۱۳۹۸/۰۷/۲۳

بە "کانیاوی ئاشتی" دەنووسرێ، بە "پشتێندی عەرەب" دەخوێنرێتەوە


جەلال باشلانگچ / ئارتی گەرچەک
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

ژەنەڕاڵی ئەمریکی پاتۆن دەڵێ "لە شەڕدا سەرەتا ڕاستییەکان دەمرن."
ئەم ڕۆژانەش، بە قۆناغێکدا تێدەپەڕین کە "سەرەتا ڕاستییەکان مردن."
دونیای تورکیا دیسان پێچەوانە بووەتەوە. وتەی "شەڕ" تاوانە، وتەی "ئاشتی" دەبێتە هۆکاری قۆڵبەستکردن.
سەرۆککۆماری قوبرسی باکوور، مستەفا ئاکنجی، سەبارەت بە ئۆپەڕاسیۆنی "کانیاوی ئاشتی" هەڵوێستێکی زۆر بوێرانەی دەربڕی:
"چەندەش ئێمە بەوەی ساڵی ١٩٧٤ بڵێین ئۆپەڕاسیۆنی ئاشتی، دیسان شەڕ بوو و ئەوەی ڕژاش، خوێن. ئێستاش چەندە بڵێین کانیاوی ئاشتی، ئەوەی دەڕژێ ئاو نییە، خوێنە."
ئاکنجی یەکسەر پەلامار درا. تەنانەت دمڕاستێکی هەرە پایەبەرز لە ئەنقەرە ئاکنجی بەوە تاوانبار کرد کە "سنووری خۆی نازانێ."
ئاکنجی واقی وڕمابوو، دەیپرسی:
"بەرگریکردن لە ئاشتی کەنگێ سووچ بووە؟ سووچدارکردن و تانەدان لەم داخوازییە چ سوودێک بە کێ دەگەیەنێ؟"
دیارە لەو چاخەی ئێمەدا، لە وڵاتێکی مەدەنی "ویستی شەڕ" تاوانە، "ویستی ئاشتیش" مافێکی سرووشتیە؛ بەڵام لە بیرتان نەچێ، لە "وڵاتێکی مەدەنی"دا.
چەند ڕۆژ لەمەوپێش، سولەیمان سۆیلوو، وەزیری کاروباری دەرەوە ڕایگەیاند:
"٥٠٠ کەس لەوانەمان دەستنیشان کردووە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سووکایەتی بە 'ئۆپەڕاسیۆنی کانیاوی ئاشتی' دەکەن، هاوڕێیانمان ١٢١ کەسیان قۆڵبەست کردووە… ئەوانەی بەمە دەڵێن شەڕ، خیانەتکارن. شەڕ لەگەڵ دەوڵەتدا دەکرێ. ئەمە، ئۆپەڕاسیۆنی پاکتاوکردنی تیرۆریستەکانە. ئیتر ئەوەندە ئاسانە."
لە گۆشەیەک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە گۆشەیەک ئێران، لە گۆشەیەکی دیکە سووریا و تورکیا هەبێ و ئۆپەڕاسیۆنی کانیاوی ئاشتیش ئۆپەڕاسیۆنێکی سادەی "پاکتاوکردنی تیرۆریستەکان" بێ. ئێمەش بڕوامان کرد…
لەگەڵ دەسپێکردنی ئۆپەڕاسیۆنی کانیاوی ئاشتی، سەزگین تانریکوولوو، نوێنەری ئەستەنبوڵی جەهەپەش پشکی خۆی لەو "دۆخەی وڵات" بەرکەوت کە تەواو خەساری بە مێشکەکان گەیاندووە.
پاش ئەوەی تانریکوولوو لە لێدوانێکیدا بۆ ئارتی تێڤی گوتی "حکومەت پێویستە بزانێ. ئەمە شەڕێکی ناهەقە و شەڕێکە دژ بە کوردەکان"، سەردۆزگەریی کۆماریی ئەنقەرە ڕایگەیاند "بە هۆی سووکایەتیکردن بە حکومەتی کۆماریی تورکیا" لێکۆڵینەوەیەکی دژ بەو دەست پێ کردووە.
ئاوا ها، هەم بڵێ "شەڕێکی ناهەق" و هەمیش بڵێ "شەڕێک دژ بە کوردەکان"...
چەند ڕۆژێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەڵیانکوتایە سەر تانریکوولوو و دوو ڕۆژ دواتریش سەردۆزگەر بە دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە خۆی تێ هەڵقوتاند.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا با بزانین لێکدانەوەی تانریکوولوو سەبارەت بەوەی کە ئەمە "شەڕێکە دژ بە کوردەکان" لە ژێر تیشکی مێژوودا ڕاستە یان نا.
ئەردۆغان پەیتا پەیتا ئەو ناوچەیەی کە درێژایی سنووری تورکیا دەگرێتەوە و زۆربەی دانیشتووانی کوردن، بە "کریدۆری تیرۆر" لەقەڵەم دەدا. پاشان باس لەوە دەکا کە ئەو ناوچەیە لە "تیرۆر پاک دەکەنەوە" و جارجارە دەڵێ یەک و جارجارە دەڵێ دوو میلیۆن کەس لەو چوار میلیۆن سووریاییەی پەنایان هێناوەتە بەر تورکیا، لەوێ نیشتەجێ دەکەین.
تەنانەت لەو گەڵاڵەیەی کە بۆ یەک میلیۆن سووریایی داڕشتووە کە زۆربەی هەرە زۆریان سوننە و عەرەبن، ئاماژە بە خانووی ٢٥٠ تا ٣٠٠ مەتری چوارگۆشە لە نێو باغچەکاندا دەکا.
گەڵاڵەی خانوو بۆ یەک میلیۆن سووریایی دادەڕێژێ، بەڵام ناڵێ ئەوانی تر لە کوێ نیشتەجێ دەکا. لەوە دەچێ میلیۆنەکەی دیکە لە عەرەبە سوننەکان لەو شوێنانە جێگیر بکا کە کوردەکان لەبەر شەڕ و بۆردومان چۆڵیان دەکەن.
ئێمە ئەم فیلمەمان لە مێژوودا بینیوە، لێگەڕێن با وردتر بێژم؛ لە مێژووی سووریادا بینیومانە.
سەرەتای ساڵانی ١٩٦٠، پەرەسەندنی خێرای حەشیمەتی کورد، دەسەڵات و نەتەوەپەرستانی عەرەبی ترساند.
ڕێکەوتی ٥ی ئۆکتۆبری ١٩٦٢، بڕیارنامەیەکی تایبەتی سەرژمێری حەشیمەتیان بۆ ویلایەتی حەسەکە دەرکرد کە زۆربەی دانیشتووانی کورد بوو. بیانووشیان "دەستنیشانکردنی ئەو کوردانە بوو کە بە شێوەیەکی نایاسایی ڕوویان کردووەتە سووریا".
لەم سەرژمێرییەدا، کوردەکان ناچار بوون بە بەڵگە بیسەلمێنن کە پێش ساڵی ١٩٤٥ لە سووریا بوون.
لە ناوچەکەدا کە ڕێژەی خوێندەواری ٣% بوو، زۆربەی هەرە زۆری خەڵک ئەم کارەیان نەکرد و لە ئاکامدا پتر لە ١٢٠ هەزار کورد مافی هاووڵاتیبوونیان لێ سەندرایەوە. بە گشتی، ٢٠٠ هەزار کوردیان لە مافی شارۆمەندی بێبەش کرد.
ئاخروئۆخری ساڵی ١٩٦٣، بەڕێوەبەری ئەمنی حەسەکە، ملازم محەممەد تالب هیلال ڕاپۆرتێکی نهێنی ئامادە کرد:
"لە جەزیرە زەنگی مەترسی لێ دەدا و ویژدانی عەرەب بانگەوازی ڕزگارکردنی ئەم ناوچەیە و پاککردنەوە لەو مرۆڤە نەگریسانە دەکا کە پەڵەی ڕەشی مێژوون، چونکە جەزیرە لەبەر هەڵکەوتە جوگرافییەکەی، وەک سەرجەم ویلایەتەکانی دیکەی خاکی عەرەب، خاوەنی سەرچاوەی داهات و دەوڵەمەندییەکی زۆرە. پرسی کورد، لەو ڕۆژانەدا کە ئیتر کوردەکان دەستیان بە خۆڕێکخستن کردووە، ڕژێنەیەکی پیسە کە لە نێو جەستەی عەرەبدا دەرکەوتووە و پەرەی سەندووە. تەنیا چارە ئەوەیە ڕیشەکێش بکرێن و فڕێ بدرێن."
ملازم هیلال، لە ڕاپۆرتەکەیدا، بەرنامەی هەڵمەتێکی ١٢ ماددەیی بۆ پێشگرتن لە پەرەسەندنی مەترسیی کورد لە سووریا پێشکەش کردووە. هەڵسوکەوتی تورکیای بەرامبەر بە کوردەکانیش بە نموونە هێناوەتەوە. ئەمەی خوارەوە چەند سەردێڕێکن لەو ١٢ ماددەیە:
"دەرکردنی کوردەکان لەسەر ئەو خاکانەی لێیان نیشتەجێن… داننەنان بە مافی پەروەردەی کوردەکان… قەدەغەی پێدانی کار بە کوردەکان… کەمپینی پڕوپاگەندەیەکی نەتەوەیی دژ بە کورد… جێگیرکردنی عەشیرە نەتەوەپەرستەکانی عەرەب لەسەر ئەو خاکانەی کوردەکان لێیان نیشتەجێن… بە درێژایی سنووری تورکیا پشتێندێکی ئەمنی عەرەب دروست بکرێ… سەندنەوەی مافی دەنگدان و وەبەرهێنان لەو کەسانەی کە عەرەب نین…"
ساڵی ١٩٦٥، بەرنامەی ئەم هەڵمەتە لە لایەن حکومەتی سووریاوە پەسند کرا، بەڵام لەبەر کاروباری تاپۆ، لە ساڵی ١٩٧٣دا چووە بواری جێبەجێکردنەوە.
بە پێی ئەم بەرنامەیەیە، لەسەر سنووری سووریا و تورکیا، بە درێژایی ٣٧٥ کیلۆمەتر و پانایی ١٥ کیلۆمەتر، پشتێندێکی عەرەب دروست دەکرێ.
٣٣٢ گوندی کورد چۆڵ دەکرێن. بڕیار دەدرێ پتر لە ١٤٠ هەزار کورد سنوورداش بکرێن. عەشیرەکانی عەرەب لە ناوچەکە جێگیر دەکرێن.
تەنانەت ساڵی ١٩٦٣، لەگەڵ هاتنە سەرکاری حزبی بەعس، یاسایەکی ڕەوشی ئاوارتەیان دەرکرد. دەسەڵاتی ئەوە بە هێزە ئەمنییەکان درا، بێ فەرمانی گرتن، گومانیان لە کێ هەبوو قۆڵبەستی بکەن. هەر بەو یاسایە، دەسەڵات بە دادگە ئەمنییە دامەزراوەکانی دەوڵەت دراوە ئەگەر هەر کەسێک ویستی دژ بە ڕژێمی بەعس یان سەرکردەکانی دەوڵەت لەسەر بنەمایەکی ئەتنیکی - ئایینی دەستەیەک ساز بکا، لەو دادگەیانەدا دادگایی بکرێ و بڕیاری یەکجارەکی لەسەر بدرێ. ئەم زوڵمە تا ساڵی ٢٠١١ درێژەی خایاند.*
پیادەکردنی بەشێک لەم "پشتێندی عەرەبە" چەندە ئاشنایە، وا نییە!
جا لەبەر ئەم هۆکارە چاوتان لەوە نەبێ بە "کانیاوی ئاشتی" دەنووسرێ، چونکە ئەوانەی ڕوو دەدەن بە "پشتێندی عەرەب" دەخوێنرێنەوە.
_______________________
(سەرچاوە: ئیبراهیم هیلال باران، داهاتووی کوردستان لە دونیای نوێدا و سیاسەتیی کوردەکانی سووریا.)

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر