۱۳۹۴/۰۷/۱۲

خوێندنەوە لەپێناو فێربوونی رستەیەك


فەرهاد چۆمانی
هەندێك كتێب هەن تەنیا بەدەستتەوە نایانگری، بەڵكو دەلاقەیەكن و دەچیتە نێویانەوە، دەرگایەكن و دەیانكەیتەوە و وەك ئەوەی چووبیتە نێو شارێكی تازە بینراو، ئاوا كۆڵان و پێچیدە و ئاڵۆزی و ماڵەكانیان دەگەڕێی.. رەنگبێ كە رووبەرگی دووەمی كتێبەكە دادەخەیت و دێیتەوە دەرەوە شتێكی ئەوتۆت لەو سەفەرە بیر نەمابێت، تۆ داینێ تەنیا رستەیەكت بیرماوە! بەڵام مەگەر رستەیەك بەس نییە؟

ئەم رۆژانە وێڕای ماندووبوونی كار و سەرقاڵییەكانی دیكەم، سەرباری ئەو رەوشە ئاڵۆز و پڕ شەڕ و جەنگەی تێیدا دەگوزەرێین، سیانەی رۆمانی (دەفتەری گەورە، بەڵگە، سێهەم درۆ)ی ئاگۆتا كریستۆف-م خوێندەوە كە لەلایەن سەلاحەدین بایەزیدییەوە كراونەتە كوردی. ئاگۆتا خەڵكی هەنگاریایە و لە سویسرا گەورە بووە و بە فەڕەنسی دەنووسێ، منیش دەرفەتم هەبوو بە كوردی بیخوێنمەوە.

دووانەیەك لەگەڵ دایكیان لە "شارە گەورەكە"ەوە لە ترسی شەڕ رادەكەن و بەدرێژایی شەو بەڕێگاوە دەبن تا دەگەنە شارە "بچكۆلەكە"، كە ماڵی نەنكیانی لێیە، دایكیان دەیەوێ لە ترسی ئەوەی نەكا شتێكیان بەسەربێ، لەماڵی نەنكی منداڵەكان بەجێیانبهێڵێت و خۆیشی سەرهەڵدەگرێ.. دایكی دووانەكە منداڵەكان لەشەڕ پەنا دەدات و ئاوارەی دونیایەكی بێڕەحمی سەردەمی جەنگ و دڵڕەقییان دەكات.

با سەردەمی جەنگیش نەبێ، ئێمە تاچەند رێگە دەدەین منداڵەكانمان بەر دونیا بكەون؟ بۆ ئەوەی تاڵی و سوێری، ساردی و گەرمی بچێژن و ئەو هێزە تاقیبكەنەوە كە توانا و بڕوای لەسەرپێ وەستان و پشتبەخۆبەستنیان پێ دەدا؟

دووانەكەی نێو سیانەی رۆمانی ئاگۆتا دوو مرۆڤی ئەزموونگەرن، بەر زبرترین رووی دونیا و سەردەم دەكەون، بەدرێژایی گێڕانەوە و بەسەرهاتەكانی نێو رۆمانەكە سەختترین ژیان و گوزەران تاقیدەكەنەوە، تووشیان بە تووشی دڵڕەقترین سەرباز و ئەفسەر، سۆزانیترین كچە سواڵكەر، چڕترین بۆردومان و كاولكاری، پەڕگیرترین قەشە، دەلووترین خزمەتكاری كەنیسە و جادووگەرترین نەنكەوە دەبێت، بەبێ ئەوەی هیچ كەسێك راست و چەپیان نیشان بدا، دەتوانن خۆیان رێگای خۆیان لەنێو ئەو هەموو پێچ و پەنایەدا بدۆزنەوە.

گوتەیەكی باو هەیە دەگوترێ: "قوتابخانە تەنیا نێوانی چوار دیوار نییە" رەنگبێ ئەم دووانەیەی نێو سیانەی رۆمانی ئاگۆتا بەڵگەی هەرە زیندووی بەرجەستەكراوی نێو ئەدەبی داستانی بێت، ئەوان نایانەوێ لە قوتابخانە ناونووس بكرێن، نایانەوێ بچنە كەنیسە، نایانەوێ تەمبەڵ دابنیشن، خۆیان لەسەر برسیەتی رادەهێنن، ئەزموونی نەجوڵان، ئەزموونی خارانی لەش دەكەن، بۆ ئەوەی بەرگەی سەختی و برسیەتی و ئازارەكان بگرن، بەڵام بە هەوڵی خۆیان فێرە خوێندەواری دەبن و تا دواجار لە سێیەم كتێبی سیانەی رۆمانەكەدا "سێهەم درۆ" دەبنە نووسەر و شاعیر.

سەرنجڕاكێشترین كاردانەوە كە بەڕوونی دەردەكەوێ ئەزموونگەری خودیی، دووانەكەی گەیاندووەتە چ ئاستێكی هۆشیاری و پێگەیشتنی عەقڵ و كەسایەتی، ئەو دیمەنەیە كە قەشە داوایان لێدەكات ئینجیل بخوێننەوە و نوێژ بكەن: 

قەشە لە ئێمە دەڕوانێت، ئێمە بێدەنگین. ئەو دەڵێ:
-  قەت ناتانبینم بێنە كڵێسە.
-  ئێمە نایەین.
- جارجارە نوێژ دەكەن؟
- نا ئێمە نوێژ ناكەین.
- رۆڵە بێچارەكانم. من دوعاتان بۆ دەكەم. خۆ لانیكەم دەتوانن بخوێننەوە.
- بەڵێ بەڕێز دەتوانین بخوێنینەوە.
قەشە كتێبێكمان بۆ رادەدێرێت:

- ها ئەو كتێبە بخوێننەوە. بەسەرهاتی سەرنجڕاكێشی لەسەر مەسیح و ژیانی ئەسحابەكان تێدایە.
- ئێمە ئەو بەسەرهاتانە دەزانین. ئێمە ئینجیلێكمان هەیە. ئێمە پەیمانی كۆن و ئینجیلی نوێمان خوێندووەتەوە.

قەشە برۆ ڕەشەكانی هەڵدەتەكێنێ: 
- چۆن؟ یانی ئینجیلی پیرۆزتان خوێندووەتەوە؟ 
- بەڵێ، بەڕێز. تەنانەت زۆربەشیمان لە بەرە.
- بۆ نموونە كام بەش؟
بەشی ئاوابوون، دەركەوتن، وەحیی بۆ یۆحەننا و ئەوانی تر.
قەشە بۆ ساتێك بێدەنگ دەمێنێ و پاشان دەڵێ:
- كەوابێ ئێوە فەرزەكان دەناسن، جێبەجێیان دەكەن؟ 
- نەخێر، بەڕێز، ئێمە جێبەجێیان ناكەین. هیچكەس جێبەجێیان ناكا. نووسراوە "هیچ مەكوژە"، بەڵام هەمووان خەریكی كوشتنن.
(دەفتەری گەورە- كتێبی یەكەم لە سیانەی رۆمانەكە- ل: ۸۸-۸۹)

ئەگەر بە چەمكێك گوزارشت لەو سیانەی رۆمانە بكەم، رەنگە شیاوترین پەیڤ كە بە خیاڵمدا بێت "تێپەڕاندن" بێت، تێپەڕاندنی رقی نەنك، تێپەڕاندنی ئازاری بەجێهێشتنی دایك و باوك، تێپەڕاندنی سەردەمی شەڕ، برسیەتی، نەهامەتی، تەپە و داو و فڵبازییەكان، تێپەڕاندنی دین و لە هەموویشی مەزنتر تێپەڕاندنی تەمەنێك بەنێو بزنەڕێ و رێڕەوێكی درێژ لە نەهامەتی و دڕك و داڵی شەڕی گەورەكان.

كە ئەو سیانەی رۆمانەم دەخوێندەوە و ئەمەم دەنووسی، بە سەدان و هەزاران منداڵی شنگال، كۆبانێ و شارانی دیكەم دەهاتنە بەرچاو، تۆ بڵێی كەسایەتی منداڵانی ئێمە چۆن دروستبێت، دەبێ ببنە ئەو منداڵە ئەزموونگەرە، یان كۆچكردن و هەڵات هەڵات بەهۆی شەڕەكانەوە دەیانكاتە منداڵێكی ترساوی ژێر عەبای دایكیان و ژێر نەخێر و فەرمانی باوكیان.

لە رۆمانی "دەفتەری گەورە" كە كتێبی یەكەمی سیانەی رۆمانەكەیە، شەوێك باوكی منداڵەكان دێتەوە و دەیەوێ لە ماڵی منداڵەكانەوە كە كەوتووەتە شوێنێكی چەپەك و دووری سەر سنوور، بڕوات و خۆی دەرباز بكات، ئەو باوكە لە شەڕ بووە و هیچ حەجمین و سرەوتێكی بۆ نەماوەتەوە تا "لەو وڵاتە" سەقامگیر بێت، منداڵەكان لەمیانی ئەزموونگەریی خۆیانەوە پێشخۆی دەدەن، بەنێو كێڵگە مینڕێژكراوەكانی نێوانی تەلی دڕكاوی دەینێرن،  پێیدەڵێن: "مینەكان بە شێوەی راست و چەپ دانراون و ئەگەر بەختت هەبوو دەپەڕیتەوە، ئەگەر نا....." مینێك بە باوكیاندا دەتەقێتەوە، دواتر یەكێكیان بە وەرگرتنی ئەزموونی بوونە قوربانیی باوك، دەپەڕێتەوە و رزگاری دەبێت.

كوشتنی باوك لە مێژووی ئەدەب و ئەفسانەكاندا ریشەیەكی درێژی هەیە، ئەمەش بە جۆرێك كوشتنی باوكە، بەڵام ئەوەی بەلای منەوە سەرنجڕاكێشە لەم بەشەدا، تێپەڕاندنی باوكە وەك سەرەتا، دواتر جۆرێكی دیكەی تێپەڕاندنە، بەوەی كە باوك سیمبول و نوێنەری سەردەم و عەقڵیەتێكی دیكەیە كە دەستیان لە هەڵایسانی شەڕ و كاولكارییەكاندا هەبووە، باوك نوێنەری عەقڵێكە، نوێنەری خواستێكە كە خواستی منداڵەكان و نەوەی سەردەم نییە، باوكەكان دەبێ تێبپەڕێندرێن، دەبێ بكرێنە قوربانی ئەو مینانەی كە بۆ دروستكردن و كێشانی سنوورەكان دایاندەنێنەوە.

ژێدەر: 
http://rudaw.net/sorani/opinion/culture_and_literature/15092015

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر