۱۳۹۳/۱۰/۲۲

ڕەنگدانەوەی هاوخەمیی کوردەکان بۆ شارلی ئێبدۆ لە میدیای فەڕەنسی زماندا


سەلاحەدین بایەزیدی 

هاوخەمی دەربڕین و بەشداریی کوردەکان لە ڕێپێوانەکانی مەحکووم کردنی هێرش بۆ سەر هەفتەنامەی شارلی ئێبدۆ لە میدیا فەڕەنسی زمانەکاندا ڕەنگی دایەوە. 

ڕۆژنامەی "ڤان مینوت" کە ڕۆژنامەیەکی ڕۆژانەی گشتییە و بە خۆڕایی لە سەرانسەری فەڕەنسا بڵاو دەبێتەوە، لە ڕاپۆرتێکیدا لێدوانی سەرۆکی کۆنسەی دیموکراتیکی کورد لەو وڵاتەی بڵاو کردۆتەوە کە ئێوارەی چوارشەممەی ڕابردوو (٧ی ژانوییە) لە پاریس لەگەڵ ژمارەیەک لە کوردانی دانیشتووی پاریس مۆمیان بۆ قوربانییانی هێرشەکە داگیرساند. 

ئولکەر، ٦٠ ساڵانە، سەرۆکی کۆنسەی دیموکراتیکی کورد لە فەڕەنسا بە ڕۆژنامەکەی گوتووە: "بۆ ئێمەی کورد زۆر گرنگە لێرە بین. ئێمە ئەمشەو دڵمان بریندارە."

ڕۆژنامەی "ئووێست فڕانس" لە پڕفرۆشترین ڕۆژنامەکانی ڕٶژئاوای فەڕەنسا، بەیاننامەی هاوخەمیی ناوەندی کولتووری کورد لە "نانت"ی بڵاو کردۆتەوە. 

ناوەندی کولتووری نانت لە بەیاننامەکەیدا وێڕای مەحکووم کردنی ڕووداوەکانی پاریس و دەربڕینی پەژارە لەگەڵ بنەماڵەی قوربانیان، ڕایگەیاندووە چالاکانە بەشداری ڕێپێوانی هێمنانەی ڕۆژی شەممە (١١ی ژانوییە) دەبێ.

"ناوەندی کولتووری کورد پێداگرانە ڕادەگەیەنێ بناژۆخوازی لەم جیهانەدا جێگەی نابێتەوە. ئێمە پشتیوانیی لە سەرجەم ئەو دەسپێشخەرییانە دەکەین کە لەم پێناوەدا دەکەونە گەڕ." ناوەندەکە لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا وای نووسیوە.

ڕۆژنامەی تریبون دۆ ژنێڤ یەکێک لە ڕۆژنامە گرنگەکانی سوییس ڕۆماند و چاپی ژنێڤ، لە ڕاپۆرتێکیدا لە ژێر سەردێڕی "تسۆنامییەک بۆ ڕاماڵینی دوژمنانی ئازادی"، سەرنج بۆ سەر بەشداری چالاکانەی کوردەکان لە تسۆنامی ڕۆژی یەکشەممەی (١٢ی ژانوییە) پاریس رادەکێشێ و دەنووسێ:

دەستەیەکی قەرەباڵغ لە کوردەکانی سەر بە پەکەکە لە مەیدانی کۆماری، بەرەو بلواری ڤۆلتێر ئاپۆرایان بەستبوو. ئەوان ئاڵا، پۆرترەی عەبدوڵا ئۆجەلانی سەرکردەیان و ئەو پانکاردانەیان بەرز کردبۆوە کە لەسەری نووسرابوو ''من شارلیم. من کوردم". پانکاردەکانی دی، ئاماژەی بە حزووری ئەوان دەکرد: ئەوان وتارێکی شاربیان - سەرنووسەری شارلی ئێبدۆ کە ڕۆژی چوارشەممە تیرۆر کرا - هەڵێنابوو کە تیایدا نووسیبووی لە بەرامبەر دەوڵەتی ئیسلامی، کوردەکان هەموومان دەپارێزن.

زیاتر بخوێنەوە >> "کوردەکان هەموومان دەپارێزن"

ڕۆژنامەی "لا ڤوا دوو نۆر" کە لە باکووری فەڕەنسا چاپ و بڵاو دەبێتەوە، لە ڕاپۆرتێکیدا تیشکی خستۆتە سەر بەشداریی موسڵمانەکان لە ڕێپێوانە گەورەکەی پاریسدا. بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکە لەسەر هەندێک لافیتە نووسرابوو "من شارلیم. من کوردم"، "بکوژانی ئێرە و هی کۆبانێ هەر یەک بکوژن."

ڕۆژنامەی "لۆمۆند" بەشداری چەند بنەماڵەی موسڵمان و لەوانە ژنێکی کورد و دوو مناڵەکەی کردۆتە مژاری ڕاپۆرتێک. پەریخان تات کە خەڵکی تورکیایە بەڵام کوردستانییە، لەگەڵ ئوزگور (١١ ساڵانە) و ڕۆزا (٩ ساڵانە) بەشداری خۆپیشاندانەکە بوون. پەریخان نزیکەی بیست ساڵە لە فەڕەنسا دەژی. لە فەڕەنسا خوێندوویەتی و ئیشی کردووە. هەر سێکیان ئێستا فەڕەنسین. موسڵمانن، "بەڵام بە کردەوە نا". پەریخان تات "دژی هۆڤێتییە". بە فەڕەنسییەکی دەست و پێ شکاو دەڵێ: "هۆڤێتی لە هەموو شوێنێ هەیە. ئەوان ئایین بۆ ئەنجامدانی کارەسات بەکار دێنن. ژنە ڕۆژنامەنووسێک لە تورکیا کوژرا. کوردەکان لە عێراق و سووریا بە دەستی تیرۆریستەکان دەکوژرێن. هەمان ئایدیا و هەمان بیرۆکە." ئەو نیگەرانی چوونی فەڕەنسییەکانە بۆ نێو دەوڵەتی ئیسلامی و دەڵێ "با فەڕەنسا ڕێگە نەدا تیرۆریستەکان بگەڕێنەوە، چونکە ئەوان زۆر مەترسیدارن." 

پەریخان هەروەها لەوە دەترسێ موسڵمانەکان لە فەڕەنسا دەربکرێن "لە لایەن هەندێک کەسەوە کە باش ئیسلام ناس ناکەن. پێیان وایە ئیسلام هەر ئەمەیە."

"من کاریکاتۆرەکانی شارلی ئێبدۆم بینی. هیچ نەیحەپەساندم. ئەمە ئازادی ڕۆژنامەگەرییە. بۆمان هەیە لەگەڵ بۆچوونی ئەوان نەبین، بەڵام مافی ئەوەمان نییە بیانکوژین." ئوزگور کە هەندێک لە پرسیارەکان بۆ دایکی وەردەگێڕێ، پێی وایە ڕۆژنامەنووسانی شارلی ئێبدۆ "زۆر بەورە بوون. ئەوان داکۆکییان لە بۆچوونی خۆیان کرد. ئەوان لە تیرۆریستەکان نەترسان."

ڕۆژنامەی ''نۆڤێل ئۆبسێرڤاتۆر" باس لە بنەماڵەیەکی کورد دەکا کە لە "رۆمۆرانتەن"ەوە هاتوون بۆ ئەوەی بەشداری ڕێپێوانەکەی پاریس بن. ئەوان کوردی تورکیان و بە فەڕەنسی قسە دەکەن. دەڵێن: "دژ بە هۆڤێتی و تیرۆریزم خۆپیشاندان دەکەین. ئێمە موسڵمانین، بەڵام لێرەین بۆ ئەوەی بەهاکانی کۆماری فەڕەنسا بپارێزین."
 
ڕۆژنامەی "لۆ بیەن پووبلیک" قسەکانی ئەردالی گواستۆتەوە کە کوردە و ٣٦ ساڵی تەمەنە: "ئێمە موسڵمانین، بەڵام هیچ پەیوەندییەکمان بەو ڕووداوانەوە نییە. فەڕەنسا وڵاتێکی عیلمانی و دیموکراتە، دەرگای بۆ هەموو بیانییەک کراوەیە! ئێمە هاودەنگین."

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر