۱۳۸۹/۰۵/۲۳

موحسین خالیدی: ئەوانه‌ی پێیاندەگوتین جاش قەڵەم، ئەمڕۆ فەرشی سوورمان بۆ ڕادەخەن



هەڤپەیڤین:
ئه‌نوه‌ر حه‌سه‌ن پور 
سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی

 
موحسین خالیدی کوڕی کەمالەدین، ساڵی ١٣٤١ی هەتاوی لە شاری بانە لەدایکبووه. ساڵی ١٣٤٢ بەهۆی تێکۆشانی سیاسیی باوکی بۆ شاری (ئەزنا) لە پارێزگەی لۆرستان دوورخراونەتەوە. دوای ٢ ساڵ چوونەتە تاران و تا کۆتایی خوێندنی ٥ی سەرەتایی لەوێ‌ ژیاوە. دواتر ڕۆیشتونەتە شاری سنە و ٧ ساڵیش لەوێ‌ بوون. خالیدی، ساڵی ١٣٥٨ بۆتە پێشمەرگەی حزبی دیموکرات و ساڵی ١٣٦٥ گەڕاوەتەوە ئێران. ساڵی ١٣٧٢ ژیانی هاوسەریی لەگەڵ (ژیلا کەریمی) پێکهێناوە و هەر ئەو ساڵەش بە شێوەی ڕەسمی لە گۆڤاری "سروە"دا دەستی بەکار کردوە، ساڵی ١٣٧٩ یەکەم کەس بووە کە لە سروە دەرکراوە و دوای ماوەیەکی کەم، هاوڕێیانی تری وەک (کافی عەلەوی، ڕەسول وەیسی، سوارە فتووحی و ...) بەو دەردەی ئەوەوە چوون و بێکار کراون. ساڵی ١٣٨٠ چۆتە ئەنیستیتۆی کورد لە تاران و لە دەرچوونی یەکەمین و ئاخرین ژمارەی گۆڤاری (کوردستان) ڕۆڵی کارای هەبووە. لەساڵی ١٣٨٢ وە لە شاری هەولێر نیشتەجێیە و سەرقاڵی کاری ڕۆژنامەنوسیە. لەرۆژنامەی ڕۆژانەی (کوردستان ڕاپۆرت)دا سکرتێری بەش بووە و ئێستاش لەرۆژنامەی (خەبات)، (راڤە) و (دەنگی پێشمەرگە)دا کار دەکا. ساڵی ١٣٨٧ لیسانسی زمان و ئەدەبیاتی کوردی لە زانکۆی سەلاحەدین وەرگرتوە. موحسین خالیدی دەڵێ: ئێستاش بە سەربەرزی بەرەو جێژنی ٥٠ ساڵیم هەنگاو دەنێم لەکاتێکدا لەم جیهانە پان و بەرینە یەک گلۆپم نییە، بەڵام بەوە دڵخۆشم کە کەس ناتوانێت بە منداڵەکانم بڵێت "باوکت هیچی بۆ میللەتەکەی نەکرد".

یەکەم بابەتی چاپکراوی موحسین خالیدی شێعرێک بووە بە ناوی (پاییز مەیە) کە لە ژمارە ١٧ی ئەو گۆڤارەدا بڵاوکراوەتەوە، بەڵام وەک دەڵێت "لەبیرمە کە کۆتایی شیعرەکەیان قرتاندبوو کە دروستەکەی ئاوا بوو (پاییز تۆ مەیە با نەیەت زستان، بەڵکو بە خەیاڵ بێت هەستی هەستان). هەرچەند خالیدی بەشیعر دەستی پێکردوە، وەلێ لە سروەدا زۆرتر بابەتی لێکۆڵینەوەی لەسەر مێژووی شارەکانی کوردستان و بابەتی ڕخنەی ئەدەبی نووسیووە و جاربەجاریش شیعرە تازەکانی بڵاو دەکردەوە.

ئاماژەتان بەوە دا دوای حەوت ساڵ کارکردن لە گۆڤاری سروە دەرکراون و بەدوای ئێوەشدا کەسانی دیکە، هۆکاری دەرکردنتان چی بوو؟ کێ بڕیاری دەرکردنی کارمەندانی سروەی دەدا؟

موحسین خالیدی: ماوەیەك بوو كە بەرپرسانی سروە هەستیان كردبوو كە من توانیومە پردێكی پەیوەندیی باش لە نێوان (سروە) و نووسەرانی پاریزگای كرماشان و ئیلام دروستبكەم، هاوكات نامەیەكم لەلایەنێكی سیاسی بۆ هاتبوو كە ئێستاشی لەگەڵدا بێت، نەمزانی هی كێ‌ بوو، بەڵام بەرپرسانی سەرەوە دیبوویان، هاوكات نەچوونە ژێرباری ئەوەی كە (سروە) بەرەو ئەو ئاقارە ببەین كە ئەوان دەیانویست و دواتریش بەرهەمەكەیمان دیت، بەشێك لە هۆكارەكانی دەركردنی من و هاوڕێیانم بوو. لەگەڵ ئەوەشدا (تاریخ مصرف)ی ئێمە تەواو ببوو، كاتێك كەمتر كەسێك خوێندن و نووسینی كوردی دەزانی، پێویستیان بە ئێمە بوو، بەڵام دواتر كۆمەڵە كەسێك هاتنە پێش و ئێمە خراینە پاشخان. پێشم سەیر نییە، چونكە ئەوە حاڵەتانەش بەشێكن لە خەبات. بڕیاری دەركردنیش بە دەست (رەحیم مەشایی) و تاقمە كاربەدەستەكەی بوو.

ڕۆڵی گۆڤاری سروە لە زیندوکردنەوەی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردیدا چۆن دەنرخێنن؟

بێشک بڵاوبوونەوەی هەر چەشنە گۆڤار یان ڕۆژنامەیەک، کاریگەریی تایبەتی هەیە و سەرهەڵدانی گۆڤاری (سروە)ش لە بارودۆخێکی تایبەتی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردستانی ئێران، شۆڕشێکی ڕووناکبیرانە بوو کە بنیاتنەرانی کوردی ئەو گۆڤارە و لە پێش هەموویان مامۆستا (هێمن)، ئەو هەلە ڕەخساوەی قۆستەوە کە ڕژیم بۆ مەرامی تایبەتی خۆی دەیویست بەکاری بێنێ‌، ئەوە لە سەردەمانێک بوو کە لە دوای کۆماری کوردستان لە مەهاباد، دەرفەتی خوێندن و نووسینی بە زمانی دایک بۆ کوردی ئێران نەرەخسابوو. کەواتە، سەرهەڵدانی گۆڤاری (سروە) یەکێک لە گرنگترین قۆناغەکانی زیندووکردنەوەی ئەدەب و فەرهەنگی کوردی بووە و بووە قوتابخانەیەک کە بە سەدان لاوی کوردی فێری خوێندن و نووسین کرد.

هەروەک دەزانین سروە یادگاری مامۆستا هێمنە، بەڵام مەرگ مەودای بە مامۆستا هێمن نەدا چەند ژمارەیەک زیاتر ببینێ، گەلۆ سروەی دوای هێمن، خەونەکانی هێمنی وەدی هێنا؟

خەونی مامۆستا هێمن هەبوونی گۆڤارێکی ئەدەبی کوردی بوو تا دواساتی ژیانیشی هەوڵی بۆ دا و ڕێبوارانی ڕێی توانیان وێرای ئەو هەموو تەنگ و چەڵەمە و سانسۆر و ... گۆڤارێکی وا بەرهەم بێنن کە جێی ڕەزامەندیی هەر تاکێکی کورد بە هەر پلەیەکی خوێندەواری بێت. بە بڕوای من ئەو کەسانەی کە لە بەردەم ئاگردان دادەنیشتن و سروەی دوای مامۆستا (هێمن)یان دەخستە پلەی سفر، یان هیچیان لەو بابەتە نەدەزانی یان بۆ خۆدەرخستن قسەی خەڵکی دیکەیان دووبارە دەکردەوە تا لە قافڵەی قسەبازان دوا نەکەون.

باشە گۆڤاری سروە تا چەند توانی وڵامدەرەوی ویست و داخوازییەکانی چینی ڕۆشنبیر و قەڵەم بەدەستی کوردستان بێ؟

هەروەک ئاماژەم پێدا، دەبێ‌ بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەو سەردەمە لەبەر چاو بگیردرێت تا بتوانین لێکدانەوەیەکی نزیک لە واقیعەکە بکەین. لەو سەردەمەدا، خەڵکی ئێمە بە بیرکردنەوەیەکی سیاسی تۆخ گۆشکرابوون، کەواتە سروە نەیدەتوانی وەڵامدەری ئەو بەشە و ئەو داخوازییانە بێت، بەڵام بە بڵاوکردنەوەی بابەتی کوردی وا کە بڕێکجار هەستی نەتەوایەتی خۆی تێدا حەشار دەدا، نەیدەهێشت ئەو ئاگرە زوو دابمرکێ‌. پێموایە کەمتر کەسێک سەرنجی بەرگی کتێبە چاپکراوەکانی ناوەندی بڵاوکردنەوەی فەرهەنگ و ئەدەیی کوردی (سروە)ی دابێت کە چۆن بە سێ‌ ڕەنگی ئاڵای کوردستان نەخشاون کە بەرهەمی هونەرمەندی کۆچکردوو (جەعفەر قازی)بوو. بەرپرسانی سەرەوەش درەنگ بەوەیان زانی. بەڵام لە بواری ئەدەبییەوە ڕاشکاوانە دەڵێم کە سروە یەکێک لە کاریگەرترین بڵاوکراوەکانی کوردییە کە توانی تا ئاستێکی باش وەڵامدەری داخوازییەکانی ئەو سەردەمەی کوردستانی ئێران بێ‌، وەک بەڵگەهێنانەوە بۆ سەلماندنی قسەکانم، بڵاوکردنەوەی چەندین هەفتەنامە و گۆڤار و ... و سەرهەڵدانی دەیان ڕۆژنامەنووس و شاعیر و چیرۆک و ڕۆماننووس دەهێنمەوە کە دوای چەند ساڵ لە بڵاوبوونەوەی سروە خۆیان نواند.

قۆناغی گەشەی سروە یان لوتکەی ئەو گۆڤارە بەڕای ئێوە چ قۆناغێکە؟

سروە بەپێی سیاسەتی بەڕێوەبردنی، زۆربەی کات لەسەر یەک هێڵ دەڕۆی و بە لەبەر چاوگرتنی ڕێژەی خوێندەواریی خەڵک، تێدەکۆشا بۆ هەر چینێکی کۆمەڵگە بابەتی هەبێت، بۆیە لە بابەتی سادە و ساکار تا شیعر و بابەتی قورس و پسپۆریشی تێدا بوو، بۆیە پێموایە سروە لە یەکەمین ژمارە تا ٢٠٠ هەمووی بە لووتکە دادەنرێ‌، بەڵام لەوە بەدوا بە پێی سیاسەتی دارێژراو کە دەتوانم بڵێم پیلانێکی دیاریکراو بوو، تووشی کێشەیان کرد و کەمفرۆشتنی بەڵگەی قسەکانمە.

بۆچی پیلانیان بۆ داڕشت، ئایا پێویستیان بە سروە نەمابوو؟

مەسەلە ئەو نەبوو كە پێویستیان بە سروە نەمابوو، بەڵكو پیلانی سەرەكی بۆ وێرانكردنی ئەو ژێرخانە ئەدەبیی و زمانەوانییە بوو كە سروە بناخەی دانابوو. ئەوان دەیانویست خەڵك لە خوێندنەوە بتارێنن.

گرنگترین خاڵە لاوازەکانی ئەو گۆڤارە بەڕای ئێوە کامانەن؟

خاڵی لاوازی سروە تەنیا لە نەبوونی سەربەخۆیی لە کاردا دەبینم، چونکە دەبوایە هەموو بابەتێکمان بە فارسی وەربگێڕایە و ئینجا دوای بڕیاری ئاغایان و تەنانەت سانسۆری زۆر، بڵاوبکرابایە، بڕوا بکەن چەندینجار نیو دێری شێعرێکی کلاسیکیان لابردووە و هەر جارەی دەبوایە دەمەقاڵەمان بکردایە. تەنانەت بەکارهێنانی ژمارەی ٤ لە نووسینەکان قەدەغە بوو. بۆ وێنە نەدەکرا لە شێعرێکتدا بڵێی (من لە چوار دەلاقەوە لە دونیا دەڕوانم). کەواتە ئەگەر لەو ڕوانگەوە لە کارەکان بڕوانی و بێیتە ناو جەرگەی کارەکەوە، حەقم پێدەدەن کە بڵێم بە بەراورد لەگەڵ لایەنی بەهێزی، خاڵی لاوازی وای نەبوو کە زۆر زەق بنوێنێ‌.

ماوەیەک لە گۆڤاری سروە هەوڵ درا بۆ نوێبونەوە لەڕوی فۆرم و ناوەڕۆکەوە و گفتوگۆیەکی بەربڵاو دروست بوو و گفتوگۆکان تەنانەت تەشەنەیان سەند بۆ ناو ڕوناکبیرانی دەرەوەی سروەش. بەڵام ئەو گفتوگۆیان نەکەوتنە واری کردارییەوە. بەڕای ئێوە کۆسپەکانی بەردەم نوێبونەوەی گۆڤاری سروە چی بوون؟

ئەو نوێبوونەوە کە باسی لێوەدەکەن لە دوای دەرکردنی کارمەندانی چەندین ساڵەی سروە هاتە ئارا و وێرای داوای لێبوردن لەو هاوڕێیانەم کە دوای ئێمە هاتن، دەبێ‌ بڵێم کە کەوتنە داوی پیلانی بەرپرسانی سەرەوە. نوێبوونەوە لە سروە بە پێی بارودۆخەکان دەکرا، بەڵام پەڕینەوە بۆ قۆناغی پۆستمۆدێرنیزم لە وڵاتێکدا دەکرێ‌ کە خەڵکەکەی ئەوەندە شارەزایی لە زمانی دایک و قۆناغە ئەدەبییەکان هەبێت تا بتوانێت لەگەڵ ئەو شێوازە نووسینە ڕابێت. ئێمە (کادیرانی پێشوو) زۆرجار بابەتی لەو چەشنەشمان بڵاوکردبۆوە، بۆ نموونە شیعرەکانی کاک (حەمە ساڵح سوزەنی ) یان (یونس ڕەزایی)، بەڵام هەرگیز لەسەر ئەو باوەڕە نەبووم و نیم کە لە بارودۆخێکی وادا بێیت، ڕێبازی گۆڤارێک بگۆڕی. سەیرێکی ڕێژەی فرۆشتنی سروە لە ٨٠ ژمارەی کۆتایی بکەن تا ئەو ڕاستییەتان بۆ بسەلمێ‌ کە چۆن بەرپرسانی ئەو ناوەندە توانیان خەڵک لە خوێندنەوە دوور بخەنەوە.

سەبارەت بەستانداردکردنی زمانی یەکگرتوو، گۆڤاری سروە ڕاشکاوانە پێشوازی لەو بۆچونانە دەکرد کە شێوەزاری موکریانی ببێتە زاراوەی ستاندارد، هەرچەند ئەو گۆڤارە گرنگی بە زاراوەکانی دیکەش دەدا. تاچەند سروە لەو ئامانجانە نزیک بویەوە و ڕۆڵی چی بوو لە نزیک کردنەوەی زاراوەکان لێکتری؟

من لەگەڵ ئەو ڕایە بەو شێوە گشتگیرە نیم، بەڵام بێشک هەبوونی مامۆستا هێمن و دواتر کاک (ئەحمەد قازی) لە لووتکەی دەستەی نووسەرانی ئەو گۆڤارە و سەرنجدان بەو ڕاستییەی کە ئەو دوو مامۆستا بەڕێزە شارەزاییەکی باشیان لەسەر زمانی کوردی هەبوو و پەخشان و نووسینەکانیان شاهیدی ئەو قسەن، کاریگەری لەسەر ئەوە هەبووە کە تا ڕادەیەک شێوەزاری موکریانی کاریگەریی خۆی بنوێنێ‌، هاوکات ئەو ڕاستییەش لە بیر نەکەین کە زۆربەی نووسەرانی سروە خەڵکی بانە و سەقز و بۆکان و مەهاباد بوون کە کاریگەریی ئەو شێوەزارەیان بەسەرەوەیە، بەڵام پێموابێ‌ کە سروە یەکێک لە دەگمەن گۆڤارەکانی کوردییە کە بە زۆربەی زارەوە و بن زارەوەکان بابەتی بڵاوکردووەتەوە (کەلهۆری، هەورامی، کرمانجی سەروو بە پێتی لاتین و...). ئەوەش بۆ تاقانە گۆڤاری کوردی لە وڵاتێکی پان و بەرین وەک ئێران و لەو بارودۆخە تایبەتییەدا کارێکی یەکجار گەورە و جێی شانازیی بوو.

بەو پێیەی ئێوە باسی دەکەن، ئاخۆ گۆڤاری سروە لە کرماشان، ئیلام و بەشی باکوری ئازەربایجانی ڕۆژئاواش برەوی هەبو و لەلایەن خەڵک و نوسەرانی ئەو ناوچانەوە پێشوازی لێدەکرا؟

بەڵێ‌، بێشك لاینگری زۆر باشمان هەبوو. ئەگەر سەیری نووسینەكان بە تایبەت لە نێوان ساڵانی ١٣٧٤ تا ١٣٧٩ بكەین، دەبینین كە نووسەرانی لای كرماشان و ئیلام تا چەند بابەتیان بڵاوكراوەتەوە. ناوی (عەلیرەزا خانی/ ئیلام، فەرهاد عەزیزی، فەریدون قەنبەر وەیسی/ كرماشان. هوشەنگ ڕەشیدی/ ئیسلام ئاباد. عەزیز و عومەر مورادی، تاهبر ڕەمەزانی و فەریدون میرئەحمەدی/ جوانرۆ. كاوە سپەنجی (پاوە) و ... ئەو ناوانەن كە ئێستا لە یادم ماون كە هاوكاری باشی سروە بوون.

رێنوسی گۆڤاری سروە بە لای ئێوەوە چۆن بوو؟

کاریگەری مامۆستا هێمن و کاک ئەحمەد قازی و دواتر جوانەمەرگ (مارف ئاغایی) و ئەو خوێندنەوە بەردەوامەی دەستەی نووسەران کە زۆربەیان لە شاخ فێری خوێندنی کوردی ببوون، وایکرد کە ڕێنووسی سروە زۆر زوو خۆی بنوێنێ‌، تەنانەت کاریگەریشی لەسەر نووسەرانی کوردستانی عێراقیش هەبوو. بەو پێیەی کە زمانی کوردی و فارسی سەر بە یەک بنەماڵەی زمانین (هیندوئەرووپایی)، بۆیە لە داڕشتنی ڕستەدا بە پێچەوانەی زمانی عەرەبی کە سەر بە بنەماڵەی زمانیی (سامی)یە، دروستتر بەکار هێنران. هەر ئەو ڕێنووسە بوو بە سەرچاوەی زۆربەی ئەدیبانی کوردستانی ئێران.

یەکێک لەو ڕەخنانەی زۆر جار ڕوبەڕوی گۆڤارەکە دەبۆوە، ئەوە بو کە سروە گۆڤارێکی قەرەباڵغەو تایبەتمەند (تەخەسوسی) نیە، ئەو ڕەخنەیە چەندە بە جێ بوو؟

تۆ لە وڵاتێکدا دەتوانی گۆڤاری تایبەتیت هەبێت کە لانیکەم دەیان گۆڤار و ڕۆژنامە بگاتە بەر دیدی خوێنەران. چ جا خێرە کە ئەو سەردەمەی کە سروە تاقانە گۆڤاری کوردی لە ئێران بوو، بکرایە بە گۆڤارێکی تایبەت بە بوارێک. بە پێچەوانەی ئەو بۆچوونە، پێموایە کە ڕازی سەرکەوتن و خۆشەویستبوونی سروە، ئەو هەموو چەشنییەی بوو کە زور کەس بە پێی حەزی خۆی کەڵکی لێوەردەگرت.

داخرانی گۆڤاری سروە دوای بیست و پێنج ساڵ و بڵاوبونەوەی ٢٨١ ژمارە، ڕوداوێکی ئاساییە یان نائاسایی؟

کە شاڵاوی دەرکردنی یەک بە یەکی کارمەند و نووسەرە کۆنەکانی سروە دەستیپێکرد و بە پێی ئەو سیاسەتە نوێییەی کە دایڕشتبوو و هەنگاوەکانی دوای ئەو تا گواستنەوەی بۆ تاران و... داخستنەکەی ئاسایی دەینواند.

بەڕای ئێوە گواستنەوە بۆ تاران و دواتر سنە لەپێناوی چیدا بو و ئامانج لەو گواستنەوانە چی بوو؟

بە كورتی، دوورخستنەوەی لە خەڵكی كوردستان و وردەوردە هەنگاونان بەرەو داخستنی و سڕینەوەی ئەو پیرۆزییەی كە هەیبوو، ئامانجی سەرەكی ئەو هێنان و بردەیە بوو.

لە هەواڵەکاندا هات بەهۆی گرفتی مادی ئەو گۆڤارە نەیتوانیوە بەردەوام بێ، ئەگەر ئەو گرفتە نەبوایە، بەڕای ئێوە باشتر وابو سروە بەردەوام بێ یان کۆتایی هێنان بەچاپی ئەو گۆڤارە لە جێگەی خۆیدا بوو؟

هەبوونی هەر چەشنە بڵاوکراوەیەک دەتوانێ‌ خزمەتی خۆی بکات یان لانیکەم تینوویەتی کەسانێک بشکێنێ‌، کەواتە بوونی سروە بەهەر جۆر و بابەتێک پێویست بوو، هەرچەند لێتان ناشارمەوە کە دوای ژمارە ٢١٠ هیچ ژمارەیەکیم نەدیوە.
کە باسی داخستنی بەهۆی کێشەی مادی دەکەن، گاڵتەم پێیاندێت، چونکە لەم چەندساڵەی دوایی وەک ئاگادار بم، لە تاران دەرچووە و وەک سەردەمێ‌ دەرچوونی لە ورمێ‌، بارگە و کارمەند و ... نەبووە، کەواتە بۆ وڵاتێک کە لەسەر دەریای نەوت خەوتووە و بەرپرسی یەکەمی سروە (مەشایی) لە هاوڕێیان و جێگرەکانی ئەحمەدی نژادە، زۆر عەیب و شوورەییە کە کێشەی مادی بکەنە هۆکاری داخستنی سروە. نەخێر، ئەوان بەو سیاسەتەی کە لە ١٠ ساڵی ڕابردوو پەیرەویان کرد، توانیان پیرۆزیی و گەورەیی سروە تێکبشکێنن تا ئەو جێگەی کە دایانخست.

پێگەی ئەو گۆڤارە لەناو مێژوی ڕۆژنامەنوسی کوردیدا بەگشتی و لەکوردستانی ئێران بەتایبەتی چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

ئەوەش وەک زۆر شتی دیکە، دەبێ‌ مێژوو شاهیدی بۆ بدات، بەڵام بە بڕوای خۆم، پێموایە کە سروە لە مێژووی ڕۆژنامەنووسی کوردیدا شوێنێکی بەرز و شیاوی بۆ خۆی تەرخانکردووە. ئەو کەسانەی کە تا دوێنێ‌ پێیاندەگوتین (جاش قەڵەم)، ئەمڕۆکە فەرشی سوورمان بۆ ڕادەخەن و بەو ئاکامە گەیشتوون کە سروە بە هەوڵ و ماندووبوونی یەک بە یەکی کارمەندانی، توانی ترووسکێک لە هیوا بۆ دوارۆژ لە دڵی میللەتدا زیندوو بکاتەوە. هەر ئەو نیشانەی سەرکەوتنی سروە بووە.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر