۱۳۹۴/۱۲/۰۹

ســـەیرم کــە بـــرا!



یاشار کەماڵ
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی
 
یەکەم جار کە هاتبوو سواری شەمەندەفەر ببوو، جاری دووهەمیش ئێستا. ئارام و قەراری لێ هەڵگیرابوو. برۆکانی تێک نابوون. بێ ئۆقرە بوو. لەسەر چەمەدانە دارینە گەورە زەردەکەی دانیشتبوو. دەتگوت لەسەر پەنگر دانیشتووە. پاڵی بە دیوارەوە دابوو. شەپقەکەی، پاتۆڵەکەی، پەستەکەکەی، چاکەتەکەی و پێڵاوەکانی نوێ بوون و دەبریقانەوە. دەتگوت تازە لە کارگە هاتوونەتە دەر. پەستەکەکەی، زەردێکی هێڵ‌دار بوو. چاوی لەبەر هەڵنەدەهات. خەڵک، پۆل پۆل دەهاتن و دەچوون. لە تەقەڵا دابوون. نیگای لە هێڵی دوور و درێژی شەمەندەفەر بڕیبوو. زەرگەتەیەکی مردوو لەسەر عەرز بەدی دەکرا. چەند توێکڵە شووتییەک، توێکڵە کاڵەک و تۆوی تروکاو بە چیمەنتۆکەوە لکابوون… چەند زەرگەتەیەک لەسەر تۆوەکان دەنیشتن و هەڵدەفڕینەوە. زەرگەتەکان بەنێو لاقی خەڵکیدا دەسووڕانەوە. لە شوێنێکی جەستەی، ڕەنگە سەری یان پشتی، هەستی بە بێ‌تاقەتی، شەکەتی و ماندووبوون دەکرد.
کتوپڕ شەمەندەفەرەکە بە هاڕە هاڕ خۆی بە وێستگە داکرد. جانتا دارینەکان وە حەوا کەوتن. شەمەندەفەر کە دووکەڵی گەرم و شینی لێ بەرز دەبۆوە، وەستا. دەست و بردێ هەستا و بە نێو قەرەباڵغی خەڵکدا خۆی گەیاندە شەمەندەفەرەکە. بە هەڵەداوان خۆی لە داڵانی واگۆنێک پەستاوت. ناو داڵانەکان لە خەڵک جمەی دەهات. پێیان لێ نا و پێی لێ نان. لە بەردەم هۆدەیەک وەستا. سەراپای گیانی شەڵاڵی ئارەق بوو. ڕووخساری سوور هەڵگەڕابوو. دەتگوت ئێستا نا ئێستا کەواکەی لە شانی دادەکەوێ. دیار بوو ناشارەزایە. کچێک و کوڕێکی گەنج، لەنێو هۆدەکەدا دانیشتبوون. سەیری کردن. پاشان وە ژوور کەوت. جانتا گەورە دارینەکەی هەڵگرت و لە سەرەوە تاقەتی کرد. خۆیشی لە گۆشەیەک دانیشت. نێو هۆدەکە بۆنی پیوازی شینی لێ دەهات. ناوەوە هەوایەکی بەهاری هەبوو. جارێک بۆنی پێوازی شین، جارجارە خۆڵی تازە و جارناجارێ بۆنی بەهار…
شەمەندەفەر کەوتە ڕێ. کچە سەری خستبووە سەر شانی کوڕە گەنجەکەی بەرامبەر. چاوەکانی جارێک هەڵێنا و وە سەر یەکی نانەوە.
شەمەندەفەر، دووکەڵی شین و گەرمی لە حەوا دەکرد.
بڕیاری دا لە وێستگەی دواتر دەسکێ پیوازی شین بکڕێ. بەڵام دوودڵ بوو. لەبەر خۆیەوە گوتی "بەو دەم و دەستە پیوازی چی…"، پاشگەز بۆوە "تا دەگاتە گوند… مەزرایەکی پڕ…"، پاشان پەژیوان بۆوە، "بۆ دەسکە پیوازێک بە چەند قرووشە… نرخەکەی چەندە!"
لە وێستگە، دەسکە پیوازێکی گەورەی کڕی. بیست و پێنج قروشی پێ دا. کە گەیشتەوە گوند… بۆ خەڵکی ئاوایی دەگێڕێتەوە و هێندە وە پێکەنینیان دەخا، زگیان وە ئێش دێنێ... پیوازی تەڕ و تورت… پیوازی وا بەتام… کوا پێوازی وا! پیواز بە نۆرەی خۆی، بێ‌تامترین و خراپترین خواردنە. هەموو ڕۆژێکی خوا… پیاو بەرگەی ناگرێ. زاری مرۆڤ دەبێتە قالبە سابوون. کەفێ دەکا. لەگەڵ ئەوەشدا، بە درێژایی ساڵ لە تامەکەی تێر نابی. پیواز ئاوایە.
کچە خەوتبوو. کوڕەکە داڵغەی ڕۆیشتبوو. کاکۆڵی ڕەشی کوڕەکە لە بن شەپقەکەی هاتبووە دەرێ. قژە قەترانییەکەی لە ژێر تیشکی خۆردا سەوز دەچوو.
کتوپڕ هەستی بەوە کرد کوڕە گەنجەکە چاوەکانی بڕیوەتە ئەو و تێی ڕاماوە. دوو چاوی گەورە و زەق، قورساییان لەسەر جەستەی دانابوو.. سەری دانەواند. دڵی بەرایی نەدا، سەری بەرز کردەوە، بینی دیسان… هەمدیس سەری دانەواندەوە. سەیری ڕاست و چەپی خۆی کرد. بە ڕقەوە، قەپاڵێکی لە پیوازەکەی نێو دەستی گرت. پاشان هەمدیس سەری بەرز کردەوە. دیسان چاوی لەو چاوە گەورە و خەمۆکانە هەڵەنگووت. دەتگوت ئەو چاوانە لێخەی نابنەوە. بە حەپەسانەوە جووتێ پیوازی لە دەسکەکە کردەوە، دەستی بەرەو گەنجەکە ڕاداشت و گوتی:
"وەریگرە برام، وەریگرە! تۆش تامێکی بکە!"
گەنجەکە بە سووکە سەر ڕاوەشاندنێک، ڕەتی کردەوە.
ئەم پێداگرانە گوتی:
"وەریگرە، وەریگرە، وەریگرە برام! پارویەکی لێدە!"
کوڕەکە هەروا بە ئەسپایی سەری ڕادەوەشاند و چاوەکانیشی لەسەر وی هەڵنەبڕیبوو.
مەحموودە زەرد - ناوی پیاوەکە مەحموودە زەرد بوو - گوتی:
"با ئەو خوشکەش بیخوا! زۆرم پێیە. پیوازی شین، دەرمانە. ئەگەر پیوازی شین بخۆی، چەندەش شەکەت و هیلاک بی، لە گەرمای نیوەڕۆدا بنووی، کە هەستای، وەک ئەوە وایە ئێستا لەدایک بووی. شتی شین هەر باش و بەکەڵکە، وەک پیوازی شینت چنگ ناکەوێ."
کوڕە گەنجەکە ئەمجارەیان بە نیشانەی نا سەری توندتر ڕاوەشاند.
مەحموودە زەرد:
"پیوازی شین لە گەرمادا فێنکت دەکاتەوە."
چاوەکانی کوڕە گەنجەکە وەها لەسەر مەحموودە زەرد ئەبڵەق مابوون کە… لە ناوەوە ئاخێکی هەڵکێشا و لە دڵی خۆیدا گوتی:
"ئاخ. خێرە! ئەخە باشە ئەو تووتکە سەگە بۆ وا سەیرم دەکا؟"
کچەکە لەو ساتەدا خەبەری بۆوە. سەری بەرز کردەوە. مات مات ڕوانی و پاشان هەمدیس سەری بۆ سەر شانی کوڕەکە لار کردەوە و چاوەکانی نوقاند.
شەمەندەفەر، بەنێو دەشتێکی پان و پۆڕدا، بە لەز دەڕۆیشتە پێش. دەربەندێکی وشک و دارتێلەکانی تێلێگراف، خێرا بە پێش چاوەکانیدا ڕەت بوون. پاشان کۆمەڵێک دار. بایەک هەڵیکردبوو و پووش و پەڵاشی دەشتی بەرەو باشوور شکاندبۆوە. لەوانەشە لەبەر خێرایی شەمەندەفەرەکە وا بنوێنێ. پاشان، تۆزێک وەک هەور دەشتەکەی داپۆشی. دەشت بە جارێ لە تەپ و تۆز داماڵرا.
گەیشتنە ڕووبارێک. شەمەندەفەر لەسەر پردێکی بچووکی ئاسنین فیشکاندی. تیشکی خۆر، نێو ڕووبارەکەی ئاخنیبوو. دەرکەوتن و ونبوونی کەمەندی تیشک پێکەوە لکان. پاشان لە ئاسمان چاوی بە هەڵۆیەک کەوت. لە ماوەیەکی کورتدا، هەڵۆکەی کەشکەڵان، لە پشت سەریان بە جێما.
نیگاکانی کوڕەکە هەروا لە دڵی مەحموودە زەردا مابوونەوە. سەری بۆ ناوەوە وەرسووڕاند. چاوەکانی هەڵنەهێنا و لە کوڕەکەی نەڕوانی. سەری لەنێو کۆشی دابوو. پاشان هەمدیس سەری بۆ دەرەوە وەرسووڕاند. لە نێوەڕاستی دەشتەکەدا، تاقە مانگایەکی بینی دەڵەوەڕا و ئێسک و پرووسکی بە دیار کەوتبوو. مانگاکە لە ساتەوەختێکدا بای داوە و ون بوو.
تا چاو هەتەر کا دەشتێکی وشک و برینگ، چۆل و هۆل و کاکی بە کاکی بەدی دەکرا.
وەک خەونێک، نوقمی ڕوانینی دەشتەکە بوو. خاکی هەمەڕەنگ، داری جۆراوجۆر… جێگوڕکێی هەورە مۆر و سپییەکان… دونیا لە خوڕین دابوو… خۆی کۆ کردەوە. لەبەر خۆیەوە گوتی: "چ دەبێ با ببێ، چ دەبێ با ببێ". تووند سەری بۆ ناوەوە وەرسووڕاند. ویستی لەو ساتەدا لە ڕووخساری کوڕەکە بنوارێ. وەلێ پەژیوان بۆوە. سەری بەرداوە… پیوازەکە بۆنێکی تیژی لێدەهات. لە بن پێیەکانی تەپ و تۆز و توێکڵە پیواز بڵاو ببۆوە. کتوپڕ هەستی کرد کرێکارێک هۆدەکە گەسک دەدا. لاقەکانی کۆ کردەوە. لەو ماوەیەدا نیگای لەگەڵ نیگای کوڕەکە تێک ئاڵا. کوڕە چاوەکانی زەق زەق هەڵێنابوو. دەتگوت دەقیان گرتووە. چاوە دەق گرتووە گەورەکانی بە سەرسووڕمانەوە لەو بڕیبوو. سەری سووڕاند و لە کچەکەی تەنیشت ئەو کوڕەی ڕوانی. ڕووخسارێکی زراڤ، ڕەنگ پەڕیو، وشک. خەوێکی قووڵ بردبوویەوە.
تۆ بڵێی ئەو گەنجە سەیری چی و کوێ بکا؟ هی برینی قووڵی ئەو داسەی لەسەر ڕووخسارێتی؟ لە چاوەکانی گەنجەکەدا، خۆف و ژان و حەپەسان بەدی نەدەکرا. لەناکاو فیکری بۆ کاسکێتەکەی سەری چوو. نەکا شتێکی پێوە بێ. کڵاوەکەی دانا و بە دەستییەوە گرت. جوان لێی ورد بۆوە. ئینجا خێرا نایەوە سەری. دیسان سەری بەرز کردەوە. زامی ئەو داسە… کە زامی داسەکەی بیر کەوتەوە، موچوڕکێک بە لەشیدا هات… ئەو ڕۆژەی هاتەوە بەر چاو. شەڕ لەسەر ئاو لەگەڵ عەلی میستیک… بە هەموو هێز و توانایانەوە، بەو ڕق و کینەی لە چەندین ساڵ لەوە پێش لەسەر یەک کەڵەکەیان کردبوو، دەستەویەخەی یەکتری ببوون. تۆز و غوبار، قوڕ، دارێکی سەوز، گژوگیا، ئاسمانی شین، ئازار، سەرەگێژە، خوێنی ئاڵ…. خەڵتانی خوێن ببوو. دەتگوت لە ئاویان هەڵکێشاوە… هەمدیس سەری بەرز کردەوە. چاوەکان زەقتر لە پێشوو…
لاقەکانی، بەتایبەتیش لاقی ڕاستی، وا هەڵدەلەرزی، دەتگوت دەردەپەڕێ.
خۆیشی نەیزانی چۆناوچۆن بوو دەستی بە قسە کرد.
"ئەو کچە نەخۆشە چی برا؟ ڕەنگی بزرکاوە… نەخۆشی، بەڵایە. خوا تووشی هیچ کەسی نەکا. بەڵام شتێکە و بەسەرت دێ. دەبێ لەگەڵی ڕابێی. لەگەڵی ڕانەیەی، چت لە دەست دێ. وا نییە برا؟ بنیادەم چی لە دەست دێ! نەخۆشییە ئیتر! زاڵمە. چ نەخۆشییەکی هەیە؟"
کوڕە بێدەنگە. ئەم زیاتر ڕقی هەڵدەستێ.
"ناتوانم بڵێم مالاریایە… ئەگینا لەرز و تای دەبوو. ناتوانم بڵێم سیەسۆیەتی… ئەگینا دەکۆخی. نەخۆشە؟"
کوڕە چاوەکانی هەروەک پێشوون.
خۆی پێ ڕانەگیرا، بە هەڵچوونەوە دووپاتی کردەوە:
"ناتوانم بڵێم مالاریایە."
ئینجا بە متمانەوە سەیری چاوە زەقەکانی کرد.
کوڕە گەنجەکە کەمێک لە جێگەی خۆی جووڵایەوە. چاوەکانی بووژانەوە. بریسکەیەکی سارد بە چاوەکانیدا تێپەڕ بوو.
"ناتوانم بڵێم مالاریایە...."
''نەخۆشە"، گەنجەکە وای گوت.
خۆشییەک هاوکات لەگەڵ هەستێکی تاڵ لە دڵی مەحموودە زەرد گەڕا. دەموچاوی گەشایەوە.
"ناتوانم بڵێم…"
گەنجەکە بۆ یەکەم جار چاوەکانی لە عەرزەکە بڕی و گوتی:
"کەس نازانێ بە چ نەخۆشییەکەوە گرفتارە. دکتۆری هیچ شارێک نەماوە، نەمبردبێ. هیچ ئومێدێک نەماوە. بەڵام دیسان دەیبەمە لای دکتۆر. هەتا دەمرێ هەر دەیبەم..."
دەتگوت ئەو دەنگە لە قوڕگی خۆی نایەتە دەر. دەنگێکی وەها نزم ومەنگ بوو.
"لە گوندیش دەرمان نەما تاقیمان نەکردبێتەوە. بۆتە پارچەیەک پێست و ئێسقان. ئیتر بەردەوام ئاوایە، بەردەوام دەخەوێ. سێ ساڵە دەسگیرانمە. مانگێک پاش ئەوەی بوو بە دەسگیرانم، وای لێهات. ئیتر ئاوا!"
مەحموودە زەرد بە جارێ حەپەسا. دەبێ ئەو شوێنە کوێ بێ کچ بە دەستی دەسگیرانەکەی دەسپێرێ. نەخۆشە. جا با نەخۆش بێ.
بە پێکەنینەوە گوتی:
"چۆن کچەیان تەسلیم کردووە؟ ها، چۆن؟"
ئەویتر:
"ساڵێک نیشانیان نەدام. پاشان کە ئاوای بەسەر هات…"
چاوەکانی هەمدیس ئەبڵەق مان، بەڵام ئەمجارەیان بە دڵۆپێکی قەتیسماو لە گۆشەیەکی چاویدا.
مەحموودە زەرد لە دڵی خۆیدا گوتی:
"چاوت دەردەهات. بۆ ئاوا زەق زەق سەیرم دەکا؟ هەی ئەو چاوە زەقانەت بێنە دەرێ…"
لە وێستگەیەک، کابرایەک دەرگای هۆدەکەی کردەوە، چاوێکی بە دەوروبەردا گێڕا. پاشان دەرگاکەی پێوە دا و ڕۆیشت.
شەمەندەفەر وە جووڵە جووڵ کەوت. دەشت، وەک لەپی دەست وا بوو. دارتێلەکانی تێلێگراف لە پشت سەر جێ دەمان.
بە تاسەوە درێژەی بە قسەکانی دا:
"ئەمڕۆ دەچمەوە دێیەکەم. بەڵێ برا، دێیەکەم… پێنج ساڵ لە گوند دابڕام. چووم پارەی دوو گا کۆ کەمەوە. کەچی پارەی دە گام وە سەر یەک نا." پێکەنی. "لە ئیزمیر حەمباڵیم کرد. پارەیەکی زۆرم بە دەست هێنا. ئێستا هەر کە گەڕامەوە گوند، چوار گای شاخدار دەکڕم. یەک نا، دوان نا، چوار گا! چوار مانگاش دەکڕم. پەز دەکڕم برا، بزن دەکڕم… ئەسپێک دەکڕم، لەگەڵ ماینێک… کۆڵێک جلوبەرگم بۆ ماڵ و مناڵ کڕیوە، بۆ یەکە یەکەیان، بۆ براکەم، بۆ ژن براکەم، مناڵەکانیان، بۆ دایکم، دایکێکم هەیە هەشتا ساڵی تەمەنە و پشتی کووڕ بۆتەوە، بۆ کۆرئۆغڵوی خۆمان، بۆ هەموویان. لە گەڕانەوەما، ماڵەکەمان وەک گوڵی لێ دێ. هاوینان و بەهاران، چیاکان چۆن بە گوڵ دەخەمڵێن، ماڵەکەشمان ئاوای لێ دێ… ئەگەر باسی دێی خۆمانت بۆ بکەم، دەبێ بڵێم پڕە لە دارسنەوبەر. لە هەموو لاوە بۆنی عەتر و دارسنەوبەرت بۆ دێ برا! ئاوی حەیات لە کانیاوەکانی هەڵدەقووڵێ. دەوڵەمەندەکانی 'ماراش' بۆ سەیران ڕوو دەکەنە گوندی مە. بەڵێ، بۆ گەشت و گوزار دێنە وێ."
کوڕە گەنجەکە بە شەوقەوە قسەکانی بڕی:
"سێ ساڵە چاک نەبۆتەوە. هەر یەکە و شتێکی گوت... یەک گوتی فڵان، یەک گوتی فیسار…. سێ ساڵی ڕەبەق… بوو بە سێ ساڵی تەواو… دکتۆرێک گوتی سنەوبەر… دێی ئێمە ڕەق و ڕووتە. سنەوبەری لە کوێ بوو…"
مەحموودە زەرد:
"گوندەکەی ئێمە دارسنەوبەری گەورەی لێیە. خەڵکی شاری بۆ سەیران دێنە گوندەکەی ئێمە…"
پاشان کتوپڕ خورپەیەک بە دڵیدا هات. سەری هەڵێنا و لە ڕووخساری کوڕەکە ڕاما. چاوەکانی گەنجەکە چیتر سارد و لێڵ نەبوون، دەگەشانەوە و بە حەزەوە لەویان دەڕوانی.
دەموچاویشی سوور سوور هەڵگەڕابوو.
گەردەلوولی خۆشی لە دڵی مەحمووددا بەرپا بوو. لە خۆشیان سەری وەرسووڕاند. دڵی وە ترپە ترپ کەوت:
"سەیرم کە برا، دێیەکەمان پڕە لە دارسنەوبەر… من، ڕێک بایی دە گا پارەم کۆ کردۆتەوە. دە سەر گا… لە باتی مانگایەک چوار مانگا. ئەویش چوار مانگای بە شیر. مانگای 'حەلەب'ێ دەکڕم. مەڕ و بزن… ماڵ پڕە لە ڕۆن و شیر و هەنگوین…"
ڕاوەستا، خۆی قیت کرد و درێژەی بە قسەکانی دا:
"سەیرم کە برا! دەستی دەسگیرانەکەت بگرە و وەرە بۆ کن ئێمە. دەستی بگرە و وەرە! وەک گلێنەی چاو دەتانپارێزم. وەرە کاکە! لە بری پارەی دوو گا، پارەی دە گام کۆ کردۆتەوە، دەستی بگرە و وەرە! سێ مانگی پێناچێ دەسگیرانەکەت چاک چاک دەبێتەوە، دەردی لێ دەبڕێ. وەرە برا! دوای سێ مانگان دەبووژێتەوە، وەک ئەوەی تازە لەدایک بووبێت. دەستی بگرە و وەرە! چوار مانگای بە شیر دەکڕم. لە دێ شاییتان بۆ دەگێڕم… وەرە کاکە!"
دەستی ڕاستی گەنجەکەی گرت و گووشی. چاوەکانی قا قا پێدەکەنین.
"شیلەیەک لە دارسنەوبەرەکان دێتە دەرێ. ئەم شیلەیە یەکاویەکە. هەموو خەڵکی گوند ڕادەسپێرم. خەڵکی دێیەکەشمان زۆر باشن. جحێڵەکانی ئاوایی هەموویان وە خۆ دەکەون، باوەش باوەش شیلە هەڵدەهێنجن و بۆ نەخۆشی دێنن… شیلەی سنەوبەر! شیلەش چ شیلە. یەکاویەکە. ئەوەی شیلە بخوا، قەت نامرێ."
گەنجەکە سەری لە پەنجەرە هێنایە دەرێ، لە پێشەوەی ڕوانی و گوتی:
"ئێرەیە… کە شەمەندەفەرەکە ڕاوەستا."
پاشان ڕوو لە کچەکە گوتی:
"هەستە، هەستە دۆندوولوو. گەیشتین."
دۆندوولوو، بێ‌تاقەت سەری لەسەر شانی هەڵگرت. لەچکە تەنکەکەی ڕێکوپێک کرد.
کەمێک دواتر شەمەندەفەر وەستا. لەگەڵ وەستانی شەمەندەفەرەکەدا، لە سەربانی ماڵە چۆلەکەی وێستگە، پۆلێک قەلەڕەشە بە قڕەقڕ فڕین. گەنجەکە هەستایە سەر پێ، دەسگیرانە خەواڵوو و نیوە مردووکەی بە کۆڵدا دا. بە مەحموودە زەردی گوت "دێیەکەمان لە پشت ئەم تەپۆڵکەیە…" و کەوتە ڕێ.
مەحموود کتوپڕ لە جێگەکەی ڕاچەنی و پڕی دایە بەرۆکی کوڕە گەنجەکە:
"ئیتر ئاوا، ئەگەر نەیە گوندی ئێمە، لەو دونیای دی بەو دوو دەستەم بەرۆکت دەگرم. بەو دوو دەستەی خۆم. ئیتر خۆت دەزانی. هەر بەهار هات و نەهات، دەستی دەسگیرانت بگرە و وەرە. جا ئێستا بڕۆ! خوا ئاگادارت بێ برا!..."
کوڕەکە دابەزی. مەحموودە زەرد لە پشتەوە سەیری دەکرد. هەوای جەژن بەسەر شەمەندەفەردا زاڵ ببوو. هەموو شتێک، لە خۆشیان باڵی گرتبوو. جارێکی تر سەیری کرد، گەنجە دابەزیوەکە، دەسگیران لە کۆڵ، هاتبووە بەردەم پەنجەرەکە ڕاوەستابوو و هەمدیس چاوەکانی لەو بڕیبوو. چاوە گەورەکانی....
مەحموود نەیدەزانی چ بکا. شەمەندەفەر وە جووڵە کەوت.
مەحموود تا هەستی پێکرد، شەمەندەفەر کەوتبووە ڕێ. یەک بە خۆی هاواری کرد:
"ناوی گوندەکەمان هونوویە… گوندی هونووی سەر بە قەزای ئالبیستان. هوونوو!... هوونوو… هوونوو… هوونوو. ئالبیستان، ئالبیستان… وەرە ماراش! ئالبیستانی ماراش… هونوو… وەرە برا… دوو دەستم…"
شەمەندەفەر فیشکاندی… بەدەم پڕژاندنی دووکەڵی گەرم و شین، لە دەشتی هەراو و بەریندا، وەک ڕەشەبای خۆشی فڕی.

ئەم چیرۆکە لە ڕەخنەی چاودێردا چاپ و بڵاو بۆتەوە. 

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر