۱۳۹۴/۰۷/۲۱

کۆڵان / رەووف بێگەرد


ئەوسا گەورە بووم، دەمێکیش بوو لە رووداوی ناو ئەو خانووە دوورکەوتبوومەوە، رووداوەکان یادگارێکی تاڵ و شیرینیان لا بەجێهێشتبووم، وەک هەموو ئەوانەی تری رابردوو کە زۆرجار بەرۆکت لەدەست ئەگرن و رات ئەتەکێنن، یان ئەبنە ئەستێرەی شەوە تاریکەکان و بەئاسمانی ئەو رابردووەوە هەڵدێن و ئەکەونە جریوە، یان لە بیابانی وشکی لەشتا ئەبنە بارانی خوڕزم و دەمار و ماسوولکە ماندووەکانت پاراو ئەکەن.
من لە ناخەوە ئەمزانی ئەم وەستان و خۆ بە رابردووا هەڵواسینە خوویەکی پووچە و گەمژەییە، بەڵام هەندێک جار و لە تەمەنێکی تایبەتیدا مرۆڤ لەگەڵ مەبەستێکدا ئەژی کە ئەیشیزانێت بەدی نایەت، یان خولیایەکی منداڵانەیە و ئەنجامێ لە خۆناگرێت، کەچی شوێنەوارەکەی ئەمەندە لە قووڵیدایە هەمیشە چاوەچاوی بەدیهاتنی پێ ئەکات. ئەوسا هەموو جارێک خۆم هەڵدەخەڵەتاند، کەچی ئێستاش کە ڕێم دەکەوێتە گەڕەکە کۆنەکەمان وەک یەکێک لە دواوە پاڵم پێوەبنێت، یان هەنگاوەکانم دوای سێبەری خۆیان کەوتبن کاتێک دەزانم لەبەردەم هەمان دەرگادا وەستاوم، پیایدا هەڵدەڕوانم و چاو بۆ ناو حەوشەکە هەڵدەخەم، ئێستا لە جاران زیاتر هۆشیار و لەوە بەئاگام کە ئەم رەفتارە گەمژەیی و بێهودەییەکی رووتە، دار و دیوار پەرستنە و هیچی دی، بەڵام چی بکەم؟ هەندێک جار مرۆڤ چەندە لە بیرکردنەوە و بۆچووندا راست بێت کەچی بەو پێیە ناجووڵێتەوە، ئەو ساتەی کە تیا ئەژی ئەگەر بیشزانێت هەڵەیە کەچی فرمانڕەوای کار و هەڵسووڕێنەری رەفتارتە، منیش هێزێک لە سەرووی توانای خۆمەوە جڵەوی رۆیشتنەکەم لێوەردەگرێ و دەمبات، تا بۆ دواجار لەبەر ئەو دەرگایەدا دەستم لێ ئەکاتەوە، کە دێمەوە سەر خۆم، یان وەک جاران هەر ملدەنێم و دەڕۆم، یان لۆژلۆژ بەرەو دواوە دەگەڕێمەوە.
  • کۆڵان
  • کۆمەڵە چیرۆک
  • رەووف بێگەرد
  • وەشانێن ئاپێک
  • سوید - ١٩٩٤


هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر