۱۳۹۴/۰۷/۱۹

ڕۆژێک لە ڕۆژانی ئیزرائیل لە کوردستان


سەلاحەدین بایەزیدی
یەکێ دەبێ، یەکێ نابێ. بەرەبەیانێکی خەزانی ساڵی ٢٠٤٥، ئیزرائیل لەسەر قەرەوێڵە هەورینەکەی خەبەری دەبێتەوە. باڵەکانی لێک دەکێشێتەوە و باویشکێک دەدا. هەڵدەستێ و پێش ئەوەی ئاوێک بە دەموچاویدا بکا، دوو هێلکە وەسەر ئاگر دەنێ. مەڵەغانەکەی دەست دەداتێ کە بە سووچێکی دیوارەوە هەڵپەسێردراوە و دمەکەی تیژ دەکا. وەک هەموو بەیانییەکی دیکە دەموچاوی تێک دەنێ کە بۆچی سەرباری پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا ئەم مەڵەغانەی لە کۆڵ نەبۆتەوە. پاشان بەدەم یاریکردن بە ئایفۆن سیانزەکەی چاوێک بەو لیستەدا دەخشێنێ کە دەبێ ئەو ڕۆژە ڕۆحیان بکێشێ. ناوی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەمووان پتر سەرنجی ڕادەکێشێ. مۆبایلەکەی دادەنێ و لە گژ فکرەوە دەچێ. بە خۆی دەڵێ دەبێ بە ڕێزەوە بچێتە لای چونکە مێژوویەکی پڕ لە خەبات و سەروەریی هەیە. لە ڕاستیدا پێی کارێکی سانا نییە، نەخاسمە کە دەزانێ جێگرەوەی نییە، بەڵام دواجار ڕۆژێک دەبێ ئەم وشترە لەبەر دەرکی ئەویش بخەوێنێ. بڕیار دەدا دوای هەموو ئەوانی تر بچێ و کاتێکی پتر بۆ ڕۆح کێشانی سەرۆک تەرخان بکا. بۆ ئەوەی زووتر بیدۆزێتەوە لە گوگڵدا ناونیشانی ماڵەکەی دەنووسێ، بەڵام گوگڵ ماڵەکەی نیشان نادا. پاشان خواردنەکەی بە پەلە دەخوا، مەڵەغانەکەی دەست دەداتێ و بەرەو گوێ زەوی شۆڕ دەبێتەوە.
ئیزرائیل، ڕۆحی سەرجەم ناوەکانی ناو لیستەکە لە یەک دوو سەعاتدا دەکێشێ و پاش کەمێک گەڕان لە کۆشکەکەی سەرۆکی هەرێم سەر دەردێنێ. لەو کاتەدا سەرۆکی کوردستان لە کۆبوونەوەدا دەبێ و ناچار، نزیکەی سەعاتێک لەبەر دەرگا لە تەنیشت حیمایەیەک چاوەڕێ دەمێنێتەوە. کە کۆبوونەوەکە تەواو دەبێ و سەرۆک بە هۆی ماندووبوون و پیرییەوە تەنیا دەمێنێتەوە، لێی وە ژوور دەکەوێ و سڵاوی لێ دەکا. جەنابی سەرۆک ترسی ڕێ دەنیشێ، ئەگەرچی دەمێکە چاوەڕوانە ئیزرائیل کتوپڕ خۆ بە ماڵەکەیدا بکا. هەڵبەت پاش ئەوەی هەڵسوکەوتی ئیزرائیل دەبینێ کەمێک ئەهوەن دەبێتەوە. دوای کەمێک چاک و خۆشی ئیزرائیل دەڵێ:
"تکایە، ئیجازە بفەرموون ڕۆحی جەنابتان بکێشم."
سەرۆکی هەرێم نایەوێ بمرێ، ئەخر کێ پێی خۆشە بمرێ، بە تایبەت لەو دوا ساتانەدا ژیان ئەوەندەی تر بە لایەوە شیرین دەبێ. کەمێک گفتوگۆ دەکەن و دواجار سەرۆکی هەرێم پێشنیار بە ئیزرائیل دەکا دوو ساڵی تریش ماوەی زیندووبوونەکەی بۆ درێژ بکەنەوە. سەرۆک ئەوەش دەڵێ کە لەبەر خۆی وا ناڵێت و دۆخەکە هەستیارە. باس لە گەڕانەوەی کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکان بۆ سەر کوردستان و هەروەها پڕۆژەی سەربەخۆیی کوردستان دەکا. باسی ئەوەش دەکا کە لە چارەسەرنەبوونی پرسی کورددا فاکتەرە ئاسمانییەکانیش دەوریان هەبووە و فریشتەکانی قاپی خودا و خودی خوداش تا ڕادەیەک بەرپرسیارن. ئیزرائیلیش بە هۆی ئەوەی پێشتر ڕۆحی گەلێک سەرکردە و فەرماندەی کوردی لەسەر چیاکان، نەخۆشخانەکان، بەرەکانی جەنگ و گرتووخانەکاندا کێشابوو، هەست بە قورسایی ئەم قسانە دەکا و خەمبارە لەوەی کورد بێ کەس و بێ سەرکردە بمێنێتەوە. 
"ڕاست دەفەرموون. لە ڕوانگەی منەوە هیچ کێشەیەک نییە، بەڵام دەبێ بچمە سەرەوە و لەگەڵ فریشتەکانی تر کۆ ببمەوە و بڕیاری دوایی لە پەرلەمان بدەین. ئێوارە ڕوون دەبێتەوە و ئەگەر نەهاتمەوە ئەوا بزانە تا دوو ساڵی تر دەژی"، ئیزرائیل وا دەڵێ و پاش ماڵئاوایی لە شەققەی باڵ دەدا و بەرەو کەشکەڵانی ئاسمان دەفڕێ. 
دەستوبرد کۆبوونەوە دەبەسترێ، زۆربەی هەرە زۆری فریشتەکان ناڕازیی دەردەبڕن و پێیان وایە نابێ سەرپێچی لە بڕیارەکان بکرێ. دروستە کەسایەتییەکی گرنگە بەڵام دواجار لە مەرگدا هەموویان یەکسانن. زۆری نامێنێ گفتوگۆکان بێ ئاکام تەواو ببن کە لە دەقەکانی دواییدا ئەنجومەنی شورا بڕیار دەدا ماوەی زیندوومانەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ دوو ساڵی تر درێژ بکەنەوە. ئەنجومەنی شورا بڕیاریش دەدا کە دەبێ ئەو ڕۆژە کوردێکی تر لە باتی سەرۆکی هەرێم ڕۆحی بکێشرێ. 
ئیزرائیل دیسان بە خۆی و بە مەڵەغانەکەیەوە بەرەو زەوی، پارزەمینی ئاسیا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەرێمی کوردستان شۆڕ دەبێتەوە. لەبەر ئەوەی پێیان گوتوە گرنگ نییە ئەو کەسە کێ دەبێ و هەر کورد بێ تەواوە، بڕیار دەدا لەسەر سنوور تووشی کێ هات، ڕۆحی بكێشێ و زوو بگەڕێتەوە. چونکە ئەو ڕۆژە زۆر ماندوویە و نایەوێ لەوە زیاتر کاتی خۆی بە فیڕۆ بدا. 
کە ئاودیوی سنووری کوردستان دەبێ لە دوورەوە کەسێک دەبینێ. فیکەی سمێڵانی دێ و لێی نزیک دەبێتەوە. بەڵام کە پتر لێی دەچێتە پێشێ بۆی دەرکەوێ شەڕڤانێکی چەکدارە و لە دڵی خۆیدا دەڵێ باشتر وایە سەرئێشە بۆ خۆم دروست نەکەم. کەمێک دوورتر دەفڕێ، هەمدیس کەسێکی دیکە لە نزیک سنوور بەدی دەکا، بەڵام ئەمەیان چەکی پێ نییە و تەنیا جانتایەکی بە کۆڵەوەیە، کوڕێکی گەنجە و بە پێ دزە و هەڵتەک هەڵتەک دەڕواتە پێش. ئیزرائیل دوای سڵاو و خۆناساندن، پێی دەڵێ:
"بەداخەوە ئەجەلت هاتووە و دەبێ ڕۆحت بکێشم."
کوڕە گەنجەکە هەترەشی دەچێ. لە ترسان زمانی دەگیرێ و بە لالەپەتی و گریانەوە لەبەری دەپاڕاێتەوە کە ڕەحمی پێ بکا. بە ئیزرائیل دەڵێ:
"تـ… تـ… تکات لێ دەکەم ڕۆ… رۆ.. رۆحم مەکێشە. یەک د… د… دونیا خەون و ئارەزووم هەیە. دە… دە… دەمەوێ بچم بۆ ئەوروپا. دەمەوێ ژیانێکی نوێ بونیاد بنێم. دە… دە… دە… مەوێ ژن بێنم… دە..." 
ئیزرائیل بۆ ئەوەی دڵی بە گەنجەکە نەسووتێ، بڕیار دەدا چیتر گوێی پێ نەدا و ڕۆحی گەنجەکە بە لووتیدا دەکێشێ.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر