۱۳۹۳/۰۲/۱۳

داشقەی دار



ییڵماز گونەی
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی
مناڵ بەدەم گریانەوە گەڕایەوە ماڵێ.
باوکی گوتی: "بۆچی دەگری کوڕە جوانەکەم؟"
مناڵەکە گوتی:
"ئەکرەم داشقەی داری هەیە، بەڵام سوارم ناکا. منیش داشقەم دەوێ."
باوکە گوتی:
"ئێوە ئاواڵی یەکترین، داشقەیەک بەشتان ناکا؟"
مناڵەکە گوتی:
"ئەکرەم قەت من سوار ناکا. هەر ئەو سوار دەبێ و منیش ڕایدەکێشم. دەڵێ ئەتۆ ئەسپی داشقەکەمی. دەڵێ ئەو داشقەیە ئی منە، ئەتۆ ئەسپی داشقەکەمی."
"جاران تۆ و ئەکەرەم نێوانتان خۆش بوو.. باشترین ئاواڵ بوون، یەکتریشتان زۆر خۆش دەویست… بۆ وای لێهات؟"
مناڵەکە فرمێسکەکانی سڕینەوە و گوتی:
"باوکی ئەکرەم داشقەی داری بۆ دروست کردوە! پێش ئەو داشقەیە نێوانمان خۆش بوو، زۆریش خۆش بوو. ئەسپی قامیشمان هەبوو و بەردەوام بە یەکەوە قومارمان دەکرد. دوایی باوکی ئەکرەم، داشقەیەکی داری بۆ دروست کرد. لەو ڕۆژەوە گۆڕاوە. قەت سواری داشقەکەم ناکا و هەر دەبێ داشقەکەی ڕابکێشم… زۆر جار پێشم ڕاناکێشێ، مناڵی دیکە ڕایدەکێشن…"
"دەی ئەوان ڕایکێشن باشترە.. تۆ ڕایناکێشی."
"ئەگە من ڕاینەکێشم، منداڵەکانی دیکە ڕایدەكێشن. پێی دەڵێم ئەکرەم با هەندێکیش ئەمن سوار بم، تۆ ڕایکێشە، دوایی تۆ سوار بە و من ڕایدەکێشم. دەڵێ نابێ. دەڵێ هەموو مناڵەکان پێیان خۆشە داشقەکەم ڕابکێشن. زۆری شایی بە داشقەکەیەتی. ئێستا بابی بۆیاغیشی بۆ کڕیوە و داشقەکەی بۆ ڕەنگ دەکا. ڕەنگی شین و کەسکی لێدەدا."
"بە مناڵەکان بڵێ با ئەوانیش ڕاینەکێشن… یەک بگرن، قسەتان بکەنە یەک، بە نۆرە سوار بن و بە نۆرە ڕایکێشن."
"گوێ لە قسەی من ناگرن خۆ.. هەموویان بە دووی ئەکرەمدا غار دەدەن. لەسەر ڕاکێشانی داشقەکە خەریکە یەکتری بخۆن. بە ئەکرەمم گوتوە ئەمنیش سوار کە، من ئاواڵێ تۆم. پێم گوتوە تۆش کەمێکی ڕاکێشە. دەڵێ نا. نە من سوار دەکا و نە مناڵەکانی دی."
باوکە بیری کردەوە. گوتی:
"وا دیارە ئەو داشقەیە کەوتۆتە نێوان تۆ و ئەکرەم و ئەکرەمی گۆڕیوە. ئەگەر ئەو داشقەیە ئی ئەکرەم نەبوایە و ئی تۆ بوایە، یانی ئەگەر ئەکرەم داشقەی نەبوایە و من داشقەیەکەم بۆ ساز بکردایەی، تۆ ئەو کارانەت دەکرد کە ئەکرەم ئێستا دەیانکا.. سواری داشقەکە دەبووی، مناڵەکانت وە دووی خۆت دەدا و شاییت بە خۆ دەبوو و …"
"ئەمن وام نەدەکرد.. هەموو مناڵەکانم بە نۆرە سوار دەکرد."
باوکە پێکەنی و گوتی:
"باشە کوڕم. منیش داشقەیەکی دارت بۆ دروست دەکەم."
مناڵەکە شاگەشکە بوو و گوتی:
"با لە داشقەکەی ئەکرەم جوانتر بێ، ڕەنگەکەشی سوور بێ."
باوکە یەکسەر خەریکی دروست کردنی داشقەی دار بوو.
مناڵەکە دڵخۆش بوو.
چاوەڕێ بوو داشقەکە تەواو بێ.
کاتێک داشقەکە تەواو بوو، مناڵ بە پێکەنینەوە هەمبێزی بە باوکی داکرد و لە دڵەوە ماچی کرد.
باوک چاوی لە کوڕەکەی دەکرد کە بە پۆلی منالانەوە پەیوەست بوو.
مناڵێک، داشقەکەی ئەکرەمی ڕادەکێشا.
مناڵانی دیکەی گەڕەک، کە کوڕەکەیان بینی داشقەیەکی تازەی پێیە و نزیک دەبێتەوە، خێرا تێی هاڵان…
مناڵەکە گوتی: "داشقەی خۆمە. بابم بۆی دروست کردووم. سبەینێش ڕەنگی سووری لێدەدا."
یەکێک لە مناڵەکان ویستی سواری داشقەکەی بێ. مناڵەکە بە توڕەییەوە پاڵی پێوە نا و قیژاندی:
"داشقەی خۆمە."
کەمێک دواتر، بە فیزەوە داشقەکەی دامەزراند.
مناڵەکە قەڵسەی لە ئەکرەم دەگێڕا، بێ ئەوەی لێی دوور کەوێتەوە، داشقەکەی بە یەکە یەکەی مناڵەکان ڕادەکێشا.
ئەکرەم گوتی:
"داشقەی من لە ئی تۆ باشترە."
مناڵەکە گوتی: "نەخێر. داشقەی من باشترە."
ئەکرەم گوتی: "با کێبڕکێ بکەین."
مناڵەکە بە تانەوە گوتی: "باشە."
لە نێو دەستەی مناڵاندا دوو ئەسپیان هەڵبژارد.
باوکە پێکەنینێکی تاڵ لەسەر لێوانی نیشت.
ژنەکەی پێی سەیر بوو کە بینی مێردەکەی لە خۆیەوە پێدەکەنێ، لێی پرسی:
"خێرە. بە چی پێدەکەنی؟"
پیاوەکە گوتی: "پێکەنینم بە داشقە دێ."
ژنەکە سەری بۆ لای مناڵەکان وەرسووڕاند.
داشقەی ئەکرەم و کوڕەکەی لە تەنیشت یەک، چاوەڕێی دەست پێکردنی کێبڕکێ بوون. مناڵێک ژمارەکانی دەبژارد:
"یەک… دوو… سێ."
ژمارەی سێی گوتبوو و نەگوتبوو، دوو داشقەکە وە ڕێ کەوتن.
ئەکرەم و مناڵەکە، دەستیان ڕادەوەشاند، وەک بڵێی بە قەمچی لە ئەسپەکانیان دەدەن و بە جۆش و خرۆشەوە دەیانگوڕاند:
"دەی.. دەی.."
مناڵەکانی دیکەش بە کەیفەوە بە دووی داشقەکاندا هەڵدەهاتن. منداڵێک کەوتبوو و لە پشت هەموویانەوە دەگریا.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر