۱۳۹۲/۰۸/۲۱

ئێران، بەم ئیعدامانەی دوایی پەیام بە تورکیا دەدا؟


مەحموود هامسیجی - بی بی سی
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
ئەگەرچی دەگوترێ دەوڵەتێکی میانەڕەو لە ئێران هاتۆتە سەر کار، بەڵام جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لەم مانگانەی دواییدا بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەندوە و لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا، لانیکەم سێ گیراوی سیاسیی کورد لە سێدارە دراون.
کۆتایی مانگی ئۆکتۆبر، ئەحمەد شەهید، ڕێپۆرتەری تایبەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافی مرۆڤ لە ئێران، ڕایگەیاند دوابەدوای هاتنە سەر کاری ڕوحانی، لە (٣)ی ئووتەوە تا ئێستا لانیکەم ٨٢ کەس لەسێدارە دراون.
بەڵام بە گوێرەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کەمپینی نێونەتەوەیی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، لەو کاتەوەی ڕوحانی هاتۆتە سەر دەسەڵات، لانیکەم ٢٠٠ کەس ئیعدام کراون.
بێجگە لە گیراوانی قەزایی، ئەم دواییانە هەرە زێدە لە سێدارەدانی گیراوانی سیاسی بەلوچ سەرنج ڕادەکێشێ.
زانراوە لەم دوو هەفتەیەی دواییدا، لەو چالاکڤانە کوردانەی لە سێدارە دراون، دوانیان ئەندامی پژاک کە نزیک بە پەکەکە ناسراوە و یەکیشیان ئەندامی ڕێکخراوی کۆمەڵەیە.
ئەگەر سەرنج بەوە بدرێت کە سزای لەسێدارەدان، لە ساڵی ٢٠١١ بە دواوە، پاش ئاگربەستی نێوان ئێران و پەژاک جێبەجێ نەکراوە، پرسیاری ئەوەی کە ئاخۆ گۆڕانکارییەک لە سیاسەتی دەوڵەت لەمەڕ کورد هاتۆتە ئاراوە، خۆی زەق دەکاتەوە.
دەگوترێ لە گرتووخانەکانی ئێران، لە پاڵ گیراوە سیاسی و جیناییەکان، دەیان گیراوی سیاسیی کورد، سزای لەسێدارەدانیان بە سەردا سەپاوە.
لەگەڵ پەرەسەندنی لەناکاوی سزای لە سێدارەدان، کاتی جێبەجێکردنی ئیعدامەکانیش دوای بە دەسەڵات گەیشتنی ڕوحانی سەرنج ڕادەکێشێ.
ئەو کەسانەی بی بی سی تورکی دواندنی کە لە ناویاندا ڕۆژنامەنووسانی کوردی ئێرانی و هەروەها حاجی ئەحمەدی سەرۆکی پەژاک، عەبدوڵا موهتەدی سەرۆکی کۆمەڵە و ڕەمزی کارتاڵ سەرۆکی گشتی کۆنگرا گەل هەبوون، باسی ئەوە دەکەن کە پەرەسەندنی ئیعدامەکان هەم بۆ ئێران و هەم بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین دەبێتە مایەی ئاڵۆزی.
بە بۆچوونەکاندا بە تایبەتی سەرنج بۆ سەر ئەوەش ڕاکێشرا کە ئێران بەو ئیعدامانە دەیەوێ پەیام بە تورکیا بدا.

لە ڕوانگەی ئێرانەوە 'تیرۆریستەکان دەبێ سزا بدرێن' 

ئێران، سەبارەت بە لە سێدارەدانی ئەم دواییانەی گیراوانی کورد هیچ لێدوانێکی فەرمی بڵاو نەکردەوە.
گیراوانی سیاسیی کورد، لەبەر کۆمەڵێ بانگەشەی وەک موعارەبە (ئەم تۆمەتە هەڵگری ناوەڕۆکی 'شەڕ لە گەڵ دەوڵەت'ە)، تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی و ئەندامێتی لە ڕێکخراوێکی تیرۆریستیدا، لە گرتووخانەکانی ئێران دان.
ئێران، گرووپە سیاسییەکانی کورد بە گشتی و پەژاک بە تایبەتی بە ڕێکخراوی تیرۆریستی لە قەڵەم دەدا و پێی وایە هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی.
حکومەتی ئێران، پێشووتر بانگەشەی کردبوو کە 'پەژاک و گرووپە تیرۆریستیەکانی تر لە لایەن گرووپە ڕۆژئاواییەکانەوە پشتیوانیان لێ دەکرێ'.

ئیعدامەکان کاری 'باڵە توندڕەوەکان'ن؟

 باشە ئێران کە بە گوتارێکی میانەڕەوتر هاتە ڕۆژەڤی نێونەتەوەییەوە، بۆچی لەم کات و ساتەدا پەرەی بە جێبەجێکردنی سزای ئیعدام دا؟ بە گوێرەی هەندێک کەسی شارەزا، ئەگەری ئەوە هەیە لە پشت ئیعدامەکان، ئەو تاقمانەی ناو دەوڵەت هەبن کە 'داکۆکی لە سیاسەتی توندڕەوانە' دەکەن.
رۆژنامەنووسی کوردی ئێرانی، سامان ڕەسوڵپور ئاماژەی بەوە کرد کە کوردەکانی ئێران لەم هەڵبژاردنانەی دواییدا پشتیوانییەکی بەرچاویان لە ڕوحانی کردوە و گوتی: "لەم هەڵبژاردنەی دواییدا، ڕوحانی دەنگێکی زۆری لە لایەن کوردەکانەوە دەستەبەر کرد. ئەو بەڵێنێکی ئەوتۆی دابوو کە بە تەواوی لەگەڵ سیاسەتەکانی پێشوو جیاواز بوو".
رەسوڵپور، لێدوانەکانی ڕوحانی سەبارەت بە گرنگیی ڕادەستکردنی هەندێک پۆستی ئیداری بە خەڵکانی ناوچەکە و سەیرنەکردنیان بە دیدێکی ئەمنییەوە دێنێتە بیر و بەمجۆرە بەردەوام دەبێ:
"بۆیە ئەو دەنگەی بە ڕوحانی درا، دەهاتە واتای 'نەخێر'گوتن بۆ سوپا و هەڵسوکەوتی ئەمنی لە مەڕ کەمینەکان."
"خەڵک، ساڵی ٢٠٠٩ش بە حکومەتی گوتبوو 'نەخێر'. وەڵامی حکومەت، فڕوفێڵ لە بژاردنی دەنگەکان و جۆرێک کودەتا بوو. ئەوەش ڕێگە خۆشکەر بوو بۆ بەڕێوەبردنی خۆپیشاندان. خەڵک، 'نەخێر'ەکەی لە ساڵی ٢٠١٣دا دووپات کردەوە. بەڵام ئەمجارە کۆماری ئیسلامی بە کودەتا وەڵامی نەدایەوە.''
"سێ مانگ دوای هەڵبژاردنەکان، لەو پارێزگایانەی هەڵبژاردنەکانی دۆڕاندبوو، لە پارێزگاکانی کوردستان و سیستان و بلوچستان، شەپۆلێکی بەرفراوانی لە سێدارەدانی دەست پێکرد."
بە گوێرەی قسەکانی ڕەسوڵپوور، هەندێک کەس سەبارەت بە ئیعدامەکان، ئاماژە بە باڵی توندڕەو دەکەن و هەندێک کەسی دیکەش ڕوحانی تاوانبار دەکەن کە لە دۆخێکی وەهادا نەیتوانیوە لە بەردەم ئەم سزایانە ببێتە ئاستەنگ.
رۆژنامەنووسی کوردی ئێرانی، لە سەر ئەو بڕوایەیە کە سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئێران سەبارەت بە کەمینەکان گۆڕانی بە سەردا نەهاتووە: "روحانی باسی لەوە کردبوو کە ڕوانگەی سەبارەت بە کەمینەکان گۆڕیوە. ئیعدامەکانی ئەم دواییە، پەیامێکی ڕوون و ئاشکران: گۆڕینی دید سەبارەت بە کەمینەکان، تەنیا گاڵتەیەکە و هیچی تر."
حاسڵ داسە، نوێنەری پێشووی مەجلیس لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی کوردی NNS ROJ، ئاشکرای کردوە کە چاوی بە عەلی یۆنسی جێگری تایبەتیی ڕوحانی بۆ مەسەلەی کەمینە و گرووپە ئەتنیکەکان کەوتووە و یۆنسی وێڕای ڕەخنەگرتن لەو ئیعدامانەی دوایی، بەرپرسیارێتی ئەو کارەی خستۆتە ئەستۆی "توندڕەوەکان".
رۆژنامەنووسێکی تری کوردی ئێران، کاوە قوڕێشی سەرنج بۆ سەر ناسنامەی ڕوحانی و یونسی ڕادەکێشێ:
"چالاکڤانە سیاسییەکان ڕەخنەیان لە هەڵبژاردنی ئەو وەک یارمەتیدەر گرت. چونکە عەلی یونسی یاریدەدەری کەسێکە سەر بە دەزگای هەواڵگری بووە."
ناوبراویش پێی وایە، سیاسەتی ئێران بەرامبەر بە کەمینەکان لە گەوهەردا گۆڕانێکی بەسەردا نەهاتووە: "چ ئەم ئیعدامانە پەیوەندی بە ڕوحانیەوە هەبێ و چ باڵی توندڕەوەکان ئەم کارەیان ئەنجام دابێ، ئەم شەپۆلە نیشان دەدا کە لە ئێران ویستی چارەسەری بۆ کێشەی کورد لە ئارادا نییە."

سەرۆکی پەژاک: ئێران پەیام بە تورکیا دەدا

پەژاک کە بەشێکە لە کەجەکە، ڕێکخراوێکی سیاسییە کە ئەندامی چەکداری هەیە.
لە نێو ڕای گشتی تورکیادا، ناوی پەژاک لەگەڵ ئەو بانگەشانە دێ کە ئەو حزبە باڵی ئێرانی پەکەکەیە.
حاجی ئەحمەدی، سکرتێری گشتی پەژاک، لە وەڵامی پرسیارەکانی بی بی سی تورکیدا دەڵێ "ئێران بە لەسێدارەدانی گیراوانی سیاسیی کورد، هەم ئەو ئاگربەستە پێشێل دەکا کە ساڵی ٢٠١١ ڕاگەیەنراوە و هەمیش پەیام بە تورکیا دەدا."
بە بۆچوونی ئەحمەدی دوو هۆکار لە پشت ئەم ئیعدامانەوەن:
"یەکەم، دەیەوێ بەمجۆرە پەیام بدا بە تورکیا و پەیوەندییە ساردبووەکانی گەرموگوڕ بکاتەوە. چاوپێکەوتنی دوولایەنەی ئێران و تورکیا، دوای ئیعدامەکان و لەم ڕۆژانەی دواییدا، نیشانەی ئەو ڕاستییەیە. هەرکاتێ ڕایەدارانی ئێران بیانەوێ بچنە تورکیا، سەرەتا سێدارە بۆ کوردەکانی ئێران هەڵدەواسن و پەرە بە گوشارەکانیان دەدەن. چونکە لە ڕاستیدا ئێران دەیەوێ ئەمە نیشانی تورکیا بدا: ئێمەش وەک ئێوە، سەبارەت بە مەسەلەی کورد و کێشەکانمان لەگەڵیان لێبڕاو و پێداگرین. یانی جددی بوونی خۆیان لەم ڕووەوە نیشانی تورکیا دەدەن."
هۆکاری دووهەم بە ڕای ئەحمەدی، چاوترسێن کردن و کپکردنی خەڵکە.
سەرۆکی پەژاک دەڵێ "ئێران لە چاوپێکەوتنەکانی نێوان تورکیا و سەرۆکی پەکەکە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بێزارە و دەیەوێ ئەم ڕەوتە تێک بدا."
"ئەوەی ڕاستی بێ، هەر کاتێک لەو چوار ناوچەیەی کوردەکان لێی دەژین، پێشکەوتنێک پەیوەندیدار بە کوردەکانەوە بێتە گۆڕێ، ئێران هەوڵی شێواندنی دەدا، چونکە دەزانێ ئەگەر بەمجۆرە بەردەوام بێ، خۆیشی ناچار دەبێ هەنگاو بەرز بکاتەوە."

"بێ هەڵوێست نامێنینەوە"

حاجی ئەحمەدی دەڵێ یەکێک لە ماددەکانی ئاگربەستی ساڵی ٢٠١١ پەیوەندیدار بووە بە ئیعدامی گیراوە سیاسییەکانەوە و پێی وایە ئێران ئەم ئاگربەستەی پێشێل کردووە:
"دوابەدوای جەنگی قەندیل، کەم تا زۆر هەر دوو لا پابەندی ئاگربەست بوون. دوو ساڵ ئاگربەست هەیە. لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا، هەر دوو لایەن بە ئاگربەست وەفادار مانەوە هەرچەند ناوە ناوە چەند پێکدادانێکی بچووک هاتنە ئاراوە. بەڵام هەر دوو لا لە بەردەم درێژەخایاندنی پێکدادانەکان بوونە ئاستەنگ. بە پێی یەکێک لە ماددەکانی ئەم ئاگربەستە، نەدەبوو گیراوە کوردە سیاسییەکانی ناو گرتووخانەکانی ئێران لەسێدارە بدرێن. کەچی ئێستا دەبینین ئێران ئەم خاڵەی پێشێل کردووە. ئەوەش دێتە ئەو واتایەی کە ئاگربەست لە لایەن ئێرانەوە بنپێ کراوە. دیارە پەژاک وەڵامی دایەوە. لە باکووری ڕۆژئاوی ئێران لە نزیک شاری ورمێ پێکدادانێک ڕووی دا و لەو شەڕەدا پێنج پاسداری ئێران کوژران."
باشە ئەگەر بێت و ئیعدامەکان بەردەوام بن، هەڵوێستی پەژاک چی دەبێ؟
بە بۆچوونی حاجی ئەحمەدی 'لە وەها ڕەوشێکدا ئیتر ئەم ئاگربەستە نە بۆ ئەوان و نە بۆ ئێران هیچ واتایەکی نامێنێ.'
حاجی ئەحمەدی ئاشکرای کرد کە دەیانەوێ ئێران هەنگاو بنێ و چاوەڕوانییەکانیان بەدی بێ. دەڵێ "هەم ئەوان و هەم ئێمە دڵنیاین کە لە بەرامبەر هیچ چەشنە هێرش و سەرکوتێک بێدەنگ نامێنینەوە. ئەگەر شتێک بکا کە ماددەکانی ئاگربەستەکە پێشێل بن، ئەوا ئێمە هەڵوێستمان دەبێ."

سەرۆکی کۆمەڵە: دیپلۆماسی لەگەڵ ڕۆژئاوا پەرە دەستێنێ، بەڵام گوشار لە سەر کوردەکان زیاتر دەبێ

کۆمەڵە کە پاش شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩، دژی حکومەتی نوێ دەستی دایە چەک و ساڵانی دواتر، وازی لە خەباتی چەکداری دژی ئێران هێنا، ڕێکخراوێکە کە خۆی بە چەپ دەناسێنێ.
بە بۆچوونی عەبدوڵڵا موهتەدی کە بۆ بی بی سی تورکی دوا، 'لەگەڵ هاتنە سەر کاری ڕوحانی، هیچ گۆڕانێک بە سەر سیاسەتەکانی ئێران لەمەڕ کوردەکاندا نەهات.'
موهتەدی ئاماژە بە لەسێدارەدانی گیراوانی سیاسی کورد دەکا و دەڵێ "لە ماوەی ئەم سێ مانگەی دواییدا، سیاسەتێکی توندتر دژ بە کوردەکان گیراوەتە بەر."
"ئەگەرچی هیچکات سەبارەت بە کوردەکان سیاسەتێکی پۆزەتیڤ نەگیراوەتە بەر، بەڵام لەم سێ مانگەی دواییدا هەست بە سیاسەتێکی دژوارتر و گوشارێکی زیاتر لە سەر کوردەکان دەکرێ."
بە ڕای موهتەدی دەکرێ دوو هۆکار هەبن. یەکەم، دەسەڵاتی ئێران دەیەوێ پەیامی ئەوە بە خەڵک بدا کە نەرمی نواندنیان لە مەڕ پەیوەندی لەگەڵ ڕۆژئاوا بە هەڵە لێک نەدەنەوە:
"رژێمی ئێران، کوردەکانی ئێران، بلووچەکان و نەتەوەکانی تری چاوترسێن کرد، چونکە لەگەڵ ڕۆژئاوا کەوتە دانوستانەوە. نایانەوێ ئەو نەرم بوونەی سەبارەت بە سازش لەگەڵ ڕۆژئاوا و ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە خۆیان نیشان داوە، بۆ گەلانی نێوخۆی وڵاتیش نیشانی بدەن. دەیانەوێ بڵێن کە ئەم نەرمی نواندن و سازشە بۆ ئێوە نییە و بۆ ڕۆژئاوایە، چونکە دەزانن مرۆڤەکان زۆر لەم حکومەتە و لەم ڕژێمە ناڕازین. نایانەوێ لە هەلومەرج و فەزای سیاسی وڵاتدا نەرمی بنوێنن."
دووهەم هۆکار بە بۆچوونی موهتەدی پەیوەندیی بە 'ململانێی نێوان هەندێک لایەنی نێو دەسەڵاتی ئێران'ەوە هەیە.
"سوپای پاسداران و لایەنە توندئاژۆکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، دەیانەوێ پەیامی ڕوحانی بۆ گەلەکەی سەرکەوتوو نەبێ. دەیانەوێ بە توندترین شێوە هەر چەشنە کەشوهەوایەکی سازشی نێوان ڕژێم یاخود سیستەم و خەڵک ئاستەنگ بکەن"، سەرۆکی کۆمەڵە وا دەڵێ.

سەرۆکی کۆنگرا گەل: ئاخۆ دەگەڕێنەوە بۆ شێوازە کلاسیکەکانی چارەسەری؟

لە ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا، دژ بە ئیعدامەکان چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دران و بەدەپە و کەجەکە بە توندی ئەو ئیعدامانەیان مەحکوم کرد.
رەمزی کارتاڵ سەرۆکی کۆنگرا گەل لە وتوێژ لەگەڵ بی بی سی تورکی، ڕایگەیاند ''وێدەچێ وڵاتانی ناوچەکە سەبارەت بە چارەسەری پرسی کورد، ڕوو لە شێوازە کۆنەکان بکەنەوە، لەم پەیوەندییەدا بۆی هەیە ئێران لە ڕێگەی ئەو ئیعدامانەی دواییەوە بیەوێ پەیام بە تورکیا بدا."
کارتاڵ دەڵێ:
"جارناجارێ، لە سەر بنەمای سیاسەتەکانی ناوچەکە، هەندێک ناکۆکی لە نێوان دەوڵەتە باڵادەستەکاندا دێتە ئاراوە، وەک ئەوەی ئەمڕۆ لە سووریا دەیبینین، بەڵام ئەگەر سەبارەت بە پرسی کورد لە ئەنجامی ئەو سیاسەتانەی پەیڕەوی دەکەن، بە ئەنجامێک نەگەن، ئەوا سەر لەنوێ پاڵ وە ڕێ و ڕێبازە کلاسیکەکان دەدەنەوە."
"لە سەر ئەم بنەمایە، جێبەجێ کردنی سزای لەسێدارەدان پەیامێکە بۆ تورکیا، دەکرێ پەیامێکی وای لێ بخوێنینەوە کە تورکیا لەمبارەوە سەبارەت بە سیاسەتەکانی لە مەڕ ڕۆژهەڵاتی ناوین و بە تایبەت سەبارەت بە سووریا، شان بە شانی ئێران بڕواتە پێش."
کارتاڵ سەرنج بۆ سەر ئەوە ڕادەکێشێ کە "وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بۆیان دەرکەوت کە پاڵپشت بە شێوازی کلاسیک، پرسی کوردیان بۆ چارەسەر نابێ، سەر لە نوێ بادانەوە بۆ ئەو شێوازانە سەرکەوتنی بە دواوە نابێ."
لە لایەکی دیکەوە کارتاڵ پێی وایە 'دەسەڵاتدارانی ئێران، لە بەرامبەر ڕای گشتی نەرمیان نواندووە و لە نێوخۆ پەرەیان بە سیاسەتی زەخت و زۆر داوە.'
وێدەچێ گفتوگۆکان سەبارەت بەوەی گیراوە سیاسییەکانی کورد لە ئێران بە دەسپێشخەری کێ و لە بەر چ هۆکارگەلێک لە سێدارە دراون، جارێ درێژەیان هەبێ. بەڵام فاکتۆر و هۆکارەکان چ دەبن، بڵا ببن، ئاشکرایە کە بەردەوامیی ئیعدامەکان کاریگەریی گرنگی هەم لە سەر پێشهاتە سیاسیەکانی ئێران و هەمیش ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێ.
بە ئەگەرێکی زۆر ئەم ڕووداوە کاریگەری لە سەر جەنگی نێوخۆیی سووریا و ناوچە کوردییەکانی ڕۆژئاوا و پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەبێ.

ئێران و کوردەکان

- لە ئێرانی ٧٦ میلیۆن کەسیدا، ژمارەی کوردەکان بە دەوروبەری هەشت میلیۆن کەس مەزەندە دەکرێ.
- کوردەکان لە پارێزگاکانی کوردستان، کرماشان، ئیلام و بەشێک لە ئازەربایجانی ڕۆژئاوا نیشتەجێن.
- بە گوێرەی زانیارییەکانی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی 'مافە کۆمەڵایەتی، سیاسی و فەرهەنگیەکانی کورد لە ئێران لە ژێر زەخت و گوشار دایە.'
- کەناڵی تەلەڤزیۆن و ڕادیۆی دەوڵەتی ئێران IRIB، ساڵانێکە بە کوردیش وەشان دەکا.
- دەسەڵاتی ئێران دەڵێ گرووپە سیاسییە کوردییەکان هەڕەشەن بۆ سەر یەکپارچەیی و ئاسایشی وڵات.

چەند ڕێکەوتێکی مێژوویی گرنگ سەبارەت بە کوردەکانی ئێران

- ساڵی ١٩٤٦ لە شاری مەهاباد لە ئێران، کۆماری کوردستان دامەزرا، ئەو کۆمارە نزیکەی ساڵێک بەردەوام بوو.
- گرووپە سیاسییە کوردییەکان، بە شێوەیەکی بەرچاو پشتیوانییان لە شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ کرد، بەڵام ئەو دەسەڵاتەی پاش ١٩٧٩ دامەزرا، دژ بە گرووپە سیاسییە کوردییەکان هەڵوێستی نواند.
- پاش شۆڕشی ئێران، لە نێوان ئێران و گرووپە کوردییەکان بە تایبەتی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵە شەڕی چەکداری دەستی پێکرد.
- ساڵی ١٩٨٩ سەرۆکی پێشووتری حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کە بە مەبەستی وتوێژ لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێران ڕۆیشتبووە ڤیەننا، لە سەر مێزی دیالۆگ تیرۆر کرا.
- مانگی فێوریەی ١٩٩٩، لە چەند شارێکی کورد دژ بە گیرانی سەرۆکی پەکەکە عەبدوڵڵا ئۆجەلان خۆپیشاندان ئەنجام درا و لە ئەنجامی دەستێوەردانی هێزە ئەمنییەکاندا چەندین کەس کوژران.
- ساڵانی ٢٠٠٠ پێکدادانی چەکداری لە نێوان ئێران و پەژاکدا ڕووی دا.
- ساڵی ٢٠٠٥، چالاکی کورد شوانە قادری لە لایەن هێزەکانی ئاسایشی ئێرانەوە کوژرا و دوای ئەم ڕووداوە ناڕەزایەتی شارە کوردییەکانی گرتەوە و پێکدادان ڕوویان دا.
- لە ساڵی ٢٠١١ بە دواوە لە نێوان پەژاک و ئێراندا ئاگربەست ڕاگەیەنراوە.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر