هه‌ڤپه‌یڤین:
ئه‌نوه‌ر حه‌سه‌ن پور
سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی
سه‌ید جه‌لال نیزامی ساڵی ١٩٥١ له‌گوندی کورانه‌ی سه‌ر به ناوچه‌ی برادۆستی شاری ورمێ له‌دایک بووه. وه‌ک خۆی ده‌ڵێت کوڕی سه‌ید محه‌ممه‌ده له بنه‌ماڵه‌ی ساداتی نه‌هری وشه‌مزینان و بنه‌ماڵه‌که‌یان به‌دوای تێکشکانی شۆڕشی سه‌ید عوبه‌یدولای شه‌مزینی (١٨٨٠) په‌نایان هێناوه بۆ ئێران و زۆربه‌یان له‌ناوچه‌ی مه‌رگه‌ڤه‌ری ورمێ نیشته‌جێ بوون.
نیزامی قۆناغه‌کانی خوێندنی سه‌ره‌تایی له‌گونده‌کانی برادۆست تێپه‌ڕاندوه، دیپلۆمی ئه‌ده‌بی له‌شاری ورمێ و لیسانسی زمانی ئینگلیزی له‌زانکۆی ئازادی تاران وه‌ر گرتوه. ساڵی ١٩٧٣ له ڕادیۆ قه‌سرشیرین و کرمانشان وه‌ک بێژه‌ر و وه‌ڕگێری به‌رنامه‌ی کوردی به‌شی کورمانجی ده‌ست به‌کار بووه، دوای ٣ سال بۆ به‌رێوه‌بردنی ئێزگه‌ی کوردی (بناب) ناردویانه بۆ شاری (ته‌ورێز)، تا سالی ١٩٧٩ له‌وێ ماوه‌ته‌وه.
دوابه‌دوای ڕووخانی ڕژێمی شاهه‌نشاهی ماوه‌یه‌کی کورت له ڕادیۆ و ته‌له‌ڤیزیۆنی ورمێ وه‌ک بیژه‌ر کاری کردوه. ئه‌وکات ڕادیۆ و ته‌له‌ڤزیۆنی ورمێ ته‌نیا ١٥ خوله‌ک له ڕۆژدا ده‌نگ و باسی بڵاو ده‌کرده‌وه.
سه‌ید جه‌لال نیزامی له‌م وتوێژه‌دا ده‌ڵێ "به‌ڵام چونکه پروپاگه‌نده‌ی ده‌و‌ڵه‌تی ئه‌و کات دژی گه‌لی کورد بوو ناچا ڕ بووم ده‌ست له‌کار بکێشمه‌وه. له‌به‌ر هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و ڕزگاریخوازی چوومه ناو پارتی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران و وه‌ک پێشمه‌رگه له ناوچه‌ی سۆما و برادۆست ده‌ستم کرد به‌خه‌بات ١٣٥٨ هه‌تاوی (١٩٨٠)."
دوای ڕاگه‌یاندنی لێبوردنی گشتی له‌لایه‌ن خومه‌ینیه‌وه له ساڵی ١٣٥٩دا، سه‌ید جه‌لال نیزامی به‌و هیوایه‌ی که ئه‌گه‌ر شه‌ڕ نه‌که‌ن، مافیان پێ ده‌درێت و خودموختاری کوردستان جێبه‌جێ ده‌کرێ، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ورمێ و جارێکی تر له ڕادیۆ ده‌ست به‌کار ده‌بێته‌وه. به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان له ڕادیۆ کوردی تاران داده‌مه‌زرێ.
ساڵی ١٣٦١ی هه‌تاوی (١٩٨٢) له تارانێ به‌هاوکاری چه‌ند که‌س له‌مه‌لایانی کورد (سید احمد وسید مباره‌ک حسینی) که له شاری قوم داده‌نیشتن، گۆڤاری (آمانج) به بوودجه‌ی سازمانی ته‌بلیغاتی ئیسلامی به‌رێ ده‌خه‌ن که سه‌رجه‌م ٢٧ ژماره‌ی لێ ده‌رچوو.
ساڵی ١٩٩٦ خانه‌نشین ده‌کرێ و پاش ٢٢ ساڵ مانه‌وه له‌تاران گه‌ڕاوه‌ته‌وه ورمێ و ئێستا له‌و شاره ده‌ژی.
سه‌ید جه‌لال نیزامی ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نوسه‌رانی سروه بووه و هاوکات به‌شی کورمانجی گۆڤاره‌کانی دیکه‌شی به‌ڕێوه بردوه.
ئه‌گه‌ر بوار بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی زمانی کوردی له‌ئێراندا به‌رته‌سک بووبێ، له‌و ناوه‌دا، نەخاسمە بۆ زاراوه‌ی کورمانجی ژورین به‌رته‌سکتریش بووه. ئێوه له‌و مه‌ودا به‌رته‌سکه‌ی له سروه‌دا بۆتان ڕه‌خسابو، چۆن هه‌وڵتان ده‌دا ئه‌و بۆشاییه قه‌ره‌بوو بکه‌نه‌وه؟
سه‌ید جه‌لال نیزامی: من له‌سه‌ره‌تادا زۆرتر بایه‌خم ده‌دا به‌زیندوکردنه‌وه و ڕاگرتنی فۆلکلۆر ئه‌ده‌بی شه‌فاهی (گه‌لێری و زارگۆتن). چونکه بۆ مه کوردان فۆلکلۆر گه‌نجینه‌یه‌کی زه‌نگین و ده‌وڵه‌مه‌نده وپێناسه‌ی گه‌لی کورده. خۆتان ده‌زانن گه‌لی کورد چونکه به درێژایی مێژوو نه‌یتوانیوه فه‌رهه‌نگ و داب ونه‌ریتی به‌نووسین بپارێزێ، له‌سینگی خۆیدا ڕایگرتوه‌و زار به زار گه‌ڕاوه بۆ ئێمه به‌جێ ماوه. ئێستاش کاتی ئه‌وه هاتوه نه‌هێڵین بفه‌وتێ، ئینجا له‌قه‌راخ کارکردن له‌سه‌ر زمان و ئه‌ده‌بی کوردی، تێکۆشام هه‌رچی به‌یت و قسه‌ی کۆن وله‌مێژینه هه‌یه بۆ ڕۆژنامه‌و گۆڤاره‌کانی بنێرم. هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته یه‌که‌مین بابه‌ت که بۆ سروه ناردم، به‌یتی (سیسه‌بان) بوو. له‌ژماره‌ی چواری سروه‌را ده‌ستم کرد به ناردنی بابه‌ت و ته‌قریبه‌ن له‌هه‌موو ژماره‌کانی سروه‌دا نووسین و بابه‌تم هه‌یه له‌بواری فۆلکلۆر، مێژووی ئه‌ده‌بی کوردی و هه‌ڵبه‌ست.
ڕۆڵی ئه‌و گۆڤاره له بوژاندنه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگ و وێژه‌ی کوردی‌دا چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
گۆڤاری سروه که له به‌هاری ١٣٦٤ی کۆچی هه تاوی، ١٩٨٥ی زایینی له‌لایه‌ن ئینتشاراتی سه‌لاحه‌دینی ئه‌یوبییه‌وه ده‌ستی به‌وه‌شان کرد، ڕۆلێکی سه‌ره‌کی له په‌ره‌پێدان و زیندوکردنه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگ و وێژه‌ی کوردی‌دا گێراوه، چونکه له‌سه‌ره‌تادا کاتێک ئه‌م گۆڤاره بڵاو بۆوه، تازه به تازه خویندن و نووسینی کوردی، ڕه‌نگی ئازادی وسه‌ربه‌ستی به‌خۆوه ده‌دی. گه‌لی کورد دوای تێکچوونی ڕژێمی په‌هله‌وی و لاچوونی به‌ربه‌ند له‌سه‌ر زمانه‌که‌ی، تێنووی نووسین و خویندن به زمانی خۆی بوو. جا به‌هاوکاری نووسه‌ری به‌هێز له‌ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی ئێران کاری به‌نرخی ئه‌ده‌بی و فه‌رهه‌نگی له‌م گۆڤاره‌دا جیبه‌جێ کرا و به‌شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاو گه‌یشته ده‌ستی خوینه‌رانی خۆی. بوونی مامۆستا هێمن و ئه‌حمەدی قازی و ده‌سته‌یه‌ک له نووسه‌رانی زانا ودلسۆژ، بابه‌ته‌کانی ئه‌م گۆڤاره‌ی گه‌یاندبوه پله و ڕاده‌یه‌کی به‌رز و بڵند.
گۆڤاری سروە تا چەند توانی لەپاڵ زاراوەی کورمانجی ناوین، پەرە بەزاراوەکانی دیکەش بدات و پشتگوێان نەخات؟
له‌ته‌عریفی زماندا وتراوه که زمان جاری یه، یانی له جه‌ره‌یان دایه‌و گۆڕانکاری به‌سه‌ردا دێت. ئینجا هه‌ر زمانێک که کاری له‌سه‌ر بکرێت و زۆرتر قسه‌ی پێ بکرێت و نووسین و خویندنی زۆر بێت، ئه‌وا ئه‌و زمانه به‌ره‌و ته‌کامولی خۆی ده‌چێ و ده‌وله‌مه‌ند و به که‌ڵک ده‌بێ، زمانی کوردیش دوای سه‌ربه‌ست بوونی خویندن و نووسینی له ئێران‌دا په‌ڕه‌ی پێ دراوه و گۆرانکاری به‌سه‌ردا هاتووه، به بۆچوونی من گۆڤاری سروه سه‌رکه‌وتنێکی زۆری سه‌باره‌ت به‌پێشخستنی زاراوه‌کان له‌پاڵ زاراوه‌ی کورمانجی ناویندا ده‌سته‌به‌ر کرد، چونکه له‌م گۆڤاره‌دا نووسینی جۆراجۆر له‌سه‌ر زمان، ئه‌ده‌بیات، دیرۆک، هونه‌رو بابه‌ته‌کانی دی به چاپ گه‌یه‌ندران و خوێنه‌ری زۆری بۆ لای خۆی ڕاکێشا، هه‌ڵبه‌ت له ته‌نشت ئه‌م زاراوه‌یه‌دا زاراوه‌کانی تریش به‌تایبه‌ت کورمانجی ژووروو، یا ن ڕۆژاڤا په‌ره‌ی پێ دراوه‌و بێ بایه‌خ نه‌ماون.
له ژماره چه‌نده‌وه گۆڤاری سروه به کورمانجیش وه‌شانی کرد؟ ته‌رخانکردنی چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌ک به‌و شێوه‌زاره بیرۆکه‌ی چ که‌سانێک بوو؟
سروه چوار ژماره‌ی ده‌رچووبوو که به‌شی کورمانجی تێدا نه‌بوو، من که ئه‌و کا ت له تاران بووم وله ئێزگه‌ی کوردی تاران وه‌ک بێژه‌رو وه‌رگێڕ کارم ده‌کرد نامه‌یه‌کم نووسی بۆ مامۆستا هێمن به سه‌ردێری (گله و گازنده‌ی خۆماڵی) ڕه‌خنه‌م ئەوه بوو چۆن ده‌کرێت زاراوه‌یه‌ک که خاوه‌نی مێژوویه‌کی ئه‌ده‌بی کۆنه و به میلۆنان که‌س قسه‌ی پێ ده‌که‌ن پشتگوێ بخرێت وئیزنی نووسینی نه‌بێ. هه‌روه‌ها ئاماژه‌م به‌و هه‌ڵبه‌سته‌ی خۆی کردبوو که گوتوویه : ته‌ماشا که‌ن چ سه‌یرێکه به‌ده‌ستی دیله‌وه دیلم. پاشان له‌ژماره‌کانی دی چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌ک بۆ کورمانجی ته‌رخان کرا. کافی عه‌له‌وی، سه‌رتیپ مه‌نسوری و په‌رویز جیهانی وه‌ک ئه‌ندامی کارا ده‌ست به کار بوون و منیش وتار‌و بابه‌تم بۆ ده‌ناردن.
ماوه‌یه‌ک ئه‌و به‌شه‌ی سروه به تیپی ئارامی بوو، به‌ڵام پاشان کرا به لاتینی. لەکاتێکدا کە لاتینی نوسین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بەو شێوەیە باو نیە، ئێوه چه‌نده له‌گه‌ڵ ئه‌و گۆڕانکارییه هاوڕا بوون و تا چه‌ند پێتان باش بوو بەشی کورمانجی سروە بە پیتی لاتینی بێ؟
من بڕوام وا بوو که کورمانجی به لاتین بێ، چونکه هه‌م بۆ بلێڤ کردن و ته‌له‌فوز باش بوو، هه‌میش بۆ خوێنه‌رانی گۆڤاره‌که له‌ده‌ره‌وه‌ی ئێران لاتینی چاکتربوو، به‌م هۆیه بوو که له ژماره‌کانی دوایی سروه‌دا، نووسینی کورمانجی به‌لاتینی بوو، ته‌نانه‌ت له‌سالی ٢٠٠٢ و ٢٠٠٣دا دو ژماره ته‌واو به لاتینی ده‌رچوو به ناوی sirwe taybetî kurmancî. سه‌رنووسه‌ری ژماره‌ی یه‌که‌م کافی عه‌له‌وی و هی ژماره‌ی دووه‌م من بووم.
به‌بروای من کوردی به‌گشتی به‌لاتینی بنووسرێت باشتره چونکه لاتینی هه‌م بۆ ته‌له‌فوز کردن و دانانی نیشانه‌کانی فۆنۆتیکی ڕا‌حه‌ته و هه‌میش خه‌تی ته‌کنیک وزانستی ڕۆژه.
له ڕۆژهه‌ڵاتیش دروسته که لاتینی باو نیه به‌ڵام له نێو کورمانجی ئاخێڤه‌کاندا خوێنه‌ر و هۆگری زۆره، به‌م هۆیه هه‌وڵماندا که له سروه‌دا به‌لاتینی بنووسین.
قۆناغی گه‌شه‌ی سروه یان لوتکه‌ی ئه‌و گۆڤاره به‌ڕای ئێوه چ قۆناغێک یان چ ساڵانێکه و بۆچی؟
سروه کاتێ که ده‌سته‌ی نووسه‌رانی به‌هێز بوو وه‌کو ئه‌حمه‌د قازی، عه‌زیز که‌یخوسره‌وی، جه‌لال مه‌لکشاه، مارف ئاغایی، سواره فتووحی، ڕه‌سووڵ وه‌یسی، په‌رویز جیهانی، کافی عه‌له‌وی، سه‌رتیپ مه‌نسووری وچه‌ند که‌سێک تر که له‌وێدا وه‌ک ئه‌ندامی کارا خه‌ریکی نووسین بوون و بێجگه له‌وان له ده‌رێش نووسه‌رانی به‌ناوبانگ هاوکاریان ده‌کرد، جار بۆ جار پڕ بارتر ده‌بوو، به‌ڵام دوای ده‌رباز بوونی ١٠ ساڵ له ته‌مه‌نی، به‌تایبه‌ت پاش کۆچی دوایی مامۆستا هێمن و له‌دوای ئه‌ودا له ده‌ست چوونی مارف ئاغایی، جه‌عفه‌ر قازی و سه‌رتیپ مه‌نسووری به ڕوداوی ئۆتۆمبێل له‌جاده‌ی مه‌هاباد – ورمێ، هه‌روه‌ها دوابه‌دوای کشانه‌وه‌ی نووسه‌رانی، کز‌و لاواز بوو. ورده ورده له بوودجه‌ی ئه‌م گۆڤاره که‌م کرایه‌وه، کارمه‌ندانی له‌به‌ر دابین نه‌بوونیان و گیروگرفتی ئابوری ده‌ستیان له کار به‌ردا وئیتر که‌سه‌کی وای تێدا نه‌ما. پاشان ناوه‌ندی گۆڤاره‌که بۆ تاران ڕاگۆێزرا (٢٠٠٤) و پاش ماوه‌یه‌کی کورت له تارانه‌وه ڕاگۆێزرا بۆ شاری سنه.
ئه‌ی ئه‌گه‌ر بێینه سه‌ر خاڵه لاوازه‌کانی سروه، ئه‌و خاڵه لاوازانه کامانه‌ن؟
خاڵه لاوازه‌کانی سروه به‌بڕوای من کارنه‌کردن و که‌مته‌رخه‌می له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانی شیوه‌زاره‌کانی تری کوردی و نزیک کردنه‌وه‌ی زمان و فه‌رهه‌نگی کۆمه‌ڵگای کوردی به‌گشتی بووه، ده‌نا به‌راستی له ڕه‌وتی ڕۆژنامه‌گه‌ری ڕۆژهه‌لاتی کوردستاندا گۆڤاری سروه جێگه‌ی شانازییه.
باستان له‌وه کرد که سروه که‌مته‌رخه‌م بووه سه‌باره‌ت به‌زاراوه‌کانی دیکه و پشگتوێی خستوون، یانی گرنگی به شێوه زاراوه‌یه‌کی تایبه‌ت ده‌دا؟
به‌ڵێ، ده‌توانم بڵێم که سروه بۆ نزیک کردنه‌وه‌ی زاراوه‌کان ڕۆلێکی وای نه‌بووه و ته‌نیا بایه‌خی داوه به زاراوه‌ی موکریانی. هه‌ڵبه‌ت له واژه‌و په‌یڤی زاراوه‌کانی تر به‌تایبه‌ت کورمانجی به‌هره‌ی وه‌رگرتووه، ده‌نا سیستمێکی ئه‌وتۆی بۆ نزیک کردنه‌وه‌ی زاراوه‌کان نه‌بووه. من هاتم له دو ژماره‌ی سروه که تایبه‌ت بوو به‌کورمانجی، به لاتینیش بڵاومان ده‌کرد، لاپه‌ڕه‌یه‌کم ته‌رخان کردبوو بۆ به‌رامبه‌ر کردنی واژه‌کان به‌سه‌ردێڕی (ده‌ڤۆکێن ده‌ڤه‌را) که تیێدا دیارمان ده‌کرد که له ناڤچه‌کانی کوردستان بۆ وێنه چه‌ند ناو بۆ شه‌مچه هه‌یه: شه‌مچه، شقارته، کربیت، گۆرت، پتک و هتد. دیاره دروست کردنی یه‌ک زمان به نێوی زمانی ستاندارد یان یه‌کگرتوو بۆ ته‌واوی گه‌لی کورد جێ به‌جێ نابێ و ته‌نیا ده‌کرێت زاراوه‌کان له‌یه‌کتر نزیک بکرێنه‌وه. سروه چونکه له‌ژێر چاودێری دابوو ڕه‌نگه ده‌سه‌ڵاتی نه‌بوبێ که زۆرتر له‌سه‌ر چۆنیه‌تی زمان خه‌ریک ببیت، به‌هه‌رحاڵ دیسانیش باندۆری له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانی زمانی کوردی هه‌بووه‌و ناتوانین نکۆڵی لێ بکه‌ین.
یەکێک لەو ڕەخنانەی زۆر جار ڕوبەڕوی گۆڤارەکە دەبۆوە، ئەوە بو کە سروە گۆڤارێکی بێ لایه‌ن نییه و ئامانجداره، ئەو ڕەخنەیە چەند له جێ دابوو؟
ئه‌م ڕه‌خنه‌یه دروست و به‌جێ یه، سروه له‌سه‌ره‌تاوه له لایه‌ن دام وده‌زگای سه‌رۆک وه‌زیری و به‌هیممه‌تی شاره‌زایانی کورد دامه‌زرا، به‌رپرسه‌کان و بوودجه‌ی له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه دیاری ده‌کرا.
داخرانی گۆڤاری سروە دوای بیست و پێنج ساڵ و بڵاوبونەوەی ٢٨١ ژمارە، به‌لای ئێوه‌وه ڕوداوێکی ئاساییە یان نائاسایی؟
من پێم وا نییه که داخرانی سروه له‌به‌ر گرفتی مادی بووبێت، چونکه خه‌رج و مه‌خارجی له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه دابین ده‌کرا. به بیرورای من وه‌کو ده‌ڵێن تاریخ مه‌سره‌فی ته‌واو ببوو، کاتێک بریار درا که داخرێت، ئیتر تینوێتی فه‌رهه‌نگی له‌نێو کوردان‌دا تا ڕاده‌یه‌ک شکا و، له‌باری ڕامیاریشه‌وه ده‌وڵه‌ت چیدی له‌ژێر فشار و گووشاندندا نه‌بوو، ئارامی و بێ ده‌نگی خۆی نواندبوو. ئینجا ده‌وڵه‌ت وه‌ک ڕابردوو پێداویستی به‌هه‌بوونی گۆڤارێکی وه‌ک سروه نه‌بوو.
هەروەک لە هەواڵەکاندا هات بەهۆی گرفتی مادییه‌وه ئەو گۆڤارە نەیتوانیوە بەردەوام بێ، ئەگەر ئەو گرفتە نەبوایە، بەڕای ئێوە باشتر وابوو سروە بەردەوام بێ یان کۆتایی هێنان بەچاپی ئەو گۆڤارە لە جێگەی خۆیدا بوو؟
ده‌بێ بڵیم که سروه به یه‌کجاری دانه‌خرا، به‌ڵکو له‌به‌ر که‌مته‌رخه‌می کاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌ت و یارمه‌تی نه‌دانی نووسه‌ران کز‌و بێ ڕه‌نگ بوو. من له‌نزیکه‌وه شاهیدی ئه‌م ڕاستییه بووم. هه‌روه‌کو له‌پێشێ ئاماژه‌م پێ‌کرد پاش ماوه‌یه‌ک دره‌نگ له‌چاپ دانی یانی هه‌ر سێ چوارمانگ جارێک به‌هۆی نه‌بوونی کارگێرو نووسه‌ره‌وه گۆێزراوه بۆ تاران، دواییش به گۆڕانی کادرو ده‌سته‌ی نووسه‌ران، ناردیانه شاری سنه. چاپی گۆڤاری سروه ئێستاش به‌رده‌وامه به‌ڵام نه به گه‌رم وگوڕی جاران. دیسانیش نیازی به‌هاوکاری نووسه‌ران وئه‌ده‌ب په‌روه‌رانی کورد هه‌یه تا له‌مردنی یه‌کجاری ڕزگار ببێت.
وه‌ک دوا پرسیار، پێگەی ئەو گۆڤارە لەناو مێژوی ڕۆژنامەنوسی کوردی‌دا بەگشتی و لەکوردستانی ئێران بەتایبەتی چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
ئه‌گه‌ر بێین و به‌وردی له کات و شێوه‌ی کار‌و خه‌باتی سروه و شوێن دانانی سروه له زیندووکردنه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگ وئه‌ده‌بی کوردی‌دا بنۆڕین ده‌بینین که به ڕاستی گۆڤاری سروه له‌مێژووی ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردی‌دا پیگه‌یه‌کی قورس وقایمی بۆ خۆی ته‌رخان کردوه. له کوردستانی ئێرانیشدا گۆڤارێکی سه‌ربه‌رزو به‌پله و پایه‌یه. ئه‌م گۆڤاره توانی په‌ره به فه‌رهه‌نگ و وێژه‌و هونه‌ری کورد بدات. توانی نووسه‌ران وهونه‌رمه‌ندان به یه‌کتر بناسێنێ وبه یه‌کتریان بگه‌یه‌نێ. هه‌روه‌ها توانی خوێنه‌رێکی زۆر بۆ لای خؤی ڕابکێشێ.
له‌به‌رهه‌مه چاپکراوه‌کانی سه‌ید جه‌لال نیزامی:
١- هزر ۆ هێڤی (شیعر)
٢- مه‌مێ ئالان، ئه‌میرێ کوردان (شرۆوه‌ی به‌یتی مه‌می ئالان کۆکردنه‌وه‌ی ڕۆژێ لسکۆ)
٣- د‌ستور زبان کردی به فارسی، به هاوکاری دوکتۆر ابراهیم پوور
٤- جامعه‌شناسی و زبان شناسی کورمانجی به فارسی
٥- دیوانا مه‌لا محه‌ممه‌دێ سه‌یدا له‌سه‌ر ده‌ستنووسه‌وه بۆ یه‌که‌مین جار (چاپی هه‌ولێر، کۆڕی زانیاری)
٦- فێربوونی سێ زمان له زه‌مانێکدا ( انگلیسی، فارسی، کوردی) به کتێب و cd.
٧- hewara di xerîbîyê de وه‌رگه‌ر له فارسی ( فریاد در غربت – علی بدرخانی).
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر