۱۳۹۲/۰۸/۱۶

"تەنیا هەشت ڕۆژ لە ماڵی خۆماندا ژیاین"


یۆرۆ نیوز
لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
"ڕۆژدا"ی تەمەن یانزە ساڵ، لە نێو تاوڵی بنەماڵە لە کەمپی پەنابەرانی سووری لە دۆمیزی کوردستانی عێراق دانیشتووە. دوایین نەقاشییەکەی دێنێ: پۆرترەیەکی کێشاوەتەوە کە فرمێسک لە سەر گۆنای کچۆڵەیەک لووزەوەیان بەستووە.

ئەم کیژۆڵەیە بەختەوەر نییە. هیچ شتێکی لە ژیاندا نەماوەتەوە"، ڕۆژدا وای بە ڕێپۆرتەرەکەمان، مۆنیکا پینا گوت.

هەندێک ئەولاوەتر، عومەری چواردە ساڵە گوتی: "ئەوەی من بینیم، هیچکەس نەیبینی. من فڕۆکەی جەنگیم بینی، بۆمب، چەک و چۆڵ و تانکم بینی. ترسێکی سامناکم بینی."

ڕۆژدا و عومەر مناڵانی جەنگن، ئەو جەنگەی ماوەی دوو ساڵە بینەقاقای سووریای گرتووە. ئەوان سەر بە کەمینەی کوردن، نزیکەی حەوت مانگ لەمەوپێش لەگەڵ بنەماڵە ناچار بوون سووریا بەجێ بهێڵن و لە کوردستانی عێراق بارگە و بنە هەڵبدەن. بەڵام شارەکان چارەی ئەم پەنابەرانەی سووریایان نەویست و بۆیەش کەمپی دۆمیز لە شوێنێکی کاکی بە کاکی و دوور لە شارستانییەت ئاوا کرا.

دۆمیز گەورەترین کەمپی پەنابەرانی سوورییە لە کوردستانی عێراق. شەست هەزار کەس لێرە دەژین کە نیوەیان مناڵن. عومەر و ڕۆژدا، وەکوو سەرجەم مناڵانی دی، زامداری جەنگێکن کە ژیانیانی گۆڕیوە. ئەوان ئاواتەخوازی ژیانێکی ئاسایین.

ڕۆژدا دەگێڕێتەوە: "من لە قوتابخانە بووم کاتێک بیناکەیان بۆردومان کرد. دایکم بەدوومدا هات بۆ ئەوەی لە چنگ سوپای سووری ڕزگارم بکا و حەشارم بدا."

"ئێمە بە جەنگ ڕاهاتبووین. ئێمە تەنانەت دەمانتوانی لە ژێر بۆردومانی تەیارەکاندا بخەوین''، عومەر وای گوت.

لە ڕوانگەی ڕۆژداوە، غوربەت سەرەتا دەهاتە واتای دابڕان لە خۆیان. دەگێڕێتەوە: "من شامم بەجێ هێشت، بەڵام کەس و کار و بنەماڵەکەم لەوێ مانەوە. لە ناخەوە، هەستم بە غەمگینیەکی یەکجار زۆر دەکرد چونکە ئەوان لەوێ بوون و من نا. لە خۆمم دەپرسی بۆچی بە دوومدا نایەن. ئەوان دەبێ پاساوێکی گونجاویان هەبێ. ئەوان لە ماڵی خۆمان بوون، ئەو ماڵەی ساڵانێکی زۆر خەریکی دروستکردنی بووین."

دایکی، هادیە ئیبراهیم حەمکۆ، دەڵێ: "ئێمە بۆ ماوەی نۆ ساڵ پارەمان کۆ کردەوە بۆ ئەوەی خانوویەک لە شام بکڕین". ئەو کە تەمەنی ٤٣ ساڵە، ئازار و کوێرەوەرییەکی زۆر لە ڕووخساریدا بەدی دەکرێ و ناتوانێ پێش بە شۆڕبوونەوەی فرمێسکەکانی بگرێ. "ئێمە تەنیا هەشت ڕۆژ لە ماڵی خۆماندا ژیاین. پاشان فڕۆکەکان، ئەوێیان بۆردومان کرد و ئێمەش ڕۆیشتین."

ڕۆژدا، عومەر و بنەماڵەکانیان نەیاندەویست سووریا بەجێ بێڵن. بەڵام توندوتیژی، ترس و برسییەتی پاڵیان پێوە نان بۆ ئەوەی ڕێگەی سنوور بەرەو کوردستانی عێراق بگرنە بەر. ڕۆژدا و عومەر، ساڵێک لە قوتابخانە دوا کەوتوون، ئەوان نەیانتوانی ئەو ساڵ بچنەوە سەر وانەکانیان، چونکە سێ قوتابخانەکەی گوند پڕ ببوونەوە و چیتر جێگەیان نەدەبۆوە. بەڵام دواجار لە لایەن بنکەیەکی تایبەتیی مناڵان و لاوان بە ناوی ئاکتێد (ئاژانسی ئالیکاری و تەکنیکی گەشەپێدان) کە ڕێخکراوێکی مەدەنیی فەڕەنسییە و مانگی ئاوریل کراوەتەوە، وەرگیران.

ئیبراهیم خەلیلیش پەنابەرە. ئەو لە حومس خوێندکاری زمان بووە. ئەو سووریای بەجێ هێشتووە بۆ ئەوەی ناچار نەکرێ بچێتە ناو سوپای سووریا یان ڕیزەکانی ئۆپۆزۆسیۆنەوە. پاش هاتنی بۆ دۆمیز، ویستویەتی مانایەک بە ژیانی لە کەمپ ببەخشێ. ئەو تەڤلی ئاکتێد بووە تاکوو لەپێناو پاراستنی مناڵان کار بکا.

ئەو گوتی: "ئێمە ستراتیژی جۆراوجۆرمان بۆ مناڵانی زیان لێکەوتوو هەیە. خاڵی سەرەکیی، گرنگیدانە بەو تایبەتمەندیی و خووخدە ئەرێنیانەی مناڵێک هەیەتی، بە زەقکردنەوە و کارکردن لە سەر ئەو لایەنانە، مناڵ توانای ئەوەی دەبێ بەرگەی ژیانی ئێرە بگرێ و بڕواتە پێش."

عومەر وەک سەرجەم مناڵانی ئێرە، چەندین تاقیکردنەوەی بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی زیانە دەروونییەکانی تێپەڕاندووە. ئەو بنکەیە چالاکی فەرهەنگی، چاودێری و دەرمانی پێشکەش بەو کەسانە دەکا کە پێویستیان پێی هەبێ. عومەر زۆر سەرقاڵە: "ئێمە زمانی کوردی دەخوێنین. ئەوە زۆر گرینگە بۆ من، چونکە زمانی زگماکیمە و لە سووریا قەدەغە بوو."

ڕۆژداش، بایەخی ئەو ساتانە دەزانێ کە لە بنکەکەیە: "ئێمە یاری دەکەین، ئێمە فێری شانۆگەری دەبین، چیرۆکمان بۆ دەگێڕنەوە. زۆر باشە چونکە دەتوانین شەڕ فەرامۆش بکەین و زۆر بیری لێ نەکەینەوە."

هەر دوو ناوەندی لاوان و مناڵان، بە بودجەی خەڵاتی نۆبێل بۆ ئاشتیی یەکێتی ئەوروپا بەڕێوە دەچن. بودجەکە بە دەسپێشخەری "مناڵانی ئاشتی" کە هاریکاریی مناڵانی جەنگ دەدا، تەرخان کراوە. سەرەتا بۆ ٢٥٠ گەنج و لاو بونیاد نرابوو، بەڵام هەفتانە هەزار مناڵ وەردەگرێ. لەوانەیە ئەو ژمارەیە لە چاو سی هەزار مناڵی دانیشتووی کەمپ زیاتر بکا.

ئیبراهیم خەلیل نیگەرانیی خۆی لەم بارودۆخە دەردەبڕێ، ئەو دەڵێ: "پێموایە ئەگەر ئەم دۆخە درێژە بخایەنێ، مناڵانی کەمپ چیتر ناتوانن ژیانێکی ئاسایی بژین. هەرچەند ئەوان زۆریش خۆڕاگر بن، بەڵام ئەگەر بێت و لەو کەمپە بژین خۆڕاگرییەکەیان لە دەست دەدەن."

هەزاران مناڵ لە سەر سنوورەکانی سووریا چاوەڕێن ئاسایشێکی زیاتریان هەبێ بۆ ئەوەی ژینگەیەکیان بۆ یاری کردن هەبێ. بەڵام لە دۆمیز، هەموویان دەزانن ڕاکردن لە جەنگ یانی دوورکەوتنەوە لە ماڵ و حاڵیان.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر