۱۳۹۳/۱۱/۱۶

کۆبانێ حەماسەی کوردەکان و شکانەوەی ئەردۆغانە



حەسەن جەماڵ
لەتورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

بەڵێ وایە، کۆبانێ حەماسەی کوردەکانە.
شکانەوەی ئەردۆغانیش.
تێکشکانی ئەردۆغانیش.
کوردەکان لە کۆبانێ حەماسەیان خوڵقاند.
گەورەترین حەماسە، کە کوردەکانی لێک نزیک کردەوە و ئاوێتەی یەکتری کردن.
تەیپ ئەردۆغان لەدژی ئەوە بوو حەماسەیەکی وەها تۆمار بکرێ.
بۆیە کە مانگی ئۆکتۆبر گوتبووی "کۆبانێ لەسەر لێواری کەوتنە!" نەیتوانیبوو تاسەی ناخی حەشار بدا.
بۆیە گوتبووی: "پەکەکە و پەیەدە یەک شتن، هەر دووکیان ڕێکخراوی تیرۆریستین."
بۆیە گوتبووی: "دوای باکووری عێراق کە کوردەکان تیایدا باڵادەست بوون، نامانەوێ باکووری سووریا لە جیرانێتی ئێمە دروست بێ."
بۆیە لە دژی کوردەکان لە ڕۆژئاوا، ڕێگەی بۆ داعش و ئەلنوسرە خۆش کردبوو و دەستی گوشیبوون.
بۆیە ماوەیەکی زۆر بەرامبەر بە چەوسانەوەی کوردەکان لە لایەن داعشەوە تەماشاچی مابۆوە و کەمتەرخەم بوو.
بۆیە لە دونیادا سووک و ڕیسوا ببوو.
***
من مانگی ئاوریلی ساڵی پار بە ڕۆژئاوادا گەڕام.
دەچوومە هەر کوێ، ناوی ئەردۆغان، داعش و ئەلنوسرە پێکەوە دەهات.
هەنگاو بە هەنگاو گوێم لێ دەبوو کە دەرگاکانی سنوور بە ڕووی هێزەکانی پەیەدە و یەپەگەدا داخراوە و بۆ داعش و ئەلنوسرە لەسەر گازەری پشتە.
دەیانپرسێ ئەم دوژمنایەتییە لەگەڵ کوردان بۆچی.
هۆکارەکەی ئاشکرا بوو: تەیپ ئەردۆغان، نەیدەویست لە ڕۆژئاوا، یانی لە کوردستانی سووریا 'بەڕێوەبەرایەتییەکی ئۆتۆنۆمی وەک باکووری عێراق' بە چاو ببینێ.
یان بە واتایەکی تر: نەیدەویست دان بە 'واقعی کورد' لە سووریا دابنێ. 
بۆیەش حەزی دەکرد کوردەکان بە گژ ڕێکخراوە ئیسلامییە ڕادیکاڵەکاندا بچنەوە.
بۆیە لە ڕۆژئاوا، لە کۆبانێ ڕێ و دەستی دا بە داعش.
تەنانەت ماوەیەک ئەوەندە هیوادار بوو کە دەیگوت "کۆبانێ لەسەر لێواری کەوتنە!"
***
تەیپ ئەردۆغان، دوابەدوای سیاسەتە گشتییەکانی لەمەڕ سووریا، ڕووداوەکانی کۆبانێشی بە هەڵە خوێندبۆوە.
ئەوەی کوردەکان چۆن ڕۆژانە دەچنە سەر شانۆی نێونەتەوەیی… چۆن لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دەبنە ئەکتەرێکی گرنگ… ئەمریکا چۆناوچۆن زیاتر دەکەوێتە خۆ…
هەروەها ئەمریکا لە ڕێگەی پەیەدەشەوە بێ، چۆن لەگەڵ پەکەکەدا پەیوەندی دەبەستێ. ئەردۆغان بۆ هیچکام لەمانە لە کاتی خۆیدا نەجووڵایەوە.
تا دواجار، کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا داعشیان بۆردومان کرد هاتەوە سەر خۆ. 
بەڵام ئیتر زۆر درەنگ ببوو.
هەڵوێستی ئەردۆغان لەمەڕ کۆبانێ، لە لایەکەوە برینێکی قووڵی لەسەر جەستەی کوردەکان جێ هێشت و لەلایەکی دیکەوە، لە ئاستی نێونەتەوەییدا تورکیای خستە تای تەرازووی ڕێکخراوە ڕادیکاڵە ئیسلامییەکانەوە.
لەبەر ئەم هۆکارانە، کە دروشمی بژی سەرۆک ئۆباما، هاوکات لەگەڵ ڕزگاری کۆبانێ گوێچکەکانی زریکاندەوە، سوڵتانەکەی سەرا تەنانەت مێش مێوانی نەبوو. 
لە وەها هەل‌ومەرجێکدا، سڵاوناردنی سەرۆک وەزیر داودئۆغڵو لە دیاربەکرەوە بۆ کۆبانێ یان خۆشیرین کردنەکانی، وەک قسەکردنی بە کوردییەکی باش، هیچ لە جێگەدا نەبوون. 
یان ڕاستتر وایە بڵێین مایەی پێکەنین بوون. 
بە بیر ئاخر و ئۆخری ساڵی ١٩٩١ دێمەوە. 
قسەکەی سەرۆک وەزیر دێمیرێل لە دیاربەکر کە گوتی ''دان بە واقعی کورد دادەنێین"، لە هەموو شوێنێ دەنگی دایەوە.
بەڵام دروشمەکە پێک نەهات، دەوڵەت قسەکەی نەبردە سەر و ساڵانی ١٩٩٠، دەوڵەت هەموو یاساکانی پێشێل کرد و دۆزەخێکی گەورەی بۆ باشووری ڕۆژهەڵات [باکووری کوردستان. و] پێکهێنا.
***
هەر لەبەر ئەمەش، ئەمڕۆ ئیتر خۆ شیرین کردن باوی نەماوە.
مێشکی خەڵکی بە قسە پڕ بووە. کاتی قسە نییە، کاتی ئیشە. 
جارێکی تر دووپاتی دەکەمەوە: کۆبانێ حەماسەی کوردەکان و تێکشکانی ئەردۆغان…
ئاخۆ تەیپ ئەردۆغان وانەی پێویست لەم شکستە گەورەیە وەردەگرێ؟
پێم وا نییە.
چونکە سوڵتانەکەی سەرا هەر چەشنە پەیوەندییەکی بە دیموکراسی و حقووقەوە پچڕاندووە.
دوا قسە: ئەوەی پشتی لە ڕۆبۆسکی کردبێ، هەست بە کۆبانێ ناکا، لە حەماسەی کۆبانێ تێناگا.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر