سازدانی: نه‌شه دوزه‌ل
لهتورکییەوە: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی
بۆچی به‌نگی یه‌ڵدز
پرسی کورد پێی نایه قۆناغێکی زۆر مه‌ترسیداره‌وه. به هۆی هه‌ندێک سات و سه‌وداوه، سیاسه‌ت خراوه‌ته ده‌ره‌وه‌ی بازنه و هه‌وڵ ده‌درێ له ڕێگه‌ی چه‌کداری و توند‌و تیژییهوه کێشه‌که چاره‌سه‌ر بکرێ. ڕۆژانه له میانه‌ی شه‌ڕو پێکدادان، ئۆپه‌راسیۆن و بۆسهنانهوهدا ڕۆڵه‌کانی ئه‌م وڵاته ده‌کوژرێن. شار ددان ده‌کرۆژێ، له گه‌ڕه‌که‌کاندا کورد و تورک مل له ملی یه‌ک ده‌نێن. ئا له دۆخێکی ئاوادا... که پێکدادانه گه‌وره‌که‌ی سیلڤان خه‌ڵکی تورکیای سه‌رسام کردبوو و هه‌ستی خه‌ڵکی بزواندبوو، کۆنگره‌ی کۆمه‌ڵگەی دیموکراتیک، خۆسه‌ری دیموکراتیکی ڕاگه‌یاند. خۆسه‌ری ڕۆژی ١٤ی ژوئیه له لایه‌ن ئایسه‌ل توغڵوکهوه ڕاگه‌یه‌نرا. دوای تێپه‌ڕبوونی ده ڕۆژ، هێشتا به ته‌واوه‌تی ڕوون نه‌بۆته‌وه چ شتێک ده‌گرێته خۆ و به چ میکانیزمێک و له کوێ پیاده ده‌بێ. هێشتا ده‌ستووری بنه‌ڕه‌تی نه‌گۆڕدراوه و به شێوه‌یه‌کی یه‌کلایه‌نه گۆڕینی پێکهاته‌ی ئیداری ڕاگه‌یه‌نراوه، قسه له‌سه‌ر ئه‌وه نه‌کراوه که ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت ئه‌م پێکهاته‌یه په‌سند نه‌کا، چ ڕوو ده‌دا و کاردانه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی کورد که بریتیه له ده‌ته‌که (کۆنگره‌ی کۆمه‌ڵگەی دیموکراتیک)، که‌جه‌که (کۆما جڤاکێن کوردستان)، په‌که‌که (پارتی کرێکارانی کوردستان) و به‌ده‌په (پارتی ئاشتی و دیموکراسی) چی ده‌بێ. کۆنگره، له کام ناوچه خۆسه‌ری ڕاگه‌یاندووه؟ شاره‌کانی کوردستان کامانه‌ن؟ ئاخۆ شاره‌کانی وه‌ک عه‌نتاب، ئادییه‌مان و سیرت له‌و ناوچانه‌دا گونجێنراون که خۆسه‌ری مه‌به‌ستێتی؟ به گوێره‌ی کام پێوانه، ئه‌و ناوچانه هه‌ڵده‌بژێردرێن؟ ئایا خۆسه‌ری ئه‌و شارانه‌ش ده‌گرێته‌وه که ده‌نگیان نه‌داوه به به‌ده‌په. سه‌پاندنی خۆسه‌ری به سه‌ر ئه‌و شوێنانه که له لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه پشتگیری‌یان لێ نه‌کراوه، چ ئه‌نجامێکی ده‌بێ؟ ئه‌و کوردانه‌ی خۆسه‌ری دیموکراتیان ناوێ چاره‌یان چییه؟ ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت دان به‌و خۆسه‌رییه دانه‌نێ، چ ده‌قه‌ومێ؟ ئایا شۆڕشێکی به‌ته‌واو مانا هه‌ڵده‌گیرسێ؟ سه‌رجه‌م ئه‌م پرسیارانه‌مان ئاڕاسته‌ی به‌نگی یه‌ڵدز کرد که یه‌كێکه له پێنج نوێنه‌رانی به‌ده‌په له کۆنگره‌ی کۆمه‌ڵگەی دیموکراتیکدا. ئه‌وه بۆ دوو خول ده‌چێ به‌نگی یه‌ڵدز وه‌ک نوێنه‌ری ده‌ته‌په / به‌ده‌په له شاری باتمان بۆ په‌رله‌مان هه‌ڵده‌بژێردرێ.
کۆنگره‌ی کۆمه‌ڵگەی دیموکراتیک، له کام ناوچه خۆسه‌ری دیموکراتیکی ڕاگه‌یاندووه؟
سه‌ره‌تا پێویسته بڵێم، خۆسه‌ری دیموکراتیک، پڕۆژه‌یه‌که له پڕۆگرامی هه‌ر یه‌که له به‌ده‌په و دهتهکهدا گونجێنراوه. ئه‌م سیسته‌مه، مودێلێکه بۆ سه‌رجه‌م تورکیا پێشنیار ده‌کرێ.
به‌ڵام ئه‌م مۆدێله، له سه‌رانسه‌ری تورکیا گفتوگۆی له‌سه‌ر نه‌کراوه! کۆنگره‌که‌تان له کوێ خۆسه‌ری ڕاگه‌یاندوه؟
بێگومان، له‌و ناوچانه‌ی کورد لێی ده‌ژین... واته ئه‌و شوێنانه‌ی پارتی ئاشتی و دیموکراسی و کۆنگره‌ی کۆمه‌ڵگەی دیموکراتیک تیایدا باڵاده‌ستن. ئێمه پێمان وایه ئه‌م مۆدێله بۆ تورکیا شیاوه، به‌ڵام بێگومان وه‌ک ده‌رئه‌نجام به سه‌ر تورکیای داناسهپێنین. ئێمه نه‌مانگوتوه با تورکه‌کان له ده‌ریای ڕه‌ش خۆسه‌ری دیموکراتیک ڕابگه‌یه‌نن، نه‌مانگوتووه ئه‌سته‌نبوڵ خۆسه‌ری ڕابگه‌یه‌نێ.
باشه ئه‌ی ئه‌و ناوچانه کامانه‌ن که خۆسهریتان تێدا ڕ اگهیاندوه؟
له کوردستان ڕامانگه‌یاندوه... ئێمه وه‌ک کوردستانی خۆسه‌ری دیموکراتیک ئه‌مه‌مان فه‌رمۆله کردووه و سێ، چوار ساڵه باسی لێوه ده‌که‌ین.
ئه‌و ناوچانه‌ی پێی ده‌ڵێن کوردستان، کوێ و کوێ ده‌گرێته خۆ؟
ئه‌و شوێنانه ده‌گرێته خۆ که له ڕوانگه‌ی مێژوویی و جوگرافییه‌وه، کوردستان بوون. له‌ڕاستیدا، ئه‌مه سنوورێکه تا سیواس و دێرسیم درێژ ده‌بێته‌وه. به‌شێکی مه‌رعه‌ش، ئه‌رزنجان، مالاتیا... ئه‌لازغ... له ڕوانگه‌ی مێژوویه‌وه ئه‌رزروم، وان، ئاگری... باتمان، دیاربه‌کر... یانی باشوور و باشووری ڕۆژهه‌ڵات به گشتی. ئه‌گه‌ر له ڕوانگه‌ی جوگرافییه‌وه سه‌یری بکه‌ین، له سه‌رده‌می عوسمانییه‌کاندا ئه‌مانه سنووری کوردستان بوون.
ئایا به‌شێکی ئه‌مه، جوگرافیای ئه‌رمه‌نستان نه‌بوو؟
ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ مێژووی کۆن، بێگومان ئه‌رمه‌نستانه. به‌ڵام له پاش ساڵی ١٥١٤ه‌وه، له سه‌رده‌می عوسمانییه‌کاندا ئه‌وێ ئه‌رمه‌نستان نییه و کوردستانه. تا سه‌ره‌تای ساڵانی ١٩٠٠، دهرەبهگهکانی کوردستان میرنشینی خۆیان هه‌بوو و به‌رێوه‌به‌رایه‌تی به ده‌ست خۆیان بوو. بێگومان ئێمه که باس له کوردستان ده‌که‌ین، ته‌نیا مه‌به‌ستمان کوردستانی تورکیا نییه.
بۆ کوردستانی عێراقیش، خۆسه‌ری دیموکراتیکتان ڕاگه‌یاندوه؟
نه‌خێر. به هۆی ئه‌وه‌ی باستان له سنووره‌کانی کوردستان کرد، ئاماژه‌م به‌و خاڵه کرد. بێگومان ئێمه له ڕاگه‌یاندنی کوردستانی خۆسه‌ری دیموکراتیک، مه‌به‌ستمان ئه‌و جوگرافیایه‌یه که کورده‌کان لێی ده‌ژین. به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێینه سه‌ر مه‌سه‌له‌ی جێبه‌جێبوونی ئه‌م پڕۆژه‌یه... له‌و شوێنانه شانسی پراکتیزه‌کردنی خۆسه‌ری دیموکراتیکمان هه‌یه که تیایدا زۆرینه‌ی ده‌نگه‌کانمان به‌ده‌ست هێناوه، له‌و شوێنانه‌ی، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه هه‌رێمیه‌کان و مه‌جلیسه‌کانی شاره‌کانمان به ده‌سته. به‌پێچه‌وانه، ئه‌گه‌ر من ئێستا بڵێم خۆسه‌ری دیموکراتیک له سیواس و ئه‌رزنجان پیاده ده‌که‌ین، ئه‌وا لۆژیکانه نابێ.
ئایا له‌و شوێنانه خۆسه‌ری ڕاده‌گه‌یه‌نن که به‌ده‌په له سه‌رووی 50%ی ده‌نگه‌کانی به‌ده‌ست هێناوه؟ له‌و شوێنانه پراکتیزه‌ی ده‌که‌ن؟
ئێمه خواستی خهڵکمانهوه به لاوه گرنگه. ئێمه له مه‌سه‌له‌ی ڕاگه‌یاندنی خۆسه‌ری دیموکراتیکدا، پێمان وایه ئه‌مه له ڕوانگه‌ی کورده‌کانه‌وه، پڕۆژه‌یه‌کی گرنگه. هه‌ر که‌س پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ی پێ ڕاست بێ، هه‌ر که‌س پێی وابێ کورده‌کان خۆسه‌ری دیموکراتیکیان ناوێ و شتێکی بێ واتایه، با بێت و له‌و شوێنانه ڕیفراندۆم بکا. با ده‌وڵه‌ت ڕیفراندۆم بکا و له کورده‌کان بپرسێ "ئه‌ی خه‌ڵکی کورد، ئێوه چۆن بهڕێوهبهرایهتیهکتان گه‌ره‌که، ئایا ده‌نگی به‌ڵێ ده‌ده‌ن به خۆسه‌ری دیموکراتیک؟"
دوایی ده‌چینه سه‌ر ئه‌و باسه. به‌ڵام ئایا شاره‌کانی وه‌ک عه‌نتاب، ئادییه‌مان و سیرت له ناو ئه‌م خۆسهرییهدا گونجێنراون؟
ئامانجی لێبڕاومان ئێستا به‌مجۆره‌یه.
حاڵی حازر خۆسه‌ری دیموکراتیک له کام ناوچه ڕاگه‌یه‌نراوه.
کۆنگره کۆ نه‌بۆته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی فۆرمۆلێکی به‌و شێوه‌یه ڕابگه‌یه‌نێ که ئێمه له باتمان یان له شێرنهخ خۆسه‌ریمان ڕاگه‌یاندوه و له ماردین ڕاماننهگهیاندوه. ئه‌مه، ویستی کورده. ئه‌مه خواستی ئه‌وانه له ئێمه. ئێمه له‌سه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌ین کۆنگره‌ی کۆمه‌ڵگەی دیموکراتیک، به‌ده‌په، که‌جه‌که له کوێ کاریگه‌ر بێ، واته ئه‌و شوێنانه‌ی بزووتنه‌وه‌ی سیاسی کورد کارتێکه‌ری هه‌یه، ده‌بێ له‌و شوێنانه بڕیاری خۆسه‌ری دیموکراتیک ڕابگه‌یه‌نرێ و جێبه‌جێ بکرێ. دیاره له زۆربه‌ی شاره‌کان، شۆڕای گه‌ل هه‌ن. ئه‌م پڕۆژه‌یه له ماوه‌ی پێنج تا شه‌ش ساڵ له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی شۆڕای گه‌ڕه‌که‌کان و کۆنسه‌ی شاره‌کان هاتۆته بوون. له باتمان شۆڕای گه‌ل و کۆنسه‌ی شار هه‌یه.
با ڕاشکاوانه‌تر پرسیارتان لێبکه‌م. ئه‌و شارانه‌ی خۆسه‌رییان تێدا ڕاده‌گه‌یه‌نرێ، له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ک هه‌ڵده‌بژێردرێن؟ له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و ده‌نگانه‌ی به به‌ده‌په دراون؟
بێگومان، ئه‌وه فاکته‌رێکی سه‌ره‌کییه. له‌و شوێنانه‌ی شاره‌وانیمان هه‌یه، له‌و شوێنانه‌ی شاره‌وانییه گشتیه‌کانمان کاریگه‌رییان هه‌یه، یانی ئه‌و شوێنانه‌ی له ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنی دیموکراسییه‌وه، تیایدا زۆرینه‌ین، زۆر ئاسانتر ده‌کرێ خۆسه‌ری دیموکراتیک پراکتیزه بکرێ و ئۆرگانی په‌یوه‌ندیدار دابمه‌زرێن. چونکه دواجار گه‌ل، سه‌رچاوه‌ی هێز و ڕهوایهتێتی. هه‌روه‌ها له ڕێگه‌ی شاره‌وانیه‌کان و شۆڕا گشتیه‌کانه‌وه، پراکتیزه‌کردن له‌و شوێنانه زۆر ئاسانتره.
باشه له‌و شاره کوردییانه‌ش خۆسه‌ری ڕاده‌گه‌یه‌نن که ده‌نگ نه‌دراوه به به‌ده‌په؟
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئاخۆ له‌و شوێنانه خواستێکی به‌مجۆره هه‌یه و خۆسه‌ری دیموکراتیک به چ شێوه‌یه‌ک جێبه‌جێ ده‌بێ، له‌ناو خۆماندا گفتوگۆ ده‌که‌ین و خه‌ڵکیش به‌شداری ئه‌م گفتوگۆیانه ده‌که‌ین. کۆنگره‌که‌مان هه‌روه‌ها له هه‌وڵی ئه‌وه دایه توێژه‌کانی دیکه و که‌مینه‌کانی تریش ڕاکێش بکا. له کۆتایی ئه‌م مانگه‌دا، جڤاتی گشتی داده‌مه‌زرێنێ و پێکهاته‌که‌ی نوێ ده‌کاته‌وه. ئه‌گه‌ر ڕاشکاوانه‌تر بۆتان باس بکه‌م، ئه‌م قۆناغه به لای ئێمه‌وه، پێڤاژۆی خۆڕاگه‌یاندن و سه‌رله‌نوێ بونیادنانه‌وه‌یه. مسته‌فا که‌ماڵ، که ده‌ڵێ "عیسمه‌ت، با سبه‌ی کۆمار ڕابگه‌یه‌نین"، ئایا مه‌به‌ستی ئه‌وه نه‌بوو کۆمار به هه‌موو داموده‌زگاکانیه‌وه بونیاد بنێ؟
ئێوه پێکهاته و سیسته‌مه‌که‌تان، به گوێره‌ی "دیموکراسی کلاسیک"ی سه‌ده‌ی ١٩ و ٢٠ داده‌مه‌زرێنن یان به گوێره‌ی "دیموکراسی به‌شداریکه‌ر - هاوچه‌رخ"ی سه‌ده‌ی بیست و یه‌که‌م؟
نه‌خێر، نه‌خێر. له ئیسپانیا کاتالانه‌کان، به چ شێوه‌یه‌ک خۆسه‌رییان ڕاگه‌یاند؟ بێگومان به گوێره‌ی ویستی گه‌ل. خه‌ڵک ئه‌مه‌ی ویست.
بۆ نموونه ئادییه‌مان ده‌نگی دا به ئاکه‌په. له‌وێ خۆسه‌ری به چ شێوه‌یه‌ک ده‌بێ؟ له‌وێ چی بونیاد ده‌نێنه‌وه؟ شارێک که ته‌نانه‌ت ده‌نگی نه‌دابێ به به‌ده‌په، چۆن پشتیوانی له خۆسه‌ریی کۆنگره‌ی کۆمه‌ڵگەی دیموکراتیک ده‌کا؟
ئایا که‌سێک بۆ ئه‌وه‌ی بڵێ "من نه‌ته‌وه‌یه‌کم. من گه‌لێکم. خاوه‌نی زمان، فه‌رهه‌نگ و مێژووم. ده‌مه‌وێ به‌زمانی زگماکیم بخوێنم. ده‌مه‌وێ خۆم، خۆم به‌ڕێوه به‌رم"، پێویسته ده‌نگ به به‌ده‌په بدا؟ ئه‌وانه‌ی ده‌نگیان داوه به ئاکه‌په‌ش، له‌وانه‌یه ئه‌مه داواکارییان بێ.
له ئادییه‌مان چۆن خۆسه‌ری ڕاده‌گه‌یه‌نن؟ ئه‌گه‌ر له شوێنێک گه‌ل پشتیوانی نه‌کا، سه‌پاندنی خۆسه‌ری چ ده‌رئه‌نجامێکی ده‌بێ؟
دوای ئه‌وه‌ی بۆمان شیکردنه‌وه خۆسه‌ری دیموکراتیک چییه و چ ده‌سکه‌وتێکی هه‌یه، خۆسه‌ری جێبه‌جێ ده‌که‌ین. ئێمه نه‌ک به ته‌نیا له ئادییه‌مان، له سه‌رانسه‌ری تورکیا، له ئه‌سته‌نبوڵ، خۆسه‌ری بۆ خه‌ڵک شیته‌ڵ ده‌که‌ینه‌وه. خۆسه‌ری دیموکراتیک، پڕۆژه‌یه‌کی ئاشتیانه‌یه و دژه‌ژه‌هری پارچه‌بوونه. له وڵاته دیموکراته‌کانی دونیا، گه‌لان یان له ڕێگه‌ی فیدراسیۆن یان خۆسه‌رییه‌وه، خۆیان به‌ڕێوه ده‌به‌ن. وڵاتێک نه‌ماوه وه‌کوو تورکیا له ناوه‌نده‌وه به‌ڕێوه ببرێ.
کۆما جڤاکێن کوردستان، ناوه‌ڕۆکی خۆسه‌ری دیموکراتیکی پڕ کرده‌وه. به دوو زمان داواکارییه‌کانی به‌مجۆره ڕیز کرد "له‌و شوێنانه‌ی خۆسه‌ری دیموکراتیک ڕاده‌گه‌یه‌نرێ، پۆلیس کار نه‌کا، گه‌نجه‌کان نه‌چنه سه‌ربازی، هێزی پاراستنی ڕه‌وا پێک بێ، باج نه‌درێ به ده‌وڵه‌ت." ئایا له گه‌ڵ ئه‌م خاڵانه‌دا هه‌ی؟
له‌سه‌ر ناوی به‌ده‌په قسه ناکه‌م. وه‌ک به‌نگی یه‌ڵدز بۆچوونی خۆم دێنمه زمان. سه‌باره‌ت به مه‌سه‌له‌ی سه‌ربازی چوار، پێنج ساڵه داوا ده‌که‌م که‌س نه‌چێته سه‌ربازی. کورده‌کان ده‌بێ بۆ خۆیان، خۆیان به‌ڕێوه به‌رن. پۆلیسی خۆیان هه‌بێ. به نیسبه‌ت باجدانیشهوه، خۆی کۆی بکاته‌وه. ئه‌گه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆجێی سه‌قامگیر بێ، به‌شێکی گرنگ له‌و باجه، بۆ ئه‌مه ته‌رخان بکرێ. به‌ڵام لێره‌دا ده‌بێ ئاماژه به شتێک بکه‌م. فرمۆلهکردنی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه به‌و شێوه‌یه که له‌گه‌ڵ ڕاگه‌یاندراوه‌که‌ی که‌جه‌که‌دا هه‌ی یان نا، نزیکبوونه‌وه‌یه‌کی دروست نییه. ده‌بوو پرسیار بکه‌ن "وه‌ک به‌ده‌په، خوێندنه‌وه‌تان بۆ خۆسه‌ری دیموکراتیک چییه و چیتان ده‌وێ؟"
وڵامتان بۆ ئه‌و پرسیاره چییه؟
سه‌ر له نوێ دونیا نادۆزینه‌وه. چاو له ئه‌زموونه‌کانی دونیا ده‌که‌ین. بۆ نموونه سه‌یر ده‌که‌ین بزانین خۆسه‌ری دیموکراتیک له ئیسپانیا چۆن ڕاگه‌یه‌نرا و به چ شێوه‌یه‌ک جێبه‌جێ کرا. ئه‌وان په‌رله‌مانتاری خۆسه‌ریان هه‌یه. بۆیه نابێ ئاکه‌په و به‌ده‌په لێره‌دا لێک جیا بکرێته‌وه. کورده‌کان، ده‌یانه‌وێ خۆیان، خۆیان به‌ڕێوه ببه‌ن. هه‌م ئه‌وه‌ی ده‌نگی دابێ به ئاکه‌په و هه‌م ئه‌وه‌ی ده‌نگی دابێ به جه‌هه‌په، خۆسه‌ری ده‌وێ.
ئایا پاڵپشت به لێکۆڵینه‌وه یاخود ڕاپرسییه‌ک ده‌ڵێن سه‌رجه‌م کورده‌کان ده‌یانه‌وێ خۆسه‌ری ڕابگه‌یه‌نرێ و پشتیوانی لێده‌که‌ن؟
له‌و پشتیوانیه‌ی له ئێمه ده‌کرێ، ده‌رک به‌وه ده‌که‌ین. ئه‌م پرۆژه‌یه له لایه‌ن به‌شێکی زۆر له کورده‌کانه‌وه ددانی پێدانراوه.
ئێوه ده‌ڵێن چوار، پێنج ساڵه گفتوگۆ له‌سه‌ر خۆسه‌ری دیموکراتیک ده‌که‌ن و ئینجا خستوتانه‌ته ناو پڕۆگرامی حزبه‌که‌تانه‌وه. به‌ڕای ئێوه بۆچی هه‌ندێک که‌س ده‌نگیان به ئێوه نه‌دا؟
گه‌لێک هۆکار هه‌ن. ئێمه به‌گوێره‌ی پێویست سه‌رانسه‌ری کوردستان و گه‌لانی تورکیا له‌وه بگه‌یه‌نین که چیمان ده‌وێ. ده‌رفه‌ته‌کانمان زۆر سنووردار بوون و بگره وه‌ک پارتی نه‌مانتوانیوه به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌کان ببین.
پلانتان چییه؟
ئێمه سێ، چوار ساڵه له گفتوگۆ و مشت‌ومڕ داین.. بۆ نموونه پڕۆگرامی پارتیمان جێبه‌جێ کردووه. ئه‌مه هه‌ڵسوکه‌وتێکه. ئێمه هێشتا خاڵ به خاڵی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌مان ده‌ستنیشان نه‌کرودوه. سه‌رجه‌م داموده‌زگاکانی کورد، دواتر بۆچوونی خۆیان سه‌باره‌ت به‌وه ڕاده‌گه‌یه‌نن که ڕۆڵیان چی ده‌بێ له سیسته‌می خۆسه‌ری دیموکراتیک و بونیادنانی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌دا.
ئایا ناوچه‌کانی خۆسه‌ری، نه‌خشه‌یه‌کیان هه‌یه؟
حاڵی حازر نه‌خێر.
باشه بۆ نموونه له دیاربه‌کر... به‌ده‌په ٦٠%ی ده‌نگه‌کانی ده‌سته‌به‌ر کردووه به‌ڵام له به‌رامبه‌ریدا ٤٠%ی ده‌نگده‌ران هه‌ن. ئه‌گه‌ر ئه‌و ٤٠%ه خۆسه‌رییان نه‌وێ، چی ڕوو ده‌دا؟
له سیسته‌می دیموکراسیدا، کام لایه‌ن زۆرینه بێ، ئه‌وا ده‌بێته به‌ڕێوه‌به‌ر. بۆیه له‌و شوێنانه‌ی ٥٠%ی ده‌نگه‌کانمان به ده‌ست هێناوه، بێگومان له لایه‌ن ئێمه‌وه به‌ڕێوه ده‌برێن، هه‌رچه‌ند ئێستاش ئێمه به‌ڕێوه‌یان ده‌به‌ین..
که‌واته له‌و شوێنانه خۆسه‌ری دیموکراتیک ڕاده‌گه‌یه‌نن که زۆرینه‌ی ده‌نگه‌کانتان به ده‌ست هێناوه، وایه؟
بێگومان.
چی له‌و ٤٠%ه ده‌که‌ن که خۆسه‌رییان ناوێ؟
هیچیان لێ ناکه‌ین. که‌سێک بڵێ نامه‌وێ، ده‌بێ چ مه‌به‌ستێکی هه‌بێ... تۆ بڵێی دژی خۆبه‌ڕێوه‌بردن و بڕیاروه‌رگرتن بێ له مه‌جلیسه‌کان؟ ئایا له گه‌ڵ ڕاگه‌یاندنی شه‌ڕ دان؟ ئێمه هه‌وڵ ده‌ده‌ین خۆسه‌ری دیموکراتیک بۆ ئه‌و که‌سانه شی بکه‌ینه‌وه که له‌گه‌ڵیدا نین. هه‌وڵده‌ده‌ین قه‌ناعه‌تیان پێ بکه‌ین. به سه‌ریاندا ناسه‌پێنین.
ئێوه کۆلێژی یاساتان ته‌واو کردووه. ڕاگه‌یاندنی خۆسه‌ری دیموکراتیک، دێته واتای گۆڕینی پێکهاته‌یه‌کی ئیداری. ئێوه ده‌ڵێن "ئه‌وه‌ی ده‌نگی زۆرینه به‌ده‌ست بێنێ، ده‌توانێ ویستی که‌مینه بگرێته ده‌ست و بێ ئه‌وه‌ی پرس به که‌مینه بکا، ده‌توانێ ئیدارە بگۆڕێ"، ئه‌وه دێته ئه‌و مانایه پشتیوانی له‌وه ده‌که‌ن ئاکه‌په به که‌یفی خۆی، پێکهاته‌ی ئیداری ئه‌م وڵاته بگۆڕێ. وا نییه؟
ئاکه‌په ناتوانێ به که‌یفی خۆی بیگۆڕێ و ئێمه‌ش ناتوانین. دیاره زۆرینه مه‌شرووعیه‌ت و پاڵپشتێکی هه‌یه. بێگومان له‌و حاڵه‌ته‌دا ده‌توانی قه‌ناعه‌ت به که‌مینه بێنی و له‌گه‌ڵیدا بکه‌ویته گفتوگۆ. ئه‌وه‌ی ئێمه پێشنیاره، ئێمه هیچمان به سه‌ر تورکیادا نه‌سه‌پاندوه. ئێمه ده‌ڵێن ئه‌و کوردانه‌ی ئێمه نوێنه‌رایه‌تیان ده‌که‌ین، ده‌یانه‌وێ ئاوا بژین.
به‌ڵام ئێوه له شوێنێکدا گوتتان هه‌موو کورده‌کان خوازیاری خۆسه‌ری دیموکراتیکن...
نه‌خێر، من وا ناڵێم. من ده‌ڵێم ناتوانین بڵێین ئه‌و ئاکهپهییانهی ده‌نگیان به ئێمه نه‌داوه، خۆسه‌ری دیموکراتیکیان ناوێ. له ئه‌نجامی ڕاپرسییه‌کدا ده‌رده‌که‌وێ که ئه‌وان خۆسه‌ری دیموکراتیکیان ده‌وێ یان نا.
به گوێره‌ی قسه‌کانی ئێوه، له سه‌رجه‌م ئه‌و شارانه‌ی ئاکه‌په تیایدا زۆرینه‌یە - دیاره ژماره‌ی ئه‌و شارانه که‌م نین – ده‌توانێ پێکهاته‌یه‌کی دڵخوازانه دابمه‌زرێنێ. مه‌به‌ستی ئێوه ئه‌وه‌یه؟ن
ه‌خێر.
ئه‌گه‌ر ئه‌و مافه به خۆتان ده‌ده‌ن، بۆچی به ئاکه‌په‌ی ڕه‌وا نابینن که ده‌نگی ژماره‌یه‌ک له کورده‌کانی ده‌سته‌به‌ر کردوه؟
ئه‌گه‌ر ئێوه سه‌رهه‌ڵدانی سه‌د ساڵه‌ی کورده‌کان و خه‌باتی سیاسی ئه‌وان بده‌نه به‌رچاو، ئاکه‌په له هاوسه‌نگییه‌که دێننه ده‌ره‌وه... سه‌د ساڵه کورده‌کان خه‌بات ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی مافی چاره‌ی خۆنووسینیان هه‌بێ. هه‌ندێک پێداگرییان له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی و هه‌ندێکیش داوای فیدراسیۆنیان کردووه. له سه‌ده‌ی بیست و یه‌که‌م، له چوارچێوه‌ی یه‌کپارچه‌یی ئه‌م وڵاته‌دا، داوای خۆسه‌ری دیموکراتیک ده‌که‌ین. کورده‌کان، له پێناو ده‌سته‌به‌رکردنی مافه‌کانیان قوربانیی زۆریان داوه، سه‌دان هه‌زار که‌س که‌وتنه گرتووخانه‌کانه‌وه، ده‌یان هه‌زار که‌س کوژران و ئه‌مه نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه چینێکی سیاسی، کۆمه‌ڵێک داواکاری هه‌یه. هه‌ر بۆیه...
به‌ڵێ...
بۆیه، ناکرێ بڵێین له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا ٥٠%ی ده‌نگه‌کانی به‌ده‌ست هێناوه و بڕایه‌وه. ئه‌مه مه‌یل و خواستی گه‌لێکه. ئه‌و گه‌له، ده‌بێ بڵێ "من ده‌مه‌وێ ئاوا بژیم، من له پێناو ئه‌مه‌دا قوربانیم داوه و که‌وتوومه‌ته به‌ندیخانه‌وه. من ده‌مه‌وێ خۆم چاره‌نووس و ناسنامه‌ی خۆم دیاری بکه‌م. وه‌ک مافی چاره‌ی خۆنووسینیش، ده‌مه‌وێ له چوارچێوه‌ی یه‌کپارچه‌یی ئه‌م وڵاته‌دا، خۆسه‌ری دیموکراتیم هه‌بێ..." ئه‌مه زیانێک به یه‌کێتی ناگه‌یه‌نێ و خواستی کورده‌کانیش پێک دێنێ.
ئێوه نوێنه‌ری هه‌موو کورده‌کانن؟
مه‌سه‌له‌ی نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو کورده‌کان، په‌یوه‌ندی به بردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌می ده‌نگه‌کان نییه. به‌ڕێوه‌به‌رانی خه‌بات ئێستا په‌که‌که، ده‌ته‌که، که‌جه‌که و به‌ده‌په‌ن... ئێمه ده‌ربڕی مه‌یلی سه‌د ساڵه‌ی کورده‌کانین.. ئێمه دێرسیمین. شێخ سه‌عیدین. ئێمه خاوه‌نداری له سه‌رجه‌م ئه‌و میراته ده‌که‌ین و ده‌یگوازینه‌وه بۆ نه‌وه‌کانی داهاتوو. زمانی کۆمه‌ڵگەیه‌ک و ڕێگه‌نیشانده‌ری، چینی ڕۆشنبیره. ئه‌و چینه، به نوێنه‌رایه‌تی گه‌ل و هاوشان له‌گه‌ڵ خه‌ڵک، له پێناوی ئه‌و گه‌له‌دا خه‌بات ده‌کا و تێکۆشان به‌ڕێوه ده‌با.
به‌ڕای ئێوه بۆچی سه‌رجه‌م کورده‌کان ده‌نگ به ئێوه ناده‌ن؟
ئه‌مه کێشه‌یه‌کی جیاوازه. ئێمه نیشانه و ده‌ربڕی ئازادی گه‌لێکین. ئه‌مه ته‌نیا په‌یوه‌ندی به ڕۆیشتنه سه‌ر سندووقه‌کان و نوێنه‌رایه‌تی کردنه‌وه نییه.
باشه، با وای دابنێین ٤٠%ی دیاربه‌کر له به‌رامبه‌ر ٦٠%که‌ی به‌ده‌په، خۆسه‌ری دیموکراتیکی ڕه‌ت کرده‌وه. چی ده‌که‌ن؟
بۆچی هه‌وڵی ده‌ست به‌سه‌ر کردنیان بده‌ین. له‌وانه‌یه ٤٠% بڵێ من نامه‌وێ به‌مجۆره به‌ڕێوه ببرێم. ئه‌وانیش ده‌توانن گوزاره له خۆیان بکه‌ن.
ئه‌گه‌ر خۆسه‌ری دیموکراتیک جێبه‌جێ بێ، جه‌رده‌وانه‌کان چی‌یان به‌سه‌ر دێ؟ ئایا که‌جه‌که چه‌که‌کانیان کۆ ده‌کاته‌وه؟
کۆکردنه‌وه‌ی چه‌که‌کانی ئه‌وان، کاری حکومه‌تی ناوه‌ندییه. ده‌وڵه‌ت ده‌بێ جاش و جه‌رده‌وانه‌کان چه‌ک بکا.
ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت چه‌کی نه‌کردن و ئێوه‌ش خۆسه‌ری دیموکراتیکتان ڕاگه‌یاند و هێزی پاراستنی خۆتان پێکهێنا. ئه‌و کات چی ده‌بێ؟
نزیکه‌ی ٧٠% تا ٨٠%ی جه‌رده‌وانه‌کان ده‌نگ ده‌ده‌ن به به‌ده‌په. خۆیان، به کۆمه‌ڵ واز له‌و ئیشه دێنن.
ئه‌گه‌ر له چوارچێوه‌ی ڕێکخستنێکدا خۆیان بینیه‌وه، چی ده‌قه‌ومێ؟ ئایا کورده‌کان ده‌سته‌ویه‌خه‌ی شه‌ڕی براکوژی ده‌بنه‌وه؟
ئه‌مه ڕوو نادا. ئێمه جه‌رده‌وانه‌کان ده‌ناسین. ده‌وڵه‌ت سیسته‌می جه‌رده‌وانی له سه‌ر پێ هێشتۆته‌وه. با ده‌وڵه‌ت، ده‌ست له کاروباری کورده‌کان وه‌رنه‌دا.
ئه‌و شارانه‌ی خۆسه‌ری دیموکراتیک ده‌یانگرێته‌وه، ئایا ده‌وڵه‌ت یارمه‌تی کۆ ده‌کاته‌وه یان هه‌موو داهاته‌کان بۆ خۆتان ده‌بێ؟ بۆ نموونه ئایا له شوێنێکی وه‌ک ههککارییهوه، هیچ پاره‌یه‌ک به‌ره‌و ناوه‌ند ناچێ؟
ئێوه بۆچی ئه‌و خۆسه‌رییه‌ی دیموکراتیکه‌ی کورده‌کان ڕایانگه‌یاندوه، پێتان وایه ده‌ستکردی کورده و پێشتر بوونی نه‌بووه؟ ئه‌و خۆسه‌رییه‌ی ئێمه ڕامانگه‌یاندووه، نامۆ نییه به سیسته‌می دونیا. نموونه‌کانی تری دونیا که ده‌توانین له ناویاندا ئاماژه به ئیسپانیا بکه‌ین، به چ شێوه‌یه‌کن؟
من شاره‌زای نموونه‌ی ئیسپانیا نیم. له‌وانه‌یه هه‌ندێک له خوێنه‌رانیش شاره‌زاییان له سه‌ری نه‌بێ. ئێوه خۆسهریتان ڕاگه‌یاندووه و من هه‌وڵ ده‌ده‌م لێی تێبگه‌م.
ده‌ته‌په و به‌ده‌په به‌درێژایی چوار ساڵ له کۆبوونه‌وه‌کانیاندا، ئه‌م باسه‌یان هێناوه‌ته ئاراوه. ده‌توانن له ئه‌نته‌رنێتدا به‌دوای مانای خۆسه‌ری دیموکراتیکدا بگه‌ڕێن...
بۆچی له ئه‌نته‌رنێتدا لێی بگه‌ڕێم؟ من ئێستا له به‌رده‌م سیاسه‌تمه‌داری حزبێکدام که ڕێکخراوه‌که‌ی چوار ساڵ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته گفتوگۆی کردوه و من پرسیار له‌و ده‌که‌م. ئایا ئه‌و شارانه‌ی خۆسه‌ری دیموکراتیکیان تێدا ڕاده‌گه‌یه‌نرێ، باج و داهاته‌که‌ی له لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه کۆ ده‌کرێته‌وه؟
ئه‌و ماڵیاته‌ی له شوێنی خۆمان کۆ ده‌کرێته‌وه، بێگومان بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی نه‌و ناوچانه سه‌رف ده‌کرێ. ئه‌وه نایه‌ته ئه‌و مانایه‌ی که په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ شوێنه‌کانی دیکه ده‌بڕدرێ، ناوه‌ند پێویسته به له به‌رچاوگرتنی هه‌ڵاواردنی پۆزه‌تیڤ یارمه‌تی بدا. به واتایه‌کی تر ماڵیات نادرێ به ده‌وڵه‌ت، به‌ڵام هاوکاری له‌ده‌وڵه‌ت وه‌رده‌گیردرێ.
که‌واته ناوچه‌کانی خۆسه‌ری دیموکراتیک پاره له ناوه‌ند وه‌رده‌گرن، به‌ڵام پاره ناده‌ن به ناوه‌ند. ئێوه له‌مباره‌وه، چۆن قه‌ناعه‌ت به هاووڵاتیانی دیکه‌ی تورکیا دێنن؟ چی‌یان پێ ده‌لێن؟
پێیان ده‌ڵێین ئه‌م ده‌وڵه‌ته به‌ساڵان ئه‌م ناوچه‌یه‌ی پشتگوێ خست. ڕاگه‌یاندنی خۆسه‌ری دیموکراتیک، کۆتایی مه‌سه‌له‌که نییه. پێویسته ئه‌م وڵاته دیموکراتیزه ببێ و له کۆمارێکی بیرۆکراتهوه ببێته کۆمارێکی دیموکرات.
ئێوه سه‌باره‌ت به کاتی ڕاگه‌یاندنی ئه‌و پڕۆژه‌یه چۆن بیر ده‌که‌نه‌وه؟ ئایا هه‌موو شتێک ئاماده‌یه یان هه‌ست ناکه‌ن شان به شانی هه‌وڵدانی ئاشتی، په‌له‌تان کردووه.به‌ڕاستی هه‌ندێک ڕسته‌ی دنه‌ده‌ر به‌کار دێنن.
له چ ڕوانگه‌یه‌که‌وه؟
ئێمه له که‌شوهه‌وای په‌رله‌ماندا ئه‌م قسانه‌مان ڕاگه‌یاندووه. له‌وێ گوتمان: ئێمه بێ ئه‌ڵته‌رناتیڤ نین. ئێمه گه‌لێکی جیاوازین. ئێمه کوردین. نیشتیمانی ئێمه کوردستانه. ئێمه کۆڵ ناده‌ین له تێکۆشان. ئه‌گه‌ر ڕێگه‌مان نه‌ده‌ن بچینه ئه‌نقه‌ره‌ش، ئه‌گه‌ر ڕێگه‌ی ئه‌وێشمان لێ بگرن، ئێمه لێره یاساکانی خۆمان جێبه‌جێ ده‌که‌ین.
ئه‌گه‌ر هیچ پاره‌یه‌ک له ناوه‌نده‌وه نه‌یه‌ت، ئایا کاریگه‌ری ده‌کاته سه‌ر ستاندارده‌کانی ژیانه‌وه یان هیچ کاریگه‌رییه‌کی نابێ؟
بێگومان کاریگه‌ری نه‌رێنی ده‌بێ. ئێمه که ده‌ڵێن ناوه‌ڕۆکی ئه‌م قۆناغه پڕ ده‌که‌ینه‌وه، مانای ئه‌وه نییه که بتوانین به ته‌نیایی ئه‌م کاره بکه‌ین. پێویسته په‌رله‌مان ئه‌مه له یاسا و ده‌ستووری بنه‌ڕه‌تیدا بگونجێنێ... نابێ به جۆرێک بجووڵێنه‌وه که ئێمه سه‌ربه‌خۆییمان ڕاگه‌یاندووه.
سه‌رچاوه: ڕۆژنامه‌ی ته‌ڕه‌ف
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر