۱۳۹۸/۰۷/۱۸

وتووێژ لەگەڵ پاتریس فرانسێچکی سەبارەت بە فیلمی "خوشکانی چەک"


لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی 

ماریان: فیلمی هاوکارمان کارۆلێن فورێست، خوشکانی چەک کە باسی بەشداریی ژنان دەکات لە نێو ڕیزەکانی بزووتنەوەی کورد لە سووریا، چوارشەممە، ٨ی ئۆکتۆبەر نمایش کرا. لەودیو خەیاڵەوە، واقع چ پشکێکی بەر دەکەوێ؟
پاتریس فرانسێچکی: ئەم یەکینەیەی ژنە خەباتگێڕەکان شتێکی ڕاستییە. دەبێ باش بزانین کە ٢٥% بۆ ٣٠%ی خەباتگێڕانی کورد لە سووریا، ژنن. سەبارەت بە ڕێکخستنی یەکینەکانی کورد لە سووریا، بەشێکیان یەکینەی پیاوان، یەپەگەن و بەشەکەیتر، یەکینەی ژنان، یەپەژەن و بە گشتی ئەو یەکینانە تێکەڵن. فیلمەکەی کارۆلێن فورێست چیرۆکی یەکینەیەکی یەپەژە دەگێڕێتەوە. یەپەژە ڕێکخراوێکی تاقانەیە لە دونیادا. هەرچەند ژمارەیەکی زۆر ژنی شەڕکەر لەسەر ئاستی جیهاندا هەن، بەتایبەت لە نێو سوپاکانی ڕۆژئاوادا، بەڵام ئەوەی ڕاستی بێ، تەنیا لە نێو کوردەکانی سووریا ئەو یەکینانە هەن کە تەنیا لە ژنان پێکهاتوون و تەنیا ژن فەرماندەیانن. دیارە شەڕکردنی ئەم ژنانە، خاڵی لاوازی ئیسلامییەکانە، چونکە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دەستەکانی ژنان و هێرش کردنە سەریان لە لایەن ئەوانەوە، بە لایانەوە شیاوی پەسند نییە. لە حەوت ساڵ لەمەوپێشەوە کە هاتوچۆی سووریا دەکەم، لە مەیدانەکە، لە نزیک بەرەکانی جەنگەوە، هێزی ئەم یەکینە زۆر توندوتۆڵانەی ژنان، ئەم ئامازۆنە بچووکانەی ئاگرم بۆ دەرکەوت.

ئەم یەکینانەی ژنە شۆڕشگێڕەکان لە بەرەی پێشەوە بەدی دەکرێن؟
بەدڵنیاییەوە. ئەوان تەنانەت زۆر کاریگەرن. لە کاتی دوایین شەڕی گەورە دژ بە داعش لە سووریا، واتە شەڕەکەی ڕەقە کە پێنج مانگی خایاند، من لەگەڵ ئەوان بووم. ئەو چەند مانگەی لەوێ تێمپەڕاند، بەتایبەت لەگەڵ بەتالیۆنی ژنان بووم چونکە دەمزانی ئەمە دوایین شەڕی گەورە دەبێت و پێم خۆش بوو لە تەنیشت ئەوان بم. ئەوان دژ بە داعش لە ڕیزی پێشەوە بوون. ئەگەر ئێوە سەیری گۆڕستاننی شۆڕشگێڕانی کورد بکەن، چاوتان بە ژمارەیەکی زۆر بەرچاو لە ناوی ژنان دەکەوێ. ئەوان بە خوێن نرخیان داوە! لە سەرەتای شەڕی دژ بە داعشدا، لە بەرەی کوردەکان، ٣٦ هەزار کەس کوژران و بریندار بوون کە نزیکەی ٢٠%یان ژنن. ژنان فیداکارییەکی گەورەیان لە خۆیان نیشان داوە.

لە نێو جەرگەی ڕێکخراوی سەربازیی کوردەکانی سووریادا، ئاخۆ ئەم ژنە شۆڕشگێڕانەش وەک پیاوەکان پۆستی فەرماندەییان بە دەستەوەیە؟
لە ناوەندی فەرماندەریدا ژمارەیان تەنانەت لە پیاوەکانیش زیاترە! با نموونەیەکی سادە بێنمەوە: شەڕی ڕەقە بە گشتی لە لایەن ژنێک بە ناوی هەڤاڵ توولینەوە کۆنتڕۆڵ دەکرا. هەر چوار بەرەی باکوور، باشوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواش لە لایەن ژنانەوە بەڕێوە دەبرا. ناوەندی فەرماندەری ئەم شەڕەی بە فەرماندەکانی ژن سپاردبوو. ئەوان دەیانویست دوایین وانە بە ئیسلامییەکان بدەن: ژنەکان ئێوە دەبەزێنن و بە گوێرەی پرەنسیبەکانی خۆتان بێ، ئەمە دەبێتە ڕیسواییەکی گەورە! لێهاتوویی سەربازیی ئەم ژنە فەرماندانە و هێزەکانی مەیدانەکە وای کرد ئەم پەیامە بە ئیسلامییەکان بگا.

بێ ئەم ڕێکخراوە و ئەم بەشدارییەی بەرچاوەی ژنان، ئاخۆ ئێوە پێتان وابوو کە کوردەکانی سووریا بەو ڕادەیە، توانای بەرگری و هەروەها پێشڕەوییان لە بەرانبەر داعشدا هەبوایە؟
ئەوان پشکێکی بەرچاویان هەیە. بەشداریی ژنان نەک هەر لە بەرەکانی جەنگ، بەڵکە لە سەرجەم دامودەزگا سەقامگیرەکانی ناوچەکە و لە نێو بزووتنەوەی شۆڕشگێڕیی کوردەکانی سووریادا، بواری بۆ جموجوڵی تەواوی کۆمەڵگە خۆش کرد. ئەمەش بنەمایەکی زۆر گرنگە. کوردەکانی سووریا پڕۆژەی ئەو کۆمەڵگەیەی کە بەڕێوەی دەبەن بە شۆڕشێکی ژینگەیی و ژنانە دەزانن. ئەم دوو دەستەواژەیە لە پەیڕەونامەکانیاندا بەدی دەکرێ. هەروەها یەکسانیی ژن و پیاو، عەلمانییەت و دیموکراسی، لەگەڵ ژینگە و فێمێنیزم، بناغەکانی شۆڕشی ئەوان پێک دێنن. نابێ لە بیرمان بچێ کە خەباتی ئەوان بۆ ئازادییانە لە هەمبەر داعش، هاوکات بۆ شۆڕشێکی کۆمەڵایەتیشە، بە پڕۆژەیەکی سیاسیی ئەوتۆوە کە کەڵکەڵەی سەرەکیی ژنانە و لەپێناویدا ئازار و مەرگیان داوەتە بەر چاو. فیلمەکەی کارۆلین فورێست بە دادپەروەرییەکی زۆرەوە دەیەوێ ئەمە بخاتە ڕوو.

ئێوە ژمارەیەک لەو ژنە شۆڕشگێڕانەتان بینیوە، چ شتێک هانی دەدان بۆ ئەوەی چەک هەڵبگرن؟
پێش پەلاماری داعش بۆ سەر خەڵکانی مەدەنی کە پیاوان و ژنانیان هان دا بەشداری خەباتی کوردەکانی سووریا بن، ئەم ژنانە دەیانویست لەو دۆخە ژێردەستییە ڕزگاریان بێ کە لە نێو کۆمەڵگەکانی عەرەب و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی بەسەریاندا زاڵە. کاتێک کوردەکان خاکی باکووری سووریایان گرت، فرەژنی، سزای لەسێدارەدان و هەڵگەڕانەوە لە دینیان هەڵوەشاندەوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارانەش پێش دەرکەوتنی داعش، ئەوان چەخماغەی شۆڕشیان لێ دا. کاتێک داعش هات، ئەمە بوو بە پاساوێکی دیکەش بۆ شەڕکردنی هەندێک لەو ژنانە، نەخاسمە پاش هەوڵی پاکتاوکردنی ئێزدییەکان.

بەیانی یەکشەممە، ٨ی ئۆکتۆبر، دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند هێزە ئەمریکییەکانی ناو سووریا لە سنوورەکانی تورکیا دەکشێنێتەوە و بوار بۆ هێزەکانی تورکیا دەڕەخسێنێ کە هێرشێکی دژ بە کوردەکانی سووریا ڕاگەیاندووە. ڕۆژی دووشەممە، سەرباری ڕەخنەیەکی زۆر، سەرۆکی ئەمریکا، لەوە دەچوو هەندێک پاشگەز بووبێتەوە بێ ئەوەی چوونی سوپای تورک بۆ ناو سووریا قەدەغە بکا. بۆچوونتان سەبارەت بەم هەڵوێستەی کۆشکی سپی چییە؟
هەڵکەوتی مێژوو وای کرد کە فیلمی "خوشکانی ئاگر" ڕێک لە ساتەوەختی بەجێهێشتی ئەم ژنانە لە نێو چنگی تورکەکاندا دەربچێ. وەک چۆن ئێمە ساڵ و نیوێک لەمەوپێش لە عەفرین بەجێمان هێشتن و تەنیا ئاکامیش قەتڵوعامی ژمارەیەکی بەرچاو لەم ژنە شۆڕشگێڕانە بوو. ئێستا ئێمە لە سەرتاسەری باکووری سووریا وازیان لێ دێنین. ئەمەش هەم تراژیدیایەکی مرۆڤایەتییە، هەم ترسنۆکییەکی ئەخلاقی - ئەمە ڕیسوایی ڕۆژئاوایە - و هەمیش هەڵەیەکی سیاسیی زۆر گرنگ! کاتێک ئەم ژن و پیاوە خەباتگێڕانەی کوردی سووریا بە دەستی سوپای تورک لەناو بران - هێزی هەوایی و تۆپخانە و زرێپۆشیی زۆر گەورەی هەیە و کورد بەرگە ناگرن -، جیهادییەکان پانتاییەکی زۆریان لەبەر دەستدا دەبێ بۆ ئەوەی دیسان لەسەر ئەم خاکانە سەقامگیر ببنەوە.
لە ئاکامدا، مەترسیی ئەوە هەیە بگەڕێینەوە سەر خاڵی سفری شەڕی دژ بە داعش. دەستە جیهادییەکان لە سەرانسەری باکووری سووریا جێگیر دەکرێن. حکومەتی تورکیا بە درێژایی حەوت ساڵ یارمەتیی داون و سەقامگیری کردوون، لە کاتێکدا ئێمە لە سایەی کوردەکانەوە توانیومانە لە چنگیان ڕزگار بین. چۆن داناڵد ترامپ نەیتوانی ببینێ کە تورکەکان بە درێژایی ئەو ساڵانە پاڵپشتی داعش بوون؟ بەختەوەرانە، ئەم بڕیارە، لە نێو سوپای ئەمریکا و کۆمەڵگەدا بە شێوەیەکی بەرفراوان هەرایەکی زۆری ناوەتەوە و دەگوترێ: ئێمە ناتوانین شتێکی وەها بکەین، ئەمە شیاو نییە. ئێمە داوامان لە کوردەکانی سووریا کرد لە چنگ دوژمنی هاوبەشمان کە داعش بوو، ڕزگارمان بکەن و پاش ئەوەی ئەوان ئەرکەکەی خۆیان پێک هێنا، دەیانخەینە نێو زبڵدانەوە و دەیانخەینە بەر دەستی حکومەتی تورک کە بەڵێنی داوە هەتا دوایین کەسیان قەتڵوعام بکا. ئەمەیە واقعەکە! ئەگەر ئێمە واز لە کوردەکانی سووریا بهێنین، ئەوا دەبینە شایەتحاڵی تراژیدیایەکی هاوشێوەی ئەو تراژیدیایەی ئەرمەنییەکان سەدەیەک لەمەوپێش لەگەڵ تورکەکان بەسەریان هات.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر