۱۳۹۲/۰۸/۲۶

حوسێن مەدەنی: هەر هەوڵێکی کورد پشت بە خەباتی چەکداری ببەستێ، سەرکەوتوو نابێ


سازدانی: سەلاحەدین بایەزیدی

 
هاتنە سەر کاری حەسەنی ڕووحانی حزبە کوردییەکانی نەیاری ئێرانی خستە دوڕیانێکەوە، سەرەتا هەڵبژاردنەکانیان بایکۆت کرد، دواتر جۆرێک گەشبینی لە ناویاندا دروست بوو و ئێستاش سەرسوڕمان و ساردبوونەوە. ئەو هەموو بەرزی و نەزمییە لە ماوەیەکی وا کورتدا سەیر نییە؟

حوسێن مەدەنی: بە ڕای من هیچ سەرسوڕمانێکی تێدا نییە. مەسەلەی ئیعدامەکانی ئەمدواییە شتێکە و کۆماری ئیسلامی ئێران شتێکی تر. دەبێ دان بەوە دابنێین کە چەند ناوەندی دەسەڵات لە ئێراندا هەیە. بەیتی ڕەهبەری، سوپای پاسداران، سەرۆکایەتی کۆمار. هەروەها لە نێو ئەو ڕژێمەدا ئیسلاح تەڵەب هەن، پاوانخوازی تێدایە و دەبێ هەموو ئەوانە لە بەرچاو بگیرێن بۆ ئەوەی بتوانین قەزاوەتی تا ڕادەیەک زانستیانە بکەین. تا ئێستاش ڕێکخراوە سیاسییەکان، چ ئێرانی و چ کوردستانی، نەیتوانیوە لە سەر کۆماری ئیسلامی شیکردنەوەیەکی ورد و زانستیانە پێشکەش بکەن. هەر تیشک خراوەتە سەر ئەوەی کە حکومەتی مەلایانە و پێگەی جەماوەرییان نییە و لەو قسانە. بۆ نموونە ئێمە وەک حزبی دیموکرات دروشمی ڕووخانی ڕژیممان بەرز کردۆتەوە، من ساڵەهای ساڵە ئەوەم ڕەت کردۆتەوە. ئەو قسەیەم مانای ئەوە نییە من بەشارەتێکم لە ڕژێمی ئێران وەرگرتوە، بەڵکوو ئەحزابی کوردی هەقی ئەوەیان نییە دروشمی ڕووخان بدەن، ئەوە کاری ئێمە نییە. مەسەلەی کورد شتێکی ترە. با نموونە ڕژێمی شا بێنینەوە. ئێمە پێمان وابوو ئەگەر ڕژێمی شا بڕوا، ئیدی مەسەلەی کورد چارەسەر دەبێ، شانمان وە بەر ڕووخانی ڕژێمی شا دا، ئەو کارەی کورد کردی لە هیچ کوێی ئێران نەکا، هەموو پایەگا و ناوەندە نیزامییەکان بە دەستی شۆڕشگێڕانی کورد و لەوانە حزبی دیموکرات داگیر کرا، بەڵام ئەو هەموو هەوڵ و ماندووبوونەمان بۆ ڕووخانی ڕژێمی شا، نەتیجەکەی بوو بە چی؟ کە کۆماری ئیسلامی هاتە سەر کار، دژایەتی کردنی لەگەڵ مافە نەتەوایەتییەکان لە زەمانی شاش خراپتر بوو.

شا لە چ ڕوویەکەوە باشتر بوو؟

لانیکەم چەند وێستگەی ڕادیۆیی لە کرماشان و پارێزگاکانی کوردستان و ئازەربایجاندا هەبوو. بۆ خۆم کەسێک بووم ئەودەم لە زانکۆی تاران، چوار واحیدم دەرس بە زمانی کوردی خوێندووە. ئێمە بەرەو دوا گەڕاوینەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ لەو حیکایەتانە گەڕێین، پێمان وانەبێ ئاسۆی ڕزگاری لە ڕووخان دایە. دەبێ خوێندنەوەیەکی سەردەمیانەمان هەبێ.

بەڵام دەڵێی حەزێک بۆ خەباتی چەکداری لە نێو حزبەکاندا چەکەرەی کردۆتەوە و پێیان خراپ نییە دیسان ئەو خەباتە دەست پێ بکەنەوە.

- لە نێو کام حزبدا؟

لە نێو هەموو حزبەکاندا. ئەگەر سەرنجتان دابێ پاش ئەو چەند پێکدادانە بچووکەی لە سەردەشت و بانە ڕوویان دا، هەموو بە جۆرێک پێیان خۆش بوو وە ئەستۆی خۆیان بگرن یان خەڵک بیخاتە ئەستۆی ئەوان. بەتایبەت لە نێو لایەنگرانی حزبەکدا ئەمە بە جوانی دەبینرا. تەنانەت سەرەتا هەندێک لە ئاماژەکان بۆ حدک چوون.

سەردەمی خەباتی چەکداری نەماوە. ئەگەر بە تەماین سیاسەت بکەین، دەبێ سیاسەت لە سەر ئەمری واقع بکەین. سیاسەت بە خەیاڵ ناکرێ. خەباتی چەکداری بەرهەمی ململانێی زلهێزەکان بوو. دوو بەرەی جیهانی هەبوو. یەکەمیان بەرەی سەرمایەداری و ئەوی تریش بەرەی کۆمۆنیستی. ئەویان ئەمریکا و ئەمیان یەکێتی سۆڤییەت. حزبە کۆمۆنیستەکان ئەو دەم خەباتی چەکدارییان لە ئەمریکای لاتین و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوین دەست پێکردبوو. ئەوە ڕووسەکان دەیانکرد، دوایە چینەکانیش هاتن. ئەحزابی چەپ دەستیان بە شۆڕش کرد. پشت جەبهە دیارە زلهێزەکانی دونیا بوون. ئەوان هێزە چریکەکانیان دنە دەدا. هەڵبەت لە بەرەی سەرمایەداریدا، ئەمریکا ئەو کارەی نەدەکرد. کاری ئەمریکا، سەرکوت بوو. دەبێ قەبوڵ بکەین ئەو قۆناغە کۆتایی هاتووە. دوای ئەوەی چەند بەرەیی نەما، شەڕی چەکداریش باوی نەما. هەر هەوڵێکی کورد پشت بە خەباتی چەکداری ببەستێ، سەرکەوتوو نابێ. ئێمە زۆرمان کرد. بۆ خۆشم لە هەموو ڕووداوەکاندا بووم. لە هیچ قۆناغێک لە پەراوێزدا نەبووم. پێم خەباتێکی پیرۆزە بەڵام ئەنجامەکەی ئەوە بوو کە ئێمە هەر بەرەو پاش گەڕاینەوە. لە خەباتی چەکداریدا هیچ دەسەڵاتێک پشتی حزبی دیموکراتی نەگرت. ئەگەر زلهێزێک پشتی گرتبایەن، بێگومان ئاوامان لێ نەدەهات. بەو شێوەیە پاشەکشەمان نەدەکرد.

یانی پێتان وایە خەباتی چەکداری هیچ دەسکەوتێکی نەبووە؟

بە هیچ شێوەیەک. خەباتی چەکداری تەنیا ئەو دەسکەوتەی هەبووە کە ڕۆحی خۆڕاگری لە نێو کورددا پەروەردە و بەهێز کردوە. ئێستا کە سەیری فەزای سیاسی کوردستان دەکەی، لە چاو بەشەکانی تری ئێران، جیاوازییەکی هەیە. ئەو جیاوازییە ئەو ڕۆحەیە کە ئێمە دروستمان کردوە. لە شەڕدا ئێمە سەرکەوتوو نەبووین، بەڵام لە خۆڕاگری لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئێراندا سەرکەوتووین. خۆڕاگری لە نێو تاکە تاکەی خەڵکی کورددا بۆتە فەرهەنگێکی سیاسی. ئەو شوێنەوارەمان بە جێ هێشتووە و نابێ پێمان وابێ هەر لەو ڕێگەیەوە سەرکەوتوو دەبین. دەبێ لەو ڕۆحی خۆڕاگرییەدا، شتی دیکە ببووژێنینەوە و پەرەی پێ بدەین. ئەویش لە ڕێگەی بە ‌هێزکردنی دید و بۆچوونی سیاسیی حزبەکانەوە دێتە دی. ئێمە چەندە لە شەڕدا خۆڕاگرین بووین، ئەوەندەش لە سیاسەتدا دۆڕاوین. هەر لە سەرەتاوە تا ئێستا.  

ئاخۆ ئەوە بۆچوون و بیر کردنەوەی حزبەکانیشە؟

نەخێر، ئەمە تەنیا بۆچوونی خۆمە و هەر بە تەنیا خۆشم لە قسەکانی خۆم بەرپرسیارم.

لەگەڵ باس و مشتومڕ لە سەر خەباتی چەکداری، باسی وتوێژ و دانوستان لەگەڵ ئێرانیش سەری هەڵداوە. چەند لایەنێکی کوردی لە ڕێگەی میدیاکانەوە ئامادەیی خۆیان بۆ وتوێژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران دەربڕی. پێتان وایە ئێران وڵامی ئەرێنی دەداتەوە؟

سەرەتا ئێمە دەبێ جموجوڵێک لە خۆمان نیشان بدەین کە کۆماری ئیسلامی ناچاری وتوێژ بکەین. تا ئێستا ئەوان بە زمانی حاشا لەگەڵ ئێمە هەڵسوکەوتیان کردوە و نکۆڵیان لە بوونی ئەحزابی کورد کردوە. ئێمەش لە بەرامبەردا، بە زمانێکی زبر وڵاممان داوەتەوە.

ئەو جموجوڵانە چین کە بزووتنەوەی کورد دەبێ لە خۆی نیشان بدا، جگە لە خەباتی چەکداری بە چی دەتوانێ ئێران بێنێتە سەر مێزی دیالۆگ؟

ئێمە هەمیشە گوتومانە و دەشیڵێنەوە کە خەباتی چەکداریمان ڕەت نەکردۆتەوە. حەقی خۆشمانە. خەباتی چەکداری ئێمە خەباتێکی ڕەوا و دادپەروەرانەیە. بەڵام بە داخێکی گرانەوە، هەر وەک گوتم ئەو ڕەنگدانەوە جیهانییەی نەبووە کە سەرنجی ڕای گشتی بۆ لای خۆی ڕابکێشێ. دەسەڵاتەکانی دونیا لە هەموو هەلومەرجێکدا ئامادە نین دیفاع لە مافی گەلان بکەن. بەرژەوەندی ئابووری دەور دەبینێ و لە سەر ئەم بنەمایە هەڵوێست دەنوێنن. بازاڕی ئێران، بازاڕێکی زۆر زۆر گەورەیە و دونیای ئەمڕۆکانە پێویستی پێیەتی. بەڵام ئێمە ئەگەر هەلومەرجی ئەمڕۆیی هەڵبسەنگێنین و لەگەڵیدا بچینە پێشێ، دەتوانین لە ڕوانگەی مافی مرۆڤەوە سەرنج بۆ سەر پرسی کورد ڕابکێشین.

ئێوە لەو کەسانەن بە پێچەوانەی حزبەکەتان داکۆکی لە سەربەخۆیی کوردستان دەکەن. لە لایەکی دیکەشەوە باس لە سیاسەت لە ئەرزی واقعیدا دەکەن، سەربەخۆیی کوردستان چەندە لە ئەرزی واقعدا دەگونجێ؟

بە پێی مافی دیاریکردنی چارەنووس، کوردی حەقی خۆیەتی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی هەبێ. لە لایەکی دیکەوە ئەگەر واقع بینانە سەیری بابەتەکان بکەین، پەیمانی سایکس پیکۆ کە دوای جەنگی جیهانی یەکەم و ڕووخانی ئیمپراتۆری عوسمانی دروست بوو، ئەو پەیمانەی هەندێک دەوڵەتی میللی دروست کرد و کوردستانیشی دابەشکرد، ئەو چەند وڵاتانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست بوون، لە سەر بنەمای دەوڵەت - نەتەوە دروست بوون، واتە پاڵپشت بە تێزی فەڕەنسی و ئینگلیزییەکان. ئەو تێزە هەر لە سەرەتاوە شکستی خواردووە. مەسەلەن ئێران وڵاتە بەڵام نەتەوە نییە. شتێک بە ناوی نەتەوەی ئێران وجودی نییە. یان تورکیا و عێراق. خۆ هەر کەس لەو وڵاتانە بژی تورک یان عێراقی نییە. تەنانەت عەرەبەکان خۆشیان نازانن عێراقیچێتی چییە. دوای قەراردادی سایکس پیکۆ هەشتا ساڵە کاری لە سەر دەکەن بەڵام هێشتا ئەو دیارە ساختانە سەریان نەگرتووە. ئەوە ئێستا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پارچەیەکی بچووکی نیشتیماندا، دەسکەوتێکی نەتەوەیی هاتۆتە گۆڕێ. 

هەندێک چالاکانی سیاسیی پارچەکانی بۆچوونێکی تا ڕادەیەک پێچەوانەیان هەیە. دەڵێن هەستی نەتەوەیی لاوازە.

من وەک خۆم قسە دەکەم و پێم وایە ڕوحی کوردایەتی و نیشتیمان پەروەری ڕۆژ بە ڕۆژ لە گەشەکردن دایە. من ئەوە دەبینم کە حکومەتی هەرێم، کاریگەری لە سەر پارچەکانی تری کوردستان هەیە. ئێمە وەک حزبی دیموکرات هەمیشە حیسابمان بۆ ئەوە کردوە کە ئاخۆ بەرژەوندی ڕێکخراوەیی گرنگترە یان بەرژەوەندی نەتەوەیی. بە ڕای ئێمە بەرژەوەندی نەتەوەیی لە هەموو بەرژەوەندییەک تەنانەت لە هی تاکەکەسی باڵاترە. من پێموانییە هەرێمی کوردستان تەنیا هەرێمێک بێ بۆ کوردی عێراق یان چەند بنەماڵەیەک. تۆ تەماشا بکە. دوای ئەوەی هەرێمی کوردستان دروست بووە، پێگەی کورد لە جیهاندا چ گۆڕانێکی گەورەی بە سەردا هاتووە. هەرێمی کوردستان لە سەر خاكێکی وێران و میللەتێکی شەکەت دروست بووە. یانی نرخی گەورە، هەرێمی کوردستان داوێتی. بە دروست بوونیشی، یەک دونیا دەسکەوتی بۆ کورد هێناوە. خۆ لە خۆڕا سیاسەتی جیهانی بە نیسبەت مەسەلەی کورد نەگۆڕدراوە. ئەگەر سەیری بکەین باش دەبینین هەتا دوێنێ تورکیا کە نکۆڵی لە بوونی کورد دەکرد، ئەمڕۆ دێ لە ژێر سێبەری ئاڵای کوردستاندا لەگەڵ ڕێبەرانی کورد کۆ دەبێتەوە. ڕوانگەی دەوڵەتانی جیران یەکە بە یەکە لە بەرامبەر هەرێمی کوردستان دەگۆڕدرێ، هی تورکیا گۆڕاوە و ئی ئێرانیش ئەوە هێدی هێدی دەگۆڕدرێ.

حکومەتی هەرێم کە ئەو هەموو دەوری هەبوو لە چەسپاندنی پێگەی کورد لە جیهاندا، بۆچی توانای ئەوەی نییە کوردەکان هاودەنگ بکا؟ بۆ نموونە بۆ کۆنگرەی نەتەوەیی کە بڕیارە لە هەرێمی کوردستان ببەسترێ، ڕۆژ بە ڕۆژ دوا دەخرێ؟ کێ لەو دواخستنانە بەرپرسیارە؟

کۆنگرەی نەتەوەیی کە لە ئەوروپا ئاڵاکەی هەڵکراوە، هەر لە سەرەتاوە لە بەر پاوانخوازی هەندێک لایەنی سیاسیی پێی هەڵنەگرتوە. لە کۆنگرەی نەتەوەییدا نەتوانراوە جیاوازییەکان بخوێنرێنەوە. یەک سەرکردە و یەک حزب ناگاتە هیچ کوێ و بەو عەقڵیەتە کۆنگرە پێک نایە.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر