۱۳۹۵/۰۸/۲۱

ئەو جاشکە بۆرەی دەیویست سپی بێ


فیلیپ کلۆودێل
لە فەرەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

لە نێو لەوەڕگەیەک، جاشولکەیەک بە چواردەوری دایکیدا غاری دەدا، دایکی ماکەرێکی جوان و ژیر بوو:
"دایە، دایە، ئەوەندەم پێ خۆشە سپی بم!
- قسەی قۆڕ مەکە، ئاوا بە بۆری زۆر ژیکەڵەی.
- بەڵام من حەز دەکەم جاشولکەیەکی سپی بم دایکە!
- کەری سپیمان نییە، ئێمەمانان بۆرین و چ عەیبمان نییە!
- وا نییە، من نامەوێ بۆر بم، حەز دەکەم سپی بم!
- ڕقم هەڵدەستێنی ها، بۆ خۆشت نازانی دەڵێی چی! ئەوە شێت بووی؟ بڕۆ لە کۆڵم بەوە!"
جاشکەکە، زویر و جاڕز، لە دایکی کە دەمی لە لەوەڕێکی تەڕ و تازە نابوو، دوور کەوتەوە. وەرزی بەهار بوو. بەهارێکی دڵبزوێن. بەهارێک وەک هی کتێبە وێنەدارەکان، خۆ دەزانن باسی چی دەکەم، لەگەڵ کۆڵێک گوڵی ڕەنگاوڕەنگ کە عەتری بێ هاوتایان بە دەوروبەردا دەپڕژاند. خۆرەتاو، دوور دوور لە نێو ئاسماندا دەتگوت پێدەکەنێ. وەرزێڕەکان بەسەر ڕێگەکاندا هاتوچۆیان دەکرد و لە سەر تراختۆرە گەورەکان دانیشتبوون. تووشیان بە تووشی یەکتر دەبوو، ڕووخۆشانە سڵاویان لە یەکتری دەکرد و گۆنای یەکتریان ڕادەمووسی. پەلەوەرەکان هێلانەیان چێ دەکرد. ڕێوییەکان لە نێو بێشەڵاندا سەرخەویان دەشکاند. مار لێک دەهاڵان و کەروێشک سرتە سرتیان بوو. بە کورتی، ژیان هەبوو، ژیانێکی ڕاستەقینە!
بەڵام جاشکە کەرەکەی ئێمە بڕێک نەگبەت بوو. دەیویست بە هەر نرخێک بووە ببێت بە جاشکێکی چەرمگ. بە دڵزیزی لەوەڕگەی جێ هێشت و بە غاردان ملی ڕێگەی گرت. زۆری پێ نەچوو دووراودوور ئاشێکی بینی، ئاشێک کە باڵەکانی هەوا و بای تێک وەردەدا. ئاشەوان کە شەوێکی سەختی تێپەڕاندبوو، لەبەر دەرکەی ئاشەکە بە خەواڵوویی چاوەڕێ بوو. لە پەنا ئاشەوانیش، سێ تا ئاردی گەورەی ئاخنراو بەدی دەکران. جاشکەکەرەکە بیرۆکەیەکی بە مێشک گەیی. بە ئەسپایی، زۆر بە ئەسپایی ڕۆیشتە پێش، بێ ئەوەی بهێڵی دەنگی سمەکانی لە سەر عەرز، لە نێو ئاش و لای ئاشەوان ببیسترێ. پاشان، کە زۆر نزیک بۆوە، بە کەلـلەی سەری تا ئاردەکەی بەردایەوە. تا ئاردەکە ڕمبەی هات، سەرەکەی کرایەوە و ئارد بەو ناوەدا پەرژ و بڵاو بۆوە. جاشکەکە چەند جارێک خۆی تێ گەوزاند و کە هەستایە سەر پێ، بینی سپی بووە. لە خۆشیان یەک بە خۆی زەڕاندی و ئاشەوانەکەی وە خەبەر هێنا، ئاشەوان بە بینینی ئاردە ڕژاوەکە هەستا و ڕە پێی جاشکەکەی نا کە وەک شێتان پێدەکەنی. ئاشەوان گوڕاندی: "پانێر، تاڵانچی، دز، ڕیسوا، کەری ڕووڕەش!" بەڵام وەک دەزانن ئاشەوانێک ناتوانێ بگاتەوە سەر کەرێک، با ئەو کەرە بچووکیش بێ، نەخاسمە کە مرۆڤ زووتر هەناسەسوار دەبێ. جاشکەکە لە ئاسۆی ڕوانینا ون بوو.
بەڵام قەت دەرفەتی ئەوەی بۆ نەڕەخسا چێژ لە ڕەنگە نوێیەکەی تووکی لەشی ببینێ، چونکە بارانێکی توند و بەخوڕ لە پەڵەهەورێکی ڕەش کە ماوەی چەند خولەکێک بوو وەک شەپقەیەکی گەورە بەری ئاسمانی گرتبوو، دایکرد. تووکە کوڵکنەکەی لە چاوترووکانێکا وەک پێشووی لێهاتەوە، بۆوە بە بۆرێکی نەرم و نیان.       
جاشکەکە بە خۆی گوت، ئەخر ئەوەش بوو بە قسە، من بۆ ماوەیەکی زۆر سپی نەبووم! بەڵام چەندەش قۆز بووم! ئارد دەردی من چارە ناکا!
کەمێک دوورتر، لەبەردەم دەروازەی گوند، دەروازەی گوندێکی ڕاستەقینە، گوندێک بە ماڵی جوان، باغچەی ڕازاوە، دەر و دراوسێی خۆشەویست، نانەوایەکی خڕ و خەپەڵە، قەسابێکی سمێل زل، پۆستەچییەکی پاسکیل دار، کۆڵانی پاک و خاوێن و ئۆتۆمبێلی بێ دووکەڵەوە، یانی گوندێکی بە تەواو مانا کە لە نێو کتێبەکاندا نەبێ ئیتر بەدی ناکرێن، لە دەروازەی ئەم گوندە ڕاستەقینەیە بۆیەچییەکی خانووبەرە، چووبووە سەر پەیژەیەک و نمایەکی پان و پۆڕی بە ڕەنگی سپی ڕەنگڕێژ دەکرد. سەتڵە ڕەنگەکەی بە دەرنجەیەکی پەیژەکەوە هەڵواسیبوو، بەدەم چڕینی گۆرانییەکی کۆن بە فیتوو، فڵچەکەی دەخستە نێو سەتڵەکەوەوە،  پێموابێ ئاوازی گۆرانییەکەی گوڵەباغە سپییەکان بوو. ئێ، گۆرانییەکەتان نەبیستووە؟ بەداخەوە، گۆرانییەکی هەندێک دڵتەزێنە بەڵام بە ڕاستی خۆشە، دەبێ گوێی لێ بگرن، دڵنیاتان دەکەمەوە پەژیوان نابنەوە.
کە جاشکۆڵەکەمان ئەو ڕەنگەی بینی، بە خۆی گوت گومانی تێدا نییە ئەو شتەی بینیوەتەوە کە پێویستی پێیەتی. بەرەو پەیژەکە غاری دا و لووشکەیەکی توندی لێ دا. بۆیەچی فەقیر تەنیا دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕەخسا خۆی بە گوێسوانەوە بگرێتەوە، پەیژەکە کەوت، سەتڵە ڕەنگەکە بەسەر عەرزیدا پەرش و بڵاو بۆوە، جاشکەکە خۆی تێ گەوزاند و لە چاوتروکانێکدا وەک بەفر سپی هەڵگەڕا. بۆیەچی فەقیر بە حەواوە لینگەفڕکێی دەکرد و بەسەر کەرەکەماندا دەینەڕاند "پانێر، تاڵانچی، دز، ڕیسوا، کەری ڕووڕەش!" دیارە کەرەش دوور کەوتبۆوە.
جارجارە خەون وەڕاست دەگەڕێن، بەتایبەت لە نێو چیرۆکەکان و نێو ژیانی ڕۆژانەدا. جاشکەبۆرەکە ئیتر ببووە جاشکێکی چەرمگ و کتوپڕ ژیان، ژیانی ڕاستەقینە ها، لەبەر چاوی جوانتر دەینواند، خۆر زەردتر و لەگەوەڕگە سەوزتر و ئاسمان شین تر بوون. لەناکاو زۆر حەزی کرد ئەم ڕواڵەتە نوێیەی نیشانی دوو باشترین هاوڕێی واتە گوێلک و کاریلە بدا.
لە قەراغ چۆم گوێلکەی دۆزییەوە کە خەریکی ژماردنی گوڵە چاوێشەکان بوو. گوێلک، هێندە بە کارەکەی خۆیەوە سەرقاڵ بوو، هاتنی جاشکەکەی نەبینی.
جاشکەکە زەڕاندی: "گوێلکە، گوێلکە. سەیرم کە، سەیرم کە!"
گوێلکەکە بە هێمنی سەری وەرسووڕاند، هاوڕێکەی بینی، زاری تەواو لێک هەڵپچڕی، چاوەکانی زەق بوون، زمانی شۆڕ بۆوە، پاشان لە قاقای پێکەنینی دا، پێکەنینێک کە بڕانەوەی بۆ نەبوو و تا دەهات پتر و پتر دەبوو.
"هە هە هە، هۆ هۆ هۆ، کوڕە خۆ نەمناسییەوە! بە خوا ناحەزی، حەح ئاوا ناشیرنی، خۆ جەژن و شتیش نییە بڵێ خۆت گۆڕیوە! هە هە هە، هۆ هۆ هۆ!"
گوێلکەکە بە دەست لە زگی خۆی دەدا و بە پێکەنین کەوتبووە سەر پشت. جاشکە بە تووڕەیی غاری دا و دوور کەوتەوە.
لە دڵی خۆیدا گوتی ئێرەییم پێ دەبا، بەخیلێکی پیسە و پێی خۆش نییە من لەوی جوانتر بم، خۆیشی نە بۆرە و نە سپی، ڕەش و سپییە! هاوڕێیەکی ڕاستەقینە نییە. بەڵام کاریلە لێم تێدەگا و پەسنم دەدا.
نەختێک دوورتر ئەویشی دۆزییەوە کە نوقمی خەیاڵ پڵاو ببوو و چاوی بەردابووە سێوەرەکانی داوێنێک.
جاشکەکە زەڕاندی: "کاریلەکە، کاریلەکە! سەیرم کە، سەیرم کە!" 
کاریلەکە بە هێمنی سەری وەرسووڕاند، هاوڕێکەی بینی، زاری تەواو لێک هەڵپچڕی، چاوەکانی زەق بوون، زمانی شۆڕ بۆوە، پاشان لە قاقای پێکەنینی دا، پێکەنینێک کە بڕانەوەی بۆ نەبوو و تا دەهات پتر و پتر دەبوو.
"هە هە هە، هۆ هۆ هۆ، کوڕە خۆ نەمناسییەوە! بە خوا سەیری، حەح ئاوا سەیر و سەمەرەی، خۆ جەژن و شتیش نییە بڵێی خۆت گۆڕیوە! هە هە هە، هۆ هۆ هۆ!"
کاریلەکە بە دەم فڕکە فڕک و هەڵبەز دابەزەوە قاقا پێدەکەنی. بوغزێکی قورس ئەوکی جاشکەکەی گووشی و کتوپڕ دڵی گیرا. هەوڵی دا بەسەر ڕق و تووڕەبوونیدا زاڵ بێ. بە غاردان لەوێ دوور کەوتەوە.
لە دڵی خۆیدا گوتی "ئێرەییم پێ دەبا، بەخیلێکی پیسە و پێی خۆش نییە من لەو جوانتر بم، خۆیشی نە بۆرە و نە سپی، مەیلەو قاوەییە و هیچی تر! هاوڕێیەکی ڕاستەقینە نییە. با بچم دایکم بدۆزمەوە. هیچ نەبێ ئەو دەمناسێ و لێم تێ دەگا! تەنیا ئەوە دەتوانێ چاوی پێم هەڵبێ و پێم بێژێ تا چ ڕادە بەدەو بووم!"
ئەوسا جاشکەکە گەڕایەوە بۆ لای دایکی کە هێشتا لەوەڕگەکەی جێ نەهێشتبوو. ماکەرە قۆزەکە بە کاوەخۆ لە بێدەنگییەکی قووڵدا یۆنجەی کاوێژ دەکرد.
"دایکە! دایکە! هاتمەوە! هاتمەوە!"
ماکەرەکە نیگایەکی ساردی لە مناڵەکەی بڕی.
"ئێوە کێن؟ من ناتانناسمەوە؛ چۆن ئیزنتان بە خۆتان داوە بێنە لەوەڕگەکەمەوە بێ ئەوەی لە دەرگەی پەرژینەکە بدەن؟"
جاشکە بۆرە سپی بووەکە بە پێکەنینەوە گوتی: "دایکە، ئەزم!
- ئەز؟ کەس ناناسم ناوی ئەز بێ. بە هەڵەدا چوون. ئەم ڕووخسارەم پێشتر نەبینیوە. لە کۆڵم بنەوە!
- من کوڕی تۆم، جاشکەکەت، جاشکۆڵە ئازیزەکەت!
- پێم ڕادەبوێرن! سەیرێکی خۆتان بکەن! شێوەی هیچ نادەن، هیچ، سەرەڕای ئەوەش خۆتان بە کوڕی من دەناسێنن! شێت نەبوون!
فرمێسک لە چاوەکانی جاشکەکە شۆڕ بوونەوە: "دایکە، دایکە، من جاشکە خۆشەویستەکەی تۆم، جاشکۆڵەکەت…
- دەبێ شەرم داتانبگرێ! خۆتان لە جێی کوڕی من دادەنێن، جاشکە جوان و بۆر و نەرم و نیانەکەم، لە کاتێکدا کەس نازانێ لە چی و لە کێ دەچن! خێرا لە پێش چاوم ون بن دەنا پۆلیستان بۆ بانگ دەکەم!"
جاشکەکە بەوپەڕی پەشیمانی و چاوی پڕ لە ڕۆندکەوە لەوێ ڕۆیشت. خۆر ئاوا ببوو. ئاسمان ڕەش ڕەش هەڵگەڕابوو. مەلەکان چیتر نەیاندەجریواند. وەرزێڕەکان بە پرتە و بۆڵەوە تێدەپەڕین. گولیلک ژاکابوون. بەهار غەمبار و کەساس بوو و ڕۆژ وەک کاغەزێکی لۆچکراو پێچرابۆوە.
جاشکەکە کە خەمێکی قورس لەسەر دڵی بار ببوو، داخ و پەژارە دایگرت و لەبەر خۆیەوە دووپاتی دەکردەوە: "هاوڕێکانم گاڵتەم پێ دەکەن و، دایکم نامناسێتەوە. چەند گەمژەم کە ویستم سپی بم! چەند گەوجم، چەند گەوجم."
کوڵی گریان و فرمێسکە قەتیسماوەکانی نێو چاوی بەرەو چۆمێکیان پەلکێش کرد کە ئاوە ڕوونەکەی بەسەر بەردە خڕەکان لە خوڕین دابوو. دەستێکی خستە نێو ئاوەکەوە، پاشان دەستەکەی تری، ئینجا قاچێک و دواجار قاچەکەی تری. بەدەم بیرکردنەوە لە دایکی چووە ناو قووڵایی چۆمەکەوە. ماوەیەکی زۆر لە نێو ئاودا مایەوە، هەناسەی قووڵی هەڵدەکێشان، هەنیسکی دەدا، دەچووە نێو فکر و خەیاڵانەوە و تا بڵێی پەشیمان بوو، پاش قەدەرێکی درێژ، دواجار ئاوەکە بە فریای گەیشت و ڕەنگی تووکەکەی وەک پێشووی لێهاتەوە.
جاشکەکە کە بینی دیسان بۆر بۆر بۆتەوە، هیوایەکی زۆری هاتەوە بەر. بازی دایە دەرەوەی ئاوەکە، زەڕاندی و چوارناڵ بەرەو ئەو لەوەڕگەیەی دایکی لێی دەلەوەڕا، غاری دا.
بە پێکەنینەوە هاواری کرد: "دایە، دایە، دایە!"
ماکەرە جوانەکە ئاوڕی دایەوە، جاشکۆڵەکەی خۆی بینی و بزەیەکی هاتێ.
"ئەوەش کوڕی خۆم، ئەوەش کوڕە جوانەکەی خۆم، خەریک بوو نیگەرانت بم. وەی کە قۆزی! تەماشا ئەو تووکەی چۆن دەبریقێتەوە!"
جاشکەکە بەدەم خۆنووساندن بە دەست و پلی دایکییەوە، پێی گوت: "بەڕاستی وایە، چەند خۆشە کە بە جاشکێتی بۆر بی، من گوێم بە قسەکانی تۆ نەدەدا، هەڵە بووم، دان بە خەتاکەمدا دەنێم! بمبوورە دایە گیان!
- خۆشم دەوێی جاشکۆڵەکەم. بەم زووانە دەبی بە پیاو، بە دونیادا دەگەڕێی، وڵاتان دەبینی، فێری ژیان دەبی… ژیان، ژیان، ژیان ئەو شتە نییە لە نێو کتێبەکاندا نووسراوە، ژیان دەکرێ خۆش و دڵڕفێن بێ، بەڵام ژیان ئەگەر جارجارە پەمەیی نییە، ڕەنگ گۆڕین نایکاتە باشترین شت.
 خۆت وەک خۆت خۆش بوێ
ئەوانی ترت وەک خۆیان خۆش بوێ.
ئەوەی ڕاستی بێ کوڕە ژیکەڵانەکەم، ئەمە دەکرێ وانەکە بێ."

۱۳۹۵/۰۸/۱۶

خۆپیشاندانی کوردانی دانیشتووی سویسرا لە زوریخ و بێڕن

وێنە: Keystone

نزیکەی هەزار کورد ڕۆژێ شەممە (٥ی نۆڤامبر) لە شاری زوریخی سویسرا دژ بە سەرۆک کۆماری تورکیا ڕەجەب تەیپ ئەردۆغان خۆپیشاندانیان ئەنجام دا. بارانی بەخوڕ نەیتوانی پێش بە خۆپیشاندەران بگرێ کە لە Helvetiaplatz یەکیان گرت و دواتر بەرەو ناوەندی شار مەشیان. خۆپیشاندەران گرتنی نوێنەرانی کورد لە تورکیایان شەرمەزار کرد و دروشمی نەمان بۆ دیکتاتۆڕیان بەرز کردەوە.
 
ڕۆژێک پێشتر واتە هەینی بە دەیان کورد لەو شارە کۆببوونەوە و هەتا بەردەم کۆنسوڵخانەی تورکیا ڕێیان پێوابوو. 
 
هەمان ئێوارە، نزیکەی ٤٠٠ کورد لە بێڕنی پایتەخت لە کاتێکدا ئاڵای پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە)یان بەرز کردبۆوە، هەوڵیان دا خۆیان بگەیەننە بەردەم باڵوێزخانەی تورکیا بۆ ئەوەی گرتنی پەرلەمانتارانی کورد مەحکووم بکەن، بەڵام لە لایەن پۆلیسەوە پێشیان پێ گیرا. بە وتەی پۆلیس، خۆپیشاندانەکە بێ مۆڵەت بووە.

ژێدەر: 24heures