به‌ر له په‌ره‌سه‌ندنی توندوتیژییه‌کان، حه‌سه‌ن جه‌ماڵ دوایین ڕۆژنامه‌نووس بوو ڕۆیشته قه‌ندیل و که‌سێکه شاره‌زاییه‌کی زۆری له سه‌ر پرسی کورد و په‌که‌که هه‌یه. حه‌سه‌ن جه‌ماڵ له‌م ڕوه‌وه لێکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌نجامداوه و کتێبی نوسیوه. دوایین کتێبی سه‌باره‌ت به کورده‌کان "روانینێکی نوێ بۆ کێشه‌ی کورد: ئاگاتان له ئاشتی بێ"، ئه‌م ڕۆژانه که‌وته بازاڕه‌وه.
سازدانی: نه‌شه دوزه‌ل
له تورکییه‌وه: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی
نه‌شه دوزه‌ل: ئێوه نووسه‌رێکن له نزیکه‌وه پرسی کوردتان شۆپاندوه و تێیدا قووڵ بوونه‌ته‌وه. تازه به‌تازه‌ش کتێبێکی ترتان له سه‌ر پرسی کورد چاپ و بڵاو کردۆته‌وه. له کتێبه‌که‌تاندا دوایین سه‌ردانی قه‌ندیل و چاوپێکه‌وتن لەگەڵ موراد قه‌ره‌یڵانیش چاپ کراوه. با له قه‌ره‌یڵانه‌وه ده‌ست پێ بکه‌ین. چۆن که‌سێکه به‌ڕای ئێوه؟
حه‌سه‌ن جه‌ماڵ: یه‌که‌مجار مانگی مه‌ی ١٩٩٩ و دووهه‌م جار ژوئه‌نی ٢٠١١ چاوم به قه‌ره‌یڵان که‌وت. سه‌رجه‌م پێنج شه‌ش سه‌عات گفتوگۆم له‌گه‌ڵ ئه‌نجام داوه. به تورکییه‌کی زۆر ڕه‌وان قسه ده‌کا. که‌سێکه به سه‌ر ڕۆژه‌ڤدا زاڵه. سه‌رکردایه‌تی لێ ده‌وه‌شێته‌وه. بۆیه پاش ته‌واوبوونی قۆناغی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی، نه‌یانهێشت واز له سه‌رکردایه‌تی بێنێ. دیاره ئه‌م بڕیاره‌ش له لایه‌ن ئۆجه‌لانه‌وه دراوه.
ئه‌گه‌ر ئۆجه‌لان ناڕازی بێ، قه‌ره‌یڵان ناتوانێ سه‌رۆکی که‌جه‌که بێ؟
نه‌خێر. به‌ڵام پێویسته ئه‌وه‌ش بزانین ئۆجه‌لان ناڕه‌زایه‌تی ده‌رنابڕێ، چونکه کاریگه‌ریی که‌م ده‌بێته‌وه. ئۆجه‌لان گرنگی به‌م هاوسه‌نگیانه ده‌دا. ئه‌گه‌ر ئۆجه‌لان لەگەڵ موراد قه‌ره‌یڵان به‌راورد بکه‌م... که لەگەڵ ئه‌ویشدا ساڵی ١٩٩٣ له ده‌ربه‌ندی به‌قاع دوو شه‌و ماومه‌ته‌وه و نزیکه‌ی هه‌شت نۆ سه‌عات ئاخفین. ئۆجه‌لان که‌سێکه زۆر به خۆی ڕاده‌گا. سه‌ره‌تا به منی گوت "ئه‌گه‌ر گه‌ڕایه‌وه بۆ ئه‌سته‌نبوڵ، به یاشار که‌ماڵ بڵێ بێت و به‌سه‌رهاتی من بکاته ڕۆمان." گوتی "مه‌ترۆپۆلی حه‌له‌ب هی منه"، له به‌رامبه‌ردا موراد قه‌ره‌یڵان که‌سێکی ده‌م به بزه و خاکەڕایە.
ئایا کاتێک قسه‌ی ده‌کرد، خۆتان به‌رامبه‌ر که‌سێک بینی که زۆر به ئاسانی فه‌رمانی کوشتن ده‌دا و له‌وه بچێ به ئاسانی بتوانێ مرۆڤ بکوژێ؟
نه‌خێر. به‌ڵام با له بیرمان نه‌چێ، که‌سێکی چه‌ک به ده‌سته و شه‌ڕی کردووه. په‌که‌که ڕێکخراوێکی چه‌کداری ژێرزه‌مینیه. چه‌کیان هه‌یه و له‌شاخن. ئه‌فسه‌ر و سه‌ربازانی سوپای تورکیا ده‌کوژن. هه‌روه‌ها ئه‌و کوردانه‌ی هاوکاری ده‌وڵه‌ت ده‌که‌ن..
ئێوه زۆر به هیواوه له قه‌ندیل گه‌ڕانه‌وه. قه‌ره‌یڵانیش گوتی ئه‌م کێشانه به چه‌ک چاره‌سه‌ر نابن. پاشان چی ڕووی دا که په‌که‌که سه‌ر له‌نوێ له مانگی ژولای به‌دواوه په‌ره‌ی به توندوتیژی دا؟
ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ هه‌ڵگیرساندنه‌وه‌ی شه‌ڕ زۆر پێچه‌وانه‌ی قسه‌کانی قه‌ره‌یڵان نییه. ڕۆژی ٢٥ی ژوئه‌ن قه‌ره‌یڵان به منی گوت "ئیتر کۆمەڵگەی تورکیاش وه‌ک جاران به کینه‌وه سه‌یری چاره‌سه‌ری پرسی کورد ناکا. ئه‌گه‌ر هه‌نگاوی پراکتیکی به‌رز بکرێنه‌وه ڕێگه بۆ ئاشتی خۆش ده‌بێ". ئێستا ڕوو له ده‌وڵه‌ت و سه‌رۆک وه‌زیر ئه‌ردۆغان ده‌ڵێ "تۆ هیچکام له‌مانه‌ت ئه‌نجام نه‌دا. بچووکترین ئاماژه‌ت سه‌باره‌ت به گۆڕینی ده‌ستوری بنه‌ڕه‌تی نه‌دا. ده‌کرا هه‌ندێک هه‌نگاوی پراکتیکی به‌رز بکه‌یه‌وه و پێنج نوێنه‌ره‌که له ناویاندا خه‌تیب دیجله و دیکه‌ی گیراوانی که‌جه‌که‌ت ئازاد کردبا. به‌ڵام تۆ هیچ جموجوڵێکت نه‌بوو. به پێچه‌وانه‌وه، درێژه به گرتنی که‌سانی سه‌ر به ئێمه ده‌ده‌ی. به‌ڵێن ناده‌ی یاسا بگۆڕی. له وه‌ها ڕه‌وشێکدا منیش پێش به کادیرانم ناگرم." به‌مجۆره پێ له دوگمه ده‌نێ و ده‌ڵێ "منیش ئازارت پێده‌گه‌یه‌نم. منیش ئه‌و هێزه‌م هه‌یه. له به‌ر ئه‌مه‌ش، هه‌ر چۆنێک بێ هه‌نگاوی پراکتیکی به‌رز بکه‌وه با ئێمه‌ش ئاگربه‌ست ڕابگه‌یه‌نین. ئینجا ده‌توانین وتوێژ و دانوستان ئه‌نجام بده‌ین."
به‌ڕای ئیوه ئه‌مه بیانووی سه‌ره‌کییه؟
نازانم، به‌ڵام... سه‌رۆک وه‌زیر نه پێش و نه پاش هه‌ڵبژاردن ههنگاوێکی ئه‌وتۆی نه‌نا. ته‌نانه‌ت گوتی "ئه‌گه‌ر به ده‌ست من بێ ئۆجه‌لان له سێداره ده‌ده‌م". له ڕاستیدا، ئه‌ردۆغان دوابه‌دوای شکستی خابور له ساڵی ٢٠٠٩، هێدی هێدی لاقی له سه‌ر پێداڵی ئاشتی کێشایه‌وه.
ئه‌گه‌ر کاسێتی تۆمارکراوی چاوپێکه‌وتنی نێوان میت و په‌که‌که دزه‌ی نه‌کردبایه ناو میدیاکانه‌وه، به‌م شێوه‌یه بیرمان ده‌کرده‌وه. به‌ڵام هه‌مان سه‌رۆک وه‌زیر له سه‌روبه‌ندی که‌مپینی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا، نوێنه‌ری تایبه‌تی خۆی نارد بۆ ئه‌وه‌ی لەگەڵ په‌که‌که دانوستان و وتوێژ ئه‌نجام بدا. ئه‌مه چۆن شی ده‌که‌نه‌وه؟
سه‌رۆک وه‌زیر ئیراده‌ی خۆی له‌م کاره‌دا نیشان دا. ئه‌گه‌ر بڕیارێکی سیاسی له ئارادا نه‌بوایه، ئه‌م وتوێژانه ئه‌نجام نه‌ده‌دران. بۆچی ئه‌م وتوێژانه ساز دران؟ ئایا بۆ کات به فیڕۆ دان بوو؟ بۆ تێکشکاندنی په‌که‌که بوو؟ مه‌به‌ست فریودانی یان پارچه پارچه‌کردنی په‌که‌که بوو؟ له‌وانه‌یه هه‌موو ئه‌مانه هۆکار بووبن. به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌دا گرنگه ئه‌وه‌یه که ده‌وڵه‌ت ددانی به ڕاستی په‌که‌که داناوه و دیالۆگی لەگەڵ ئه‌نجام داوه. ئیتر هه‌لومه‌رجی ئاشتی له‌بار بوون. له‌مه‌وبه‌دوا، هیچکامیان ناتوانن به شه‌ڕ و توندوتیژی یه‌کتری له ناو ببه‌ن. نه په‌که‌که ده‌توانێ له‌م ڕێگه‌وه داخوازییه‌کانی به‌سه‌ر ده‌وڵه‌تدا بسه‌پێنێ، نه ده‌وڵه‌ت ده‌توانێ په‌که‌که له شاخ تێک بشكێنێ. من هیوام به به‌رقه‌راربوونی ئاشتی هه‌یه.
ئه‌ی موراد قه‌ره‌یڵان بۆچی هیوای به ئاشتی بڕا؟
هیوای نه‌بڕاوه. سیاسه‌ت له ڕێگه‌ی پێکدادان و توندوتیژیه‌وه به‌رده‌وامه. له‌م ڕێگه‌یه‌وه په‌که‌که ده‌یه‌وێ بڵێ "ئه‌ی ئه‌ردۆغان! هێزێکی وام هه‌یه تا ڕاده‌ی هیلاک بوون ئازارت پێ بگه‌یه‌نێ. من سنووری توندوتیژیت پێ نیشان ده‌ده‌م. ڕۆژانه سێ، پێنج، شه‌ش که‌ست لێ ده‌کوژرێ". سه‌رۆک وه‌زیریش به په‌که‌که ده‌ڵێ "نیشانت ده‌ده‌م ئه‌و کرده‌وانه‌ت به نرخێکی گران ته‌واو ده‌بێ. دێم و له قه‌ندیل ڕاوت ده‌نێم. سه‌رجه‌م لایه‌نگرانت جا چه‌کیان هه‌ڵگرتبێ یان نا، ده‌ستگیر ده‌که‌م و ده‌یانده‌مه دادگا. تۆ له‌به‌رامبه‌ر مندا مه‌حکوومی به له‌ناوچوون." له‌ناو پێڤاژۆیه‌ک داین که هه‌ر لایه‌ک ده‌یه‌وێ ده‌ستی ئه‌وی تر بشکێنێ. به‌ڵام پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه که له وه‌ها قۆناغێکدا چی به‌سه‌ر په‌که‌که دێ؟
چی به‌سه‌ر دێ؟
په‌که‌که به کادیرانی ده‌ڵێ سه‌ربه‌ستن و ئه‌وانیش ده‌ڕۆن له هه‌ندێک شوێنی وه‌ک باتمان و سیرت که‌سانی سڤیل ده‌که‌نه ئامانج. ئه‌گه‌ر سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته پرسیار له کادیرانی په‌که‌که بکه‌ی، ده‌ڵێن "ئێمه دژی ئه‌و چالاکیانه‌ین که که‌سانی سڤیل ده‌کاته ئامانج، به‌ڵام له کۆنتڕۆڵی ئێمه ده‌رچووه." ئه‌مه بۆ پاساو نابێ. مه‌ترسییه‌کی گه‌وره‌یه. ئه‌گه‌ر بۆ نیشاندانی سنووری توند‌و تیژی تیرۆریه‌کی وا کوێرانه ده‌ست پێ بکه‌ی، له خاڵێکدا کار له کار ده‌ترازێ و تورکیا بۆ ناو دۆزه‌خێکی قوڵ خلوێر ده‌بێته‌وه.
ئه‌گه‌رێکی به‌مجۆره له ئارادا هه‌یه؟
ئه‌گه‌ر له په‌که‌که بپرسی، ده‌ڵێن نه‌خێر، ئه‌مه ڕوو نادا. ئێمه ده‌زانین چی ده‌که‌ین و ئه‌مانه پاش ماوه‌یه‌ک کۆنتڕۆڵ ده‌که‌ین. به‌ڵام من بڕوای ته‌واوم به‌مه نییه. ئه‌گه‌ر ئه‌م چالاکییه توندانه‌ی په‌که‌که و په‌رچه‌کردار و توندوتیژی ده‌وڵه‌ت ڕوبه‌ڕووی یه‌ک ببنه‌وه، هه‌موو شتێک له کۆنتڕۆل ده‌رده‌چێ و تورکیا جارێکی تر خولێکی توندوتیژی مه‌زنتر له ساڵانی ١٩٩٠ به خۆیه‌وه ده‌بینێ. مه‌ترسیه‌کی وا له ئارادا هه‌یه. به‌ڵام دوای ئه‌م مه‌ترسیه، سه‌ر له‌نوێ ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ په‌یژه‌ی یه‌که‌م، واته دانیشتن له سه‌ر مێزی گفتوگۆ. هیچ ڕێگه‌یه‌کی تر به‌دی ناکرێ.
به‌تایبه‌ت له‌م دواییانه‌دا، له نێوان ڕاسپارده‌کانی ئۆجه‌لان و کرده‌وه‌کانی قه‌ندیل جیاوازییه‌کی گرنگ هاته ئاراوه. قه‌ندیل بۆچی چیتر گوێ به ڕاسپارده‌کانی ئۆجه‌لان نادا؟
ئێمه له‌وه دڵنیا نین که قه‌ندیل گوێ به ڕاسپارده‌کانی ئۆجه‌لان نادا. چونکه ئه‌وان هه‌رچی بیڵێن، دواجار ئاپۆ قسه‌ی کۆتایی ده‌کا. تاکه ده‌سه‌ڵات بۆ دابه‌زاندنی په‌که‌که له شاخ و هه‌روه‌ها سه‌قامگیرکردنی ئاگربه‌ست، ئۆجه‌لانه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر بگاته خاڵێک، ئاپۆش ئاستی خۆی ده‌زانێ. ئه‌گه‌ر ئاپۆ، شتێک به قه‌ندیل بڵێ و ئه‌نجام نه‌درێ، کاریزماکه‌ی ده‌روخێ و باندۆڕی نامێنێ. به‌ڵام پێویسته له بیرمان نه‌چێ ئه‌مڕۆکه به بێ ئۆجه‌لان، قه‌ندیل هیچی پێ ناکرێ. له ڕوانگه‌ی خه‌ڵکانێکی زۆره‌وه، ئاپۆ ئه‌فسانه و سه‌رکرده‌یه‌کی گه‌وره‌یه.
ئه‌گه‌ر به بێ ئۆجه‌لان قه‌ندیل نه‌توانێ هیچ بکا، ئایا ئه‌وه ئۆجه‌لانه ده‌یه‌وێ توندوتیژی په‌ره بستێنێ؟
له بیرمان نه‌چی له به‌رامبه‌رماندا ئۆجه‌لانێکیش هه‌یه که ده‌ڵێ "شه‌ڕێکی زۆر گه‌وره به‌ڕێوه‌یه. چونکه تا ئێستا وەڵامی منتان نه‌داوه‌ته‌وه." چونکه نه‌خشه ڕێگاکانی ده‌دا به ده‌وڵه‌ت. یه‌که‌مین نه‌خشه‌ڕێی له ساڵی ٢٠٠٩ و دووهه‌مینیشی مانگی مه‌ی ٢٠١١ ڕاده‌ستی ده‌وڵه‌ت کرد. قه‌ره‌یڵان خاڵ به خاڵ ئه‌مه‌ی بۆ ئاشکرا کردم. گوتی "ئێمه چاوه‌ڕوانی وەڵامین. هه‌ڵبژاردنه‌کان ئه‌نجام دران، به‌ڵام هێشتا وه‌ڵامێکی ئه‌وتۆ نه‌دراوه‌ته‌وه." پاش هه‌موو ئه‌م شتانه، قۆناغی ئه‌مڕۆ ده‌ستی پێ‌کرد. بۆیه من له‌ڕاستی ئه‌و قسه‌یه به گومانم که ده‌ڵێ سه‌ره‌ڕای ڕاسپارده‌کانی ئۆجه‌لان، قه‌ندیل توندوتیژی ده‌ست پێکرودوه. به بێ ئۆجه‌لان ناتوانن ئه‌م کاره بکه‌ن. لێره‌دا ئێمه شتێکی تر نازانین.
چی؟
له ئیمڕالی، پارێزه‌ره‌کان ڕاسته‌وخۆ لەگەڵ ئۆجه‌لان داده‌نیشن. نوێنه‌ری ده‌وڵه‌تیش، له‌وێ گوێ له قسه‌کان ده‌گرێ و هه‌موو قسه‌کان تۆمار ده‌کرێن. به‌ڵام ئێمه نازانین نهێنی و په‌یامه‌کانی ئه‌و قسانه به چ شێوه‌یه‌ک ئاڵوگۆڕ ده‌کرێن. له‌وانه‌یه له نێوان ئۆجه‌لان و پارێزه‌رانی یان له نێوان ئۆجه‌لان و ئایسه‌ل توغڵوک به‌درێژایی ئه‌و ساڵانه، زمان و په‌یوه‌ندییه‌کی تایبه‌ت دروست بووبێ. به‌گوێره‌ی ئه‌مه‌ش په‌یام بۆ قه‌ندیل ده‌نێردرێ. من ئه‌مه‌م وه‌ک پرسیارێک ئاڕاسته‌ی قه‌ره‌یڵان کرد و لێم پرسی چۆن دڵنیا ده‌بن که ئۆجه‌لان به چ شێوه‌یه‌ک بیر ده‌کاته‌وه، له وەڵامدا گوتی "بێگومان ئێمه له یه‌کتری تێده‌گه‌ین. دوای ئه‌و هه‌موو ساڵانه، ئه‌مه شتێکی ئه‌سته‌م نییه." بۆیه ئێمه نازانین له ناو خۆیاندا زمانێکی هاوبه‌شیان هه‌یه یان نا.
ئیتر هه‌موومان ده‌زانین که میت و په‌که‌که چاوپێکه‌وتنیان ئه‌نجام داوه. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش ده‌زانین که چاوپێکه‌وتنه‌کان زۆر به‌رفراوان بوون. بۆچی ئه‌م چاوپێکه‌وتنانه به‌رده‌وام نه‌بوون؟
سه‌ره‌تا پێویسته بڵێم ئه‌م چاوپێکه‌وتنانه ته‌نیا له ئۆسلۆ ئه‌نجام نه‌دراون و له شاری هه‌ولێری باکووری عێراقیش به‌رده‌وام بوون. داوای نه‌خشه ڕێگایان له ئۆجه‌لان کردوه و هه‌مان ئه‌و نه‌خشه ڕێیانه براونه‌تە قه‌ندیلیش. قه‌ندیل بۆچوونی خۆی له‌مباره‌وه خستۆته ڕوو. بۆمان ده‌رده‌که‌وێ له چه‌ند پڕۆتۆکۆلێکدا، ئه‌و لایه‌نه‌ی نه‌خشه‌ڕێی هه‌مه‌لایه‌نه ئاماده ده‌کا ئۆجه‌لان و قه‌ندیله. ئۆجه‌لان و په‌که‌که به ده‌وڵه‌ت ده‌ڵێن "ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م نه‌خشه ڕێیه به‌رده‌وام بین و پراکتیزه بکرێ، ئه‌وا به تێپه‌ڕبوونی کات واز له چه‌ک دێنین. له چیاکان دێینه خوار. تۆش وەڵامی ئێمه بده‌وه." به‌ڵام وەڵامی ئه‌م داخوازیانه نادرێته‌وه. لایه‌نی حکومه‌ت به‌رده‌وام خۆی له وەڵامدانه‌وه ده‌دزێته‌وه. قه‌ره‌یڵان ده‌ڵێ "وەڵامی هیچکام له داخوازییه‌کانیان نه‌داوینه‌ته‌وه." له ڕاستیدا ئه‌مه گه‌ڵاڵه پێشنیارێکه. له‌به‌شێکی ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه‌دا، باس له‌وه کراوه چۆن لێبوردن بۆ که‌سانی شاخ ده‌ربکرێ. له‌لایه‌کی تره‌وه ئاماژه به داهاتووی ئۆجه‌لان کراوه. جگه له‌مه گه‌ڵاڵه‌که، په‌روه‌رده به زمانی کوردی، به‌ربه‌ندی ١٠%ی هه‌ڵبژاردنه‌کان و گیراوانی سه‌ر به دۆزی که‌جه‌که‌ش له خۆوه ده‌گرێ. ئه‌ردۆغان وەڵامی ئه‌مانه‌ی نه‌داوه‌ته‌وه.
له ڕێگه‌ی شه‌ڕه‌وه، قه‌ندیل ده‌یه‌وێ چ ده‌سکه‌وتێک به‌ده‌ست بێنێ؟
دیاره له مێشکی قه‌ندیلدا ئه‌وه هه‌یه که ده‌وڵه‌ت بێنێته سه‌ر مێزی گفتوگۆ. ئه‌گینا بیر له‌وه ناکه‌نه‌وه به شه‌ڕ، چۆک به ده‌وڵه‌ت دابێنن. به‌ده‌وڵه‌ت ده‌ڵێن "ئازارت پێده‌گه‌یه‌نم." ده‌وڵه‌تیش له‌وەڵامدا ده‌ڵێ "منیش زه‌برت لێ ده‌وه‌شێنم." گرنگ ئه‌وه‌یه، ڕێگه‌ی گه‌یشتن به مێزی گفتوگۆ کورت تر بکرێته‌وه. چونکه کورت کردنه‌وه‌ی ڕێگه یانی چێژانی ئازارێکی که‌متر و ڕژانی خوێنێکی که‌متر.
ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت، هێرشێکی گه‌وره ئه‌نجام بدا، چی ده‌بێ؟
شه‌ڕ ڕوو ده‌دا. ئێستاش له باشووری ڕۆژهه‌ڵات (باکووری کوردستان) شه‌پۆلێکی گه‌وره‌ی گرتن له ئارا دایه. زۆربه‌ی هه‌ره زۆری ئه‌وانه که‌سانێکن له ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا ده‌نگیان هێناوه‌ته‌وه و له ژیانیاندا چه‌کیان نه‌بینیوه. له لایه‌کی تره‌وه، بۆردومانی هه‌وایی درێژه هه‌یه و بۆ ئۆپه‌راسیۆنی به‌ژایی و له‌شکرکێشیش ته‌گبیری پێویست وه‌رگیراون.
ئایا له‌شکرکێشی ئه‌نجام ده‌درێ؟
له‌وانه‌یه، به‌ڵام سه‌ره‌تا ده‌بێ له خۆمان بپرسین له‌شکرکێشیه‌کانی پێشوو چ سودێکیان هه‌بوو تا ئه‌مه‌یان هه‌یبێ؟ ئه‌گه‌ر ڕێکخراوێک له‌ناو کوتله‌کانی گه‌لدا ڕیشه‌ی داکوتابێ، له شاره‌کان خۆی ڕێک خستبێ و به‌هێز بووبێ، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ٢٠٠ تا ٣٠٠ که‌سیشی لێ بکوژرێ، خێرا ئه‌و ژماره‌یه ڕووی تێده‌کاته‌وه. تۆ وه‌ک ده‌وڵه‌ت چاره‌یه‌کت نیه جگه له که‌مکردنه‌وه‌ی ئازاره‌کان و سارێژکردنه‌وه‌ی برینه‌کان. په‌که‌که چه‌ته‌ی بادێر ماینهۆف نییه. په‌که‌که گوردانی سوور نییه. په‌که‌که له ناو کۆمەڵگە دایه. به‌واتایه‌کی دیکه په‌که‌که ته‌نیا په‌که‌که نییه! په‌که‌که یانی شاره‌وانییه‌کان، یانی کۆمەڵگەی مه‌ده‌نی... په‌که‌که یانی ڕۆژنامه و ته‌له‌ڤزیۆنی ئه‌و ناوچه‌یه، یانی سیاسه‌ت... جیاوازییه‌کی که لەگەڵ باکووری ئیرله‌ندا هه‌یه‌تی ئه‌وه‌یه که له‌وێ سه‌ره‌تا حزبی سیاسی (Sinn Féin) دامه‌زرا، پاشان ئه‌وان (IRA)یان بونیاد نا. به‌ڵام لێره سه‌ره‌تا په‌که‌که دامه‌زراوه.
سه‌ره‌تا په‌که‌که دامه‌زرا، پاشان پارتی. ئه‌مه‌ش ده‌سپێشخه‌ری سیاسه‌تمه‌داره‌کان زۆر که‌م ده‌کاته‌وه، وا نییه؟
من پێموایه له ڕۆژی ئه‌مڕۆدا، سیاسه‌تمه‌دارانی کورد، به‌ده‌په و سه‌رۆک شاره‌وانیه‌کان بێ بوونی په‌که‌که مه‌حاڵه بتوانن بجوڵێنه‌وه. ئه‌مه به‌و واتایه ناڵێم که هه‌موو کرده‌وه‌یه‌کی په‌که‌که په‌سند ده‌که‌ن. جیاوازی فیکریان لەگەڵ په‌که‌که‌دا نیه. له ڕاستیدا ئه‌وه په‌یوه‌ندییه‌کی شیاوی ڕه‌خنه‌یه. ده‌سپێشخه‌ری له قه‌ندیله، به‌ڵام له خاڵێکی ئه‌م په‌یوه‌ندیه‌دا قه‌ندیلیش ده‌که‌وێته ژێر کاریگه‌رییه‌وه. بۆ نموونه ساڵی ٢٠٠٩ که ده‌ته‌په (پارتی کۆمەڵگەی دیموکراتیک) له لایه‌ن دادگای ده‌ستوریه‌وه بڕیاری داخستنی درا، ئاپۆ به نوێنه‌رانی گوت "له په‌رله‌مان بکشێنه‌وه".
کشانه‌وه...
کشانه‌وه به‌ڵام ئاپۆ پاش هه‌فته‌یه‌ک له قسه‌که‌ی پاشگه‌ز بوویه‌وه. له ژێر گوشاری جه‌ماوه‌ر ئاپۆ قسه‌که‌ی وه‌رگرته‌وه و ناچار بوو داوا له په‌رله‌مانتاره‌کان بکا بگه‌ڕێنه‌وه بۆ په‌رله‌مان که ده‌نگدانه‌وه‌یه‌کی زۆری هه‌بوو له ناوی میدیای تورک و ڕای گشتی خۆشیاندا. ئه‌مه خۆی له خۆیدا واتایه‌ک ده‌گه‌یه‌نێ. نه قه‌ندیل، نه ئیمڕاڵی و نه سیاسه‌تمه‌دارانی کورد له هیچ بوارێکه‌وه ناتوانن جیاواز له جه‌ماوه‌ره‌که‌یان هه‌ڵسوکه‌وت بکه‌ن. ئه‌مڕۆکه به‌ڕێوه‌به‌رانی داموده‌زگا مه‌ده‌نییه‌کان و سیاسه‌تمه‌دارانی کورد، ڕه‌خنه‌ی جددی ئاڕاسته‌ی په‌که‌که و سیاسه‌ته گشتیه‌کانی ده‌که‌ن. په‌که‌که به هۆی ئه‌و شه‌پۆله توندوتیژه‌ی له مانگی ژوئیه به‌دواوه ده‌ستی پێ‌کرد، شه‌قامی کورد له باشووری ڕۆژهه‌ڵات و سیاسیه‌کانیشی تا دوا ڕاده بێزار کرد.
که‌سی ژماره یه‌کی ئه‌و ڕێکخراوه چه‌کداره واته قه‌ره‌یڵانیش ڕقی له‌م ڕه‌خنانه هه‌ستا و جارێکی دیکه هۆشداری دا به داموده‌زگا مه‌ده‌نییه‌کان بۆ ئه‌وه‌ی له به‌رامبه‌ر کوشتاری که‌سانی سڤیل له لایه‌ن په‌که‌که‌وه بێده‌نگ بن. وانییه؟
ئه‌گه‌ر په‌که‌که ویستی کورده‌کان بۆ ئاشتی له‌به‌ر چاو نه‌گرێ، کاردانه‌وه نیشان بدا له به‌رامبه‌ر ئه‌و که‌سانه‌ی به هۆی توندوتیژیه‌وه ڕه‌خنه‌ی لێده‌گرن و ڕه‌خنه‌کان به بێ بنه‌ما بزانێ، وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌و ڕۆژانه‌ی دواییدا ڕووی دا و قه‌ره‌یڵان هه‌ندێک لێدوانی له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ڕاگه‌یاند، ئه‌وا هه‌م زیان به ئاشتی ده‌گا، هه‌میش به‌و دۆزه‌ی که په‌که‌که بانگه‌شه ده‌کا له پێناویدا شه‌ڕی کردوه. گه‌لی کورد ئاشتی ده‌وێ. به‌ڵام توندوتیژی و به‌کارهێنانی چه‌ک وه‌ک ئامرازێکی سیاسه‌ت و ژیان له شاخیش مه‌ترسی هه‌یه. مه‌ترسی ئه‌وه‌ی چه‌ک، توند و تیژی و چیا ببێته شێوازێک له ژیانی ئه‌و مرۆڤانه.
له قه‌ندیل هه‌ستتان به‌مه کرد؟
بێگومان که‌سانێک هه‌ن که وه‌ک شێوازێکی ژیان ئه‌وه‌یان به‌دڵه، به‌ڵام پێموانیه گشتگیر بێ. نیزامه‌ددین تاش یه‌کێک له سه‌رفه‌رمانده‌کانی پێشووی په‌که‌که و هاوڕێیانی، ساڵی ٢٠٠٤ گوتیان "با چه‌ک دانێین و له چیاکان بێینه خوار." ئاپۆ تووڕه بوو و هه‌موویانی پاکتاو کرد. چما ئاپۆ تووڕه بوو؟ چونکه ئاپۆ و فه‌رمانده پێشڕه‌وه‌کانی په‌که‌که تا سه‌باره‌ت به داهاتوویان هه‌ست به گه‌ره‌نتیه‌ک نه‌که‌ن، نایانه‌وێ واز له چه‌ک بێنن. نیزامه‌ددین تاش به منی گوت "حه‌سه‌ن جه‌ماڵ، ئه‌گه‌ر له چاره‌سه‌ری ده‌گه‌ڕێی، دوو خاڵی زۆر گرنگ هه‌ن".
کامانه‌ن ئه‌و دوو خاڵه؟
ده‌یگوت "یه‌که‌م داهاتووی ئاپۆ و ئه‌وی تر، داهاتووی فه‌رمانده پله به‌رزه‌کانی په‌که‌که. واته لێبوردنێکی گشتی. گه‌ڵاڵه‌ی ئاشتی بێ ڕه‌چاوکردنی ئه‌م دوو خاڵه به ئه‌نجام ناگا. چونکه که‌سانی وه‌ک جه‌میل بایک، مسته‌فا قه‌ره‌سوو و دوران کاڵکان زۆر به ئاسانی ده‌توانن پلانی ئاشتی لاڕێ بکه‌ن." ئه‌مه نیشان ده‌دا ئاشتی کارێکی ئاسان نییه. ئاشتی پێویسته ئیراده‌یه‌کی سیاسی له پشته‌وه بێ. قۆناغی دانوستانه‌کان له ئیرله‌ندای باکوور نۆ ساڵ درێژه‌ی خایاند. ژێر خاک نانی چه‌که‌کان بۆ هه‌تا هه‌تایه، نۆ ساڵی درێژه کێشا. ڕێکخراوی (IRA)، ڕێک ڕۆژێک پاش واژۆکردنی ڕێککه‌وتننامه‌یه‌کی گرنگ ٢٩ که‌سی کوشت و چالاکیه‌کی گه‌وره‌ی تیرۆریستی ئه‌نجام دا.
به‌ڕای ئێوه په‌که‌که له چ هه‌لومه‌رجێکدا واز له چه‌ک دێنێ؟
دابه‌زینی په‌که‌که له چیاکان و به‌رقه‌راربوونی ئاشتیه‌کی یه‌کجاره‌کی به چه‌ند ساڵ مه‌حاڵه و ماوه‌یه‌کی زۆر ده‌خایه‌نێ. ئه‌وه‌ی به لای منه‌وه گرنگه، ئه‌وه‌یه سه‌ره‌تا قامکه‌کان له ماشه‌ی چه‌ک دوور بخرێنه‌وه و مرۆڤه‌کان نه‌کوژرێن! له پێناو ئه‌مه‌دا، پێویسته په‌که‌که چالاکیه‌کانی ڕابگرێ، مین نه‌چێنێ و نه‌یه‌ته ناو هه‌رێمه‌کانی شه‌ڕه‌وه. سوپاش پێویسته ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی ڕابگرێ. به‌واتایه‌کی تر ئاگربه‌ستێکی مه‌یدانی ڕابگه‌یه‌نرێ. ئه‌و هه‌نگاوانه پێویستیان به هیچ هه‌لومه‌رجێک نیه. له پێناو جێبه‌جێ بوونیاندا ده‌بێ ئه‌و ئیراده‌یه هه‌بێ که بڵێ "سه‌ر له‌نوێ له ده‌وری مێزی گفتوگۆ کۆ ده‌بینه‌وه". ئه‌ردۆغان زۆر ڕاشکاوانه ده‌ڵێ "با چالاکیه‌کانیان ڕابگرن، بارودۆخه‌که ده‌گۆڕدرێ". لێره‌دا هه‌نگاوی یه‌که‌م پێویسته په‌که‌که به‌رزی بکاته‌وه. سه‌ر له‌نوێ ئاگربه‌ست و قۆناغی بێ چالاکی ڕابگه‌یه‌نێ و پاشان ده‌وڵه‌تیش ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی ڕابگرێ. له قۆناغی ڕاگه‌یاندنی کرانه‌وه‌ی دیموکراتیک تا به‌هاری ساڵی ٢٠٠٩ و ڕوداوی خابور، ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی سوپا زۆر سنوردار بوون.
لێره‌دا ده‌وڵه‌تیش خه‌تاباره؟
سوپا وازی له ئۆپه‌راسیۆن نه‌هێنا و هه‌ڵمه‌تی ده‌ستگیرکردنی که‌سانی سه‌ر به که‌جه‌که به‌رده‌وام بوو. ده‌کرا هه‌ندێک گۆڕانکاری له یاساکاندا به دی بێن و به‌شێک له گیراوانی دۆزی که‌جه‌که و هه‌روه‌ها په‌رله‌مانتاره‌کان ئازاد بکرێن.
قه‌ندیل به‌و هێرشانه‌ی دوایی بیری له شه‌ڕی شۆڕشگێڕانه‌ی گه‌ل ده‌کرده‌وه. ئایا گه‌لی کورد له‌هه‌لومه‌رجی ئه‌مڕۆدا بۆ شه‌ڕێکی گه‌وره ئاماده‌یه؟
نه‌خێر، کورده‌کان نایانه‌وێ شه‌ڕ بکه‌ن. کورده‌کان خوازیاری ئاشتین. دیاره ئاپۆ و قه‌ره‌یڵانیش ئاگاداری ئه‌وه‌ن که چه‌ک و توندوتیژی ده‌وریان نه‌ماوه. له هه‌ر دوو چاوپێکه‌وتنه‌که‌دا موراد قه‌ره‌یڵان به منی گوت "با دانیشین، گفتوگۆ بکه‌ین. هه‌ندێک له داخوازییه‌کانی ئێمه په‌سند بکه‌ن."
به‌ده‌په سه‌ره‌تا مه‌جلیسی بایکۆت کرد و ئێستا له مه‌جلیسه. به‌ده‌په چ سیاسه‌تێکی هه‌یه؟
به‌ده‌په تا ڕۆژی ئه‌مڕۆ هه‌وڵی داوه ئه‌و مافانه‌ی له کوردان زه‌وت کراوه له ڕێگه‌ی ده‌ستوره‌وه ده‌سته‌به‌ریان بکا. داخوازییه‌کانی له ژێر چه‌تری په‌رله‌ماندا دێنێته زمان.
ده‌ستوری بنه‌ڕه‌تی پرسی کورد چاره‌سه‌ر ده‌کا؟
نه‌خێر، به‌ڵام ڕێگه خۆش ده‌کا بۆ چاره‌سه‌ری ئاشتییانه‌ی کێشه‌که. ئه‌گه‌ر پێناسه‌ی هاوڵاتی بوون له ده‌ستوری بنه‌ڕه‌تی نوێ‌دا پشت به نه‌ته‌وه‌ی تورک نه‌به‌ستێ، ڕێگه له مودێلی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆجێی و په‌روه‌رده به زمانی زگماکی نه‌گیرێ، ئه‌وا به ئاسانی ڕێگه بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد خۆش ده‌کرێ. ئێمه هێشتا گفتوگۆ له سه‌ر ئه‌وه ده‌که‌ین که ئایا پێویسته په‌روه‌رده به زمانی کوردی هه‌بێ یان نا. شوره‌ییه! په‌روه‌رده به زمانی کوردی ده‌بێ هه‌بێ! کۆمه‌ڵێک ڕێگا هه‌ن. له هه‌نگاوی یه‌که‌مدا، له قوتابخانه ده‌وڵه‌تییه‌کاندا وه‌ک زمانێکی هه‌ڵبژێردراو بخوێندرێ. پاشان ئه‌مه لەگەڵ خۆیدا مۆدێلێکی نوێ دێنێ و له قوتابخانه تایبه‌تیه‌کاندا په‌روه‌رده به زمانی کوردی په‌ره ده‌ستێنێ.
ئایا ده‌ستوری بنه‌ڕه‌تی پرسی په‌که‌که چاره‌سه‌ر ده‌کا؟
رێگه‌ی چاره‌سه‌ری هه‌موار ده‌کا. له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه پێویسته هه‌نگاوی پراکتیکی تاقی بکرێنه‌وه. سه‌ره‌تا پێویسته هه‌لومه‌رجی ژیانی ئاپۆ له گرتووخانه له‌بار بکرێ و له پێناو پێشڤه‌چوونی ئه‌م دۆخه هه‌ندێک به‌ڵێن بدرێ. ئینجا له ڕێگه‌ی گۆرینی هه‌ندێک له یاساکانی گرتوخانه و به‌ره‌به‌ره‌کانی لەگەڵ تیرۆر، په‌رله‌مانتاره‌کان و به‌شێکی به‌رچاو له گیراوانی دۆزی که‌جه‌که سه‌ربه‌ست بکرێن. هه‌روه‌ها ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی که‌جه‌که ڕابوه‌ستێنرێن و ڕێگه بدرێ تاوانباران له دادگا به کوردی پارێزگاری له خۆیان بکه‌ن. به به‌رزکردنه‌وه‌ی چه‌ند ههنگاوێکی له‌م شێوه‌یه و په‌یام دانی نه‌رم، په‌که‌که به ناچاری قۆناغی بێ چالاکی ڕاده‌گه‌یه‌نێ. وه‌کووتر، ئاپۆ ئه‌وه دوو مانگ و نیوه چاوی به پارێزه‌ره‌کانی نه‌که‌وتوه. پێویسته ئه‌م به‌ربه‌سته‌ش هه‌ڵبگیرێ. سیاسه‌تێکی زۆر هه‌ڵه‌یه...
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر