۱۳۹۴/۰۷/۲۶

گاڵتە


ییڵماز گونەی
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

مناڵەکە فێر ببوو ناوی خۆی بنووسێ.
باوکی زۆری پێ خۆش بوو. گوتی:
"ئەی لەو بێ نامووسەی! چ زوو فێری نووسین بووە!"
ئەو خۆشییەی لە دڵی باوک گەڕابوو، مناڵەکەشی خۆشحاڵ کردبوو.
لە بەر ئەم وشانە نووسیەوە:
"دەرگا."
"نۆرە."
"قوتابخانە کرایەوە."
باوکی گوتی:
"ئەم گەوادە زۆر زرینگە. دەبێتە پیاو، ئەقڵم بە جارێ وەستاوە."
مناڵەکە لە ژمارە یەک تا دەی نووسیەوە.
باوکی لە خۆشیان نەیدەزانی بڵێ چی. 
"هەی کەری کەرباب هەی! کوڕە خۆ ژمارەکانیش فێر بووە!"
مناڵەکە ئەو وێنانەشی نیشانی باوکی دا کە کێشابوونیەوە. دارەکان و ماڵەکان بە خەتی ساکار و خوار و خێچ کێشرابوونەوە، خۆرێکی دەم بە بزە و خەپەڵەش کە تیشکۆڵەکانی بە ڕەنگی زەرد پەخش کردبۆوە…
باوکی مەیلی بزووت و گوتی:
"راوەستە، با ئەمنیش وێنەیەک بکێشمەوە."
رێک لە نێوەڕاستی دەفتەری نیگارکێشیدا، بە قەڵەمێکی کەسک، دارێکی پڕ پەلکی کێشایەوە، بە قەڵەمی سوور و زەرد، دارەکەی گوڵ ڕێژ کرد؛ لەسەر لکەکانیش مەلی پۆپە ئاڵ، مۆر و پرتەقاڵی تۆخی هەڵنیشاند.
"ئەمە داری چییە باوکە؟"
"دەبێ داری چ بێ، دارە ئیتر!"
"باشە ئەو کەڵەبابانە بۆ چوونەتە سەر دارەکە؟"
"کەڵەباب؟ کەڵەبابی چی؟ ئەوانە کەڵەباب نین، مەلن."
"مەلن؟ ئەوە چ جۆرە مەلێکن ئەو مەلانە؟"
باوک چ ناوێکی بۆ ئەو مەلانە پێ شک نەدەهات.
دایکی کەوتە نێو قسەکانیان و گوتی:
"ئەوانە مەلی باوکتن کوڕم."
پێکەنین.
وێنەکانی باوک، نە لە ڕواڵەت و نە لە ڕەنگ کردندا، جیاوازییەکی ئەوتۆیان لەگەڵ وێنەکانی مناڵەکەدا نەبوو.
….
رۆژێک لە ڕۆژان، مناڵەکە لە کاتێکدا دەیویست بچێ بۆ قوتابخانە، تووشی بە تووشی ڕووداوێک بوو.
ئاپۆرایەکی قەرەباڵغی ژنان و پیاوانی بینی.
مناڵێکی پێخواس دەگریا.
کابرایەکی چەقۆ تیژکەر لەگەڵ پیاوێکی قەڵەوی بیجامەپۆش بە دەنگێکی بەرز دەمەقاڵەیان بوو.
پیاوە قەڵەوەکە دەیگوت:
"لەسەر قسەکەم سوورم هەتیو، قسەکەم وەرناگرمەوە! دیسان دەیڵێمەوە: تۆ کابرایەکی بێ نامووسی!"
پیاوە چەقۆ تیژکەرەکە توڕە ببوو، ڕووخساری سپی هەڵگەڕابوو و دەلەرزی. دەیگوت:
"قسەکەت وەربگرەوە!"
"نەخێر!"
"من بێ نامووس نیم، بە ئارەقی نێوچەوانم نانی ڕۆژانەم دابین دەکەم؛ ئەگەر کەسێکی بێ نامووس هەبێ، ئەوە تۆی!"
پیاوە بیجامە لە بەرەکە بە یەکجاری هەڵچوو و شاڵاوی بۆ کابرای چەقۆ تیژکەر برد. چەند کەسێک پێشیان پێگرت.
پیاوە قەڵەوەکە دەست و پیلی ڕادەوەشاند و دەیگوت:
"هەتیوە جاشکە کەرە! دەزانی ئەمن کێم؟"
"کارم بەوە نییە تۆ کێی. ناتوانی بە من بڵێی بێ نامووس. بێ نامووس و جاشکە کەریش خۆتی!"
هەرچەند ناوبژیوانکەران دەیانگوت "وا مەکەن"، "تکایە"، "شوورەییە"، بەڵام نەیانتوانی پێش بە شەڕە دندوکی ئەوان بگرن. 
کابرای چەقۆ تیژکەر مقەستێکی ژەنگاوی بە دەستەوە بوو بۆ ئەوەی تیژی بکا، لە ناکاو و بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، مقەستەکەی لە ورگی پیاوە بیجامە پۆشەکە ڕۆ کرد. پیاوە بیجامە پۆشەکە خەڵتانی خوێن بوو. 
مناڵەکە سەری سووڕمابوو، لە ترسان لەو شوێنە دوور کەوتەوە.
لە کاتێکدا بەرەو قوتابخانە ڕایدەکرد، بیری دەکردەوە. 
ئەو پیاوە چەقۆ تیژکەرە بۆچی لە کابراکەی تری دا؟
چونکە گوتبووی "بێ نامووس"، "هەتیوە" و "جاشکە کەر"؟
ئەگەر ئەم وشانە بەو ڕادەیە خراپن، بۆچی باوکی بەردەوام پێی دەڵێ "هەتیوە بێ نامووسە"، "حەیوان"، "گەواد"، "کەر کوڕی کەر"، ''جاشکە کەر"؟
وەڵامێکی ڕوون و قایلکەری بۆ ئەم پرسیارانە نەدەدۆزییەوە.
مناڵەکە مەراقی نەشکا. لە کاتی وانە گوتنەوەدا، دەستی بەرز کردەوە و گوتی:
"مامۆستا!"
مامۆستا گوتی:
"چییە؟"
مناڵەکە هەستایە سەر پێ و گوتی:
"مامۆستا. گەواد یانی چی؟"
خوێندکارەکان پێکەنین.
مامۆستا کە چاوەڕوانی وەها پرسیارێک نەبوو، دۆش داما. لەسەر ماناکردنەوەی وشەکە دوودڵ بوو. دواجار گوتی:
"بۆچی ئەو پرسیارەت کرد؟"
مناڵەکە گوتی:
"باوکم.. باوکم بەردەوام پێم دەڵێ گەواد."
مناڵەکان سەر لە نوێ پێکەنینەوە.
مامۆستاش پێکەنی و گوتی:
"باوکت لە خۆشەویستیان وات پێ دەڵێ."
"ئەی بێ نامووس یانی چی؟"
"ئەمەشیان قسەی باوکتە؟"
"بەڵێ!"
مامۆستا گوتی:
"گاڵتەیە. بە گاڵتە وات پێدەڵێ. دیارە باوکت تۆی زۆر خۆش گەرەکە."
مناڵەکە بێ تاقەت لەسەر جێگەکەی دانیشتەوە. 
لەو کاتەدا هاوپۆلەکەی تەنیشتی سەری بردە پێش و بە گوێیدا چرپاند:
"گەوادی بێ نامووس!"

۲ نظر: