۱۳۹۳/۱۰/۱۱

زمانی کوردی بۆ ئەم ڕۆڵە مەرجە!


ڕۆژنامەی ڕادیکاڵ
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
چوار ساڵ لەمەوبەر، 'بولەنت ئینال'ی ئەکتەر گوتبووی: "ناچار دەبین فێری زمانی کوردی بین. چونکە بەشێکی ئەم وڵاتە بە کوردی دەئاخفن." هەق بەو بوو. لە هونەرە پۆپۆلیستەکانی وەک سینەما و ئەڵقە تەلەڤزیۆنییەکاندا، زمانی کوردی گەشە دەستێنێ. زۆربەی ئەکتەران، لەپێناو ڕۆڵەکەشیان بووبێ، فێری زمانی کوردی دەبن.
فیلمی "ستڕانی دایکم" لە دەرهێنانی ئەرۆل مینتاش کە لە فێستیڤالی "پڕتەقاڵی زێڕین" چوار خەڵاتی بردەوە و لە دەرەوەی وڵات بە چەندین خەڵات گەڕایەوە، لەگەڵ خۆی مشت‌ومڕی لەسەر سینەمای کوردی گەشاندەوە. هەندێک ئەم پێناسەیە بە 'جیاخواز' دەزانن و ڕەتی دەکەنەوە، هەندێکیش دەستەواژەی ''سینەمای تورک'' بە نەتەوەپەرستی دەزانن و دژایەتی دەکەن. کەسانێکیش هەن پێیان وایە دەستەواژەی "سینەمای تورکیا"، سەرجەم فەرهەنگ و زمانەکان دەگرێتە خۆ.
وێدەچێ مشت‌ومڕ لەمە زیاتر بخایەنێ. بەڵام ئەوەی راستی بێ، زمانی کوردی ئیتر لە هونەرە پۆپۆلەرەکاندا وەک سینەما و ئەڵقە تەلەڤزیۆنییەکان بەخێرایی پێگەی خۆی قایم دەکا.
خاڵێک کە لەم ڕۆژانەی دواییدا سەرنج ڕادەکێشێ ئەوەیە کە ئەکتەرانی فیلم و ئەڵقە تەلەڤزیۆنییەکان خۆیان فێری زمانی کوردی دەکەن.
بولەنت ئینال-ی ئەکتەر، چوار ساڵ لەمەوپێش ئەم دۆخەی پێش‌بینی کردبوو. ساڵی ٢٠١٠، لە وتوێژێکدا لەگەڵ "تووغبا تەکەرەک" کە لە ڕۆژنامەی "تەڕەف"دا بڵاو بۆوە، زۆر بە ڕاشکاوی، دۆخی ئاماژەپێکراوی هێنایە زمان. ئینال گوتی باوکی زازا و دایکی تورکە، زمانی کوردی نازانێ بەڵام ناچارە فێری بێ. بەم شێوەیە باسی لەو ناچاربوونە کردبوو:
"بیر لەوە ناکەمەوە بەتایبەتی بچمە کۆرسی زمان، بەڵام پێویستە فێری بین. وەک چۆن ئێستا هەمووان ئینگلیزی فێر دەبن، پاش ماوەیەک فێربوونی زمانی کوردیش پێویست دەبێ. چونکە بەشێک لە خەڵکی ئەم وڵاتە زمانی دایکیان کوردییە و ئەگەر ئەوان بە تورکی قسەتان لەگەڵ دەکەن، ئێوەش دەکرێ بە کوردی قسەیان لەگەڵ بکەن."
ئەمەی خوارەوە لیستێکی کورتە لەو ئەکتەرانەی لەم ساڵانەی دواییدا بە هۆی ڕۆڵەکەیانەوە ناچار بوون زمانی کوردی فێر ببن:

دەنیز چاکر
ئەڵقەی "عەشق زمانێکی تایبەتی نییە" کە لە بەرهەمە نوێیەکانی کۆمپانیای ''بۆیووت فیلم"ە و زۆربەی هەرە زۆری ڕووداوەکان لە ناوچەی تاتوانی سەر بە بتلیس ڕوو دەدەن، بەسەرهات و ژیانی پارێزەرێکی کورد دەگێڕێتەوە. چاکر ڕۆڵی پارێزەرێک دەبینێ، مێردەکەی قوربانییەکی ڕووداوگەلی بکەری نادیارە، خۆیشی پاش ئەم بوویەرە بە دۆسیەکانی مافی مرۆڤەوە سەرقاڵ دەبێ. ئێستا ناوبراو دەچێتە کورسی زمانی کوردی. چاکر، لە ئاکاونتەکانی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پەتیا پەیتا لەمبارەوە زانیاری نوێ بڵاو دەکاتەوە.

ڤیلدان ئاتاسەڤەر
ڤیلدان ئاتاسەڤەریش یەکێکی تر لەو ئەکتەرانەیە کە بەمەبەستی ڕۆڵ بینین لە فیلمی "شەو" خەریکە فێری زمانی کوردی دەبێ. فیلمی شەو لە دەرهێنانی ئەردەن کراڵ و چیرۆکی دڵتەزێنی بنەماڵەیەکی باشووری ڕۆژهەڵات [باکووری کوردستان] دەگێڕێتەوە کە بە زۆرەملێ کۆچیان پێدەکرێ. ئاتاسەڤەر دەڵێ دەمێکە دەیەوێ فێری زمانی کوردی بێ و بە هاوکاری هاوڕێیانی ئێستا بە شێوەیەکی دەست و پێ شکاویش بێ، بە شێوەزاری کورمانجی قسە دەکا.

نەسرین جەوادزادە
فیلمی "ئاگر هەیە" کە لە سەر ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەی شاری چایرباغی سەر بە ناوچەی دەریای ڕەش لە ساڵی ٢٠١١ و لە کار کەوتنی ئاگرکوژێنەوەکانی ئەو شارەوانییە و پێشکەش کردنی ئاگرکوژێنەوەیەک لەلایەن شارەوانی شاری مەزنی دیاربەکر دەڕوا، ئەکتەرێکی دیکەی ناچار کردووە فێری زمانی کوردی بێ. نەسرین جەوادزادە کە ئەم دواییانە لە فیلمی "بەرخ" - لە دەرهێنانی کوتلوغ ئاتامان و براوەی شەش خەڵاتی پرتەقاڵی زێڕین -، ڕۆڵی سەرەکی بینبوو، ڕایگەیاندووە بە مەبەستی ڕۆڵ بینین لە فیلمی "ئاگر هەیە"، کوردی فێر دەبێ.

سەدا باکان
سەدا باکانی ئەکتەریش کە ئەستێرەکەی لەگەڵ بەهزاد چـ. درەوشایەوە و بە فیلمی "پشکی برا" سرنجێکی زۆری بۆ لای خۆی ڕاکێشا، لەو کەسانەیە کەم تا کورتێک ناچار بووە فێری کوردی بێ. سەدان باکان لە ئەڵقەی "پارس: نارکۆتیرۆر"، لە دەرهێنانی عوسمان سناف و بەرهەمی ساڵی ٢٠٠٨، ڕۆڵی کچی ماڵباتێکی کورد لە شاری وان دەبێنێ. سەدا ناچار بووە بۆ ئەم ڕۆڵە ماوەیەک بەشداری وانەکانی زمانی کوردی بێ.

جەم کورتئۆغڵو
جەم کورتئۆغڵوش کە پاش سەرکەوتنی بەرچاوی لە سینەما و شانۆ لە چەندین ئەڵقەی تەلەڤزیۆنیدا ڕۆڵی بینیوە، لەو کەسانەیە فێری کوردی بووە. جەم کورتئۆغڵو لەو بەدەگمەن ئەکتەرە تورکانەیە کە لە فیلمی ''مەم و زین'' پاڵپشت بە بەرهەمی وێژەوانی ناسراوی کورد ئەحمەدی خانی، ڕۆڵی بینیوە. ئەو فیلمە ساڵی ٢٠١٢ و لە لایەن تەڕەتە شەوە بەرهەم هێنراوە. کورتئۆغڵو دەڵێ بۆ قسەکردن بە زمانی کوردی زەحمەتییەکی زۆری بینیوە. ناوبراو باسی لەوە کردبوو هەموو ڕۆژێ دیالۆگەکانی لە لاپەڕەیەکدا بە کوردی نووسیوەتەوە و بەردەوام دووپاتی کردونەتەوە.

مەندەرەس سامانجیلار

مەندەرەس سامانجیلار لە سیما بە ئەمەگەکانی سینەمای "یەشیلچام" کە لە هەشتا فیلمدا ڕۆڵی بینیوە، لە ڕیزی ئەو ئەکتەرانە دایە کە بەشداری وانەکانی زمانی کوردی بوون. هەڵبەت جیاواز لەوانی دی، سامانجیلار سەرەڕای ئەوەی خۆی کورد بووە، وشەیەک زمانی کوردی نەزانیوە…
مەندەرەس سامانجیلار کە لە چەندین ئەڵقەی تەلەڤزیۆنیدا ڕۆڵی بینیوە و زۆر درەنگتر هان دراوە فێری زمانی دایکی بێ، لە فیلمی "ئەگەر بمری، دەتکوژم"ی دەرهێنەری کورد هونەر سەلیمدا ڕۆڵی بینیوە کە لە فەڕەنسا بەرهەم هاتووە. سامانجیلار لەو فیلمەدا تەنیا ئەکتەرێک بووە کە تورکی زانیوە، لەپێناو فێربوونی زمانی کوردی شەو و ڕۆژ دەرسی خوێندووە. سامانجیلار گوتبووی: "زمانی دایکم کوردییە، بەڵام لەو کوردانەم نازانم بە زمانی کوردی قسە بکەم. دەرهێنەر هەموو دیالۆگەکانی تۆمار کردبوو و منیش بۆ ماوەی دوو مانگ لە ڕێی ئایپۆدەکەمەوە لە بەرم کردن."

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر