۱۳۹۸/۰۷/۲۴

پەژارەیەکی قووڵ


نه‌دیم گوورسه‌ل / ئوومانیتێ
له‌ فه‌ڕه‌نسییه‌وه‌: سەلاحەدین بایه‌زیدی

من به‌ڕاستی به‌م دووهه‌م ئۆپه‌ڕاسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌ی توركیا له‌ سووریا نیگه‌رانم. پیشتر، دوو ساڵ له‌مه‌وبەر، تورکیا له‌ ئیدلب كه‌ ئێستاش هیزه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئەو وڵاتەی لێیه‌، ئۆپه‌راسیۆنێكی به‌ڕێوه‌ بردبوو. سه‌رۆككۆمار ئه‌ردۆغان له‌مێژە به‌ته‌ما بوو‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ ده‌ست پێ بكاته‌وه‌ و دوورتر بچێ. ئامانجی، پێشگرتنه‌ لە‌ دروستبوونی ده‌وڵه‌تیكی كوردی له‌ باكووری سووریا. له‌به‌ر ئە‌وه‌شه خۆی له‌ زه‌لكاوی سووریا هاویشتووه‌. ئه‌مریكییه‌كان به‌ كشانه‌وه‌یان له‌ ناوچه‌كه‌، چرای كه‌سكیان بۆ هه‌ڵكرد. چرای كه‌سێک که‌ ناتۆیش دانی پیدانا کاتیک لێبڕاوانه‌ گوتی – وه‌ک چۆن تره‌مپ وای گوتبوو – که‌ تورکیا "مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ئاسایشی خۆی بپاریزی."
 
ئه‌وه‌ی له‌ هه‌موو شتێک زیاتر منی نیگه‌ران کردووه‌، ئه‌و پلانه‌یه‌ که‌ ئه‌ردۆغان له‌ په‌رله‌مان ڕایگه‌یاند: پلانه‌که‌ بریتییه‌ له‌ پڕکردنەوەی جێگەی دانیشتووانیی خاکێک، به‌م جۆره‌ ده‌یه‌وێ ئه‌و دوو میلیۆن کورده‌ ڕاو بنێ که‌ له‌وێ ده‌ژین تاکوو ئه‌و سێ میلیۆن په‌نابه‌ره‌ سوورییه‌ی تێدا جێگیر بکا که‌ له‌ ساڵی ٢٠١١ه‌وه‌ له‌ تورکیا ده‌ژین. پێشوازیکردن لێیان باش بوو‌، به‌ڵام ئێستا که‌ قه‌یرانی ئابووری یه‌خه‌ی وڵاتی گرتووه‌، خه‌ڵک خه‌ریکه‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ سه‌یریان ده‌که‌ن. ئه‌ردۆغان ئه‌م هه‌له‌ ده‌قۆزێته‌وه‌ تاکوو که‌مێک ڕای ئه‌و خه‌ڵکه‌ به‌ده‌ست بێنێه‌وه‌ که‌ له‌ ده‌ستی دابوو. 
 
هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌م ئامانجه‌دا په‌ره‌ به‌ ناسیۆنالیزم و ئیسلام ده‌دا، بانگه‌وازه‌کانی بۆ نیشاندانی قاره‌مانێتی چه‌ندقات کردووه‌ و پشت به‌ گوتاری شه‌هاده‌ت ده‌به‌ستێ کە پێی وایە هەر کەسێک ئه‌گه‌ر بێت و شه‌ڕ بکا، دەچێتە بەهەشت. ئه‌مه‌ زۆر مه‌ترسیداره‌ و به‌داخه‌وه‌، لە نێو کۆمەڵگەدا وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌. دژ به‌مه‌ ده‌نگێکی ئه‌وتۆ هه‌ڵنه‌بڕاوه‌ و ئه‌وانه‌ی ده‌نگیش هه‌ڵده‌بڕن، ڕووبه‌ڕووی مه‌ترسیی گه‌وره‌ ده‌بنه‌وه‌. ته‌نانه‌ت جه‌هه‌په‌ی ئۆپۆزۆسیۆنیش ده‌نگی بۆ دا. ته‌نیا ده‌نگی دژایه‌تی هی هه‌ده‌په‌ بوو که‌ له‌ ئێستاوه‌ نوێنه‌ره‌کانی له‌ژێر چاودێری و مه‌ترسیی گرتن دان. 
 
ئێستا، ئه‌ردۆغان هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئه‌وروپییه‌کان ده‌کا بۆ ئه‌وه‌ی کرده‌وه‌کانی مه‌حکووم نه‌که‌ن: ئه‌گه‌ر ئێوه‌ باسی داگیرکاری بکه‌ن، په‌نابه‌ره‌کان و خه‌ڵکانی سه‌ر به‌ داعش ده‌ڕژێنمه‌ ناو ماڵه‌کانتانه‌وه‌! ئه‌وروپا بۆ ئه‌وه‌ی پێشی پێ بگرێ، ده‌بێ هه‌ڵوێستێکی زۆر توندی هه‌بێ. هه‌تا ئێره‌ به‌س فه‌ڕه‌نسا ئه‌م کاره‌ی کردووه‌. بڵێی به‌رده‌وام بێ؟

۱۳۹۸/۰۷/۲۳

بە "کانیاوی ئاشتی" دەنووسرێ، بە "پشتێندی عەرەب" دەخوێنرێتەوە


جەلال باشلانگچ / ئارتی گەرچەک
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

ژەنەڕاڵی ئەمریکی پاتۆن دەڵێ "لە شەڕدا سەرەتا ڕاستییەکان دەمرن."
ئەم ڕۆژانەش، بە قۆناغێکدا تێدەپەڕین کە "سەرەتا ڕاستییەکان مردن."
دونیای تورکیا دیسان پێچەوانە بووەتەوە. وتەی "شەڕ" تاوانە، وتەی "ئاشتی" دەبێتە هۆکاری قۆڵبەستکردن.
سەرۆککۆماری قوبرسی باکوور، مستەفا ئاکنجی، سەبارەت بە ئۆپەڕاسیۆنی "کانیاوی ئاشتی" هەڵوێستێکی زۆر بوێرانەی دەربڕی:
"چەندەش ئێمە بەوەی ساڵی ١٩٧٤ بڵێین ئۆپەڕاسیۆنی ئاشتی، دیسان شەڕ بوو و ئەوەی ڕژاش، خوێن. ئێستاش چەندە بڵێین کانیاوی ئاشتی، ئەوەی دەڕژێ ئاو نییە، خوێنە."
ئاکنجی یەکسەر پەلامار درا. تەنانەت دمڕاستێکی هەرە پایەبەرز لە ئەنقەرە ئاکنجی بەوە تاوانبار کرد کە "سنووری خۆی نازانێ."
ئاکنجی واقی وڕمابوو، دەیپرسی:
"بەرگریکردن لە ئاشتی کەنگێ سووچ بووە؟ سووچدارکردن و تانەدان لەم داخوازییە چ سوودێک بە کێ دەگەیەنێ؟"
دیارە لەو چاخەی ئێمەدا، لە وڵاتێکی مەدەنی "ویستی شەڕ" تاوانە، "ویستی ئاشتیش" مافێکی سرووشتیە؛ بەڵام لە بیرتان نەچێ، لە "وڵاتێکی مەدەنی"دا.
چەند ڕۆژ لەمەوپێش، سولەیمان سۆیلوو، وەزیری کاروباری دەرەوە ڕایگەیاند:
"٥٠٠ کەس لەوانەمان دەستنیشان کردووە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سووکایەتی بە 'ئۆپەڕاسیۆنی کانیاوی ئاشتی' دەکەن، هاوڕێیانمان ١٢١ کەسیان قۆڵبەست کردووە… ئەوانەی بەمە دەڵێن شەڕ، خیانەتکارن. شەڕ لەگەڵ دەوڵەتدا دەکرێ. ئەمە، ئۆپەڕاسیۆنی پاکتاوکردنی تیرۆریستەکانە. ئیتر ئەوەندە ئاسانە."
لە گۆشەیەک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە گۆشەیەک ئێران، لە گۆشەیەکی دیکە سووریا و تورکیا هەبێ و ئۆپەڕاسیۆنی کانیاوی ئاشتیش ئۆپەڕاسیۆنێکی سادەی "پاکتاوکردنی تیرۆریستەکان" بێ. ئێمەش بڕوامان کرد…
لەگەڵ دەسپێکردنی ئۆپەڕاسیۆنی کانیاوی ئاشتی، سەزگین تانریکوولوو، نوێنەری ئەستەنبوڵی جەهەپەش پشکی خۆی لەو "دۆخەی وڵات" بەرکەوت کە تەواو خەساری بە مێشکەکان گەیاندووە.
پاش ئەوەی تانریکوولوو لە لێدوانێکیدا بۆ ئارتی تێڤی گوتی "حکومەت پێویستە بزانێ. ئەمە شەڕێکی ناهەقە و شەڕێکە دژ بە کوردەکان"، سەردۆزگەریی کۆماریی ئەنقەرە ڕایگەیاند "بە هۆی سووکایەتیکردن بە حکومەتی کۆماریی تورکیا" لێکۆڵینەوەیەکی دژ بەو دەست پێ کردووە.
ئاوا ها، هەم بڵێ "شەڕێکی ناهەق" و هەمیش بڵێ "شەڕێک دژ بە کوردەکان"...
چەند ڕۆژێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەڵیانکوتایە سەر تانریکوولوو و دوو ڕۆژ دواتریش سەردۆزگەر بە دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە خۆی تێ هەڵقوتاند.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا با بزانین لێکدانەوەی تانریکوولوو سەبارەت بەوەی کە ئەمە "شەڕێکە دژ بە کوردەکان" لە ژێر تیشکی مێژوودا ڕاستە یان نا.
ئەردۆغان پەیتا پەیتا ئەو ناوچەیەی کە درێژایی سنووری تورکیا دەگرێتەوە و زۆربەی دانیشتووانی کوردن، بە "کریدۆری تیرۆر" لەقەڵەم دەدا. پاشان باس لەوە دەکا کە ئەو ناوچەیە لە "تیرۆر پاک دەکەنەوە" و جارجارە دەڵێ یەک و جارجارە دەڵێ دوو میلیۆن کەس لەو چوار میلیۆن سووریاییەی پەنایان هێناوەتە بەر تورکیا، لەوێ نیشتەجێ دەکەین.
تەنانەت لەو گەڵاڵەیەی کە بۆ یەک میلیۆن سووریایی داڕشتووە کە زۆربەی هەرە زۆریان سوننە و عەرەبن، ئاماژە بە خانووی ٢٥٠ تا ٣٠٠ مەتری چوارگۆشە لە نێو باغچەکاندا دەکا.
گەڵاڵەی خانوو بۆ یەک میلیۆن سووریایی دادەڕێژێ، بەڵام ناڵێ ئەوانی تر لە کوێ نیشتەجێ دەکا. لەوە دەچێ میلیۆنەکەی دیکە لە عەرەبە سوننەکان لەو شوێنانە جێگیر بکا کە کوردەکان لەبەر شەڕ و بۆردومان چۆڵیان دەکەن.
ئێمە ئەم فیلمەمان لە مێژوودا بینیوە، لێگەڕێن با وردتر بێژم؛ لە مێژووی سووریادا بینیومانە.
سەرەتای ساڵانی ١٩٦٠، پەرەسەندنی خێرای حەشیمەتی کورد، دەسەڵات و نەتەوەپەرستانی عەرەبی ترساند.
ڕێکەوتی ٥ی ئۆکتۆبری ١٩٦٢، بڕیارنامەیەکی تایبەتی سەرژمێری حەشیمەتیان بۆ ویلایەتی حەسەکە دەرکرد کە زۆربەی دانیشتووانی کورد بوو. بیانووشیان "دەستنیشانکردنی ئەو کوردانە بوو کە بە شێوەیەکی نایاسایی ڕوویان کردووەتە سووریا".
لەم سەرژمێرییەدا، کوردەکان ناچار بوون بە بەڵگە بیسەلمێنن کە پێش ساڵی ١٩٤٥ لە سووریا بوون.
لە ناوچەکەدا کە ڕێژەی خوێندەواری ٣% بوو، زۆربەی هەرە زۆری خەڵک ئەم کارەیان نەکرد و لە ئاکامدا پتر لە ١٢٠ هەزار کورد مافی هاووڵاتیبوونیان لێ سەندرایەوە. بە گشتی، ٢٠٠ هەزار کوردیان لە مافی شارۆمەندی بێبەش کرد.
ئاخروئۆخری ساڵی ١٩٦٣، بەڕێوەبەری ئەمنی حەسەکە، ملازم محەممەد تالب هیلال ڕاپۆرتێکی نهێنی ئامادە کرد:
"لە جەزیرە زەنگی مەترسی لێ دەدا و ویژدانی عەرەب بانگەوازی ڕزگارکردنی ئەم ناوچەیە و پاککردنەوە لەو مرۆڤە نەگریسانە دەکا کە پەڵەی ڕەشی مێژوون، چونکە جەزیرە لەبەر هەڵکەوتە جوگرافییەکەی، وەک سەرجەم ویلایەتەکانی دیکەی خاکی عەرەب، خاوەنی سەرچاوەی داهات و دەوڵەمەندییەکی زۆرە. پرسی کورد، لەو ڕۆژانەدا کە ئیتر کوردەکان دەستیان بە خۆڕێکخستن کردووە، ڕژێنەیەکی پیسە کە لە نێو جەستەی عەرەبدا دەرکەوتووە و پەرەی سەندووە. تەنیا چارە ئەوەیە ڕیشەکێش بکرێن و فڕێ بدرێن."
ملازم هیلال، لە ڕاپۆرتەکەیدا، بەرنامەی هەڵمەتێکی ١٢ ماددەیی بۆ پێشگرتن لە پەرەسەندنی مەترسیی کورد لە سووریا پێشکەش کردووە. هەڵسوکەوتی تورکیای بەرامبەر بە کوردەکانیش بە نموونە هێناوەتەوە. ئەمەی خوارەوە چەند سەردێڕێکن لەو ١٢ ماددەیە:
"دەرکردنی کوردەکان لەسەر ئەو خاکانەی لێیان نیشتەجێن… داننەنان بە مافی پەروەردەی کوردەکان… قەدەغەی پێدانی کار بە کوردەکان… کەمپینی پڕوپاگەندەیەکی نەتەوەیی دژ بە کورد… جێگیرکردنی عەشیرە نەتەوەپەرستەکانی عەرەب لەسەر ئەو خاکانەی کوردەکان لێیان نیشتەجێن… بە درێژایی سنووری تورکیا پشتێندێکی ئەمنی عەرەب دروست بکرێ… سەندنەوەی مافی دەنگدان و وەبەرهێنان لەو کەسانەی کە عەرەب نین…"
ساڵی ١٩٦٥، بەرنامەی ئەم هەڵمەتە لە لایەن حکومەتی سووریاوە پەسند کرا، بەڵام لەبەر کاروباری تاپۆ، لە ساڵی ١٩٧٣دا چووە بواری جێبەجێکردنەوە.
بە پێی ئەم بەرنامەیەیە، لەسەر سنووری سووریا و تورکیا، بە درێژایی ٣٧٥ کیلۆمەتر و پانایی ١٥ کیلۆمەتر، پشتێندێکی عەرەب دروست دەکرێ.
٣٣٢ گوندی کورد چۆڵ دەکرێن. بڕیار دەدرێ پتر لە ١٤٠ هەزار کورد سنوورداش بکرێن. عەشیرەکانی عەرەب لە ناوچەکە جێگیر دەکرێن.
تەنانەت ساڵی ١٩٦٣، لەگەڵ هاتنە سەرکاری حزبی بەعس، یاسایەکی ڕەوشی ئاوارتەیان دەرکرد. دەسەڵاتی ئەوە بە هێزە ئەمنییەکان درا، بێ فەرمانی گرتن، گومانیان لە کێ هەبوو قۆڵبەستی بکەن. هەر بەو یاسایە، دەسەڵات بە دادگە ئەمنییە دامەزراوەکانی دەوڵەت دراوە ئەگەر هەر کەسێک ویستی دژ بە ڕژێمی بەعس یان سەرکردەکانی دەوڵەت لەسەر بنەمایەکی ئەتنیکی - ئایینی دەستەیەک ساز بکا، لەو دادگەیانەدا دادگایی بکرێ و بڕیاری یەکجارەکی لەسەر بدرێ. ئەم زوڵمە تا ساڵی ٢٠١١ درێژەی خایاند.*
پیادەکردنی بەشێک لەم "پشتێندی عەرەبە" چەندە ئاشنایە، وا نییە!
جا لەبەر ئەم هۆکارە چاوتان لەوە نەبێ بە "کانیاوی ئاشتی" دەنووسرێ، چونکە ئەوانەی ڕوو دەدەن بە "پشتێندی عەرەب" دەخوێنرێنەوە.
_______________________
(سەرچاوە: ئیبراهیم هیلال باران، داهاتووی کوردستان لە دونیای نوێدا و سیاسەتیی کوردەکانی سووریا.)

۱۳۹۸/۰۷/۲۱

بەس نییە بڵێی نەخێر بۆ شەڕ


 

شەنەر لەڤەنت / بەڕێوەبەری نووسینی ڕۆژنامەی ئەفریقا، چاپی قوبرس
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی 

 
بەس نییە کە بڵێی نەخێر بۆ شەڕ!
ئەوەندەش بەس نییە کە بڵێی شەر بەرەوەی نییە!
ئاخۆ بەسە ئەگەر بڵێی خراپترین ئاشتی لە شەڕ باشترە؟
بەس نییە!
ئەمانە تەنانەت ناتکەنە دڵخوازێکی ئاشتیش...
لایەنەکەتم پێ بڵێ…
لاگری کێیت؟
لەبەر ئەوەی تاوانبارە، یان بێتاوان؟
لەبەر ئەوەی هێرشبەرە یان هێرشی دەکرێتە سەر؟
لەبەر ئەوەی داگیرکەرە یان داگیرکراو؟
ئەگەر دژی شەڕ بی، لە نووسینی بۆچوونی خۆت ناترسی…
ئاخۆ دەکرێ لە سەردەمی ئاگربەستدا خۆپیشاندانی ئاشتی و میتینگ بەڕێوە بەریت و بەرامبەر بە هەڵگیرسێنەرانی شەڕ بێدەنگ بی؟
سەرم لە ژمارەی دەزگاکانی ئاشتی لەم دوورگەیە سووڕ ماوە.
پڕۆژەگەلی ئاشتی هەن…
خەڵاتی جۆراوجۆر هەن…
بەڵام هیچکام لەوان ڕاست نابێتەوە بە ئەردۆغان بڵێ:
دەستت لەو خاکە داگیرکراوانە بکێشەوە!
دەی کەواتە پێم بڵێن:
پڕۆژە و خەڵاتەکانتان بە کەڵکی چ دێن؟
مەڵێن "نەخێر بۆ شەڕ" و باسی خراپییەکانی شەڕم بۆ مەکەن…
چما منیش نازانم ئەو خراپییانە کامانەن؟
هەموو کەسێک نازانێ؟
نەخاسمە ئێمەی قوبرسی…
بۆچی مافی پاراستنی ڕەوا لەگەڵ پەلاماردان تێکەڵ دەکەن؟
یانی هێرشبەر پەلاماری ڕۆژنامەکەمانی دابا و هەوڵی دابا بمانکوژێ، ئێمە نەدەبوایە مافی پاراستنمان بەکار هێنابا؟
تۆ سەیری ئەو تاقمە حەماسەخوازانەمان بکە…
چۆن بوونەتە کەوا سووری بەر ئەو لەشکری ئیمامەی چووەتە سووریا تا قەتڵوعام بکا…
دوعا دەکەن بۆ ئەوەی عەسکەرە قارەمانەکەمان خوێنی لە لووت نەیە…
تەنیا با عەسکەری قارەمان دەستی بە خوێن سوور بێ، با خۆی نەکوژرێ…
ئەوانەی عەسکەرە قارەمانەکە کووشتوونی، بۆ جەهەننەم!
خۆیشی بۆ جەننەت!
حۆرییەکان لە بەهەشت بە جامی شەرابەوە چاوەڕوانی ئەون!
تاقمە حەماسەخوازەکەمان هەمدیس هاتووەتە جۆش!
دە تۆ بڵێ ستەلیۆس، تۆ بڵێ…
چەندان ساڵ بە تەن کاغەزی ئاشتی بڵاو دەکەینەوە، تاکوو دواجار ئەمە حاڵمان بێ؟
لە کوێن هاوارەکانی ئاشتیمان، لە کوێن…
ئەی ئەو قارەمانانەی سەریان لە ئاخوڕی ئەوروپا دایە…
ئەو ڕۆڵەیەی لە ژێر مووشەکی فڕۆکەکاندا لەتوکوت دەبێ، مافی هەناسەیەکی نییە؟
پێم بڵێن…
بەم حاڵەمانەوە مافی ئاشتیمان هەیە؟
کۆمەڵگەیەک کە ئەو هەمووە بێدەنگ دەمێنێتەوە بەرامبەر بەوانی تر کە بە گولـلە و بۆمبا گیانیان لەدەست دەدەن…
تۆ بڵێی حەقی چ شتێکی هەبێ؟
***
ئا بڕوانن…
ئەو ژنانە دەبینن کە چەکێکی زەبەلاحیان کردووەتە شان؟
گەنجن…
پیرن…
دەزانن ئەوان کێن؟
ئەوان قارەمانەکانی کۆبانێن…
هی ڕۆژئاوان…
هی رەققەن…
زۆر شت قەرزداری ئەوانن، زۆر شت…
ئێوەیان لە دێوزمەیەکی مرۆڤایەتی ڕزگار کرد.
لەو جیهادییانەی نەخۆشی ڕۆحیان هەبوو!
لەوانەی مرۆڤیان بە زیندوویی دەسووتاند…
لەوانەی سەری مرۆڤیان دەبڕی وەک چۆن مەڕ سەر دەبڕن…
لەوانەی لە بازاڕەکاندا وەک کۆیلەی سێکس ساتوسەودایان بە ژنان دەکرد…
لەوانەی لە پشتەوە ڕا دەسڕێژیان دەکرد سەر کۆمەڵی دیلە نارنجی پۆشەکان…
لەوانەی لە گەراجی ئەنقەرە ئەو بۆمبانەیان تەقاندەوە…
ئەو ژنە قارەمان و لەهەنگانە ئێوەیان ڕزگار کرد…
ئێوە نەتانبینیوە چۆن سەری ئەو ژنانەش دەبڕن؟
دە شەرم بتانگرێ شەرم!
ئەگەر هیچ قسەیەکتان نییە بۆ ئەو فاشیستە دیکتاتۆرەی سیفەتی "تیرۆریست"ی بەو ژنانەوە لکاندووە و بۆ ئەو سوپایەی بۆ کوشتنی ئەوان چووە، شەرم بتانگرێ!
دەڕۆن تا تۆڵەیان لێ بستێننەوە!
تۆڵەیان لێ بستێننەوە چونکە کۆبانێ، ڕۆژئاوا و ڕەققەیان لەو نەخۆشانە ڕزگار کرد!
ئەو نەخۆشانە کە پێمان وایە لە چنگیان ڕزگارمان بووە، دیسان زیندوو دەبنەوە!
سوپایەکیشیان لە ئۆرفا دروست کردووە…
بە دەم هاواری ئەڵڵاهوئەکبەرەوە دەڕۆن بکوژن و ببڕن…
٢٠ی تەمووزییەکانی قوبرسیش چەپڵەیان بۆ لێ دەدەن…
لە مزگەوتەکان دوعای فەتحیان بۆ دەخوێنن…
ئەی ئێوە…
ئێوە چما بێدەنگن ئەی ئاشتیخوازەکان؟
بۆ هەست پێ ناکەن مەترسی لەبەر دەرگەی ئێمەش وەستاوە؟
***
دەڵێن شەڕ بەرەوەی نییە…
لەگەڵتان هاوڕا نیم…
جان دونداریش کە ئاوارەی ئەلمانیا بووە، لەگەڵتاندا هاوڕا نییە…
دوندار دەڵێ:
ئەم شەڕە دوو بەرەوەی هەیە… تەیب ئەردۆغان و داعش...
تەنانەت نەیارە هەرە سەرسەختەکانی ئەردۆغانیش لە دەوری ئەم ئاگرە نەتەوەپەرستییە کوزیلکەیان بەستووە کە ئەردۆغان دایگیرساندووە…
فیکەی سمێڵیان دێ!
نەیارێتی وا هەر نەبێ باشترە!
نەیار نییە، دەسکەلایە! 
چما ئەردۆغان ئەم ڕۆژانەی قەرزداری ئەوان نییە؟!
براوەکانی دیکەش جیهادییە نەخۆشەکانن…
کە لە سەد وڵاتەوە ڕژاونەتە سووریاوە...
تێکچووبوون!
بەڵام لە سایەی ئەردۆغانەوە دیسان هەڵدەستنەوە…
***
لێتان پرسیووم لایەنی کێ دەگرم؟
من بەردەوام لایەنگریی ئەو دایکە قارەمان و بەجەرگانەی کوردم…

۱۳۹۸/۰۷/۱۸

خاوەنەکانی خەڵاتی نۆبێلی ٢٠١٨ و ٢٠١٩: نووسەرێکی پۆلۆنی و نووسەرێکی ئوتریشی


خەڵاتی ئەدەبیی نۆبێلی ساڵی ٢٠١٨ و ٢٠١٩، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٠ی ئۆکتۆبر بە ئۆلگا تۆکارچووکی نووسەری پۆلۆنی و پیتەر هاندکەی نووسەری ئوتریشی (نەمسایی) بەخشرا.

ئۆلگا تۆکارچووک، ژنە نووسەری پۆلۆنیایی کە خەڵاتی نۆبێلی ساڵی ٢٠١٨ی وەرگرتووە، هاوکات هەر پار، وەک یەکەم نووسەری پۆلۆنیایی خەڵاتی مان‌بووکەری وەرگرتبوو. 


پیتەر هاندکەیش کە خاوەنی خەڵاتی ئەدەبی نۆبێلی ٢٠١٩یە، نووسەر و شانۆنامەنووسێکی ئوتریشییە و پێشتر چەندین خەڵاتی نێونەتەوەیی و لەوانە خەڵاتی کافکای وەرگرتووە.

ئەم خەڵاتە، پار لەبەر ڕیسوایی سێکسی نەدرا و ئەمڕۆ، ئەکادیمیای نۆبێل لە سوید، قەرزەکەی پاریشی دایەوە. 

بە گوێرەی لێدوانی ئاکادیمیای نۆبێل، ئەم خەڵاتە لەبەر "خەیاڵێکی گێڕانەوەیی کە لەگەڵ خولیایەکی ئەنسکلۆپێدیایی سنوورەکان تێدەپەڕێنێ" بە ئۆلگا تۆکارچووکی ٥٧ ساڵە و لەبەر "بەرهەمە کاریگەرەکەی کە بە بلیمەتییەکی زمانەوانییانە پەراوێز و تایبەتمەندیی ئەزموونی مرۆڤی شەنوکەو کردووە" بە پیتەر هاندکە بەخشراوە.

ئۆلگا تۆکارچووک، ساڵی ١٩٦٢ لە پۆلۆنیا لەدایک بووە. لە زانکۆی وارشۆ، سایکۆلۆژی خوێندووە و لە ساڵی ١٩٩٧ەوە ژیانی خۆی بۆ نووسین تەرخان کردووە. 

هەندێک لە کتێبەکانی تۆکارچووک بریتین لە: شار لە نێو ئاوێنەکاندا (کۆمەڵە شیعر)، خودا، کات، مرۆڤەکان و فریشتەکان، ماڵی ڕۆژ، ماڵی شەو، کتێبەکانی یەعقووب.

 پیتەر هاندکە، ساڵی ١٩٤٢ لە گریفینی سەر بە کێرنتن لە ئوتریش لەدایک بووە. ساڵی ١٩٦٥، کە یەکەم ڕۆمانی بۆ چاپ پەسند کرا، وازی لە خوێندنەکەی لە بواری یاسادا هێنا. لەو کاتەوە، زیاتر لە چل ڕۆمان، کۆمەڵەچیرۆک و شانۆنامەی نووسیوە. هەندێک لە بەرهەمەکانی بریتین لە: زەردەواڵەکان، با و دەریا، قورسایی دونیا، گەڕانەوەیەکی بەکاوەخۆ، چینییەکە و ئازار، پاشنیوەڕۆی نووسەرێک، دونژوان.

تەنیا کتێبێکی پیتەر هاندکە بە ناوی "ئافرەتە چەپانەکە" کراوەتە کوردی. موکەڕەم ڕەشید تاڵەبانی ئەم ڕۆمانەی بە کوردی وەرگێڕاوە.

کەریم پەرەنگ، وەرگێڕ و پسپۆڕی ئەدەبیاتی ئوتریش، لە لاپەڕەی فەیسبووکی خۆیدا لەم بارەی وەرگێڕانی کتێبەکانی هاندکەوە نووسیویەتی: "لە ساڵانی ڕابردوودا بەشێک لە ڕۆمانی (شەوانی مۆراڤی) و (بەدبەختیی نەویستراو)م وەرگێڕا، بەڵام کە بۆم دەرکەوت دەزگاکان یان لە قەیراندان یان دەزگایەک لە کوردستان نادۆزمەوە، بەڕێکوپێکی و سەرڕاستانە بەرخود لەگەڵ نووسەردا بکات، دەستم لە وەرگێڕانیان هەڵگرت و لە ساڵی ٢٠١٨ەوە هیچ کتێبێکم بڵاو نەبووەتەوە."

ساڵانی ڕابردوو کێ خەڵاتی نۆبێلی وەرگرتبوو؟
٢٠١٧: کازۆئۆ ئیشیگورۆ
٢٠١٦: بۆب دیلان
٢٠١٥: سڤێتلانا ئالێکسیڤیچ

وتووێژ لەگەڵ پاتریس فرانسێچکی سەبارەت بە فیلمی "خوشکانی چەک"


لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی 

ماریان: فیلمی هاوکارمان کارۆلێن فورێست، خوشکانی چەک کە باسی بەشداریی ژنان دەکات لە نێو ڕیزەکانی بزووتنەوەی کورد لە سووریا، چوارشەممە، ٨ی ئۆکتۆبەر نمایش کرا. لەودیو خەیاڵەوە، واقع چ پشکێکی بەر دەکەوێ؟
پاتریس فرانسێچکی: ئەم یەکینەیەی ژنە خەباتگێڕەکان شتێکی ڕاستییە. دەبێ باش بزانین کە ٢٥% بۆ ٣٠%ی خەباتگێڕانی کورد لە سووریا، ژنن. سەبارەت بە ڕێکخستنی یەکینەکانی کورد لە سووریا، بەشێکیان یەکینەی پیاوان، یەپەگەن و بەشەکەیتر، یەکینەی ژنان، یەپەژەن و بە گشتی ئەو یەکینانە تێکەڵن. فیلمەکەی کارۆلێن فورێست چیرۆکی یەکینەیەکی یەپەژە دەگێڕێتەوە. یەپەژە ڕێکخراوێکی تاقانەیە لە دونیادا. هەرچەند ژمارەیەکی زۆر ژنی شەڕکەر لەسەر ئاستی جیهاندا هەن، بەتایبەت لە نێو سوپاکانی ڕۆژئاوادا، بەڵام ئەوەی ڕاستی بێ، تەنیا لە نێو کوردەکانی سووریا ئەو یەکینانە هەن کە تەنیا لە ژنان پێکهاتوون و تەنیا ژن فەرماندەیانن. دیارە شەڕکردنی ئەم ژنانە، خاڵی لاوازی ئیسلامییەکانە، چونکە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دەستەکانی ژنان و هێرش کردنە سەریان لە لایەن ئەوانەوە، بە لایانەوە شیاوی پەسند نییە. لە حەوت ساڵ لەمەوپێشەوە کە هاتوچۆی سووریا دەکەم، لە مەیدانەکە، لە نزیک بەرەکانی جەنگەوە، هێزی ئەم یەکینە زۆر توندوتۆڵانەی ژنان، ئەم ئامازۆنە بچووکانەی ئاگرم بۆ دەرکەوت.

ئەم یەکینانەی ژنە شۆڕشگێڕەکان لە بەرەی پێشەوە بەدی دەکرێن؟
بەدڵنیاییەوە. ئەوان تەنانەت زۆر کاریگەرن. لە کاتی دوایین شەڕی گەورە دژ بە داعش لە سووریا، واتە شەڕەکەی ڕەقە کە پێنج مانگی خایاند، من لەگەڵ ئەوان بووم. ئەو چەند مانگەی لەوێ تێمپەڕاند، بەتایبەت لەگەڵ بەتالیۆنی ژنان بووم چونکە دەمزانی ئەمە دوایین شەڕی گەورە دەبێت و پێم خۆش بوو لە تەنیشت ئەوان بم. ئەوان دژ بە داعش لە ڕیزی پێشەوە بوون. ئەگەر ئێوە سەیری گۆڕستاننی شۆڕشگێڕانی کورد بکەن، چاوتان بە ژمارەیەکی زۆر بەرچاو لە ناوی ژنان دەکەوێ. ئەوان بە خوێن نرخیان داوە! لە سەرەتای شەڕی دژ بە داعشدا، لە بەرەی کوردەکان، ٣٦ هەزار کەس کوژران و بریندار بوون کە نزیکەی ٢٠%یان ژنن. ژنان فیداکارییەکی گەورەیان لە خۆیان نیشان داوە.

لە نێو جەرگەی ڕێکخراوی سەربازیی کوردەکانی سووریادا، ئاخۆ ئەم ژنە شۆڕشگێڕانەش وەک پیاوەکان پۆستی فەرماندەییان بە دەستەوەیە؟
لە ناوەندی فەرماندەریدا ژمارەیان تەنانەت لە پیاوەکانیش زیاترە! با نموونەیەکی سادە بێنمەوە: شەڕی ڕەقە بە گشتی لە لایەن ژنێک بە ناوی هەڤاڵ توولینەوە کۆنتڕۆڵ دەکرا. هەر چوار بەرەی باکوور، باشوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواش لە لایەن ژنانەوە بەڕێوە دەبرا. ناوەندی فەرماندەری ئەم شەڕەی بە فەرماندەکانی ژن سپاردبوو. ئەوان دەیانویست دوایین وانە بە ئیسلامییەکان بدەن: ژنەکان ئێوە دەبەزێنن و بە گوێرەی پرەنسیبەکانی خۆتان بێ، ئەمە دەبێتە ڕیسواییەکی گەورە! لێهاتوویی سەربازیی ئەم ژنە فەرماندانە و هێزەکانی مەیدانەکە وای کرد ئەم پەیامە بە ئیسلامییەکان بگا.

بێ ئەم ڕێکخراوە و ئەم بەشدارییەی بەرچاوەی ژنان، ئاخۆ ئێوە پێتان وابوو کە کوردەکانی سووریا بەو ڕادەیە، توانای بەرگری و هەروەها پێشڕەوییان لە بەرانبەر داعشدا هەبوایە؟
ئەوان پشکێکی بەرچاویان هەیە. بەشداریی ژنان نەک هەر لە بەرەکانی جەنگ، بەڵکە لە سەرجەم دامودەزگا سەقامگیرەکانی ناوچەکە و لە نێو بزووتنەوەی شۆڕشگێڕیی کوردەکانی سووریادا، بواری بۆ جموجوڵی تەواوی کۆمەڵگە خۆش کرد. ئەمەش بنەمایەکی زۆر گرنگە. کوردەکانی سووریا پڕۆژەی ئەو کۆمەڵگەیەی کە بەڕێوەی دەبەن بە شۆڕشێکی ژینگەیی و ژنانە دەزانن. ئەم دوو دەستەواژەیە لە پەیڕەونامەکانیاندا بەدی دەکرێ. هەروەها یەکسانیی ژن و پیاو، عەلمانییەت و دیموکراسی، لەگەڵ ژینگە و فێمێنیزم، بناغەکانی شۆڕشی ئەوان پێک دێنن. نابێ لە بیرمان بچێ کە خەباتی ئەوان بۆ ئازادییانە لە هەمبەر داعش، هاوکات بۆ شۆڕشێکی کۆمەڵایەتیشە، بە پڕۆژەیەکی سیاسیی ئەوتۆوە کە کەڵکەڵەی سەرەکیی ژنانە و لەپێناویدا ئازار و مەرگیان داوەتە بەر چاو. فیلمەکەی کارۆلین فورێست بە دادپەروەرییەکی زۆرەوە دەیەوێ ئەمە بخاتە ڕوو.

ئێوە ژمارەیەک لەو ژنە شۆڕشگێڕانەتان بینیوە، چ شتێک هانی دەدان بۆ ئەوەی چەک هەڵبگرن؟
پێش پەلاماری داعش بۆ سەر خەڵکانی مەدەنی کە پیاوان و ژنانیان هان دا بەشداری خەباتی کوردەکانی سووریا بن، ئەم ژنانە دەیانویست لەو دۆخە ژێردەستییە ڕزگاریان بێ کە لە نێو کۆمەڵگەکانی عەرەب و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی بەسەریاندا زاڵە. کاتێک کوردەکان خاکی باکووری سووریایان گرت، فرەژنی، سزای لەسێدارەدان و هەڵگەڕانەوە لە دینیان هەڵوەشاندەوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارانەش پێش دەرکەوتنی داعش، ئەوان چەخماغەی شۆڕشیان لێ دا. کاتێک داعش هات، ئەمە بوو بە پاساوێکی دیکەش بۆ شەڕکردنی هەندێک لەو ژنانە، نەخاسمە پاش هەوڵی پاکتاوکردنی ئێزدییەکان.

بەیانی یەکشەممە، ٨ی ئۆکتۆبر، دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند هێزە ئەمریکییەکانی ناو سووریا لە سنوورەکانی تورکیا دەکشێنێتەوە و بوار بۆ هێزەکانی تورکیا دەڕەخسێنێ کە هێرشێکی دژ بە کوردەکانی سووریا ڕاگەیاندووە. ڕۆژی دووشەممە، سەرباری ڕەخنەیەکی زۆر، سەرۆکی ئەمریکا، لەوە دەچوو هەندێک پاشگەز بووبێتەوە بێ ئەوەی چوونی سوپای تورک بۆ ناو سووریا قەدەغە بکا. بۆچوونتان سەبارەت بەم هەڵوێستەی کۆشکی سپی چییە؟
هەڵکەوتی مێژوو وای کرد کە فیلمی "خوشکانی ئاگر" ڕێک لە ساتەوەختی بەجێهێشتی ئەم ژنانە لە نێو چنگی تورکەکاندا دەربچێ. وەک چۆن ئێمە ساڵ و نیوێک لەمەوپێش لە عەفرین بەجێمان هێشتن و تەنیا ئاکامیش قەتڵوعامی ژمارەیەکی بەرچاو لەم ژنە شۆڕشگێڕانە بوو. ئێستا ئێمە لە سەرتاسەری باکووری سووریا وازیان لێ دێنین. ئەمەش هەم تراژیدیایەکی مرۆڤایەتییە، هەم ترسنۆکییەکی ئەخلاقی - ئەمە ڕیسوایی ڕۆژئاوایە - و هەمیش هەڵەیەکی سیاسیی زۆر گرنگ! کاتێک ئەم ژن و پیاوە خەباتگێڕانەی کوردی سووریا بە دەستی سوپای تورک لەناو بران - هێزی هەوایی و تۆپخانە و زرێپۆشیی زۆر گەورەی هەیە و کورد بەرگە ناگرن -، جیهادییەکان پانتاییەکی زۆریان لەبەر دەستدا دەبێ بۆ ئەوەی دیسان لەسەر ئەم خاکانە سەقامگیر ببنەوە.
لە ئاکامدا، مەترسیی ئەوە هەیە بگەڕێینەوە سەر خاڵی سفری شەڕی دژ بە داعش. دەستە جیهادییەکان لە سەرانسەری باکووری سووریا جێگیر دەکرێن. حکومەتی تورکیا بە درێژایی حەوت ساڵ یارمەتیی داون و سەقامگیری کردوون، لە کاتێکدا ئێمە لە سایەی کوردەکانەوە توانیومانە لە چنگیان ڕزگار بین. چۆن داناڵد ترامپ نەیتوانی ببینێ کە تورکەکان بە درێژایی ئەو ساڵانە پاڵپشتی داعش بوون؟ بەختەوەرانە، ئەم بڕیارە، لە نێو سوپای ئەمریکا و کۆمەڵگەدا بە شێوەیەکی بەرفراوان هەرایەکی زۆری ناوەتەوە و دەگوترێ: ئێمە ناتوانین شتێکی وەها بکەین، ئەمە شیاو نییە. ئێمە داوامان لە کوردەکانی سووریا کرد لە چنگ دوژمنی هاوبەشمان کە داعش بوو، ڕزگارمان بکەن و پاش ئەوەی ئەوان ئەرکەکەی خۆیان پێک هێنا، دەیانخەینە نێو زبڵدانەوە و دەیانخەینە بەر دەستی حکومەتی تورک کە بەڵێنی داوە هەتا دوایین کەسیان قەتڵوعام بکا. ئەمەیە واقعەکە! ئەگەر ئێمە واز لە کوردەکانی سووریا بهێنین، ئەوا دەبینە شایەتحاڵی تراژیدیایەکی هاوشێوەی ئەو تراژیدیایەی ئەرمەنییەکان سەدەیەک لەمەوپێش لەگەڵ تورکەکان بەسەریان هات.