سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی
"پێویسته ئیسرائیل له سه‌ر نه‌خشه‌ی جیهان بسڕدرێته‌وه"، ئه‌م ڕسته‌یه‌ی مه‌حموود ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد سه‌رۆککۆماری ئیسلامی ئێران له کۆنفرانسی "جیهانی بێ زایۆنیزم"، کاردانه‌وه‌ی له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی و دیپلۆماسیدا له‌وه زیاتر بوو که ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد خۆی بیری لێ کردبێته‌وه. وێده‌چێ ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد هێشتاش نه‌یزانیبێ له سه‌ر کام مینبه‌ر قسه ده‌کات و له چ پۆستێک دایه. ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد که به قه‌ڵافه‌ت و شێوه له سه‌ربازه به‌وه‌فا و گومناوه‌کانی ئیمام ده‌چێ و له گه‌وهه‌ریشدا ده‌یهه‌وێ خۆی ساده و "خه‌ڵک ئاسایی" نیشان بدات، له شوێنه ڕه‌سمییه‌کان و به‌رده‌م بڵیندگۆکان دوڕاوه‌یه. چونکه ئه‌و هێشتا زمانی دیپلۆماسی و زمانی سه‌ربازێکی به‌وه‌ج و بێ په‌رده‌ی ئیمامی لێک جوێ نه‌کردۆته‌وه و نازانێ که ئه‌م قسانه له یه‌ک کاتدا ده‌بنه مانشێتی به هه‌زاران ڕۆژنامه له سه‌رانسه‌ری جیهان.
ئه‌مه یه‌که‌م جار نییه کاربه‌ده‌ستێکی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران وا ڕاشکاوانه و بوێرانه دژایه‌تی خۆی له به‌رامبه‌ر ئیسرائیل نیشان ده‌دات و خوازیاری له ناوچوونیه‌تی. قسه مێژووییه‌که‌ی (هه‌ڵبه‌ت له ڕوانگه‌ی سه‌یربوونیه‌وه) خومه‌ینیش که "ئه‌گه‌ر هه‌ر موسڵمانێک ده‌به‌یه‌ک ئاو به ئیسرائیل‌دا بکات، ئه‌وا ئه‌و ڕژێمه ئاو ده‌یبات" نموونه‌یه‌کی بچووکه. له ڕاستیدا ئه‌مه فه‌لسه‌فه و ڕێبازی ئه‌م ڕژێمه‌یه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه هه‌تا ئێستا. بیری فه‌نده‌مینتالیانه و دژی ئیسرائیلیانه‌ی زاڵ به سه‌ر موحافیزه‌کارانی ئێران که به‌رده‌وام قسه‌ی یه‌که‌میان له ده‌سه‌ڵاتدا کردووه، بنچینه‌یه‌که له پاشماوه‌کانی بیروبۆچوونی خومه‌ینیی دامه‌زرێنه‌ری ڕژێم. دوابه‌دوای ئه‌ویش بۆچوونی ئاماژه‌پێکراو له خوتبه‌کانی ڕۆژی هه‌ینی و کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌کانی تردا بنێشته‌خۆشکه‌ی سه‌ر زاری ئاخونده‌کان بووه. لێ جێاوازی ئه‌م وتانه و ئه‌وانه‌ی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد له‌وه دایه که ئه‌وان له مینبه‌ری نوێنه‌رێکی ڕۆحانیه‌وه قسه ده‌که‌ن و له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییدا هیچ شه‌رعییه‌تێکیان نییه و شیاوی به‌رپه‌رچدانه‌وه نین. ئه‌وان له‌و به‌شه له سیسته‌مدا جێگه ده‌گرن که سیسته‌مه‌که ده‌سکردی خۆیانه و له یاساکانی نێونه‌ته‌وه‌ییدا هیچ مانایه‌کی نییه. به‌ڵام جیهان به چاوی سەرۆککۆماڕ و هه‌ڵبژارده‌ی گه‌ل!! له ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد ده‌ڕوانێ و بچووکترین په‌یڤی، شیکردنه‌وه و ڕاڤه‌ی جۆراوجۆر هه‌ڵده‌گرێ.
له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه ئه‌شێ له بێبه‌ختی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاده‌وه بێت، چوونکه سه‌رده‌می ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد له‌گه‌ڵ هی خاته‌می و ڕه‌فسه‌نجانی جیاوازی زۆره، ئه‌گەر ئه‌م قسانه له سەرده‌می ڕه‌فسه‌نجانیدا هێندێک ئاسایی هاتبایه به‌رچاو، ئه‌وا له سه‌رده‌می ئێستا قورسایی زیاتره. چاوی جیهان ئه‌مڕۆکه له سه‌ر ئێڕان و سوریایه. واته خوازیارانی گۆڕانکاری له خۆرهه‌ڵاتی ناوین و له سه‌ره‌وه‌ی هه‌موویانه‌وه ئه‌مه‌ریکا چاوه‌ڕێی شتێکی به‌م جۆره‌ن تاکوو په‌ڵپ و بیانووی پێ بگرن و مه‌شڕوعییه‌ت بده‌ن به گوشاره‌کانیان بۆ سه‌ر کۆماری ئیسلامی و زۆربه‌ی ڕای گشتی جیهانیش بخه‌نه پاڵ خۆیان.
ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد بێ پەرده و هه‌ڵماڵراوانه نیاز و پیلانه‌کانی ڕژێمه‌که‌ی ده‌هێنێته زمان، چونکه پێی وایه پێشتریش ئه‌م قسانه له لایه‌ن به‌ڕێوه‌بەران و له سه‌ره‌وه‌ی هه‌موویانه‌وه خومه‌ینییەوە ده‌ربڕاوه. دیاره هه‌ر له‌گه‌ڵ هاتنه سه‌ر ده‌سه‌ڵاتیشی وه‌ها ڕاشکاوانه باسی له پیلان و بەرنامه ناوه‌کییه‌کانی ئه‌م ڕژێمه کرد و له‌م بواره‌شه‌وه جیهانیانی دڵنیا کرده‌وه. جگه له‌مانه گه‌ڕاندنه‌وه‌ی باندی تیرۆریستان و خاوه‌ن فایله‌کان بۆ ناو پڕۆسه‌ی ده‌سه‌ڵات ئه‌وه‌نده‌ی تری نیگەرانی خوڵقاندووه.
شه‌رمه‌زارکردنی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد له لایه‌ن زۆربه‌ی ده‌وڵه‌ت و لایه‌ن و که‌سایه‌تیه‌کانه‌وه بگره فه‌له‌ستین و هه‌روه‌ها له‌ناو خۆی ئێران‌دا هه‌نگاوێکه بۆ ئه‌وه‌ی چیتر ڕێگه به‌م ڕژێمه نه‌درێ، هه‌وڵی سه‌رخستنی پیلانه نائینسانیه‌کانی بدات. هیچکات وه‌ک ئێستا جیهان هاوده‌نگ نه‌بووه له به‌رپه‌رچ دانه‌وه‌ی ئێران و هه‌وڵدان بۆ دانانی سنوورێک له به‌رده‌م ئه‌م ڕژێمه. بۆیه‌ش جێگه‌ی ئومێده به‌وه‌ی که دنیا ڕووی ڕاسته‌قینه‌ی ڕژێمی ئێرانی بۆ ده‌رکه‌وێ و چیتر به سازش و هاوکاری دیپلۆماسی و بازرگانی له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕژێمه خزمه‌ت به پێشێلکردنی مافه‌کانی مرۆڤ و ئازادی له‌و وڵاته نه‌ده‌ن.