۱۳۹۴/۱۱/۲۲

دوو هاوڕێ


گی دۆ مووپاسان
وەرگێڕانی لە فەرەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی
 
قات و قڕی و نه‌هامه‌تی ده‌سته‌ویه‌خه‌ی پاریس ببوون. بگره‌ چۆله‌که‌ی سه‌ربانه‌کان و جرج و مشکی ناو زێرابه‌کانیش که‌م ببوونه‌وە. خه‌ڵک چییان ده‌ست بکه‌وتایه‌، ده‌یانخوارد.
به‌ره‌به‌یانێکی ساوی مانگی ژانوییه‌، میسیۆ مۆریسۆی سه‌عات‌ساز، خه‌مبار و بێکار، ده‌سته‌کانی خستبوه‌ نێو گیرفانی پانتۆڵه‌ قوڵە سەربازییەکه‌ی و به‌ زگێکی برسی، درێژایی شه‌قامی ده‌پێوا. کتوپڕ تووشی به‌ تووشی هاوکار و هاوڕێیەکی هات. میسیۆ سۆوڤاژ بوو، ئاشنایەکی لێوار ئاو و ڕاوه‌ ماسی.
به‌ر له‌ هه‌ڵگیرسانی جه‌نگ، هه‌موو ڕۆژانی یه‌کشه‌ممه‌، لەگەڵ کازیوەی بەیانی، مۆریسۆ قولاپێکی دارحه‌یزه‌رانی بە دەستەوە دەگرت و قوتوویەکی ته‌نه‌که‌شی بە کۆڵدا دەدا و ده‌چوو بۆ ڕاوه‌ماسی. سواری شه‌مه‌نده‌فه‌ری "ئارژەنتۆی" ده‌بوو و له‌ "کۆلۆمب" داده‌به‌زی، پاشان به‌ پێ، خۆی ده‌گه‌یانده‌ "دوورگەی مارانت". هه‌ر که‌ ده‌گەیشتە ئەم شوێنەی خه‌ونه‌کانی، دەستی دەکرد بە ڕاوەماسی و تا تاریکانی شه‌و، له‌وێ ده‌مایه‌وە.
هه‌موو یه‌کشه‌ممه‌یه‌کیش، چاوی به‌ پیاوێکی کورته‌باڵا و خه‌په‌ و دەم بە بزە ده‌که‌وت به‌ ناوی میسیۆ سۆوڤاژ، که‌ له‌ شه‌قامی "نۆتردام دۆ لۆرێت"، جلی پیاوانی ده‌فرۆشت و ماسیگریکی شێلگیر بوو. ئه‌وان به‌ گشتی نیوه‌ی ڕۆژیان شان به‌ شانی یه‌کتری تێده‌په‌ڕاند، قولاپ به‌ ده‌ست و، لاق شل و وێڵ لەسەر ئاو؛ به‌مجۆره‌ ‌ببوونه‌ هاوڕێی گیانی به‌ گیانی یه‌کتری.
هه‌ندێ ڕۆژ، متەقیان لێوە نەدەهات. جار جارە پێکەوە دەدوان؛ بەڵام یەکتریان باش دەخوێندەوە، بێ ئه‌وه‌ی شتێک بڵێن، ئەخر هه‌ستی یەکسان و چێژی هاوبەشیان هەبوو.
به‌یانی ڕۆژانی به‌هار، ده‌وروبه‌ری سه‌عات ده‌، ئه‌و ساتانه‌ی یه‌که‌مین تیشکۆڵه‌کانی خۆر، مژێکی سووکی - کە لەگەڵ ڕەوتی ئاوەکە دەچووە پێش - لەسەر ئەم چۆمە ئارامە بەرز دەکردەوە و پشتی دوو ماسیگره‌ هۆگره‌که‌ی گه‌رم دادێنا، مۆریسۆ جار جارە به‌ هاوسێکه‌ی ده‌گوت: "هۆی! چ که‌ش و هه‌وایەکی دڵنشینه‌!" میسیۆ سۆوڤاژیش وڵامی دەدایەوە: "لەمە باشترم پێ شک نایە." ئه‌م چه‌ند ڕسته‌یه‌ش به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی لێک تێ بگه‌ن و ستایشی یه‌کتری بکه‌ن.
پاییزان، بەرە بەری کۆتایی ڕۆژ، کە خۆری دەمەوئاوابوون، ئاسمانی خەڵتانی خوێن دەکرد، دیمەنی هەورە سوورە مەیلەو زەردەکانی دەخستە نێو ئاوەکەوە، گشت ڕوبارەکەی ئاڵ ئاڵ دەکرد، ئاسۆی دەبریسکاندەوە، مەودای نێوان دوو هاوڕێکەی وەک ئاگر سوور هەڵدەگەڕاند و ‌ئەو دارانەی زێڕوەشان دەکرد کە لە ئێستاوە ڕەنگیان گۆرابوو و یه‌که‌مین کزه‌باکانی زستان ڕووتاندبوونییەوە، میسیۆ سۆوڤاژ، به‌ ده‌م بزه‌وه‌، ڕووی له‌ مۆریسۆ ده‌کرد و ده‌یگوت: "چ دیمه‌نێکی سەرنج ڕاکێشە!" مۆریسۆیش بێ ئه‌وه‌ی چاوی له‌سه‌ر قولاپه‌که‌ی هه‌ڵبڕێ، بە تاساوی وڵامی دەدایەوە: "ئێره‌ له‌سەر جادە زۆر باشترە، وا نییه‌ دەنا؟"
هەر کە یەکتریان ناسییەوە، بە هەموو هێزەوە، دەستی یەکتریان گووشی، کەتبوونە ژێر کاریگەریی یەکتربینین لە هەلومەرجێکی وا جیاوازدا. میسیۆ سۆوڤاژ، هەناسەیەکی هەڵکێشا و لەبەر خۆیەوە گوتی: "تۆ سەیری ئەو ڕووداوانە!" مۆریسۆش، کز و غەمبار کڕووزایەوە: "ئەی ئەو کەش و هەوایە! ئەمە یەکەمین ڕۆژی خۆشی ساڵە."
ئەوەی ڕاستی بێ، ئاسمان شین شین و تا بڵێی ساو بوو.
پێ بە پێی یەک، خەفەتبار و دۆشداماو، ملی ڕێگەیان گرت، مۆریسۆ گوتی: "ئەی ڕاوەماسی؟ وا نییە؟ چ خۆشن ئەو بیرەوەرییانە!"
میسیۆ سۆوڤاژ پرسی: "کەی دیسان لەوێ یەک دەگرینەوە؟"
خۆیان بە قاوەخانەیەکی بچووک داکرد، ئارەقێکی "ئابسەنت"یان خواردەوە و لەسەر شۆستەکان درێژەیان بە پیاسەکردن دا.
مۆریسۆ کتوپڕ ڕاوەستا: "دەڵێی چی پەرداخێکی تریش بخۆینەوە؟"
میسیۆ سۆوڤاژ قسەکەی ڕەت نەکردەوە: "هەر چۆنێ پێتان خۆش بێ."
ئینجا سەریان بە دووکانێکی تری شەراب فرۆشیدا کرد.
کە هاتنە دەرەوە، سەریان لە گێژەوە دەهات، لەتریان دەدا، وەک ئەو گەنجانەی تا بینەقاقا کهۆڵ دەخۆنەوە. هەوایەکی فێنکی هەبوو. شنەبایەکی لاوێنەر، ڕووخساریانی قدیلکە دەدا.
میسیۆ سۆوڤاژ کە هەوا فێنکەکە زیاتر سەری گەرم دادێنا، لە جێی خۆی ڕاوەستا: "پێت چۆنە بچین؟
- بۆ کوێ؟
- کوڕە بۆ ڕاوەماسی.
- ئەخر بچینە کوێ؟
- دوورگەکەی خۆمان. مەتەرێزەکانی پێشەوەی فەڕەنسا لە تەنیشت کۆلۆمبن. من کۆلۆنێل دووموولەن دەناسم؛ زۆر بە سانایی دەهێڵن دەرباز بین."
مۆریسۆ لە خۆشییان هەڵلەرزی: "قسەی تێدا نییە. لەگەڵتام."
پاشان لێک هەڵبڕان تاکوو کەلوپەلەکانیان هەڵگرن.
سەعاتێک دواتر، شان بە شانی یەکتری بەسەر شاڕێگەدا ڕۆیشتن. ئەوسا گەیشتنە بەردەم ئەو ڤێلایەی کۆلۆنێل دەستی بەسەردا گرتبوو. ئەو پێکەنینی بە داواکەیان هات و ڕەزامەندی خۆی دەربڕی. ئەوان بە خۆیان و وشەیەکی نهێنییەوە، دیسان کەوتنەوە ڕێ.
زۆری نەخایاند مەتەرێزەکانی پێشەوەیان تێپەڕاند، بە کۆلۆمبدا ڕۆیشتن کە پەپوو لێی دەخوێند و خۆیان لە داوێنی ڕەزێکی بچووکدا دۆزییەوە کە بەرەو "سێن" شۆڕ دەبۆوە. دەوروبەری سەعات یانزە بوو.
لە بەرامبەریان، ئاوایی ئارژەنتۆی دەتگوت مردووە. بەرزاییەکانی "ئۆرژۆمۆن" و "سانوا" بەسەر گشت وڵاتدا زاڵ بوون. ئەو دەشتە هەراوەی تا "نانتێر" پان دەبۆوە، چۆل بوو، چۆل و هۆل لەگەڵ دارگێلاسە ڕووتەڵە و خاکە خۆڵەمێشی ڕەنگەکەی.
میسیۆ سۆوڤاژ، بە قامک ئاماژەی بە ترۆپکی چیاکان کرد و لەبەر خۆیەوە گوتی: "پرووسەکان لەوێن." لە بەردەم ئەم دیمەنە کڕ و کپەدا، ترس و دڵەڕاوکێ سەراپای گیانی ئەو دوو هاوڕێیەی داگرتبوو.
"پرووسەکان!"، ئەوان هەرگیز نەیانبینیبوون، بەڵام لە چەندین مانگ لەوە پێشەوە، لەوێ، لە دەوروبەری پاریس، هەستیان پێدەکردن کە لە پشت پەردە و بە هەموو هێزەوە، خەریکی کاولکردنی فەڕەنسا، تاڵان، قەتڵوعام و برسی هێشتنەوەی خەڵک بوون. ئێستا جۆرێک ترسی درۆیینیش بەو ڕقەوە زیاد ببوو کە ئەوان سەبارەت بەم نەتەوە نامۆ و سەرکەوتووە هەیانبوو.
مۆریسۆ بە لاڵەپەتی گوتی: "هۆی! ئەی ئەگەر هات و تووشیان بووین؟"
میسیۆ سۆوڤاژ، بە گاڵتە و جەفەنگێکی پاریسییانە کە قەت پاشەکشە ناکا، وەڵامی دایەوە:
"فەرموویان دەکەین بۆ ماسییەکی برژاو."
بەڵام لە نزیکبوونەوەی گوند دڕدۆنگ بوون، لەو بێدەنگییەی ناوچەکەی داگرتبوو، ترسیان ڕێ نیشتبوو.
دواجار، میسیۆ سۆوڤاژ خۆی یەکلایی کردەوە: "دەی، با بڕۆین! بەڵام با ئاگادار بین."
دوو بە دوو بۆ نێو ڕەزێک شۆڕ بوونەوە، بە خشکە خشک و لەسەر چۆک، بە خۆحەشاردان لە نێو مێوەکان، بە چاوی کراوە و گوێی شل ڕۆیشتنە پێش.
پارچە خاکێکی ڕووتیان لەبەردەم مابۆوە تاکوو خۆیان بگەیەننە لێواری چۆمەکە. دەستیان بە هەڵاتن کرد و هەر کە گەیشتنە کەناری ئاوەکە، خۆیان خزاندە نێو قامیشە وشکەکانەوە.
مۆریسۆ، گوێچکەی بە عەرزەکەوە نا بۆ ئەوەی بزانێ دەنگێ پێ لە دەوروبەر دەبیستێ یان نا. هیچی نەبیست. بە تەنیا خۆیان بوون، تەنیا خۆیان.
دڵنیا بوون و دەستیان بە ڕاوەماسی کرد.
لە بەرامبەریان دوورگەی مارانتی چۆلکراو، ئەوانی لە لێوارەکەی تر دەشاردەوە. ئەو ماڵە بچووکەی کرابووە چێشتخانە، داخرابوو و وێدەچوو چەندین ساڵ بێ وازی لێ هێنرابێ.
یەکەم ماسی، میسیۆ سۆوڤاژ گرتی، دووهەم ماسی مۆریسۆ، چرکە بە چرکە قولاپەکەیان بە ئاژەڵێکی بچووکی بریقەدارەوە بەرز دەکردەوە کە بە سەری داوەکەوە پەلەقاژەی دەکرد؛ ڕاوەماسییەکی ڕاستەقینە و موعجیزەئاسا.
ماسییەکانیان بە هێمنی دەخستە نێو کیسەیەکی تۆڕی کوون ورد کە لە بن پێیان دانرابوو. شادییەکی چێژبەخش بەسەریاندا زاڵ ببوو، شادییەکی ئەوتۆ کە سەراپای گیانت دەگرێتە بەر، وەک ئەوەی بەسەر چێژێکی خۆشدا بکەویتەوە کە ماوەیەکی زۆر لێی بێبەش بووی.
خۆر، تینەکەی بەسەر شان و پێلیاندا دەڕژاندە خوارەوە؛ ئیتر گوێیان لە هیچ نەبوو؛ بیریان لە هیچ شتێک نەدەکردەوە؛ دونیایان بە یەکجاری فەرامۆش کردبوو و خەریکی ڕاوەماسی بوون.
وەلێ کتوپڕ دەنگێکی کپ کە وێدەچوو لە بن خاکەوە بێ، عەردی ژێر پێیانی لەرزاند. گرمەی تۆپەکان دەستی پێ کردبۆوە.
مۆریسۆ سەری وەرسووڕاند و لەولا، لە سەرووی لێوارەکە، بە لای چەپەوە تاپۆی سامناکی چیای "والێریەن"ی بینی کە پەڵەی سپی و مژێک لە باڕووت لە نێو قەدەکەی پەرش دەبۆوە.
پاشان لە چرکەیەکدا، چڕە دووکەڵێک لە ژوور قەڵاوە ڕۆیشتە دەر و چەند سات دواتر، تەقینەوەیەکی نوێ بیسترا.
ئینجا، هی تر بە دوایدا هاتن و سات بە سات، چیاکە هەناسەی مەرگی هەڵدەکێشا و، پەڵە مەیلە و خۆڵەمێشییەکانی دەدایە دەرەوە کە بە شێنەیی بەرەو ئاسمانی مەنگ بەرز دەبوونەوە و هەورێکیان لە ژوور سەری دروست دەکرد.
میسیۆ سۆوڤاژ شانەکانی هەڵتەکاند و گوتی: "فەرموو، دەستیان پێکردەوە."
مۆریسۆ کە بە نیگایەکی شەمزاو دەیڕوانییە بەرزی و نزمی قولاپەکەی، لەناکاو وەک پیاوێکی هێمن ‌کە دژ بەم شێتانە هەڵبچێ کە ئاوا دەستەویەخەی یەکتری بوون، گلەیی کرد: "دەبێ زۆر دەبەنگ بن کە ئاوا یەکتری دەکوژن."
میسیۆ سۆوڤاژ گوتی: "لە ئاژەڵ خراپترن."
مۆریسۆش کە دڵی گیرابوو، گوتی: "دە بڵێ هەتا ئەو حکومەتانە هەبن، دەبێ ئەوە حاڵمان بێ."
میسیۆ سۆوڤاژ هەڵیدایە: "کۆمارەکەمان شەڕی ڕانەدەگەیاند…"
مۆریسۆ قسەکەی پێ بڕی: "لەگەڵ پاشاکان لە دەرەوە شەڕمانە و لەگەڵ کۆماریش لە نێوخۆدا."
ئەوان بە ئارامی باسەکەیان دەست پێکرد، بە لۆژیکێکی تەندروستی پیاوە نەرم و نیانەکان، پەنجەیان خستە سەر گرفتە گەورە سیاسییەکان و لەسەر ئەو خاڵە کۆک بوون کە مرۆڤ هیچکات ئازاد نابێ. چیای ڤالێریەن، بێ پسانەوە گرمەی لێوە دەهات، ماڵە فەڕەنسییەکان بە زەبری تۆپ خاپوور دەبوون، ژیانەکان دەفەوتان، بوونەکان لە نێو دەچوون، خەونەکان، خۆشییە چاوەڕوانکراوەکان، بەختەوەرییە بە ئاوات خوازراوەکان کۆتاییان پێ دەهێنرا و کۆمەڵێک ڕەنج و نەهامەتی بێ بڕانەوە لە نێو دڵی ژنان، لە نێو دڵی کچان، لە نێو دڵی دایکانی ئێرە و شوێنەکانی تر دەچێندران.
"ژیان ئاوایە"، میسیۆ سۆوڤاژ وای گوت.
"باشترە بڵێی مردن ئاوایە"، مۆریسۆ بە پێکەنینەوە گوتی.
بەڵام هەستیان کرد کەسانێک لە پشت سەریان دەڕۆن و شڵەژاوانە ڕاچەنین؛ کە ئاوڕیان دایەوە، لە تەنیشتیان چوار پیاو، چوار پیاوی کەڵەگەت و ڕیشنیان بینی کە وەک خزمەتکارەکان جلیان پۆشیبوو، کڵاوێکی پانیان لەسەر کردبوو و لوولەی تفەنگەکانیان لەوان گرتبوو.
دوو قولاپەکە لە دەستیان بەربوونەوە و کەوتنە نێو چۆمەکەوە.
لە ماوەی چەند چرکەیەکدا، گیران، قۆڵبەست کران، بران، خرانە نێو بەلەمێک و ڕەوانەی دوورگەی مارانت کران.
لە پشت ئەو ماڵەی هەستیان دەکرد چۆل کراوە، چاویان بە نزیکەی بیست سەربازێکی ئاڵمانی کەوت.
پیاوێکی دێوئاسای ڕیشن کە وەک سواری ئەسپ بووبێ، لەسەر کورسییەک دانیشتبوو و مۆدنەیەکی گوڵداری دەکێشا، بە فەڕەنسییەکی پەتی لێی پرسین: "ئادەی پێم بڵێن کاکینە، ماسیتان زۆر گرتووە یان نا؟"
ئینجا سەربازێک توورەکە پڕ لە ماسییەکەی لە بن پێی ئەفسەرەکە بە عەرزیدا دا کە تا ئەوێ بە پارێزەوە هەڵیگرتبوو. ئەفسەرە پرووسیەکە پێکەنی: "باشە باش! دەبینم خراپ نییە. بەڵام با بچینە سەر باسێکی تر. گوێم لێ بگرن و مەشڵەژێن.
"لە ڕوانگەی منەوە، ئێوە دوو سیخوڕن و نێردراون بۆ ئەوەی چاودێریم بکەن. دەتانگرم و گولـلەبارانتان دەکەم. ئێوە وا دەنوێنن کە خەریکی ڕاوەماسین تاکوو بەرنامەکانتان باشتر بەڕێوە بەرن. ئێستاش کەوتوونەتە ژێر چنگمەوە؛ بەداخەوە بۆ ئێوە، ئیتر ئەمە جەنگە.
"بەڵام بە حوکمی ئەوەی ئێوە مەتەرێزەکانی پێشەوەتان تێپەڕاندووە، بە دڵنیاییەوە وشەیەکی نهێنیتان بۆ گەڕانەوە پێیە. ئەم وشە نهێنییەم پێ بدەن و دەتانبوورم.
دوو هاوڕێکە کە لە ترسان ڕەنگیان ڕەش هەڵگەڕابوو و دەستیان کەمێک دەلەرزی، لە تەنیشت یەک بێدەنگ ڕاوەستابوون.
ئەفسەرەکە بەردەوام بوو: "کەس هەرگیز بەمە نازانێ، ئێوە بێ سەرئێشە دەگەڕێنەوە. ئەگەر بێت و ڕەتی بکەنەوە، ئەوا دەسبەجێ دەمرن. مافی هەڵبژاردن بە ئێوەیە."
ئەوان بێ ئەوەی زار لێک بکەنەوە، هەروا بێدەنگ و مات ڕاوەستابوون.
ئەفسەرە پرووسییەکە، هەمدیس خوێنسارد، قامکی بەرەو ڕووبارەکە ڕاداشت و تێ هەڵبۆوە: "بێننە بەرچاو کە لە ماوەی پێنج خوولەکدا لە نێو قووڵایی ئاوەکە دان. پێنج خوولەک! بێگومان دەبێ کەسوکارتان هەبێ!"
چیای ڤالێریەن هەروا گرمەی دەهات.
دوو ماسیگرەکە ڕاوەستابوون و نقەیان لێوە نەدەهات. ئاڵمانییەکە بە زمانی خۆی کۆمەڵێک فەرمانی دەرکرد. پاشان شوێنی کورسییەکەی گۆڕی بۆ ئەوەی لە دوو بەندکراوەکە زۆر نزیک نەبێ؛ دوانزە پیاویش هاتن بیست هەنگاو ئەولاتر و چەک بە دەست جێگیر بوون.
ئەفسەرەکە گوتی: "خولەکێکتان مۆڵەت پێ دەدەم، بێ چرکەیەک کەم و زیاد."
پاشان لەناکاو هەستایە سەر پێ، لە دوو فەڕەنسییەکە نزیک بۆوە، پڕی دایە قۆڵی مۆریسۆ، دووری کردەوە و بە دەنگێکی نزم پێی گوت: "خێراکە، وشەی نهێنی. هاوڕێکەت هەرگیز پێ نازانێ، وا دەنوێنم بەزەییم نواندووە."
مۆریسۆ وەڵامی نەدایەوە.
ئەوسا ئەفسەرەکە میسیۆ سۆوڤاژی بردە سووچێک و هەمان پرسیاری لێکرد.
میسیۆ سۆوڤاژ وڵامی نەدایەوە.
دیسان خۆیان لە پەنا یەکتری بینیەوە.
ئەفسەرەکە فەرمانێکی دا و سەربازەکان چەکەکانیان بەرز کردنەوە.
لەو ساتەوەختەدا، نیگای مۆریسۆ بە هەڵکەوت کەوتە سەر کیسە پڕ لە ماسییەکە کە چەند هەنگاو ئەولاتر لەسەر گژوگیا دانرابوو.
پووڵەکەی ماسییەکان کە هێشتا دەجوڵانەوە لە ژێر تیرێژی خۆردا دەبریسکانەوە. ئینجا هێزی ئەژنۆی شکا. هەرچەند هەوڵی دا پێش بە خۆی بگرێ، بەڵام نەیتوانی و چاوەکانی پڕ بوون لە فرمێسک.
بە لاڵەپەتی گوتی: "ماڵئاوا، میسیۆ سۆوڤاژ."
میسیۆ سۆوڤاژ وڵامی دایەوە: "ماڵئاوا، میسیۆ مۆریسۆ."
دەستی یەکتریان گووشی. لە نووکی پێ تا تەوقی سەریان وەک مێوژۆکە دەلەرزی.
ئەفسەرەکە گوڕاندی: "تەقە بکەن!"
دوانزە گولـلە وەک ئەوەی یەک گولـلە بن، بە یەکەوە تەقێنران.
میسیۆ سۆوڤاژ لە چاوتروکانێکدا بە لووت کەوتە سەر عەرز. مۆریسۆ کە کەڵەگەتتر بوو، لە کاتێکدا ڕووی لە ئاسمان بوو و خوێن لە کونێکی چاکەتەکەی سەر سینگییەوە فیچقەی دەکرد، لاترەی بەست، بە لادا هات و بە پێچەوانەوە، بەسەر هاوڕێکەیدا کەوت.
ئاڵمانییەکە هەمدیس فەرمانی دەرکرد.
پیاوەکانی ون بوون، پاشان بە چەند تەناف و کۆمەڵێک بەرد گەڕانەوە، لە قاچەکانی دوو مردووەکەیان قایم کردن و بردیاننە قەراخ ڕووبارەکە.
چیای ڤالێریەن هەروا گرمەی دەهات و چڕەدووکەڵ بەسەر دوندەکەیەوە وەک هەوری لێهاتبوو.
دوو سەرباز، مۆریسۆیان بە سەر و قاچ هەڵگرت؛ دوو دانەی تریش، میسیۆ سۆوڤاژیان بە هەمان شێوە بەرز کردەوە. جەستەکان لە چاوتروکانێکدا، ڕاژێنران و بە هەموو هێزەوە بۆ مەودایەکی دوور فڕێ دران، جەستەکان لە حەودا کەوانەیەکیان دروست کرد، پاشان کەوتنە نێو ڕووبارەکەوە، سەرەتا لەسەر ئاوەکە مانەوە و ئینجا بەردەکان لەگەڵ خۆیاندا لاقەکانیان نوقمی نێو ئاوەکە کرد.
ئاوەکە شڵپەی هات، زاری لێک کردەوە، بۆ دەوروبەر بڵاو بۆوە، دواجار، پاش ئەوەی شەپۆلە وردەکانی سەریان لە کەنارەکان دا، ئارام بۆوە.
کەمێک خوێن سەر ئاو کەوت.
ئەفسەرەکە کە خۆی بێدەنگ کردبوو، بە ئەسپایی گوتی: "ئێستا نۆرەی ماسییەکانە."
پاشان بەرەو ماڵێ بەڕێ کەوتەوە.
کتوپڕ لە نێو گژوگیادا، چاوی بە کیسە پڕ لە ماسیییەکە کەوت. هەڵیگرتەوە، چاوێکی پێدا خشاند، پێکەنی، گوڕاندی: ''ویلهێلم!"
سەربازێک بە پێشبەندێکی سپی خۆی گەیاندێ. ئەفسەرە پرووسیەکە، نیچیری دوو پیاوە گولـلەباران کراوەکەی بۆ فڕێ دا و ئەمری کرد: "خێرا ئەو ئاژەڵە چکۆلانەم بۆ ببرژێنە، هەتا زیندوون. دەبێ بە چێژ بن."
پاشان دەستی کردەوە بە مۆدنەکێشان.

ئەم چیرۆکە لە ژمارە یەکی گۆڤاری ئیلیان-دا چاپ و بڵاو بۆتەوە.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر