۱۳۹۶/۰۵/۰۵

سێیانەکەی ئاگۆتا کریستۆف بە زمانی کوردی



Trait d'union
گۆڤاری نێوخۆیی زانکۆی نۆشاتێل، ژمارە ١٢٢، فێوریەی ٢٠١٥

سەلاحەدین بایەزیدی، پەناخواز و کوردی ئێرانی دانیشتووی سویسرا، یەکەم نوسخەی وەرگێڕدراوی کوردیی سێیانە بەناوبانگەکەی ئاگۆتا کریستۆف واتە دەفتەری گەورە، بەڵگە و سێهەم درۆی بە کوردی چاپ کردووە. نووسەریش وەک وەرگێڕ، خوێندکاری ئەنیستیتۆی زمان و شارستانییەتی فەڕەنسی بووە! چاوپێکەوتنێک لەگەڵ وەرگێڕ.

سەلاحەدین بایەزیدی دوایین ڕۆژەکانی ساڵی ٢٠٠٧ هاتووەتە سویسرا، بەشداریی لە ڕیزەکانی بزووتنەوەی سەربەخۆخوازی کورد، ناچار ڕێی ناوبراو دەخاتە مەنفا. ئەوکات، تەنانەت وشەیەکی فەڕەنسی نەزانیوە. بە قسەی خۆی "تەنانەت ڕۆژباشیش". ئەم پەناخوازە سەرەتا لە کەمپی پەناخوازانی ڤالۆرب بووە. پاشان ڕەوانەی کانتۆنی ڤالێ کراوە. ئەو کە بەردەوام ئۆگری وێژە بووە، ویستوویەتی لە سویسرا درێژە بە خوێندن بدا. ساڵی ٢٠١٣، ڕێگەی پێ دراوە لە نۆشاتێل نیشتەجێ بێ بۆ ئەوەی لە ئەنیستیتۆی زمان و شارستانییەتی فەڕەنسیی زانکۆی نۆشاتێل (ILCF) بخوێنێ. 

وێکچوونەکان
 سەلاحەدین چوار تێڕم لە ILCF دەخوێنێ و دەتوانێ لەو ماوەیەدا بڕوانامە بەدەست بێنێ. لەو دوو ساڵەدا ئاشنای ئاگۆتا کریستۆف دەبێ، ئەو ژنە نووسەرەی ساڵی ١٩٣٥ لە هەنگاریا لەدایک بووە و ساڵی ١٩٥٦ بە مەبەستی ڕاکردن لە چنگ داگیرکەریی سۆڤیەت وڵاتەکەی بەجێ هێشتووە و لە نۆشاتێل نیشتەجێ بووە. ئاگۆتا لە نۆشاتێل زۆربەی هەرە زۆری بەرهەمەکانی بە فەڕەنسی دەنووسێ، بەو زمانەی دواتر فێری بووە. ئەو ساڵی ٢٠٠٥ خەڵاتی شیللەری وەرگرتووە، ساڵی ٢٠١١ کۆچی دوایی کردووە و بەرهەمەکانی بۆ چل زمانێک وەرگێڕدراون.

"ڕۆژێک، هاوڕێیەک پێی گوتم دەبێ ڕۆمانی دەفتەری گەورە بخوێنمەوە، سەلاحەدین بایەزیدی وای بە بیر دێ. ئەم کارەم کرد. تا بڵێی دەقەکەم پێ ئاسان بوو و بە خۆمم گوت دەرەقەتی وەرگێڕانی دێم. پێشتر کاری وەرگێڕانم بە زمانی کوردی کردبوو، بەتایبەت لە تورکی ڕا. بە هۆی ئەوەی بەردەوام خولیایەکی زۆرم بۆ ئەدەبیاتی فەڕەنسی هەبووە، ئەمەم بە هەلێکی باش زانی!"

جگە لە سەرنجڕاکێشبوونی بەرهەمەکەی ئاگۆتا کریستۆف، وێکچوون لە نێوان ڕەوشی خۆی و نووسەردا کاری لە سەلاحەدین کردووە. ئەو ئاماژە بەوە دەکا: "ئاگۆتا هەمان ڕێگەی منی شۆپاندووە. ئەویش لە وڵاتەکەی ڕایکردووە، هاتووەتە سوییس، ناچار بووە بە چەند جۆر ناسنامەدا تێپەڕ بێ بۆ ئەوەی ببێتە سویسری و بەشداری وانەکانی ئەنیستیتۆی زمان و شارستانییەتی فەڕەنسی بووە. زۆر درەنگ فێری زمانی فەڕەنسی بووە و دواتر بەم زمانە نووسیویەتی. ئەوەی ڕاستی بێ، ورەی پێویستی پێ بەخشیم بۆ ئەوەی لەسەر ڕێبازی فێربوونی فەڕەنسی سوورتر بم".

لە کتێبی نەخوێندەواردا (وەشانخانەی زۆێ)، ئاگۆتا کریستۆف باس لە پەیوەندیی خۆی و زمانی فەڕەنسی و قۆناغی زانکۆی نۆشاتێل دەکا: "پێنج ساڵ پاش هاتنم بۆ سوییس، بە فەڕەنسی قسە دەکەم، بەڵام ناتوانم پێی بخوێنمەوە. من کە لە تەمەنی چوار ساڵییەوە دەمزانی بخوێنمەوە، بوومەوە بە کەسێکی نەخوێندەوار. شارەزای وشەکانم، بەڵام کاتێک کە دەیانخوێنمەوە، نایانناسمەوە. [...] منداڵەکەم بەمزووانە تەمەنی دەبێتە شەش ساڵ و دەست بە قوتابخانە دەکا. منیش دەست بە قوتابخانە دەکەم، دەست پێدەکەمەوە. لە تەمەنی بیست و شەش ساڵیدا، ناوی خۆمم بۆ کۆرسی هاوینەی زانکۆی نۆشاتێل تۆمار کرد، بۆ ئەوەی فێری خوێندنەوە ببم. [...] دوو ساڵ دواتر، بڕوانامەی خوێندنی فەڕەنسی و بڕوانامەی ڕێزلێنان وەردەگرم. دەزانم بخوێنمەوە، دەزانم سەر لە نوێ بخوێنمەوە. دەتوانم ڤیکتۆر هۆگۆ، ڕوسۆ، ڤۆلتێر، سارتر، کاموو، میشۆ، فرانسیس پۆنژ، ساد و هەرچی پێم خۆش بێ، بە زمانی فەڕەنسی بخوێنمەوە، هەروەها کتێبی ئەو نووسەرانەی فەڕەنسی‌زمان نین و کتێبەکانیان وەرگێڕدراوەتە سەر ئەو زمانە: فاکنێر، شتەینبەک، هێمینگوای.
دونیایەک کتێب، ئەو کتێبانەی دواجار بۆ منیش شیاوی تێگەیشتنن."

لە عێراقەوە بۆ ئێران
 

سەلاحەدین بایەزیدی دەفتەری گەورە وەردەگێڕێ. پاشان، بە هۆی ئەوەی پێی وایە ناتوانێ مافی چاپکردنی لە ئێران وەربگرێ، پەیوەندیی بە ئیدیتۆرێکەوە دەگرێ لە کوردستانی عێراق. ئیدیتۆرەکە پڕۆژەکە قەبوڵ دەکا. بەمجۆرە دەفتەری گەورە بە تیراژی هەزار نوسخە لە ژێر چاپ دێتە دەرێ. کتێبەکە دواتر سەرنجی وەشانخانەی مانگ لە ئێران کە بنکەکەی لە تارانە، ڕادەکێشێ. ئەو وەشانخانەیە داوا لە سەلاحەدین بایەزیدی دەکا بۆ ئەوەی کۆی سێیانەکەی ئاگۆتا کریستۆف بە زمانی کوردی لە ئێران چاپ بکرێن.

سەرسووڕمان و کامەرانی بۆ سەلاحەدین: "سەرەتا، نەمدەتوانی بڕوا بکەم! بە لەبەر چاوگرتنی ڕەوشی خۆم، پێم وا نەبوو وەشانخانەکە بتوانێ مۆڵەتی پێویست وەربگرێ. لە ڕوانگەی منەوە، هەستێکی تا بڵێی تایبەتە: ماوەیەکی زۆر لەمێژە لە ئێران ناژیم و لەگەڵ ئەوەشدا، دواجار لە ڕێی کتێبەکانەوە گەڕامەوە ئەوێ. لە ڕوانگەی بنەماڵە و هاوڕێیانی ئەوێشمەوە بە هەمان شێوە بوو."

لە ڕوانگەی سەلاحەدینەوە، وشەکانی ئاگۆتا کریستۆف لە ڕێگەی چ تێماگەلێکەوە دەتوانن کار لە خوێنەرانی کورد لە ئێران و عێراق بکەن؟ "کوڵەمەرگی ژیان. ململانێی نێوان زمانی دایک و زمانی داگیرکەر. هەروەها ڕەنگە چەمکی سنوور کە لە بەرهەمەکانی ئاگۆتادا زۆر بەرچاوە. ئاخر ئێمەی کوردیش لە نێو ناوچە سنوورییەکان دەژین".

داهاتوویەکی هەروا لێڵ 

لەو کاتەوە، سەلاحەدین بایەزیدی کتێبی هایدی بۆ کوردی وەرگێڕاوە و هەروەها دەستی بە وەرگێڕانی "ڕێوشوێنی دونیا" لە نووسینی نیکۆلا بووڤیێ کردووە، چونکە بووڤیێ سەفەری بۆ ناوچەی زێدی وی، واتە شاری مەهاباد کە لە سنووری عێراق نزیکە، کردووە. بەڵام جارێ بۆ ماوەیەکی کاتی ئەم کتێبەی وە لا ناوە، تا هەمدیس زیاتر لە زمانی فەڕەنسیدا قووڵ دەبێتەوە. هەرچی دەبێ بڵا ببێ، ئەو پێی وایە ژیانی خۆی بۆ وەرگێڕان تەرخان دەکا. "بۆچوونی وەشانخانەکە ئەرێنی بوو و هانی دام لە کارکردن بەردەوام بم"، بە دەم بزەوە وا دەڵێ.

بەڵام لە کوێ و چلۆن؟ دیار نییە. حاڵی حازر، گەڕانەوە بۆ ئێران مەحاڵە. "هیچ هیوایەکم بەوە نییە بەو ڕژێمەی ئێستا هەیە بگەڕێمەوە بۆ ئێران. بێ مەترسی نابێ. بێگومان، دەمەوێ چاوم بە کەسوکارم بکەوێتەوە، لێ ئێستا مەحاڵە"، سەلاحەدین وا دەڵێ. داواکاریی مافی پەنابەریشی هەروا هەڵپەسێردراو ماوەتەوە: "سیاسەتی پەنابەریی لە سویسراش بە نۆرەی خۆی ئەستەمە… ئێستا من لە خەوتنگەی زانکۆی نۆشاتێل دەژیم، بەڵام لەسەر داوای کانتۆنی ڤالێ، دەبێ بگەڕێمەوە بۆ ئەوێ. لەگەڵ ئەوەشدا بە نیازم لە نۆشاتێل درێژە بە خوێندن بدەم."

هەڵکردن لەگەڵ ئەم دۆخەدا ئاسان نییە. بەڵام ئەنیستیتۆی زمان و شارستانییەتی فەڕەنسی کە زیاتر لە ٤٠٠ خوێندکاری لە چل نەتەوە هەیە، لە سۆنگەی سەلاحەدین بایەزیدییەوە پەڕانتێزێکی دڵخۆشکەر بوو: "ئەوە یەکەمجار بوو لە سوییس هەستم نەکرد بێگانەیەکم. منیش یەکێک بووم وەک ئەوانی تر، بە کۆمەڵێک مامۆستای دڵسۆز کە دادوەرییان لەسەر من نەدەکرد. ئەزموونێک بوو کە خۆشم ویست. وەک پەناخوازێک، بەردەوام هەست دەکەی کە دەرگەکانت لەسەر داخراون، لەوێ، دەرگەکانم لەسەر گازەری پشت دی."

شایانی گوتنە ئەوە یەکەمجار نییە خوێندکارێکی زانکۆ ئەدەبیاتی نۆشاتێل بە دەرەوەی سنوورەکانی سویسرا دەناسێنێ. ساڵی ٢٠٠٥، کچە خوێندکارێکی کۆرسی هاوینە بە ناوی ژوولیەتا مۆلێئانوو بۆ یەکەمجار "باشترین بیرۆکەکانی کوشتارگا"ی (٢٠٠٢) ژان بێرنارد ڤییێمی بۆ سەر زمانی ڕۆمانی وەرگێڕابوو.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر