۱۳۹۳/۱۱/۰۷

کۆبانێ سڵاوتان ناستێنێتەوە جەنابی سەرۆک وەزیر!


نوورجان بایسال - تێ‌٢٤
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
جەنابی سەرۆک وەزیر!
لە نیشتیمانم، لە ئامەدەوە، سڵاوتان بۆ کۆبانی نارد. ئەوەی ڕاستی بێ ئێمەی کورد نەمانزانی سڵاوەکەتان بۆ کێیە.
هەندێکمان پێمان وایە ڕەنگە ئەو سڵاوەی ئاڕاستەی کۆبانێتان کرد، ڕووی لە برایانمان یەپەگە بێ کە لەوێ دژ بە داعش دەجەنگن. دەستەیەکیشمان هێشتا پێداگرین لەسەر ئەوەی کە ئەم سڵاوە بۆ قارەمانەکانی ئێمە نەبووە، بەڵکوو بە دڕندەکانی داعش بووە.
ئەگەر سڵاوەکەتان بۆ شەڕڤانە کوردەکانە کە لە کۆبانێ دژ بە داعش داکۆکی لە نیشتیمان، خاک و نامووس دەکەن، باش بزانن زۆر درەنگ بووە جەنابی سەرۆک وەزیر!
دەزانن بە هۆی ئەوەی ڕێگەتان نەدا لە خاکی ئێوەوە یارمەتییەکان بگەن، چیها ڕۆڵەمان لەدەست دا؟
ناکا ئاگادار نەبن سەربازەکانتان لەسەر سنووری کۆبانێ چەند کەسیان پێکا؟
کوردەکان، ڕووبارەکانیان تێپەڕاند، تێلەکانی سنووریان پچڕاند، هەموو ڕێگەیەکیان بۆ بەزاندنی سنوور تاقی کردەوە و بە هانای برایانیان لە کۆبانێوە چوون.
ئاخۆ تورکیا نەیدەتوانی ئەو پشتییوانییەیان لێ بکا، جەنابی سەرۆک وەزیر؟
ئارین میرکان، نەجات ئاغرنسلی، قەدەر ئۆرتاکایا، دیار باگۆک… و دەیان ناوی گەنجی تر. ئاخۆ ئەم ناوانە هیچ شتێکتان بیر ناهێننەوە جەنابی سەرۆک وەزیر؟
ئیزنم بدەن باسی بکەم: ئەوانە تەنیا ناوی چەند گەنجێکن لە جەنگی دژ بە داعش لە کۆبانی کوژراون، لە لایەن سەربازەکانتان لەسەر سنوور پێکراون لەبەر ئەوەی پشتیوانییان لە کۆبانێ کردووە.
مەرگی ئەو گەنجانەش دڵی بەردینی ئێوەی نەرم نەکردەوە. هێزە ئەمنییەکانتان هەڵیانکوتایە سەر خێمەکانی پرسە و تەرمی ئەو کەسانەی لە کۆبانێ کوژرابوون.
چەند ڕۆڵەمان کوژرا؟ دەزانن ڕۆژانە چەند تەرم گەڕانەوە بۆ نیشتیمانەکەم؟
هێندە زۆرە ناژمێردرێ. هێندە زۆرە، هێندە زۆر کە…
بە قەد شکۆفەی گوڵەکانی بەهار، بە قەد مەلەکانی ئاسمان شەهیدمان هەیە جەنابی سەرۆک وەزیر!
کۆبانێ تەنیا یەک دوو کیلۆمەتر لە ئێوە دوورە. هەموو شتێک لە پێش چاوی دەوڵەتە تورکە زەبەلاحەکەتان ڕووی دا. پشتیوانیتان لە دڕندەکانی داعش و تیمارکردنیان لە نەخۆشخانەکانتان، سەدان هەزار مرۆڤی لە نیشتیمان، ماڵ و خۆشەویستەکەی دابڕی. هەزاران کەسی بە کوشت دا.
ڕۆڵەکانمان، بە هۆی ئەوەی تورکیا سەرەتا یارمەتی نەدا، بێ چەک مانەوە، برسی مانەوە، لە دەرێ مانەوە. هەموو شتێک ئەوەندە نزیک ڕووی دا کە بە دووربینێک دەمانبینی. دووکەڵەکانی کۆبانێ، دڵەکانی سوورووچی هەپروون بە هەپروون کرد. کە لە کۆبانێ تۆپێک دەتەقییەوە، ئێمە بێدەنگی دەیکوشتین.
تورکیا ئەوەندە نزیک و ئەوەندە دوورە لە کۆبانێ.
سەرۆک کۆمارەکەتان چی گوت، بە بیرتان دێ؟
ئیزنم بدەن بیرتان بێنمەوە جەنابی سەرۆک وەزیر:
سەرۆک کۆمارەکەتان ڕۆژی ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠١٤، لە کاتێکدا بزەیەک لەسەر ڕووخساری بوو، گوتی "کۆبانێ لەسەر لێواری کەوتنە". ئاگری بردە نێو سەرجەم ماڵەکانی کوردستانەوە. پاشان ئەولاوەتر چوو. ڕۆڵە پارێزەرەکانی نیشتیمان و خاک و نامووسمانی لەگەڵ دڕندەکانی داعش کردە یەک و گوتی: "هەردووکیان ڕێکخراوی تیرۆریستین."
لە کاتی نووسینی ئەم وتارەدا، هەواڵی پاک کردنەوەی کۆبانێ لە داعش گەیشت.
ویستم وتارەکە بگۆڕم، بەڵام پاشگەز بوومەوە جەنابی سەرۆک وەزیر!
ئەو گەنج و مناڵانەی ئێوە یارمەتیتان نەدان، بە نرخی گیان، کۆبانێیان ڕزگار کرد.
شەڕڤانە قارەمانەکانی کۆبانێ، ڕۆڵە عەگیدەکانی کوردستان دژ بە زاڵمان مێژوویان نووسیەوە!
مێژوو، فەرامۆشیان ناکا! بەڵام هاوکات ئەو کەسانەش فەرامۆش ناکا کە پشتیوانیان لە زاڵمان کرد جەنابی سەرۆک وەزیر!
ئەو ژن و پیاوە قارەمان و بە ورانە، نە تانکیان هەبوو، نە چەکی قورس، بەڵام بوێری، بڕوا و دڵێکی گەورەیان هەبوو.
کۆبانێ لە سایەی ئەم ئیرادەوە نەڕووخا…
هی وا هەبوو قاچی نەبوو، هی وا هەبوو دەستی نەبوو، بەڵام بڕوای بە سەرکەوتن هەبوو.
بەرامبەر بەو ڕۆڵە قارەمانانەی حیماسەی کۆبانیان تۆمار کرد، هەموومان بە ڕێزەوە کڕنۆش دەبەین جەنابی سەرۆک وەزیر!
بەڵام ئاممان، ئێوە سڵاو مەنێرن، ئیتر زۆر درەنگ بووە!
کۆبانێ سڵاوتان ناستێنێتەوە جەنابی سەرۆک وەزیر!

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر