که‌ماڵ بورکای
له‌تورکییه‌وه: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی
Tack Sevrige
زۆر سوپاس سوید
من که‌ماڵ بورکای، سیاسه‌تمه‌دار، شاعیر و نووسه‌رێکی کوردم؛ 31 ساڵ و چوار مانگ له‌مه‌وبه‌ر به‌ناچاری له وڵاته‌که‌م دابڕام. چونکه دامه‌زرێنه‌رو به‌ڕێوه‌به‌ری پارتێکی سۆسیالیست و کوردستانی بووم و له‌و وڵاته تێکۆشان له‌پێناوی سۆسیالیزم و وشه‌گه‌لی کورد و کوردستان قه‌ده‌غه بوون. هاوکات له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنی خه‌باتی گه‌لانی ره‌نجده‌ر و چه‌وساوه له‌پێناو ئازادی و دیموکراسی، ده‌نگی پۆستاڵه‌کانی فاشیزمیش به‌رزتر ده‌بۆوه.
دواجار، ماوه‌یه‌ک له هاتنه‌ده‌ره‌وه‌م تێنه‌په‌ڕیبوو که کوده‌تای سه‌ربازی له تورکیا هاته ئاراوه. کوده‌تا ده‌ستی به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات داگرت. پاشان دۆست و هاوڕێکانم وه‌ک زۆربه‌ی هه‌ره زۆری لایه‌نگرانی ئاشتی، ئازادی و دیموکراسی قۆڵبه‌ست کران، ئه‌شکه‌نجه‌ی قورسیان به‌سه‌ردا سه‌پا و ته‌نانه‌ت هه‌ندێکیان له گرتووخانه گیانیان له ده‌ست دا.
ئینجا، منیش وه‌ک ژماره‌یه‌کی زۆر له‌و سیاسه‌تمه‌دار و رۆشنبیره کوردانه‌ی له ژێر ده‌ستی فاشیزم رایانکردبوو، لێره داوای په‌نابه‌رێتیم کرد. سوید سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی وڵاتێکی دیموکراته، به سرووشته رازاوه‌که‌ی و که‌ش و هه‌وا پاکژه‌که‌ی سه‌رنجی منی شاعیری بۆ لای خۆی راکێشا، ئێره‌م خۆش ویست.
له چوار گۆشه‌ی جیهانه‌وه په‌نابه‌ری سیاسی روویان کردبووه ئێره؛ تورک، فه‌له‌ستینی، شیلی و ... تۆ ئامێزت بۆ ئێمه‌ی کوردیش کرده‌وه. بۆ مناڵانمان که له وڵاتی خۆیان له مافی خوێندن به زمانی زگماکی بێبه‌ش بوون – دیاره ئێستاش ئه‌و مافه‌یان نییه - تۆ هه‌موو ده‌رفه‌تێکت ره‌خساند تاکوو به زمانی خۆیان بخوێنن و بنووسن. ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌و مه‌به‌سته قوتابخانه‌یه‌کت کرده‌وه بۆ ئه‌وه‌ی مامۆستایانی کورد پێبگه‌یه‌نێ. داموده‌زگا کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگیه‌کانت، له رێگه‌ی وه‌شان به زمانی زگماکی و چاپی کتێب، یارمه‌تیه‌کی گه‌وره‌یان پێشکه‌ش به رۆشنبیرانی کورد کرد. به‌م شێوه‌یه، فه‌رهه‌نگه‌که‌مان که له‌وڵاتی خۆمان قه‌ده‌غه بوو، لێره تی‌ف تیفه درا و پشکووت. له نێو کورده‌کانی ئه‌م وڵاته‌دا، به ده‌یان شاعیر، نووسه‌ر، رۆماننووس، چیرۆک‌نووس و لێکۆڵه‌ری نوێ سه‌ریان هه‌ڵدا.
ئۆلۆف پالمێ، سه‌رۆک وه‌زیرانی ئه‌م وڵاته گوتی "کورده‌کان گه‌لێکی چه‌وساوه‌ن و پێویسته یارمه‌تی بدرێن."
زۆر سوپاس سوید!
من له‌م وڵاته وه‌ک مرۆڤێکی ئازاد ژیام. سوید بوو به نیشتیمانی دووهه‌مم. تۆ هاوسه‌ر و مناڵه‌کانمت داڵده دا. به په‌ساپۆرتی تۆ وڵاته و وڵات گه‌ڕام، سیاسه‌تم کرد و بابه‌تم نووسی. له جوانی سرووشتا هاوتات نییه، له سایه‌ی که‌نداوه‌کانت، دووڕگه‌کانت، چه‌مه‌کانت، چیاکانت، دارستانه‌کانت، داره‌کانت، به‌رده‌کانت، گوڵه‌کانت سه‌دان شیعرم نووسی. ئه‌وانیش هه‌موویان پێشکه‌ش به تۆ.
ته‌نیا به‌هاره ره‌نگینه‌که‌ت نا، به‌ڵکو شه‌وه سپییه‌کانی هاوینت و سه‌هۆڵبه‌ندانی درێژی زستانه‌کانیشتم خۆش ویست.
ئێستاکه، دوای 31 ساڵ و چوار مانگ، رێگه کراوه‌ته‌وه و ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ وڵاته‌که‌م. وڵاته‌که‌ی منیش چیا و چه‌می، ده‌شت و دۆڵی، دار و گوڵی جوانن. دڵنیام رۆژێک دادێ، رۆژێک که زۆر دووره‌ده‌ست نییه، وه‌ک تۆ ئازادی، ئاشتی و دیموکراسی تێدا به‌رقه‌رار ده‌بێ. گه‌له‌که‌م له پێناوی ئه‌مه‌دا قوربانییه‌کی زۆری داوه و بێگومان شایانێتی.
به‌ڵێ، ده‌گه‌ڕێمه‌وه، به‌ڵام تاسه‌ت ده‌که‌م و ئه‌گه‌ر ته‌مه‌ن و هه‌لومه‌رج مه‌ودا بدا، هه‌مدیس دێمه‌وه و ده‌تبینمه‌وه. تۆ نیشتیمانی دووهه‌می منی.
ئێستا ماڵئاوا سوید!
ماڵئاوا ئۆلۆف، ماڵئاوا ئاننا، ماڵئاوا مۆنا!
ماڵئاوا دۆسته ئازیزه‌کانم!
Tack Sverige
که‌ماڵ بورکای
ژوئیه‌ی 2011، ستۆکهۆڵم
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر