۱۳۹۳/۰۷/۲۰

"ترسنۆکیمان بێ پاداشە"



وتوێژ بێرنارد کوشنێر، وەزیری کاروباری دەرەوەی پێشووی فەڕەنسا (٢٠١٠ - ٢٠٠٧)
 
دیمانەی: فرانسوا کلۆمۆنسۆ
لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
ئایا ئێمە لە ڕووخانی چاوەڕوانکراوی کۆبانێ، ئەو شارە گەورە کوردییەی سووریا لە سەر سنووری تورکیا بەرپرسیارین؟

بەداخەوە بەڵێ. کوردەکان جگە لە دۆستەکانیان، لە لایەن بەشی زۆری دونیاوە سەرنجیان پێ نادرێ. ئەمە هەموو کێشەکانی ئەو بەشە لە جیهانی دیموکراتەکانە کە تیرۆریزمی کوێرانە ڕەت دەکاتەوە. ئەوان وەک ئەوە وایە نادیار بن، ترس ناخوڵقێنن، وەک ئەوە وایە نەبن.  ئێمە لە کۆبانێ بەرامبەر بە هێرشی هۆڤانەی داعش [دەوڵەتی ئیسلامی] چۆکمان دادا. زۆربەی هەرە زۆری کوردەکانی سووریا قارەمانانە شەڕیان کرد و ئێمە دوودڵ بووین لەوەی پشتیوانیان بکەین یان نا، چونکە ئەوان لە ژێر کارتێکەری پارتیا کارکەرێن کوردستان [پەکەکە] دابوون کە بۆ ماوەیەکی درێژ ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بوو. فەڕەنسا هێشتا لە سووریا وە خۆ نەکەوتووە، ئەمریکییەکان لەوێ کەوتوونە جموجوڵ، بەڵام تەنیا بە هێرشی ئاسمانی. ئەمەش بە تەنیا بەس نەبوو. ڕیسواییەکی گەورەیە بهێڵین ئەو کوردانە کە هێندە لە ئێمە نزیکن، لە پێش چاومان بمرن. ئاخۆ پاداشی ئەم ترسنۆکییەمان وەردەگرینەوە؟ نەخێر. چونکە سنوورە کۆلۆنیالەکانی ئەم ناوچەیەی جیهان لە ئێستاوە لە سەرلەنوێ دابەشبوونێکی گەورەی نەخشەی جیهانی ئیسلامدا ون بوون و ئێمە پێشوەخت ددان بە ئەنجامەکەی دانانێین.

ئێوە بە نهێنی و زۆر خێرا هاناتان بردە بەر دەسەڵاتدارانی فەڕەنسا بۆ ئەوەی دەستێوەردانێک بە قازانجی کوردەکان ئەنجام بدرێ…

فەڕەنسا لەمەڕ بەهاناوەچوونی کوردستانی عێراق لە ئاستی مرۆیی و سەربازی، هەزار جار هەقدار بوو. ئەگەرچی یەکسەر لە گرنگیی دەست‌وبردن کردن لەم یارمەتییە تێنەگەیشت. بە نوێنەرایەتی چل میلیۆن کورد، ئەوە کوردەکانی عێراقن کە چەندین ساڵە نموونەی ڕەوتێکی ڕاستەقینەی دیموکراسییان نیشان داوە.

گەلۆ تورکیا کە هێشتا پەیوەندییەکانی لەگەڵ پەکەکە ئاسایی نەکردۆتەوە، پاش ڕەتکردنەوەی موداخلە بۆ پاراستنی کۆبانێ، ئەو مەترسییەی لەبەرچاو گرتووە کە ڕووبەڕووی کوردەکانی وڵاتەکەی ببێتەوە؟

حیسابە سیاسییەکانیان شیاوی پەسندکردن نین. سەرەتا ڕێگەیان دا سەرجەم جیهادیستە بێگانەکان بۆ جەنگ بچنە سووریا، چونکە داعش هاوکات لە دژی کوردەکانیش شەڕی دەکرد. پاشان بەهێنانە ئارای ناوچەیەکی تەمپۆن لە دەوروبەری کۆبانێ، ئامانجیان پاراستنی کوردەکان نا، بەڵکوو کۆنتڕۆڵ کردنیان بوو. شتێک کە خیانەتە بە مافی موداخلە، مافی چاودێری، بگرە موسڵمانێتی و مافی مرۆڤ. دواجار، هێشتیان ئەم خەڵکانە یەکتری بکوژن و تەنانەت ڕێگەیان بە کوردەکانی تورکیاش نەدا هاوکاری هاوڕێیانی سوورییان بکەن، تەنیا ئامانجیش ئەوە بوو پەکەکە بە‌هێز نەبێ. تاکە سەرکەوتووی ئەم مەیدانە داعشی ناوە، ڕێکخراوێک کە کێبەرکێی قەسابی وەڕێ خستووە. بەڵام لە ئاکامدا، تورکەکان دەدۆڕێنن. درەنگ یان زوو، چل میلیۆن کورد یەک دەگرن بۆ ئەوەی دەوڵەتێکی کوردی دابمەزرێنن، تەنانەت ڕەنگە ئێمە لە ژیان دابین. لە چاوەڕوانیدا، بێجگە لە گریان بەرامبەر بەو شتانەی ڕوو دەدەن، هیچی ترمان پێ نییە.

لە کەنگێوە پرسی کورد سەرنجی ڕاکێشاون؟

یەکەمجار ساڵی ١٩٧٣، وەک ئەرکداری ئەندامی پزیشکانی بێ‌سنوور [MSF] چوومە کوردستانی عێراق. لەوێ ئەو سەرکردانەم ناسی کە خاوەن تێڕوانینێکی کراوە بوون لە سەر دونیا و هەروەها ئیسلامێک کە توندڕەو نەبوو، زۆر ڕاشکاوانە مزگەوت لە دەسەڵات جیا کرابۆوە و ڕێز لە ژنان دەگیرا. ئەوان خەڵکانێکی بێ‌وێنەن و لەو ناوچەیەی جیهان، نزیکترین کەسانن لە ئێمەی ئەوروپی. هەڵبەت، لەنێو خۆدا، لە سەر ئەو ئەسپەی بە سەر چوار وڵاتی جیاوازدا دابەش کراوە، ململانێیان هەیە. بۆیەشە دنەم داون، بگرە جارجارە پێداگریم کردووە بۆ ئەوەی یەک بگرن و ئاشت ببنەوە تاکوو زێدەتر لێیان تێبگەین و زێدەتر ئالیکارییان بکەین. بەدڵنیاییەوە دەتوانم بڵێم کە پتر لە چل ساڵە دۆستی کوردەکانم.

سەرچاوە: ڕۆژنامەی "لۆ ژوورنال دوو دیمانش"، ١٢ی ئۆکتۆبری ٢٠١٤.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر