۱۳۹۷/۱۰/۲۱

قادر عەبدوڵڵا دەڵێ چی؟


سەلاحەدین بایەزیدی

لەگەڵ قادر عەبدوڵڵا بە زمانی ئینگلیزی نامە ئاڵوگۆڕ دەکەین، هەرچەند من جارجارە بە بیری دێنمەوە کە ئینگلیزییەکەم باش نییە، هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕدرێ. بۆ دیتنی قادر عەبدوڵڵا، ئەو نووسەرە هۆڵەندییەی دوو کتێب و چەندین چیرۆکیم وەرگێڕاوە، دەبوایە بچمە شاری دێلفت کە بە شەمەندەفەر سەعاتێک لە ئەمستەردام دوورە. سەرەتا وامزانی گەڕەکێکی نزیک وێستگەی شەمەندەفەری ئەمستەردامە و بۆیە پێشوەخت هەوڵی دۆزینەوەی "فریشتەکە"، ئەو قاوەخانەیەم نەدا کە بۆ چاوپێکەوتن دیاری کرابوو. دوو سەعاتێک پێش دیدارەکە چاوێکم بە نامەکەدا خشاندەوە و بۆم دەرکەوت دەبێ بچمە شارێکی تر، بەپەلە خۆم ئامادە کرد و ئەگەر چەند خولەکێک درەنگ جووڵابامەوە، نەمدەتوانی لە کاتی خۆیدا سواری شەمەندەفەر بم و چاوم بە قادر عەبدوڵڵا بکەوێ. 


لە دێلفتەوە ئیتر دۆزینەوەی "فریشتەکە" ئاسان بوو. چونکە بە ڕستەی سادە و ڕوون، ڕێک وەک ناو ڕۆمانەکانی، بۆی شیی کردبوومەوە چۆن بە پێنج دەقە بگەمە ئەو شوێنە. پێش وی لەوێ بووم. کە دواتر ئەو وە ژوور کەوت، هەستم کرد لە یەک کاتدا سێ پیاو دێنە ژوورێ: حوسێن و قادر و عەبدوڵڵا.


حوسێن سەجادی قایم‌ مەقامی فەراهانی، ناسراو بە "قادر عەبدوڵڵا"، ساڵی ١٩٥٤ لە شاری "ئەراک"ی ئێران لەدایک بووە. ساڵی ١٩٨٨ ڕۆیشتۆتە هۆڵەندا و پاش فێربوونی زمانی هۆڵەندی، بەو زمانە نووسیویەتی و ئەمڕۆکە یەکێکە لە نووسەرە هەرە ناسراوەکانی هۆڵەندا. بەرهەمەکانی بۆ گەلێک زمان و لەوانە بۆ زمانی کوردی وەرگێڕدراون، بەڵام کتێبەکانی لە ئێران قەدەغەن و تەنیا دوو کتێبی کراوەتە فارسی و ئەوانیش لە هەندەران چاپ و بڵاو بوونەتەوە. 
دوایین ڕۆمانی قادر عەبدوڵڵا
سەرەتاکانی مانگی ئابی ئەمساڵ، پەردە لەسەر نوێترین ڕۆمانی وەرگێڕدراوی قادر عەبدوڵڵا بە ناوی "لە مەککە" هەڵدرایەوە کە لە لایەن شەفیقی حاجی خدرەوە کراوەتە کوردی. ئەم وەرگێڕە کوردە، پێشتر دوو ڕۆمانی تری قادر عەبدوڵڵای بە ناوەکانی "خانووەکەی مزگەوتێ" و "خەتی بزماری" کردووەتە کوردی. بەم جۆرە، تا ئێستا شەش کتێبی نووسەر لە ماوەی دوو - سێ ساڵدا بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕدراون. ئەوەندەی بشزانم شەفیقی حاجی خدر خەریکی وەرگێڕانی دوایین ڕۆمانی نووسەرە کە ماوەیەک لەمەوپێش بە ناوی "ڕێچکەی قاپقاپە زەردەکان" کەوتە بەر دیدی خوێنەرانی هۆڵەندی زمانەوە. 

پێش ئەوەی دەست بە پرسیارەکانم بکەم، قادر عەبدوڵڵا دۆخی کوردەکانم لێ دەپرسێ، وەک ڕۆژنامەنووسە گەنجە چەپەکەی ساڵانی هەشتاکان مەراق دەکا بزانێ لە کوردستان چ ڕوو دەدا. ئەو پرسیارە ڕووبەڕووی من دەکاتەوە کە بۆ خۆی لە هەرەتی گەنجیدا بە دوایدا وێڵ و عەوداڵ بووە، لە توێی کتێبێکدا ویستویەتی وەڵامێکی بۆ بدۆزێتەوە و ئێستاش من نازانم لە ماوەیەکی کورتدا بڵێم چێ. تێدا دەمێنم. دواجار دەڵێم هەندێک لە سیماکانی کتێبەکەت هێشتاش لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستاندا ڕۆڵ دەبینن، جیاوازیی گەورە ئەوەیە شێخی مەزن ماڵئاوایی لێ کردووین. 


قادر عەبدوڵڵا زۆر خۆشحاڵە کە خوێنەرانی کورد کتێبەکانی وی دەخوێننەوە. پێی خۆشە بە سڵاو دەست پێ بکا: "سڵاوم هەیە بۆ خوێنەرانی کورد. دونیایەک سڵاو. بە فارسی، بە هۆڵەندی و بە کوردی."


سەبارەت بە وەرگێڕانی ڕۆمانەکانی بە زمانی کوردی دەڵێ: "هەموو کەس ئەم کتێبانە دەخوێنێتەوە، بەڵام خەڵکەکەی خۆم، بنەماڵەکەم لە ئێران ناتوانن بیانخوێننەوە. من دڵخۆشم ئێوە دەتوانن بیانخوێننەوە. کچەکانی من ڕەگێکیان کورد، زمانی کوردی و جوانییەکانی فەرهەنگی کوردییە. ئێوە کە دەخوێننەوە وەک ئەوە وایە کتێبەکانم گەڕابنەوە ماڵێ." عەبدوڵڵا دەڵێ هەوڵەکانی ئێوەی کورد بۆ وەرگێڕانم وەک وڵاتی بۆسنیا دێتە پێش چاو. چەند ساڵ لەمەوپێش لەوێ بووم، ئەوانیش لە هەموو ڕوویەکەوە لە هەوڵ دان و دەیانەوێ ئەدەبیاتی خۆیان دروست بکەن. 

یەکێکی دیکە لە ڕۆمانەکانی قادر عەبدوڵڵا کە کراوەتە کوردی و ئەمساڵ لە کوردستان چاپ کرا، ڕۆمانی "پێغەمبەر"ە، ئەم ڕۆمانە لە لایەن "دڵۆڤان" ناوێکەوە وەرگێڕدراوە، خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوەیە وەرگێڕی فارسیی ئەم ڕۆمانەش هەر ناوی خوازراوی بەکار هێناوە، هەرچەند نووسەر جەخت دەکاتەوە کە چیرۆکەکان و ڕووداوەکانی نێو "پێغەمبەر" لەسەر بنەمای ڕاستی مێژوویی ڕۆنراون و دەبێ بە گوێرەی قانونەکانی ئەدەبیات بخوێندرێنەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کاردانەوە و ناڕەزاییان لێکەوتووەتەوە.


قادر عەبدوڵڵا دەڵێ: "من کتێبی پێغەمبەرم بە ڕێزەوە نووسی. من محەممەدی پێغەمبەرم خۆش دەوێ. محەممەد پیاوێکی گەورە بوو. قورئانەکەشی یەکێکە لە جوانترین کتێبەکانی وێژەی جیهان. من ئەگەر ڕۆژێک بچمە هەسارەی مارس، بەدڵنیاییەوە کتێبی تەورات، ئەنجیل و قورئان لەگەڵ خۆمدا دەبەم. ئەمانە گرنگترین کتێبەکانی مرۆڤن."


ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکە لە زمانی زەید ئیبن سەلسەوە دەگێڕدرێنەوە و ئەم ڕۆمانە تا ئێستە بە دەیان زمان وەرگێڕدراوە. نووسەر پێی وایە کە لەم کتێبەدا، محەممەدی وەک مرۆڤ، وەک پیاوێک، وەک شاعیرێک، وەک بازرگانێک، ڕێبەرێک، پیاوێک کە ئاشقی ژنە گەنجەکانە خستووەتە ڕوو. ئەو دەڵێ "من لە خۆمەوە هیچم دەرنەهێناوە. هەمووی لە قورئاندا هاتووە. زۆر کەس ئەم کتێبەیان گەلەک خۆش دەوێ. هەندێکیش ڕقیان هەستاوە. من لە تووڕەیی ئەوان دەگەم و ڕێزیان لێ دەگرم."


نووسەر، نازناوی "قادر عەبدوڵڵا"ی لە ناوی دوو شۆڕشگێڕی کوردی هاوڕێی وەرگرتووە کە لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە لەسێدارە دراون. چۆن و بۆچ ئەو نازناوەی هەڵبژاردووە؟ 


عەبدوڵڵا هاوڕێیەکی کوردیی حوسێن بووە. قادریش هاوڕێیەکی تری کە ئەویش هەر کورد بووە. کاتێ ویستوویەتی یەکەمین کتێبی سەبارەت بە کوردەکان، واتە کتێبی "کوردەکان دەڵێن چی؟" چاپ بکا، نەیتوانیوە ڕاستەوخۆ ناوی خۆی بنووسێ. "مەترسیدار بوو. دەیانکوشتم. منیش ناوی قادر و عەبدوڵڵام لە لای یەک دانا و بووم بە قادر عەبدوڵڵا. ئەم هاوڕێیانەی من هەردووکیان ئەوکات گولـلەباران کران. بۆیەش ناویانم لەسەر کتێبەکەم هێشتەوە."


لە لایەکی دیکەوە، نازناوی "قادر عەبدوڵڵا"، پاشناوی باوکی باوەگەورەی لە کۆڵ کردووەتەوە؛ میرزا ئەبولقاسم قایم‌ مەقامی فەراهانی، پاشناوێک کە وەک سێبەر بە دوویەوە بووە. قادر عەبدوڵڵا، هەڵبژاردنی ئەم نازناوە هەم دەگەڕێنێتەوە بۆ هۆکارگەلیی سیاسی و هەم ئەدەبی. ئەو دەڵێ: "من یەکێکم لە نەوەکانی میرزا ئەبولقاسمی قایم مەقامی فەراهانی. میرزا ئەبوولقاسم لە هەموو شوێنێ ناو و دەنگی هەبوو. هەم وەزیر بوو، هەم نووسەر و شاعیر. شەقامەکانیان بە ناوی ئەوەوە کردبوو. کاتێ گەنج بووم، ئەمنیش دەمویست بەناوبانگ بم، بەڵام بە ناوی خۆمەوە. بۆیە بە دوای نازناوێکدا گەڕام. دواجار نازناوێکی خۆشم دیتەوە: قادر عەبدوڵڵا." 


بەڵام نووسەر تەنیا ناو ناگۆڕێ، وڵات و زمان و شێوازی نووسینیش گۆڕانیان بەسەر دادێ. قادر عەبدوڵڵا، ساڵی ١٣٦٧ی زایینی (١٩٨٨)، پاش لە سێدارەدانی ئامۆزاکەی، لە تەمەنی ٣٤ ساڵیدا ئێرانی بەجێ هێشتووە و لەو کاتەوە لە هۆڵەندا دەژی و بە هۆڵەندی دەنووسێ. ئەم زمانە بە زمانی ئازادی وەسف دەکا و دەڵێ: "من لەمبارەوە هیچ بڕیارێکم نەدا. خۆی وای لێهات. وەک ئاوێک کە کتوپڕ لە بن بەردێکەوە هەڵبقوڵێ. من لەناکاو بەرهەڵدا ببووم، سەرجەم ستۆپەکان شکابوون. ستۆپی زمانی فارسی، ستۆپی دابونەریتی بنەماڵە، ستۆپی فەرهەنگی، ستۆپی ئایینی. کتوپڕ وەک ئاسمانگەردێکم لێ هاتبوو کە لە بۆشایی و لە نێو ئاسمانگەڕێک دایە. ئازاد ببووم. ئەم ئازادییە زمانێکی هەبوو: زمانی هۆڵەندی. بەم زمانە دەمتوانی چیرۆکەکانم بگێڕمەوە."
لە ڕۆمانی "لە مەککە"دا ئەم گۆڕانکارییە مەزنەی ژیانی نووسەر بە هۆی زمانی هۆڵەندییەوە بەمجۆرە باسی لێوە کراوە:


"زمانە نوێیەکە {هۆڵەندی} گۆڕانکارییەکی مەزنی بەسەر ژیانی مندا هێنا. {...} بە هۆی زمانی هۆڵەندییەوە هەموو شتێک لە ژیانمدا گۆڕا، بەڵام دوو بوونەوەر، دوو ڕووخساری خۆشەویست هەرگیز نەگۆڕان؛ ئەوانیش ڕووخساری "جەواد" {ئامۆزا لەسێدارە دراوەکەی} و هی خوشکەکەم بوون." (لە مەککە، ل. ١١٤) 
قادر عەبدوڵڵا و شەفیقی حاجی خدر
لەگەڵ ئەوەشدا، زمانی دایکی، زێد و ئەدەبیاتی فارسی ڕۆڵێکی گرنگیان لە گێڕانەوەکانی قادر عەبدوڵڵادا بۆ خۆیان تەرخان کردووە. "زمانی دایکی، فەرهەنگی دەوڵەمەندی ئێرانی و ئەدەبیاتی فارسی لە نهێنییەکانی سەرکەوتنی منن. من هەندێک شتم خوێندووەتەوە و دەزانم کە هیچ نووسەرێکی هۆڵەندی نایانزانێ"، قادر عەبدوڵڵا وا دەڵێ.
 

بەمجۆرەش بەردەوام دەبێ:
"من قورئانم خوێندووەتەوە، شانامەم خوێندووەتەوە، سەعدیم خوێندووەتەوە، ڕوودەکیم خوێندووەتەوە.
من سروودە کوردییەکانم لەبەر کردووە. من شارەزای خەم و خەفەتی کوردەکانم. گشت ئەمانە هێز بە قەڵەمەکەم دەبەخشن."
 

"کوردەکان دەڵێن چی؟"، یەکەمین کتێبی قادر عەبدوڵڵایە کە بە زمانی فارسی نووسیویەتی. نووسەر لە سەرەتای ئەم کتێبەدا دەنووسێ: "بۆم دەرکەوت باشترین ڕێگە بۆ ناسینی کوردستان ئەوەیە بڕۆم و ئەوێ لە نزیکەوە ببینم، بۆیە جانتاکەم دەست دایە و کەوتمە ڕێ، سەرەتا نەمدەزانی لە کوێوە دەست پێ بکەم، دوای ڕووداوەکان کەوتم، ڕەنگە ئەمە ڕێگەیەکی باش نەبێ بۆ ناسینی کوردستان، بەڵام لەمە زیاتر هیچم لەدەست نەدەهات."
 

لە زۆر شوێنی ئەم کتێبەدا پێت وایە ڕۆمانێکی خۆش و سەرنجڕاکێش دەخوێنێتەوە و هەست ناکەی سەفەرنامە یان ڕاپۆرتێکی سیاسی بەدەستەوە بێ، بۆچی قادر عەبدوڵڵا بیری لەوە نەکردووەتەوە گەشتی کوردستان بکاتە ڕۆمان؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەبێژێ:
"هەر دوو کتێبەکەی من دەربارەی کوردستان، بەتایبەتیش "کوردەکان دەڵێن چی؟" بەرهەمی نووسەرێکی گەنجن کە لە ڕێگەیەک دەگەڕێ بۆ ئەوەی کتێبەکانی بنووسێ. کتێبی "کوردەکان دەڵێن چی؟" بە زمانێکی شیرین نووسراوە، بەڵام ئەودەم سەردەمی شۆڕش بوو. کاتی خوێندنەوەی ڕۆمان نەبوو. من چووبوومە کوردستان بۆ ئەوەی هاواری کوردەکانمان بە گوێی هەمووان بگەیەنم."
 

قادر عەبدوڵڵا دوای نووسینی ئەم دوو کتێبە سەبارەت بە کوردەکان، ڕوو دەکاتە نووسینی چیرۆک، ڕۆمان و وەرگێڕان و ئیتر ماڵئاوایی لە زمانی فارسی و ئەم جۆرە نووسینە دەکا. دوای دوو ساڵ مانەوە لە هۆڵەندا ڕاستەوخۆ بە زمانی هۆڵەندی دەنووسێ. هۆڵەندییەکی سادە و بێ گرێوگۆڵ. ئەو ڕستانەی قادر عەبدوڵڵا بەکاریان دێنێ کورت و سادەن، لێی دەپرسم ئاخۆ ئەم سادەنووسینە لەبەر نووسین بە زمانی هۆڵەندییە یان خۆی نووسەرێکی سادەنووسە؟
 

"نووسین بە زمانی ئەوانیتر، جوانیی و بەربەستی تایبەت بە خۆی هەیە. کە هاتمە هۆڵەندا سی و سێ ساڵم تەمەن بوو و لە سی و پێنج ساڵیدا بە هۆڵەندی نووسیم. سنوورداریت، بەڵام ڕێی تازە دەدۆزیتەوە بۆ گێڕانەوەی چیرۆکەکەت، ڕێگەی نوێ"، قادر عەبدوڵڵا وا دەڵێ. 
سادەنووسینیشی دەگەڕێنێتەوە بۆ سێ هۆکاری سەرەکی: "هۆکاری یەکەم، زمانی هۆڵەندییە کە زمانێکی دژوارە. هۆکاری دووەم، ئەوەیە کە سادەنووسین پرەنسیبێکی ئەدەبیاتی فارسییە. فیردەوسی دەڵێ "عجم زنده کردم بدین پارسی" (عەجەمم زیندوو کردەوە بەم زمانی فارسییە)، ڕستەیەکی سادە و پڕواتایە. هۆکاری سێهەمی سادەنووسینی من باوکم بوو. باوکم کەڕ و لاڵ بوو و من بەردەوام دەبوایە سادە، پتەو و ڕوون بە زمانی ئاماژە قسەم بۆ بکردایە."
 

زمانی ئاماژە لە چیرۆک و ڕۆمان و تەنانەت ڕاپۆرتە سیاسییەکانی قادر عەبدوڵڵادا ڕەنگدانەوەیەکی بەرچاوی هەیە. نووسەر، لە سەفەری بۆ شاری مەهاباد و دیداری لەگەڵ شێخ عیزەددین حوسێنی، بێدەنگ دەبێ و تەنیا بە زمانی ئاماژە لەگەڵی دەدوێ و بە نیگا بۆچوونەکانی پشتڕاست دەکاتەوە. لە ڕۆمانی "لە مەککەش"دا کە وەک زۆربەی ڕۆمانەکانی تر، نووسەر ئاوڕی لە ژیانی خۆی داوەتەوە، ئەم دێڕانە دەخوێنینەوە:
"من کاتی خۆی پەیم پێنەبردبوو، بەڵام دواتر کە هاتمە هۆڵەندا و لەوێ ژیام، ئەوەم بۆ دەرکەوت، هێشتاش ئەو زمانە ئاماژەیەی باوکم بەکار دەهێنم. ئەوەش مایەی سەرسامیم بوو، ئاخر هەرچەند تەمەنم هەڵدەکشا، زیاتر دەگەڕامەوە سەر خووی کۆن، سەر زمانی ئاماژە." (لە مەککە، لاپەڕە ٧٠)

ئەم وتووێژە لە ژمارەی (٩)ی گۆڤاری باران-دا بڵاو بووەتەوە.
قادر عەبدوڵڵا، لە ساڵی ١٩٩٣ بەو لاوە، یانی لە دوای چاپی یەکەم کتێب بە زمانی هۆڵەندی، دەیان کتێبی ئەدەبی بەو زمانە نووسیوە و چەند خەڵاتی نێوخۆیی و نێونەتەوەیی وەرگرتووە. بە ڕای زۆربەی ڕەخنەگران، ڕۆمانی "خانووەکەی مزگەوتێ" سەرکەوتووترین بەرهەمی نووسەرە، بەڵام خۆی لە نووسراوەیەکی کورت بۆ چاپی کوردیی "خەتی بزماری"، ئەو ڕۆمانەی بە ڕۆمانە خۆشەویستەکەی ناو دەبا، لەمبارەوە دەڵێ:
"کتێبی "خانووەکەی مزگەوتێ" بەناوبانگترین ڕۆمانی منە. بەڵام ئەمنیش وەک خوێنەرەکانم کتێبی "خەتی بزماری"م خۆش دەوێ. کتێبێکە دەربارەی باوکم. لەسەر ڕەنجەکانی باوکم و خەڵکی ئازیزی وڵاتەکەم دەدوێ. باسی خوشکەکەم و ئازارەکانی دایکم دەکا.
 

من ویستوومە گشت ئەمانە بە ئێوە نیشان بدەم. هەر کتێبێک دنیا و چارەنووسی تایبەت بە خۆی هەیە. من لەم ڕووەوە "خەتی بزماری"م زیاتر خۆش دەوێ، لەبەر باوکم."
کتێبەکانی قادر عەبدوڵڵا بۆ زیاتر لە سی زمان وەرگێڕدراون و هەزاران کەس لە ئەوروپا دەیانخوێننەوە.
 

دوای ساڵانێکی زۆر مانەوە لە هۆڵەندا، پەنابەری و کۆچ هێشتا بابەتی سەرەکیی ڕۆمانەکانی نووسەر پێک دێنن، قادر عەبدوڵڵا نایەوێ بە هەڵبژاردنی ئەم مژارانە کاریگەریی لەسەر بەردەنگی ئەوروپی و خوێنەران دابنێ. ئەو دەڵێ: "من هەرگیز نامەوێ کاریگەریی لەسەر تێڕوانینەکان دابنێم. من نامەوێ کاریگەریی لە سەر تێڕوانینی کوردەکانیش دابنێم. من لەگەڵ خۆمدا دەیانبەم بۆ سەفەر، بۆ دنیایەک کە پێم خۆشە نیشانیان بدەم. من دەمەوێ دنیای خۆم لەگەڵ ئەواندا بەش بکەم، هەر بۆیەشە دەنووسم."
 

لە کۆتایی ئەم وتوێژەدا کە بە ڕستەی کورت، پوخت و سادە و ڕەوان وەڵامی دامەوە، لە قادر عەبدوڵڵام پرسی چ شتێک لە نووسەرانی هۆڵەندای جیا دەکاتەوە، وەڵامی دامەوە:
"شتێک هەیە ئێمە بە یەکەوە گرێ دەدا، ئەویش دانیشتن و نووسینە.
شتێک ئێمە پێکەوە گرێ دەدا، ئێوەش نووسینە بۆ خوێنەر کە دواتر بەرهەمەکە دەخوێنێتەوە.
بەڵام زۆر شت من لەوان جیا دەکاتەوە، ئەویش ئەو شتانەن کە من هەمن و هەمبوون و ئەوان نیانە. ئەو شتانەش ئەمانەن: چیاکان، وشکەڕۆکان، لێڕەوارەکان، پادشا مەزنەکان، نووسەرە گەورەکان، بەرهەمە شاکارەکان، مزگەوتەکان، جەژنەکان، سەما و هەڵپەڕکێ، ژنە جوانە ئێرانییەکان، مێژووی ئێران، دایەگەورە خۆشەویستەکان، سروودە نەتەوەییەکان، دەرد و ئازاری کوردەکان، ئازەرییەکان، سیستانی و بلووچەکان. هەروەها ژنەکەم و کچەکانم کە ڕەگێکیان کوردە."

واژۆی قادر عەبدوڵڵا بۆ کتێبی کچە گەنجەکان و پارتیزانەکان
ئەزموونەکانی نووسین و نووسەریی قادر عەبدوڵڵا دەگمەن و شیاوی لێوەفێربوونن، نەخاسمە بۆ کەسێک کە خولیای فێربوون، خوێندنەوە و نووسین بە زمانێکی بێگانەی هەبێ، بەڵام کات دوژمنی قەستەسەرە. لە چاوپێکەوتنی بەم جۆرەدا، بەردەوام هەست دەکەی کات ئامادەیە و کەسی سێهەمە، هەست دەکەی لە سووچێک دانیشتووە و زوو زوو بە بیرت دێنێتەوە کە دەبێ واز لە بەرامبەرەکەت بێنێ، کە بۆی هەیە کاری هەبێ، بۆی هەیە نووسینێکی تازەی بە دەستەوە بێ، تۆش ناچار دەبێ هەستی. بەر لە ڕۆیشتن قادر عەبدوڵڵا پێشنیاری پێ کردم مادام تا ئێرە هاتووم، سەرێک لە "لاهای"یش بدەم کە نزیکە، پێی گوتم لەنێو ترامەوە دیمەنەکانی ڕێگە بەڕاستی سەرنجڕاکێشن. بە قسەم کرد.

کتێبەکانی قادر عەبدوڵڵا بە کوردی:
  • خانووەکەی مزگەوتێ، وەرگێڕانی شەفیقی حاجی خدر، هەولێر، ناوەندی ئاوێر، ٢٠١٦. 
  • سەفەری بوتڵە بەتاڵەکان، وەرگێڕانی سەلاحەدین بایەزیدی، سلێمانی، ناوەندی غەزەلنووس، ٢٠١٧. 
  • خەتی بزماری، وەرگێڕانی شەفیقی حاجی خدر، سلێمانی، ناوەندی ئەندێشە، ٢٠١٧.  
  • پێغەمبەر، وەرگێڕانی دڵۆڤان، ٢٠١٨. 
  • لە مەککە، وەرگێڕانی شەفیقی حاجی خدر، چاپخانەی حەمدی، ٢٠١٨. 
  • کوردەکان دەڵێن چی؟، وەرگێڕانی سەلاحەدین بایەزیدی، دەزگای ئایدیا، ٢٠١٨.

۱ نظر: