۱۳۹۴/۰۷/۲۲

ململانێی نووسەران لەگەڵ دەزگاکانی چاپ لە کوردستان


ئا: شۆڕش محەمەد
ڕۆژانە بەر مشتومڕو گلەیی زۆرێک لە نووسەران دەکەوین کە بەرامبەر دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە هەڵی دەڕێژن.
لەم ڕاپۆرتەدا تیشک دەخەینە سەر کێشە و گرفتەکانی نووسەرانی کورد لەگەڵ دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە.
سەلاحەدین بایەزیدی (وەرگێڕ)
پڕفرۆشبوونی کتێبێک، نیشانەی ئەوە نییە ئەو کتێبە بێ کەموکوڕییە
*كێشەكانی چاپ و بڵاوكردنەوەی كتێب لە كوردستان و بەتایبەتی لە شاری سلێمانی لە چیدا دەبیننەوە؟ 
- چاپی کتێب لە کوردستان بۆ هەندێک کەس زۆر ئاسان و بۆ هەندێک کەسیش زۆر ئەستەمە. لە ڕوانگەی منەوە، هۆکاری ئەو ناکۆکییە بەر لە هەموو شتێک دەگەڕێتەوە بۆ شێوازی بەڕێوەبردن و کارکردنی ناوەندەکانی چاپ و بڵاوکردنەوە لە کوردستان. دەتوانم بڵێم پێوانەی زۆربەی هەرە زۆری ئەو ناوەندانە بۆ بڵاوکردنەوەی کتێبێک، تاکەکەسی و سەلیقەییە و لە سەر بنەمایەکی زانستی و ستراتیژی نییە. بەڕێوەبەرانی ئەو ناوەندانە یان ئەوەتا لە کەسانی نووسەر و ئەدیب پێک دێن و هەتا کتێبی خۆیان و دەوروبەریان لەوێ بێ، ناپڕژێنە سەر کتێبی ئەوانی تر، یان ئەوەتا لە کەسانی بازرگانی ئەم بوارە پێک دێ کە ئەوانیش بە گوێرەی بازاڕ هەڵسوکەوت دەکەن نەک بە گوێرەی دەق. کەسێک کە بیەوێ کتێبێک چاپ بکا، دەکەوێتە نێوان بەرداشی ئەم دوو هەڵسوکەوتەوە. لە وڵاتانی ئەوروپا ئەستەمە بزانی وەشانخانەیەک سەر بە چ کەس یان گرووپێکە، چونکە بە گوێرەی کۆمەڵێک ستاندار کار دەکەن، بەڵام لە کوردستان بە پێچەوانەوە، تەنانەت کەسێک لە بواری نووسین و وەرگێڕانیشەوە کار نەکا، دەزانێ کەس یان کەسانی پشت ئەم دەزگایانە کێن و ئەوەش بە ڕوونی پێمان دەڵێ کە ئەو دەزگایانە قۆرخ کراون و هەر دەزگایەش کۆمەڵێک دەوروبەری تایبەت بە خۆی هەیە. 

*تا چەند دەزگاكانی چاپ و بڵاوكردنەوە خاوەن ستراتیژ و بەرنامەیەكی دروستی كاركردنن لە چاپكردنی كتێبی نووسەراندا؟ تا چەند لایەنی هاوڕێیەتی ڕۆڵی هەیە لە بڵاوكردنەوەی كتێبدا؟ 
- دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە، ستراتیژی و بەرنامەیەکی ئەوتۆیان نییە. بەرنامەی دەزگا حکومییەکان پەیوەندی بەو بودجەیەوە هەیە کە لە لایەن حکومەتەوە بۆی دیاری دەکرێ و هی ناوەندە سەربەخۆکانیش زیاتر پەیوەندی بە بازاڕەوە هەیە. یانی بازار و خوێنەری کتێبە کە بەرنامەی ئەو ناوەندانە دەست نیشان دەکا، هەتا کاتێکیش بازاڕ ئەوان بە دووی خۆیدا ڕابکێشێ، مەحاڵە بتوانی باس لە بوونی ستراتیژییەکی دیاریکراو بکەی. ئەگەر بازار و پێوانەی تیراژ، بەرنامەی کاری ناوەندێک دیاری بکا، ئەوە ناوەندە زیاتر چەندایەتی چاپ، زۆری و بۆری و ڕێکوردی بۆ گرنگ دەبێ تا چۆنایەتی و ناوەڕۆک. پڕفرۆشبوونی کتێبێک، نیشانەی ئەوە نییە ئەو کتێبە بێ کەموکوڕییە. پڕفرۆشترین کتێبەکان بگرە لە ئەوروپا لەوانەیە ڕێبەرنامەکان و کۆمەڵێک کتێبی هاوشێوە بن، لە کوردستان تەنانەت ناوەندە جدییەکانیش دەکەونە داوی ڕێژەی خوێنەر و تیڕاژەوە. 

*زۆرێك باس لە پشتگوێخستنی هەندێك نووسەر دەكەن لەلایەن دەزگاكانی چاپ و بڵاوكردنەوە بەو بیانووەی كە نووسەری ناسراو نیین، زیاتر بایەخ بە نووسەرە دیارەكان دەدەن؟ ئایا ئەم پێوەرە بۆ هەڵسەنگاندنی نووسین دروستە؟
- بە داخەوە وایە و بێگومان پێوەرێکی هەڵەیە. دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە زۆر بێ منەتن لەوەی کەسێک کتێبێک لە لای ئەوان چاپ بکا. چونکە یان کارمەندەکانیان نووسەر و وەرگێڕن و دەتوانن لە ماوەی ساڵێکدا ئەو ژمارە کتێبە چاپ بکەن کە گەرەکیانە، یا ئەوەتا کۆمەڵێک نووسەری ناسراو هەن و دەتوانن کات و ناکات بۆشایی بازاڕی پێ پڕ بکەنەوە. ناو و ناوبانگ، نەک تەنیا نووسەر و وەرگێڕەکانی لای خۆمانی کردۆتە قوربانی، بەڵکوو نووسەرە دەرەکییەکانیش بەو دەرد بردووە. ئەگەر بتەوێ کتێبێکی وەرگێڕدراو لای ناوەندێک چاپ بکەی، سەرەتا بە دوای ئەوەدا وێڵ دەبن کە بزانن نووسەرەکەی ناسراوە یان نا. پێوەری ناسراوبوونیش، بەداخەوە ناسراوبوونێتی لە نێو کۆمەڵگای فەرهەنگیی فارس و عەڕەبدا. بە هۆی ئەوەی ئێمە زیاتر لە ڕێگەی زمانی فارسی و عەڕەبیەوە، نووسەرانی و ئەدەبیاتی دونیامان ناسیوە، ئەگەر کەسێک لای خوێنەری ئەوان ناسراو نەبێ، بە لای ئێمەشەوە گرنگ نییە. لە کوردستان، زۆر ناوەندی چاپ هەیە لە ماوەی ساڵێکدا سێ چوار کتێبی نووسەر یان وەرگێڕێکی ناسراو چاپ دەکا، بەڵام کە نۆرە دەگاتە کەسێکی نەناسراو، ئەو ناوەندە، بوودجەی لێ دەبڕێ، پەڵپ و بیانوو دێنێتەوە و بێ ئەوەی کتێبەکەت بخوێنێتەوە، دەتخاتە نێو پڕۆسەیەکی بیرۆکراتی تاقەتپڕووکێنەوە.

سەرچاوە:
گۆڤاری ڕۆژی سلێمانی، ژمارە ٢٣، نیسانی ٢٠١٤.


هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر