۱۳۹۴/۰۸/۰۸

گاڤا کوو ماسی تی دبن ب سۆرانی دەرکەت


دیارنامە
رۆمانا حەلیم یوسف "گاڤا کوو ماسی تی دبن" کو بەرێ ژ کوردی ژ بۆ ترکی، ئینگلیزی ئوو فارسی هاتبوو وەرگەراندن ئوو وەشاندن، نها ژ ئالیێ سەلاحەدین بایەزیدی ڤە ژ بۆ سۆرانی هات ئاداپتەکرن ئوو رۆمان ب سۆرانی دەرکەت. هەروها حەلیم یوسف ژ بۆ ڤێ یەکێ دێ لە سلێمانی بەشداری فەستیڤالێ ببە ئوو رۆمانا خوە ئیمزە بکە.
رۆمانا حەلیم یوسف "گاڤا کوو ماسی تی دبن" ژ ئالیێ وەشانخانەیا ئەندێشە ڤە هاتە چاپکرن. وەشانخانەیا ئەندێشە یەک ژ وەشانخانەیێن سەرەکە یێ باشوورێ کوردستانێ یە. هەتا نها ل سلێمانیێ ب سەدان پرتوکێن ب زمانێ کوردی (زاراڤەیا سۆرانی) وەشاندییە. هەر وسا ئەڤ سێ سالن کوو فەستیڤالەکە چاندی ب ناڤێ ئەندێشە لداردخە. ئیسال وێ فەستیڤال د رۆژێن ١٤ هەتا ١٦ێ مژدارێ دە بە. د فەستیڤالێ دە هەر سال رۆماننڤیسەک تێ خەلاتکرن. هەتا نەها بەختیار عەلی و عەتا نەهایی هاتنە خەلاتکرن. 
خوەدیێ ئەندێشە هەژار مەجید، د رۆژا ٢٧ێ مەهێ دە، د رووپەلا خوە یێ فەیسبووکێ دە، ئەشکەرە کر کوو ئەوێ رۆمانا "گاڤا کوو ماسی تی دبن" ب سۆرانی بوەشینن ئوو وێ ب ئامادەبوونا نڤیسکارێ وێ حەلیم یوسف د رۆژا ١٥ یێ مژدارێ دە، د چارچۆڤا چالاکییێن فەستیڤالێ دە، بێ بەلاڤکرن. هەر وسا وەشانگەر هەژار مەجید بەحسا قۆناخەکە نوو د رۆمانا کوردی دە دکە، بالێ دکشینە سەر گرنگییا رۆمانا "گاڤا کوو ماسی تی دبن" ئوو ئاوایێ هۆناندنا وێ ئوو ب گەرماییەکە مەزن خوەندەڤانان ڤەدخوینە خوەندنا ڤێ رۆمانا گرینگ.
نها ئەڤ رۆمانا حەلیم یوسف ل سۆرانی هاتە ئاداپتەکرن ئوو ب ناڤێ "کاتێک ماسییەکان تینوو دەبن" ژ ئالیێ وەشانێن ئەندێشە ڤە تێ وەشاندن. ئەڤ یەکەم رۆمانا نڤیسکار یوسفە کوو وێ ب زاراڤایێ سۆرانی بێ وەشاندن ئوو بەلاڤکرن. سەلاحەدین بایەزیدی رۆمان ئاداپتەیی سۆرانی کرییە. 

"ماسی" ب زمانێن بیانی ژی هات خوەندن
چاپا یەکەم ئا رۆمانا ''گاڤا کوو ماسی تی دبن" د سالا ٢٠٠٨ئان دە ژ ئالییێ وەشانێن لیسێ ڤە هات چاپکرن ئوو د سالا ٢٠١٤ئان دە وەشانێن پەیوەندێ چاپا وێ یا نوو پێشکەشی خوەندەڤانان کر. رۆمان هەتا نها ژ بۆ ترکی، ئینگلیزی ئوو فارسی هاتییە وەرگەراندن ئوو وەشاندن.

ژێدەر:
http://diyarname.com/news.php?Idx=17890

۱۳۹۴/۰۷/۳۰

دوێنێ


ناوی کتێب: دوێنێ
نووسەر: ئاگۆتا کریستۆف
وەرگێڕ: سەلاحەدین بایەزیدی
بابەت: ڕۆمان
نۆرەی چاپ : یه‌که‌م
ژمارەی لاپەڕە : 106
ساڵی چاپ: 1394 (2015)
ISBN: 978-600-7748-08-4‬‬‬‬‬‬‬‬
چاپەمەنی مانگ

۱۳۹۴/۰۷/۲۸

بۆ یەکەمجار کوردێک بوو بە ئەندام پەرلەمانی سویس


یەکەمجارە کوردێک لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی سویسدا دەنگ دێنێتەوە. لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵدا کە ڕۆژی یەکشەممە (١٨ی ئۆکتۆبر) بەڕێوە چوو، ژنێکی کورد لە کانتۆنی بازڵ بووە پەرلەمانتار.  
سیبەل ئەرسلان لەسەر لیستی سەوزەکان خۆی کاندید کردبوو و بە حەوت هەزار و دووسەد و سی و سێ دەنگ زۆرترین ڕێژەی دەنگەکانی لە کانتۆنی بازڵ تۆمار کردووە. 
سیبەل ساڵی ١٩٨٠ لە باکووری کوردستان لەدایک بووە و ساڵی ١٩٩١ لەگەڵ بنەماڵەکەی بۆ سویس کۆچیان کردووە. ئەم سیاسەتمەدارە گەنجە لە زانکۆی بازڵ حقووقی خوێندووە. 
لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی ئەمساڵدا پارتە ڕاستڕەو و دژە بیانییەکان سەرکەوتنێکی بەرچاویان بەدەست هێنا. حزبی (UDC-SVP) لەچاو هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١١، یانزە کورسی زیاتر بەدەست هێناوە و ژمارەی نوێنەرانی لە پەرلەمان کردۆتە ٦٥ کەس. ئەم ڕێژە دەبێتە یەک لە سێی پەرلەمان و چاوەڕێی دەکرێ حزبی ناوبراو لەگەڵ حزبە ڕاستڕەو و محافزەکارەکانی تردا ئیتیلاف پێک بێنێ. 
حزبی سۆسیالیست کە دووەم حزبی گەورەی سویسە، دوو کورسی لەدەست داوە و لە پەرلەمانی نوێیدا خاوەنی ٤٦ کورسییە. لە لایەکی ترەوە، چەپی ڕادیکاڵ لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵدا توانیویەتی کورسییەک بەدەست بێنێ.
پەرلەمانی سوییس بڕیارە ڕۆژی نۆی دێسەمبەر دەوڵەتی نوێ پێک بێنێ.

۱۳۹۴/۰۷/۲۶

گاڵتە


ییڵماز گونەی
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

مناڵەکە فێر ببوو ناوی خۆی بنووسێ.
باوکی زۆری پێ خۆش بوو. گوتی:
"ئەی لەو بێ نامووسەی! چ زوو فێری نووسین بووە!"
ئەو خۆشییەی لە دڵی باوک گەڕابوو، مناڵەکەشی خۆشحاڵ کردبوو.
لە بەر ئەم وشانە نووسیەوە:
"دەرگا."
"نۆرە."
"قوتابخانە کرایەوە."
باوکی گوتی:
"ئەم گەوادە زۆر زرینگە. دەبێتە پیاو، ئەقڵم بە جارێ وەستاوە."
مناڵەکە لە ژمارە یەک تا دەی نووسیەوە.
باوکی لە خۆشیان نەیدەزانی بڵێ چی. 
"هەی کەری کەرباب هەی! کوڕە خۆ ژمارەکانیش فێر بووە!"
مناڵەکە ئەو وێنانەشی نیشانی باوکی دا کە کێشابوونیەوە. دارەکان و ماڵەکان بە خەتی ساکار و خوار و خێچ کێشرابوونەوە، خۆرێکی دەم بە بزە و خەپەڵەش کە تیشکۆڵەکانی بە ڕەنگی زەرد پەخش کردبۆوە…
باوکی مەیلی بزووت و گوتی:
"راوەستە، با ئەمنیش وێنەیەک بکێشمەوە."
رێک لە نێوەڕاستی دەفتەری نیگارکێشیدا، بە قەڵەمێکی کەسک، دارێکی پڕ پەلکی کێشایەوە، بە قەڵەمی سوور و زەرد، دارەکەی گوڵ ڕێژ کرد؛ لەسەر لکەکانیش مەلی پۆپە ئاڵ، مۆر و پرتەقاڵی تۆخی هەڵنیشاند.
"ئەمە داری چییە باوکە؟"
"دەبێ داری چ بێ، دارە ئیتر!"
"باشە ئەو کەڵەبابانە بۆ چوونەتە سەر دارەکە؟"
"کەڵەباب؟ کەڵەبابی چی؟ ئەوانە کەڵەباب نین، مەلن."
"مەلن؟ ئەوە چ جۆرە مەلێکن ئەو مەلانە؟"
باوک چ ناوێکی بۆ ئەو مەلانە پێ شک نەدەهات.
دایکی کەوتە نێو قسەکانیان و گوتی:
"ئەوانە مەلی باوکتن کوڕم."
پێکەنین.
وێنەکانی باوک، نە لە ڕواڵەت و نە لە ڕەنگ کردندا، جیاوازییەکی ئەوتۆیان لەگەڵ وێنەکانی مناڵەکەدا نەبوو.
….
رۆژێک لە ڕۆژان، مناڵەکە لە کاتێکدا دەیویست بچێ بۆ قوتابخانە، تووشی بە تووشی ڕووداوێک بوو.
ئاپۆرایەکی قەرەباڵغی ژنان و پیاوانی بینی.
مناڵێکی پێخواس دەگریا.
کابرایەکی چەقۆ تیژکەر لەگەڵ پیاوێکی قەڵەوی بیجامەپۆش بە دەنگێکی بەرز دەمەقاڵەیان بوو.
پیاوە قەڵەوەکە دەیگوت:
"لەسەر قسەکەم سوورم هەتیو، قسەکەم وەرناگرمەوە! دیسان دەیڵێمەوە: تۆ کابرایەکی بێ نامووسی!"
پیاوە چەقۆ تیژکەرەکە توڕە ببوو، ڕووخساری سپی هەڵگەڕابوو و دەلەرزی. دەیگوت:
"قسەکەت وەربگرەوە!"
"نەخێر!"
"من بێ نامووس نیم، بە ئارەقی نێوچەوانم نانی ڕۆژانەم دابین دەکەم؛ ئەگەر کەسێکی بێ نامووس هەبێ، ئەوە تۆی!"
پیاوە بیجامە لە بەرەکە بە یەکجاری هەڵچوو و شاڵاوی بۆ کابرای چەقۆ تیژکەر برد. چەند کەسێک پێشیان پێگرت.
پیاوە قەڵەوەکە دەست و پیلی ڕادەوەشاند و دەیگوت:
"هەتیوە جاشکە کەرە! دەزانی ئەمن کێم؟"
"کارم بەوە نییە تۆ کێی. ناتوانی بە من بڵێی بێ نامووس. بێ نامووس و جاشکە کەریش خۆتی!"
هەرچەند ناوبژیوانکەران دەیانگوت "وا مەکەن"، "تکایە"، "شوورەییە"، بەڵام نەیانتوانی پێش بە شەڕە دندوکی ئەوان بگرن. 
کابرای چەقۆ تیژکەر مقەستێکی ژەنگاوی بە دەستەوە بوو بۆ ئەوەی تیژی بکا، لە ناکاو و بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، مقەستەکەی لە ورگی پیاوە بیجامە پۆشەکە ڕۆ کرد. پیاوە بیجامە پۆشەکە خەڵتانی خوێن بوو. 
مناڵەکە سەری سووڕمابوو، لە ترسان لەو شوێنە دوور کەوتەوە.
لە کاتێکدا بەرەو قوتابخانە ڕایدەکرد، بیری دەکردەوە. 
ئەو پیاوە چەقۆ تیژکەرە بۆچی لە کابراکەی تری دا؟
چونکە گوتبووی "بێ نامووس"، "هەتیوە" و "جاشکە کەر"؟
ئەگەر ئەم وشانە بەو ڕادەیە خراپن، بۆچی باوکی بەردەوام پێی دەڵێ "هەتیوە بێ نامووسە"، "حەیوان"، "گەواد"، "کەر کوڕی کەر"، ''جاشکە کەر"؟
وەڵامێکی ڕوون و قایلکەری بۆ ئەم پرسیارانە نەدەدۆزییەوە.
مناڵەکە مەراقی نەشکا. لە کاتی وانە گوتنەوەدا، دەستی بەرز کردەوە و گوتی:
"مامۆستا!"
مامۆستا گوتی:
"چییە؟"
مناڵەکە هەستایە سەر پێ و گوتی:
"مامۆستا. گەواد یانی چی؟"
خوێندکارەکان پێکەنین.
مامۆستا کە چاوەڕوانی وەها پرسیارێک نەبوو، دۆش داما. لەسەر ماناکردنەوەی وشەکە دوودڵ بوو. دواجار گوتی:
"بۆچی ئەو پرسیارەت کرد؟"
مناڵەکە گوتی:
"باوکم.. باوکم بەردەوام پێم دەڵێ گەواد."
مناڵەکان سەر لە نوێ پێکەنینەوە.
مامۆستاش پێکەنی و گوتی:
"باوکت لە خۆشەویستیان وات پێ دەڵێ."
"ئەی بێ نامووس یانی چی؟"
"ئەمەشیان قسەی باوکتە؟"
"بەڵێ!"
مامۆستا گوتی:
"گاڵتەیە. بە گاڵتە وات پێدەڵێ. دیارە باوکت تۆی زۆر خۆش گەرەکە."
مناڵەکە بێ تاقەت لەسەر جێگەکەی دانیشتەوە. 
لەو کاتەدا هاوپۆلەکەی تەنیشتی سەری بردە پێش و بە گوێیدا چرپاند:
"گەوادی بێ نامووس!"

۱۳۹۴/۰۷/۲۲

ماڵی ئاگۆتا کریستۆف


کۆڵانی  Neubourg، دەرگای ئەو بینایەی ئاگۆتا کریستۆف لێی دەژیا. 
نۆشاتێڵ، ٢٠١٥.

ململانێی نووسەران لەگەڵ دەزگاکانی چاپ لە کوردستان


ئا: شۆڕش محەمەد
ڕۆژانە بەر مشتومڕو گلەیی زۆرێک لە نووسەران دەکەوین کە بەرامبەر دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە هەڵی دەڕێژن.
لەم ڕاپۆرتەدا تیشک دەخەینە سەر کێشە و گرفتەکانی نووسەرانی کورد لەگەڵ دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە.
سەلاحەدین بایەزیدی (وەرگێڕ)
پڕفرۆشبوونی کتێبێک، نیشانەی ئەوە نییە ئەو کتێبە بێ کەموکوڕییە
*كێشەكانی چاپ و بڵاوكردنەوەی كتێب لە كوردستان و بەتایبەتی لە شاری سلێمانی لە چیدا دەبیننەوە؟ 
- چاپی کتێب لە کوردستان بۆ هەندێک کەس زۆر ئاسان و بۆ هەندێک کەسیش زۆر ئەستەمە. لە ڕوانگەی منەوە، هۆکاری ئەو ناکۆکییە بەر لە هەموو شتێک دەگەڕێتەوە بۆ شێوازی بەڕێوەبردن و کارکردنی ناوەندەکانی چاپ و بڵاوکردنەوە لە کوردستان. دەتوانم بڵێم پێوانەی زۆربەی هەرە زۆری ئەو ناوەندانە بۆ بڵاوکردنەوەی کتێبێک، تاکەکەسی و سەلیقەییە و لە سەر بنەمایەکی زانستی و ستراتیژی نییە. بەڕێوەبەرانی ئەو ناوەندانە یان ئەوەتا لە کەسانی نووسەر و ئەدیب پێک دێن و هەتا کتێبی خۆیان و دەوروبەریان لەوێ بێ، ناپڕژێنە سەر کتێبی ئەوانی تر، یان ئەوەتا لە کەسانی بازرگانی ئەم بوارە پێک دێ کە ئەوانیش بە گوێرەی بازاڕ هەڵسوکەوت دەکەن نەک بە گوێرەی دەق. کەسێک کە بیەوێ کتێبێک چاپ بکا، دەکەوێتە نێوان بەرداشی ئەم دوو هەڵسوکەوتەوە. لە وڵاتانی ئەوروپا ئەستەمە بزانی وەشانخانەیەک سەر بە چ کەس یان گرووپێکە، چونکە بە گوێرەی کۆمەڵێک ستاندار کار دەکەن، بەڵام لە کوردستان بە پێچەوانەوە، تەنانەت کەسێک لە بواری نووسین و وەرگێڕانیشەوە کار نەکا، دەزانێ کەس یان کەسانی پشت ئەم دەزگایانە کێن و ئەوەش بە ڕوونی پێمان دەڵێ کە ئەو دەزگایانە قۆرخ کراون و هەر دەزگایەش کۆمەڵێک دەوروبەری تایبەت بە خۆی هەیە. 

*تا چەند دەزگاكانی چاپ و بڵاوكردنەوە خاوەن ستراتیژ و بەرنامەیەكی دروستی كاركردنن لە چاپكردنی كتێبی نووسەراندا؟ تا چەند لایەنی هاوڕێیەتی ڕۆڵی هەیە لە بڵاوكردنەوەی كتێبدا؟ 
- دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە، ستراتیژی و بەرنامەیەکی ئەوتۆیان نییە. بەرنامەی دەزگا حکومییەکان پەیوەندی بەو بودجەیەوە هەیە کە لە لایەن حکومەتەوە بۆی دیاری دەکرێ و هی ناوەندە سەربەخۆکانیش زیاتر پەیوەندی بە بازاڕەوە هەیە. یانی بازار و خوێنەری کتێبە کە بەرنامەی ئەو ناوەندانە دەست نیشان دەکا، هەتا کاتێکیش بازاڕ ئەوان بە دووی خۆیدا ڕابکێشێ، مەحاڵە بتوانی باس لە بوونی ستراتیژییەکی دیاریکراو بکەی. ئەگەر بازار و پێوانەی تیراژ، بەرنامەی کاری ناوەندێک دیاری بکا، ئەوە ناوەندە زیاتر چەندایەتی چاپ، زۆری و بۆری و ڕێکوردی بۆ گرنگ دەبێ تا چۆنایەتی و ناوەڕۆک. پڕفرۆشبوونی کتێبێک، نیشانەی ئەوە نییە ئەو کتێبە بێ کەموکوڕییە. پڕفرۆشترین کتێبەکان بگرە لە ئەوروپا لەوانەیە ڕێبەرنامەکان و کۆمەڵێک کتێبی هاوشێوە بن، لە کوردستان تەنانەت ناوەندە جدییەکانیش دەکەونە داوی ڕێژەی خوێنەر و تیڕاژەوە. 

*زۆرێك باس لە پشتگوێخستنی هەندێك نووسەر دەكەن لەلایەن دەزگاكانی چاپ و بڵاوكردنەوە بەو بیانووەی كە نووسەری ناسراو نیین، زیاتر بایەخ بە نووسەرە دیارەكان دەدەن؟ ئایا ئەم پێوەرە بۆ هەڵسەنگاندنی نووسین دروستە؟
- بە داخەوە وایە و بێگومان پێوەرێکی هەڵەیە. دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە زۆر بێ منەتن لەوەی کەسێک کتێبێک لە لای ئەوان چاپ بکا. چونکە یان کارمەندەکانیان نووسەر و وەرگێڕن و دەتوانن لە ماوەی ساڵێکدا ئەو ژمارە کتێبە چاپ بکەن کە گەرەکیانە، یا ئەوەتا کۆمەڵێک نووسەری ناسراو هەن و دەتوانن کات و ناکات بۆشایی بازاڕی پێ پڕ بکەنەوە. ناو و ناوبانگ، نەک تەنیا نووسەر و وەرگێڕەکانی لای خۆمانی کردۆتە قوربانی، بەڵکوو نووسەرە دەرەکییەکانیش بەو دەرد بردووە. ئەگەر بتەوێ کتێبێکی وەرگێڕدراو لای ناوەندێک چاپ بکەی، سەرەتا بە دوای ئەوەدا وێڵ دەبن کە بزانن نووسەرەکەی ناسراوە یان نا. پێوەری ناسراوبوونیش، بەداخەوە ناسراوبوونێتی لە نێو کۆمەڵگای فەرهەنگیی فارس و عەڕەبدا. بە هۆی ئەوەی ئێمە زیاتر لە ڕێگەی زمانی فارسی و عەڕەبیەوە، نووسەرانی و ئەدەبیاتی دونیامان ناسیوە، ئەگەر کەسێک لای خوێنەری ئەوان ناسراو نەبێ، بە لای ئێمەشەوە گرنگ نییە. لە کوردستان، زۆر ناوەندی چاپ هەیە لە ماوەی ساڵێکدا سێ چوار کتێبی نووسەر یان وەرگێڕێکی ناسراو چاپ دەکا، بەڵام کە نۆرە دەگاتە کەسێکی نەناسراو، ئەو ناوەندە، بوودجەی لێ دەبڕێ، پەڵپ و بیانوو دێنێتەوە و بێ ئەوەی کتێبەکەت بخوێنێتەوە، دەتخاتە نێو پڕۆسەیەکی بیرۆکراتی تاقەتپڕووکێنەوە.

سەرچاوە:
گۆڤاری ڕۆژی سلێمانی، ژمارە ٢٣، نیسانی ٢٠١٤.


۱۳۹۴/۰۷/۲۱

سوییس داوا لە هاووڵاتیانی دەکا سەفەری ئەم ناوچانەی باکووری کوردستان نەکەن


وەزارەتی کاروباری دەرەوەی سوییس، دوێنێ دووشەممە لیستی ئەو ناوچانەی نوێ کردەوە کە هاووڵاتیانی لە سەفەرکردن بۆ ئەوێ مەنع دەکا.
وەزارەتی ئاماژەپێکراو، لیستەکەی پاش دوو تەقینەوە خوێناوییەکەی ئەنقەرە نوێ کردۆتەوە و وێڕای ئاماژەکردن بە خۆپیشاندانی بەردەوام و توندوتیژ، سەرنج بۆ سەر شەڕی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان و هێزە ئەمنییەکانی تورکیا ڕادەکێشێ. 
وەزارەتەکە ناوی ئەم ناوچانەی خستۆتە سەر لیستە تازەکەی و پێشنیار بە هاووڵاتییانی دەکا خۆ لە سەفەری گەشتیاری ببوێرن و ئەگەر زۆر پێویست نەبێ ڕوو لەم شوێنانە نەکەن: هاتای، کلس، گازی عەنتاب، ئورفا، دیاربەکر، ماردین، باتمان، بتلیس، سیرت، شیرناخ، هەککاری، وان، ئاگری و ئیغدیر.
بە شێوەیەکی گشتی وەزارەتەکە داوا لە گەشتیارەکان دەکا وشیار بن، لە سەفەری ڕۆژانە دا خۆ لە کۆڕ و کۆبوونەوەکان دوورەپەرێز بگرن و ناوچە سنوورییەکانی تورکیا لەگەڵ ئێران، عێراق و سووریا بە مەترسیدار وەسف دەکا.

کۆڵان / رەووف بێگەرد


ئەوسا گەورە بووم، دەمێکیش بوو لە رووداوی ناو ئەو خانووە دوورکەوتبوومەوە، رووداوەکان یادگارێکی تاڵ و شیرینیان لا بەجێهێشتبووم، وەک هەموو ئەوانەی تری رابردوو کە زۆرجار بەرۆکت لەدەست ئەگرن و رات ئەتەکێنن، یان ئەبنە ئەستێرەی شەوە تاریکەکان و بەئاسمانی ئەو رابردووەوە هەڵدێن و ئەکەونە جریوە، یان لە بیابانی وشکی لەشتا ئەبنە بارانی خوڕزم و دەمار و ماسوولکە ماندووەکانت پاراو ئەکەن.
من لە ناخەوە ئەمزانی ئەم وەستان و خۆ بە رابردووا هەڵواسینە خوویەکی پووچە و گەمژەییە، بەڵام هەندێک جار و لە تەمەنێکی تایبەتیدا مرۆڤ لەگەڵ مەبەستێکدا ئەژی کە ئەیشیزانێت بەدی نایەت، یان خولیایەکی منداڵانەیە و ئەنجامێ لە خۆناگرێت، کەچی شوێنەوارەکەی ئەمەندە لە قووڵیدایە هەمیشە چاوەچاوی بەدیهاتنی پێ ئەکات. ئەوسا هەموو جارێک خۆم هەڵدەخەڵەتاند، کەچی ئێستاش کە ڕێم دەکەوێتە گەڕەکە کۆنەکەمان وەک یەکێک لە دواوە پاڵم پێوەبنێت، یان هەنگاوەکانم دوای سێبەری خۆیان کەوتبن کاتێک دەزانم لەبەردەم هەمان دەرگادا وەستاوم، پیایدا هەڵدەڕوانم و چاو بۆ ناو حەوشەکە هەڵدەخەم، ئێستا لە جاران زیاتر هۆشیار و لەوە بەئاگام کە ئەم رەفتارە گەمژەیی و بێهودەییەکی رووتە، دار و دیوار پەرستنە و هیچی دی، بەڵام چی بکەم؟ هەندێک جار مرۆڤ چەندە لە بیرکردنەوە و بۆچووندا راست بێت کەچی بەو پێیە ناجووڵێتەوە، ئەو ساتەی کە تیا ئەژی ئەگەر بیشزانێت هەڵەیە کەچی فرمانڕەوای کار و هەڵسووڕێنەری رەفتارتە، منیش هێزێک لە سەرووی توانای خۆمەوە جڵەوی رۆیشتنەکەم لێوەردەگرێ و دەمبات، تا بۆ دواجار لەبەر ئەو دەرگایەدا دەستم لێ ئەکاتەوە، کە دێمەوە سەر خۆم، یان وەک جاران هەر ملدەنێم و دەڕۆم، یان لۆژلۆژ بەرەو دواوە دەگەڕێمەوە.
  • کۆڵان
  • کۆمەڵە چیرۆک
  • رەووف بێگەرد
  • وەشانێن ئاپێک
  • سوید - ١٩٩٤


۱۳۹۴/۰۷/۲۰

ڕەنگدانەوەی دوو تەقینەوەکەی ئەنقەرە لە میدیای فەرەنسی زمانی سوییسدا



ڕۆژنامەی ڤان مینوت کە ڕۆژنامەیەکی سەرانسەرییە و بە خۆڕایی بڵاو دەبێتەوە لە ڕاپۆرتێکدا باس لە خۆپیشاندان و هاوخەمیی خەڵک لە سەرانسەری جیهان دوای تەقینەوەکانی ئەنقەرە دەکا و دەنووسێ "خەڵک بە دروشمی "ئەردۆغانی قاتڵ" و داعش دەبێ حیساب بدا" ڕژانە سەر شەقام". ڕۆژنامەکە ئاماژەی بە قسەکانی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی هەدەپە کردووە و لە زاری وی دەڵێ: "ئێمە دڵمان بریندارە، بەڵام بە بیری تۆڵەوە هەڵسوکەوت ناکەین. ئێمە چاوەڕوانی هەڵبژاردنەکانی یەکی نۆڤەمبەرین. لە ئێستاوە کار دەکەین بۆ ئەوەی دیکتاتۆڕ بڕووخێنین."

ڕۆژنامەی ٢٤ ئۆر چاپی لۆزان و لۆ تریبۆن دۆ ژنێڤ چاپی ژنێڤ ڕاپۆرتێکی هاوبەشیان بڵاو کردۆتەوە. ڕاپۆرتەکە تەقینەوە خوێناوییەکەی ئەنقەرە بە گوماناوی و کاریگەر بۆ سەر هەڵبژاردنەکانی مانگی داهاتووی تورکیا وەسف دەکا. ڕاپۆرتەکە شیکردنەوەکانی میدیای نزیک لە دەسەڵات سەبارەت بە ئەگەری تێوەگلانی پەکەکە و چەپی ڕادیکاڵی تورکیا بە ئەگەرێکی لاواز دەزانێ و دەپرسێ: بۆچی چەپی ڕادیکاڵ و پەکەکە دەبێ پەلاماری هاوپەیمانە سیاسییەکەیان بدەن؟ ڕاپۆرتەکە لەگەڵ ئەوە دایە کە هەدەپە مەترسییەکی سەرەکییە بۆ سەر دەسەڵاتی پارتی داد و گەشەپێدان و ئەم حزبە هەوڵ دەدا پێگەی هەدەپە لاواز بکا و لە بەرامبەردا دەنگی ناسیۆنالیستەکانی تورکیا بە قازانجی خۆی بەرز بکاتەوە.

ڕۆژنامەی لۆ کوریێ کە ڕۆژنامەیەکی چەپە و لە ژنێڤ چاپ دەبێ، دەنووسێ: دەسەڵاتدارانی تورکیا دەسبەجێ پەنجەی تاوانیان بۆ سێ لایەنی سەرەکی ڕاکێشا، گەریلا کوردەکانی پەکەکە، چەپی ڕادیکاڵ و دەوڵەتی ئیسلامی. میدیای نزیک لە دەسەڵاتیش لەسەر پەکەکە چڕ بۆوە و پشتی بە تیۆری پیلانگێڕی ئاکەپە بەست کە ئەم هێرشانە بە قازانجی دەنگەکانی هەدەپە تەواو دەبن. ئەوەی ڕاستی بێ پەکەکە هێرشی تیرۆریستی وا کوێرانە ئەنجام نادا و کار لەسەر ئامانجە دیاریکراوەکانی دەکا کە هێزە ئەمنی - پۆلیسی و سەربازییەکانی دەوڵەتن. 

ڕۆژنامەی ئێکسپرێس چاپی نۆشاتێل لە ڕاپۆرتێکدا باس لە ڕقی خەڵک و گومانی هەزاران خۆپیشاندەر لە شارەکانی ئەستەنبوڵ و ئەنقەرە دەکا و لە زاری هولیا کاراپنار خۆپیشاندەرێکی تورکەوە دەنووسێ: "حکومەت لەم تەقینەوەیە بەرپرسیارە! نەیپاراستین و بێگومان سوود لەم فەوزایە دەبینێ." محەممەد لوتفوش لە مەیدانی تەقسیم گوتویەتی: "من لە قەتڵوعامی سوروچ ڕزگارم بووە. هەموو جارێ هەمان سیناریۆ دووپات دەبێتەوە. بۆمبێک بەو کەسانەدا دەتەقێتەوە کە بانگەوازی ئاشتی دەکەن." ئومید ئەرگووڤەن دەپرسێ: "لە میتینگەکەی ئەنقەرەی پێتەخت کە دەمێکە ڕاگەیەنراوە… چۆن دەبێ پۆلیس هیچی نەبینیبێ؟ دەزگای هەواڵگری هیچی نەزانیبێ؟"

ڕۆژنامەی لەمپارسیال کە ڕۆژنامەیەکی شاری شۆد فۆنە هەواڵی خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی کوردەکانی لەو شارە بڵاو کردۆتەوە. بە پێی هەواڵەکە نزیکەی چل کەس، سەعات پێنجی ئێوارە، لە مەیدانی وێستگەی شەمەندەفەری شاری شۆد فۆن کۆبوونەتەوە. یەکێک لە ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکە لە لێدوانێکدا بە ڕۆژنامەی ناوبراو حکومەتی تورکیای بە بەرپرسیاری ئەم قەتڵوعامە زانیوە.

ڕۆژنامەی لۆ کۆتیدیەن ژووراسیەن و ژوورنال دوو ژوورای چاپی ژوورا وێڕای ئاوڕدانەوە لە ناڕەزایەتییەکان لە ئاستی تورکیا و جیهاندا نووسیویانە کە ئەم ئێوارەیە (دووشەممە - ١٢ی ئۆکتۆبر) لەسەر بانگەوازی کۆمیتەی ئەنادۆڵی کانتۆنی ژوورا گردبوونەوەیەک لە مەیدانی وێستگەی شەمەندەفەری شاری دێلێمۆن ئەنجام دەدرێ. محەممەد گۆکسونگور، سەرۆکی کۆمەڵەی فەرهەنگی میزۆپۆتامیا لە ژوورا، تەقینەوەکانی بە قەتڵوعام پێناسە کردووە و دەڵێ لە پشت ئەم ڕووداوانە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و گلادیاتۆرەکانی تورک هەن.

ڕۆژنامەی لیبێرتێ چاپی فریبورگ وتوێژێکی ڕەمزی کارتاڵ پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی تورکیا و یەکێک لە بەرپرسانی پەکەکە کە بیست ساڵە لە ئەوروپایە بڵاو کردۆتەوە. رەمزی کارتاڵ، حکومەتی ئەردۆغان و مافیاکانی تورک بە بەرپرسیار دەزانێ و دەڵێ: ئاکەپە و داعش هاوپەیمانن. هاودەنگی و هاوکاریان هەیە، هەرچەند تورکیا لە هاوپەیمانی دژی دەوڵەتی ئیسلامیش دابێ. ئەو کەسانەی ڕۆژی شەممە لە ئەنقەرە خۆیان تەقاندەوە ڕەنگە سەر بە داعش بن، بەڵام لە لایەن تورکیاوە نێردراون. 

ڕۆژنامەی لۆتۆن چاپی لۆزان لە سەروتاری خۆیدا ڕەخنەی لە یەکێتی ئەوروپا گرتووە و پێی وایە دەبێ ئەوروپا چاوی خۆی بکاتەوە. لە بەشێکی سەروتارەکەدا هاتووە: ئەوروپا بێدەنگە، پشتی لە تورکیا کرد کە بە تەنیایی نەیدەتوانی بەرگەی زیاتر لە دوو میلیۆن ئاوارەی سووریا بگرێ. [...] ئەوروپا دەیویست کوردەکان لە بەرەی پێشەوەی دژ بە جیهادییەکان بن، بەڵام پشتی کوردەکانیشی چۆل کرد. وەک چۆن پشتی ڕۆژنامەنووسان و بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤی چۆل کردووە. ئەوروپا سیاسەتێکی پڕ لە ناکۆکی، کورتخایەن و سەقەتی گرتۆتە بەر. لە کاتێکدا ئەو شتانەی لە تورکیا ڕوو دەدەن ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ئێمەوە هەیە و ڕەنگدانەوەیان لەسەر ئێمە دەبێ. بۆیە دەبێ سیاسەتێکی تورکیمان هەبێ. 

خەونی ئیبراهیم


نازم حیکمەت
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی 

له‌خه‌ونمدا یارم بینی
به‌ جووتێ مه‌مکی قیته‌وه‌
به‌ به‌ژنی نیوه‌ ڕووته‌وه‌
به‌ وێنه‌ی مانگ، به‌ ناو هه‌وره‌کاندا ده‌ڕۆی.

من ده‌ڕۆییم، ئه‌ویش هه‌روا
که‌ ڕاده‌وستام، ده‌وستا
لێم ده‌ڕوانی، لێی ده‌ڕوانیم.

دڵۆپ دڵۆپ فرمێسکی چاو
ده‌ڕژێنه‌ سه‌ر هێڵه‌کانی تێلێگراف.

هێڵی درێژی تێلێگراف: هه‌واڵ
رۆندکی گه‌رمی چاو: شادی.

خه‌ونه‌که‌ی وه‌ خێر گه‌ڕێ خودا
ده‌بێ هێشتا ده‌ ساڵی دی
له‌ زیندان دابێ ئیبراهیم.

۱۳۹۴/۰۷/۱۹

خوپیشاندان بۆ پشتیوانی لە قوربانیانی ئەنقەرە لە چەند شاریکی سوییس


دوێنێ شەممە (١١ی ئۆکتۆبر) لە چەند شارێکی سویس خۆپیشاندانی پشتیوانیی لە قوربانییەکانی تەقینەوە خوێناوییەکەی ئەنقەرە بەڕێوە چوو.
زیاتر لە هەزار خۆپیشاندەر لە شاری زوریخ کۆبوونەوە و دژ بە حکومەتی ئەردۆغان و دەوڵەتی تورکیا دروشمیان وتەوە. پاش نیوەڕۆ، لە بێرنی پایتەخت نزیکەی پەنجا کەسێک و لە شاری شۆد فۆنی نۆشاتێل سەد خۆپیشاندەرێک بە هەمان شێوە دەوڵەتی تورکیایان شەرمەزار کرد.
سەرجەم خۆپیشاندانەکان بە هێمنی و دوور لە بشێوی بەڕێوە چوون.
لە شاری شۆد فۆن پارتی کرێکارانی سوییسیش بەشداری خۆپیشاندان بوو و بە بەیاننامەیەک هاوخەمیی خۆی لەگەڵ کۆمەڵگەی کورد لەم وڵاتە دەربڕی.
سەر لە بەیانیی شەممە لە کاتی بەڕێوەچوونی میتینگی ئاشتی هەدەپە لە ئەنقەرە دوو تەقینەوەی خۆکوژیی هاتنە ئاراوە و بە هۆیانەوە ١٢٨ کەس گیانیان لەدەست دا و بە سەدان کەسیش بریندار بوون. 

ڕۆژێک لە ڕۆژانی ئیزرائیل لە کوردستان


سەلاحەدین بایەزیدی
یەکێ دەبێ، یەکێ نابێ. بەرەبەیانێکی خەزانی ساڵی ٢٠٤٥، ئیزرائیل لەسەر قەرەوێڵە هەورینەکەی خەبەری دەبێتەوە. باڵەکانی لێک دەکێشێتەوە و باویشکێک دەدا. هەڵدەستێ و پێش ئەوەی ئاوێک بە دەموچاویدا بکا، دوو هێلکە وەسەر ئاگر دەنێ. مەڵەغانەکەی دەست دەداتێ کە بە سووچێکی دیوارەوە هەڵپەسێردراوە و دمەکەی تیژ دەکا. وەک هەموو بەیانییەکی دیکە دەموچاوی تێک دەنێ کە بۆچی سەرباری پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا ئەم مەڵەغانەی لە کۆڵ نەبۆتەوە. پاشان بەدەم یاریکردن بە ئایفۆن سیانزەکەی چاوێک بەو لیستەدا دەخشێنێ کە دەبێ ئەو ڕۆژە ڕۆحیان بکێشێ. ناوی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەمووان پتر سەرنجی ڕادەکێشێ. مۆبایلەکەی دادەنێ و لە گژ فکرەوە دەچێ. بە خۆی دەڵێ دەبێ بە ڕێزەوە بچێتە لای چونکە مێژوویەکی پڕ لە خەبات و سەروەریی هەیە. لە ڕاستیدا پێی کارێکی سانا نییە، نەخاسمە کە دەزانێ جێگرەوەی نییە، بەڵام دواجار ڕۆژێک دەبێ ئەم وشترە لەبەر دەرکی ئەویش بخەوێنێ. بڕیار دەدا دوای هەموو ئەوانی تر بچێ و کاتێکی پتر بۆ ڕۆح کێشانی سەرۆک تەرخان بکا. بۆ ئەوەی زووتر بیدۆزێتەوە لە گوگڵدا ناونیشانی ماڵەکەی دەنووسێ، بەڵام گوگڵ ماڵەکەی نیشان نادا. پاشان خواردنەکەی بە پەلە دەخوا، مەڵەغانەکەی دەست دەداتێ و بەرەو گوێ زەوی شۆڕ دەبێتەوە.
ئیزرائیل، ڕۆحی سەرجەم ناوەکانی ناو لیستەکە لە یەک دوو سەعاتدا دەکێشێ و پاش کەمێک گەڕان لە کۆشکەکەی سەرۆکی هەرێم سەر دەردێنێ. لەو کاتەدا سەرۆکی کوردستان لە کۆبوونەوەدا دەبێ و ناچار، نزیکەی سەعاتێک لەبەر دەرگا لە تەنیشت حیمایەیەک چاوەڕێ دەمێنێتەوە. کە کۆبوونەوەکە تەواو دەبێ و سەرۆک بە هۆی ماندووبوون و پیرییەوە تەنیا دەمێنێتەوە، لێی وە ژوور دەکەوێ و سڵاوی لێ دەکا. جەنابی سەرۆک ترسی ڕێ دەنیشێ، ئەگەرچی دەمێکە چاوەڕوانە ئیزرائیل کتوپڕ خۆ بە ماڵەکەیدا بکا. هەڵبەت پاش ئەوەی هەڵسوکەوتی ئیزرائیل دەبینێ کەمێک ئەهوەن دەبێتەوە. دوای کەمێک چاک و خۆشی ئیزرائیل دەڵێ:
"تکایە، ئیجازە بفەرموون ڕۆحی جەنابتان بکێشم."
سەرۆکی هەرێم نایەوێ بمرێ، ئەخر کێ پێی خۆشە بمرێ، بە تایبەت لەو دوا ساتانەدا ژیان ئەوەندەی تر بە لایەوە شیرین دەبێ. کەمێک گفتوگۆ دەکەن و دواجار سەرۆکی هەرێم پێشنیار بە ئیزرائیل دەکا دوو ساڵی تریش ماوەی زیندووبوونەکەی بۆ درێژ بکەنەوە. سەرۆک ئەوەش دەڵێ کە لەبەر خۆی وا ناڵێت و دۆخەکە هەستیارە. باس لە گەڕانەوەی کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکان بۆ سەر کوردستان و هەروەها پڕۆژەی سەربەخۆیی کوردستان دەکا. باسی ئەوەش دەکا کە لە چارەسەرنەبوونی پرسی کورددا فاکتەرە ئاسمانییەکانیش دەوریان هەبووە و فریشتەکانی قاپی خودا و خودی خوداش تا ڕادەیەک بەرپرسیارن. ئیزرائیلیش بە هۆی ئەوەی پێشتر ڕۆحی گەلێک سەرکردە و فەرماندەی کوردی لەسەر چیاکان، نەخۆشخانەکان، بەرەکانی جەنگ و گرتووخانەکاندا کێشابوو، هەست بە قورسایی ئەم قسانە دەکا و خەمبارە لەوەی کورد بێ کەس و بێ سەرکردە بمێنێتەوە. 
"ڕاست دەفەرموون. لە ڕوانگەی منەوە هیچ کێشەیەک نییە، بەڵام دەبێ بچمە سەرەوە و لەگەڵ فریشتەکانی تر کۆ ببمەوە و بڕیاری دوایی لە پەرلەمان بدەین. ئێوارە ڕوون دەبێتەوە و ئەگەر نەهاتمەوە ئەوا بزانە تا دوو ساڵی تر دەژی"، ئیزرائیل وا دەڵێ و پاش ماڵئاوایی لە شەققەی باڵ دەدا و بەرەو کەشکەڵانی ئاسمان دەفڕێ. 
دەستوبرد کۆبوونەوە دەبەسترێ، زۆربەی هەرە زۆری فریشتەکان ناڕازیی دەردەبڕن و پێیان وایە نابێ سەرپێچی لە بڕیارەکان بکرێ. دروستە کەسایەتییەکی گرنگە بەڵام دواجار لە مەرگدا هەموویان یەکسانن. زۆری نامێنێ گفتوگۆکان بێ ئاکام تەواو ببن کە لە دەقەکانی دواییدا ئەنجومەنی شورا بڕیار دەدا ماوەی زیندوومانەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ دوو ساڵی تر درێژ بکەنەوە. ئەنجومەنی شورا بڕیاریش دەدا کە دەبێ ئەو ڕۆژە کوردێکی تر لە باتی سەرۆکی هەرێم ڕۆحی بکێشرێ. 
ئیزرائیل دیسان بە خۆی و بە مەڵەغانەکەیەوە بەرەو زەوی، پارزەمینی ئاسیا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەرێمی کوردستان شۆڕ دەبێتەوە. لەبەر ئەوەی پێیان گوتوە گرنگ نییە ئەو کەسە کێ دەبێ و هەر کورد بێ تەواوە، بڕیار دەدا لەسەر سنوور تووشی کێ هات، ڕۆحی بكێشێ و زوو بگەڕێتەوە. چونکە ئەو ڕۆژە زۆر ماندوویە و نایەوێ لەوە زیاتر کاتی خۆی بە فیڕۆ بدا. 
کە ئاودیوی سنووری کوردستان دەبێ لە دوورەوە کەسێک دەبینێ. فیکەی سمێڵانی دێ و لێی نزیک دەبێتەوە. بەڵام کە پتر لێی دەچێتە پێشێ بۆی دەرکەوێ شەڕڤانێکی چەکدارە و لە دڵی خۆیدا دەڵێ باشتر وایە سەرئێشە بۆ خۆم دروست نەکەم. کەمێک دوورتر دەفڕێ، هەمدیس کەسێکی دیکە لە نزیک سنوور بەدی دەکا، بەڵام ئەمەیان چەکی پێ نییە و تەنیا جانتایەکی بە کۆڵەوەیە، کوڕێکی گەنجە و بە پێ دزە و هەڵتەک هەڵتەک دەڕواتە پێش. ئیزرائیل دوای سڵاو و خۆناساندن، پێی دەڵێ:
"بەداخەوە ئەجەلت هاتووە و دەبێ ڕۆحت بکێشم."
کوڕە گەنجەکە هەترەشی دەچێ. لە ترسان زمانی دەگیرێ و بە لالەپەتی و گریانەوە لەبەری دەپاڕاێتەوە کە ڕەحمی پێ بکا. بە ئیزرائیل دەڵێ:
"تـ… تـ… تکات لێ دەکەم ڕۆ… رۆ.. رۆحم مەکێشە. یەک د… د… دونیا خەون و ئارەزووم هەیە. دە… دە… دەمەوێ بچم بۆ ئەوروپا. دەمەوێ ژیانێکی نوێ بونیاد بنێم. دە… دە… دە… مەوێ ژن بێنم… دە..." 
ئیزرائیل بۆ ئەوەی دڵی بە گەنجەکە نەسووتێ، بڕیار دەدا چیتر گوێی پێ نەدا و ڕۆحی گەنجەکە بە لووتیدا دەکێشێ.

۱۳۹۴/۰۷/۱۷

خەڵاتی نۆبێلی ئەدەبی ٢٠١٥ بۆ سڤێتلانا ئالێکسیڤیچ


ئەکادیمیای سوید، سڤێتلانا ئالێکسیڤیچ، نووسەری بلاڕووسی بە براوەی خەڵاتی نۆبێلی ئەدەبیاتی ئەمساڵ ڕاگەیاند.
سڤێتلانا ئالێکسیفیچ، تەمەن ٦٧ ساڵ، بە هۆی "گێڕانەوەی فرەدەنگی کە هێمای ڕەنج و بوێریی ئەم ڕۆژگارەیە"، گەورەترین خەڵاتی ئەدەبیی جیهانی پێ بەخشراوە. 
گرنگترین بەرهەمی ئالێکسیڤیچ "کۆمەڵێک دەنگ لە چڕنۆبڵ، دیرۆکی زارەکیی کارەساتێکی ئەتۆمی"یە، ئەم ڕۆمانە ساڵی ١٩٩٧ نووسراوە و تا ئێستا لە ڕووسیا ڕێگە بە چاپ و بڵاوکردنەوەی نەدراوە.
سڤێتلانا ئالێکسیڤیچ یەکێکە لە ڕەخنەگرانی دەوڵەتی بلاڕووس و پێشتر لە لایەن ئەو دەوڵەتەوە ڕووبەڕووی ئازار و ڕاوەدوونان بۆتەوە، گوێ لە تەلەفۆنەکانی گیراوە و ڕێگەی پێ نەدراوە بەشداری کۆڕ و کۆبوونەوەکان بێ.
خاتوو سڤێتلانا کۆمەڵێک کورتەچیرۆک، وتار و ڕاپۆرتی نووسیوە بەڵام وەک خۆی دەڵێ لە ژێر کارتێکەریی ئالس ئادامیڤۆیچ، نووسەرێکی خەڵکی بلاڕووس، خۆی لە نێو ژانرێکدا بە ناوی "ڕۆمانی هەرەوەزی" یاخود "ڕۆمان-بەڵگە"دا دۆزیوەتەوە کە گێڕانەوەی بەسەرهاتی خەڵکە لە زمان خۆیانەوە.
ناوبراو بە پەیڕەوی لەم ستایلە کتێبی "کوڕانی زینک، دەنگەکانی سۆڤیەت لە جەنگی ئەفغانستان"ی نووسیوە کە بیرەوەریی سەربازەکانی یەکێتی سۆڤییەتی پێشوویە لە جەنگی ئەفغانستان.
خەڵاتی نۆبێلی ئەدەبی زۆرتر بۆ بەرهەمی چیرۆک و شیعر بە نووسەران دراوە و سڤێتلانا ئالێکسیڤیچ لەو دەگمەن نووسەرانەیە بۆ بەرهەمەکانی تری ئەم خەڵاتەی بردۆتەوە. دیارە برتراند راسێل و وینستۆن چڕچیلیش بە هەمان شێوە ببوونە خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی. 
خاتوو ئالێکسیڤیچ ٣١ی مەی ١٩٤٨ لەدایک بووە و دەبێتە چواردەهەمین ژن ئەم خەڵاتە بەدەست دێنێ. پێش ئەو و ساڵی ٢٠١٣، ئالیس مۆنرۆ، ژنەنووسەری کەنەدی و "خاتوونی کورتەچیرۆک" خەڵاتەکەی وەرگرتبوو.
بە پێی هەواڵێکی بی‌بی‌سی، خاتوو ئالێکسیڤیچ لە کۆنفڕانسێکی چاپەمەنی لە شاری مینسک چەند سەعات پاش ڕاگەیاندنی ناوی وەک براوەی خەڵاتی ئەدەبی نۆبێل گوتویەتی جێگەی داخە کە کەسایەتییەکانی "کۆمەڵێک دەنگ لە چڕنۆبڵەوە" زیندوو نین تاکوو هەواڵی خەڵات وەرگرتنەکەی ببیسن. 
ناوبراو خەڵاتەکەی پێشکەش بە بلاڕووس کرد و گوتی: "ئەم خەڵاتە بۆ من نییە، بۆ فەرهەنگی ئێمەیە، بۆ وڵاتە بچووکەکەمان کە بە درێژایی مێژوو نەهامەتییەکی زۆری چێشتووە."
پار، پاتریک مۆدیانۆ، نووسەری فەرەنسی ئەم خەڵاتەی وەرگرتبوو. 

۱۳۹۴/۰۷/۱۵

"تاسەی کۆڵانەکانی کوردستانم کردووە"


ڕۆژهات کاڤاک کوڕی سیاسەتمەداری کورد جەماڵ کاڤاک شەوی دووشەممە (٥ی ئۆکتۆبر) لە شاری لووزێرن خۆی هەڵواسی و ڕۆژی دواتر گیانی لەدەست دا. ڕۆژهات نامەیەکی لە دوای خۆی جێهێشتووە و هۆکاری خۆکوشتنەکەی بۆ ژیانی مەنفا و ئاوارەیی گەڕاندۆتەوە. 
باوکی ناوبراو، جەماڵ کاڤاک سیاسەتمەدارێکی ناسراوی کورد بوو و ساڵی ٢٠١٢ لە شاری ئینسبرووکی ئوتریش بە هەمان شێوە خۆی هەڵواسیبوو و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنابوو. 
ڕۆژهات کاڤاک دەوروبەری سەعات ٢٢ی شەو لە نێو دارستانێکی شاری لووزێرن خۆی بە دارێکەوە هەڵواسیوە. ئەو چەند خولەکێک بەر لەوەی خۆی بکوژێ پەیامێکی بۆ براکەی ناردوە و دوای ئەو پەیامە، براکەی بە پەلە خۆی گەیاندۆتە شوێنی ڕووداوەکە. کە گەیشتۆتە ئەوێ، ڕۆژهات هێشتا زیندوو بووە و خێرا گەیەنراوەتە نەخۆشخانەی لووزێرن، بەڵام سەرجەم هەوڵە پزیشکییەکان بێئاکام ماونەتەوە و نیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە لە نەخۆشخانەی لووزێرن گیانی لەدەست داوە. تەرمەکەی ڕۆژی چوارشەممە پاش بەڕێوەچوونی مەڕاسیمێک لە ناوەندیی فەرهەنگیی کوردی لە زووریخ ڕەوانەی زێدی لەدایکبوونی شاری ئامەد دەکرێتەوە. کاڤاک لەوێ لە تەنیشت باوکی بە خاک دەسپێردرێ.
ڕۆژهات چالاکێکی سیاسیی کورد بوو لە وڵاتی سوییس و لە ڕێکخستنەکانی لاوانی سەر بە پەکەکەدا کاری دەکرد. لە دوا نامەیدا، باسی لە زەخت و گوشاری ژیانی مەنفا کردووە و نووسیویەتی "دەزانم بڕیارێکی تەواو هەڵەم داوە.."
ئەمەی خوارەوە بەشێکی نامەکەی ڕۆژهاتە:
"دەزانم بڕیارێکی تەواو هەڵەم داوە، بەڵام من نەمتوانی و بە چۆکدا هاتم. لەسەر ڕێگەی ژیانێکی سەرکەوتوو و پێشەڕۆژێکی پڕشنگدار پتەو و لێبڕاوانە و خۆڕاگرانە هەنگاوم دەنا. بەڵام گشت ئەمانە لە ئاڕاستەی ئامانجێکدا واتادار دەبوون. ڕەنگە لەبەر ئەوە بێ لە تەمەنێکی کەمدا لە خاک و وڵاتی خۆم دابڕام. لێرە، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا هەوڵێکی زۆرم دا کەسێکی بەکەڵک بم بۆ وڵاتەکەم. وەلێ حەسرەتێکی ئەوتۆ لە ناخمدا تەشەی سەند کە ئیتر بەرگەی ژیانی غوربەت ناگرم. [...] ڕەنگە زۆر شت هەبوایە ئەنجامی بدەی، بەڵام من بەس تاسەی شتێکم کردبوو: کۆڵانەکانی کوردستان. داوای لێبوردن لە هەموو خۆشەویستانم دەکەم. لە خەباتتان دژی دەوڵەتی تورکیا سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم."

"میرزا هەستە گزینگ لە سەرانی داوە"



وتوویژێكی ئه‌ده‌بی و ڕۆژنامه‌وانیی له‌گه‌ڵ «س. چ. هێرش»

سەلاحەدین بایەزیدی

سوله‌یمان چیڕه، ناسراو به‌ س. چ. هێرش، ساڵی 1951 له شاری مه‌هاباد له‌دایكبووه‌. ساڵی 1968 دیپلۆمی ئه‌ده‌بی وه‌رگرتووه‌. پاشان له ڕشته‌ی جوگرافیای ئابووری له زانكۆی ته‌ورێز درێژه‌ی به خوێندن داوه‌ و له ساڵی 1974 پله‌ی لینسانسی له‌و ڕشته‌یه‌دا وه‌رگرتووه‌. مامۆستایه‌تی كردووه‌ و چه‌ندین جار به تاوانی چالاكیی سیاسی ده‌ستگیر و ئه‌شكه‌نجه‌ كراوه‌. ساڵی 1987 به ناچار ڕووی كردۆته‌ هه‌نده‌ران و دوای دوو ساڵ مانه‌وه‌ له‌ ئازه‌ربایجانی سه‌روو، باكۆ، له ساڵی 1989وه‌ له وڵاتی سوێده‌. ماوه‌ی ده‌ ساڵ به ڕێكوپێكی گۆڤاری گزینگی ده‌ركردووه‌ و چه‌ندین به‌رهه‌می چاپكراوی ئه‌ده‌بی هه‌ن.

ئایا ده‌توانین بڵێین سروشتی كوردستان و جوانییه‌كانی له ده‌ركه‌وتنی ته‌بعی شیعریدا كاریگه‌رییان هه‌یه‌ به‌تایبه‌ت بۆ كه‌سێك كه‌ قۆناغی مناڵیی خۆی له لادێدا به‌سه‌ر بردبێ؟ ده‌مه‌وی بپرسم سه‌ره‌تای خۆلیای شیعریت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كه‌ی؟
س. چ. هێرش: ئه‌و وه‌ڵامه‌ی لێره‌دا ده‌مه‌وێ سه‌باره‌ت به‌م پرسیاره‌ بیده‌مه‌وه‌، ده‌کرێ له‌ ئاست زۆربه‌ی بنه‌ماڵه‌‌کانی ئه‌و کاته‌ی کورده‌واریدا که‌ که‌سانی وه‌ک منی تێدا گه‌وره ده‌بوو، وه‌ڕاست بگه‌ڕێ و وه‌ک نمونه‌یه‌کی به‌رچاوی ئه‌و ده‌ورانه‌ چاوی لێبکرێ. به‌رله‌وه‌ی له‌ ساڵی 1337ی هه‌تاوی (1958 ز.) بنه‌ماڵه‌ی ئێمه، باوکم و مامێکم که‌ پێکه‌وه‌ ده‌ژیان، به‌ یه‌کجاری له‌ شار نیشته‌جێ بن، من خوێندنی سێ ساڵی سه‌ره‌تاییم له‌ گوندی هه‌مزاوا، نزیک شاری مهاباد، ده‌ستپێکردووه‌ و به‌م جۆره‌ من و ئامۆزایه‌کم یه‌که‌م که‌س بووین که‌ له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌کی 15 سه‌ر خێزانی ڕه‌وانه‌ی مه‌دره‌سه‌ کراین و ده‌به‌ر خوێندن نراین. مه‌به‌ستی سه‌ره‌کیم ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌م سه‌رده‌مه له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆربه‌ی بنه‌ماڵه‌کانی کورده‌واری نه‌خوێنده‌وار بوون، جۆرێک ئه‌ده‌بی زاره‌کی (فۆلکلۆریی) و خۆماڵی له‌بری که‌ره‌سه‌ی ڕاهێنان و بارهێنانی ئه‌وڕۆیی وه‌ک کتێب و ڕۆژنامه‌ و تیڤی و… له‌ئارادا هه‌بوو که ده‌یتوانی له‌سه‌ر کرانه‌وه‌ی چاو و گوێی منداڵی کورد ته‌ئسیری دیاریکراوی خۆی هه‌بێ.
ئێمه، منداڵانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌، زۆربه‌ی ڕۆژه‌کان به‌تایبه‌ت له‌ وه‌رزی زستاندا له‌ده‌وری ئاورگ و ته‌ندور کۆزیلکه‌مان ده‌به‌ست و حیکایه‌ت و چیرۆک و نه‌قڵیان بۆ ده‌گێڕاینه‌وه‌. هه‌روه‌ها بنه‌ماڵه‌ی ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که‌ بنه‌ماڵه‌یه‌کی وه‌رزێر بووین، مه‌ڕداریش بووین. خاوه‌نی سێسه‌د مه‌ڕی سپی بووین و گه‌رمێن و کوێستانمان ده‌کرد. جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ زۆربه‌ی ئه‌و شوانانه‌ی باوکم ڕایده‌گرتن شمشاڵژه‌نی زۆر کارامه‌ و لێزان بوون که‌ ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر شکڵگرتنی جۆرێک زه‌وق و چێژ و خۆشیوه‌رگرتن له‌ مۆسیقا و ئاشنابوون به‌ به‌یت و باوی کورده‌واری بێ ته‌ئسیر نه‌بووه. ئێستاش دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه‌، چریکه‌ و سۆزی برایمه‌ سوورم ده‌ گوێدا ده‌زرینگێته‌وه‌ که‌ به‌ ده‌نگ و شمشاڵ به‌یتی «ناسر و ماڵماڵ» و «برایمۆك» و هی تری بۆ ده‌گوتینه‌وه‌. ئه‌وه‌ش بڵێم هه‌موو جارێک که‌ وه‌ختی شه‌رت په‌ڕینی برایمه سوور ده‌هات هه‌موومان خواخوامان بوو که‌ سه‌رله‌نوێ ڕابگیرێته‌وه‌ و لانیکه‌م له‌ ده‌نگ و نه‌وای شمشاڵه‌که‌ی بێبه‌ری نه‌بین.
دیاره‌ ئه‌وانه‌ هه‌موو ده‌یانتوانی به‌ستێنێکی له‌بار بن بۆ ڕێخۆشکردنی قۆناخی دواتر واته‌ سه‌رده‌می مێرمنداڵی و لاوێتی. له‌و سه‌رده‌مه‌دا که‌ ماڵمان به‌ یه‌کجاری هاتبووه شاری مهاباد و ده‌گه‌ڵ دیارده‌ی ڕادیۆ که‌ تازه‌ داکه‌وتبوو ئاشنا ببووین، زیاتر چاو و گوێم کرایه‌وه‌. دیارده‌یه‌کی که‌ به‌ ڕاده‌یه‌کی زۆر ته‌ئسیری له‌سه‌ر بیر و خه‌یاڵی من دانا و منی به‌ره‌و دنیایه‌کی دیکه‌ برد که‌ له‌گه‌ڵ دنیای مێرمنداڵی گه‌لێک جیاواز بوو، گوێڕاداشتن به‌ به‌رنامه‌کانی به‌شی کوردی ڕادیۆ به‌غدا و تاران و کرماشان و دواتریش ڕادیۆی په‌یکی ئێران بوو؛ هه‌ڵبه‌ت مه‌به‌ستم زیاتر ئه‌و به‌رنامانه‌ بوون که‌ یان شیعری جۆراوجۆریان تێدا ده‌خوێندرایه‌وه‌ یان باسی ئه‌ده‌بی و شیعر و شاعیرییان تێدا ده‌کرا. بۆ نموونه‌ زۆر جاران گوتوومه‌ و ئێستاش ده‌یڵێمه‌وه‌ که‌ جه‌نابی شوکروڵڵا بابان که‌ به‌ڕاستی ڕۆحی وه‌به‌ر شیعرخوێندنه‌وه‌وه‌ دێنا، له‌سه‌ر من کارتێکه‌ریی زۆر به‌رچاوی هه‌بوو. شیاوی گوتنه‌ که له‌ قۆناخی زۆر دواتردا جگه‌ له‌ ئاشنابوون ده‌گه‌ڵ شیعر و خوێندنه‌وه‌ی به‌رهه‌می شاعیرانی خۆماڵیی هاوچه‌رخ، ناکرێ ته‌ئسیری ڕاسته‌وخۆی نه‌مر مامۆستا هێمن که‌ له‌ کتێبی «هێمن و من»دا به‌وردی ئاماژه‌م پێکردووه‌، به‌هێند نه‌گیرێ و فه‌رامۆش بكرێ.

منداڵیت و شێوه‌گرتنی ژیانی لادێ له‌سه‌ر که‌سایه‌تی هونه‌ریت، دواتر ژیانی شاخ و ئێستاش شار به هه‌موو ماناکانییه‌وه‌… ئه‌و سێ قۆناخه‌ی ژیانت چۆن پێکه‌وه‌ ده‌به‌ستیته‌وه؟ ئایا شار توانی کاریگه‌رییه‌کانی ڕابردووت له‌نێوبه‌رێ؟
وا بزانم هه‌ر قۆناخێک له‌ ژیاندا کارتێکه‌ریی خۆی هه‌بووه‌ و هه‌یه‌تی. به‌ڵام به‌ باوه‌ڕی خۆم هیچ قۆناخێک به‌قه‌د قۆناخی منداڵی و مێردمنداڵیی و تافی لاوێتی له‌سه‌ر شێوه‌ و شکڵگرتنی زه‌وقی ئه‌ده‌بی و که‌سایه‌تی هونه‌ری ته‌ئسیر دانانێ. ده‌توانین گه‌لێک نموونه‌ له‌ نووسه‌ران و شاعیران بێنینه‌وه‌ که‌ ڕه‌گ و ڕیشاڵی زۆربه‌ی بیر و بۆچوون و ڕوانگه‌کانیان که‌ به‌ شێوه‌یه‌ک له‌ شێوه‌کان له‌ به‌رهه‌مه‌کانیاندا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌ و ده‌داته‌وه‌، هه‌ر له‌م قۆناخی منداڵی و مێردمنداڵییه‌وه‌ سه‌رچاوی گرتووه‌ و سه‌رچاوه‌ش ده‌گرێ. جا که‌سی تاین، شاعیر بێ، چیرۆکنووس بێ، شانۆنامه‌نووس بێ، یان به‌گشتی سه‌ر به‌ هه‌ر ژانرێکی هونه‌ری بێ، له‌و دیارده‌یه‌ ئاوارته‌ ناکرێ و به‌شێکی زۆر له‌ ڕوانگه‌ و جووڵه‌ و بزاوت و کار و ئاکاری ئه‌ده‌بی و هونه‌رییه‌که‌ی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ، خۆئاگا و ناخۆئاگا ڕه‌نگده‌ره‌وه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌یه‌.
ده‌وه‌دا شک نییه‌ که‌ جێگۆڕکێی جۆغرافیایی و شوێن گۆڕین، دیارده‌ و دیمه‌نه‌ سروشتییه‌کان، چاوپێکه‌وتن و تێکه‌ڵاوبوون ده‌گه‌ڵ خه‌ڵکی جۆراوجۆر له‌ هه‌موو قۆناخه‌کانی ژیاندا، هه‌م وه‌ک که‌ره‌سه‌ی تێڕوانین و تێڕامان، هه‌م وه‌ک ته‌جروبه‌ و داهێنان، ده‌توانن ته‌ئسیری به‌رچاویان له‌سه‌ر کاراکته‌ر و که‌سایه‌تیی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری دابنێن، به‌ڵام کارتێکه‌ری شتگه‌ل و دیارده‌ و ڕووداوه‌کانی سه‌رده‌می منداڵی و لاوێتی شتێکی دیکه‌یه‌ و لایه‌نێکی کارا و کاربڕ تری هه‌یه‌. نازانم ئه‌و قسه‌یه‌ که‌سێکی تر کردوویه‌تی یان هه‌ر به‌ ئی خۆمی دابنێم: ژیانی ئه‌ده‌بیی و هونه‌ریی هه‌ر که‌س له‌ زه‌مانی ئێستادا که‌ کۆشکی داهاتووی له‌سه‌ر دابنێ، ڕیشه‌ و بناغه‌که‌ی له‌ ژیانی و به‌سه‌رهاتی ڕابردووی که‌سی تاین وه‌رده‌گیرێ.
من له‌و باره‌یه‌وه‌ نموونه‌یه‌کی ساده‌ت بۆ باس ده‌که‌م. جارێکی له‌ سه‌رده‌می مێردمنداڵیمدا که‌ به‌ ڕاسپێری له‌لایه‌ن باوکمه‌وه‌ ده‌بوومه‌ میوانی دیوناسێکی خۆمان و ده‌بوایه‌ ده‌گه‌ڵی چووبامه‌ کوێستانی گه‌ده، ناوچه‌ی مه‌نگوڕایه‌تی، و عه‌ڕابه‌ی که‌ڵیی که‌ له‌ شار بۆمان دروست کردبوو، له‌ گونده‌که‌ی خۆی بۆی هه‌ڵبه‌ستم و بۆی وه‌کار بخه‌م، وا ڕێکه‌وت ئێواره‌دره‌نگانێک له‌ بناری قه‌ڵاتی شا له‌ده‌م ڕووبارێکی دۆڵه‌شێخان لاماندا و شه‌و له‌وێ ماینه‌وه‌. بۆ به‌یانی حاجی ڕه‌سوو که‌ ویستی له‌ خه‌وم هه‌ستێنێ، گوتی: ‹میرزا، هه‌سته‌ گزینگ له‌ سه‌رانی داوه‌…› کاتێک هه‌ستام چه‌ند دیمه‌نی ڕه‌نگاوڕه‌نگ و ده‌گمه‌ن، هاوکات سه‌رنجیان ڕاکێشام. له‌لایه‌ک ڕه‌نگی ئه‌و گزینگه‌ که‌ وه‌ک زه‌رداییه‌کی سروشتی له‌ داوێنی کێوه‌کاندا ده‌بریسکایه‌وه‌ و له‌لایه‌کی تر ده‌نگی بولبول و باڵنده وردیله‌کان که‌ له‌ گوێمدا ده‌زرینگانه‌وه‌، ته‌واوی هه‌ست و نه‌ستمیان ئاوێته‌ی ئه‌و سروشته‌ جوانه‌ و ڕازاوه‌یه‌ کردبوو. له‌ هه‌مووی جوانتر و سه‌رنجڕاکێش تر دیتنی یه‌که‌م جاری هێلانه‌ی ئه‌و باڵنده‌ قندیل و خنجیله‌یه‌ بوو که‌ له‌ کورده‌واری خۆماندا پێی ده‌ڵێین گۆره‌ویچن. له‌رینه‌وه‌ و شنینه‌وه‌ی ئه‌و هێلانه‌یه‌ که‌ له‌سه‌ر چڵه‌ لاوێنێک هه‌ڵواسراوه‌، چ به‌هۆی شه‌پۆلی ڕووبار و چ به‌هۆی شنه‌ی باوه‌، ته‌واوکه‌ری ئه‌و دیمه‌نه‌ جوان و ڕازاوه‌یه‌ی سروشت بوون که‌ هه‌تا هه‌م چێژ و ئوخژنی ئه‌و کاته‌م هه‌ر له‌ زه‌ین و هه‌ناودا ده‌هێڵنه‌وه‌. هه‌ر بۆیه‌شه‌ وشه‌ی «گزینگ» که‌ ده‌رخه‌ر و هه‌ڵگر و وه‌خۆگری ئه‌و دیمه‌نه‌ سروشتیه‌یه‌ له‌ زۆربه‌ی شیعره‌کانمدا دووپاته‌ ده‌بێته‌وه‌ و ته‌نانه‌ت ناوی گۆڤاری گزینگ و هه‌روه‌ها ماڵپه‌ڕه‌که‌شم هه‌ر بیرخه‌ره‌وه‌ی ئه‌و دیمه‌نه‌یه‌.

چۆن بوو نازناوی "هێرش"ت هه‌ڵبژارد؟
ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ی کۆمه‌ڵێک له‌ شاعیرانی موکریان، پیتی یه‌که‌می ناسناوه‌که‌یان به‌ پیتی هـ ده‌ستپێده‌کات، وه‌ک: هێمن (م. شێخولئیسلامی موکری)، هه‌ژار (ع. شه‌ره‌فکه‌ندی)، هێدی (خ. حیسامی) و هاوار (ع. حه‌سه‌نیانی). هه‌ر به‌وپێیه کۆمه‌ڵێک له‌ شاعیرانی لاو، واته‌ نه‌سلی دواتر، به‌خاتری خۆشه‌ویستی و ڕێزلێنانی ئه‌و مامۆستایانه‌ که‌ من به‌ش به‌حاڵی خۆم یه‌کێک له‌وان بووم، پێمانخۆشبوو ناسناوی ئێمه‌ش هه‌ر به‌ پیتی هـ ده‌ستپێبکرێ، وه‌ک: هێرش، هه‌ڵۆ (ق. موئه‌ییدزاده)، هێدی (ج. حه‌سه‌نپوور) و زۆر که‌سی دیکه‌.

به‌ڵام ئه‌و نازناوانه‌ ده‌لاله‌ت له که‌لتورێکی شۆڕشگێڕی و خه‌باتی نهێنیی سه‌رده‌مێک ده‌که‌ن که‌ تیایدا ته‌نانه‌ت نووسینیش قه‌ده‌غه‌ بوو. بۆ نمونه‌ ئه‌و ناوانه‌ی ئاماژه‌ت پێدان به جۆرێک له جۆره‌کان به‌هۆی سیاسییه‌وه‌ ناچار بوون نازناوێک هه‌ڵبژێرن.
قسه‌ی جه‌نابت زۆر دروسته‌، چاک بوو وه‌بیرت هێنامه‌وه‌، به‌ڵێ، له‌و سه‌رده‌مه‌دا دانانی ئه‌و ناسناوانه‌ له‌ ترسی بگره‌وبه‌رده‌ و ئه‌شکه‌نجه‌ی دا‌موده‌زگای ساواک (سازمانی ئه‌منیه‌ت و ئیتللاعاتی کیشوه‌ر) هه‌م باو بوو و هه‌میش پێویست. زۆر جار ئه‌و ناسناوه‌ ده‌یتوانی به‌فریات بگا و له‌ گه‌لێک بێنه‌وبه‌ره‌ی چاوه‌ڕواننه‌کراوی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی پاشایه‌تی که‌ کورد گوته‌نی "که‌ڵ به‌ موو به‌ند بوو" نه‌جاتت بدا. بۆ نمونه جارێکی له‌سه‌ر ڕادیۆی په‌یکی ئێران، شیعرێکی من که‌ به‌بۆنه‌ی شه‌هیدبوونی نه‌مر سوله‌یمانی موعینی‌م گوتبوو به‌ ناسناوی هێرش خوێندرابۆوه‌. دوابه‌دوای ئه‌وه له‌لایه‌ن ساواکه‌وه‌ که‌ زۆر جار له‌ بیانوو ده‌گه‌ڕا و ده‌ بنه‌ماڵه‌ی ئێمه‌ و شه‌خسی منی هه‌ڵده‌کێڵا بانگکرام که‌ گوایه‌ ئه‌و شیعره‌ ئی منه‌. من له‌ وه‌ڵامدا گوتم ئی من نییه‌ و به‌م جۆره‌ ناسناوی هێرش به‌ هانامه‌وه‌ هات. هه‌ڵبه‌ت من مه‌به‌ستم زیاتر له‌به‌رچاوگرتنی ڕواڵه‌ته‌ قانوونییه‌که‌ بوو که‌ جارجار ته‌نانه‌ت سیسته‌مه‌ دیکتاتۆرییه‌کانیش حیسابێکی بۆ ده‌که‌نه‌وه‌، ده‌نا هه‌ر ئه‌و ساواکه هه‌ر به‌و بیانووه‌ پڕوپووچانه‌‌ زۆر جاران تێروپڕی له‌ خه‌ڵکی هه‌ڵداوه،‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی «نه‌ بای پێدا هاتبێ و نه‌ باران».

پێت وا نییه‌‌ جووڵانه‌وه‌ی ڕووناکبیریی کوردستانی ئێران دوای کۆچی دوایی مامۆستا هێمن و هه‌ژار که‌لێنێکی گه‌وره‌ی تێکه‌وتووه‌ و له‌ هه‌موو بواره‌کانه‌وه‌ بێده‌نگه؟
ده‌وه‌دا شک نییه‌ که‌ کۆچی دوایی ئه‌و مامۆستایانه‌ به‌تایبه‌ت له‌ هه‌لومەرجێکدا که‌ تازه‌ کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات به‌ته‌ما بوو له‌ هه‌بوونی ئه‌و ئازیزانه‌ که‌ڵکی پێویست وه‌رگرێ بۆشاییه‌کی گه‌وره‌ی له‌م پرۆسه‌یه‌دا خوڵقاند. به‌ڵام ئه‌وه‌شمان له‌بیر نه‌چێت که‌ ئه‌و دوو مامۆستایه‌ بێجگه‌ له‌و ماوه‌ که‌مه‌ش که‌ له‌ ڕه‌وتی کوردینووسین و شیعر و زمانه‌وانی و ڕووناکبیریدا حزووری زیندوو و ڕاسته‌وخۆیان له‌ کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات هه‌بوو، له‌ ڕێگه‌ی بڵاوکراوه‌کانیان چ به‌ شێوه‌ی شیعر و چ به‌ شێوه‌ی په‌خشان، توانیان شۆڕشێکی گه‌وره‌ی ڕووناکبیریی، دیاره‌ ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی جه‌نابتانه‌ به‌دیبهێنن و نه‌سلێکی زۆر باش له‌دوای خۆیان په‌روه‌رده‌ بکه‌ن و باربهێنن. ئه‌و دوانه وێڕای چه‌ند مامۆستای دیکه‌ که‌ ناکرێ ناویان لێره‌دا فه‌رامۆش بکه‌ین وه‌ک مامۆستایان زه‌بیحی، فه‌رهه‌نگنووس و ڕۆژنامه‌وان و قزڵجی، ڕۆژنامه‌وان و چیرۆکنووس. که‌ به‌ عه‌قیده‌ی من ده‌بێ به‌ کۆڵه‌که‌ی سه‌ره‌کیی قوتابخانه‌ی موکریان ناویان بێنین، نه‌ته‌نیا له‌سه‌ر به‌شی کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات به‌ڵکه‌ له‌ کوردستانی گه‌رمێن (باشوور) و ته‌نانه‌ت شوێنه‌کانی دیکه‌ش کارتێکه‌ری گرینگ و به‌رچاویان داناوه‌.
لێره‌دا پێمخۆشه‌ ته‌نیا ئاماژه‌ به‌ کارتێکه‌ریی مامۆستا هێمن و دامه‌زرانی گۆڤاری سروه بکه‌م که‌ چ ته‌ئسیرێکی باش و له‌باری سه‌باره‌ت به فێربوونی زمانی کوردی و شێوه‌ی کوردینووسین له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی و به‌تایبه‌ت لاوان و گه‌نجان دانا. لێره‌دا پێمخۆشه‌ ئه‌وه‌ش بڵێم که‌ سه‌رجه‌می به‌رهه‌می ئه‌و مامۆستایانه‌ ده‌توانرێ وه‌ک کلیلێک بۆ په‌ره‌پێدان و نزیکبوونه‌وه‌ له‌ زمانی یه‌کگرتوو (ستاندار)ی ئه‌ده‌بی له‌ بواری دیالێکتی کرمانجیی خواروو که‌ڵکی لێوه‌ربگیرێ.

چۆن؟
به‌گشتی زمانی یه‌کگرتوو (ستاندارد)ی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک پێکهاته‌یه‌که‌ له‌ کۆمه‌ڵێک دیالێکت و زاراوه‌ و له‌هجه‌ و ڕاوێژی جۆراوجۆری ئه‌و گروپه‌ قه‌ومی و ئینسانییه‌ی که‌ به شێوه‌ی دینامیک و زیندوو به‌رده‌وام به‌یه‌که‌وه‌ تێکه‌ڵاوییان هه‌یه‌. به‌ڵام مه‌سه‌له‌یه‌کی که‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ زۆر گرینگه‌ و ئه‌و جۆره‌ زمانه‌ نووسیاره‌ واته‌ زمانی یه‌کگرتووی ڕه‌سمی/ فه‌رمی (ستاندارد) له‌ ته‌واوی زمان و دیالێکته‌ بیسیار و وێژیاره‌کان جیاده‌کاته‌وه‌ لایه‌نی ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه‌ که‌ ده‌ پێکهاتن و په‌ره‌گرتنی زمانی ڕه‌سمیدا کارتێکه‌ریی به‌رچاوی هه‌یه‌.
له‌ پێوه‌ندیی ده‌گه‌ڵ مه‌سه‌له‌ی زمانی یه‌کگرتوو بۆ ئێمه‌ی کورد که‌ بێجگه‌ له‌ هێندێک قۆناخی کورتی مێژوویی، ئه‌ویش له‌ شکڵی ئه‌ماره‌ت و ئۆتۆنۆمی و نیوچه‌ ده‌وڵه‌تدا، خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ نه‌بووین؛ باشترین شێوه‌ و ڕێگه‌چاره‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ بابه‌تی نووسیار و به‌رهه‌می به‌میراتماوی شاعیر و نووسه‌ره‌کانمان بکه‌ینه‌ به‌ڵگه‌ و ده‌ستاوێژ و ئه‌و بۆشاییه‌ی پێ پڕ بکه‌ینه‌وه‌. بۆ نمونه زمانی نووسیاری و پێوێژراوی بلیمه‌تێکی وه‌ک نالی که‌ هه‌م به‌دیهێنه‌ر و هه‌م په‌ره‌پێده‌ری ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ که‌ من به‌ ناوی ڕێبازی بابان ناودێرم کردووه‌، ده‌توانێ و هه‌روه‌ک وایشه‌، ببێته‌ بناخه‌ی زمانی یه‌کگرتووی کوردی، هه‌ڵبه‌ت بۆ به‌شی کرمانجی خواروو. که‌واته‌ له‌ سه‌رده‌مێکی دواتر که‌ لقێک هه‌ر له‌و ڕێبازه‌ له‌ شوێنێکی دیکه‌ی جوغرافیایی، به‌ شکڵێکی تر و به‌گوێره‌ی بارودۆخێکی تر په‌لده‌هاوێژێ و په‌ره‌ده‌گرێ بۆچی له‌پێناو زمانی یه‌کگرتوو (ستاندارد)ی نه‌ته‌وه‌ییدا که‌ڵکی لێوه‌رنه‌گیرێ؟ هه‌ڵبه‌ت مه‌به‌ستم ئه‌و ڕێبازه‌یه‌ که‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ به‌ ناوی ڕێبازی موکریان ئاماژه‌م پێکردووه‌.
ئه‌وه‌ی که‌ کام دیالکێت و له‌هجه‌، به‌پێی چ هه‌لومه‌رجێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و چ بارودۆخێکی سیاسییه‌وه‌ ده‌کرێته‌ بنه‌ما و بناغه‌ی زمانی یه‌کگرتوو گرینگ نییه‌، به‌ڵکه‌ گرینگ ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ نێوان زمانی بیسیار و وێژیار (بیستن و ئاخافتن)ی تاک و به‌کۆمه‌ڵ له‌لایه‌ک و زمانی نووسیار (زمانی ڕه‌سمی و ستاندارد) له‌لایه‌كی تره‌وه پێوه‌ندیی دینامیك و مه‌نتیقی به‌رقه‌رار بکرێ و که‌ڵکی پێویست بۆ په‌ره‌پێدانی زمانی یه‌کگرتووی نه‌ته‌وه‌یی وه‌ربگیرێ.
به‌کورتی، منیش یه‌کێک له‌و که‌سانه‌م که‌ بیر و بۆچوونی مامۆستایان هه‌ژار و هێمن‌م له‌و باره‌یه‌وه‌ قه‌بوڵه‌ که‌ دیالێکتی موکریان به‌تایبه‌ت له‌ باری کر و داڕشتنی ڕسته‌وه‌ ده‌توانێ ببێته‌ بناغه‌یه‌کی پته‌و له‌پێناو په‌ره‌سه‌ندنی زمانی یه‌کگرتووی کوردی. لێره‌دا مادام ئه‌و باسه‌م ورووژاندووه‌، بۆ سه‌لماندنی قسه‌که‌م له‌ هه‌ردوو مامۆستای به‌ڕێز که‌ به‌شێکی زۆر له‌ نووسه‌رانی هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان وه‌ک ئایه‌توڵڵای زمان به‌ سه‌رچاوه‌ و مه‌رجه‌عیان ده‌زانن، دوو نموونه‌ ده‌هێنمه‌وه‌. مامۆستا هه‌ژار که‌ خۆی یه‌کێک له‌ ئه‌ندامانی کارای «کۆڕی زانیاری کورد» بووه‌، له‌ چێشتی مجێور، ل. 539دا ده‌نووسێ:
«…هه‌میشه‌ من شه‌ڕی ئه‌وانه‌م ده‌کرد که‌ زمانی پاکی کوردی تێکده‌ده‌ن و دانه‌ به‌ دانه‌ عه‌ره‌بی وه‌رده‌گێڕن و ئه‌ویش به‌ ئیشتیای نه‌زانی خۆیان… گاڵته‌م پێده‌کردن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ زۆریان زۆر ڕقیان له‌ من ده‌بۆوه‌. نه‌به‌زینم له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و نه‌زانه‌ خۆ به‌ زاناناسانه‌ سه‌ره‌نجام کارێکی وای کردبوو که‌ زۆریان بیر له‌ حاڵی خۆیان و قسه‌ی من بکه‌نه‌وه‌ و ئه‌گه‌رچی خراپه‌یان ده‌گوتم، بێنه‌سه‌ر قسه‌کانم. پێموایه‌ له‌م شه‌ڕ و هه‌رایانه‌دا توانیم تا ئه‌ندازه‌یه‌کی باش گه‌شه‌ به‌ زمانه‌که‌ و نووسینی کوردی بده‌م.»
مامۆستا هێمن‌یش سه‌باره‌ت به‌ له‌هجه‌ی موکریان، له‌ وتووێژێک (گزینگ ژماره 23، ل. 39)دا ئاوا ده‌ڵێ: «ئه‌گه‌ر بۆخۆم موكریانی نه‌بام، پێموابوو له‌هجه‌ی موکریان باشترین له‌هجه‌یه‌ بۆ زمانی کوردی، بۆ زمانی یه‌کگرتووی کوردی. به‌ڵام ده‌ترسێم ئه‌وه‌ی به‌ ته‌عسسوب دابنێن، که‌ ئه‌من و ته‌عه‌سسوبیان نه‌گوتووه‌. مامۆستا جه‌میل ڕۆژبه‌یانی ده‌فه‌رموێ، موکریان به‌ مانای ‹موغ ڕێیان› ـه‌، یانی ڕێگای ئه‌و موغانه‌ بووه‌ که‌ له‌ هه‌ورامانه‌وه‌ هاتوون، یان له‌ جێگه‌ی دیکه‌ڕا، به‌ دریاس/ دریاز که‌ کۆنه‌ شاری موکریانه‌، به‌وێدا ڕابوردوون و هه‌ریه‌ک له‌وانه‌ هێندێک وشه‌ی کوردیان به‌جێهێشتووه‌، هێندێک ته‌عبیری شیعریان به‌جێهێشتووه‌، ئه‌وانه‌ ئێستاش له‌ موکریاندا حیفز کراون(پاراستروان). ئه‌م له‌هجه‌ ده‌ڕوا تا ده‌گاته‌ نزیک سوله‌یمانی. دیاره‌ له‌هجه‌ی سوله‌یمانی – نه‌ک له‌هجه‌ی دێهاته‌کانی- فه‌رقی هه‌یه‌، یانی له‌هجه‌یه‌کی له‌هجه‌ی موکریانی ناوه‌ڕاسته‌ له‌ کوردستاندا. به‌ عه‌قیده‌ی من چاکترین له‌هجه‌یه‌ که‌ ئێمه‌ بیکه‌ینه‌ بناغه‌ بۆ ئه‌وه‌ی زمانی یه‌کگرتووی کوردی لێ دروست بکه‌ین.»

مه‌به‌ستت له ‌قوتابخانه‌ی موکریان چییه‌؟ تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ئه‌م قوتابخانه‌یه‌ چین؟
ئه‌گه‌ر سه‌رنجت دابێ له‌ گزینگی ژماره‌ 11 (لاپه‌ڕه‌ی 17-20) دا به‌ شێوه‌یه‌کی زۆر کورت باسی سێ ڕێبازی شیعری کوردیم کردووه‌، واته‌ ڕێبازی گۆرانی، ڕێبازی سۆرانی(بابان) و ڕێبازی بادینانی (بۆتان). من بۆخۆم نه‌زه‌رم وایه‌ که‌ چه‌ند که‌س له‌ دانه‌ر و پێکهێنه‌رانی ڕێبازی سۆرانی که‌ سه‌ره‌تا له‌ سه‌ر‌ده‌می بابانه‌کاندا سه‌ریهه‌ڵدا خه‌ڵکی ناوچه‌ی موکریان بوون که‌ یه‌ک له‌وان عه‌لی به‌رده‌شانی بووه‌‌. جا ئه‌و ڕێباز و قوتابخانه‌یه‌ که‌ له‌سه‌رده‌ستی که‌سێکی وه‌ک حه‌زره‌تی نالی به‌ره‌و و په‌ره‌ی پێدرا، زۆر دواتر له‌لایه‌ن شاگردان و ڕێڕه‌وانی ئه‌و ڕێبازه‌، وه‌ک وه‌فایی و ئه‌ده‌ب و به‌تایبه‌ت حه‌ریق‌ـه‌وه‌ له‌ ناوچه‌ی موکریان بڵاوبۆوه‌ که‌ من به‌ ناوی ڕێباز یان قوتابخانه‌ی موکریان ناودێرم کردووه‌. ڕاسته ئه‌و ڕێبازه، واته‌ موکریان، سه‌رچاوه‌که‌ی هه‌ر هه‌مان ڕێبازی سۆرانی‌یه‌، به‌ڵام له‌ زۆر لایه‌ن و ڕه‌هه‌نده‌وه‌ به‌تایبه‌ت له‌ سه‌رده‌می کۆماری کوردستان (1946)ـه‌وه‌، چ له‌ باری داڕشتن و چ له‌ بواری زمانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌سڵی قوتابخانه‌که‌ جیاوازی هه‌یه‌ و خه‌سله‌تێکی سه‌ربه‌خۆ و تایبه‌تمه‌ندییه‌کی شاز وه‌رده‌گرێ. ئه‌گه‌ر هه‌روا به‌ شێوه‌ی سه‌رپێیش بێ، ناوی هێندێک له‌ شاعیر و نووسه‌رانی سه‌ر به‌م ڕێبازه‌ به‌ نمونه‌ ده‌هێنینه‌وه‌، که‌ به‌گشتی له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و ڕێبازه‌دا جێده‌گرن، وه‌ک شه‌وقی (قازی زاده‌)، مه‌لا مارفی کۆکه‌یی، سه‌یفولقوزات، خاڵه‌ مین، هه‌ژار، زه‌بیحی، هێمن، قزڵجی و زۆر که‌سی تر.

ئایا ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ توانی بۆ ده‌ره‌وه‌ش ته‌شه‌نه‌ بکات یان هه‌ر له ‌چوارچێوه‌ی موکریاندا مایه‌وه‌؟ ئه‌ی له‌ڕووی زه‌مانییه‌وه‌ چی؟ ئایا به‌رده‌وام بوو یان تایبه‌ت بوو به‌ زه‌مانێکی دیاریکراو؟
دیاره‌ به‌شێک له‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره هه‌م له‌ توێی قسه‌کانی خۆم و هه‌م مامۆستایان هه‌ژار و هێمن، له‌ سه‌ره‌وه‌ جواب دراوه‌ته‌وه‌. ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستت ته‌شه‌نه‌کردن بۆ ده‌ره‌وه‌ی‌ ناوچه‌ی موکریانه‌، به‌ڵێ، ڕۆژ له‌گه‌ڵ ڕۆژ ئه‌و شێوازه‌ له‌نێو شاعیران و نووسه‌ران و چیرۆکنووسانی کورددا زیاتر بره‌و په‌یدا ده‌کا و شوێنی شیاوی خۆی ده‌کاته‌وه. لێره‌دا پێویسته‌ من جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بکه‌مه‌وه‌، بۆ نمونه‌ فه‌رق و جیاوزای بنه‌ڕه‌تی له‌ شێوه‌ی نووسیندا ئه‌وه‌ نییه‌ که‌ من بنووسم «ده‌ڕۆم، گرینگ، به‌غدا، دێم، تێیدا…» و نووسه‌ری شوێنێکی دیکه‌ی کوردستان بنووسێ «ئه‌ڕۆم، گرنگ، به‌غا، یه‌م، تیا…»، به‌ڵکه‌ له‌ شێوه‌ی پێکهاته‌ و داڕشتنی ده‌سته‌واژه‌ی په‌تی و ڕسته‌ی پاراوی کوردییه‌.


چه‌نده‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه‌ی مامۆستا هێمن دای که‌ نوێبوونی شیعر ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ ناوه‌رۆکی شیعره‌وه؟
هه‌روه‌ک ده‌زانین و ته‌جروبه‌ش نیشانیداوه‌، شیعر دیارده‌یه‌کی کڕک و نه‌گۆڕ نییه‌ و به‌پێی زه‌وق و هه‌ستی کۆمه‌ڵایه‌تی و به‌تایبه‌ت کارتێکه‌ری زمانه‌وه‌ هه‌میشه‌ له‌ گۆڕاندایه‌ و هه‌ر بۆیه‌شه‌ ناکرێ تاریف و پێناسه‌یه‌کی دیاریکراو و یه‌کلایه‌نه‌ی بۆ له‌به‌رچاو بگیرێ. من ده‌وه‌دا هیچ شکم نییه‌ که‌ مه‌به‌ستی مامۆستا هێمن له‌ ناوه‌رۆک ئه‌و بیر و هه‌ست و ده‌ربڕینه‌ خه‌یاڵاوییه‌یه‌ که‌ توخم و ماکه‌ و پێکهاته‌ی سه‌ره‌کیی شیعره‌که‌ هه‌م له‌لایه‌نی زه‌مان و هه‌م له‌لایه‌نی زمانه‌وه‌ پێکدێنێ. بۆ ڕوونکردنه‌وه‌ی ئه‌و ڕسته‌یه‌ پێویسته‌ نمونه‌یه‌ک بێنینه‌وه‌. ئه‌گه‌ر شاعیرێک له‌م چه‌رخ و چاخه‌ی ئێستادا که‌ ده‌ورانی ئینفۆرماتیک و ئه‌لیکترۆنیک و ئینته‌رنێته‌، بیهه‌وێ زولف و که‌زیه‌ی دڵداره‌که‌ی به‌ که‌مه‌ند، یان وه‌ک شاعیرێکی کلاسیکیی خۆمان به‌ نێردیوان (په‌یژه‌)ی بچوێنێ و له‌ ئامراز و که‌ره‌سه‌ی ده‌ورانی کۆن که‌ سه‌دان و هه‌زاران جار دووپاته‌کراونه‌ته‌وه‌، که‌ڵک وه‌ربگرێ، ده‌وه‌دا شک نییه‌ که‌ ئه‌و گوتراو و ده‌ربڕینه‌ له‌ هه‌ر قاڵب و فۆڕمێکدا بێ نه‌ته‌نیا که‌س پێی خۆش نابێ و چێژی لێوه‌رناگرێ به‌ڵکه‌ ده‌بێته‌ جێگه‌ی پێکه‌نین و سه‌رسووڕمانیش. له‌ شیعردا ئه‌وه‌ کۆمه‌ڵێک ماکه‌ و توخمی به‌یه‌که‌وه‌به‌ستراون، وه‌ک بیر و ئه‌‌ندێشه، هه‌ست و خه‌یاڵ، ریتم و مۆسیقا، زمان و ده‌ربڕین…، که‌ کر و ساختومانی شیعره‌که‌ پێکدێنن و‌ بواڵه‌ت و کاکڵ و ناوه‌رۆکیش خۆی وه‌ک ماکه‌یه‌کی گرینگ ده‌توانێ ڕواڵه‌ت و شکڵ و فۆڕمێکی جوان بۆ خۆی ببینێته‌وه‌. جا بۆیه‌ به‌ قه‌ولی مامۆستا هێمن که‌ شکڵ و ناوه‌رۆک له‌ شیعردا ته‌واوکه‌ری یه‌کترن، ئه‌گه‌ر هه‌ر بایه‌خ به‌ شکڵ بدرێ و لایه‌نی ناوه‌‌رۆک و ورده‌کاری مانا فه‌رامۆش بکرێ، ئه‌وا ئه‌و شیعره‌ وه‌ک بڵقی سه‌ر ئاوی لێدێ و زۆر زوو مفح ده‌بێته‌وه‌.
لێره‌دا بۆ ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی ئه‌و بڕگه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌م بده‌مه ده‌ست، تاکه‌ شیعرێک له‌ حه‌زه‌ره‌تی نالی به‌ نمونه‌ دێنمه‌وه‌ که‌ ماکه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی شیعریی، به‌ چ شێوه‌یه‌کی جوان و شاعیرانه‌ له‌ بواڵه‌ت و ڕواڵه‌تێکی گونجاودا ئاوێته‌کردووه‌:
ده‌ورانی یه‌ وه‌ک هێڵه‌گی سه‌ودا سه‌ری گێژم
بۆیه‌ به‌ ده‌قیقی مه‌سه‌له‌ هـه‌‌رچی ده‌بێژم
به‌کورتی، نه‌ نووسینی شیعر به‌ شێوازی عه‌رووزی (کێش و قافیه‌) ده‌توانێ سه‌لمێنه‌ری کۆنی و لایه‌نی ناشیعربوونی گوتراو و ده‌ربڕاوه‌ زه‌ینییه‌کان بێ و نه‌ ڕیزکردنی هێندێک وشه‌ش به‌ شێوه‌ی قاڵبی نوێ نیشانده‌ری شیعربوونی نووسراو و ده‌ربڕینه‌ خه‌یاڵییه‌کانن.
خه‌یاڵی ناسک و به‌زه‌ینی که‌س نه‌گه‌یشتوو، ده‌ربڕینی تازه‌ و له‌ زمان خۆشهاتوو، مانای پاراو و پێگه‌یشتوو، به‌ هه‌ر شێوازێک بگوترێ و له‌ هه‌ر شکڵ و ڕواڵه‌تێکدا بگونجێندرێ جوان و په‌سنده‌.

ئه‌ی بۆخۆت له ‌شیعردا ڕه‌چاوی چی ده‌که‌ی؟
ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ، من له‌ شیعردا خۆم به‌ هیچ شێوازێکی دیاریكراو و ده‌ربه‌ست نابه‌ستمه‌وه‌. دیاره‌ ده‌بێ ددان به‌و ڕاستییه‌دا بێنم که‌ من زیاتر لایه‌نگری ئه‌و شێوازه‌م که‌ له‌ کوردیدا به‌ هه‌ڵه‌ زاروێژی «کلاسیک»ی بۆ به‌کاردێنن، واته‌ ئه‌و شێوازه‌ی که‌ تێیدا کێش و قافیه‌ له‌به‌رچاوده‌گیرێ. به‌ڵام نابێ ئه‌وه‌ش بشارمه‌وه‌ که‌ به‌شێکی زۆر له‌و کۆمه‌ڵه‌ شیعرانه‌ی که‌ به‌م شێوازه‌ ده‌نووسرێن ناتوانم به‌ شیعریان دابنێم. چونکه‌ ده‌به‌رگر و ده‌رخه‌ر و ده‌ربڕی هیچ چه‌شنه‌ بیر و ته‌عبیر و ده‌ربڕینێکی تازه‌ نین. پێچه‌وانه‌که‌شی هه‌ر دروسته‌ و به‌شێکی هه‌ره‌ زۆری ئه‌و جۆره‌ شیعرانه‌ی که‌ به‌ زاروێژی ئه‌مڕۆیی مۆدێرن (نوێ، حوڕ، ئازاد، سپی) یان پۆستمۆدێرنیان پێده‌گوترێ، ناچنه‌ نێو خانووی خنجیلانه‌ی شیعره‌وه‌.
به‌ عه‌قیده‌ی من پێوانه‌ بۆ شیعری چاک که‌ نه‌بێته‌ بڵقی سه‌ر ئاو ئه‌وه‌یه‌ که‌ شاعیر به‌گوێره‌ی هه‌ر شێوازێک بتوانێ پێوه‌ندییه‌کی مانایی و مۆسیقایی له‌ نێوان کۆڵه‌که‌ و پێکهاته‌کانی شیعر، واته‌ بیر و خه‌یاڵ، ئیماژ و وێنه‌، ڕیتم و ئاهه‌نگ، زمان و ده‌ربڕین به‌دیبێنێ و ڕاگه‌یێنه‌ری په‌یامێکی عیشقی- مرۆیی یان کۆمه‌ڵایه‌تی- فه‌رهه‌نگی بێ.

هه‌روه‌ک ده‌زانین به‌ شێوه‌یه‌کی ڕێکوپێک، 40 ژماره‌ی گۆڤاری گزینگ چاپ و بڵاوکرانه‌وه. چۆن ده‌ستت پێکرد و بۆ ڕاوه‌ستا؟
ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ من هه‌ر زۆر له‌ کۆنه‌وه فکر و سه‌ودای ئه‌وه‌م له‌سه‌ردا بوو که‌ گۆڤارێکی فه‌رهه‌نگی- ئه‌ده‌بی به‌ زمانی کوردی ده‌ربکه‌م. کاتێک له‌ ساڵی 1989 وه‌ک په‌نابه‌ر هاتمه‌ وڵاتی سوید و تێیدا ئاقارم گرت، دوای چه‌ند ساڵێک، واته‌ دوای ئاشنابوون به‌ کامپیوته‌ر و خۆڕاهێنان و تاقیکاریی ڕۆژنامه‌وانی له‌ ساڵی 1993دا به‌ شێوه‌ی تاکه‌که‌سی قۆڵم لێ هه‌ڵماڵی و له‌سه‌ر ئه‌رک و گیرفانی خۆم یه‌که‌م ژماره‌ی ئه‌و گۆڤاره‌م له‌ پاییزی ئه‌و ساڵه‌دا ده‌رکرد که‌ تا ساڵی 2003 درێژه‌ی کێشا و سه‌رجه‌م 40 ژماره‌ی لێده‌رچوو.
شیاوی گوتنه‌، ته‌واوی کاره‌کانی ئه‌و گۆڤاره‌م بۆخۆم ڕاده‌په‌ڕاند، هه‌ر له‌ تایپکردنه‌وه‌ ڕا بیگره‌ تا ده‌گاته‌ ئێدیتکردن و پۆستکردن. زۆر جار 16 تا 18 سه‌عات به‌تایبه‌ت ئه‌و کاتانه‌ی که‌ گۆڤاره‌که‌ ئاماده‌ی چاپ ده‌کرا، به‌ تایپ و ئێدیت و ڕازاندنه‌وه‌وه‌ خه‌ریک ده‌بووم. پێویسته‌ ئه‌وه‌ش بڵێم که‌ گۆڤاری گزینگ ته‌نیا له‌ ژماه‌ 16 تا ژماره‌ 22 خاوه‌نی ده‌سته‌ی نووسه‌ران بوو که‌ ئه‌ویش به‌داخه‌وه‌ به‌هۆی هه‌ڵکه‌وتی جوغرافیایی و لێکدووربوون که‌ هه‌رکام له‌ ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی له‌ وڵات یان شارێکی جیاوازدا ده‌ژیان، ته‌جروبه‌یه‌کی سه‌رکه‌وتوو نه‌بوو، هه‌ر بۆیه‌ش له‌ ژماره‌ 22 به‌دواوه‌ تا ئه‌م ساڵه‌ی گۆڤاره‌که‌ ڕاوه‌ستا خۆم به‌ ته‌نیا مامه‌وه‌ و کاره‌کانیم به‌ڕێوه‌برد.
هه‌ڵبه‌ت لێره‌دا پێویسته‌ ئاماژه‌ به‌ شتێک بکه‌م که‌ له‌ بواری مێژووی ڕۆژنامه‌گه‌ریی کوردییه‌وه‌ زۆر زۆر گرینگ و شیاوی سه‌رنجه‌. وا بزانم جگه‌ له‌ وتووێژێکی ته‌له‌ڤزیۆنی که‌ ڕۆژی 1ی نۆڤامبری 2004 له‌ ڕێگه‌ی کاناڵی Roj tv (ڕۆژتیڤی)یه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ ڕاوه‌ستانی گۆڤاری گزینگ له‌گه‌ڵ من کرا، جه‌نابت یه‌که‌م که‌سی که‌ سه‌باره‌ت به‌م مه‌سه‌له‌یه‌ پرسیارم لێده‌که‌ی و وه‌ک ڕۆژنامه‌وانێک بۆت گرینگه‌ بزانی که‌ ئه‌و گۆڤاره‌ بۆچی ڕاوه‌ستا و نه‌یتوانی درێژه‌ به‌ چالاکیی خۆی بدا. دیاره‌ من ئه‌و شته‌ ته‌نیا بۆ مێژوو ده‌ڵێم و نامه‌وێ شووتی گه‌وره‌ی شاماتی بۆ نێوده‌رکردن و خۆڕانان وه‌ بن هه‌نگڵی خۆم بده‌م.
به‌ڵێ، هه‌روه‌ک خۆیشت ده‌زانی، زۆر که‌س و گروپ و لایه‌نی ئاکادێمیک له‌سه‌ر فڵان ڕۆژنامه‌ یان گۆڤار که‌ کاتی خۆی ته‌نیا یه‌ک یان دوو ژماره‌ی لێده‌رچووه‌ ئێستاش توێژینه‌وه‌ و لێکۆڕینه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن. تۆ ته‌ماشا، من به‌ هه‌ڵکه‌وت و لاپره‌سه‌نی، ئه‌ویش به‌ بانگهێشتی عه‌لی قازی (کوڕی ڕه‌ش)، کوڕی یه‌که‌م سه‌رۆککۆماری کوردستان، که‌ ئیجازه‌ی بانگهێشتی چه‌ند که‌سیان پێدابوو، له‌ ڕێوڕه‌سمی تایبه‌ت به‌ یادی شه‌هیدکردنی پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د له‌ ڕۆژی 2005.03.31 له‌ شاری سلێمانی به‌شداریم کرد كه‌ «یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان ئه‌و ڕێوڕه‌سمه‌ی به‌ڕێوه‌یده‌برد. سه‌رنج بده‌، زۆر سه‌یره‌، هیچ ڕۆژنامه‌ و گۆڤار و ڕادیۆ و ته‌له‌ڤزیۆنێک (کوردسات، خاک…) نه‌هات بپرسێ ئه‌رێ کاکه‌ پاشه‌ڵه‌ت چه‌ند جه‌واڵ کا ده‌با؟! ئه‌رێ وه‌ره‌ بزانین تۆیه‌ک که‌ به‌ تاقی ته‌نیا و به‌ ئه‌رک و گیرفانی خۆت گزینگ‌ت تا 40 ژماره‌ هێنا، چۆن بوو‌ ڕاوه‌ستا و له‌ چالاكی كه‌وت؟! دیاره‌ ئه‌و ورده‌ گله‌ییانه‌م هه‌ر ئه‌و کات له‌ هوتێل سلێمانی پالاس به‌ کاک شیرکۆ مه‌نگوڕی، جێگری سه‌رنووسه‌ری ڕۆژنامه‌ی کوردستانی نوێ، ڕاگه‌یاند.
هه‌ڵبه‌ت چه‌ند ڕۆژ به‌رله‌ گه‌ڕانه‌وه، بۆم ده‌رکه‌وت که‌ ته‌واوی ئه‌و به‌زمه‌ له‌ژێر سه‌ری مامۆستایه‌كی خۆشخه‌توخاڵی خۆماڵیی و قسه‌بێژێکی ڕووهه‌ڵماڵاوی جێگه‌ و ڕێگه‌پێدراوی نێو یه‌کێتیی نیشتمانی‌یه‌وه‌ بوو که‌ کاتی خۆی نووسه‌رێک له‌ گۆڤاری گزینگ‌دا، گوایه‌ ڕه‌خنه‌ی له‌ یه‌کێتیی نیشتمانی گرتووه‌ و پێی گوتووه‌ «پشتی چاوت برۆیه»! هه‌روه‌ک له‌ شوێنی دیکه‌شدا گوتوومه‌، ئێستا ئه‌گه‌ر بمه‌وێ وه‌ڵامی هۆی ڕاوه‌ستانی گۆڤاری گزینگ بده‌مه‌وه‌، هۆیه‌کانی ڕاوه‌ستان زۆرن به‌ڵام ده‌کرێ وه‌ک ڕوانگه‌یه‌کی گشتی له‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌دا چڕبکرێنه‌وه‌:
– بێجگه‌ له‌ هێندێك چه‌ت و ئاسته‌نگی شه‌خسی، له‌ بواری ئابووریشه‌وه‌ ئه‌و تواناییه‌ نه‌مابوو.
– به‌رزبوونه‌وه‌ی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری نرخ و هه‌قده‌ستی چاپ، پۆست، كه‌لوپه‌ل و ئامرازی پێویست.
– زۆربوونی ڕۆژنامه‌ و گۆڤاری جۆراوجۆر له‌چاو ساڵانی پێشوو، چ له‌ باشووری كوردستان و چ له‌ ڕۆژهه‌ڵات و باكووری كوردستان.
– داشكانه‌وه‌ی ژماره‌ی نووسه‌ران به‌سه‌ر ژماره‌ی ڕۆژنامه‌ و گۆڤاره‌كانی ناوه‌وه‌ی كوردستان.
– تیراژی زۆرتری ڕۆژنامه‌ و گۆڤاره‌كانی ناوه‌وه‌ و ڕاكێشانی زیاتری نووسه‌ران كه‌ پێیان خۆشه‌ به‌رهه‌مه‌كانیان به‌ تیراژێكی زۆرتر و ڕواڵه‌تێكی جوانتر بڵاوبكرێته‌وه‌.
– ڕووهێنانی ڕۆژ له‌گه‌ڵ ڕۆژی نووسه‌ران بۆ دیارده‌ی ئینته‌رنێت و بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕۆژانه‌ی به‌رهه‌مه‌كانیان و زۆربوونی ڕۆژنامه‌ی ئه‌لیكترۆنی.
– قه‌تیسمانه‌وه‌ی گۆڤاره‌كانی ده‌ره‌وه‌ له‌ بازنه‌یه‌كی ته‌سك و ته‌نگه‌به‌ردا و بێبه‌ریبوون له‌ ناردنه‌وه‌ و گه‌یاندن به‌ خه‌ڵكی ناوه‌وه. له‌بیرمان نه‌چێ ته‌واوی ئه‌و ئاپۆڕه‌یه‌ی كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی كوردستان ده‌ژین مه‌رج نییه‌ هه‌مووی ئه‌هلی كتێب و خوێندنه‌وه‌ بن، ئه‌وه‌ بێجگه‌ له‌ ڕێژه‌ی ئاڵۆڕه‌ی ناوه‌وه‌ كه‌ زۆر گرینگ و به‌رچاوه‌.
– هیچ حیزب و ڕێكخراوه‌یه‌ك نه‌ته‌نیا پشتی گۆڤاری گزینگ‌یان نه‌گرت، به‌ڵكه‌ جارجار دژایه‌تیشیان ده‌كرد.
– به‌كورتی، سه‌ره‌ڕای ته‌واوی ئه‌و خاڵانه‌ی له‌ سه‌ره‌وه‌ ده‌ستنیشان كران، ئه‌گه‌ر گۆڤاری گزینگ درێژه‌یكێشابا، ئه‌و نێوه‌رۆك و بواڵه‌ته‌ی جارانی نه‌ده‌ما و دیاره‌ خه‌رج و زه‌حمه‌ت و كوێره‌وه‌رییه‌كه‌یشی زیادی! له‌ پێوه‌ندیی ده‌گه‌ڵ ڕاوه‌ستانی گزینگ‌دا نوکته‌یه‌کم وه‌بیر هاته‌وه‌ که‌ بیستنی ناخۆش نییه‌. زۆر جار به‌ هاوڕێیه‌کانم ده‌گوت هه‌ر کات گۆڤاره‌ وه‌رزییه‌کان له‌ وه‌ختی ده‌رچوونی خۆیاندا دواکه‌وتوون و دوو ژماره‌یان له‌ یه‌ک به‌رگدا چاپکرا، ئه‌وه‌ نیشانه‌ی ڕاوه‌ستانی گۆڤاره‌که‌یه‌. ئه‌زقه‌زای ڕۆژگار گزینگ که‌ تا ژماره‌ 38 به‌ شێوه‌ی ڕێکوپێک و له‌ کاتی دیاریکراوی خۆیدا ده‌رده‌چوو، له‌پڕ له‌ ژماره‌ 39-40 تووشی ئه‌و به‌ڵایه‌ هات و به‌داخه‌وه‌ بۆ هه‌میشه‌ ڕاوه‌ستا.

ئایا گزینگ بابه‌تی سیاسییشی بڵاوده‌کرده‌وه‌ یان گۆڤارێکی ته‌نها فه‌رهه‌نگی- ئه‌ده‌بی بوو؟
نه‌خێر، بابه‌ته‌کانی ئه‌و گۆڤاره‌ زیاتر بابه‌تی مێژوویی و که‌لتوری و ئه‌ده‌بی و ڕه‌خنه‌یی بوون. دیاره‌ به‌ ڕاده‌یه‌کی که‌م له‌چاو ئه‌و بابه‌تانه‌وه‌، جاروبار به‌تایبه‌ت له‌ سه‌روتاره‌کاندا لێکدانه‌وه‌ و شیکردنه‌وه‌ی سیاسییش بڵاوده‌کرانه‌وه‌ که‌ ده‌ خزمه‌ت ڕێبازی گشتیی گۆڤاره‌که یان ده‌ چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورددا بوون. بۆ ئاگاداری خۆت و خوێنه‌ره‌وان، ئه‌م ڕا و بۆچوونه له‌ یه‌که‌م سه‌روتاری یه‌که‌م ژماره‌ی گزینگ (لاپه‌ڕه‌ی 5)دا به‌م جۆره‌ ده‌سنیشان کرابوو‌: «هه‌روه‌ک ئاشکرایه‌ ئه‌و گۆڤاره‌ خاوه‌نی ڕێبازێکی سه‌ربه‌خۆیه‌، هه‌ر چه‌شنه‌ بیر و بۆچوون و نووسراوه‌یه‌ک وه‌خۆده‌گرێ که‌ له‌ مافی مرۆڤ به تێکڕایی و له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لی کورد به‌تایبه‌تی داکۆکی بکات. به‌ڵام خۆ له‌ باسی زه‌قی سیاسی و وتاری چاوبه‌مۆله‌ق وه‌ستاوی یه‌کلاخوازی ده‌بوێرێ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌ربه‌ره‌کانی و دمه‌لاسکه‌ی هیچ حیزب و ڕێکخراوێکی سیاسی ناکا که‌ بۆ مافی ڕه‌وای گه‌لی کورد له‌ گۆڕه‌پانی خه‌باتدا تێده‌کۆشێ. به‌کورتی گۆڤاری گزینگ ده‌بێ سه‌نگه‌ری پێکانی بیر و بۆچوونی ئینساننه‌وازانه‌ بێ و سه‌کۆی وه‌رگرتنی ئه‌زموونی پێشکه‌وتنخوازانه‌…». وا بزانم له‌ یه‌ک دوو نمونه‌ی گچکه‌ نه‌بێ‌ که‌ نه‌ده‌بوو بڵاوببنه‌وه‌، به‌گشتی ئه‌و ڕێبازه‌ تا ئاخرین ژماره هه‌ر‌ له‌سه‌ر‌ هێڵی خۆی ما و ئه‌و پرینسیپه‌ هه‌روا له‌به‌رچاوگیرا.

پێگه‌ی گۆڤاری گزینگ له ‌ڕه‌وتی رۆژنامه‌گه‌ریی کوردی، به‌تایبه‌ت له تاراوگه‌دا، چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنی؟
ئه‌گه‌ر من بێم و له‌ زمان خۆمه‌وه‌ به‌ به‌ژن و باڵای گزینگ‌دا هه‌ڵبڵێم له‌ڕاستیدا ماناکه‌ی هه‌روا ده‌بێ که‌ من په‌سنی خۆم داوه‌، بۆیه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌بێ خه‌ڵک و خوێنه‌ره‌وان و هه‌روه‌ها مێژوو قه‌زاوه‌ت و داوه‌ری بکه‌ن. ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ، گۆڤاری گزینگ که‌ له‌ نێوان ساڵانی 1993 تا 2003 ـه‌وه‌ ده‌رده‌چوو، جگه‌ له‌ خزمه‌تی فه‌رهه‌نگی و ئه‌ده‌بی و کوردینووسین، توانی هێندێک بۆشایی ئه‌و ده‌ورانه‌ لانیکه‌م له بواری زانیاریدان و ڕوونکردنه‌وه‌ی چۆنیه‌تی پرۆسه‌ی نه‌ته‌وه- ده‌وڵه‌ت که‌ ئێمه‌ی کوردی ده‌گرته‌وه‌ و ده‌گرێته‌وه‌، پڕبکاته‌وه‌. یه‌کێک له‌ شانازییه‌کانی گۆڤاری گزینگ له‌ ڕه‌وتی ڕۆژنامه‌گه‌ریی کوردیدا ئه‌وه‌ بووه‌ و ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئێستاش به‌شێکی زۆر له‌ نووسراوه‌ و وتاره‌کانی وه‌ک ژێده‌ر و سه‌رچاوه‌ که‌ڵکیان لێوه‌رده‌گیرێن. هه‌ر بۆیه‌شه‌ دوای چه‌ند ساڵان که‌ له‌ وه‌ستانی چالاکیی ئه‌و گۆڤاره‌ تێده‌په‌ڕێ، هه‌ن که‌سانێک که‌ به‌ ته‌له‌فۆن و نامه‌ هانم ده‌ده‌ن که‌ سه‌رله‌نوێ بۆ وه‌ڕێخستنه‌وه‌ی گۆڤاری گزینگ ده‌ستبه‌کار ببمه‌وه‌. یه‌کێک له‌و که‌سانه‌ی پێمخۆشه‌ ئاماژه‌ی پێبکه‌م، مامۆستای خۆشه‌ویست و به‌ڕێزم کاک محه‌مه‌دی مه‌لا که‌ریم‌ـه‌، که‌ له‌ نامه‌یه‌کیدا به‌ ڕێکه‌وتی 2005.08.29 بۆی نووسیبووم:
"…زۆر خه‌فه‌تی ناچاربوونت بۆ داخستنی ئه‌و گۆڤاره‌ ئه‌خۆم که‌ جێگایه‌کی زۆر دیار و شایانی له‌ جیهانی ڕۆژنامه‌نووسیی کوردیدا بۆ خۆی گرتبوو. هیوام وایه‌ له‌ زووترین کاتدا بتوانی ڕێگایه‌ک بدۆزیته‌وه‌ بۆ ده‌ستکردنه‌وه‌ به‌ ده‌رکردنی…".

وه‌ک که‌سێک که ‌له بواری ڕۆژنامه‌گه‌ری ئه‌لیکترۆنیدا کار ده‌که‌یت، زمانی سایته‌کان چۆن ده‌بینیت و پێتوایه‌ چ کاریگه‌رییه‌کی نێگه‌تیڤ ده‌که‌نه‌سه‌ر باکگراوندی ڕۆشنبیری کوردی؟
بۆ هه‌ر دیارده‌یه‌کی تازه‌ی تێکنینکی، ئه‌ویش به‌تایبه‌ت مه‌سه‌له‌ی ئینته‌رنێت و ڕۆژنامه‌ی ئه‌لیکترۆنی که‌ تێکنیکێکی ته‌واو تازه‌یه‌، ماویه‌کی دیاریکراوی زه‌مانی پێویسته‌ تا خه‌ڵک خۆی له‌گه‌ڵ بگونجێنن، یان به‌ واتایه‌کی تر کات و ده‌رفه‌تێکی دیاریکراوی گه‌ره‌که‌ تا خه‌ڵک بتوانن به‌ شێوه‌یه‌کی دروست و مه‌نتیقی که‌ڵکی لێوه‌ربگرن. دیاره‌ لێره‌دا من ته‌نیا به‌ شێوه‌یه‌کی زۆر کورت له‌سه‌ر لایه‌نی زمانیی ماڵپه‌ڕ و ڕۆژنامه‌ ئه‌لیکترۆنییه‌ کوردییه‌کان قسه‌ ده‌که‌م که‌ وه‌ک ئامرازی ڕاگه‌یاندن و که‌ره‌سه‌ی زانیاریدان، له‌ڕێی ڕایه‌ڵه‌ی ئینته‌رنێته‌وه‌، به‌رده‌نگ و خوێنه‌ره‌وانێکی هه‌راو و یه‌کترنه‌ناس ده‌کاری دێنن و به‌ شێوه‌یه‌کی خێرا و ڕاسته‌وخۆ جۆره‌ها پێوه‌ندی به‌یه‌که‌وه‌ به‌رقه‌رار ده‌که‌ن. هه‌رچه‌ند وێژیاگی ئامرازی ڕاگه‌یاندن و زانیاریدان به‌تایبه‌ت ژۆرنالیزمی ئینته‌رنێتی و ڕۆژنامه‌ی ئه‌لیکترۆنی لاینکه‌م بۆ کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واری پرۆسه‌یه‌کی زۆر نوێ و تازه‌ڕێکه‌وتووه‌، به‌ڵام هه‌ر چۆنێک بێ ناکرێ خۆ له‌و دیارده‌ گلۆباڵ (جیهانی)یه‌ ببوێرین که‌ به‌ شێوه‌یه‌ک له‌ شێوه‌کان کۆمه‌ڵگه‌ی کوردیش ده‌گرێته‌وه‌ و ده‌یخاته‌ ژێر ڕکێف و ته‌ئسیری خۆیه‌وه‌. جا ئه‌گه‌ر هه‌ر له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ سه‌یری شێوه‌ی ده‌کارهێنان و که‌ڵکلێوه‌رگرتنی ئه‌و دیارده‌ نوێیه‌ بکه‌ین ده‌بینین که‌ هه‌م لایه‌نی پۆزێتیڤ و باش و بایه‌خداری هه‌یه‌ و هه‌م لایه‌نی نێگێتیڤ و خراڵ و ناله‌بار. به‌ڵام من خۆم نه‌زه‌رم وایه‌ بۆ نمونه‌ ئه‌گه‌ر شێوه‌ و ته‌رزی ده‌کارهێنانی زمانی کوردی له‌ سایت و ماڵپه‌ڕ و ڕۆژنامه‌ ئه‌لیکترۆنییه‌کان لایه‌نی نێگه‌تیڤی هه‌بێ، ئه‌وا له‌ درێژخایه‌ندا له‌ گه‌لێک هه‌ل و بواری دیکه‌وه‌ بۆ ئێمه‌ی کورد که‌ ناچارین ڕه‌گه‌ڵ ئه‌و شه‌پۆله‌ جیهانییه‌ بکه‌وین لایه‌نی پۆزێتیڤ و بایه‌خداری زۆر زیاتر ده‌بێ.
من ته‌واو له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه‌ی تۆدام که‌ زمانی کوردی له‌ سایت و ماڵپه‌ڕ و ڕۆژنامه‌ ئه‌لیکترۆنییه‌کان (ئه‌و ڕۆژنامه‌ چاپییانه‌ی ده‌خرێنه‌سه‌ر ڕایه‌ڵه‌ی ئینته‌رنێت ئاوارته‌ن) ده‌کار ده‌کرێ و ده‌نووسرێ، هێشتا زمانێکی پوخت و پاراو و گونجاو و یه‌کگرتوو نییه‌. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌و ماوه‌ که‌مه‌ی که‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌م پێکرد، زۆر سه‌یروسه‌مه‌ره‌ و نائاسایی نییه‌. چونکه‌ هه‌ر وڵاتێک که‌ پاشکۆی کۆمه‌ڵگه داهێنه‌ر و پێشکه‌وتووه‌کان بێ و خۆی له‌سه‌ر بناخه‌یه‌کی قانونمه‌ند و به‌ شێوه‌ی شێنه‌یی په‌ره‌ی نه‌گرتبێ، شکت نه‌مێنێ که ئه‌گه‌ر بیهه‌وێ دیارده‌یه‌کی جیهانی بخوازێته‌وه‌ و بیگوازێته‌وه‌ نێو کۆمه‌ڵگه‌ دواکه‌وتووه‌که‌ی خۆی، بێ و نه‌بێ تووشی هه‌ڵه‌ و ئاسته‌نگیی ده‌کارهێنان ده‌بێ. به‌تایبه‌ت ئه‌و وڵاته‌ یان ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌ که‌ به‌ شێوه‌ی دیکتاتۆری و سه‌ره‌ڕۆیی به‌ڕێوه‌بچێ. جا ئه‌گه‌ر کۆنکرێت بمه‌وێ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی جه‌نابت بده‌مه‌وه‌، زۆربه‌ی ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ تێکۆشه‌ر و ڕۆشنبیرانه‌ی که‌ به‌هۆی مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه‌یی و سیاسی و نه‌بوونی دیموکراسی و پێشێلبوونی مافی مرۆڤ له‌ نیشتمان و زێدی خۆیان په‌ره‌وازه‌ بوون و به‌ ناچاری له‌ تاراوگه‌ گیرساونه‌ته‌وه‌، ده‌یانه‌وێ له‌ ته‌واوی ئه‌و بوار و هه‌ل و ده‌رفه‌ته‌ زێڕینه‌ی که‌ له‌ وڵاتی دووه‌م یان وڵاتی ئاقارلێگرتوو، با بڵێین زیاتر ڕۆژئاوایی، بۆیان هه‌ڵده‌که‌وێ که‌ڵکی پێوستی خه‌بات و به‌ربه‌ره‌کانی له‌ دژی نیزامه‌ دیکتاتۆری و تۆتالیتێره‌کان وه‌ربگرن که‌ دیارده‌ی ئینته‌رنێت و ڕۆژنامه‌ ئه‌لیکترۆنییه‌کان یه‌ک له‌و دیاردانه‌ن که‌ تێکۆشه‌ران و ڕۆشنبیران و نووسه‌رانی حیزبی و ناحیزبی، چ به‌ شێوه‌ی کۆ و تێکڕایی و چ به‌ شێوه‌ی تاک و یه‌کلایی له‌پێناو ئامانجه‌ دیاریکراوه‌کان ڕووی تێده‌که‌ن. ئه‌وه‌ی لێره‌دا گرینگه‌ و نابێ چاۆپۆشی لێ بکرێ و وا بزانم جه‌نابیشت هه‌ر مه‌به‌ستت ئه‌وه بوو، لایه‌ن و چۆنیه‌تی ده‌کارهێنانی زمانی کوردییه‌. به‌داخه‌وه‌ ده‌بێ بڵێم که‌ زۆربه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رانی سایت و ماڵپه‌ڕ و وێبلاگه‌ کوردییه‌کان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که‌ باری زانیاریی و ڕۆشنبیریی ئینته‌رنێتییان له‌ ڕاده‌یه‌کی به‌رزدایه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ چونکه‌ خۆیان زمانی کوردی به‌ باشی نازانن، تا ئێستا نه‌ته‌نیا نه‌یانتوانیوه‌ زمانێکی پوخت و پاراو که‌ ده‌گه‌ڵ ئه‌و دیارده‌ نوێیه‌ یه‌کبگرێته‌وه‌ ڕه‌چاو بکه‌ن، به‌ڵکه‌ له‌ به‌ستێنی ژۆرنالیزمی ئینته‌رنێتیدا زمانێکی سه‌قه‌ت و ناقۆڵا و قورس ده‌کاردێنن. به‌کورتی، من له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌م که‌ له پرۆسه‌ی کار و تێکۆشان و به‌رده‌وامیدا ئه‌و که‌موکووڕییه‌ چاره‌سه‌ر ده‌کرێ و ئێمه‌ش ده‌توانین ڕێگای ڕاست و دروستی خۆمان بدۆزینه‌وه‌.

جه‌نابتان له چه‌ندین بواری جۆراوجۆری ئه‌ده‌بیدا کار ده‌که‌ن وه‌كو شیعر، وه‌رگێڕان و نووسین. ئایا ته‌نها به بوارێکه‌وه‌ خه‌ریک بوایه‌ی ده‌ستکه‌وتێکی باشتری نه‌ده‌بوو؟
له‌ سه‌رێکه‌وه‌ هه‌ق به‌ جه‌نابته‌ که‌ مرۆڤ ئه‌گه‌ر هه‌ر له‌ بوارێکی دیاریکراوی ئه‌ده‌بی و هونه‌ریدا هه‌وڵبدات ڕه‌نگه‌ سه‌رنجڕاکێش تر و سه‌رکه‌وتوو تر بێ. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و بوارانه‌ی که‌ ناوت هێنان – ئیجازه‌م بده‌ چالاکیی ڕۆژنامه‌وانیشی بخه‌مه‌ سه‌ر- هه‌موویان پێوه‌ندی و تێکه‌ڵاوییان به‌یه‌که‌وه‌ هه‌یه‌. شتێکی ئاشکرایه‌ که‌سێک که‌ نووسه‌ر بێ، بێگومان له‌گه‌ڵ بواری ڕوژنامه‌نووسیی و ڕۆژنامه‌گه‌رییش سه‌روکاری ده‌بێ. هه‌ر به‌وپێیه‌ش که‌سێک که‌ شاعیر بێ، ئه‌ویش جارجار خۆی له‌ کاروباری ته‌رجومه‌ و وه‌رگێڕانه‌وه‌ی شیعر وه‌رده‌دا. نمونه‌شمان بۆ ئه‌و دیارده‌یه‌ زۆره‌، چ له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واریدا، وه‌ک مامۆستا هێمن و چ له‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌ ڕاده‌ی جیهانیدا، وه‌ک ئۆکتاڤیۆ پاز و زۆر که‌سی تر.

شیعر چه‌نده‌ توانای خوڵقاندنی هێزێکی جیددی هه‌یه‌ بۆ ئاراسته‌کردنی کۆمه‌ڵگه یاخود تێپه‌ڕکردنی ڕه‌وتی پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵگه؟
کاک سه‌لاحی به‌ڕێز، وا بزانم ئه‌و پرسیاره‌ ئه‌گه‌ر له‌ دۆینی نه‌ختێک دوور له‌ ده‌ورانی ئێمه‌وه‌ کرابایه‌، له‌وانه‌ بوو وه‌ڵامێکمان بۆ دۆزرابایه‌وه‌، به‌ڵام شیعر به‌پێی تاریفێک که‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڵقوڵاوی زه‌ین و زه‌وقی کۆمه‌ڵایه‌تیی کۆمه‌ڵگه‌یه‌كی بگۆڕ و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی پێداویستییه‌کانی ژیان و سه‌رده‌می ئێستامان بێ، ئه‌وا ناتوانین ئه‌و ئه‌رکه‌ قورس و گرانه‌ی بده‌ینه‌ پاڵ و پێمان وا بێ شیعر له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌توانێ بمانباته‌ گۆڕه‌پانی کارستانه‌ سه‌یروسه‌مه‌ره‌کان و کاره‌ له‌کراننه‌هاتووه‌کان. نا، به‌داخه‌وه‌ نه‌ته‌نیا له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واریدا که‌ هێشتا شیعر خۆشه‌ویستی و نرخ و بایه‌خی به‌رچاوی خۆی هه‌یه‌، به‌ڵکه‌ له‌ هیچ شوێنێکی ئه‌و جیهانه‌دا ئه‌و ئه‌رک و کارایی و کاربڕییه‌ی نه‌ماوه‌ که‌ له‌ ڕۆژگارانی ڕابردوودا هه‌یبووه.
وه‌ک ده‌یشزانین له‌ ئه‌ساسدا ئه‌و تاریفه‌ گشتی و پێناسه‌ کڵێشه‌ییه‌ی که‌ له‌ شیعر ده‌کرا، له‌ سه‌رده‌می ئێستادا به‌هۆی زۆربوون و هاتنه‌کایه‌ی گه‌لێک له‌ ژانره‌ هونه‌ری و ئه‌ده‌بیه‌کان و به‌تایبه‌ت نه‌خشی ماسمێدیای جیهانی له‌ ژیانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵک گۆڕاوه‌ و ده‌گۆڕدرێ. ڕاسته‌ هه‌تا ژیان و عیشق و پێوه‌ندییه ڕۆحی و ئه‌ویندارییه‌کان بمێنن، شیعریش هه‌ر ده‌مێنێ به‌ڵام به‌کورتی، وه‌ک بزوێنه‌ر و دنه‌ده‌ری هێزی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی ناتوانێ ڕۆڵێکی ئاوا کارای هه‌بێ که‌ کۆمه‌ڵگه به‌ره‌و به‌ستێنی پێشوه‌چوون و په‌ره‌سه‌ندن هان بدا.

چۆن بیرت له وه‌ڕگێڕانی غه‌زه‌له‌کانی حافز کرده‌وه، له کاتێکدا پێموابێ تاک و ته‌را له‌لایه‌ن که‌سانی تریشه‌وه‌ وه‌رگێڕدراوه‌ته‌وه‌؟
ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ هه‌ر له‌و سه‌رده‌مانه‌وه‌ که‌ من حافزی شیرازی‌م وه‌ک شاعیرێکی خه‌یاڵورد و هستناسک که‌ ئێستاش به‌شێکی زۆر له‌ بیر و ده‌ربڕینه‌کانی ته‌ڕایی و ته‌ڕاوه‌ت و تازه‌ییان هه‌یه‌، ناسیوه‌ فکر و که‌ڵکه‌ڵه‌ی وه‌رگێڕانه‌وه‌ی غه‌زه‌له‌کانیم له‌ سه‌ردا هه‌بووه. به‌ڵام به‌ شێوه‌ی خورت و خۆوه‌ر و خۆکر له‌ ساڵی 1983وه‌ ده‌ستمپێکرد که‌ له‌ سنووری نێوان کوردستانی باشوور و ڕۆژهه‌ڵات واته‌ له‌ ناوچه‌ی سۆفییه‌کان(خواکورک) ده‌ژیام. له‌و ساڵه‌وه‌ تا سه‌ره‌تای ساڵی 1987 که‌ بنکه‌که‌مان که‌وته‌ به‌ر هێرش و په‌لاماری بۆمبارانی کیمیایی ڕێژیمی به‌عسیی عێراق و خۆیشم یه‌کێک له‌ برینداره‌ دژواره‌کان بووم، توانیم نزیکه‌ی یه‌ک له‌ سێی سه‌رجه‌می غه‌زه‌له‌کانی حافز وه‌ربگێڕمه‌وه‌سه‌ر زمانی کوردی. هه‌رچه‌ند تا ئه‌و کاته یه‌که‌م که‌س بووم که‌ ئه‌م کاره‌م کردبێ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌هۆی که‌مترخه‌می و دڵه‌ڕاوکێی خۆم و هه‌ڵاتهه‌ڵات و جێگۆڕکێی هاوڕێیانی حیزبی شیوعی عێراقی که‌ نووسراوه‌ و شیعر و وه‌رگێڕاوه‌کانم پێ ئه‌سپاردبوون، ته‌واوی ئه‌رک و زه‌حمه‌ته‌کانم به‌فیڕۆ چوون و به‌رهه‌مه‌کانم فه‌وتان.
ساڵی 1989 که‌ له‌ وڵاتی ڕووسیاوه هاتمه‌ وڵاتی سوید و وه‌ک په‌نابه‌ر نیشه‌جێ بووم، سه‌رله‌نوێ ده‌ستم به‌ وه‌رگێڕانه‌وه‌ی غه‌زه‌له‌کانی حافز کرده‌وه‌ که‌ به‌شێکیانم له‌ گۆڤاری گزینگ و له‌م دواییانه‌شدا کۆمه‌ڵێکم له‌ ماڵپه‌ڕی گزینگدا بڵاوکردووه‌ته‌وه‌.
له‌ وه‌ڵامی به‌شی ئاخری پرسیاره‌که‌ت ده‌بێ بێژم تا ئه‌و جێیه‌ی بزانم له‌و که‌سانه‌ی که‌ غه‌زه‌له‌کانی حافزیان وه‌رگێڕابێته‌وه‌سه‌ر زمانی کوردی، من ته‌نیا نه‌مر مام عه‌بباس حه‌قیقی‌م پێ شک دێ که‌ نزیکه‌ی سه‌د غه‌زه‌لێکی وه‌رگێڕابۆوه‌سه‌ر زمانی کوردی و به‌ ناوی شه‌ونم له‌ ساڵی 1370ی هه‌تاوی (1991) به‌ چاپی گه‌یاندبوو.

وه‌رگێڕانه‌که‌ی مامۆستا حه‌قیقی له‌ چ ئاستێکدا ده‌بینی؟ تا چه‌ند سه‌رکه‌وتوو بووه‌ و توانیوه‌ حه‌قی خۆیان بداتێ؟
ڕه‌نگه‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره‌ بۆ منێک که‌ له‌مێژساڵه‌ خۆی به‌ وه‌رگێڕانه‌وه‌ی غه‌زه‌له‌کانی حافزه‌وه‌ خه‌ریک کردووه‌ و گه‌لێک جاران تێماوه، زۆر ئاسان نه‌بێ و له‌وانه‌شه‌ گران بکه‌وێ. چونکه‌ هه‌روه‌ک ئاشکرایه‌، خۆی ماناکردنه‌وه‌ی غه‌زه‌له‌کانی حافز کارێکی سه‌خت و ئه‌سته‌مه‌، چ بگا به‌ وه‌رگێڕانه‌وه‌ی که‌ ئه‌رکه‌که‌ چندقات چه‌توون تر ده‌کا. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و قسه‌یه‌ زۆر گوتراوه‌ و ده‌شگوترێته‌وه‌ که‌ شیعری وه‌رگێڕدراو ئه‌و مانا و تام و چێژه‌ی که‌ له‌ زمانه‌ ئه‌سڵییه‌که‌دا هه‌یه‌تی نایمێنێ. ئه‌وه‌ تاڕاده‌یه‌کی زۆر قسه‌یه‌کی دروسته‌ و حاشای لێناکرێ. به‌ڵام هه‌ر چۆنێک بێ، بۆ ئێمه‌ی کوردیش، به‌تایبه‌ت له‌ سه‌رده‌می گلۆبالیزمدا، که‌ دیارده‌ی وه‌رگێڕانه‌وه‌ گرینگی خۆی هه‌یه‌ و ڕه‌هه‌ندێکه‌ بۆ ناسین و ئاڵوگۆڕی بیروڕا و زه‌وقی کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی کۆمه‌ڵگه‌ جۆراوجۆره‌کان، ده‌بێ به‌هێندی بگرین و هه‌وڵی بۆ بده‌ین. جا ئه‌گه‌ر له‌م ڕوانگه‌یه‌وه ئه‌و سه‌د غه‌زه‌له‌ی که‌ له‌لایه‌ن نه‌مر عه‌بباس حه‌قیقی‌یه‌وه‌ وه‌رگێڕدراونه‌ته‌وه‌سه‌ر زمانی کوردی هه‌ڵسه‌نگێنین، ئه‌وا کاره‌که‌ی له‌گه‌ل ئه‌وه‌دا که‌ بێ عه‌یب و ئێراد نییه‌، به ‌تێکڕایی شیاوی په‌سن و پێزانینه‌. لێره‌دا بۆ ئه‌وه‌ی بزاندرێ که‌ ئه‌ركی وه‌رگێڕانه‌وه‌ی غه‌زه‌لی حافز که‌ پڕه‌ له‌ ورده‌کاری و سه‌نعه‌تی شیعری چه‌نده‌ قورس و گرانه‌، جێی خۆیه‌تی ئاماژه‌ به‌ غه‌زه‌لێک بکه‌م که‌ خۆم ماوه‌یه‌کی دوورودرێژه‌ پێیه‌وه‌ خه‌ریکم، به‌ڵام هێشتا دڵم لێی ئاو ناخواته‌وه‌ و ڕازیم ناکا، ئه‌ویش ئه‌و غه‌زه‌له‌یه‌ که‌ دێڕی یه‌که‌می ئاوا ده‌ستپێده‌کرێ:
دوش وقت سحر از غصه نجاتم دادند
و اندر این ظلمت شب آب حیاتم دادند
نه‌مر عه‌بباس حه‌قیقی له شه‌ونم، ل. 81دا، ئاوای وه‌رگێڕاوه‌ته‌وه‌:
شه‌وه‌کی له‌و خه‌می بووم به‌رگی نه‌جاتیان دامێ
چاخی تاریکه‌شه‌وێ ئاوی حه‌یاتیان دامێ
که هه‌روه‌ک ده‌رده‌که‌وێ، ماناکه‌ی پڕ به‌ پێستی خۆی نییه‌. جا بۆیه‌‌ كه‌ ده‌ڵێم كاری وه‌رگێڕانه‌وه ئه‌ویش شیعره‌كانی حافز، كارێكی ساده‌ و ساكار نییه‌ و حه‌وجێی به‌ زه‌حمه‌ت و پشوودرێژی و وردبوونه‌وه‌‌وه‌یه‌كی زۆر هه‌یه، قسه‌یه‌کی هه‌رواییم نه‌گوتووه‌.

ئەم چاوپێکەوتنە پێشتر لە ماڵپەڕی «دیمانە»دا بڵاو بۆتەوە.