۱۳۹۵/۰۱/۰۸

شڤەڕێ

سەلاحەدین بایەزیدی 
کۆچ؛ هەورێکی زگ پڕ
ڕێگە؛ هەورازی ئاسمان، فراز و نشێوی شاخ، پێچ و خەمی ڕووبار
موسافیر؛ دڵۆپێکی چاونەترس، بوێر لە بەرزایی، لە شەیدایی.
دەبێ هەر بەم ساتە ناوەختە لە بەژنی باریکەڕێیەک بهاڵێم
لە ساتە چاوەڕوان نەکراوەکاندا شەیپووری سەفەر لێ دەدرێن
دەبێ جانتای سەفەر بپێچمەوە و دڵم ببەم،
ساک پڕ بکەم لە بۆنی شکۆفەکانی بادام و توێشووی گەڕانەوە،
ئاوێنەیەک،
شانەیەک بۆ داهێنانی زوڵفی مانگ و تیشکۆڵەکانی خۆرەتاو،
لەگەڵ نوردوو نوردوو کوللێرەی هەمیشە گەرمی بەندەواری.
هەر بەم ناکاتە دەڕۆم و خاک بەجێ دێڵم،
کۆچی بێ ماڵئاوایی، بێ ترس لە چاوی پۆلیسەکانی خەیاڵی قاچاغ،
بێ ترس لە ئەندێشەی سەردەمی ساڵانی ساوایی.
لە ڕەخ وێستگەی هەر ئەستێرێک وچانێکی کورت دەدەم
لە ئاوی هەر کانیلەیەکی سەر ڕێم دەخۆمەوە،
هەتا زۆرتر دەڕۆم،
هەتا پتر ئاوێتەی تۆز و غوباری جۆگەلە ڕێیەکان دەبم
لە ساتە درەوشاوەکانی مناڵیم نزیکتر دەبمەوە،
لە یەکێک لە وێستگەکاندا دەیبینم
بە باوەشێکی کراوە و بە تریقە تریق دوای پەپوولەکانی باغچەی قاوەخانە کەوتووە و
بە لاقە گچکەکانی گوڵە تازە ڕوواوەکان پێشێل دەکا.
هەموو سەفەرەکانی ئەودەم ئاوێتەی باوەشی دایک بوون و حەسرەتی دووپاتەی سڵاو،
هەمیشە وام هەست دەکرد خاک بە ژێر پاسەکەدا دەڕوا و فرمێسکم دەڕشاندەوە،
هەمیشە غەمی ئەو پەلەوەرە ناسکانەم دەخوارد کە لە گۆشەی پەنجەرەکانەوە گیانیان دەسپارد و
دایکم بۆ ژیرکردنەوەم باغەڵەکانی پڕ دەکردم لە نوقڵی خۆشەویستی،
لە باوەشی ئەم سەفەرە درێژانەدا خەو دەیبردمەوە و
بە گشت جادەکانی ئەم وڵاتەدا دەیگەڕاندم،
هەموو تابلۆکانی سەر ڕێگەی پێ دەخوێندمەوە
تکایە هێدی بڕۆن… جادە خلیسکە… پێخ و خەمە… هەورازە…
هەموو ئەو تابلۆیانەم وەک یارییەک دەبینی کە دەیانەوێ ڕێگە نیشانی مناڵێک بدەن خۆی بشارێتەوە
یان قاچاقچییەک تا لە دەستی پۆلیسەکان ڕابکا.
لە ئاسمانی ساوی خەیاڵدا هەمیشە خەونم بە کۆمەڵێک پەرەسێلکەوە دەبینی کە بۆ گەیشتن بە دیاری بەهار، بە سینگە گچکەکانیان ڕچەی ئاسمانیان دەشکاند،
بەوانەی بە خەونە کەسکەکانیانەوە سەریان دەنایەوە،
بێ ئەوەی بزانم بۆ خۆشم ڕۆژێ دەبم بە یەکێک لەو پەرەسێلکانە و
دەربەدەری کوچە و کۆڵانەکانی ئاسمان دەبم و
لێم ڕوون نابێ جارێکی تر ڕێم دەکەوێتەوە هێلینی باوەشی دایک و
سایەی گوێسوانەکانی وڵاتەکەم،
یان لە قوژبنی کادێنێکی هەندەران جوانەمەرگ دەبم و
تەرزەیەک باڵە ناسکەکانم دەشکێنێ و لەبەر پەنجەرەی ماڵێکی غەریب سەر دەنێمەوە..
توولەڕێیەکان درێژترین پەیژەن بەرەو یەکەمین کۆڵانی هەور و
یەکەمین کڵاوڕۆژنەی خۆر،
ئەوان وەکوو مار بە باڵای شاخەوە لوولیان خواردووە و تاکوو سەر چوون
دەڵێی بە تەمای هەڵلووشینی جووچکە هەڵۆیەکن،
هەنووکە بوونەتە ڕووبار و بێشکە بۆ تنووکەی خەونەکانم،
بوونەتە زوڵفی پەخش و پەرێشانی شاخ و پرچی هەنگاوەکانم دەهۆننەوە.
ئاوێزانیان دەبم و پێیاندا هەڵدەڕووسکێم،
لێرەش باڵای توولەڕێیەکان لە پێش چاوم پەلوپۆی تابلۆ دەردەخەن
تکایە سەر کەون… لە هەورازی مەترسێن… تکایە پێ لە نیرگیز مەنێن… وشیار بن ئێرە گوزەری پەپوولەکانی بەهارە…
شەکەت بوون سووکم دەکا، سووکتر لە خەیاڵ،
وا هەست دەکەم زەوی هێزی کشانی نامێنێ و
وەکوو ئاسک بەسەر بەردەکاندا باز دەدەم و دەڕۆم،
ڕێگە باریکەکان کۆتاییان نایە،
ئەوانەی وا خۆیان بە عەرزەوە نووساندووە یان ئەوەتا لە نێو گژوگیادا خۆیان حەشار داوە و بێ دەنگ و مات ڕاکشاون، تاکوو پۆلە گەریلایەک دەرباز بێ، تاکوو ئەسپێکی قاچاغ لە دڵی ئەم شەوە ئەنگوستەچاوەدا نەسلەمێتەوە،
تاروپۆی لەشی مێژوون و لە بێ نەهایەتدا ون دەبن.