۱۳۸۹/۰۵/۲۵

فۆڕم و دیزاینی سروە لە وتوێژێکدا لەگەڵ سەیوان سەعیدیان


هەڤپەیڤین:
ئەنوەر حەسەن پور
سەلاحەدین بایەزیدی

 
سه‌یوان سه‌عیدیان، گرافیست و شێوه‌کاری رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ساڵی ١٩٧٢ لە شاری پیرانشار لەدایک بووە. خوێندنی سەرەتایی تا دیپلۆمی لە شاری مەهاباد تەواو کردوە. لەساڵی ١٩٩٤ەوە دەستی بە چالاکی هونەری کردووە و دەرچووی بەشی شێوەکاری کۆلێژی هونەرە جوانەکانی شاری سلێمانییە. سەیوان سەعیدیان له‌ساڵی ١٣٧٦ه‌وه‌ دوابه‌دوای کۆچی دوایی مارف ئاغایی، جه‌عفه‌ری قازی و سه‌رتیپ مه‌نسووری ده‌بێته‌ هاوکاری گۆڤاری سروه‌ و بۆ ماوه‌ی نزیک به‌ دوو ساڵ له‌گه‌ڵیان به‌رده‌وام ده‌بێ. سه‌یوان له‌و دوو ساڵه‌دا بە گرێبەست، کاری لەسەر مۆتیڤەکانى گۆڤارى سروەی دەکرد. سه‌باره‌ت به‌داهاته‌ مادیه‌که‌ی پێمان دەڵێ "داهاتى ئەو کارەم یەکجار کەم بوو. بەڵام سەرەتایەکى باش بوو بۆ بە پرۆفێشناڵ بوون لە کارە هونەریەکانمدا."

لە گۆڤاری سروەدا، تا چەند سەربەست بووی لە کارکردندا و هێڵە سورەکان چی بوون؟
سه‌یوان سه‌عیدیان:
ئەو پرسیارە بە گشتى بە جۆرێک گرێدراوى سیاسەت و ستراتیژى گۆڤارەکەیە. گۆڤارێک کە خاوە ئیمتیازەکەى حکوومەتێکى تێئۆکراتیک و میلیتاریست بوو بە جۆرێک دەیەویست بە دانى کۆمەڵێک ئیمتیازى بچوک پرۆپاگەندەیەکى گەورەى پێبکات و لە هەمان کات لە ئاستى نێودەوڵەتیشدا خۆى دیموکرات نیشان بدات. دیارە لە بەرامبەریشدا کۆمەڵێک کەسایەنى رۆشنبیر و نوسەرى کورد هەبوون کە ئەوانیش بە جۆرێک داخوازى قۆستنەوەى ئەو دەرفەتە بوون کە رەخسابوو. بە تایبەت کە لە هەلومەرجى ئەو کاتدا هیچ گۆڤار و بڵاوکراوەیەکى جیدى بە زمانى کوردى نەبوو. دەتوانم بڵێم هەر لە سەرەتاوە پێکهاتنێکى سیاسى لە نێوان ئەو دوو بەرەیەدا بوونى هەبووە و تا ڕادەیەکیش سنوورەکان دیارىکراو بوون. منیش بێ ئەوەى بمەویت یان نا، پێویست بوو لە سنوورە تێنەپەڕم. ئەوەى ئەو کات بە لامەوە سرنج ڕاکێش بوو ئەوە بوو کە لە ورمێ ناوەندەکە دوو نهووم بوو. لە نهوومى یەکەم سەرجەم کارمەندانى سروە بوون و هەموو نهوومى دووهەمیش بۆ کەسێک بوو بە ناوى ئاغاى "جەوادى"-ئەگەر ناوەکەیم هەڵە نەکردبیت- کە کورد نەبوو. شێوازى کارى من بەو جۆرە بوو کە مۆتیڤەکانم لە مەهاباد کار دەکرد و دواى تەواو بوون دەمبردەوە بۆ ورمێ. ئەوەى سرنج ڕاکێش بێت ئەوه‌ بوو کە ئاغاى جەوادى دەبوو یەک بە یەکى دیتبا و منیش بۆم شی کردباوە. هێندێ جار هێندێک لە مۆتیڤەکانیش لا دەبران. ئەو مەبەستەش زیاتر لە هەر شتێک جۆرێک خۆ سانسۆرى تێدا بەدى هێنابووم کە دەرەنجامى باش نەبوو. خاڵى دووەم شێوازى بەستنى لاپەڕکان (صفحە ارایى) بوو. کە لە ورمێ و بە دەست دەکرا و پێشتر شوێنیک بۆ مۆتیڤێک دیارى دەکرا و منیش هەر دەبوو بۆ ئەو شوێنە و بۆ ئەو قەبارەیە کار بکەم. دیار لە رەوشێکى بەو شێوەیەدا فەزاسازى ماناى نامێنێت و دەرفەتى داهێنانیش زۆر لاواز دەبێت. ئەوە بوو کارەکانى ئەو قۆناخە لە پۆلینبەندى کار و پرۆژەکانم بە لاواز یان مامناوەندى دیارى دەکەم.

سروە گۆڤارێکی قەڕەباڵغ بو و هەمو بابەتێکی لە رەخنەی ئەدبییەوە بگرە تا دەستوری چێشت لێنانی دەگرتە خۆ، ئایا ئەوە ئاسته‌نگی بۆ کاره‌که‌ی تۆ دروست نه‌ده‌کرد؟

ئەو مەبەستە لە بوارى تکنیکییەوە زۆر بۆم جێگاى گرفت نەبوو.

گۆڤاری سروە لە ڕویی فۆرم و دیزاینەوە چۆن هەڵدەسەنگێنن و تا چەند لەم بوارەوە سەرکەوتوو بو و تا چه‌ند گرنگی به‌و بواره‌ ده‌دا؟

لە سەرەتاى دەرچوونى گۆڤارەکەدا من منداڵ بووم. هەموو جارێ وەکوو شتێکى پیرۆز دەهاتە ماڵەوە و سەرەتا دەگەییشتە خوشک و برا گەورەکان دواتریش بۆ ئیمە. ئەودەم هیچ زانیارییەکم سەبارەت بە فۆرم و دیزاین نەبوو. هەست دەکەم ئەو کات دیزاینەرى کوردیشمان نەبووبێت یان زۆر دەگمەن بوون. هەر بۆیە بەڕاى من دەرچوونى گۆڤارەکە زۆر گرینگتر بووە لە چۆنیەتى فۆڕمى. خاڵێکى تریش ئەوەیە کە تا ئەورۆش لە باشوور و رۆژهەڵاتیش بە دەگمەن سەرنووسەر وخاوەن ئیمتیاز هەن فۆڕمیان ئەوەندە پێ گرینگ بێت و بە شێوازێکى ئاکادمیک بیناسن. هەر بۆیە من ئەو لایه‌نە زۆر ناسروشتى نابینم کە لە ڕووى فۆڕمەوە باش نەبووبێت. چەند ساڵ لەمەوبەر چەند ژمارەیەکى سروەم بینى کە "کەیانوش غەریب پور" کارى هونەرى کردبوون. کە ئەوانەم بینى هەستم بە شانازى کرد. زۆر جوان و پرۆفێشناڵ بوون.

هەروەک بەڕێوەبەرانی سروە ئاماژەی پێدەدەن دەبوایە هەموو بابەتەکان کرابانە فارسی و بە فیلتەری کاربەدەستانی ئێراندا تێپەڕیبان، ئایا ئەو فیلتەرە دیزاینی سروەشی دەگرتەوە؟

هەر وەک پێشووتر باسم کرد من تەنیا کارى مۆتیڤم دەکرد و هەر وەک بۆم باس کردن لەویشدا سانسۆر هەبوو. بەڵام نە دەکران بە فارسی!

کۆسپە سەرەکییەکان چی بون لە بەردەم پێشکەوتن و گەشەسەندن و نوێبونەوەی گۆڤاری سروەدا؟

هەر وەک باس کرا یەکەم شت دەگه‌ڕێتەوە بۆ ستراتێژى گۆڤارەکە و ئەو چوارچێوەى کە هەر لە سەرەتاوە بۆى دانرابوو. دیارە ئەو مەبەستە هەموو لایەنێکى فیکرى، ئەدەبى، سیاسى، ئابوورى و هونەریش دەگرێتەوە. لەوەش گرینگتر ئەوە بوو کە ئەو گۆڤارە هەموو رەوتەکانى دەبوایە لە شوێنێکى سەرووتر –کە بەداخەوە زیاتر سیاسى و میلیتاریستى بون تا فیکرى و فەرهەنگى- بڕیارى بۆ گیرابا تا کارگێرانى گۆڤارەکە. من و کاک فەڕشادى وەلی زادە بەیەکەوە چووین بۆ سروە. من بۆ جیگاى کاک جەعفەرى قازی هەمیشە لە یاد و کاک فه‌ڕشادیش لە جێگاى کاک مارف دەسبەکار بوو. ئێمە هەر لە سەرەتاوە بڕیارى گۆڕینى فۆڕم و ناوەرۆکمان دا. ئەو مەبەستەش لەگەڵ دۆستان باس کرا. من بەرنامەى گۆڕانى هونەرى سروەم پێشکەشى کاک ئەحمەدى قازى وەکوو سەرنووسەر کرد. ئەو وتى هیچى لە دەست نایەت. دواتر ئەو پێشنیارانەم دا بە "ئاغاى جەوادى". ئەویش هەمان وەڵامى بوو. دواتر چووم بۆ تاران و ئەو مەبەستە باس کرا. ئەوانیش هەر هەمان وەڵامیان بوو. سه‌رنجراکێش بوو کە دواتر وەکوو گوڕانکارى فۆڕم و ناوەرۆک من و کاک فەرشاد لابراین!

رۆڵی جەعفەری قازی لە ناوەندی بڵاوکردنەوەی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی و بەتایبەت گۆڤاری سروەدا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

کاک جەعفەر لەو کەسایەتیە بە نرخانە بوو کە خۆڕسک بەو ئاستە گەیشتبوو. بەداخەوه‌ تەنیا جاریک دانیشتنم لەگەڵى هەبوو. کەسێک بوو کە ویستى گەورە و خەونى گەورەى بوو. ڕام وایە ئەگەر دەرفەتى ئەوەى ببوایە کە ئاکادمیک کارەکەى درێژە پێدا با ئێستا پێگەى هونەرى زۆر جیاواز دەبوو. کاک جەعفەر وەک ئەو کاتەى کە خۆشم کارم دەکرد زیاتر شێوەکار بوو تا گرافیست. منیش هەر ئەو گرفتەم هەبوو. هەر بۆیە ئەگەر وەکوو شێوەکار باسى بکەم جیاوازە لەوەى وەکوو گرافیستێک. بەڵام سەرەڕاى ئەوانەش چۆن گۆڤارى سروە زمانى کوردى ڕۆژهەڵات گەشاندەوە و پەرەى پێدا، کاک جەعفەریش هەمان دەورى لە بوارى وێنایی هەبوو و رۆَڵى هونەرى خۆى بە ئەنجام گەیاند. بۆ هەر لێکدانەوەیەکى فیکرى ،ئەدەبى، سیاسى، هونەرى و ... پێویستە زەمان و جوگرافیا و هەلومەرجە تایبەتییەکان لە بیر نەکەین.

ئەو جەوان و مەلەوانانەی کە مامۆستا هێمن بۆ گۆڤاری سروە بە پێویستیانی دەزانی، دواتر تا چ ئاستێک مەیدانیان پێدرا؟

مانەوە لەسەر کورسى دەسەڵات و پاراستنى تا ڕادەى مسۆگەر، کولتووری هەموو رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و جیهانى ئیسلامییە و لە کۆنەوە بە خەڵات بۆمان جێ ماوە. هەموو حیزبە کوردى و غەیرە کوردیەکانیش هەر بەو بەڵایەوە دەناڵێنن. بەدەگمەن رۆشنبیر یان هونەرمەندێکیش هەڵکەوتووە بتوانێ بە سانایی جێگەى خۆى بۆ نەسلى دواى خۆى جێ هێشتبێت. ئەو مەبەستە هەم سروەش دەگرێتەوە هەم زۆر ناسروشتى نییە. ئێمە گەلێک کار و ئەزموونمان لە پێشە تا بتوانین بە رێفۆرم لاوازیان کەین یان لایان بەرین.

باشه‌ گۆڤاری سروە تا چەند توانی ببێتە مینبەرێک بۆ نوسەران و هونەرمەندانی رۆژهەڵاتی کوردستان؟

سروە لە کاتى خۆى تاکە گۆڤارى کوردى جیدى بوو کە لە رۆژهەڵات دەرچوو. تا ڕادەیەکى زۆریش هەر کەس بە هى خۆى دەزانى و ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ خۆى تێدا دەبینییەوە. بەڵام چونکە ئەو گۆڤارە هەر وەک خۆتان باستان کرد بە جۆرێک هەمەڕەنگ بوو، هەر بۆیە دەکرێت نەیتوانیبێت ئاوێنەى باڵانوێنى هەموو نوسەران و هونەرمەندان بێت. بە تایبَەت کە تەوەر و بابەتى هونەرى تێیدا زۆر لاواز بوو. زۆر جار نەبوونى شارەزایی لە لایەن بەرپرسانى گۆڤارەکان دەبێتە هۆى ئەوەى کە پاک و پیس لێک بدرێن و کەسە شیاوەکان جێگاى شیاویان پێنەدرێت. ڕەنگە لەبەر ئەوەش هێندێک کەسى توانا و جیدى لێى بسڵمێنەوە. گۆڤارى سروەش کۆمەڵێک قۆناخى جیاوازى بووە. بە گشتى هەست دەکەم لەو بوارەدا لاوازى بەرچاوە.

لە ڕەوتی رۆژنامەگەری کوردیدا، سروە چ پێگەیەکی هەیە؟

بە هۆى ئەوەى پرسیارەکەتان زۆر گشتگیرە و پێویستى بە زانیارى زۆر لە ڕەوتى ڕۆژنامەگەرى کوردى بە گشتى هەیە و من لەو بوارەدا شارەزاییم کەمە بە داواى لێبوردن وەڵامى ئەو پرسیارە نادەمەوە.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر