۱۳۹۳/۱۰/۲۷

هۆ وان مینوت‌چییەکان* لە جیزرەش مناڵان دەکوژرێن!



حەسەن جەماڵ - T24
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

هۆ وان-مینوت‌چییەکان!
هەر لە غەززە مناڵان ناکوژرێن، لە جیزرەش دەکوژرێن. 
ناکا ئاگاتان لێ نەبێ! 
ئەخە متەقتان لێوە نایە…
بەڵێ، لە غەززە مناڵانی فەلەستینی دەکوژرێن.
بەرپرسیاری ئەم مردنانە کە لە ناخەوە برینداری کردووین، هەڵبەت دەوڵەتی ئیسرائیلە.
باشە ئەی جیزرە چێ؟..
ئەوانەی لە جیزرە دەکوژرێن، مناڵانی کوردن.
مناڵانی ئێمەن…
ئەی بۆ دەنگتان لێوە نایە؟
جەرگتان ناسووتێ؟
ناختان ناهەژێنێ؟
ئاخۆ بەرپرسیاری مردنەکانی جیزرە دەوڵەتی تورک نییە؟
دەسەڵاتی وان-مینوت‌چییەکان نییە؟
کە مەسەلە بوو بە ئیسرائیل و نەتانیاهوو، زەوی و ئاسمان وێک بێنە، کە بوو بە جیزرەش متەقت لێوە نەیە!
حەیف و مخابن.

بکوژانی جیزرە لە کوێن؟
لەم یەک هەفتە، دە ڕۆژەی دواییدا، چەندین کەس لە جیزرە گیانیان لەدەست داوە:
نیهات کازانخان، ١٢ ساڵ
ئومێد کورت، ١٤ ساڵ
بارش دالمش، ١٥ ساڵ
ئیبراهیم ئاراس، ١٥ ساڵ
مووسا ئازما، ١٦ ساڵ
یاسین ئۆزەر، ١٩ ساڵ
بکوژان لە کوێن؟..
گەلۆ لە باشووری ڕۆژهەڵات [باکووری کوردستان. و] سەردەمی رووداوە بکەرە نادیارەکانی ساڵانی نەوەدەکان خەریکە بگەڕێتەوە؟
یان تاوانەکانی جیزرەش وەک ڕۆبۆسکی پەردەپۆش دەکرێن؟
بکوژی ڕۆبۆسکیش دەوڵەت بوو. 
فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک، بێ ئەوەی گوێیان بە مناڵ و کەم تەمەن ببزوێ، ٣٤ کوردی بێ‌گوناهیان کوشت. 
دەسەڵاتی وان-مینوت‌چی، سەرپۆشی لەسەر ئەم کۆمەڵکوژییە سامناکەی ڕۆبۆسکی دانا کە بە دەستی دەوڵەت ئەنجام درابوو و بکوژانی پاراست. 
چما؟
هەمدیس ئەو ئەقڵیەتە باوە لە گۆڕێیە کە دەڵێ ئەگەر باس هاتە سەر نیشتمان، شتەکانی تر هەموویان لاوەکین؟
ئەگەر وابێ چ جیاوازییەکتان لەگەڵ بەعسییەکان و سەددامەکاندا هەیە؟
ئەوانیش بە هەمان مێشک، لە هەڵەبجە زارۆ و مناڵانی کوردیان بە بۆردومانی گازەکان کوشت.
هۆ وان-مینوت‌چییەکان!
دیسان دەپرسمەوە:
گەلۆ مناڵانی کوردی جیزرە، ناخی ئێوە ناهەژێنێ؟ 
بۆچی لە پێناو جیزرەشدا، وەک غەززە، ئەرز و ئاسمان وێک ناهێنن.
بەڕاستی حەیف و مخابن.

*٢٩ی ژانوییەی ٢٠٠٩، لە پانێلی هاوبەشی رەجەب تەیب ئەردۆغان، بان کی مۆن سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و پێرێزی سەرۆک کۆماری ئیسرائیل لە داڤۆس بشێوی دروست بوو. ئەردۆغان، پێی وابوو لەچاو پێرێز کەمتر دەرفەتی قسەکردنی پێ دەدرێ، بۆیە کاتێک داڤید ئیگناتیوسی بەڕێوەبەر هەوڵی دا قسەکانی ببڕێ، بە ئینگلیزی چەند جار گوتی 'وان مینوت' و لە هۆڵەکە ڕۆیشتە دەرێ.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر