۱۳۹۵/۰۲/۰۷

وتوێژی تایبەت لەگەڵ میشێل بووتۆر

 "ڕەنگە ڕۆژێک ئیتر کەس ڕۆمان نەنووسێ"

سەلاحەدین بایەزیدی


ئەگەر بە ئۆتۆمبێلی خۆت نەبێ، ئاسان نییە لە وادەی دیاریکراودا چاوت بە میشێل بووتۆر، شاعیر و نووسەری ناسراوی فەرەنسا بکەوێ. چونکە لە گوندێکی چەپەک و پەراوێزخراوی سەر بە "لووسەنژ" کە لەسەر سنووری سویس هەڵکەوتووە، دەژی. لە گەراجەکانی ژنێڤ، کەس نەبوو تەنانەت ناوی گوندەکەشی بیستبێ، تەنیا ئەوەندەیان دەزانی کە کەرەستەکانی هاتوچۆی گشتی ڕێیان ناکەوێتە ئەو شوێنە و دەبوایە بە تەکسی بچم. کە لە لووسەنژ ڕووم کردە ئەو شۆفیر تەکسییەی چاوەڕوانی ڕێبوار بوو، وادەی دیدارەکە تەنیا چەند خولەکێکی مابۆوە و ترسی ئەوەم ڕێ نیشتبوو شۆفێر تەکسییەکە بە ناشارەزایی ڕێگەکەم دوورتر بکاتەوە. بەڵام لێرەوە بەدوا مێشێل بووتۆر ناونیشانێکی ئاشنا بوو. پێش ئەوەی ئادرەسی ماڵەکەی بدۆزمەوە و بە شۆفیرەکەی بدەم، بە ڕێکەوت ناوی بووتۆرم هێنا. شۆفیرەکە زەردەخەنەیەکی کرد و وەک ئەوەی هەستێ پێکردبێ وە درەنگی کەوتووم، دەسبەجێ کەوتە ڕێ و گوتی بە ناوبڕ دەمگەیەنێت. شۆفیرەکە ڕۆمانەکانی میشێل بووتۆری نەخۆێندبۆوە، چونکە بە قسەی خۆی دانووی لەگەڵ "ڕۆمانی نوێ"دا ناکوڵێ، بەڵام باسی لەوە دەکرد خەڵکێکی زۆری بۆ ماڵەکەی ئەو نووسەرە گواستۆتەوە و جار جارەش لە تەلەڤزیۆن گوێی لە قسە و دیمانەکانی گرتووە. بە چاوگێڕانم بە دیمەنەکانی دەوروبەردا، بۆی دەرکەوت پرسیاری ئەوەم لە مێشکدا وروژاوە کە بۆچی ئەم نووسەرە ڕچەشکێنە لەم کوێرەدێیە دەژی، بێ ئەوەی پرسیارەکەم بێنمە سەر زمان، شۆفیرەکە هەڵیدایە: وەک دەبینن لە خۆڕا نییە لێرەکانە دەژی، ئێرە شوێنێکی بە ڕاستی سەرنجڕاکێشە. واش بوو.
دواجار، میشێل بووتۆر کە مانگێکی تر پێ دەنێتە تەمەنی ٨٩ ساڵییەوە، بە گەرموگوڕیی ناسیاوێک لە ماڵەکەی خۆیدا پێشوازی لێکردم. هێشتا بە خۆوەیە و لە خوێندنەوە و نووسین دانەبڕاوە، بەڵام ئەو ئێستا چیتر خۆی بە ڕۆمان و ژانرەکانی تری ئەدەبەوە سەرقاڵ ناکا و زیاتر شیعر دەنووسێ. ساڵی ١٩٥٩، دوایین ڕۆمانی بە ناوی "پلەکان" نووسیوە کە دەسپێکی ساڵی ١٩٦٠ چاپ بووە و ئیدی لەوساوە، واتە پتر لە نیو سەدەیە بە لای ڕۆماندا نەچۆتەوە. دەڵێ: "چونکە بە پێی پێویست نووسیم. زۆرم کتێب و نووسراوە چاپ کرد. ئێستا پڕۆژەیەکی گەورەم وەک نووسین بە دەستەوە نییە."

تاقانە یادگاری "ڕۆمانی نوێ"

مێشێل بووتۆر بە گشتی چوار ڕۆمانی نووسیوە و بەو ڕۆمانانە و لە سەرووی هەمووشیانەوە بە ڕۆمانی "وەرچەرخان" ناوبانگی جیهانی دەرکردوە. یەکەم ڕۆمانی ساڵی ١٩٥٤ لە لایەن وەشانخانەی (مینوی) لە پاریس چاپ کراوە. ڕۆمانەکانی میشێل بووتۆر دەچنە خانەی "ڕۆمانی نوێ" یان "قوتابخانەی مینوی"یەوە. ئەو ڕەوتەی لەسەر کۆمەڵێک ڕەتکردنەوەی هاوبەش دامەزرابوو، لەوانە ڕەتکردنەوەی فۆرمی کلاسیکی ڕۆمان، ڕەتکردنەوەی فۆرمی پشت ئەستوور بە باڵزاک و ریالیزم، ڕەتکردنەوەی قارەمان، ڕەتکردنەوەی بەسەرهات، ڕەتکردنەوە جیاوازی خستنە نێوان فۆڕم و نێوەڕۆک.
میشێل بووتۆر لەگەڵ کۆمەڵێک نووسەری وەک ناتالی سارۆت، ئالێن رۆب گرییێ، کلۆد سیمۆن، مارگریت دووراس و رۆبێر پانژێ بە گرنگترین سیماکانی ڕۆمانی نوێ لەقەڵەم دەدرێن. ئەمڕۆکە هەرچەند بووتۆر تەنیا یادگاری ئەو کاروانەیە، بەڵام هاوکات و بگرە پێش ئەوان ماڵئاوایی لە بزاوتی ئەدەبیی ڕۆمانی نوێ کردوە کە کۆتایی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو و شەشتەکان، هاوکات لەگەڵ گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە فەرەنسا لە لووتکەی خۆی دابوو.
ئەی ئەگەر میشێل بووتۆر درێژەی بە نووسینی ڕۆمان دابایە، هەمدیس شێوازی "ڕۆمانی نوێ"ی بەکار دەهێنا؟ وڵامدانەوەی پرسیارەکە ئەستەمە. بووتۆر بە پێکەنینەوە دەڵێ مێژوویەکە ئیتر ڕۆمان نانووسم. بەڵام سەرسامبوونی خۆی بە نووسەرانی سەر بە "کارگەی ئەدەبیاتی هێزە نادیارەکان" (Oulipo) نیشان دەدا: "لە ناو نووسەرانی Oulipoدا کۆمەڵێک قەڵەم بەدەست هەن کە فرە فۆرمالیستن و نووسراوەکانیان مایەی تێڕامانە. بۆ نموونە نووسەرانی وەک ژۆرژ پێرێک و ژاک رووبۆ. ژۆرژ پێرێک کتێبێکی نووسیوە بە ناوی "ونبوون" کە پیتی "e" لە سەرانسەری کتێبەکەدا بەدی ناکرێ. کارێکی بێ هاوتایە چونکە ئەم پیتە لە فەرەنسیدا لە هەموو پیتەکان زیاتر بەکار دەبرێ. بەڵام ئەم کتێبە بێ ئەو پێتە نووسراوە و سەرکەوتووش بووە". بووتۆر، هۆکاری سەرنجڕاکێش بوونی ئەم نووسەرانە و هەروەها بەرهەمەکانی نووسەرانی ڕۆمانی نوێ بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە هاندەر و وروژێنەری هێزی خەیاڵن. "هەرچەشنە جوانکارییەک لە لەحن و دەربڕیندا سەرنجم ڕادەکێشێ"، میشێل بووتۆر وا دەڵێ.

داهاتووی ڕۆمان

ئاساییە ئەگەر میشێل بووتۆر بە پێچەوانەی ڕۆماننووسەکانی دیکە سەبارەت بە ڕۆمان و داهاتوو و مانەوەی ئەم ژانرە ئەدەبییە دەمارگرژ نەبێ. ئەخە ئەو بۆخۆی نووسەری جۆرێک لە ڕۆمان بووە کە بە دژەڕۆمان ناسراوە. دەربارەی پێشەڕۆژی ڕۆمان پێی وایە بۆی هەیە ڕۆمان بوونی نەمێنێ وەک چۆن پێش ئەوەی لەدایک بێ، بە درێژایی چەندین سەدە بوونی نەبووە. بووتۆر بەمجۆرە بۆچوونی خۆی لەسەر داهاتووی ڕۆمان دەردەبڕێ: "ڕۆمان شتێک نییە بەردەوام هەبووبێ. ڕۆمان وەک ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین و پێناسەی بۆ دەکەین، بە درێژایی چەندین سەدە هەر بوونی نەبووە. بۆیە دەکرێ کتوپڕ نەمێنێ و شتێکی دیکە بۆ نموونە فیلم یان ئەڵقەی تەلەڤزیۆنی جێگەی بگرێتەوە. ڕۆمان لە واتا باوەکەیدا یانی کتێبێکی کاغەزی کە بەسەرهاتێک دەگێڕێتەوە، کە لە لاپەڕەی یەکەمەوە دەست پێدەکەین و پاش کۆمەڵێک فراز و نشێو، دەگەینە دوایین لاپەڕە. دەشی ئیتر ئەمە نەمێنێ. بۆی هەیە ڕۆژێک خەڵک چیتر ڕۆمان نەنووسن. بەسەرهاتەکان بە شێوەیەکی دیکە بگێڕدرێنەوە. بەڵام نەک لە توێی ئەو کتێبەی ئێستا دەیناسین. دیارە ڕۆمانی کۆن هەر دەخوێنرێتەوە و بەردەوام بۆ خەڵکی سەرنجڕاکێش دەبێ."
مێشێل بووتۆر کە نیشان دەدا نێوانی لەگەڵ تەکنۆلۆژیا خۆشە و پێشوازی لە هەر چەشنە ئەفراندنێکی نوێ دەکا، بێ نیگەرانی لە کاتێکدا دەوروبەری بە کتێب و ڕۆمان ئابڵۆقە دراوە، دەڵێ: "ڕەنگە شتی باشتر لە ڕۆمان بەرهەم بهێنرێ. ڕۆمان دەکرێ وەک هەنگاوێک سەیری بکرێ بەرەو فۆڕمێکی تری ئەدەبی. هەڵبەت ئێستاش ڕۆمان خەریکە جێگرەوەی بۆ پەیدا دەبێ. ئەمە نایەتە ئەو واتایەی کە ڕۆمانی کۆن ناخوێنرێتەوە. ڕۆمانی کۆن، هی دوێنێ و تەنانەت هی ئەمڕۆش هەر دەخوێنرێنەوە. بەڵام ڕەنگە ڕۆژێک ئیتر کەس ڕۆمان نەنووسێ. ڕەنگە خەڵک بە شتی ترەوە سەرقاڵ بن. دیار نییە، لەوانەشە ڕۆمان هەروا برەوی هەبێ."

"ڕۆمانەکانم بە کوردی وەربگێڕن"

نەک هەر میشێل بووتۆر، بەڵکوو هیچکام لە نووسەرانی بزاڤی "ڕۆمانی نوێ" لە زمانی کوردیدا ئاوڕیان لێ نەدراوەتەوە و کتێبەکانیان نەکراونەتە کوردی. لە کاتێکدا بزاڤی ڕۆمانی نوێ و نووسەرەکانی ناوبانگێکی جیهانییان هەیە و بە زۆربەی هەرە زۆری زمانەکانی دونیا وەرگێڕدراون. کە باسی ئەگەری وەرگێڕانی ڕۆمانەکانی میشێل بووتۆر بۆ سەر زمانی کوردی دەکەم، چاوەکانی دەبریسکێنەوە و بە خۆشحاڵییەوە دەڵێ "وەرگێڕانی ڕۆمانەکانم بە زمانی کوردی بۆ من وەک خەون وایە. تەنانەت بە خەیاڵیشمدا نەهاتووە. ڕۆمانەکانم بکەنە کوردی". ئاماژە بەوەش دەکا گرینگە نموونەکانی ڕۆمانی نوێ لە ئەڕشیڤی هەموو زمانەکاندا هەبن و خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەیان بۆ بکرێ.

میشێل بووتۆر:

میشێل بووتۆر لە شاری "مۆنزەن بارۆل"، لە باکووری فەرەنسا لەدایک بووە. لە وڵاتانی دەرەوە بە تایبەت لە میسر، مامۆستای زمانی فەرەنسی بووە و ساڵانی ١٩٥٠ لە "قوتابخانەی نێونەتەوەیی" لە ژنێڤ وانەی فەلسەفەی وتۆتەوە. لە زانکۆکانی ئەمریکا، فەرەنسا و دواتر سویسیش مامۆستای ئەدەبیات بووە و ساڵی ١٩٩١ خانەنشین کراوە.
بێجگە لە نووسینی ڕۆمان و شیعر، دەیان کتێبی دیکەی سەبارەت بە ئەدەبیات و نیگارکێشی چاپ کردووە و چەند کتێبێکی وەرگێڕدراویشی هەیە. ساڵی ٢٠١٣، خەڵاتی ئەدەبیاتی ئاکادیمیای فەرەنسای بۆ کۆی بەرهەمەکانی وەرگرتووە. ئێستا لە گوندێکی سەر بە لووسەنژی فەرەنسا لە نزیک ژنێڤ دەژی.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر