۱۳۹۲/۱۱/۰۴

کوردەکان دەیانەوێ کورسییەکیان لە ژنێڤ دوو پێ بدرێ


لە کاتێکدا ئەخزەر براهیمی لە نێوان نوێنەرانی حکومەتی شام و ئۆپۆزۆسیۆنی سووریا لە هاتوچۆ دایە، کوردەکان ڕۆژی پێنجشەممە (٢٣ی ژانوییە) داوایان کرد لە ڕەوتی چاوپێکەوتنەکاندا کورسییەکیان پێ بدرێ.

تریبون دۆژنێڤ
وەرگێڕان لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
کوردەکان دەیانەوێ گەرەنتی دەستووری بۆ مافە دیموکراتیکەکانیان دەستەبەر بکەن.
نوێنەرانی کورد و سوریانی لە یانەی سوییس بۆ ڕاگەیاندن لە ژنێڤ کۆبوونەوە و ڕایانگەیاند ئەوان بە مەبەستی بەشداری لە کۆنفڕانسی ئاشتی بۆ سووریا، هاوپەیمانێتیان پێک هێناوە. ئەوان لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەوەی کە نوێنەرایەتی پێنج میلیۆن سووریایی واتە چارەگێکی دانیشتوان دەکەن، لە بەرامبەر دووپات بوونەوەی هەڵەکانی پەیمانی لۆزان لە ساڵی ١٩٢٣، هۆشداریان دا. لەو ساڵەدا، مافەکانی کوردان لە ناوچەکە دانی پێدا نەنرا.
سەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتیکی کوردی سووریا (پەیەدە)، محەممەد ساڵح موسلیم ڕەخنەی لەوە گرت کە لە کۆنفڕانسەکەی ڕۆژی چوارشمەممە لە مۆنترۆ، کورد بێبەش کراون.
"هێزە[دەوڵەتیی]ەکان بە ڕێککەوتنێکی سیاسی، لە هەوڵی بێبەشکردنی ئێمە دان. ئێمە لێرەین تا پەیوەندی ساز بکەین، چونکە خوازیاری گەرەنتی دەستوورین بۆ بەدیهاتنی مافە دیموکراتیکەکان"، ئەو سەرکردە کوردە وای گوت.

مۆدێلی سوییس
ساڵح موسلیم بە ئەنجامەکانی ژنێڤ-دوو گەشبین نییە. بە گوێرەی ناوبراو، هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێکهێنانی ئاگربەستی بە دواوە نابێ، چونکە نوێنەرە بەشداربووەکانی ئۆپۆزۆسیۆن لە ژنێڤ "کۆنتڕۆڵی هێزە چەکدارییەکانیان لە سەر خاکی سووریاوە بە دەستەوە نییە."
"ئۆتۆنۆمی بۆ گەلی کورد نایەتە واتای دابڕان. ئێمە خوازیاری مۆدێلێکی هاوشێوەی سوییسین، یانی دیموکراسییەکی ڕاستەوخۆ''، ئیلهام ئەحمەد، ئەندامێکی دیکەی کۆمیتەی باڵای کورد وای گوت.
لە تەنیشت ئەوان، بەسسام ئیشاک سەرۆک و دامەزرێنەری کۆنسەی نەتەوەیی سوریانییەکان ڕایگەیاند "بە بێ داننانی هەمەلایەنە بە مافەکانی کوردان، سوریانییەکان، عەرەبەکان و سەرجەم پێکهاتەکانی کۆمەڵگای سووریا، چارەسەرییەکی درێژخایەن نایەتە ئاراوە".

هاتوچۆی براهیمی

مۆمال ڤانیان وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کرد، ئەخزەر براهیمی، ناوبژیوانی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی عەرەب، ڕۆژی پێنجشەممە بە جیا لە ژنێڤ چاوی بە بەرپرسانی هەر دوو لایەنی نوێنەرایەتی سووریا کەوتوە، سەرەتا لەگەڵ ئەحمەد جەربا، سەرۆکی ئیتیلافی نیشتیمانی سووریا و پاشان وەلید موعەلیم وەزیری کاروباری دەرەوەی سووریا کۆبۆتەوە.
دوابەدوای ئەم چاوپێکەوتنانە کە لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە ئەنجام دران، لایەنەکان دەبێ لە پێناو ڕەوتی دیالۆگ، پێشنیارەکانیان پێشکەش بە ناوبژیوان بکەن. پاش سێ ساڵ ململانێ، ئەمە یەکەم هەوڵی هاوشێوەیە.
چاوەڕێ دەکرێ دانوستانەکان، ڕۆژی هەینی لە کوشکی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ماوەیەکی نادیار دەست پێ بکەن. سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕووسیا، چوارشەممە لە مۆنترۆ ڕایگەیاند کە بۆی هەیە [دانوستانەکان] هەفتەیەک بخایەنن.
ئەخزەر براهیمی ئێوارەی چوارشەممە ئاماژەی بە هەندێک "نیشانەی ڕوون" کرد کە وێدەچێ لایەنە سوورییەکان ئامادە بن لە سەر هاریکاری مرۆیی، ئاگربەستی هەرێمی و ئازادکردنی گیراوەکان گفتوگۆ بکەن. پرسی ئاڵوگۆڕی سیاسی مەگەر لە پلانی دووهەمدا تاوتوێ بکرێ.

رەنگدانەوەی پێچەوانە

ئۆپۆزۆسیۆنی سووریا، ڕۆژی پێنجشەممە ڕژێمی بەشار ئەسەدیان بەوە تۆمەتبار کرد کە لە کۆنفڕانسەکەی دوێنێی مۆنترۆدا وەک "مافیا" هەڵسوکەوتی کردووە. ئۆپۆزۆسیۆن پێی وایە دانیشتنەکانی ڕۆژی یەکەم بە قازانجی ئەوان شکاوەتەوە و ڕەنگدانەوەی زۆر ئەرێنیی لە سەر بەرەی ئۆپۆزۆسیۆن لە سووریا هەبووە.
لە دیمەشق، بە پێچەوانەوە، میدیای ڕەسمی کۆنفڕانسیان وە بەر تۆپ دا. "لە کردنەوەی کۆنفڕانسدا، دوژمنانی حکومەت و گەلی سووریا، بە پێشەنگایەتی ئەمریکا-فەڕەنسا-سعوودیە-تورکیا، هەوڵیان دا بۆچوونی خۆیان لە مەڕ سنووردارکردنی ئەرکی کۆنفڕانس، پاڵپشت بە بەندی دەوڵەتیی کاتی پێشنیارکراو لە لایەن ژنێڤ-یەک، بسەپێنن"، ڕۆژنامە ئەلبەعس، ئۆرگانی پارتی باڵادەست وای نووسیوە.

بانگەوازی کۆتایی هێنان بە پێکدادانەکان

پێکدادان لە سەر خاکی سووریا بەردەوامە. سەرۆکی ئەلقاعیدە، ئەیمەن ئەلزەواهیری، لە پەیامێکی تۆمارکراودا کە ڕۆژی پێنجشەممە لە سەر ئەنتەرنێت بڵاو بۆتەوە، داوا لە جیهادییەکانی سووریا دەکا "خێرا" کۆتایی بە پێکدادانی براکوژییان بێنن.
چەند دەستەیەکی شۆڕشگێڕانی سووریا، لە خۆسەپاندنی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) وە زاڵە هاتوون و لە سەرەتای ژانوییەوە ڕووی چەکەکانیان لەو گرووپە کردووە کە سەر بە ئەلقاعیدەن. بە پێی لێدوانی چاودێرانی مافەکانی مرۆڤی سووریا، لە ئەنجامی ئەم پێکدادانانەدا، ١٤٠٠ کەس لە ماوەی بیست ڕۆژدا مردوون.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر