۱۳۹۶/۰۸/۰۹

دانی لافێریێر: ناونیشان نادەین

وێنە: سەلاحەدین بایەزیدی

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی ئۆکتۆبر، دانی لافێریێر نووسەری کەنەدی بە ڕەچەڵەک هایتی لەسەر بانگهێشتی ئەنیستیتۆی زمان و شارستانییەتی فەڕەنسی (ILCF) لە زانکۆی نۆشاتێل کۆڕێکی پێشکەش کرد.

ئەم نووسەرە کێبکییە کە هاوکات ئەندامی ئاکادیمیای زمانی فەڕەنسییە، دەبوایە مانگی مەی ڕابردوو لە نۆشاتێل بوایە، بەڵام بە هۆی ئەوەی دایکی کۆچی دوایی کردبوو، نەیتوانیبوو ئەودەم ئامادە بێ و سەفەرەکەی بۆ ئێستا دوا خستبوو. 


لافێریێر، لەو ئێوارەکۆڕەدا وێڕای قسەکردن لەسەر ئەزموونی خۆی لە بواری نووسیندا، باسی لە مژارگەلی وەک پەنابەران و خوێندنەوەش کرد. 


لافێریێر کە لە ژێر ستەمی دیکتاتۆر و زەبر و زەنگ لە تەمەنێکی گەنجدا لە وڵاتەکەی ڕای کردووە و پەنای بۆ کەنەدا بردووە، گوتی: ''من بەردەوام بەرامبەر بە وشەی تاراوگە هەستیار بووم و ویستوومە سەر لەنوێ پێناسەی بکەمەوە. پەناخواز لە ڕوانگەی منەوە ئەو کەسە نییە کە دەڕوا، بەڵکوو ئەو کەسەیە وا دەمێنێتەوە. بە بۆچوونی من دیکتاتۆڕ کە دەمێنێتەوە لە مەنفایە. ئەوە ناتوانێ بە دڵی خۆی بجووڵێتەوە. بۆ ئەوەی بژی، دەبێ پارە ببەخشێتەوە. لە زۆر شت بێبەشە. ڕۆیشتن یانی جموجوڵ، یانی زیندووبوون. جاران خەڵکی دەوڵەمەند سەفەریان دەکرد، پێیان دەگوترا گەشتیار، بەڵام ئێستا هەژارەکانن سەفەر دەکەن، هەژارەکان بوونە خەڵکانی پوختە و گەڕیدە."


لافێریێر پێی وایە ئەو لە وڵاتی خۆی ماوەتەوە و بزربوونی لە مەنفا بووە. "دوای من دایکم هەروا لەو ماڵە دەژیا کە من لێی ژیابووم، هەڵبەت ئەمجارە بێ من. ئەو بزربوونە لە مەنفا بوو."


ئەو پێی وایە نووسەر سەر بە هیچ نەتەوە و زمانێک نییە، خوێنەران سەر بە نەتەوە و زمانەکانن نەک نووسەر. ئەو خۆی بە نووسەر و خەڵکی هایتی دەزانێ، بەڵام خۆی بە نووسەرێکی هایتی نازانێ.


لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ناوبراو سەرنجی بۆ سەر گرنگیی نووسین و خوێندنەوە ڕاکێشا و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەدەبیات کردنەوەی پەنجەرەیەکی نوێیە. گوتی: "خوێندنەوە بۆ ئەوەیە لەو پەنجەرەوە باز بدەی و خۆت لە کێشەکانی دونیای ئەمڕۆ ڕزگار بکەی. بۆ ئەوەی بچێتە کوێ؟ ئێمەی نووسەر و خوێنەر دەزانین ئەو شوێنە کوێیە. بەڵام ئادرەس نادەین. نابێژین نووسەر و خوێنەر کە سیحری وشە بەسەریاندا زاڵ دەبێ، دەچنە کوێ. ئەگینا پۆلیسمان دەنێرنە سەر. سیستەمێکی ئیداری لەوێش دادەمەزرێنن و لەوێش جاڕزمان دەکەن. باج دەستێنن. ئێستاش بە پێی پێویست باجیان خستووەتە سەر خوێندنەوە، بۆ ئەوەی نەتوانین بخوێنینەوە."


لە ڕوانگەی نووسەرەوە، پێناسەکردنی کتێب مەحاڵە. وزەیەکی گەورە لە توێی کتێبێکدا شاراوەیە. نووسەر وزەیەکی بێ هاوتا دەخاتە نێو کتێبەوە. دەبێ ئەو وزەیە چ وزەیەک بێ کە سنووری سەدەکان دەرباز دەکا؟  


"خوێندنەوە بێدەنگیمان بەسەردا دەسەپێنێ. کە سۆفۆکلێس دەخوێننەوە، ئێوە بێدەنگ دەبن و ئەو دێتە گۆ. ئەو مردووە، بەڵام لە سەردەمی دەنگە دەنگدا بێدەنگی دەکاتە دیاری. ئەو بێدەنگی پێویست بووە تاوەکوو بنووسێ و دوو هەزار ساڵ دواتر ئەو بێدەنگییەت پێشکەش دەکا بۆ ئەوەی بخوێنیتەوە. کەواتە ئەوە وزەی بێدەنگییە هەزارەکان تێدەپەڕێنێ. بێننە بەرچاو ئەگەر ئەو کتێبانە نەبوایەن چ دەقەوما! دەنگ و هەرای دونیا چی لێ دەکردین؟ دوو کەس بێننە بەر چاوتان کە لە تەنیشت ئێوە لە نێو مەترۆ دانیشتوون و قسە دەکەن، یەکیان خەیاڵی لەوێ نییە و هەردووکیان زیندوون. بەڵام لەو لاتر کەسێک بە بێدەنگی دانیشتووە و لە تەک کەسێکدا دەدوێ کە چەندین سەدەیە مردووە و ئەم گوێی لێ دەگرێ."


ئەدەبیات توانای گۆڕینی هەیە، ئەدەبیات دەتوانی شەرابی خراپ بگۆڕێ و بیکاتە شەرابێکی چاک. 


"لە ڕۆمانی یەکەممدا شەراب زۆر ڕەنگی داوەتەوە. من دەمتوانی لە ڕۆمانەکەدا ئاماژە بە شەرابی باش بکەم، ئەدەبیاتە، چی تێ دەچێ؟ بەڵام شتێک هەیە لە ئەدەبیاتدا پێی دەگوترێ دەست پێوەگرتن. نووسەری وا هەن دەست پێوە ناگرن و زۆر خەرج دەکەن. من کەسێکم شەرابم پێ خۆشە. بەڵام نابێ بە چاوی هەژارانیدا بدەی. بۆیە شەرابی خراپم کڕی. بە ئەدەبیات دەتوانی ئەو شەرابە بگۆڕی. دەڵێم بوتڵێکی چاک شەرابی خەراوم لە پێش خۆم دانابوو، پڕشنگی خۆر بە پەنجەرەکەدا دەهاتە ژوور. ساڵانێک دواتر ژن و مێردێکی گەنجی فەڕەنسیم بینی، ئەوان گوتیان تۆ ژیانی ئێمەت ڕزگار کردووە. گوتم چۆن؟ گوتی ئێمە هەژارین و پارەمان نییە شەرابی چاک بکرێن، پێشتر نەماندەزانی چ بکەین، بەڵام دوای خوێندنەوەی کتێبەکەت زوو زوو بە یەکتری دەڵێین پێت چۆنە بوتڵێکی چاک شەرابی خراپ بکڕین؟"


دانی لافێریێر، ساڵی ١٩٥٣ لە هایتی لەدایک بووە، لە ساڵی ٢٠١٣ ئەندامی ئاکادیمیای فەڕەنسایە. زیاتر لە دە ڕۆمانی نووسیوە و "مەتەڵی گەڕانەوە" یەکێکە لە ڕۆمانە هەرە بەناوبانگەکانی. 

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر