۱۳۹۴/۰۷/۱۴

ئاگۆتا کریستۆف: ڕاهێنانی پووچگەرایی


وەرگێڕانی لە فەرەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی
ئاماژە: ئاگۆتا کریستۆف ژنە نووسەری سوییسی بە ڕەچەڵەک هەنگاری، ٢٧ی ژوییەی ٢٠١١ لە سوییس کۆچی دوایی کردووە. گۆڤاری ''لۆ ماگازین لیتێرێر"ی فەرەنسی، ساڵی ٢٠٠٥ ئەم وتوێژەی خوارەوەی لەگەڵ ئەنجام داوە و بەبۆنەی کۆچی دوایی ناوبراو، ساڵی ٢٠١١ سەر لە نوێ بڵاوی کردۆتەوە. وتوێژەکە پاش بێدەنگییەکی نزیک بە دە ساڵ و بڵاوکردنەوەی کۆمەڵە چیرۆکێکی نوێ لە ژێر سەردێڕی "جیاوازییەکی نییە"، لەتەک نووسەر ئەنجام دراوە. ئاگۆتا کریستۆف، لە کۆتایی هەشتاکان دا بە نووسینی سیانەیەک (دەفتەری گەورە، بەڵگە و سێهەم درۆ) لە ئاستی جیهاندا بە ناوبانگ بوو. لە ساڵی ١٩٥٦ەوە کە لە هەنگاریا ڕای کردبوو و ببووە پەنابەر، لە شارۆچکەیەکی سوییس بە ناوی "نۆشاتێل" دەژیا. ساڵی ٢٠٠٤، کتێبی ''نەخوێندەوار''ی چاپ کردووە کە کورتە ژیاننامەیەکی خۆیەتی.

دوو کتێبە تازەکەت، "جیاوازییەکی نییە" و "نەخوێندەوار"، ئەو دەقانەن پێشتر نووسیوتن و بڵاوت کردونەتەوە.
ئاگۆتا کریستۆف: وایە. بە یەکجاری لە بیرم چووبوونەوە، ئەوان لەنێو کاغەز و دەسنووسە تەواوکراو و نیوەچڵەکانمدا بوون کە لە لایەن ئەڕشیڤی ئەدەبیاتی سوییسەوە کڕدران. لە لایەن وەشانخانەیەکی ئیتالییەوە داوایەکم پێشکەش کرابوو، بۆیە بە نێو ئەم ئەڕشیڤانەدا گەڕام و ئەو دەقانەم دۆزییەوە. ئیدیتۆری ''سۆی" کە کتێبەکانی پێشترمی چاپ کردبوو، بڕیاری دا کۆمەڵە چیرۆکی "جیاوازییەکی نییە"م بۆ بڵاو بکاتەوە و وەشانخانەی "زۆێ"یش لە ژنێڤ ئەو دەقە کورتانەی لە توێی نامیلکەیەکدا چاپ کرد کە ژیاننامەی خۆمن. کتێبی "نەخوێندەوار"، لە سوییس، فەرەنسا و تەنانەت بەشی ئاڵمانیی سوییس ڕەنگدانەوەیەکی بەرچاوی لێکەوتەوە.

لە کۆمەڵە چیرۆکی "جیاوازییەکی نییە"، هەندێک بەش دەبینین کە هاوشێوەی ڕۆمانەکانتانن: بۆ نموونە، دیمەنەکانی نێو چیرۆکی "کارێز" - پیاوێک کە پوومایەک لە کۆڵانێکی شارەکەی خۆیان و لە نێو ئاگردا دەبینێ - لە ڕۆمانی "سێهەم درۆ"شدا دووپات بۆتەوە.
ئەم دەقانە، لەو یەکەمین دەقانەن کە بە زمانی فەرەنسی نووسیومن. دیارە پێشتر لە هەنگاریا شیعرم دەنووسی. کە هاتمە سوییسیش درێژەم بە شیعر نووسین دا. شیعرەکانم لە گۆڤارێکی تاراوگەی هەنگاریدا بڵاو دەبوونەوە. کاتێک بورسێکی زمانی فەرەنسی بۆ بێگانەکانم لە زانکۆی نۆشاتێل وەرگرت، کۆتاییم بە شیعرنووسین هێنا: تا ئەو ساتە نەمدەزانی بە فەرەنسی بخوێنمەوە و بنووسم. دەستم بە نووسین بەو زمانە کرد. سەرەتا یارییەک بوو، بۆ ئەوەی بزانم دەکرێ یان نا. ئەم دەقە کورتە زۆر جیاوازانە - کورت، درێژ، ڕیالیستی، سووریالیستی - بەرهەمی هەوڵدان بۆ نووسین بە زمانی فەرەنسین: ئەو کات، گرنگییەکی زۆرم پێ نەدەدان.

لە کۆتاییەکانی "نەخوێندەوار"دا، باس لەوە دەکەن کە نووسین بە زمانی فەرەنسی "هەوڵدانی نەخوێندەوارێک" بوو. درێژەتان بە نووسین بە هەر دوو زمان دا؟
بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بەڵێ. بەڵام من لە شوێنێک دەژیام کە هەمووان بە زمانی فەرەنسی دەپەیڤین، منیش لەگەڵ مناڵەکانم بە فەرەنسی دەدوام. بۆیە کە شەوانە دەستم بە نووسین دەکرد، بە شێوەیەکی خۆڕسک بە فەرەنسی بوو. بە دەقی شانۆیی دەستم بە نووسین کرد. لەچاو دەقی دیکە، نووسینی هاسان تر بوو: دیالۆگەکان لەو قسە و باسانە دەچوون کە لە دەوروبەری خۆم دەمبیستن. پێویستی بە شیتەڵ کردنەوە نەبوو، ئەوەندە بەس بوو بیاننوسیتەوە: تەنیا ناوێکت دەخستە پێش ڕستەی هەر کام لە کەسایەتییەکان. ئەم خەباتەم زۆر باش چووە پێشێ. شانۆنامەکانم لە هۆڵی بچووک، لە دەوروبەری "نۆشاتێل" چوونە سەر سەکۆ و، دواتر لە ڕادیۆی "سوییس ڕۆماند"دا خوێنرانەوە. ئیتر لەو کاتەوە، تەنیا بە زمانی فەرەنسی دەنووسم. ئەگەرچی ئێستاش هەر بە هەنگاری قسە دەکەم، بەڵام چیتر بۆ نووسین بە کاری ناهێنم. نووسینی ڕۆمانی "دەفتەری گەورە"ش، هەر وەک ئەو دەقە شانۆییانە وا بوو کە بۆم باس کردن.

بەڵام کۆمەڵێک پەردەی شانۆیی تا بڵێی تایبەت: ئاخۆ ئەمە ژیانی خۆتانە لەو چوارچێوەیەدا گونجاندووتانە؟
ئەوەی ڕاستی بێ سەرەتا دەمویست کتێبێک بنووسم ژیاننامەی خۆم بێ. پاشان، بەرە بەرە شتەکە گۆڕا. من ئەو شتانەم نەنووسی کە لەگەڵ براکەم بەسەرم هاتبوو، بەڵکوو ئەو شتانەی بینیبوومان، ئەو شتانەی بۆیان گێڕابووینەوە و لە دەوروبەری ئێمە ڕوویان دەدا. بە کورتی، ناتوانین بڵێین ئەمە بە ڕاستی ئۆتۆبیۆگڕافییە. بە گشتی ئەوە ڕۆژی لەدایکبوونمە لەسەر کاغەزەکانی دوانەکان خۆی نیشان دەدا. بەڵام هیچ کام لەمانە ڕاست نین. لە واقعدا، بۆ نموونە، براکەم ساڵێک لە من گەورەترە. ئەوەی نووسرا هێدی هێدی جێگەی ڕاستی گرتەوە. بەڵام هەرچی بێ، ئەم کەسایەتییانە خەیاڵین: بێ ئەوەی لێگەڕینێک هەبێ کە ئەمە ڕاستە یان نا.

ئێوە خۆتان لە جێگەی کوڕیژگەیەک دانا، بۆچی؟
کاتێک دەستم بە نووسین کرد، دەمنووسی "براکەم و من" و ئەو منە کچێک بوو. بەڵام ئەم دەستەواژەیەی "براکەم و من" کە بەردەوام دووبارە دەبۆوە، هەستم کرد زۆر لەسەر زاران قورسە و ئیتر نووسیم "ئێمە". ئەم "ئێمە"یە بوونی دوو کوڕیژگەی گەڵاڵە کرد. لەگەڵ براکەم بە ڕاستی وەک دوانەیەک وا بووین: ئێمە بەردەوام بە یەکەوە بووین، هەموو ئیشێکی خراپمان پێکەوە ئەنجام دەدا. دواجار ئەو "ئێمە"یە - دوو کوڕیژگەی دوانە - وەک بریسکەیەک لە مندا بەدی هات. 

ئەو مناڵانەی ئێوە وەسفیان دەکەن، دوانەیەک لەنێو فەزای جەنگ، لەگەڵ خۆیان و دەوروبەر بێ‌بەزەن.
ئەوان ناچارن بێ‌بەزە بن بۆ ئەوەی خۆیان بپارێزن.

ئێوەش وەها بوون؟
تا ڕادەیەک بەڵێ.

ئەوان هەروەها ئەو مناڵانەن کە بە شێوەیەکی بەرچاو باڵغ بوون: بە پڕۆڤە و ڕاهێنانی جواروجۆر، گەورەکان سەرسام دەکەن - ڕاهێنانی خارانی لەش، ڕاهێنانی مێشک، ڕاهێنانی سواڵکەری، هی کەڕی و کوێری. لە "نەخوێندەوار"دا، باس لەوە دەکەن کە بیرۆکەی ئەم ڕاهێنانانە لە شانۆوە دێ.
کاتێک دەستم بە نووسینی "دەفتەری گەورە" کرد، بۆ شانۆی بنکەی فەرهەنگی نۆشاتێل کارم دەکرد. دەبوایە دەقێکم بۆ کەسانی ناشارەزا نووسیبا کە بەشداری ئەم خولانە دەبوون و کەسایەتییەکی گونجاوم بۆ هەر کامیان دۆزیباوە. من پێشتر، هاوکات و دوای پڕۆڤەکان لە هەموو بوارێکەوە لێیان ورد دەبوومەوە. ئەوان بەردەوام بە کۆمەڵێک ڕاهێنان دەست بە کار دەبوون. ڕاهێنانانەکان ئەو شتانەیان بە بیر هێنامەوە کە لەگەڵ براکەم بە مناڵی ئەنجامم دەدا. بەمجۆرە بوو بیرم لە یادەوەرییەکانی مناڵیم کردەوە و دەستم بە نووسینی ئەو دەقانە کرد کە دواتر بوو بە "دەفتەری گەورە".

بەڵام بە مناڵی، بیرۆکەی ئەم ڕاهێنانانەتان چۆناوچۆن بۆ دەهات؟
بە ڕاستی نازانم. بەڵام بە دڵنیاییەوە، ئێمە زۆر خوڵقێنەر بووین.

ئێوە بەدەگمەن هەوڵ دەدەن هۆکاری شتەکان شی بکەنەوە.
ناکرێ لەوە پتر شی بکەیتەوە. ئەگەر بێت و هەوڵ بۆ شیکردنەوەشی بدرێ، بە باشی ئەو کارە ئەنجام نادرێ. ئەوانە کۆمەڵێک ڕاستین. ئەو ڕوونکردنەوەیەی دوانەکان دەیدەن، بەسە: ئەوان ڕاهێنان دەکەن بۆ ئەوەی بەرگەی ژان، سەرما و دزێوی بگرن. ئەوەندە و بەس.

"بەڵگە"، دووهەم ڕۆمان لە سیانەی ڕۆمانەکان، دیمەنێکی دیکە لە ڕووداوەکانی نێو دەفتەری گەورە دەخاتە بەر چاو: ئاخۆ لە سەرەتاوە، بۆ ئەم سێ بەرگە پلانێکتان داڕشتبوو؟
بەهیچ شێوەیەک. ڕۆمانی یەکەم سەرکەوتنێکی وەهای بە دەست هێنا کە یەکسەر دەستم بە نووسینی دووهەمینیان کرد. درێژەم بە نووسین سەبارەت دوانەکان دا، لە کاتێکدا سەرەتا، بە هیچ شێوەیەک پێش‌بینی نەکرابوو. دوای چاپی دووهەم ڕۆمان، بە خۆمم گوت ئیشم لەگەڵ ئەم چیرۆکەدا بڕاوەتەوە. بەڵام نەخێر، ناچار بووم دیسان بەرگێکی تر بنووسم کە ئەمەیان دواتر ڕووی دا. دوانەکان شان بە شانی من پیر بوون. تەمەنی گەڕانەوەی کلاوس تـ. لە هەنگاریا، ئەو تەمەنەیە کە من تێیدا گەڕامەوە بۆ وڵاتەکەم. پاشان، بە پێویستم بینی قسە لەسەر هاتنمان بۆ سوییس بکەین. لەوێش گۆڕانکارییەکی گەورەم دروست کرد: "دوێنێ" ڕۆمانێکە لە ئۆتۆبیۆگرافی ناچێ، لەگەڵ ئەوەشدا، لە هەموویان زیاتر ئۆتۆبیۆگرافیکە. تێیدا ئاماژەم بە خۆکوژی چوار هاوڕێمان کردووە کە وەک ئێمە لە هەنگاریاوە هاتبوون و بەرگەی تاراوگەیان نەگرت.

ئەی تێکستەکانی "نەخوێندەوار" هەموویان ڕاستن؟
دەتوانین بڵێین ڕاستە. ئاڵ‌وگۆڕی تێدا نەکراوە. بەڵام سەرەتا، ئەمە هەڵبژاردەیەکی ڕاستەقینە نەبوو. ئەم دەقانە بۆ گۆڤارێکی ئاڵمانی زمانی سوییس نووسراون. مانگانە دەبوو لاپەڕەیەکی گەورە، دوو لاپەڕە و نیوم پێ دابان، ئەمانە یەکسەر بۆ سەر زمانی ئاڵمانی وەردەگێڕدران. دەبوایە شتێکم بۆ نووسین دۆزیباوە و ئاوا بوو ئەمانەم بە مێشکدا هات. "بەڵگە"م چاپ کردبوو. سەرقاڵی نووسینی "سێهەم درۆ" بووم. ئەم دەقە بچووکانە بۆ نووسینی ڕۆمانەکەم زۆر دوایان خستم. مانگانە ئامادەکردنی دەقێک بۆ من بێگارییەکی گەورە بوو!

هەستتان بەوە نەدەکرد ئەمە یارمەتیتان دەدا بۆ نووسینی ئەو کتێبەی لە بەر دەستتانە؟
نەخێر، بەهیچ شێوەیەک. ئەمە هەندێک پێداویستی ماددیمی دابین دەکرد و هیچی تر! هەمیشە بەوەوە سەرقاڵ بووم کە مانگی داهاتوو وتارێکی چاک بنووسم و ئەمەش بۆ درێژەدانی ڕۆمانەکەم ڕێگرییەکی زۆری لێدەکردم.

پاش ڕۆمانی 'دوێنێ'، وازتان لە چاپی بەرهەمەکانتان هێناوە. شانۆنامەکانتان ساڵی ١٩٩٨ چاپ بوون، بەرهەمەکانتان بە زۆربەی زمانەکانی دونیا وەرگێڕدراون، بەڵام تا مانگی سێپتامبری دوایی، هیچ شتێکی نوێتان پێ نەبوو. ئەو دەقانەی کە بە دەریش کەوتوون، وەک خۆتان دەڵێن کۆنن. چ ڕوو دەدا؟
ساڵانێکی درێژ، دەتوانم بڵێم بە یەکجاری وازم لە نووسین هێناوە. بەجۆرێک هەست دەکەم گەیشتوومەتە بن‌بەست. زۆر دەقم دەست پێکردووە، بەڵام پاشان وازم لێ هێناون و بێ ئەوەی تەواویان بکەم، ئەڕشیڤم کردوون. ئێستا تەنیا دوایین دانەم لەبەر دەستە. هێشتا لێرەیە. هیوادارم تەواوی بکەم. بەڵام کاتێکی زۆری بە دیارەوە تێدەپەڕێنم بێ ئەوەی دەستی لێ بدەم و نووسینەکە ناچێتە پێش.

چەند لاپەڕە دەبێ؟
دووسەد لاپەڕەیەک. بەڵام ئەمە هیچ واتایەک ناگەیەنێ. چونکە تایپ نەکراوە. من ڕاهاتووم بە دەست بنووسم، لەنێو دەفتەردا، ئاوا شتم بۆ دێ، بێ ئەوەی دەست بۆ فەرهەنگ بەرم، بێ ئەوەی سەرەڕاستیان بکەمەوە، هەروەها هەنگاو بە هەنگاو ناچمە پێش: من چەند بەشێک دەنووسم کە دواتر دەکەونە نێوەڕاست، دەسپێک یاخود کۆتایی کتێبەکەوە. هێشتا نازانم. ئەگەر دەستم بە تایپ کردنی کرد، ئەگەر لە نێو نوسخە جیاوازەکانی پەردەکاندا یەکیانم هەڵبژارد و ڕیزبەندی بەشەکانم دیار کرد، ئینجا بە ڕاستی بیرۆکەی کتێبم دەکەوێتە مێشکەوە. بێجگە لەمە تا بڵێی دەیانسڕمەوە! لەو دووسەد لاپەڕەیە، ڕەنگە شتێکی ئەوتۆ نەمێنێتەوە.

بەڵام ئاخۆ دەزانن چیرۆکەکە چی دەبێ؟
بەڵێ، بەڵام ئەوە شێوازی نووسینە کە پابەندی نابم. بگێڕەوە کێیە؟ کێ قسە دەکا؟ هێشتا هەڵنەبژێردراوە.

کێ قسە دەکا، کێ دەنووسێ: ئەمە بەردەوام گەورەترین کێشەی کتێبەکانتانە!
بەڵێ، بەردەوام. هیچ شیکردنەوەیەکیشم نەبووە بۆ ئەو کاتانەی بیرۆکەیەک دێ یان شتەکان بەو جۆرە دێنە سەر یەک کە بە دڵمن. سەبارەت بەم کتێبە، ناتوانم خۆم لە دۆخێکی هاوشێوەی ئەو دۆخەدا بدۆزمەوە کە سیانەکانم تێدا نووسی. ناتوانم لەودەم باشتر بنووسم. ئەم کتێبە ناتوانێ لەوانی دیکە باشتر بێ. بۆیە شایانی شەونخونییەکەی نییە.

ئەو کەسایەتییانەی وەسفیان دەکەن، هەموو شتەکان دەنووسنەوە، واتە پێویستی نووسین تێکەڵ بە پێویستی ژیان دەبێ. بەڵام سەبارەت بە خۆتان وا نییە. 
نەخێر. ماوە ماوە ئەم نیگەرانییە بەسەرمدا زاڵ دەبێ. بە سەرجەم کتێبەکەدا دێمەوە، ئەو شتانەی نووسیومە، سەر لەنوێ دەیانخوێنمەوە و چەند لاپەڕەیەکی پێوە زیاد دەکەم. بەڵام هەمیشە بەر لە کۆتایی دەست ڕادەگرم. ئەم دواییانە، تەنانەت دەستم بۆ قەڵەم نەبردووە.

گەلۆ ئەمە حاڵەتی پێویستییەکی دەروونییە کە ناتوانن بیدۆزنەوە؟ کاتێک لەسەر مێزەکەتان دادەنیشن، بەخۆتان دەڵێن: "دەی بۆچی؟"
بەڵێ، وایە. ئێستا هەموو شتێک بۆ من ئاسایی بۆتەوە، تەنانەت نووسینیش. تا بڵێی ئاوێتەی من بوو، بەڵام ئێستا نا. 

ئەی باشە سەرجەم ئەو پرسیارانەی سەبارەت بە کتێبەکانتان لەسەر ڕاستی، درۆ، جەنگ، توندوتیژی و مناڵی ئاڕاستەتان کراوە، ئێستاش نیگەرانتان دەکا؟
نا، نەخێر. 

ئەمە لە نووسین جاڕزتان دەکا؟
حەز دەکەم ڕۆمانی پۆلیسی بنووسم. تاقیم کردەوە. پێشتر شانۆنامەیەکم بۆ ڕادیۆ نووسی کە پۆلیسی بوو: دەکرا ببێتە خاڵی سەرەتا بۆ ڕۆمانێک. بەڵام بە ڕادەی پێویست شارەزای کاروباری پۆلیس و دادگاکان نیم. لە خۆم ڕا نابینم ڕۆمانی پۆلیسی بنووم کە زۆر حەز بە خوێندنەوەی دەکەم. 

کەوابێ بە دۆخێک گەیشتوون کە بۆ نموونە بۆ یەکێک لە قارەمانەکانی "جیاوازییەکی نییە"، وەسفتان کردووە. بۆ ئەم پیاوە، "بەختەوەری لە شتی بچووکدا خۆی دەبینێتەوە: پیاسەکردن بە نێو کۆڵانەکاندا، ڕۆیشتن بە نێو کۆڵانەکاندا، دانیشتن، ئەو کاتانەی ماندوو دەبێ".
بەڵێ، بەو جیاوازییە کە من ڕێ ناکەم. لاقەکانم دێشن و ئەگەر زۆر ناچار نەبم، بۆ کەل‌وپەل کڕین نەبێ لە ماڵێ ناچمە دەرێ.

کەوابێ تەنیا خۆتان بەوە قایل دەکەن لەنێو ئاپارتمانەکەتاندا هاتوچۆ بکەن، زۆربەی کاتەکانیش دادەنیشن، بێ ئەوەی ئارمانجێکی دیاریکراوتان هەبێ. بە جۆرێک لە جۆرەکان هەست بە پوختەبوون دەکەن؟
هەست بە شتێکی تایبەت ناکەم. 

ژیان بە تەنیا خۆی بۆ ئێوە بەسە؟
بەڵێ، ئەوەندەم بەسە بەیانیان لە خەو هەستم. خۆم بەوە ڕازی کردووە تا بتوانم سادە بژیم. چیتر پێویستم بەوە نییە بە دووی شتی دیکەدا بگەڕێم. لە سەفەر بێزارم. بێجگە لە مناڵەکانم هیچ شتێکی ترم خۆش ناوێ. حەز ناکەم هیچ شتێکی تایبەت بکەم.

ئەگەر هیچ جیاوازییەکی نەبێ، بۆچی بەیانیان لە خەو هەڵدەستین؟ 
چونکە لەنێو جێگەدا چ دەکەی، چونکە دڵت بۆ قاوەیەک دەچێ. هەر ئەوەندە و بەس.

لەم دۆخەدا ئاخۆ خۆتان بە بیرۆکەیەکی فەلسەفی نزیک نابینن؟
پووچگەرایی. پێم وایە نزیکترین وشەیە لە بوونی من. 

زێدەباری ئەوەش بەردەوام مەیلی ژیانتان هەیە؟
هیچ مەیلێکم بۆ مەرگ نییە. پێم وایە ژیان زۆر کورتە. پاشان، ئێمە بەردەوام دەمرین. لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانین تا ئەو ساتەوەختە چاوەڕێ بین!

ئایا هەست دەکەن هەندێک کتێب یارمەتیان داون: ئەنجیل، ڕۆڵێکی گەورە لە "دەفتەری گەورە"دا دەبینێ، دوانەکان تەنیا ئەو کتێبەیان هەیە. 
ئەنجیل، کتێبە گەورەکەیە. لە هەنگاریا زۆرم خوێندۆتەوە. کە گەنج بووم، بڕوادار و پڕۆتستان بووم. بەڵام لەوەتەی هاتوومەتە سوییس، ئیدی وازم لە خوێندنەوەی ئەنجیل هێناوە. تەنانەت لە ماڵەکەمدا نوسخەیەک لەو کتێبە بەدی ناکرێ. لە "دەفتەری گەورە"دا، مناڵەکان ئەنجیل دەدۆزنەوە، سوودێکی زۆری لێ وەردەگرن، دیارە چونکە کتێبی تریان نییە. 

ئێوە دەڵێن "کتێبێک چەندە دڵتەزێنیش بێ، ناتوانێ شان لە شانی خەم و خەفەتەکانی ژیانێک بدا". ئاخۆ ژیانێکی خەفەتبارتان هەبووە؟
ژیان پڕە لە خۆف و سام، نەک هەر لەو وڵاتانەی لە هەموو شتێکیان کەمە. لە سەرانسەری دونیادا، خەڵک بە نەخۆشی لەدایک دەبن و دایک و باوک، مناڵەکانیان لە دەست دەدەن. ژیانی من خەفەتبار نەبووە. مناڵێتیم بە شادی ڕابوارد. پاشان ئەوە مناڵەکانم بوون ئەو خۆشییەیان بۆ گەڕاندمەوە. خراپترین شت لە ژیانمدا، مێردەکانم بوون. 

لە کۆمەڵە چیرۆکی "جیاوازییەکی نییە"، چەندین بەش بەدی دەکرێ کە باس لە ژیانی ژن و مێردایەتی دەکا و دیارە تابلۆیەکی بەختەوەرانە ناخاتە ڕوو! لە "بانگهێشت‌کردن"دا، پیاوێک میواندارییەک بە بۆنەی ساڵڤەگەڕی لەدایکبوونی ژنەکەی ڕێک دەخا، بەڵام ئەوەی ڕاستی بێ، ئەوە ژنەکەیە دەبێ بەهەموو شتێکەوە خەریک بێ و دواجار تەنیا هاوڕێیانی پیاوەکە بەشداری جەژنەکە دەبن.
ئاوا بوو. زۆر بەسەرهاتی بەم شێوەیە ژیاوم. من دوو جار مێردم کردووە و لە زەماوەند دەترسێم. زۆر خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم لێی قوتار بووم و بە سەلامەتی لێی ڕزگار بووم. بە هۆی مناڵەکانەوە شایانی هەیە، بەڵام مێردەکان چی! کاتێک برا بچووکەکەم لە هەنگاریاوە هاتە سەردانم و هەڵسوکەوتی مێردی دووهەممی لە سوییس بینی، پێی گوتم: "ژیان لە وڵاتێکی ئازاد هیچ قازانجێکت پێ ناگەیەنێ!"

لەنێو کتێبەکانتاندا خۆشەویستییەکی ئەوتۆ بەدی ناکرێ.
زۆر ئەو پیاوانەم خۆش دەوێ کە مێرد نین! بەڵام چیرۆکە خۆشەویستییەکان، ئەوەندە ناهێنن بیانووسیەوە، لاوەکین. ئەو کتێبانەی لەسەر خۆشەویستین، ناوم ناون کتێبی ژنان. هیچی سەرنج‌ڕاکێشیان تێدا نییە.

بەپێچەوانەوە، خەون جێگەیەکی گەورە لە نێو کتێبەکانتاندا بۆ خۆی تەرخان دەکا. 
زۆر حەز دەکەم رابکشێم چونکە دەزانم خەو دەبینم، دەکەوینە نێو دۆخێکەوە کە هەرگیز لە واقعدا تووشی نابین، ڕووبەڕووی شتی بێ وێنە دەبینەوە. لەگەڵ ئەمەدا، مۆتەکەش زۆر بەربینگم پێ دەگرێ: خۆم لەسەر تەختی قوتابخانە دەبینمەوە یان دیسان ژیانی ژن و مێردایەتی! حەزم دەکرد بچمە قوتابخانە یاری بکەم، هاوڕێیانم ببینم، بەڵام ئەو ماندووبوون و شەونخوونییەی ئەوێ سەرنج‌ڕاکێش نەبوو. زیاتر پێم باش بوو بخوێنمەوە. زۆر زوو، لە تەمەنی چوار ساڵیدا فێری خوێندنەوە بووم. چەند ساڵ دواتر دەستم بە نووسین کرد: لە تەمەنی سیانزە، چوارد ساڵیدا، کە دەفتەرکانمیان بە پێچەوانە کردباوە، چاویان بە شیعرەکانم دەکەوت. من لە قوتابخانەیەکی شەوانە بووم و لەوێ دەبوایە خۆت سەرقاڵ بکەی: بۆیە دەمنووسی بەڵام بۆ خۆم!

لە ڕۆمانی "دوێنێ"دا، جێگوڕکێیەک لەنێوان خەون و واقعدا هەیە کە بە جیاوازی نێوان سەردێڕی بڕگەکان زەق کراونەتەوە. کاتێک کەسایەتییەکە خەون دەبینێ، بڕگەکان سەردێڕیان هەیە. کاتێکیش لەنێو واقع دایە، ئەوا یەکەمین ڕستەی بڕگەیە کە جێگەی سەردێڕ دەگرێتەوە.
نەخێر، کاتێک سەردێڕێک بۆ بڕگەیەک دانراوە، ئەوا یانی دەقەکە پەیوەندی بە کەسایەتییەکەوە هەیە و لەلایەن ئەوەوە نووسراوە.

کاتێک دەنووسین، ڕەنگە بتوانین بڵێین بەجۆرێک لە خەو داین.
بەڵێ، ڕاستە، بەردەوام وایە: نووسین، سپاردنی خودە بە شتێک کە لە خەون دەچێ. خەونەکانیش بە نووسین دەگەڕێنەوە.

ئاخۆ جار جارە حەز دەکەن بگەڕێنەوە بۆ هەنگاریا، هەڵبەت لە دەرەوەی دونیای خەون؟
دوو براکەم هەروا لەوێ دەژین و منیش بەردوام سەردان دەکەم. کە خۆم لەوێ دەبینمەوە، گوێم لە دەنگی زایەڵەیەک دەبێ لە ناخمدا کە حەزی ژیان لەوێم پێ دەبەخشێ. دەمەوێ لە "کۆسزێک" سەقامگیر بم، ئەو شارەی لە سیانەکانمدا وەسف کراوە، واتە ئەو شوێنەی دوانەکان لە ماڵی دایەگەورەیان دەژین. بەڵام بیر لەوە دەکەمەوە ئەگەر بچم لەوێ بژیم، سەرلەنوێ دەبمەوە بە کەسێکی بیانی. بۆیە پێم باشترە لە سوییس بمێنمەوە.

ئەم بابەتە لە ژمارە ١٢٤ و ١٢٥ی هەفتەنامەی "نسێ"دا بڵاو بۆتەوە. 

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر