۱۳۹۷/۱۰/۱۶

قورسایی رازەکان


جێمس چینی

تەواوکردنی رۆمانە پێنجینەییە ناسکەکەی قورسایی رازەکان دڵخۆشیان کردبووم، ئەو رۆمانە هەم دیاری کەسێکی ئازیز و هەم وەرگێڕانێکی جوانی بۆ کرابوو، هەر لە ژوورەکەی خۆمدا بووم و بیرم لەو شێوازی تەکنیکە سەرسورهێنەرەی ئاکی شیمازاکی دەکردەوە کە چتۆ توانیویەتی ئەو رۆمانە وا دابڕێژێت.
ئەوەم لا ببووە پرسیار کە لای خودی نوسەر جەوهەری ئەو رووداوە چییە کە وا لە پێنج گۆشەنیگای جیاوازەوە گێڕدراویەتەوە، لەو خەیاڵانە بووم کە ناگەهان شیمازاکی هاتە ژوورەکەم، وەک ئەوەی چاوەڕوانی بووبم بەو هاتنەی سەرسام نەبووم و خێرهاتنم کرد و لەسەر کورسییەک لە نزیکمەوە دانیشت و یەکەم شتێک کە پێیم گوت ئەوەبوو کە ماوەیەکی کەم بەر لە هاتنی وی مۆراکامی لام بوو، دڵتەنگ بوو بەوەی نەلوایە زووتر بێت و بە دیداری مۆراکامی بگات، هەر زووش ئەوەی لەبیر خۆی بردەوە و لێمی پرسی:
ـ قورسایی رازەکانت تەواو کرد؟
ـ بەڵێ، دەمێکە تەواوم کردووە و هێشتا چەندین تێبینیم لەسەری لا گەڵاڵەیە، ئەوەی زۆر لام گرنگە بیزانم ئەوەیە چ شتێک ئەو رووداوەی لات وا بە بایەخ کردووە کە لە پێنج گۆشەنیگایەوە بۆمانی بگێڕیتەوە؟
ـ مەبەست هەر تاکە رووداوێک نییە، هەر وەک چۆن لە رۆمانگەلێک کارەکتەرێک دەکرێتە چەقی باسەکان، لێرەدا رووداوێک چەقی هەموو باسەکانە.
ـ جەنابی هۆریبت وەک درندە وێناکردووە و هەموو خراپەکاری و کاردانەوە خراپەکانت خستوەتە ملی ئەو، لە کاتێکدا هەر لە رۆمانەکەدا چەندین رووداوی هاوشێوە هەن، وەک نموونە جگە لە یوکیۆ کە منداڵی ناشەرعی هۆریبە ماریکۆ و تاکاهاشیش منداڵی ناشەرعین، باوکە ناشەرعییەکەی ماریکۆ کە قەشەیەکە بە چاک وێنات کردووە؟
ـ وانیە.. باوکی ماریکۆ بە چاک نیشان نەدراوە، راستە بە خەمی کچە ناشەرعییەکەیەوە بووە، بەڵام ئەوە باشی جەنابی قەشە نیشان نادات، جەنابی هۆریبیش بۆ یوکیۆی کوڕە ناشەرعییەکەی باشە، بەڵام هەر بە کەسێکی چەپەڵەم نیشان داوە و ئەوم لە جێگای هەموواندا دادگایی کردووە و دواجار بە مەرگیش سزام داوە...
ـ پێنج کەس رووداوەکان دەگێڕنەوە، زۆرینە باسی چەپەڵییەکانی هۆریب دەکەن بە تایبەت لە تسوباکی و هۆتاروودا کەچی مافی بەرگری لەخۆکردنت نەداوەتە هۆریب، نەدەکرا یەکێک لە بەرگەکان ئەو گێڕەرەوە بوایە؟
ـ وەک گوتم ئەوە زیاتر دادگایی هۆریبە، تۆ چەپەڵییەکانی و ئەو کاریگەرییانە بەسەر هەمووانەوە ببینە کە چەندین ساڵ دوای مردنیشی هێشتا کاریگەری بەسەر تاکەکانەوە هەبووە. یوکیۆ و یووکیکۆ لە نائاگا خوشک و برای یەکتربوون و کەچی کەوتبوونە داوی خۆشەویستی یەکترەوە تا ساتی مردنیشیان هەر بەو ئازارەوە ناخی خۆیان دەخواردەوە. ماریکۆ شەرمەزاری جەنابی تاکاهاشی هاوسەری بوو و بەهۆیەوە بەردەوام لە ئازارێکی ویژدانی قول دەژیا، تاکاهاشی لە پێناو ماریکۆ وازی لە میراتگری بنەماڵەکەی هێنا کەچی بە داوی کرێتییەکانی هۆریبەوە ئاڵا و تا ئەوەی چەندین ساڵێکیشی لە جەنگ و دیلێتیدا بەسەر برد، پێت وایە کەسێک کە ژیانی ئەو هەموو مرۆڤەی گرفتار کردبێت شایەن بەوەیە رێگای قسەکردنی پێ بدرێت؟
ـ هاوڕاتم، تۆ چاکتر رووداوەکانت نیشان داوە و هەر خۆشت سزای هۆریبت داوە.
ـ دروستە.
ـ ئاکی خانم، پرسیارێکی ورد و مافی وەڵامنەداوەنەشت پێ دەدەم، ئایا تۆ بە بنەچە کۆریایی؟
ـ ئەم تێبینییە لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟
ـ تۆ ببینە لە بەرگی سێیەمدا کە تسووبامە، ماریکۆ و پێشتریش دایکی باسی کوشتارگەکەی ساڵی 1923ی کۆریاییەکان دەکەن کە ژاپۆنییەکان دوای بومەلەرزەکەی ئەوساڵە دژی کۆریاییەکان ئەنجامییان دا، تۆ هاوشێوەی ئازاری ویژدانی تاوانەکانی هۆریب بۆ کارەکتەرەکانیان، بەوەش ئازارت داون کە بنەچە کۆریایین و بەڵام تا مردن نەیانوێراوە دەری ببڕن.. ئایا لێرەدا ویستوتە تاوانەکانی گەلی ژاپۆنمان نیشان بدەی؟ تۆ لە کاتێکدا ئەو کوشتارگەیەی دەستی ژاپۆنییەکان دەگێڕیتەوە کەچی لە گێڕانەوەی مەرگەساتی بۆمبارانی ئەتۆمی ئەمریکا لە هیرۆشیما و ناگاساکی خۆت دەبوری؟
ـ من ئازاری مرۆڤایەتم گواستۆتەوە نەوەک ئازاری کۆریاییەکان، دواجار هەموومان مرۆڤین و لە خۆشی و ناخۆشییدا هاوبەشین، هیچ گرنگ نییە من بە بنەچە کۆریایی بم یاخود ژاپۆنی، ئەوەی کە دەبینی ئەوەیە هەستم بە ئازارەکانی ئەوانی دیکە کردووە و هیچی دیکە. خۆ لە تسووباکیشدا کاتێک یووکیکۆ بەسەر کارەساتی ناگاساکییدا دەگەڕێتەوە رووداوەکانم نیشان داون..
ـ دروست دەڵێن خانم، راستی ئەوەت لێ ناشارمەوە زۆر سەرسامی شێوازی نوسینی ئەو پێنجینەیەم، گێڕانەوەی هەمان رووداو لە پێنج گۆشەنیگای جیاواز و بە دیدی پێنج کارەکتەری جیاواز، ئەوە سەلیقە و هونەرکارییەکی زۆری دەوێ..
ـ ترسم هەبوو نەتوانم شتێکی نوێ لەو رۆمانانەدا بگێڕمەوە، وام دانا ئەگەر زیادەیەکم بۆ گێڕانەوەکان نەبی با هەوڵ بدەم بە رێگایەکی نوێ بیانگێڕمەوە.
بە پێکەنینەوە پێیم گوت بە دڵنیاییەوه لەوەشدا سەرکەونتنت بەدەست هێناوە.
بەو پێداهەڵدانەم دڵخۆش بوو و بەوەش کە گوتم نیازم وایە پێنجینەی دووەمی بەناوی (لەنێو دڵی یامۆتۆ) ـدا بخوێنمەوە.
هەستا و پیاسەیەکی ناو ژوور و کتێبخانەکەمی کرد، منیش خەریکی رێکخستنەوەی سەر مێزەکەی خوێندنەوە بووم، کەمێک پاشتر هاتەوە لام و هەردوو رۆمانی (کۆتەڵی رۆژ) و (نرکەی چیاکە) ـی لەسەر مێزەکەم دانا و گوتی : ئەگەر بەڵێنم پێ بدەی بیانخوێنیتەوە ئەوا منیش بەڵێنت پێ دەدەم نوسەرەکانیان بانگهێشتی ژوورەکەت بکەم.
ئەو پێشنیارە گەشاندمییەوە و بێ یەک و دوو بەڵێنم پێی دا بە زووترین کات بیان خوێنمەوە.
دوای ئەو رێککەوتنەی نێوانمان داوای ئەوەی لێ کردم کە مۆڵەتی ئەوەی پێ بدەم لە ژوورەکەمدا بمێنێتەوه، منیش ئاسایی رێگام پێ دا و چوو لە دووری منەوە لەسەر کورسییەک دانیشت و دەستی بە نوسینی بەرگی کۆتایی پێنجینەی سێبەری کەرتەشی کرد و منیش هەر لەسەر مێزەکەی بەردەمم رۆمانی زۆڵەکەی ئیستانبووڵم راکێشایە لای خۆم و لاپەڕەکانیم لێک کردەوە و دەستم بە خوێندنەوەی کرد....

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر