سازدانی: نه‌شه دوزه‌ل
له تورکییه‌وه: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی
ئایا له‌گه‌ڵ ئۆجه‌لاندا سیاسه‌تتان کردووه؟
چه‌ندین جار چاومان پێک که‌وتووه. ساڵی ١٩٩٣ پرۆتۆکۆلێکمان واژۆ کرد، به‌پێی ئه‌و پرۆتۆکۆله ده‌بوو ڕێکخراوه کوردییه‌کان پێکه‌وه شه‌ڕ نه‌که‌ن و کێشه‌کانی نێوانیان به دیالۆگ چاره‌سه‌ر بکه‌ن. ئه‌وکات ئۆجه‌لان به‌شێوه‌یه‌کی یه‌کلایه‌نه ئاگربه‌ستێکی یه‌ک مانگه‌شی ڕاگه‌یاندبوو. له‌و هه‌لومه‌رجه‌دا که تورگوت ئۆزال ده‌یویست کێشه‌ی کورد چاره‌سه‌ر بکات، به هه‌وڵ و ته‌قه‌ڵای مام جه‌لال ئاگربه‌سته‌که درێژ کرایه‌وه. ئه‌و هه‌لومه‌رجه هاوکات بوو لەگەڵ واژۆکردنی پرۆتۆکۆلی نێوانمان. به‌ڵام به‌داخه‌وه، ئۆجه‌لان که‌سێک بوو له‌ژێر باندۆڕی ئه‌وانی تردا. ئه‌وکات له‌ژێر باندۆڕی سووریا دابوو. بۆیه سه‌رم سوڕما له‌وه‌ی چه‌که‌کان بێده‌نگ بکرێن و به‌چرپه له تاڵه‌بانیم پرسی: مام جه‌لال چۆنه سووریا به‌م ئاگربه‌سته ڕازییه؟ ئه‌مه چۆن ڕووی دا؟
تاڵه‌بانی چ وەڵامێکی دایه‌وه؟
له‌وەڵامدا پێی گوتم "تۆ بڵێی شتێکی وا ڕووی دابێ". هه‌ڵبه‌ت نه‌ک ته‌نیا سووریا به‌ڵکو چینی عه‌سکه‌رتاری ناو تورکیاش له‌و پرۆتۆکۆله‌ی ئێمه و ئاگربه‌سته‌که ڕازی نه‌بوون. دێمیرێل سه‌رۆک وه‌زیرانی ئه‌وکات بوو. ئۆزال لایه‌نگری چاره‌سه‌ری کێشه‌که بوو، به‌ڵام دێمیرێل دژایه‌تی ده‌کرد. ئه‌و ئه‌ندامی لۆبی شه‌ڕ بوو. {دوابه‌دوای درێژکردنه‌وه‌ی ئه‌م ئاگربه‌سته تۆرگوت ئۆزال به‌شێوه‌یه‌کی گوماناوی مرد. ڕۆژنامه‌ی ته‌ڕه‌ف.}
سووریا بێزاری خۆی له ئاگربه‌سته‌که به چ شێوه‌یه‌ک ڕاگه‌یاند؟
دواتر له‌گه‌ڵ ئۆجه‌لان، له‌کۆشکی لازقیه که له قه‌راخ ده‌ریا هه‌ڵکه‌وتبوو، سه‌ردانی جه‌میل ئه‌سه‌دی برای حافز ئه‌سه‌د و ئه‌ندام په‌رله‌مانی سووریامان کرد. پۆستێکی فه‌رمی نه‌بوو به‌ڵام کاریگه‌ریی و ده‌سه‌ڵاتێکی زۆری هه‌بوو. ئۆجه‌لان پێی گوتم "ئێمه سه‌ره‌تا په‌یوه‌ندییه‌کانمان له‌ڕێگه‌ی ده‌زگای زانیاری سه‌ربازییه‌وه بوو، پاشان گۆڕا به جه‌میل ئه‌سه‌د". پێم سه‌یر بوو وه‌ها ڕاشکاوانه له‌مباره‌وه قسه‌م لەگەڵ ده‌کات. به‌ڵام ده‌توانین بڵێین هه‌ندێکجار ئۆجه‌لان له‌ناو په‌که‌که‌دا له‌هه‌موان ساف تر و ڕاشکاوانه‌تر قسه ده‌کا. له‌به‌رده‌م که‌ناری ئاوه‌که که‌شتییه‌کی ئاسنین هه‌بوو. سه‌باره‌ت به جه‌میل ئه‌سه‌د، ئۆجه‌لان گوتی "بێت و ڕۆژێک کوده‌تایه‌ک یان شتێکی له‌و جۆره بقه‌ومێ، سواری ئه‌م که‌شتییه ده‌بێت و ڕا ده‌کات".
په‌یوه‌ندییه‌کانی جه‌میل ئه‌سه‌د و ئۆجه‌لان له چ ئاستێک دابوون؟
ئێمه‌ی بۆ سه‌ر خوان بانگهێشت کردبوو. خواردنمان خوارد و پاشان قسه‌مان کرد. جه‌میل ئه‌سه‌د پێمی گوت "ئێوه کارێکی هه‌ڵه‌تان کرد چوونه ئه‌وروپا. ئه‌م کێشه‌یه له‌ڕێگه‌ی ئاگر و باروته‌وه چاره‌سه‌ر ده‌بێ. به ئاشتی و ماشتی چاره‌سه‌ر نابێ." ئه‌وکات ئێمه لەگەڵ په‌که‌که پرۆتۆکۆلمان به‌ستبوو و په‌که‌که‌ش ئاگربه‌ستی یه‌کلایه‌نه‌ی ڕاگه‌یاندبوو. قسه‌ی جه‌میل ئه‌سه‌د له‌و سه‌ردانه‌دا بۆ ئێمه، ئه‌وه بوو! دواجار ئاگربه‌ست به‌هه‌وڵی هه‌مه‌لایه‌نه شکستی هێنا. هه‌وڵی هه‌ره به‌رچاویش له‌تورکیاوه له لایه‌ن تاقمی عه‌سکه‌رتاره‌وه درا. له بینگۆل ٣٣ سه‌ربازی بێ چه‌ک کوژران.
سه‌باره‌ت به‌م کۆمه‌ڵکوژییه، ڕای ئۆجه‌لانتان پرسی؟
ئه‌و کات په‌یوه‌ندیی ته‌له‌فۆنیمان هه‌بوو. لێم پرسی "کارێکی زۆر خراپ بوو. له‌قۆناغی ئاگربه‌ستدا بۆ وه‌ها کارێکتان ئه‌نجام دا؟ بۆچی سه‌ربازه بێ چه‌که‌کانتان گولـله‌باران کرد؟"، گوتی "وه‌ڵڵاهی منیش ئاگادار نه‌بووم، به‌ڵام ناچار مام بیگرینه ئه‌ستۆی خۆمان." ڕێک ئه‌م قسه‌یه‌ی پێ گوتم.
ئایا ئێوه قایل بوون؟
به‌ڵێ، قایل بووم. ده‌مزانی قسه‌کانی ئۆجه‌لان هه‌مووی ڕاست نین، به‌ڵام ئه‌زمونێکم هه‌بوو له جیاکردنه‌وه‌ی ڕاستی و ناڕاستی قسه‌کانیدا. دوابه‌دوای کوشتنی ئه‌و ٣٣ سه‌ربازه ئاگربه‌ست کۆتایی هات و به‌م شێوه‌یه قۆناغی ئاشتی هه‌ڵوه‌شایه‌وه. ڕژێمی میلیتاریستی هه‌ناسه‌یه‌کی هاته‌وه به‌ر. به‌ڕای من ئه‌و کات، ئۆزالیان ژه‌هرخوارد کرد. ئۆزال له‌میانه‌ی سه‌ردانیدا بۆ تورکه‌مه‌نستان و ئازه‌ربایجان به ده‌سته‌یه‌ک له‌نوێنه‌رانی په‌رله‌مانی گوتبوو "من ئه‌م کێشه‌یه چاره‌سه‌ر ده‌که‌م". وه‌زیری کاروباری ناوخۆ حیکمه‌ت چه‌تینیش له‌وێ بوو. ئۆزال گوتبووی "هاوڕێیان ئێوه‌ش یارمه‌تیم بکه‌ن با ئه‌و کێشه‌یه چاره‌سه‌ر بکه‌م"، به‌ڵام حیکمه‌ت چه‌تین قسه‌کانی گۆڕیبوو و گوتبووی "به‌ڕێز سه‌رۆک کۆمار، ئێوه زۆر ماندوون. هه‌ندێک پشوو بده‌ن". ئۆجه‌لانیش به‌و ده‌رئه‌نجامه گه‌یشتبوو، ده‌یگووت "ئه‌ویان برد".
به‌مدواییانه له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنی هێرشه‌کانی په‌که‌که، ده‌گوترێ ویستی به‌رده‌نگ وه‌رگرتنی ئۆجه‌لان ئه‌نجامێکی هه‌بووه. به‌ڕای ئێوه له توند‌و تیژییه‌کاندا ئه‌و حسابانه له‌به‌ر چاو ده‌گیرێن؟
له‌وانه‌یه، به‌ڵام ئه‌مانه حسابی لاوه‌کین. حسابی سه‌ره‌کیی نین. ده‌بێ ئه‌و خاڵه ده‌ست نیشان بکه‌ین. ئه‌و شه‌ڕه‌ی په‌که‌که درێژه‌ی پێ ده‌دا، له‌به‌رژه‌وه‌ندی خودی په‌که‌که‌شدا نییه. هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کیان له کوشتنی ئه‌و مرۆڤانه پێ ناگا. چونکه داخوازییه‌کانیان چین؟ گه‌وره‌ترین داخوازیان وه‌ک باسی ده‌که‌ن ئۆتۆنۆمیه‌کی دیموکراتیانه‌یه. له‌پێناو ده‌سته‌به‌رکردنی ئه‌م مافه‌دا پێویست ناکا له چیاکان بژین و شه‌ڕ بکه‌ن. ده‌کرێ ئه‌م داخوازییه له‌ڕێگه‌ی پارتێکی یاساییشه‌وه بێننه زمان. ئه‌م ده‌رفه‌ته ڕه‌خساوه. ئه‌گه‌ر ئاوا بکه‌ن، هێزێکی مه‌زنتر کۆ ده‌که‌نه‌وه و له‌ناوچه‌که پێش پارتی داد و گه‌شه‌پێدان ده‌که‌ون. به‌ڵام به‌شێک له‌کادیرانی شاخ له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی شاراوه‌وه کۆنتڕۆڵ ده‌کرێن. به‌ڵام با ئه‌مه به هه‌ڵه فام نه‌کرێ.... من ناڵێم سه‌رجه‌م فه‌رمانده و شه‌رڤانه‌کانی په‌که‌که سیخورن.
ئه‌ی ده‌ڵێن چی؟
ده‌ڵێم ئه‌و به‌شه‌ش له په‌که‌که به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی کاری خۆی بکات. دواجار ناوه ناوه په‌ره به هێرشه‌کان ده‌ده‌ن. ئامانجی ئێستا، ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ڕیفراندۆم و به‌زاندنی ئاکه‌په‌یه له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا. به‌و سیاسه‌تانه‌یان که‌وتونه‌ته پاڵ کوالیسیۆنی مه‌هه‌په و جه‌هه‌په و ده‌یانه‌وێ به کوالیسیۆنێکی هاوشێوه ئیشه‌کانی حکومه‌ت به‌ڕێوه بچن. بڕوانن.... دژایه‌تی کردنی ئاشتی و دیموکراسی زۆر بێ به‌زه‌ییانه‌یه. ئه‌م چالاکیانه ڕێگه له‌به‌رده‌م شه‌ڕی نێوان کورد و تورک خۆش ده‌کات. چونکه له ڕابردوشدا هه‌ر ئه‌و کارانه‌یان کرد.
له‌رابردوودا چیان کرد؟
هێزه تایبه‌تیه‌کان، کۆنترگه‌ریلا و ئه‌رگه‌نه‌کۆنچیه‌کان له جلی په‌که‌که‌دا چه‌ندین هێڕشی خوێناویان ئه‌نجام دا. له‌وانه‌یه ڕوداوی فڕۆکه‌ی "هێڕۆن"یش شتێکی له‌و شێوه‌یه بێ. میدیای تورک له‌مڕوه‌وه به ئه‌رکی خۆی هه‌ڵنه‌ستا و ڕای گشتی له‌م ڕوداوه ئاگادار نه‌کرده‌وه. ئێمه په‌که‌که له‌قاو ده‌ده‌ین، به‌ڵام میدیای تورک له ده‌وڵه‌تی شاراوه‌ی خۆیان نزیک نابنه‌وه.
ئایا هه‌ندێک ناهه‌قی ناکه‌ن؟
خاتوو نه‌شه، میدیای تورک ته‌نیا بریتی نییه له ڕۆژنامه‌ی "ته‌ڕه‌ف" و هه‌ندێک نوسه‌ری دیموکرات. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر په‌که‌که بیه‌وێ واز له شه‌ڕیش بێنێ، ڕێگه‌ی پێ ناده‌ن. ده‌وڵه‌تی شاراوه ده‌رفه‌تی ئه‌وه به په‌که‌که نادا واز له چه‌که‌کانی بێنێ. ئه‌مه ڕاستییه‌که! ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی تورکیا چاره‌سه‌رییه‌کی دیموکراسیانه‌ی په‌سه‌ند کردبا، ئه‌وا په‌که‌که پێشتر قه‌بوڵی ده‌کرد. به‌گوێره‌ی ئه‌م شیکردنه‌وانه، به‌رپرسیاری سه‌ره‌کیی خوێن ڕشتن له تورکیا ده‌وڵه‌تی شاراوه‌یه نه‌ک په‌که‌که. په‌که‌که هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی شاراوه‌یه. ئۆجه‌لان له چاوپێکه‌وتنی لەگەڵ پارێزه‌ره‌کاندا به‌رده‌وام په‌نجه‌ی تاوان بۆ لای پارتی داد و گه‌شه‌پێدان ڕاده‌کێشێ و هیچکات سوپا تاوانبار ناکات.
به‌ڕای ئێوه بۆچی؟
ئۆجه‌لان به‌رده‌وام داکۆکی له سوپا ده‌کا. باسی ئاتاتورک و که‌مالیزم ده‌کا و په‌سنیان ده‌دا. سه‌رجه‌م ئه‌مانه په‌یامن. ئه‌گینا ئۆجه‌لانیش ده‌زانێ گۆڕینی ده‌ستوور له به‌رژه‌وه‌ندی کورده‌کان دایه. ده‌زانێ پێویسته بڵێ "ده‌نگی ئه‌رێ بده‌ن"، به‌ڵام وا ناڵێ.
له‌وه‌ها ڕه‌وشێکدا خه‌باتی چه‌کداری که‌ی و چۆن ته‌واو ده‌بێ؟
ئه‌م کێشه به په‌که‌که چاره‌سه‌ر نابێت، به‌ڵکو به له‌ناوبردنی ده‌وڵه‌تی شاراوه و سیاسه‌تی میلیتاریستی کۆتایی دێت. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای که‌ندوکۆسپه‌کانی میلیتاریزم و پیلانه‌کانی، سه‌ره‌ڕای خۆڕاگری کۆنه‌پارێزه‌کان، زۆر شت هه‌یه که ده‌بێ له پێناو ئاسایی بوونه‌وه‌ی بارودۆخه‌که‌دا حکومه‌ت ئه‌نجامیان بدات. نابێ له چاوپێکه‌وتن لەگەڵ به‌ده‌په و په‌که‌که بترسێ. ده‌کرێ چاوپێکه‌وتنی زۆر کراوه لەگەڵ په‌که‌که پێک نه‌یه‌ن. هه‌رچه‌ند له ناو په‌که‌که‌دا که‌سانێک هه‌بن که بیانه‌وێ ئه‌مجۆره چاوپێکه‌وتنانه و هه‌روه‌ها قۆناغی ئاشتی چه‌واشه بکه‌ن، به‌ڵام به گشتی په‌که‌که بۆ ئه‌م چاوپێکه‌وتنه ناڕاسته‌وخۆیانه ئاماده‌یه. موراد قه‌ڕه‌یڵان ئه‌مه‌ی ده‌ویست. لێره‌دا ئاماژه کردن به‌م خاڵه زۆر گرنگه. ئه‌و که‌سه‌ی له شاخ هاته خوار، ده‌بێ بزانێ ناچێته گرتووخانه‌وه. کلیلی چاره‌سه‌ری، بێده‌نگ کردنی چه‌که‌کان و هاتنه‌خواره‌وه‌یه له چیاکان. له‌پێناو ئه‌مه‌شدا دیالۆگ لەگەڵ به‌ده‌په و په‌که‌که مه‌رجی سه‌ره‌کییه.
به‌ڕای ئێوه کێشه‌ی کورد به چ شێوه‌یه‌ک چاره‌سه‌ر ده‌بێ؟
به‌بۆچوونی ئێمه، ئه‌گه‌ر هه‌لومه‌رجی تورکیا له‌به‌رچاو بگرین، فیدراسیۆن له‌بارترین شێوازه. هه‌ر وه‌ک نمونه‌ی باشووری کوردستان، ده‌کرێ له تورکیاش ئه‌و شوێنانه‌ی کورد تیایدا زۆرینه‌ن، له ڕێگه‌ی په‌رله‌مان، حکومه‌ت، زمان و په‌روه‌رده به زمانی کوردی ده‌وڵه‌تێکی فیدڕاڵی کوردی دابمه‌زرێ.
به‌بۆچوونی ئێوه کوردستان کوێیه؟
له مه‌رعه‌شه‌وه بۆ ڕۆژهه‌ڵات. ئه‌مه له ڕێگه‌ی ڕاپرسیه‌که‌وه جێبه‌جێ ده‌بێت. ده‌بێ له که‌شوهه‌وایه‌کی ئازاد و به ڕاپرسیه‌کی ئازادانه پرسیار له خه‌ڵک بکرێ که ئێوه چۆن هه‌ست به خۆتان ده‌که‌ن و پێتان خۆشه له کوێ بژین؟
ئه‌گه‌ر پێکدادان و هێرشه‌کان ڕابوه‌ستێن، به‌ڕای ئێوه تورکیا چی به‌سه‌ر دێت و ڕوبه‌ڕووی چ پێشکه‌وتن گه‌لێک ده‌بێته‌وه؟
پێم وا نییه سه‌رجه‌م ئه‌و پێکدادانانه به‌رهه‌می کوده‌تایه‌کی سه‌ربازی بن. هه‌رچه‌ند له تورکیا کوده‌تاچییه‌کان هه‌رگیز له‌م بابه‌ته‌وه بێ هیوا نابن، به‌ڵام هه‌مدیس مه‌ترسیه‌کی وه‌ها له ئارا دایه. ئه‌گه‌ر دۆخی شه‌ڕ و پێکدادان کۆتایی پێ نه‌یه‌ت و پێش به هێرشه‌کان نه‌گیردرێ، ڕه‌وشی تورکیا ڕۆژ به ڕۆژ زیاتر به‌ره‌و خراپبوون ده‌چێ. پێڤاژۆیه‌کی وه‌ها ده‌توانێ کورد و تورک به گژ یه‌کتری دابکات. چونکه له‌وانه‌یه دژبه‌رانی ئاشتی و دیموکراسی بێ به‌زه‌ییانه، ڕێگه له‌به‌رده‌م هه‌ندێک چالاکی خۆش بکه‌ن که پێکدادانی نێوان کورد و تورکی لێده‌که‌وێته‌وه. بۆی هه‌یه گروپێک له‌ناو په‌که‌که ببنه ئامێری ئه‌م بێنه‌و به‌ره‌یه. ئێوه بڕوانن....
ده‌ی...
کاتێک ئه‌رتوغرول ئۆزکۆک له‌بابه‌تێکدا ده‌نوسێ "ئایا ئێمه ناچارین لەگەڵ کورده‌کاندا بژین"، ئه‌مه ته‌نیا هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک نییه. به‌ڵکو له هه‌مانکاتدا ڕێنوێنی ده‌ری هێزه میلتاریسته‌کانه له پێناو دارشتنی سیاسه‌ت و پلانی نوێ‌دا. له‌لایه‌کی دیکه‌وه نیشانه‌ی په‌یڕه‌و کردنی سیاسه‌تێکی نوێیه.
به‌ڕای ئێوه پلانی نوێ چییه؟
ئه‌وه له‌ڕوانگه‌ی ئه‌وانه‌وه سیاسه‌تێکی له‌م شێوه‌یه‌یه که ئه‌گه‌ر به کورده‌کان نه‌وێراین و نه‌مانتوانی بزووتنه‌وه‌ی کورد سه‌رکوت بکه‌ین، ئه‌وا له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌کسانی، دان به مافی فیدراسیۆن یاخود هه‌رێمێکی ئۆتۆنۆم داده‌نێین و ناوچه‌یه‌کی دیاریکراویان پێده‌ده‌ین.
باشه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئه‌مه داخوازی و ویستی ئێوه نه‌بوو؟ کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆ، فیدراسیۆن یاخود هه‌رێمێکی ئۆتۆنۆمتان نه‌ده‌ویست؟ ئایا ئێستا دژی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی کوردین؟
نه‌خێر. بۆ دژایه‌تی بکه‌ین؟ به‌ڕای ئێمه گه‌لان، مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه چاره‌نووسی خۆیان دیاری بکه‌ن. گه‌لی کورد نه‌ته‌وه‌یه‌که و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ، مافی خۆیه‌تی.
ئایا تورکه‌کان مافی ئه‌وه‌یان نییه چاره‌نووسی خۆیان ده‌ستنیشان بکه‌ن؟ ئایا تورکه‌کان داکۆکی له جیابوونه‌وه ناکه‌ن؟ نایانه‌وێ جیا ببنه‌وه؟
ئه‌وه‌نێ تورکه‌کان چاره‌نووسی خۆیان ده‌ستنیشان کردوه، نه‌ک هه‌ر هی خۆیان بگره چاره‌نوسی کورده‌کانیشیان دیاری کردوه. تورکیا ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆیه. زمانی فه‌رمی تورکییه. ئایا تورکه‌کان سه‌رله‌نوێ ده‌وڵه‌تێکی دیکه داده‌مه‌زرێننه‌وه؟ ئه‌وه نییه ده‌وڵه‌تیان هه‌یه. له‌پێکهاته‌یه‌کی وه‌هادا، ئه‌وه کورده‌کانن ده‌بێ مافی چاره‌ی خۆنووسینیان هه‌بێ نه‌ک تورکه‌کان.
ئه‌ی باشه تورکه‌کان بیر له‌وه ناکه‌نه‌وه له کورده‌کان جیا ببنه‌وه؟ هیچ گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌م مژاره ناکه‌ن؟
ئه‌گه‌ر ویستێکی وه‌هایان هه‌بێ، ئه‌وه په‌یوه‌ندی به خۆیانه‌وه هه‌یه، ئه‌گه‌ر بیانه‌وێ له کورده‌کان جیا بن، له‌وانه‌یه کورده‌کانیش ئه‌مه‌یان به‌لاوه په‌سند بێ. ئه‌و شته‌ی پێویسته تورکه‌کان بیکه‌ن ئه‌وه‌یه که دان به مافی جیابوونه‌وه‌ی کورده‌کان دابنێن. له‌هیچ شوێنێکی دنیا، گه‌لێکی ژێرده‌ست ناتوانێ ڕۆڵی هه‌بێ له ده‌ستنیشانکردنی مافی چاره‌ی خۆنووسینی گه‌لی سه‌رده‌ست. با بڵێن... کورده‌کان ده‌یانه‌وێ جیا ببنه‌وه، ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆیان ده‌وێ، ئه‌و کات تورکه‌کانیش ده‌ڵێن ئه‌وه مافی خۆتانه. ئه‌رتوغرول ئۆزکۆک که ده‌ڵێ :ئایا ناچارین لەگەڵ کورده‌کان بژین، مه‌به‌ستێکی دیکه‌ی هه‌یه.
چ مه‌به‌ستێکی هه‌یه؟
ئه‌رتوغرول ئۆزکۆک به‌و بیرکردنه‌وه‌یه‌ی له چوارچێوه‌ی سیاسه‌تێکی نوێ‌دا له ڕاستیدا پێشنیاری ئاڵوگۆڕێکی دوو لایه‌نه دێنێته گۆڕێ. ئۆزکۆک پێی وایه له‌به‌رامبه‌ر مافی جیابوونه‌وه‌دا، ده‌بێ سات و سه‌ودا بکرێ. نیه‌تێکی ئاوا شاراوه‌یه "وه‌ک چۆن ئه‌رمه‌نیه‌کانمان دوور خسته‌وه، با ئه‌مجاره‌ش ڕێگا له به‌رده‌م ئاڵوگۆڕێکی دوو لایه‌نه خۆش بکه‌ین و کورده‌کانی ڕۆژئاواش وه‌ها دوور بخه‌ینه‌وه". ئاڵوگۆڕی واته ئازاردانی مرۆڤه‌کان. ئه‌مه پێشنیارێکی فاشیستانه‌یه. چونکه ئه‌گه‌ر کورده‌کان بۆ کارکردن هاتبنه ڕۆژئاوا یاخود کۆچی زۆره ملێیان پێ کرابێ، دیسان له‌چوارچێوه‌ی سنووره‌کانی ئه‌م وڵاته دا ده‌ژین. هه‌ر که‌سێک له چوارچێوه‌ی ئه‌م وڵاته‌دا بژی، مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه شوێنی نیشته‌جێبوونی خۆی بگۆڕێ. وه‌ک چۆن کورده‌کان له ڕۆژئاوای تورکیا هه‌ن، له کوردستانیش تورک ده‌ژین. ده‌ڵێن "کورده‌کانی ئیستانبوڵ له کوێ هاتوونه‌ته ده‌ر؟" باشه، خۆ ئه‌وانه به که‌یفی خۆیان کۆچیان نه‌کردوه.
ئه‌ی؟
به‌درێژایی دروستبوونی کۆمار، ناوچه‌که پشتگوێ خراوه. کارگه و خوێندنگا بنیات نه‌نراون و ده‌ڤه‌ره‌که هه‌ژار هێشتراوه‌ته‌وه. ئه‌مه‌ش ڕێگه‌ی له به‌رده‌م کۆچی ئابووری خۆش کردوه. دواتر له ژێر ناوی سه‌رهه‌ڵدان و زه‌خت و زۆری بێگومان گه‌ل ناچار بووه بێ ویستی خۆی شوێنی نیشته‌جێبوونی بگۆڕێ. له‌ئه‌نجامی شه‌ڕی قڕێژدا، چوار هه‌زار گوند سوتێنران. دانیشتوانی له‌وێ دور خرانه‌وه. به‌ڵام بۆچوونی فاشیستانه ده‌ڵێ "با هه‌موویان ڕاو بنێین، بیاننێرینه‌وه بۆ کوردستان". به‌کورتی سه‌رله‌نوێ هه‌ڕه‌شه‌ی دوورخستنه‌وه له‌و مرۆڤانه ده‌که‌ن. ناتوانن وا بکه‌ن. مافی ئه‌وه‌شیان نییه. ئێمه پێشنیاری دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵی کوردی له ئه‌سته‌نبوڵ ناکه‌ین، ئێمه له‌و شوێنانه پێشنیاری دامه‌زراندنی فیدرالیزم ده‌که‌ین که تیایدا کورد زۆرینه‌یه. ئه‌و شته‌ی که پێویسته بکرێ، زۆر ئاسانه.
ده‌بێ چ شتێک بکرێ؟
ده‌بێ بگه‌ڕێینه‌وه بۆ فه‌زایه‌کی دیموکراتیک. چه‌که‌کان بێده‌نگ بکرێن. کورد و تورک به یه‌که‌وه دابنیشین و گفتوگۆ له سه‌ر ئه‌وه بکه‌ین که داخوا کێشه‌که چۆن چاره‌سه‌ر ده‌بێت. له پێناو ئه‌م کێشه‌یه‌دا، با لێپرسینه‌وه و هه‌ڕه‌شه له هیچکه‌س نه‌که‌ین، که‌س نه‌کوژین و له ڕێگه‌ی دیالۆگه‌وه چاره‌سه‌ری بکه‌ین.
په‌که‌که له‌باره‌ی ئێوه‌وه چۆن بیر ده‌کاته‌وه؟
هیچکات بیرکردنه‌وه‌یه‌کی پۆزه‌تیڤ نه‌بووه. له‌چاوپێکه‌وتنماندا ئۆجه‌لان به‌رده‌وام ڕێزی له من ده‌گرت، به‌ڵام پاشمله زۆر شتی له‌سه‌ر ده‌گوتم. به‌ڕێزه‌وه نزیکی مام جه‌لالیش ده‌بۆوه به‌ڵام له پشت سه‌ری ئه‌ویش قسه‌ی ده‌کرد. سه‌باره‌ت به من ده‌یگووت پیاوی ئاڵمانیایه و له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه هان ده‌دردێت. سه‌باره‌ت به تاڵه‌بانیش گوتبووی سیخوڕی به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسایه. مام جه‌لالیش به گاڵته گوتبووی "هاوکات ناکرێ سیخوری هه‌ردووک وڵات بی".
ئایا ئێستاش مه‌ترسییه‌ک هه‌ڕه‌شه له ژیانتان ده‌کات؟
من زۆر جار له لیستی ئه‌وان دابووم. نازانم ئێستا له لیستی ئه‌واندا هه‌م یان نا. پێشم گرنگ نییه. ئیتر ته‌مه‌نم بۆته ٧٤ ساڵ. هه‌روه‌ها سووڕی ده‌ورانیش گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه. په‌که‌که زۆر له دژبه‌رانی خۆی کوشت و بێده‌نگی کردن. هه‌رچه‌ند بانگه‌شه‌نامه‌کانیش ده‌رکه‌وتنه گۆڕێ. ده‌وڵه‌تی شاراوه هێشتا سووره له سه‌ر کوشتنی ڕۆشنبیران، به‌ڵام ده‌وڵه‌تی شاراوه ئه‌م پلانانه‌ی جێبه‌جێ ناکات. ئه‌گه‌ر دۆزی ئه‌رگه‌نه‌کۆن دروست نه‌ببوایه، ئه‌وا کوشتنی زۆر ڕوشنبیری دیکه‌مان به‌چاو ده‌بینی.
هیچ بیر له‌وه ده‌که‌نه‌وه بگه‌ڕێنه‌وه بۆ تورکیا؟
ناگه‌ڕێمه‌وه. یاساکانی تورکیا نه‌گۆڕدراون. هاوڕێکانی من به ١٥ ساڵ سزای زیندان حوکم دراون. تاوانی ئه‌وان ئه‌وه نه‌بووه که چه‌کیان هه‌ڵگرتووه، به‌ڵکو سزا دراون چونکه به‌ڕێوه‌به‌ری حزبێکی کوردین. سه‌رۆک وه‌زیر ئه‌ردۆغان ده‌ڵێ "که‌ماڵ بورکای ده‌توانێ بگه‌ڕێته‌وە"، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ریدا پۆلیس یاخود پارێزه‌رێک ده‌ڵێن چی؟
به بۆچوونی ئێوه پارێزه‌ره‌کان ده‌ڵێن چی؟
ساڵی ١٩٧٤ کاتێک گه‌ڕامه‌وه، لێبوردنی گشتی ده‌رکرابوو. ڕۆیشتمه گونده‌که‌مان. فه‌رمانده‌ی پایه‌گا، ته‌له‌فۆنی بۆ به‌رپرسی سه‌رووی خۆی کردبوو و گوتبووی: که‌ماڵ بورکای هاتووه، گه‌لۆ قۆڵبه‌ستی بکه‌ین و بینێرین؟ فه‌رمانده‌ی ژانده‌رمه بێ ئاگا بوو له لێبوردنی گشتی. ئه‌وه له کاتێکدایه که ئێستا لێبوردنی گشتیش له ئارادا نییه. زۆر پارێزه‌ر و دۆزگه‌ر هه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ته‌نانه‌ت سه‌رۆک وه‌زیر عه‌بدوڵڵا گویل بخه‌نه زیندان، ئاگره‌که خۆش ده‌که‌ن. له‌تورکیا، داد له داد لای داوه.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر