۱۳۹۷/۱۰/۱۹

گەڕاندنەوەی زمانی کوردی بۆ ڕۆمانێکی تری یەشار کەمال


بەکر شوانی 

کۆتایی ساڵی ٢٠١٦ هاوڕێی هێژام کاک هەژار مەجید، دامەزرێنەری ناوەندی ڕۆشنبیریی ئەندێشە، داوای لێم کرد ڕۆمانی "سوڵتانی فیلەکان"ی یەشار کەمال وەربگێڕم و باسی ئەوەی کرد کە کاتی خۆی ئەو ڕۆمانەی بە زمانی فارسی خوێندووەتەوە و زۆر بە دڵی بووە. منیش کە هەر بەنیاز بووم دوای کتێبی "یەشار کەمال سەبارەت بە خۆی دەدوێت" بەرهەمێکی تری یەشار کەمال وەربگێڕم، بە خۆشحاڵییەوە پیشنیارەکەی کاک هەژارم پەسەند کرد. دوای گەڕانەوەم بۆ ئەڵمانیا دەستم بە وەرگێڕان کرد و چەند لاپەڕەیەک چوومە پێشەوە، بەڵام ئیدی لەناکاو تووشی تراژیدیایەکی خێزانی بووم کە هەموو ژیانمی قڵپ کردەوە.

لەم ڕۆژانەدا بینیم کاک هەژار لە پۆستێکدا مزگێنیی وەرگێڕان و چاپبوونی ڕۆمانی "سوڵتانی فیلەکان و مێرووە شەلەی ڕیشسوور"ی یەشار کەمالی ڕاگەیاندووە. دەبێت بڵێنم من لە چەند ڕوویەکەوە بەو هەواڵە خۆشحاڵ بووم؛ یەکەم: کاک هەژار هاتووە لە پەیجی خۆی ڕێکلامی بۆ کاری دەزگایەکی تر "غەزەلنووس" کردووە کە ئەمە ئاکارێکە کۆمەڵگەی ئێمە بە ئەندازەی پێداویستیی مرۆڤ بە ئۆکسژین پێویستی پێیەتی. هاوڕێم کاک هەژار، مایەی شانازیت و نموونەت زۆر بێت... دووەم: هێشتا ڕۆمانی جێگەی باسم بە کوردی نەبینیوە، بەڵام بەناوی وەرگێڕ و وەرگێڕانی ناوی ڕۆمانەکەدا، "سوڵتانی فیلەکان و مێرووە شەلەی ڕیشسوور"، دیارە کە دەبێت کارێکی نایاب بێت و لە ئاستی ئەدەبی یەشار کەمال دا بێت... سێیەم: من لەبری "وەرگێڕان"، دەستەواژەی "گەڕاندنەوەی زمانی کوردی" بۆ وەرگێڕانی بەرهەمەکانی یەشار کەمال بەکار دەهێنم. بۆچی؟ بۆ وەڵام بڕوانە ئەو وتارەی لای خوارەوە کە ساڵی ٢٠١٥ نووسیومە و بڵاوم کردووەتەوە.
یەشار کەمال لە "سوڵتانی فیلەکان و مێرووە شەلەی ڕیشسوور"دا کتومت وێنای پەیوەندیی نێوان سیستەمی سیاسیی تورک و خەباتی گەلی کورد دەکات. نامەوێت لێرەدا بچمە قوڵایی ناوەڕۆکی ڕۆمانەکەوە، تەنیا ئەوەندە دەڵێم کە یەشار کەمال جارێک بە خۆمی گوت: "ئەوانەی پێم دەڵێن هیچم بۆ دۆزی کورد نەکردووە، با بچن (سوڵتانی فیلەکان و مێرووە شەلەی ڕیشسوور) بخوێننەوە!"
بە پێویستی دەزانم لێرەوە دەستخۆشی لە وەرگێڕی بەڕێز سەلاحەدین بایەزیدی و ناوەندی غەزەلنووس بکەم. 
----------------

گەڕاندنەوەی زمانی کوردی بۆ یەشار کەمال! (٢٠١٥)

بەکر شوانی

لە ساڵانی ڕابردوودا زۆر گوتراوە دەربارەی ئەو نووسەرە کوردانەی کە هەریەکەیان لەبەر کۆمەڵێك هۆکاری تایبەت و گشتی، بە زمانەکانی تورکی و عەرەبی و فارسی نووسیویانە. نووسەری کوردی تورکینووس یەشار کەمال یەکێک لەو نووسەرانەیە کە لەو ڕووەوە زۆرترین قسەی لەسەر کراوە. تەنانەت لە دوای مردنیشی لە ٢٨ مانگی ڕابردوودا، لە هەندێک میدیای کوردیدا گوێم لێ دەبوو دەیانگوت: یەشار کەمال بە زمانی بێگانە نووسیوێتی و خزمەتی زمان و ئەدەبی تورکی کردووە... بەڵێ، ڕاستە یەشار کەمال نەک هەر تەنیا تورکینووس بوو، بەڵکو ئەو بە هێنانی وشە و دەستەواژەکانی دەرەوەی زمانی نووسین بۆ ناو زمانی نووسین ڕۆڵێکی دیاری لە پێشخستن و گەشەپێکردنی زمانی تورکیشدا هەبوو. تەنانەت زمانناسێکی تورک بەناوی عەلی پویسکویلوئۆغڵو ساڵی ٢٠٠٦ فەرهەنگێکی بە ناونیشانی "فەرهەنگی یەشار کەمال" چاپ کرد. پێم وایە پێش ئەوەی لە پای بە تورکینووسین ڕەخنە لە یەشار کەمال بگیرێت، پێویستە دوو خاڵی جەوهەری لەبەرچاو بگیرێت:

یەکەم؛ نابێت لە بیرمان بچێت کە یەشار کەمال دوور لە کورد و کوردستان، لە تورکیا و لە ناو تورکاندا لە دایک بووە و گەورە بووە. خۆ تەنانەت ئەگەر لە شاری وانی زێدی باوباپیرانیشی لە دایک ببوایە، هیچ گەرەنتییەک نەبوو بۆ ئەوەی چاوەڕێ بکرێت نووسەرێکی کوردینووسی لێ دەربچێت، چونکە لە دایکبوون و منداڵیی یەشار کەمال هاوکات بوو لەگەڵ پەرەسەندنی سیاسەتی قەدەغەکردنی زمان و بە تورککردنی کورداندا. بۆیە نووسەر کاتێك دەستی بە نووسین کردووە، تەنیا زمانی تورکی بەدەستەوە بووە کە ئەویش لەو سەردەمەدا لە کەموکورتی بەدەر نەبووە. با بزانین خۆی لە بارەی هەردوو زمانی کوردی و تورکییەوە چی دەڵێت: "کاری گرنگ بۆ من، بریتی بوو لە ئافراندنی زمانێکی نوێی نووسین، زمانی ڕۆمان، دابەزین بۆ قوڵایی زمان، تاقیکردنەوەی هەموو تواناکانی گێڕانەوە، دۆزینەوەی جیاوازیی نوێ لە زماندا و خوڵقاندنی کەش و هەوایەکی نوێی زمان. کرۆکی کارەکە پێویستی بە ئافراندنی زمان هەبوو. پێویست بوو دنیای ڕۆمان و دنیای تایبەت بە خۆم بەشێوەیەکی تەواو نوێ و بە کەسایەتییەوە بئافرێنم و لەگەڵ ئەوەیشدا زمانێکی نوێی نووسین دابهێنم. زمانی کوردی خاوەن پێکهاتەیەکی زۆر جیاوازە و هیچ لە پێکهاتەی زمانی تورکی ناچێت. لە ڕۆمانەکانمدا هەندێك جار چەند ڕستەیەکی کوردیم لە دیالۆگدا بەکارهێناوە. ئێستا کوردی بە ئەندازەی تورکی نازانم. ئێ خۆ من لە کەنارەکانی گۆلی وانی زێدی دایك و باوکم و لە دامێنی چیای ئاگری لە دایك نەبووم و نەژیاوم... بۆ ئەوەی مرۆڤ بکەوێتە ژێر باندۆری زمانێکی دیاریکراوەوە، پێویستە بێ دابڕان لەگەڵ ئەو زمانەدا بژی. منیش وەك پێویست لەگەڵ زمانی کوردیدا نەژیاوم..."

دووەم؛ یەشار کەمال کاتێك بە تورکی نووسیوێتی، بەمەبەستی ئەوە نەبووە نکۆڵی لە ڕەچەڵەکی خۆی و زمان و کولتووری باوباپیرانی بکات. بەڵکو تەواو بەپێچەوانەوە، ئەو ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بە تورکینووسینی وەک ئامرازێك بۆ گەیاندنی برین و تراژیدیاکانی گەلی کورد و چەوساوەکانی تورکیا بەکارهێناوە. بۆن و بەرامەی کوردی و کوردەواری لە بەشی زۆری ڕۆمان و چیرۆک و ڕیپۆرتاژ و وتارەکانی یەشار کەمالدا هەیە. نووسەر بەدرێژایی شەڕی نێوان کورد و دەوڵەتی تورکیش بێدەنگ نەبووە و هەمیشە دەنگێکی بەرزی ئاشتیخواز و داکۆکیکار لە مافەکانی گەلی کورد بووە. لەو پێناوەدا چەندین جار دادگایی کراوە و ڕووبەڕووی هەڕەشە بووەتەوە. نووسەر ٣ ساڵ لەمەوبەر سەرجەم ئەو وتار و دیمانانەی کە لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا سەبارەت بە پرسی کورد نووسیبوونی، لە دووتوێی کتێبێکدا بەناوی "ئەمە بانگەوازێکە" بە چاپ گەیاند.

پۆستێکی شاعیر و نووسەر ناسری حوسامی لە فەیسبووک دەربارەی ئەو کوردانەی کە یەشار کەمالیان پێ زیادە، بەلای منەوە سەرنجڕاکێش بوو، بۆیە بەشێکی لێرەدا دادەنێم. حوسامی دەنووسێت: (ئێرانییەکان کتێبی نزیکەی هەزار نووسەریان لە ١٢٠٠ ساڵ لەوەپێشەوە بە میرات بۆ ماوەتەوە، بەوەشەوە کەسیان پێ زیادی نییە و نووسەری کتێبە عەرەبییەکانی "طب" و قانون" و سەدان کتێبی عەرەبیی دیکە بە هی خۆیان دەزانن. تورکەکان "مێڤلانا جێلالەتتین"ی کە ناوەکەشی بە تەواوی نازانن و لە یەک دێڕ شیعری ناگەن، بە هی خۆیان دەزانن. ئێمەی هەژاری بێ ‌کتێبی بێ ‌نووسەری بێ ‌دەوڵەت کە کۆنترین کتێبمان هی سێسەد ساڵ لەوەپێشە و خۆمان پێ کۆنترین و دەوڵەمەندترین نەتەوەی جیهانە، یاشار کەماڵمان لێ زیادە و هێشتا نەنێژراوە حاشای لێدەکەین...)

وەک لە چەند شوێنێکی تریش ئاماژەم پێ کردووە، یەشار کەمال ساڵی ٢٠١٢ هەموو کتێبەکانی خۆی دا بە من و داوای لێم کرد کارێکی وەها بکەم هەموو بەرهەمەکانی بکرێن بە کوردی. ئەو داوا و ئاواتەی یەشار کەمال کە ئیدی بۆ من بووە بە وەسێت و دەبێت کار بۆ بەدیهێنانی بکەم، لە هەستێکی قوڵی خۆ بەکوردبوونەوە سەرچاوە دەگرێت. هەموو جارێك باسی لە ژمارەی ئەو زمانانە دەکرد کە ڕۆمانەکانی ئەویان پێ وەرگێڕدراوە و دەیگوت: "با هەموو بەرهەمەکانم بە زمانی کوردیش هەبن." دیارە وەرگێڕانی سەرجەم بەرهەمەکانی نووسەر بە یەک وەرگێڕ ئەنجام نادرێت، بەڵکو پێویست بە پێکهێنانی تیمێکی وەرگێڕ دەکات بۆ وەرگێڕانی بەرهەمەکان لە تورکی و زمانەکانی ترەوە و منیش دەتوانم لای خۆمەوە سەرپەرشتی پرۆژەکە بکەم. بێگومان ئەم کارە پێویستی بە بودجەیەک دەبێت بۆ پاداشتی وەرگێڕەکان و چاپکردنی کتێبەکان و هیوام وایە کۆمپانیا و دەوڵەمەندەکانی کوردستان هاوکارمان بن. یەشار کەمال تۆوی گوڵێکی کەناری گۆمی وان بوو. ١٠٠ ساڵ لەمەوبەر بای چارەنووس و نەهامەتیی کوردان ئەو تۆوەی گەیاندە سەر تاشەبەردەکانی گوندی هەمیتەی تورکماننشینی ناوچەی ئەدەنە و دوای ٨ ساڵ لەوێ چرۆی کرد. کاتێك چاوی هەڵهێنا، لە ماڵەوە هەموو شتێك بە کوردی بوو؛ ئاخاوتن و کولتوور و پەروەردە. لە دەرەوەیش هەموو شتێك بە تورکی بوو. بۆیە زمانی نووسینی ئەویش بە تورکی پژا. بەڵام ئێمە دەتوانین بە وەرگێڕانی سەرجەم کارە بە کوردی نەکراوەکانی نووسەر بۆ زمانی کوردی، زمانی کوردی و گیانی کوردستانیبوون بۆ یەشار کەمال بگەڕێنینەوە!

تێبینی: لە لاپەڕەی فەیسبووکی نووسەر وەرگیراوە.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر