ ددان به چ مافێکی کوردان داده‌نرێت. له‌م ڕوانگه‌وه، (د.ت.پ) ده‌بێ ڕاسته‌وخۆ چاوی به ئۆجه‌لان بکه‌وێ تا له هه‌لومه‌رجه‌کانی چه‌کدانانی (پ.ک.ک) تێبگا.

به ته‌نها ئۆجه‌لانه بڕیار له سه‌ر چه‌کدانانی په‌که‌که ده‌دا؟

به قه‌ناعه‌تی من، ته‌نها ئۆجه‌لان بڕیار له سه‌ر ئه‌مه ده‌دات. قه‌ندیل، واته به‌ڕێوه‌به‌رانی شاخ و فه‌رمانده‌کان گوێ له قسه‌کانی ئۆجه‌لان ده‌گرن. بۆیه ده‌بێ بابه‌تی وازهێنان له چه‌ک  لەگەڵ (د.ت.پ) و ئۆجه‌لان بخرێته به‌ر باس. به‌ڵام (د.ت.پ) له دوایین میتینگی خۆیدا له ڕۆژی جیهانی ئاشتی توشی هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره بوو. ئادرێسی ئۆجه‌لانی نیشانی حکومه‌ت دا. ڕایگه‌یاند لەپێناو چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی کورد، ئه‌و شوێنه‌ی پێویسته چاوپێکه‌وتنی تێدا ئه‌نجام بدرێ، ئیمڕالیه. پارتێکی سیاسی قه‌ت ناڵێ " لەگەڵ مندا گفتوگۆ له سه‌ر کێشه‌که‌ مه‌که‌ن."

به‌ڕای ئێوه بۆچی (د.ت.پ) گوتی " لەگەڵ ئیمڕالی دابنیشن"؟

ئه‌مه شتێکه ڕاشکاوانه په‌یوه‌ندیی به ئۆجه‌لانه‌وه هه‌یه. هێزی کاریگه‌ر له‌ناو (پ.ک.ک)دا، ئۆجه‌لانه. به‌ڵام (د.ت.پ) ده‌بێ له‌م قۆناغه‌دا ئه‌کتیڤ بجوڵێته‌وه. ئه‌گه‌ر (د.ت.پ) ئه‌م ڕۆڵه گرنگه بگرێته ئه‌ستۆ، ده‌توانێ هه‌م حکومه‌ت و هه‌م ئیمڕالی بکاته شوێنی چاوپێکه‌وتن.

په‌که‌که به چ مه‌رجێ قایل ده‌بێ له چیاکان بێته خوار؟

به‌ڕای من، دروستبونی پێکهاته‌یه‌کی فیدراڵی که تیایدا کورده‌کان له هه‌ندێک ڕووه‌وه خۆیان ده‌سه‌ڵاتی خۆیان بکه‌ن، پێویسته. په‌روه‌رده به زمانی زگماکی، مه‌جلیسی خۆجێی و پێکهێنانی هێزی ئه‌منی له‌و مافانه‌ن که پێویسته پێیان بدرێ. ئه‌مه بۆچوونی تایبه‌تی منه. لێره‌دا پرسیارێکی گرنگ خۆی زه‌ق ده‌کاته‌وه: په‌که‌که‌ییه‌کانی شاخ که وازیان له چه‌ک هێنا، چی ده‌که‌ن؟ گۆیا له چیاکانی تورکیا دو هه‌زار و له‌‌عێراق ژماره‌یان ده‌گاته سێ هه‌زار که‌س. ئه‌م پێنج هه‌زار مرۆڤه چه‌کداره، پاش ئه‌وه‌ی چه‌که‌کانیان دانا و له چیاکان هاتنه خوار، چی ده‌که‌ن؟

به ڕای ئێوه ده‌بێ چی بکه‌ن؟

له نێوان ئیسرائیل و فه‌له‌ستینیشدا کێشه‌یه‌کی ئاوا هه‌بوو که ساڵی ١٩٩٣ دوابه‌دوای په‌یماننامه‌ی "ئۆسلۆ"، چاره‌سه‌ر کرا. چونکه ئۆتۆنۆمی درا به فه‌له‌ستینیه‌کان. ڕێکخراوی ڕزگاریبه‌خشی فه‌له‌ستین به‌مجۆره چه‌کی دانا و بوو به هێزی پاراستنی هه‌رێمی ئۆتۆنۆمی فه‌له‌ستین. هه‌ر به‌م شێوه‌یه، پاش وه‌رگه‌ڕانی سه‌دام حسێن له عێراق، پێشمه‌رگه چه‌کی دانا. به‌ڵام پێشمه‌رگه‌ش کاتێک چه‌کی دانا که بو به هێزی پاراستنی هه‌رێمی کوردستان. لای ئێمه‌ش ده‌کرێ په‌که‌که، پاش ئه‌وه‌ی له ناوچه‌که ده‌سه‌ڵاتی ئۆتۆنۆم یان فیدراسیۆن دامه‌زرا، ببێته هێزی پاراستنی ئه‌م پێکهاته نوێیه. به‌م شێوه‌یه واز له چه‌ک دێنێ. به‌ڕای من په‌که‌که لایه‌نگری چاره‌سه‌رییه‌کی له‌مجۆره‌یه.

ئه‌وه‌نده‌ی به بیرم بێ، چه‌ند مانگ له‌مه‌وبه‌ر ئه‌و پێشنیاره‌تان بۆ یه‌که‌مجار له سایتێکی ئه‌نته‌رنێتدا بڵاو کرده‌وه. نوسیبووتان "ئه‌و په‌که‌که‌ییانه‌ی له چیاکان هاتونه‌ته خوار، له ژیانی مه‌ده‌نیدا به چییه‌وه خه‌ریک ده‌بن؟ ئه‌و مرۆڤانه‌ی بیست ساڵه چه‌کیان له سه‌ر شانه، خۆ کاری فیزیکی و بیناسازی ئه‌نجام ناده‌ن. با ئه‌مانه ببنه هێزی تایبه‌تی پاراستن." ئێستا ئۆجه‌لانیش، له نه‌خشه‌ ڕێیه‌که‌یدا که دزه‌ی کردۆته میدیاکان، هه‌مان پێشنیاری کردووه. ده‌یه‌وێ کورده‌کان له ناوچه‌که‌دا ببنه هێزی تایبه‌تی پاراستن. ئایا ئۆجه‌لان پێشتریش باسی "هیزی پاراستن"ی کردووه؟

ساڵانی (١٩٨٠) که داوای کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆ و یه‌کگرتووی ده‌کرد، ویستێکی له‌مجۆره‌ی هه‌بوو. به‌ڵام پاش چوونی بۆ ئیمڕالی، چاوپێکه‌وتنی  لەگەڵ پارێزه‌ره‌کان ده‌شۆپێنم، نه‌مبینیووه ئۆجه‌لان داخوازییه‌کی ئاوا بێنێته گۆڕێ.

باشه ویستی دامه‌زراندنی هێزی پاراستن له ناوچه‌یه‌کی ئۆتۆنۆم و دروستبوونی پێکهاته‌یه‌کی ئۆتۆنۆم، له‌ڕاستیدا نایه‌ته واتای دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی فیدڕاڵ؟

به‌ڵێ. منیش مه‌به‌ستم له‌وه‌یه، ده‌ڵێم با فیدراسیۆن سه‌قامگیر بێ. ده‌بێ گۆڕانکارییه‌کی ڕیشه‌یی له پێکهاته‌ی ده‌سه‌ڵاتی تورکیادا پێک بێت.

ئایا ئۆجه‌لان ئێستا داوای فیدراسیۆن ده‌کا؟

پاش ئه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی ڕێگه‌که‌ی له میدیاکاندا ڕه‌نگی دایه‌وه، سه‌باره‌ت به هێزی تایبه‌تی ئاسایش گوتی "بۆچونی من به هه‌ڵه لێک درایه‌وه، مه‌به‌ستی من ئه‌وه نه‌بوو". به بۆچونی من، په‌که‌که یان هێزی تایبه‌تی پاراستن ده‌بێ پارێزگاری له فیدراسیۆن بکات.

ئایا ده‌وڵه‌ت مه‌رجه داواکراوه‌کانی په‌که‌که په‌سند ده‌کات؟

له نزیکخایه‌ندا مه‌حاڵه. ئایدیۆلۆژیای فه‌رمی له تورکیا زۆر بەهێزه. په‌سندکردنی هێزی تایبه‌تی پاراستن، پێویستی به گۆڕانکاری هه‌مه‌لایه‌نه له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕای گشتی له‌م وڵاته‌دا هه‌یه. پڕۆسه‌ی کرانه‌وه به ڕوی کورد که ئێستا ناوی کرانه‌وه‌ی دیموکراسیه، ئه‌م گۆڕانکارییه ناچه‌سپێنێ. لێ ئه‌م هه‌نگاوه، ڕێگه له به‌رده‌م چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی کورد له کورتخایه‌ندا خۆش ده‌کات. چونکه بۆ ئه‌م قۆناغه له کرانه‌وه ده‌بێ لێکۆلینه‌وه و توێژینه‌وه له سه‌ر ساڵانی ١٩٢٠ بکرێ.

لێکۆڵینه‌وه له ساڵانی ١٩٢٠ چ ده‌رئه‌نجامێکی لێده‌که‌وێته‌وه؟

له‌وه ده‌گه‌ن کورده‌کان چۆن پارچەپارچه و دابه‌ش بوون. کوردستان چۆن به‌سه‌ر تورکیا، ئێران، عێراق، سوریا و قه‌فقازیادا، دابه‌ش بووه؟ سنوری نێوان ئێران ــ عێراق، تورکیا ــ عێراق چۆن دروست بووه؟ عه‌شیره‌کان، دێهاته‌کان و خێزانه‌کان چۆن بوونه‌ته دوو به‌ش؟ فه‌ره‌نسا و به‌ریتانیا ئه‌وکات چیان کردووه؟ کورده‌کان به چ شێوه‌یه‌ک وه‌ڵامی هه‌ڵوێستی ئه‌و وڵاتانه‌یان داوه‌ته‌وه؟ ئه‌م بابه‌تانه ده‌بێ به شێوه‌یه‌کی ئه‌کادیمی توێژینه‌وه‌یان له سه‌ر بکرێت.

به‌ڕای ئێوه په‌یوه‌ندیدار به‌و ساڵانه، چ شتێک هه‌یه که نایزانین؟

سه‌رچاوه‌ی کێشه‌ی کورد ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵانی ١٩٢٠. یه‌ک دوو ساڵی ئه‌و سه‌رده‌مانه واته ساڵانی نێوان ١٩١٩ و ١٩٢١، قۆناغێکی زۆر ته‌ماوییه. کۆنسوڵخانه‌ی به‌ریتانیا بۆ جه‌نگ، وه‌زیرانی وڵاتانی ژێرده‌ست و وه‌زیری کاروباری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا له‌مه‌ڕ کوردستان سیاسه‌تێکی شه‌فافیان نه‌بووه. به‌تایبه‌تی تورکیاش هه‌وڵ ده‌دا ئه‌و په‌یوه‌ندییانه له‌ناو تاریکیدا بمێننه‌وه.

پێت وایه ده‌یانه‌وێ چ شتێک بشارنه‌وه؟

به‌تایبه‌ت ده‌یانه‌وێ قۆناغی ١٩١٩ بۆ ١٩٢١ واته ساڵانی پارچه‌بوون و دابه‌شبوون له نه‌ستی کورده‌کاندا نه‌بوژێته‌وه. باشه بۆچی یه‌کێتی سۆڤیه‌ت سه‌رباری ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام باسی دیاریکردنی مافی چاره‌ی خۆنووسینی گه‌لانی ده‌کرد، له به‌رامبه‌ر دابه‌شبوونی کوردستاندا مته‌قی لێوه‌ نه‌هات؟ ده‌بێ ئه‌مانه لێکۆڵینه‌وه و توێژینه‌وه‌یان له سه‌ر بکرێ.

ئایا ئه‌م پارچه‌بوونه هۆکارێکیشی ناگه‌ڕێته‌وه بۆ کورده‌کان خۆیان؟

بێگومان... سیاسه‌تی پارچه پارچه‌ی بکه و به سه‌ریدا زاڵ به، ئه‌گه‌ر له سه‌ر لایه‌نێک پێک بێت، دیاره لاوازی زۆر به‌رچاوی هه‌یه. هێزه داگیرکه‌ره‌کان ئه‌م لاوازییه گه‌وره‌یه ده‌قۆزنه‌وه و پارچه‌ پارچه‌یان ده‌که‌ن.... باشه لاوازی کورده‌کان چی بوو که‌وا بوونه ئامانجی دابه‌شبوون؟ پێویسته ئه‌م پرسیاره لێکۆڵینه‌وه‌ی له سه‌ر بکرێت. له‌ڕاستیدا سیاسه‌تی سه‌ره‌کیی هه‌شتا ساڵی ڕابردوو، په‌یوه‌ندیی به نەوتەوە هەیە. ساڵی ١٩٨٠ په‌تڕۆڵ دۆزرایه‌وه و به‌ریتانیا به‌مجۆره داوای کردوه ویلایه‌تی موسڵ بخرێته سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی عێراقی ده‌ستکردی خۆی.

ده‌زانین، ئه‌مانه شتگه‌لێک نین له تارماییدا مابنەوە.

به‌ڵام ئاخۆ کورده‌کان چۆن پارچه پارچه و دابه‌ش بوون؟ ئه‌م بابه‌ته سه‌داسه‌د به شێوه‌یه‌کی نهێنی تاوتوێ کراوه. بۆ وێنه له په‌یماننامه‌ی لۆزاندا کورده‌کان له‌به‌ر چاو ناگرن، به‌ڵام بێگومان له پشت په‌رده ده‌رهه‌ق به کورده‌کان لەگەڵ یه‌کتری دانیشتن ئه‌نجام ده‌ده‌ن و بیروڕا ئاڵوگۆڕ ده‌که‌ن. ئه‌وکات مسته‌فا که‌ماڵیش پێداگری له سه‌ر موسڵ ده‌کرد. گوتویه‌تی "چوار سه‌د ساڵه ئێمه ئه‌وان به‌ڕێوه ده‌به‌ین. باب و باپیرمان له‌وێ ئه‌سپیان تاو داوه، ئه‌وێ هی ئێمه‌یه" و له‌سه‌ر ئه‌مه له نێوان به‌ریتانیا و تورکیا تا بڵێی، ناکۆکی دیپلۆماسی ڕویداوه.

تێنه‌گه‌یشتم... ئه‌گه‌ر ویلایه‌تی موسڵ ڕاده‌ستی به‌ریتانیه‌کان نه‌کرایه، کورده‌کان پارچه پارچه نه‌ده‌بوون؟

له ئه‌نجامی لێکۆڵینه‌وه‌دا بۆم ده‌رکه‌وتووه که ئاڵۆزی دیپلۆماسی نێوان به‌ریتانیا و تورکیا، پاش ماوه‌یه‌ک په‌یماننامه‌یه‌کی وه‌های  لەگەڵ خۆیدا هێناوه. له‌وانه‌یه مسته‌فا که‌ماڵ گوتبێتی "ئێمه له باشوور واز له ویلایه‌تی موسڵ دێنین، له به‌رامبه‌ریدا ئێوه‌ش ببنه ئاسته‌نگ له به‌رده‌م ویستی ئۆتۆنۆمیخوازی کورده‌کانی باشوور." سه‌یر که‌ن... که لێکۆلێنه‌وه له سه‌ر ده‌سه‌ڵاتداره ژێر ده‌سته‌کانی به‌ریتانیا ده‌که‌ین، وه‌ک هیندستان، باشوری ئه‌فریقا، کێنیا، ئه‌فریقای ناوین و سۆمالی، له هه‌موویاندا ئه‌مه ده‌بینرێ. به‌ریتانیا له‌ هه‌موو شوێنێک ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربه‌خۆی دامه‌زراندووه. ته‌نها شوێنی ژێر ده‌ستی که ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربه‌خۆی تیادا دروست نه‌کردووه، کوردستانه.

ئایا پێتان وایه له ئه‌نجامی بارزگانی پێکردنی ئاتاتورکدا، کورده‌کان نه‌یانتوانی پێکهاته‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ دابمه‌زرێنن؟

بێگومان، بێگومان. به پێی خوێندنه‌وه‌کانم، وا بیر ده‌که‌مه‌وه که له‌وانه‌یه پێڤاژۆیه‌کی وا هاتبێته پێش.

ئه‌گه‌ر ئه‌مه ڕاست بێ... بۆچی ده‌بێ مسته‌فا که‌ماڵ، وه‌ها داواکارییه‌کی بووبێ؟

له‌وانه‌یه بیری له‌وه کردبێته‌وه که ئه‌گه‌ر کورده‌کان له باشور سه‌ربه‌خۆ بن، ئه‌مه کاریگه‌ری داده‌نێته سه‌ر کورده‌کانی باکوور. له‌وانه‌یه بۆ ئاسته‌نگ کردنی ئه‌م کاریگه‌رییه وه‌ها داواکارییه‌کی پێشکه‌ش کردبێ. پێموایه ده‌کرێ به‌ڵگه‌ی په‌یوه‌ندیدار له ئه‌ڕشیڤی نێوان ساڵانی (٢١ ــ ١٩١٩)دا بدۆزرێته‌وه.

له به‌شی دووهه‌مدا؛
کورده‌کان ده‌توانن شانبه‌شانی تورکه‌کان بژین؟ ئایا کورده‌کان دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تیان پێ گرنگه؟ بوونی مافی یه‌کسان  لەگەڵ تورکه‌کان به ته‌نیا به‌سه؟ ئه‌گه‌ر ڕۆژێک کورده‌کان بیانه‌وێ جیا ببنه‌وه، تورکه‌کان قایل ده‌بن؟