۱۳۸۹/۰۶/۰۴

ڕه‌حیم سورخی: سروه‌ خودسانسۆرى لاى هەموومان جێ خستبوو



هەڤپەیڤین:
ئه‌نوه‌ر حه‌سه‌ن پور
سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی

 
ڕەحیم سورخى، نووسەر و مامۆستای زانکۆ، خه‌ڵکی شاری بۆکانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و دانیشتووی شاری هه‌ولێره‌. سورخی ئه‌ندامی پێشووی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی گۆڤاری "سروه‌" بووه‌ و به‌ چیرۆکێکی وه‌ڕگێڕدراو هاوکاریی له‌گه‌ڵ ئه‌و گۆڤاره‌ ده‌ست پێکردوه‌. یەکەم بابەتی لە ژمارەى ١٢٢ى سروە چیرۆکێکى وەرگێردراوى جەڵالى ئالى ئەحمەد بوو. سورخی پاشان لە بەشى ئەدەبى کاری کردوه‌ و دەبیرى سرویسى ئەدەبى بووه‌. زیاتریش لێکۆڵینەوەى ئەدەبی له‌ گۆڤاره‌که‌دا بڵاو کردۆته‌وه‌. ڕه‌حیم سورخی سه‌ره‌ڕای سه‌رقاڵبوونی به‌ نووسینی نامه‌ی دۆکتۆراکه‌ی وەڵامی پرسیاره‌کانمانی سه‌باره‌ت به‌ڕۆڵ و کاریگه‌ریی گۆڤاری سروه‌ دایه‌وه‌. ‌

سروه‌ له‌ سه‌رده‌مێکی پڕ له‌کێشمه‌کێشدا له‌دایک بوو، له‌ناو ئه‌و فه‌زایه‌دا تا چه‌ند توانی خۆی بنوێنێ و چ ڕۆڵێکی گرته‌ ئه‌ستۆ له‌ زیندووکردنەوەی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردیدا؟
ره‌حیم سورخی:
گۆڤارى سروە بەرهەمى قۆناغێکە لە مێژووى ڕۆژنامە نووسیی کوردى کە بەجۆرێک گرێدراوە بە بارودۆخى سیاسیی ڕووناکبیریی کورد لە پاش شۆرشى نەتەوەکانى ئێرانەوە. لە ساڵانى ٥٨ و ٥٩ و ٦٠دا بڵاوکراوەى کوردى زۆر بوبوون. ڕووناکبیریی و خودئاگاهییەکى نەتەوەیی لە بارەى زمان و ئەدەب و مەسەلە نەتەوایەتییەکان بەهۆى چالاکییە سیاسیی و فەرهەنگییەکانى ئەو ساڵانە که‌ لەلایەن حیزبە سیاسییەکانەوە بەرێوە دەچوو دروست بوبوو. لەگەڵ ئەوەشدا جیلێک ڕووناکبیرى ئەدەبى- سیاسیی وەک هێمن و هەژار و حەقیقى و زۆرانى دیکەش ئەزموونێکى پوختى زمانى و ئەدەبییان هەبوو. واتە لەلایەک پوتانسیەلێکى باشى مرۆیی هەبوو لە کوردستاندا، و لەلایەکى تریش بزوتنەوەیەکى شۆرشگێڕیی چالاکى سیاسیی بە حیزب و ڕێکخراوى سیاسیی پێشکەوتووتر لە قۆناغەکانى پێشووى خەباتى سیاسی گەلى کورد لە ئارادابوو.
کەواتە سروە لەکاتێکدا هاتە مەیدانەوە کە کەش و هەوایەکى ئامادە بۆ خوێندنەوە و نوووسین ڕەخسابوو. بەهۆى ئەو بارودۆخەوە و بەهۆى کەسایەتى نەتەوەیی هێمنیشەوە لەیەکەم هەنگاویدا باش دامەزرا. سروە خۆى یەکێک لە چالاکییەکانى "ناوەندى بڵاوکردنەوەى فەرهەنگ و ئەدەبى کوردى" و "دەزگاى چاپ و بڵاوکردنەوەى سەلاحەدینى ئەیوبى" بوو. ئەم ناوەندەش لە ڕواڵەتیدا و لەبەشى چاپ و بڵاوکردنەوەکانیدا کەزیاتر پێوەندیی بە ئەو ڕووناکبیرە ئەدەبییە کوردانەوە هەبوو تێیدا کاریان دەکرد، توانى دەیان کتێب و بەرهەمى باشى ئەدەبیی و زمانى و هونەرى بڵاوبکاتەوە و بەهۆی ڕێکوپێکیشى لەدەرچوونیدا، سروە توانى خوێنەری بەردەوام و تایبەت بۆخۆى دروست بکات.
پێویستییەکانى کۆماری ئیسلامیش لە بەرفراوانکردنى پانتاى بڵاوکردنەوەى وەک گۆڤارێکى نێونەتەوەى کە بۆ زۆربەى هەرە زۆرى وڵاتانى جیهان دەچوو، توانیبووى هاوکاریی خاوەن قەڵەمانى کوردانى هەموو پارچەکانى ترى کوردستان بۆخۆى مسۆگەر بکات. بۆیە لەگەڵ ئەم بەردەوامییەیدا توانی هەم ڕۆلێکى باشى لە بووژاندنەوەى زمان و ئەدەبى کوردى هەبێ و هەم جیلێکى نوێش لە کەسانى خاوەن زەوق و ئەدیب لەگەڵ خۆیدا پێبگەیەنێ.

هەروەک دەزانین سروە یادگاری مامۆستا هێمنە، بەڵام مەرگ مەودای بە مامۆستا هێمن نەدا چەند ژمارەیەک زیاتر ببینێ، گەلۆ سروەی دوای هێمن، خەونەکانی هێمنی وەدی هێنا؟

دیارە شک لە توانا، زەوق و ئەزموونى هێمن و نیازپاکییەکانى بۆ نەتەوەکەیدا نییە و، یەکێکە لەو کەسانەى نەتەوەکه‌ى بەشانازییەوە لە دڵى جیل لە دواى جیلیدا دەیپارێزێ و بەنەمری یادى دەکات. هەروەها ئەو هەستە ناسکەى و ئەو زمانە پاراوەى پێى دەنووسیی بە تەواوى لەو ژمارانەى بە سەرنووسەرى ئەو بڵاو بوونەتەوە، دیارە. بەڵام با بەراشکاوى بڵێین کە ئەو ساڵانەى هێمن لە ژیاندا بوو و و چەند ساڵێکیش دواتر بەهۆى بەردەوامى بزوتنەوەى سیاسیی کورد و بارودۆخى ئەوساى شەڕى ئێران و ئێراق و ناتەباییى ئایدۆلۆژیکیی سیستەمى کۆمارى ئیسلامى و وڵاتانى ناوچەکە و ئەوروپاش، دەسەڵاتدارانى ئێران زۆر خۆیان لە تەسک کردنەوەى بوارى چالاکییەکانى سروە و ناوەندەکە نەدەدا و زۆریش شارەزاییان نەبوو، بە پێچەوانەوە بۆ مەبەستى هەرچى زیاتر خەریککردنى ڕووناکبیران بە مەسەلە ئەدەبییەکانەوە و دابڕینیان لە کێشە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان دەیانویست بەرفراوانتریشى بکەن و بە جۆرێک کە هەموو چالاکییاکان لە چوارچێوەیەکى کاناڵیزەکراو و کۆنترۆڵکراوى خۆیاندا سنوورداربکەن.
بۆ ئەگەر هێمنیش مابایە دەبوو هەر لەو چوارچێوەیەدا کاربکات کە سیستەمەکە ڕێگاى پێدەدا. دەبوو بابەتەکان وەرگێڕدرێنە سەر زمانى فارسی و پاشان لەلایەن بەرێوەبەرایەتیی سروەوە پەسند بکرێن بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە. دەبوو ئەوانەن ڕێگا بدەن چالاکیی ناوەندەکەش چى بێت.
ئەگەر بڕوانینە سیستەمى دەسەڵاتدارێتى کۆمارى ئیسلامى ئێران دەزانین بەکوێ گەیشتووە، بەرەو کراوەبوون چووە یان بەرەو داخرانى یەکجارەکى. بۆیە نەک ئەو خەونە و هیچ خەونێکیش لەو کەشوهەوایەدا نەدەهاتە دى و نایەتە دى. لەلایەکى دیکەشەوە تەنانەت لە دەورەى ڕیفۆرمیستەکانیشدا کە هەندێ چالاکیی فەرهەنگى زیاتر بوو بوو، چونکە ئەم ناوەندە لە ژیر کۆنترۆڵى وەزارەتى ئیتلاعاتى ئێراندا بوو، سەرەڕاى هەموو هەوڵەکانى نووسەرانى ناو سروە و دەرەوەى سروە بە پێچەوانەى بارى ڕۆژنامەنووسیی ئەوکاتە لە ڕووى ئیمکانات و پەرەپێدانى ناوەندەکە هەرچى زیاتر بەرەو خراپى دەچوو: ئەویش لەبەر:
چەسپان(تپبیتــ)ى سیستەمەکە لەناوخۆیدا و سستبوونى چالاکییى سیاسیی نەتەوەى کورد لە ئێراندا و باشتربوونى بارودۆخى ڕێژیم لە دەرەوەى سنوورەکانى خۆى و بەرفراوانبوونى مانۆرى سیاسی دیپلۆماتیکى، ئێستا ئیدى جیهانى بەرژەوندیخوازى سەرمایەداریی نوێش تێڕوانینى پێشوویان بۆ کۆمارى ئیسلامى ئێران نەمابوو.

به‌گوێره‌ی ئه‌و مه‌یدانه‌ به‌رته‌سکه‌ی باستان کرد، گۆڤاری سروە تا چەند توانی وەڵامدەرەوی ویست و داخوازییەکانی چینی ڕۆشنبیر و قەڵەم بەدەستی کوردستان بێ؟

وەڵامى ئەم پرسیارەش لەوەى سەرەوە تاڕادەیەک دراوەتەوە. ڕووناکبیرانى کوردستان ناچار بوون بەهۆى بارودۆخى فەرهەنگیی و زمانى کوردى لەو چوارچێوەیەدا کاربکەن، هەڵبەت هەر لە سەرەتاشەوە ئەم ڕەوتە بە شێوەیەکى هەژمۆنیک و بە ڕەزامەندیی خۆیان چونەتە ناو ئەو چوارچێوەیە لە چالاکیی ئەدەبیییەوە کە سولتە دیارى کردووە. لە پاشانیش ئەو هەستە بەهێز کراوە و بەرهەمهێنراوەتەوە لەلایەن دەسەڵاتەوە کە ئەمە تەنیا ڕێگایە بۆ پێشخستنى بارى فەرهەنگیی و کۆمەڵایەتى و ئەدەبى کوردستان. کە بەپێچەوانە دەزانین وا نییە و نەبووە، ئەم چەشنە لە میدیا کە دەبەسترێتەوە بە ئەدەبیات، زۆرتر دەورى تەریک کردنەوەى تاک و چێژوەرگرتن و تێگەیشتنى خودێکى تاکییان هەیە تا کۆمەڵایەتى. بۆیە ڕۆشنبیرانى کورد بەرە بەرە زیاتر بۆ یەکترییان دەنووسی و پێویستییەکانى خەڵکیش لەوە تێپەڕیبوو تەنیا بۆ زمان یان ئەدەب سروە بخوێننەوە. ئەوان پێویستییان بە زانیاریی نوێ هەبوو بەتایبەتى کە سروە بەناو گۆڤارێکى کۆمەڵایەتى - فەرهەنگیش بوو ئەم بوارانەى لاواز بوو؛ هەم دەسەڵات کەم خۆى لەم بوارە دەدا و هەم ئەوانەش کە بۆ سروەیان دەنووسی زیاتر ڕۆشنبیرى - ئەدەبى بوون، بوارەکانى تر کە هەشبوایە زیاتر تیۆرى بوون و کەمتر خۆیان لە واقعى ژیانى کۆمەڵایەتى توێژەکانى کۆمەڵى کوردەوارى داوەتەوە. چونکە هەربابەتێکت لەم بوارە هەڵبدایەتەوە بەجۆرێک بەرپرسیارێتییەکەى بەرێوەبەرایەتیی سیاسیی و ئیداریی دەسەڵاتدارنى دەگرتەوە کە هەوڵى بەچۆکداهاتنى کورد و لەباربردنى وزەو تواناکانیان داوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنى.

قۆناغی گەشەی سروە یان لوتکەی ئەو گۆڤارە بەڕای ئێوە چ قۆناغێکە؟

سەردەمى هێمن و دە دوازدە ساڵى دواترى ، چونکە تیراژى سروە گەیشتبووە ١٨٠٠٠ دانە، بەڵام لەم دواییانە و لە دەورەى یەکەمى خاتمی گەیشتبووە ٢٥٠٠ و پاشانیش بۆ ١٠٠٠ و کەمتریش.

ئه‌ی ئه‌گه‌ر باس له‌ خاڵه‌ لاوازه‌کانی ئه‌م گۆڤاره‌ بکرێ، به‌ بۆچوونی ئێوه‌ گرنگترین خاڵە لاوازەکانی کامانەن؟
گۆڤارەکە سەرەڕاى هەوڵى دەستەى نووسەرانى بەپێى پێویستییەکانى کۆمەڵانى خەڵک ناوەرۆکەکانى ڕێکنەدەخرا و بەردەوام بەرەو ڕووى کۆسپى بەرێوەبەرانى ناوەندەکە دەبوونەوە کە کاربەدەستانى سیاسی ئەمنیەتى ڕێژیم بوون. بەتایبەتى ئەم بەرێوەبەرایەتییە واى کردبوو کە تەنانەت ئەو نووسەرانەى لە ئەوروپاشەوە شت دەنێرن، بەو جۆرەى بنووسن بشێ بڵاو بکرێتەوە، واتە بەجۆرێک خودسانسۆرى لاى هەموومان جێ خستبوو. ئەمانە تەنانەت ئەو بەشە لەچیرۆک و بەیتى فۆلکلۆر کوردەوارىیشى دەگرتەوە کە ناوەرۆکەکانى لەگەڵ ماهییەتى سیستەمى حاکم یەکیان نەدەگرتەوە.

ماوەیەک لە گۆڤاری سروە هەوڵ درا بۆ نوێبونەوە لە ڕوی فۆرم و ناوەڕۆکەوە و گفتوگۆیەکی باش دروست بوو و گفتوگۆکان تەنانەت تەشەنەیان سەند بۆ ناو ڕوناکبیرانی دەرەوەی سروەش. بەڵام ئەو گفتوگۆیانە نەکەوتنە واری کردارییەوە. بەڕای ئێوە کۆسپەکانی بەردەم نوێبونەوەی گۆڤاری سروە چی بوون؟

بەڵێ، بەهەوڵى دەستەى نووسەران و لە ڕاستیشدا زیاتر بەرەو پێشچوونى بزوتنەوەى نەتەوایەتى کورد لە ڕۆژهەڵاتى ناوەراست و باشوورى کوردستان و چالاکییە فەرهەنگییەکانى پارتى کرێکارانى کوردستان لە ڕۆژتیڤى و هەروەها تیرۆرەسیاسییەکانى ڤیەن و بەتایبەتى بەرلین، دەیانویست جارێکى ترچالاکییەکان نوێ بکەنەوە، وەک ئاشتکردنەوەیەکى کورد لەگەڵ خۆیان، بەڵام ئەو قۆناغەش کە چاپەمەنى ئیسلاح تەڵەبەکان لەناوەند و لە کوردستانیش تیراژیان چوو بووە سەرێ، بۆ نموونە ڕۆژنامەکانى "عصر ازادەگان" وصبح امروز" تیراژیان لە پارێزگاکانى کوردستان و ئازەربایجان گەیشتبووە ٢٨٠٠٠ دانە کە پێشتر ئەوانە نەبوون، ڕۆژنامەکانى "اطلاعات" و "کیهان"لە ١٣٠٠٠ تێنەدەپەڕى، ئەویش زیاتر ئابوونەى ئیدارە دەولەتییەکان بوون. بۆیە زیاتر دەیانویست تێروانینى کورد بەرەو ناوەند بەرن و وەک لەو بەخۆداهاتنەوە و بوژانەوەی بزوتنەوەکان دایانبڕن. نمونەیەک لەوانە پێکهێنانى شوراى نووسه‌رانى کوردستان بوو کە نزیکەى ٣٠٠ کەس لە ساڵى ١٣٨١دا کۆکرانەوە و لێژنەى ئەدەبى لێکۆڵینەوە و فەرهەنگى و کۆمەڵایەتى دیاریکرا بەڵام سەرەراى هەموو بەدواداچوونەکان هەربەو ناوە کۆتایی پێهات و تا ئەو جێیه‌ى بزانم قسە وباسەکان و مەسەلەکەش کاربەدەستانى سەروترى ناوەندەکەشى تووڕە کردبوو. بۆیە کۆمارى ئیسلامى زیاتر دەیویست مانۆرى تەبلیغ لێ بدات، تا ئەوەى بەجیدى ڕێگا بدات کارێکى فەرهەنگى بکرێ.

سەبارەت بەستانداردکردنی زمانی یەکگرتوو، گۆڤاری سروە ڕاشکاوانە پێشوازی لەو بۆچونانە دەکرد کە شێوەزاری موکریانی ببێتە زاراوەی ستاندارد، هەرچەند ئەو گۆڤارە گرنگی بە زاراوەکانی دیکەش دەدا. تاچەند سروە لەو ئامانجانە نزیک بویەوە و ڕۆڵی چی بوو لە نزیک کردنەوەی زاراوەکان لێکتری؟

لەوانەیە مەسەلەى زارى موکریانى تەنیا هەر پێوەندیی بە سروەوە نەبێ، چونکە مەسەلەى جێکەوتنى زارێکى ناوچەیی وەک بناغەیەک بۆ زارى ستاندارد، زیاتر پێوەندیی بە بارە کۆمەڵایەتى و ڕوناکبیریی و سیاسییەکانەوە هەیە کە بە شێوەیەکى بەردەوام لەناوچەیەکدا ئامادەییان هەیە. دوایەش ئەو زارەى سروە پێى دەنووسی بە هۆى دامەزرێنەرەکەیەوە، کە تەمەنێکى لە باشورى کوردستان بردبووە سەر و بۆخۆشى لە هەناوى شۆرشى کوردستان و کۆمارى کوردستان کە پێتەختەکەى مەهاباد بوو، پەروەردە بوبو من پێم وایە هەر درێژەى ئەو زارە سۆرانییە بوو کە لە سلێمانییەوە لە سەردەمى ڕۆژنامەکانى شێخ مەحمود و پاشانیش کۆڕى زانیارى کوردەوە سەرى هەڵدابوو، هەرچەند گومانى تێدا نییە لەبەر ئەوەى زمانى کوردى زمانى خوێندنى پەروەردەیی و بنەڕەتى نەبووە لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان مۆرکى شێوەزارەکان بە نووسینى یەکەیەکەى نووسەرانى هەموو ناوچەکانى کوردستانەوە دیارە و، بەڵام سروە بناغەیەکى باش بوو بۆ جێکەوتنى زمانى ستانداردى کوردى ڕۆژهەڵات لە ئێستا و لە داهاتووشدا.

دەگوترێ لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی ئەوەی نوسەرانی سروە خۆیان لە خەڵک دورەپەرێز گرتووە و ڕویان لە دەستەواژەگەلی مودێرن و پۆست مودێرنیزم کردوە، خوێنەریان نەماوەتەوە، ئەمە تا چەند ڕاستە؟

ئەمە لەوانەیە زۆر وا نەبێ، چونکە هەموو تەوەرەکانى سروە بۆ تیۆرى نوێى ئەدەبى ورەخنەى ئەدەبى پۆست مۆدێرن تەرخان نەکرابوو، بەڵام هەندێ خوێنەرى وەفادارى هەبوو کە زۆر حەزیان لە ئەدەبى کلاسیک هەبوو، لەلایەکی تریشەوە کۆمەڵێ خوێنەرى و توێژه‌رى ئەدەبى نوێش هاتبووە ئاراوە، لەراستیدا سروە دەبوو هەموولایەک ڕازى بکا ئەوەش نەدەکرا، دەبوو مۆڵەتى دەرکردنى گۆڤار و بڵاوکردنەوەى تر بدرێ، کە ڕێژیم ئەو دەرکەیەشى بە ڕووى کورددا داخستبوو.

ئەی ئەو کاتانەی سروە خوێنەری هەبوو، هۆکارەکەی ئەوە بو تاقانە بوو؟

بەڵێ، چون هیچ بڵاوکراوەیەکى باوەڕپێکراو نەبوو، بێجگە لە" ئامانج" و "ئاوێنە" و "اصحاب انقلاب" کە ئەوانەش هەڵویستى سیاسیی ئاشکرایان بەرانبەر کێشەى ڕەواى کورد هەبوو و زیاتر سیاسی بوون ، دیارە "ئاوێنە" بە دەرەجەیەکى کەمتر.

ڕێنوسی گۆڤاری سروە بە لای ئێوەوە چۆن بوو؟

 سروە ڕێنووسێکى باش و گونجاوى ڕەچاو کردبوو، بەتایبەتى لەسەردەمى مامۆستا هێمندا و پاشانیش مامۆستا ئەحمەدى قازی زمانزانى باش بوون و وردبوون لە ئیدیتى سروە دا.

یەکێک لەو ڕەخنانەی زۆر جار ڕوبەڕوی گۆڤارەکە دەبۆوە، ئەوە بو کە سروە گۆڤارێکی قەرەباڵغەو تایبەتمەند (تەخەسوسی) نییە، ئەو ڕەخنەیە چەندە بەجێ بوو؟ 

نازانم بۆچى دەبێ تەخەسوسی و تایبەتمەند بێ، هەرگۆڤارێک بۆى هەیە بەپێى موخەتەبناسییەکى کە دەیکات و ئاستى خوێندەواریی وەرگرەکانى خۆى پلانى پێوەندیکردنى خۆى دارێژێ، لە پێوەندى لەگەڵ ئەو قۆناغە و خوێنەرانى سروە و بارودۆخێک زمانى کوردى تێیدا بووە ئەوە سروە بەو شێوەیەى هەبووە گونجاو بووە.

داخرانی گۆڤاری سروە دوای بیست و پێنج ساڵ و بڵاوبونەوەی ٢٨١ ژمارە، ڕوداوێکی ئاساییە یان نائاسایی؟
نائاساییە، لەو ڕووە کە نیشان دەدات ڕێژیم بەهۆى گۆرانى سیستەمى پێوەندییەکان و تەکنۆلۆژیاى نوێى زانیاری گەیاندن ناتوانێ لە پەنا سروەوە و ئیعتیبار بۆخۆى بکڕێ و بڵێ مافى زمانى یان چاپەمەنیی کوردیی پاراستووە. ئەوە نیشان دەدات گەیشتووەتە ئاستێک پێویستیی بەو چەشنە مانۆردانانەى پێشوى نەماوە و بەهۆى ئەو بارودۆخەى ئێستا لە جیهان و لە ناوخۆ هەیەتى ڕەوایی" مەشروعیەت"ى لەدەست چووە، چونکە یەکدەست و خۆسەپێن تر بووە و مافى نەتەوەکانیشى بۆ گرنگ نییە.

هەروەک لە هەواڵەکاندا هات بەهۆی گرفتی مادی ئەو گۆڤارە نەیتوانیوە بەردەوام بێ، ئەگەر ئەو گرفتە نەبوایە، بەڕای ئێوە باشتر وابوو سروە بەردەوام بێ یان کۆتایی هێنان بەچاپی ئەو گۆڤارە لە جێگەی خۆیدا بوو؟ 

ئەو گۆڤارە لەجیاتى داخستنى بریا ئیمتیازەکەى بدرایە بەکەسێکى ئەهلى و لەپاوانى کاربەدەستانى حکومەتى هاتبایەتە دەرێ و بە ناوەرۆک و شێوازێکى تر تەنانەت بەس لە بوارە ئەدەبییەکەشیدا بوایە بمایەتەوە، چونکە ئەمە ئیمتیازێکە، بوونى باشتر بوو لە داخستنى.

پێگەی ئەو گۆڤارە لەناو مێژوی ڕۆژنامەنوسی کوردیدا بەگشتی و لەکوردستانی ئێران بەتایبەتی چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ 

ئەم گۆڤارە بەهۆى بەردەوامیی لەماوەى زیاتر لە ٢٥ ساڵ بەتەمەنترین گۆڤارى مێژووى ڕۆژنامەگەریی کوردییە. ئەدیبان، شاعیران و نووسەرانى هەر چوارپارچەى کوردستان بابەتیان تێیدا بڵاو بووەتەوە. نزیکەى ٧٥ دەقى فۆلکلۆرى لە بەیتەکان بە گێڕانەوەى جیاواز تێیدا بەرهەم هاتووە. ئاستى تەوەقوع و چاوەڕوانییەکانى کوردى بردە سەرتر بەپێچەوانەى ئەوەى دەسەڵات مەبەستى بوو ویستەکانى نەتەوەکەمان بۆ هێندێک ئیمتیازى بچوکى فەرهەنگى داشکێنێ، چونکە ئەو نامانەى دەهاتن بۆ سروە بەتەواوى ئەوەیان لێ دەردەهات کە ئاستى چاوەڕوانییەکانى خوێنەرانى کورد زۆر لەوە زیاتر بوو کە ئەوان مەبەستیان بوو، و سروە دەیگەیاند.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر