۱۳۹۴/۰۷/۱۰

پێشەکییەک بۆ دەفتەری گەورە



ئاگۆتا کریستۆف، ژنە نووسەر، شاعیر، ڕۆماننووس و شانۆنامەنووسی سوییسی بە ڕەگەز هەنگارییە و ٣٠ی ئۆکتۆبری ١٩٣٥ لە گوندی "ژیسکڤاند"ی هەنگاریا لەدایک بووە. لە تەمەنی ٢١ ساڵیدا، پاش ئەوەی شۆڕشی ١٩٥٦ی هەنگاریا لە لایەن سۆڤیەتەوە تێک شکێنرا، لەگەڵ مێردەکەی و مناڵە چوار مانگەکەی هەنگاریایان بەجێهێشت و لە بەشی فەرەنسی زمانی سوییس، لە شاری "نۆشاتێل" گیرسانەوە. ئاگۆتا، لەو شارە بچووکەی سوییس، ڕۆژانە لە کارگەیەکی سەعات سازی ئیش دەکا و شەوانە خەریکی نووسین دەبێ. دوای فێربوونی فەڕەنسی، زمانی ئاوارەیی و غوربەت، زۆربەی هەرە زۆری نووسینەکانی بەو زمانە دەنووسێ.
ئاگۆتا کریستۆف بە شانۆنامە دەستی بە نووسین کردووە و بە سیانەی ڕۆمانەکانی بەردەوام بووە، ئەو سێ ڕۆمانەی نووسەریان بە جیهان ناساند. "دەفتەری گەورە" (١٩٨٦) یەکەم ڕۆمانێتی، پاشان ڕۆمانەکانی "بەڵگە" (١٩٨٨) و "سێهەم درۆ"ی (١٩٩١) نووسیوە. کریستۆف، خەڵاتی کتێبی نێونەتەوەیی لە ساڵی ١٩٩٢دا وەرگرتووە. ڕۆمانی دەفتەری گەورە، خەڵاتی باشترین کتێبی ئەوروپای لە ساڵی ١٩٨٧ پێ دراوە و بۆ زیاتر لە چل زمانی دونیا وەرگێڕدراوە. دوێنێ (رۆمان - ١٩٩٥)، نەخوێندەوار (ژیاننامە - ٢٠٠٤)، جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە (کۆمەڵە چیرۆک - ٢٠٠٥) و تۆ لە کوێی ماتیاس؟ (شانۆنامە - ٢٠٠٦) چەند بەرهەمێکی تری ئەو نووسەرەن. ئاگۆتا کریستۆف، دواجار ساڵی ٢٠١١ لە شاری نۆشاتێل کۆچی دوایی کردووە.
رۆمانی "دەفتەری گەورە" بەرگی یەکەمی بەسەرهاتی دوانەیەکە کە بە ڕۆمانی "بەڵگە" (بەرگی دووهەم) و "سێهەم درۆ" (بەرگی سێهەم) بەردەوام دەبێ و هەر بۆیەش ناوی "تریلۆژی دوانەکان"ی لێ نراوە. 
جەنگ، دوانەیەک لە شارێکی گەورە دادەبڕێ و ڕەوانەی ماڵی نەنکیان دەکا لە شارێکی تەریک و دوورەدەستی سەر سنوور، لەوێ وەبەر ژیانێکی سەخت و دژوار دەنرێن و ناچار دەبن لە تەمەنێکی کەمدا زۆر شت تاقی بکەنەوە. زۆربەی ڕووداوەکانی "دەفتەری گەورە"، چەند هەنگاو ئەولاتری سنووری نێوان دوو وڵات ڕوو دەدەن. 
ئاگۆتا کریستۆف بە زمانێکی سادە، مینیماڵ و کاریگەر، بە تەنزێکی تاڵ، ڕەخنە لە کەشوهەوای پەروردە لە ماوەی ساڵانی جەنگدا دەگرێ. شان بە شانی دوانەکان، ڕووداوە تاڵ و ناخۆشەکانی ئەو ساڵانە لە دەفتەرێکدا دەنووسێتەوە و لە توێی کتێبێکدا دەیانخاتە بەر چاوی خوێنەر. 
"دەفتەری گەورە"، یەکەم بەرهەمی وەرگێڕدراوی ئاگۆتا کریستۆفە بە زمانی کوردی. هیوادارم بە گوێرەی شیاو توانیبێتم ئەم نووسەرە بە خوێنەرانی کورد بناسێنم. 

سەلاحەدین بایەزیدی

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر