۱۴۰۱/۰۵/۱۱

سەرەگێژە



فەرهاد مستەفا

(سەرەگێژە) ناونیشانی ڕۆمانێكی نووسەری فەڕەنسی (ژوئێل ئێگلۆڤ)ە. لە ساڵی ٢٠٠٥ دا بڵاوكراوەتەوە و خەڵاتی (لیڤر ئەنتەر)ی وەرگرتووە. (سەلاحەدین بایەزیدی) لە زمانی فەڕەنسییەوە وەریگێڕاوە.
(سەرەگێژە) سەر بە خانەی (ڕۆمانی نوێ)یە. لەم ڕۆمانەدا هەموو شتێك بێ ناسنامە و بێ شووناسە. هەر لە (شا كەس)ەوە، هەتا (شوێن) و (كات)ی ناو تێكستەكە.
هەر ئەوەندە دەربارەی شاكەسی گێڕەرەوە دەزانرێت، كە كارمەند یان شاگردێكی بێ ناونیشانی قەسابخانەیەكی بێ ناونیشانی ناو شارۆچكەیەكی بێ ناونیشانە.
(كات)، نادیار و دەستنیشان نەكراوە، جگە لەوەی دوكەڵی ڕەش بە حەوادا دەچێ و بارانی دڵۆپە رۆنی بە ڕێكەوت دادەكا و فڕۆكەی نەفەر هەڵگر، بەشەو بەڕۆژ بەسەربانی ماڵی گێڕەڕەوە تێدەپەڕن.
(شوێن)یش نەناسراو و بێ شوناسە. شوێنێكی گەرم و گڕاوی و تاقەت پڕوكێنەر، ئەو (با)یانەی بەچواردەورەوە هەڵدەكەن، یان بۆنی هێلكەی گەنیو و گۆگردیان لێ دێت یان بۆنی گوو. (بێجگە لە ڕۆژژمێرەكە هیچ شتێكی تر ئاماژە بە بەهار ناكا. ل١٨)
ئەو كارەكتەرانەی بەرچاوان دەكەون جیا لە (بۆرچ)ی برادەری گێڕەرەوە، یان ناوێكی پلاراوی و توانج ئامێزیان هەیە وەك(چەناگە درێژ) یاخود وەك (ماركاسەن)، ناوی خۆی لەبیر دەچێتەوە.
ڕۆمانی سەرەگێژە، دابەشنەكراوە بەسەر فەصڵ و پاژی ژمارەییدا، كۆی تێكستەكە بەنەفەسێكی خێرا و بێ ڕاوەستان، چنراوە.
تەكنیكی گێڕانەوەش تەكنیكێكی بازنەییە، خاڵی سەرەتا تێكەڵ بە خاڵی كۆتایی دەبێتەوە و گێڕانەوەش بە جێناوی كەسی یەكەم (من)ی نەناسراو، نووسراوە.
گێڕەرەوەی تێكستی سەرەگێژە یان كارمەندی قەسابخانە، جیا لە برادەرایەتی (بۆرچ) لەگەڵ نەنكە تووڕە و بۆڵەبۆڵكەرەكەیدا دەژی(بەوە ڕانەهاتووە پێشوازی لە خەڵك بكا و بەو بیرۆكەیە لە دین دەردەچێ كە لەسەر مێزەكە لە دوو كەس زیاتر هەبن. ل٨٦)
خەسڵەتی ونبوونی ناسنامە و بێ ناونیشانی، هێڵی گشتی ڕۆمانەكەیە. وەك نازانرێت باوك و دایكی گێڕەرەوە كێن و لە كوێن؟ بوون و نەبوونیان نادیارە. ئەم بێناونیشانییە، (نەنە)ی تووڕەش نابوێرێت و نازانرێت، لە دایكەوە نەنكییەتی یان لە باوكەوە بۆتە نەنكی. یاخود هەر بەڕاستی نەنكییەتی؟!
(بۆرچ)ی خاوەن ناویش، بێ ڕابردوو و بێ ناسنامەیە. وەكچۆن ژنەمامۆستای قوتابییەكان و یەكەمین دولبەریش، ناوێكی دیاریكراوی نییە.
ئەوەی لە گێڕەرەوە بەئێمە دەگات و دەكرێت گریمانەكانمانی لەسەر هەڵبچنین، هەر ئەوەندەیە، كاتێك بەلای سەرەنوێلك و زبڵخانەكاندا تێدەپەڕێ، بۆن و بەرامەی زبڵخانەكە دەبێتە عەترێك و دەڕژێتە ناو یادگەیەوە. وەك كارمەندەكانی قەسابخانەكەش بەچێژەوە لەو كچە ڕەشتاڵە كەڵەگەتەی ناو ڕۆژژمێرەكە دەڕوانێ و بەخاتری لانەبردنی ئەو پەڕەیە، شەش مانگ تێدەپەڕێ و هێشتا لە مانگی ئایاردا دەمێنێتەوە. یان لەیەكەم ژووانی خۆشەویستی لەگەڵ ژنە مامۆستا، باسی خۆكوشتنی ئەو پیاوەی بۆ دەكات، ئۆتۆمبیلەكەی ڕاگرت و گوللەیەكی لەسەری خۆیدا و دەبێتە سەرەتایەك بۆ ناسینەوەی كچەی بەشی (بڕین) و لەوە بەدوا چیتر بەیانیان بۆ قەسابخانە دەڕوات، دایە گەورەی ماچ ناكات.
ڕابردووی گێڕەرەوەش دەبێتە ڕابردووییەكی پەرتبوو، لە شەوێكی كریسمسی ناجێگیردا، بە درۆ بەفر دەبارێت بەیادی دەكەوێتەوە (هەموو ساڵێك پێیان دەگوتن كە بابەنوئێل سەرمان نادا، چونكە زۆر نەخۆشە... ڕۆژێك پێیان گوتم: مردووە و كەسیش نییە كاروبارەكانی ڕاپەڕێنێ، ئاوا بەردێكی لەسەر دانرا. ل٩٣)
كۆكردنەوەی ئەو هەموو فیگەرە بێ ناونیشانە، لە تێكستی (سەرەگێژە)دا، چۆنێتی كاركردنی (ژۆئێل ئیگلۆف)مان بۆ ئاشكرا دەكات. وەك بڵێیت.. خستنەڕووی شوناسی مرۆڤی قۆناغی دوای مۆدێرنێتەی كردووەتە ئامانج.
ئەوەی بۆتە ماكی مرۆڤی قۆناغی دوای مۆدێرنێتە، ونبوونی شوناس و خەسڵەت و ناونیشانە.
ئیدی گێڕانەوەی گێڕەرەوە لە جغزێكی دیاریكراوی بێ ڕابردوو و بێ داهاتوو خول دەخوات. ڕۆژانە ئەو كارە دووبارە دەبێتەوە، ڕۆیشتن و هاتنەوە لە قەسابخانە (من بۆ نوستن پەلە ناكەم، چونكە دەزانم لە خەونمدا، مەڕ و ماڵاتی بێسەر و مێگەل مێگەل دێن تاكوو تۆڵەم لێ بكەنەوە. ل١٦)
بەهەمان كلۆج، مووچە و خەرجی و داهات نادیارە. ئەوەی ئێمە دەیبیستین، لە كاتی گەڕانەوەی لە قەسابخانە هەزار لۆغانەو گورچیلە و شیلاوگە دزراوەكان لە ناو دەرپێكورتەكەی دەشارێتەوە. تا ژەمە خواردنی خۆی و نەنكی مەیسەر بكات. نەنكی بێ ئاگا لەوەی ئەو پارچانەی دەیهێنێتەوە دەدزرێن، داوای لێ دەكات سا بەڵكو گۆڕانكارییەك بەسەر ئەو ڕیخۆڵە و ورگانە بهێنێت كە بەردەوام دەیانهێنێتەوە. نەنكی بێ ئاگا لەوەی لە كاتی گەڕانەوەی ڕۆژانەی بۆ ماڵەوە، تووشی پەلاماردانی ئەو سەگەلە دەبێت، كە بۆنی خوێن دەكەن، بۆنی شاردنەوەی ناو سكی ئاژەڵە دزراوەكان دەكەن. نەنكی بێ ئاگا لەوەی ڕۆژانە (ئەم) دەكەوێتە بەر كەوێڵی بەردبارانكردنی ئەو منداڵە هاروهاجانەی دەزانن، (ئەم) بكوژی ئاژەڵەكانە.
بەردەوامبوون و دووبارەبوونەوەی هەموو ئەو شتانەی تان و پۆیان كێشاوین و چواردەورییان تەنیووین، دەمانخاتە سەر كەڵكەڵەی گۆڕین و بەجێ هێڵان و خۆڕزگاركردن. هەوڵی ڕۆیشتن دەبێتە خەون. هەوڵی ڕۆیشتن فیگۆری خەونی ملیۆنان مرۆڤە. ئەو خەونەی دەتوانێت كار و ژیان و شوێن و شتە دووبارەوەبووەكانمان لێ دابماڵێت. خەونی خۆڕزگاركردن (ئێرە)، خەونی گەیشتن بە بەهەشت (ئەوێ). گێڕەرەوەی بێ ناونیشان، هیچ زانیارییەكی لەسەر(ئەوێ) نییە. (ئەوەی ڕاستی بێ، بایی توورێكی لێ نازانم. ل٣٨).
ئیدی خەون و بڕیاردان و هەوڵەكان، جێگیر و یەكلایی كەرەوە نین و زیاتر لەناو قسەكردنەكاندا بوونی هەیە. ئەو قسەكردنانەش وەك هەموو بابەتی قسەكردنێكی ئاسایی، قابیل بە لەبیرچوونەوە و بیرخستنەوە و دژایەتیكردن هەیە.
(بەڕاستی كاتی ئەوە هاتووە لێرە بڕۆم. ل٣٩)
(ڕۆچ لێم دەپرسێ: ئەرێ بەڕاست كەی دەڕۆی؟ ل٩٥)
(دایە گەورە سەری هەڵدەبڕێ و لێم دەپرسێ: چی؟ دەچیتە كوێ؟ ل٩٥)
گێڕەرەوە بۆ تەنها جارێك ڕێگەڕۆیشتنی قەسابخانەكەی دەگۆڕێت. ئەو ڕێگەیەی پاسكیلە خەڕەكە شكاوەیشی، هێندە پیایدا ڕۆیشتووە و گەڕاوەتەوە، بۆ خۆی ڕێگەكە دەزانێت. ئەو جارە ون دەبێت. پەنا بەشۆفێرێكی ونبوو دەگرێت، كە ئەویش ڕێگەكەی لێ ونبووە و دەیەوێت باری بەراز و ئاژەڵەكانی ببات بۆ قەسابخانە.
وەك دەبینرێت ئەجوایەكی كافكاییانە بەسەر فەزای تێكستەكەوە زاڵە، بەڵام لەبەرایی تێكستەكەوە، گێڕەرەوە پێمان دەڵێت: (هەرچی بێ، من هەموو ژیانم لێرە تێناپەڕێنم. لەمە دڵنیام. ڕۆژێك دەڕۆم و.. ل٥).
ئیدی دونیایەكی شێواوی بێ ناونیشان، هەر لەو شوێنەدا كۆتوبەندی نەكردووین كە تیایدا دەژین، ناونیشانێكی نادیاری بەو شوێنەش بەخشیووە، كە بەتەماین بۆی بڕۆین.
زمانی تێكستی(سەرەگێژە)، زمانێكی ساتیریی، پێكەنیناوی خەمئامێزە. تیژڕەو و خێرایە. كارەكتەرەكان بای خۆیان قسەدەكەن و بارگاوی نییە بەقسەی قەبە و بریقەدار. ڕاماندەكێشێتە ناو ئەو بازنەیەی بەتەنها وەرگرێكی تەماشاكەر نەبین، بەڵكو بەشداریمان هەبێت.
تا ئەوەی ئاشنابین بەو شوێنە بێ ناونیشانە، پێویستە سەردانی نووسینگەی ڕێنمایی گەشتیاری بكەین. هەڵبەت ئەو ئاگادارییەشمان پێدەدات (ئەگەر یەكەم شەممەی مانگ، لە سەعات دە هەتا دوانزە كراوەبێ. ل٥) ئەگەر! بەڵێ.. ئەگەر! ئەویش لە مانگێكدا یەك ڕۆژ و لە یەك ڕۆژدا یەك دوو سەعاتێك كراوەبێت. ئەوجا؟ ئێ؟ (نەخشە ڕێگەیەكی گچكەی، خراپ كۆپیكراو، دەدۆزیتەوە. ل٥).
گێڕەرەوە بەردەوام چاوی لەو فڕۆكە نەفەر هەڵگرانەیە، بەسەر سەربانەكەیاندا تێدەپەڕن. (دەتوانم هەموو شەوێ سەیری ئاسمان بكەم. هیچكات ئەستێرەكان و تەنانەت مانگیش نابینم، تەنیا شۆقە گچكە سوور و سپییەكانی فڕۆكەكان بەدی دەكرێن. ل١٦)
ئەو لەو دابەشكردنەكە دردۆنگ نییە (ڕاستە ئێمە لە نێو فڕۆكەدا نین، بەڵام خۆ هەر چی بێ، لە بنەوەی فڕۆكەین. ل١٦). بۆ تەنها جارێك فڕۆكەیەك دەبێتە خێر وبەرەكەت، كە دەكەوێتە خوارێ. (بۆ جارێكیش بووبێ شتێكی سەرنجڕاكێشمان بەسەردا بەربۆوە. ل٨١) چەند كۆڵ و جانتایەك دەكەوێتە ناو حەوشە و بەردەرگەی ماڵیان. گەرچی ئەو كەلوپەلانەی ناو جانتاكانیش ئەوەندەی سندوقە ڕەشەكەی فڕۆكەكە سوودی بۆیان دەبێت، كە نازانێت بۆچی لەسەری نووسراوە.. نابێت ئەو سندووقە بكرێتەوە.
كەواتە كەوتنە خوارەوەی ئەوانی دیكە، ڕووییەكی تراژیدی نییە، وەكچۆن هەواڵی مردنی (پینیۆ لۆ) كارمەند كە بە ئەم و بۆرچی برادەری دەسپێردرێت، لەناو قسەكردن لەگەڵ خانمی ژنی (پینیۆ لۆ) و ڕوانین لە بەلەكۆنەی شوقەكەیانەوە بۆ دەرەوە و تەماشاكردنی وێنەی ناو ئەلبوومەكان پێكەوە، مردنەكەی لەبیر دەچێتەوە.
بەكورتی خەسڵەتی شا كەسی بێناونیشانی ناو(سەرەگێژە)، خەسڵەتی ئەو مرۆڤگەلەیە لێیان مەعلومە (لە نێو چەقی گشت ئەمانەدا ئێمە ئیتر زۆر لە مێژە گوێمان بە هیچ نابزوێ. دواجار ئەمە پرسێكە پەیوەندی بەڕاهاتنەوە هەیە، مرۆڤ خوو بە هەموو شتێكەوە دەگرێ. ل٤)
پرسێك دۆیستۆیڤسكی لە(خانەی مردووان)دا ئاماژەی پێدا: (مرۆڤ بە هەموو هەلومەرجێك ڕادێت). لە (سەحرای تەتەران)ی (دینۆ بۆتزاتی) مرۆڤ كە خووی بەشوێنێكەوە گرت و تیایدا مایەوە، كات و خۆی لەبیر دەچێتەوە. لە (سەرەگێژە)شدا قەسابخانە و سەرەنوێلك و بۆن و بەرامەكانیان دەبێتە عەتر (بۆ من تا ڕادەیەك عەترێكی خۆشە. ل٣١).
هەڵبەت ڕۆمانی (سەرەگێژە) شایان بەخوێندنەوە و لەسەر وەستانە. وەكچۆن ماندووبوون وسەلیقە و هەڵبژاردن و كاری وەرگێڕانی كاك(سەلاحەدین بایەزیدی) شایان بە ستایشە.

 سەرچاوە: لاپەڕەی فەیسبووکی نووسەر