۱۳۹۶/۰۵/۰۵

چۆلەوانی


ئاگۆتا کریستۆف
لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی 

لە بنکەی پەنابەرانی زوریخ، بەسەر هەموو شوێنێکی سوییسدا بڵاو دەکرێینەوە. بەمجۆرە، خۆم و بەختی خۆم، ڕێم دەکەوێتە نۆشاتێل، یان باشتر وایە بڵێم "ڤالانژەن"، ئەو گوندەی، تیایدا ماڵێکی دوو ژووری ڕاخراو لە لایەن دانیشتوانی گوندەوە چاوەڕێمان دەکا. چەند هەفتە دواتر، لە کارگەیەکی سەعات‌سازی لە "فۆنتێنمۆلۆن" دەست بە ئیش دەکەم.
سەعات پێنج و نیوی بەیانی لە خەو هەڵدەستم. مناڵەکەم تێر دەکەم و جلوبەرگی لە بەر دەکەم، خۆیشم جلەکانم لە بەر دەکەم و سەعات شەش و نیو سواری ئەو پاسە دەبم کە دەمگەیەنێتە کارگە. مناڵەکەم لە باغچەی ساوایان دادەنێم و دەچمە سەر ئیشەکەم. سەعات پێنجی ئێوارە لە کارگە دێمە دەرێ. مناڵەکەم لە باغچەی ساوایان وەردەگرمەوە و سواری پاس دەبمەوە، دەگەڕێمەوە ماڵێ. لە دووکانە بچووکەکەی گوند، کەلوپەلی پێویست دەکڕم، ئاگر پێدەخەم (بیناکەمان شۆڤاژی سەرەکیی بۆ نەهاتووە)، چێشتی شەو ئامادە دەکەم، مناڵەکەم دەخەوێنم، قاپەکان دەشۆم، کەمێک دەنووسم و خۆیشم دەخەوم.
کارگە بۆ نووسینی شیعر زۆر باشە. ئیشەکە یەکدەستە، دەتوانین بیر لە شتی تر بکەینەوە، مەکینەکانیش ڕیتمێکی هاوئاهەنگیان هەیە وەک بڵێی بەیت دەچڕن. چەکمەجەکەم، کاغەزێک و قەڵەمێکی تێدایە. کە شیعرێک فۆڕم دەگرێ، دەینووسمەوە. شەو، لە دەفتەرێکدا پاکنووسی دەکەمەوە.
ئێمە دە هەنگارییەک دەبین کە لە کارگەکە ئیش دەکەین. بۆ کاتی پشووی نیوەڕۆ لە هۆڵی خواردن لە دەوری یەک کۆ دەبینەوە، بەڵام خواردنەکان زۆر جیاوازن لەوانەی ئێمە پێیان ڕاهاتووین و زۆر بەدەگمەن دەمیان لێ دەدەین. من بە نۆرەی خۆم، لانیکەم بۆ ماوەی ساڵێک، نیوەڕوان تەنیا قاوەیەکی بە شیر و لەتێک نان دەخۆم.
لە کارگە، هەموو کەس لەگەڵمان باشە. لەگەڵمان پێدەکەنن، قسەمان لەگەڵ دەکەن، بەڵام ئێمە لە هیچ تێناگەین.
ئا لێرەیە چۆلەوانی دەست پێدەکا. چۆلەوانییەکی کۆمەڵایەتی، چۆلەوانییەکی فەرهەنگی. لە شکۆی ڕۆژانی شۆڕش و ڕاکەڕاکەدا، بێدەنگی، بۆشایی، نۆستالژیای ئەو ڕۆژانەی هەستمان دەکرد بەشداری شتێکی گرنگ، یان ڕەنگە مێژوویی بووین، ئازاری وڵات، نەبوونی بنەماڵە، خزم و دۆستان یەک بە دوای یەکدا ڕیز دەبن.
دوای هاتنمان بۆ ئێرە چاوەڕوانی شتێک بووین. نەماندەزانی چاوەڕوانی چین، بەڵام بێگومان چاوەڕوانی ئەو شتانە نەبووین: ئەم ڕۆژە خەمناکانەی ئیش، ئەم شەوانەی بێدەنگی، ئەم ژینە سارد و سڕە، بی گۆڕانکاری، بێ شتێکی نوێ، بێ هیوا.
لە ڕووی ماددییەوە کەمێک باشتر دەژین. لە بری ئەوەی ژوورێکمان هەبێ، دوو ژوورمان هەیە. زووخاڵ و خواردەمەنی پێویستمان هەیە. بەڵام بە سەرنجدان بەو هەموو شتەی لە دەستمان دا، باجێکی قورس و گەورەیە.
لەنێو پاسی بەیانیدا، ئەو کەسەی بڵیتەکان کۆنتڕۆڵ دەکا، لە تەنیشت من دادەنیشێ، هەموو بەیانیەک، کابرایەکی قەڵەو و خۆش وێژە، بە درێژایی ڕێگە قسەم لەگەڵ دەکا. زۆر باش لێی تێناگەم، لەگەڵ ئەوەشدا تێدەگەم کە هەوڵ دەدا دڵنیام بکا لەوەی سوییسییەکان ڕێگە بە ڕووسەکان نادەن بێنە ئێرە. پێم دەڵێ نابێ چیتر بترسم، نابێ چیتر لێوبەبار بم، لێرە ئاسایشی گیانم پارێزراوە. من پێدەکەنم، ناتوانم پێی بڵێم من لە ڕووسەکان نەترساوم و ئەگەر پەشێو و خەمبارم بە هۆی ئەو ئاسایشە زۆر و زەوەندەیە کە ئێستە تێیدام، هەروەها چونکە هیچ شتێکی تر نییە بیکەی و بیری لێ بکەیتەوە، بێجگە لە ئیش، لە کارگە، لە بازاڕ، لە جل‌شۆردن، لە خواردن، هیچ شتێک چاوەڕوانت ناکا جگە لە یەکشەممانە بۆ نووستن و خەوبینینێکی درێژتر لە وڵاتەکەی خۆم، هیچ شتێک نییە چاوەڕوانی بیت.
چۆن بۆی شی بکەیتەوە، بێ ئەوەی تووڕە ببی و، بەو چەند وشە کەمە فەرەنسییەی من دەیانزانم، پێی بڵێی وڵاتە خۆشەکەت بۆ ئێمەی پەنابەر چۆلەوانییەکە و هیچی تر، چۆلەوانییەک کە دەبێ پێیدا تێپەڕی بۆ ئەوەی بگەیتە ئەو شتەی "ئێنتێگراسیۆن" و "ئاسیمیلاسیۆن"ی پێ دەگوترێ. لەو ساتەوەختەدا، هێشتا نازانم کە کەسانێک هەن هەرگیز پێی ناگەن.
دوو کەس لە ئێمە سەرباری مەترسیی بەندکردنیان، گەڕانەوە بۆ هەنگاریا. دوانی تر، دوو پیاوی گەنج و زگورتی، دوورتر ڕۆیشتن، چوونە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کەنەدا. چوار کەسی تر، دوورتر و دوورتر ڕۆیشتن، تا ئەو شوێنەی بتوانن دوور، بۆ ئەودیوی سنوورە گەورەکە. ئەو چوار کەسە لە ناسیاوەکانی من، لە دوو ساڵی سەرەتای ژیانی مەنفادا خۆیان بە مەرگ سپارد. یەکیان بە دەرمانی باربیتوریک، یەکیان لە ڕێگەی گاز و دوانەکەی تریش خۆیان بە تەنافەوە هەڵواسی. گەنجترینیان کچێکی تەمەن هەژدە ساڵ بوو. ناوی گیزێل بوو.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر