۱۳۹۱/۰۸/۰۷

وتوێژێک لەگەڵ ئیسماعیل بێشکچی


گولای ئاڵتان – ڕۆژنامەی ئاکشام
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
ئیسماعیل بێشکچی، نووسەر و سۆسیۆلۆگ لەو یەکەمین ناوانەیە لە سەر مەسەلەی کورد کە ڕۆژەڤی بەردەوام گەرمی تورکیایە، لە دەرگاکەی دەدرێ. بەڵام ماوەیەکی درێژ بێدەنگ بوو. ئەو کاتانەی مەسەلەی لێژنەیەک لە "مرۆڤە ژیرەکان" مشت و مڕی گەرمی لە سەر بوو ویستمان بێشکچی بدوێنین؛ پاشان خەڵاتی ٢٠١٢ی دەزگای 'هرانت دینک'ی پێ بەخشرا، یەکەمجار بوو خەڵاتێکی نێونەتەوەیی پەسند دەکرد و لە مەراسیمی وەرگرتنی خەڵاتەکەدا پەیامی گرنگی پێشکەش کرد، بەم بۆنەوە دیسان داواکاریەکەمان بۆ وتوێژ خستە ڕوو و دواجار بێشکچی قەبوڵی کرد. کەسێکە ڕێزی یەکسانی هەیە هەم بۆ ئەوانەی بۆچوونەکانی وەردەگرن، هەمیش ئەوانەی تەواو دژی ئەو بیر دەکەنەوە.. هیچ حەز ناکا لە دەرەوەی بابەتەکان و بە تایبەت لە سەر خۆی قسە بکا. ئیسماعیل بێشکچی سۆسیۆلۆگ کە بە نووسراو و لێکۆڵینەوەکانی لە سەر کێشەی کورد ناسراوە، شەش جار براوەتە گرتووخانە و لە سەر یەک ١٧ ساڵ لە گرتووخانەدا ماوەتەوە. دەتوانین بڵێین سەرەڕای ئەوەی لە هەموو قۆناغەکاندا کتێبەکانی قەدەغە کراون، بەڵام خاوەنی زیاتر لە ٣٠ کتێبە. هێشتاش مەسەلەی هەڵگرتنی قەدەغە لە سەر کتێبەکانی بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە...

پڕۆژەی "کرانەوە بە ڕووی کورد" کە لە لایەن حکومەتەوە پێشکەش کرا، زۆر کەس و لە ناویاندا ئێوەشی هیوادار کرد... ئەو ئاستەی ئەمڕۆ ''کرانەوە" پێی گەیشتووە، چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

بەرنامەی "کرانەوە بە ڕووی کورد" لە مانگی ژوئیەی ٢٠٠٩ زۆر کەسی هیوادار کرد. بەڵام ئەم هیوایە کورتخایەن بوو. حکومەت دوا بەدوای ڕەخنە و تۆمەتبار کردنەکانی سوپا، جەهەپە و مەهەپە پاشەکشەی کرد. هەڵبەت وازهێنان لە خەباتی چەکداری و کرانەوەی ڕێگەی ئاشتی گرنگە، بەڵام ئاشتی چۆن سەقامگیر دەبێ؟ لەگەڵ چ لایەنێک لە شەڕ دابی، دەبێ لەگەڵ ئەو لایەنە دابنیشی. ئاشکرایە حزبی ئاشتی و دیموکراسیش لەو ڕوەوە ڕۆڵی گرنگی گێڕاوە.

ئەی لێدوانەکانی سەرۆک وەزیر ڕەجەب تەیپ ئەردۆغان سەبارەت بە پرسی کورد لە کۆنگرەی ئاکەپە لە ٣٠ سێپتامبر چۆن دەبینی؟

سەرۆک وەزیر لە کۆنگرەدا سەبارەت بە پرسی کورد هیچی نەگوت. لەو نامیلکانەی ئەو ڕۆژەش بڵاو کرانەوە، لە ناو قسە گشتیەکاندا، زانیارییەک بەدی ناکرێ. دروشمی برایەتی، دەستەواژەیەکی دەستکردە کە دووڕویانە هەوڵی شاردنەوەی پەیوەندییەکان دەدا.. کوردەکان ئیتر لەمە تێگەیشتوون. ڕستەگەلی وەک "یان ئەم وڵاتەت خۆش بوێ یان جێی بێڵە" هێشتا لە بیر نەکراوە. سەرۆک وەزیر لە هەککاری گووتی "یان ئەم وڵاتەت خۆش بوێ یان جێی بێڵە" پاش ئەوەی لە بەرامبەر حزبی ئاشتی و دیموکراسی دەنگێکی کەمی بەدەست هێنا. لەگەڵ ئەوەشدا ئاشتی وەک پێداویستیەک خۆی دەسەپێنێ. ئەو کات دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ پەکەکەش دێتە ڕۆژەڤەوە.

دیارە زۆرترین باس و گفتوگۆکان لە چوارچێوەی "دانوستان" دەخولێنەوە.. ئێوە لە ساڵانی ڕابردوودا گوتتان پێویست ناکا حکومەت لەگەڵ ئۆجەلان چاوپێکەوتن ئەنجام بدا، حکومەت بۆ بابەتی وازهێنان لە چەک، با لەگەڵ دەتەپە دابنیشێ. بەڵام دەتەپە دەیگوت دەبێ ئەم مەسەلەیە ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئۆجەلان تاوتوێ بکرێ. لە لایەکی دیکەوە کاتێک حکومەت لە ئۆسلۆ لەگەڵ پەکەکە لە سەر مێزی گفتوگۆ دانیشت، پێداگرانە داوای لە بەدەپە دەکرد 'پەکەکە شەرمەزار بکە و لێی دوور بکەوە، ئەگینا وەک بەردەنگ حیسابت بۆ ناکەین'. ئەم ناکۆکییە بە چ شێوەیەک دەبێ لێک بدرێتەوە؟ یاخود ئەوە بۆ ئێوەش جۆرێک ناکۆکی دەگەیەنێ؟

بێگومان ئەمە ناکۆکییە. لێرەدا خاڵێک زۆر گرنگە. لەگەڵ کێ بە شەڕ هاتووی، دەبێ لەگەڵ ئەودا ئاشت بیتەوە. دانوستانی ڕاستەوخۆی حکومەت لەگەڵ پەکەکە دەکرێ بخرێتە ڕۆژەڤەوە. کوردەکان لەگەڵ میت نا، بەڵکو لەگەڵ حکومەت دەبێ چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن. حزبی ئاشتی و دیموکراسی، پەکەکە و سەرجەم گرووپەکانی تریش دەبێ ڕاستەوخۆ لەگەڵ حکومەت چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن.

کاتێک باسی چارەسەری دەکرێ، یەکسەر ڕستەی 'با چەکەکان بێدەنگ بن' دێتە سەر زمان یا خود کۆمەڵێ سەردێڕێ وەک 'مافی دەستوری' و 'خۆسەری دیموکراتیک'... بەداخەوە گفتوگۆکان لەو بازنەیەدا خول دەخۆن و گەیشتوونەتە بن بەست. ئاخۆ ئێوە نەخشە ڕێگەیەکی ئەلتەرناتیڤتان هەیە؟ لە کوێوە دەبێ دەست پێ بکرێ؟

نابێ قەت لە بیرمان بچێ کە کێشەکە چۆن دەستی پێکرد. فاکتەری سەرەکی، زەوت کردنی مافی کوردەکانە کە لە سەرەتای دامەزراندنی کۆمارەوە دەستی پێکردووە. لەم ڕوانگەوە، ئەگەر لێژنەی کەسانی ژیر یاخود دامودەزگاکانی کۆمەڵگای مەدەنی داوا لە پەکەکە بکەن واز لە چەک بێنێ، هەڵەیە. بەڵکو پێویستە بانگەوازی ئاڕاستەی حکومەت و دەوڵەت بکەن بۆ ئەوەی دان بە مافە سروشتیەکانی کوردان دابنێ. خاڵی تر ئەوەیە کە ئەو ماف و ئازادییانەی سەرۆک وەزیر بە شێوەیەکی لێبڕاوانە بۆ فەلەستینیەکان، موسڵمانەکانی بۆسنی و کۆماری تورکی باکووری قوبرس باسیان دەکا، با لانیکەم بەشێکی بچووک لەو مافانەش بۆ کوردان ڕەوا ببینێ. کورد ئاگاداری ئەم پەیوەندییانە هەن.

ئێوە دەڵێن کوردەکان لە دنیادا خاوەن هیچ ستاتۆیەکی سیاسی نین. گەلۆ پێتان وایە بەڕێوەبەرایەتی هەرێمی کوردی لە باکووری عێراق قەوارەیەکی سیاسی نییە؟

هەڵبەت بەڕێوەبەرایەتی هەرێمی کوردستان، جۆرێک ستاتۆیە. ساڵی ٢٠٠٣ دواجار ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا هێرشی سەربازی کردە سەر عێراق. ئامانجی سەرەکی ئەمریکا لەو هێرشە ڕوون و ئاشکرایە و بێگومان مەبەستی ئەوە نەبووە کە بڵێ 'با چاکەیەکیش دەرهەق بەم کوردانە بکەم'، بەڵام ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێن، هەڵوەشانەی حزبی بەعس و موخابەرات و هەروەها لە نێوچوونی مەترسی چەکی کۆمەڵکوژ ڕێگەی بۆ کوردەکان خۆش کرد. عێراقی فیدڕاڵ، بە هەڵوێستی پیداگرانەی کوردەکان دامەزرا. ئەمە نەک تەنیا بۆ کوردەکان، بەڵکو لە ژیانی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی، پێشکەوتنێکی گرنگە. کوردەکان و کوردستان، ساڵانی ١٩٢٠، واتە سەردەمی دامەزراندنی کۆمەڵەی نەتەوەکان، دابەش بوون و پارچە پارچە کران. لە ڕاستیدا زەبرێکی گەورە بوو وە جەستەی کورد کەوت. هێزە ئیمپریالیستەکانی ئەودەم، بریتانیای گەورە و فەرەنسا بوون. لە دامەزراندنی ستاتۆدا، کورد و کوردستانیان بێ ستاتۆ هێشتەوە. ٨٠ بۆ ٨٥ ساڵ دوای ئەم ساتەوەختە، هێزێکی تری ئیمپریالیستی واتە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، ڕێگەی بۆ کوردەکان خۆش کرد بۆ ئەوەی ببنە خاوەن ستاتۆ کە دەبێ ببێتە مژارێکی گرنگی فەلسەفەی مێژوو و سیاسەت.

ئاخۆ کوردەکان دەوڵەتیان گەرەکە؟ زۆر کەسایەتی یان حزب و ڕێکخراو لە لایەن خۆیانەوە وەڵامی ئەم پرسیارەیان داوەتەوە.. بەڕای ئێوە کێ دەبێ وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە؟

دەکرێ بەمجۆرە وەڵام بدرێتەوە. لە ٢٧ ئەندامی یەکێتی ئەوروپا، ژمارەی دانیشتوانی وڵاتانی وەک لوکزامبورگ، قوبرس و مالتا دەوروبەری نیو میلیۆنە. لە ٤٧ ئەندامی کۆنسەی ئەوروپا، دەوڵەتانی وەک لیخن شتاین، ئاندۆرا، سان مارینۆ و مۆناکۆ، ژمارەی دانیشتوانیان دەوروبەری ٤٠ تا ٥٠ هەزار کەسە. لە دنیادا لەوانەیە ٤٠ دەوڵەتێک هەبن کە ژمارەی دانیشتوانیان خواروی میلیۆنێکە. تەنانەت هەیە ژمارەی دانیشتوانی دە هەزار، پانزە هەزارە. بەڵام ژمارەی کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چل میلیۆنە و بچووکترین ستاتۆی سیاسیان نییە کە لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا بەکەڵک بێ. ئەشێ بە شێوەیەکی جیاواز لێکۆڵینەوە لە سەر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بکرێ. ئەمە نیشان دەدا لە سیستەمی نێونەتەوەییدا پێکهاتەیەکی ئانتی کورد دروست بووە. لێرەدا، دەبێ لێکۆڵینەوە لە سەر ئەوە بکرێ کە ئەم پێکهاتە ئانتی کوردە چۆن دروست بووە و پەرەی سەندووە. لە بری ئەوەی پرسیار بکرێ 'کوردەکان دەوڵەتیان گەرەکە یان نا' وروژاندنی پرسیارێکی بەمجۆرە گرنگە کە 'ئاخۆ بۆچی تا ڕۆژی ئەمڕۆ کوردەکان نەبوونەتە خودانی دەوڵەت؟'

سەبارەت بە پرسی کورد، خاڵیک کە دەبێتە جێگەی ڕەخنە، پێکهاتەی عەشیرەیی ئەو کۆمەڵگەیەیە. تێزی دکتۆڕاکەشتان لە سەر ئەمەیە. لەمدواییانەدا ئێوە چ گۆڕانکارییەکتان لە پێکهاتەی عەشیرەیی کوردەکاندا بینیوە؟

ئەوەی کە کوردەکان لە ئاڵوگۆڕە نێونەتەوەییەکاندا نەبوونەتە خاوەنی ماف، پەیوەندی بە پێکهاتەی عەشیرەییەوە نییە. عێراق، ئوردون، سوریا، فەلەستین و لوبنان کە ساڵانی ١٩٢٠ دامەزران، هەموویان لە سەر بنەمای عەشیرەتەکان دامەزران. لە هێرشی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بۆ سەرعێراق بینیمان. پاڕێزەرانی نزیکی سەدام حوسێن و پارێزەرانی کۆمار هەموویان عەشیرەی تکریت بوون. لە ئانالیزە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی لیبیادا دەستەواژەی 'عەشیرەتەکانی لایەنگری قەزافی' و 'عەشیرەتەکانی دژ بە قەزافی' زۆر بە کار دەبرێ. بەڵام بۆ نموونە لە باکووری کوردستان پێکهاتەی عەشیرەتەکان لە مێژە چارەسەر کراوە.

گەلۆ هەست ناکەن نەتەوەپەرستی کوردی گەشەی سەندووە؟

بەڵێ، گەشەسەندنێکی گەورەی بە خۆیەوە بینیوە و بە خاڵێکی ئەرێنی دەزانم. چونکە نەتەوەپەرستی تورک، ڕەگەزپەرستە. بە کوردەکان دەڵێ 'ئاسیمیلەت دەکەم و دەتکەمە تورک'. لە بەرامبەردا، کوردەکان دەڵێن 'وەک کورد دەژیم، کولتور و زمانە چەوسێنراوەکەم دەبوژێنمەوە و دەمەوێ بە زمان و فەرهەنگی خۆمەوە بژیم'. نەتەوەپەرستی کورد، لە سەر بنەمای دژایەتی لەگەڵ نکۆڵی، توانەوە و ئاسیمیلاسیۆن پەرەی سەند، بۆیە ناوەڕۆکەکەی بریتی نییە لە هەوڵدان بۆ داگیرکردنی خاکی ئەوانی تر و ئاسیمیلەکردنی کەسانی غەیرە کورد. ڕێزی بۆ هەموو نرخ و مافێک هەیە.

رۆژنامەنووس محەمەد عەلی بیراند، لە وتوێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی 'تەڕەف' باسی لە 'شەڕی نێوخۆیی کوردەکان' کرد. بەڕای ئێوە گریمانەیەکی وا لە ئارادا هەیە؟

لە سەر ئەو بڕوایە نیم پێکدادانێکی وا دروست بێ. کوردەکان ئیتر ئەو هۆکارانەیان بۆ دەرکەوتووە کە بۆچی ساڵانی ١٩٢٠، لەت لەت و دابەش کران و نەبوونە خاوەنی هیچ ستاتۆیەک. ئەم زانستە کۆمەڵایەتی و مێژوییە دەبێتە هۆی پێشکەوتن و لێک تێگەیشتنیان. ئێستا ئیتر کوردەکان زۆر باش لە نیازی وڵاتانی زاڵ بە سەر کورد تێدەگەن.

لە چەند مانگی ڕابردوودا، چارەسەری لێژنەی 'مرۆڤانی ژیر' خرایە بەر باس. ئایا ئەم ڕێگەیە دەسکەوتێکی لێ شین دەبێ؟

بە ڕای من ئەو قسانەی دەیکەن، گرنگە. هەڵەیە ئەگەر بانگەوازی ئاڕاستەی کوردەکان بکەن و پێیان بڵێن 'دەستبەرداری چەک بن'. ئەوان دەبێ بانگەوازی ئاڕاستەی دەوڵەت و حکومەت بکەن.

لە هەندێک ماڵپەڕی خەبەری ڕاپرسی کرا و پرسیارێکی بەو شێوەیە خرایە ڕوو کە 'بە ڕای ئێوە کێ دەبێ لە لێژنەی مرۆڤە ژیرەکان دابێ؟'. ناوی ئێوە لە ڕیزی یەکەم دابوو. ئەگەر بە شێوەیەکی ڕەسمی ناوتان بێتە ڕۆژەڤەوە، ئایا وەک 'مرۆڤی ژیر' دەبنە بەشێک لە پلانی چارەسەری؟

 نەخێر. بێگومان هەر چەشنە هەوڵدانێک لە پێناو چەسپاندنی ئاشتی هەنگاوێکی گرنگە. هەوڵ و تێکۆشانی مرۆڤە ژیرەکانیش گرنگە، بەڵام من وەک تاکەکەس نامەوێ بچمە ناو ڕێکخستنێکی بەم چەشنەوە.

ئەوە ڕاستە کە پەکەکە ویستویەتی بێدەنگتان بکا؟ لەبەر ئەوەیە وەک 'رۆشنبیران'ی دیکەی کورد دەنگتان نابیسین یان میدیا لە بەرامبەر ئێوە هەڵوێستێکی تایبەتی هەیە؟

بێدەنگی، قسەکردن و نووسین پەیوەندی بە ئیرادەی خودی مرۆڤەوە هەیە. ئەگەر مرۆڤ شتێکی پێ بێ بۆ گوتن، هەوڵ دەدا بیهێنێتە زمان.

لە لایەکی دیکەوە بۆ نموونە وەک 'رۆشنبیرێک کە دەوڵەت پشتیوانی لێدەکا' باس لە کەماڵ بورکای دەکرێ. بە واتایەکی دیکە ڕۆشنبیرەکان بە دوو دەستەی نزیک بە حکومەت و دوور لە حکومەت دابەش دەکەن. ئەو تەوسیفە چۆن لێک دەدەنەوە؟

هەڵبەت ڕۆشنبیر لە دۆخی بەرهەڵستکار دایە. بەڵام ئەگەر بێت و هەندێک لە هەنگاوە پۆزەتیڤەکانی حکومەت باس بکا، ڕاست نییە ئەگەر بەو کەسە بڵێین 'لایەنگری حکومەت'. جگە لەمە، کەماڵ بورکای، ڕۆشنبیرێکی ڕێزدار و سیاسەتمەدارێکی هێژایە.

ئێوە دەڵێن ئامانجی سەرەکی کودەتاکانی ساڵانی ٦٠، ٧١ و ٨٠ کوردەکان بوون.. بەڵام گوتاری زاڵ و باو ئەوەیە کە دەڵێ 'ئامانجی کودەتای ١٢ی سێپتامبر کوردەکان نەبوون و ڕووداوەکانی گرتووخانەی دیاربەکر، پەکەکەی هێنایە بوون. چۆن بۆچوونەکەتان شی دەکەنەوە کە پێچەوانەی ئەمەیە؟

فاکتەری سەرەکی سەرجەم کودەتا سەربازییەکانی تورکیا، کێشەی کوردە. هەرچەند وا نەگوتراوە و بە 'ئاسایشی نەتەوەیی، نیزامی گشتی' لێک دراوەتەوە. بێگومان فاکتەری دیکەش هەبوون، بەڵام هیچکات باس لە مژاری کورد نەکراوە. زانستە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانیش پشتیان بە بابەتی کورد نەبەستووە. هۆکار، نکۆڵی کردنە. بە هۆی سیاسەتی نکۆڵی، مژاری کورد تێکەڵ بە ئانالیزە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان نەکراوە. لە لایەکی دیکەوە، ئەوانەی باسیان لێوە کردوە ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی و ئیداری قورس بوونەتەوە. ئەم بۆچوونە پێویستە پاڵپشت بە دیاردەی دەوڵەمەند توێژینەوەی لە سەر بکرێ. لەمبارەوە شتێکی گرنگ کە بمانەوێ پێوەی زیاد بکەین، ئەوەیە: عەسکەرەکان کودەتایان کردووە، بەڵام سڤیلەکانیش بۆ نموونە ڕاگەیاندن، زانکۆ و بەشێکی بەرچاو لە پرۆفیسۆرەکان بە شێوەیەکی زەق پشتیوانیان لە کودەتاکان کردوە.

بە هۆی ئەو نووسینە زۆرانەی ئەمڕۆ چیتر تاوان نایەنە ئەژمار، ١٧ ساڵی ڕەبەقتان لە گرتووخانە تێپەڕاند... ئەو ئاستەی ئەمڕۆ پێی گەیشتووین، لە ڕوانگەی 'ئازادی'یەوە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

ئەمڕۆکەش نزیکەی سەد ڕۆژنامەنووس لە گرتووخانە دان. بێگومان ئەمەش خاڵێکی نێگەتیڤە لە ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی ڕۆژنامەنووسیدا. نزیکەی هەشت هەزار ئەندامی کەجەکە لە زیندان دان. هێشتاش لە بەردەم پەروەردە بە زمانی زگماکی بەربەست دروست دەکرێ. لە هەندێک زانکۆ، بە هۆی ئەوەی کەسانی ئاکادیمیسیەن باسی کوردەکان و کێشەی کوردیان کردوە، گرێبەستەکەیان نوێ ناکرێتەوە. ئەمانە پێشهاتی نەرێنین. تا ئێستا سەبارەت بە ڕۆبۆسکی (رۆژی ٢٨ی دێسامبری ٢٠١١ لەو گوندە، هاوڵاتیانی سڤیل بە فڕۆکە بۆردومان کران) ڕاگەیەندراوێک نەدراوە کە مرۆڤ قایل بکا و لاگری لە بەرپرسێکی پۆلیس کە پێشتر جەللاد بووە و بەرزکردنەوەی پلەکەی شتێک نییە لە بەر چاوان ون بێ. حکومەت لەم بوارانەوە دەبێ هەنگاوی ساغڵەم بەرز بکاتەوە. دۆخێکی ناشیاوە لە کاتێکدا هێشتا کار بە یاسای تێکۆشان دژی تیرۆر دەکرێ و بیروڕا سانسۆڕ دەکرێ.

بۆچی ئێستاشی لەگەڵ دابێ کتێبەکانتان قەدەغەن، ئەو قەدەغەیە بۆ هەڵنەگیراوە؟

دەزگای ئەمن بۆ ئەوەی سەر لەنوێ هەندێک لە کتێبەکانم لە بازاڕ کۆ بکاتەوە، پەنای بۆ سەردۆزگەر بردوە. یەک – دوو کتێب هەیە کە دەیانەوێ لە بازاڕدا نەمێنێ و جارێکی تر قەدەغە بکرێن. پێموایە تا ئێستا دادگاکان سەبارەت بەم داواکارییە شتێکیان نەکردوە.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر